سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەو سیلسیلە وا میشگی خەتا نێوی براوە،

1
ئەو سیلسیلە وا میشگی خەتا نێوی براوە،
پڕ پێچ و شکەن، خەم بە خەم و، حەڵقە کراوە،
لاپەڕەی 530
سیلسیلە: زنجیرە .
میشگ: میشک .
خەتا: ناوچەیەکە لە تورکمانستان .
نێو: ناو .
پێچ و شکەن: لوول و تێکشکاوە . چەمیوە و ئەڵقە و ئەڵقە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتە و بەیتی پاشەوەی پێکەوە دێ.
دەستنووس
میشگی (گم): میشکی.
ئەم پارچە شیعرە تەنها لە نووسخەکانی (عم) و (گم) دا هەیە، بەڵام هەموو نیشانەیەک وایەگەیەنێ هیی « نالییی » بێ.
2
لەولاوێکە لەولاوە بە ئەملاوە کشاوە،
یا یاسەمەنی خاوە بە ڕووی ڕۆژدا ڕژاوە؟!
لاپەڕەی 530
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ ئەو زنجیری زووڵفە کە لە ڕەشیی و بۆنخۆشیدا پێی ئەڵێن (میشگی خەتا) و پێچ و لوول و ئەڵقە ئەڵقەیە، لەولاوە لە باڵای یار ئاڵاوە و، لە لای ڕاستەوە ئەچێ بۆلای چەپ و بەپێچەوانەوە، یاخود گوڵی یاسەمەنی خاوە بەسەر ڕووی یار دا بڵاو بووەتەوە؟
دەستنووس
بە ئەم لاوە (گم): بە ئەولاوە.
3
یا دووکەڵی جەستەی منە بەو شەمعە سووتاوە،
یا هەوری سیاتاوە کە مانیع لە هەتاوە؟!
لاپەڕەی 530
جەستە: لاشە .
سیاتاو: هەوری ڕەشی باراناویی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یاخود دووکەڵی لاشەی منە کە مۆمی ڕووی گەشی تۆ سووتاندوویەتی، یا هەوری ڕەشی باراناوییە و ڕێگای لە دەرکەوتنی ڕۆژی ڕووت گرتووە؟ !
دوور نییە وشەی (شەمعە) پێشان (شەمتە) بووبێ کە لە (شەم) و (تە) پێکهاتووە و، نووسیاران دەسکارییان کردبێ. ئەگەر وابێ هاوئاوازییەکی جوان لەنێوان (جەستە) و (شەمتە) دا ئەبێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
وشەئاراییەکی جوان لە کۆکردنەوەی (سووتاو) و (سیاتاو) و (هەتاو) دا هەیە. لەنێوان (هەور) و (دووکەڵ) یشدا تەناسوب هەیە.
4
داوێکە لە ڕووی دانەیی خاڵت تەنراوە
زنجیرە لە پێی مائیلی ئەو ڕووتە نراوە
لاپەڕەی 531
مائیل: ئارەزوومەند . لار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زووڵفت تەڵەیەکە بەسەر دانەوێڵەی خاڵتەوە نراوەتەوە بۆ ئەوەی چۆلەکەی دڵی دڵداران بێن و ببەن بە داویەوە. زنجیرێکە کراوتە پێی ئەوانەی عاشقی ڕووتن، یاخود کراوەتە پێی لارڕۆیشتووی ڕووت، یاخود کراوەتە پێی لارڕۆیشتووی ئەو دڵدارە ڕووت و قوتەی وێراویە تۆی خۆش بوێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (تەنراوە) و (ڕووتە نراوە) دا، بە چاوپۆشییەوە لە وشەی (ڕوو)، جیناسی تەرکیب هەیە.
5
هەی هەی! غەڵەطم گوت . ئەمە ظوڵمەت، ئەوە ئاوە
بەو ظوڵمەتە، بەو ئاوە، حەیاتم غەڵەطاوە!
لاپەڕەی 531
هەی هەی: وشەی سەرسامییە .
ظوڵمەت: تاریکستانیی .
غەڵەطاوە: وەرچەرخاوە . وەرگەڕاوەتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نەخەیر، هەڵەم کرد کە زوڵف و ڕووی یارم بەو شتانە شوبهاند کە باسمکردن. وانییە، زوڵفی یار تاریکستانیی و ڕووی یار ئاوی حەیاتە. بەهۆی ئەو تاریکستانیی و ئاوی حەیاتەشەوە ژیانی من وەرگەڕاوە و کەوتووەتە مەترسییەوە، چونکە کە ئەمەوێ بگەمە سەر ئاوی حەیاتی ڕوومەتی و بیمژم و ژیانی هەمیشەیی بۆخۆم مسۆگەر بکەم، تاریکایی زووڵفی ڕێم لێ ئەگرێ و ناهێڵێ بڕۆم.
داڕشتنی ئەم بەیتە لە بابەتی (ئاوی حەیات) وەرگیراوە کە ئەڵێن لە تاریکستانیدایە و کەس ناتوانێ پێی بگات.
6
دڵ تینووە، سووتاوە، بە بێ طاقەت و تاوە
ڕێگەم بەسەراوە، کە دەچم ڕێم بەسراوە
لاپەڕەی 532
تاو: هێز و توانا .
سەراو: کانیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دڵم تینووە بۆ مژینی لێوی یار، توانا و هێزم لەبەر بڕاوە، ڕێگەم بۆ سەر سەراو و کانیاوی دەم و لێوی یارە، بەڵام زووڵفی هاتووەتەوە بۆ سەردەم و لێوی و ڕێی لێ بەستووم و ناهێڵێ بگەمە ئەوێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بەسەراوە) و (بەسراوە) دا جیناسی تەرکیب هەیە.
7
ئەو شەربەتە، ئەو جامە شەراوە لەبی ناوە
بۆ  «نالیی» یە ئاخر کە خودا بۆ ئەوی داوە
لاپەڕەی 532
شەراو: شەراب .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو شەربەتەی ئەمەوێ بچم بیخۆمەوە و، ئەو جامی شەرابەی ئەمەوێ بچم بینێم بە دەممەوە، پێی ئەڵێن (شەربەتی لێو) یا (جامی شەرابی لێو) و سەرئەنجام هەر بۆ نالییی ئەبێ، چونکە خوا بۆ ئەوەی داوە.
ئەشگونجێ وشەی (ناوە) بە مەعنا (ئیسم) نەبێ، بەڵکو یا بە مەعنا (ناب) بێ یا هەر (ناب) بێ وەک چۆن (شەراب) کرا بە (شەراو)، ئەمیش کرابێ بە (ناو). (ناب) یا (ناو) واتە: بێگەرد.
بەکارهێنانی وشەی (شەراو) لەجیاتیی (شەراب) کە زاراوی هەندێ ناوچەی کوردستانی عێراق و ئێرانە، نموونەیەکی تری ئەو ڕێبازەی نالیییە کە وشە لە دیالێکتە جیاوازەکانی کوردییەوە ئەخوازێ ئەیخاتە ناو شیعری خۆی.