ئەم سایتە تایبەتە بە شرۆڤەی دیوانی نالی لە لایەن مامۆستایان مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس و کوڕەکانی کاک فاتیح و کاکە حەمە، هاوکات پێداچوونەوەی شرۆڤەکان و سەرنجدانی مامۆستا مەسعوود محەمەد، ئەوجا مام هێمن ـیش لێرە و لەوێ کورتەپەراوێزی لەسەر هەندێک لە بەیتەکان نووسیوە.
لە پەنای ئەمانەشدا، گؤشەیەکی سایتەکە تەرخانە بۆ هەرچی نووسین و تۆژینەوە هەیە و بەردەستە کە لەسەر نالی نووسرابێت و بڵاوکرابێتەوە. ئەوەی لەم بەشەدا بەردەستە، مامۆستای ڕێزدار د. هێمن عومەر خۆشناو بۆ سایتەکەی دابین کردووە.
ئەم هەنگاوە هەوڵێکی بەراییە بۆ دروستکردنی ئەرشیفخانەیەکی میللی بۆ حەزرەتی نالی. بەهیوای دەوڵەمەندکردنی بە هاوکاری هەموان.
مامۆستا مەسعوود محەمەد لە پەڕەکانی بەرایی کتێبەکەی «چەپکێک لە گوڵزاری نالی»ـیدا ئەم مروارییانەی هۆنیوەتەوە،
«...
یەکێک لەو بوێژانەی کورد، کە بەڕاستی و بێ موجامەلە لەگەڵ خۆدا کردن لە ڕیزی هەرەپێشەوەی بوێژانی مسڵمانەوە دێت، زۆر جارانیش لە تاک تاکە بەیت و دوو بەیتدا بەرایی لە زۆربەیان دەگرێت ئەگەر نەڵێم لە هەموویان، مەلا خدری «نالی»یە.
بەچکە کوردێکی شارەزووریی نەداری هەژاری بێ ناز و نیاز، ئالوودەی ئارەقە و ئەرک و زەحمەتی پڕ تەپوتۆزی «خاکوخۆڵ»، گیرۆدەی چەندین تەنگ و چەڵەمە و چەکمەساری حاڵوباری ناگزوور و بێ شەوق و زەوق، دەسپاچەی کۆمەڵایەتی - ئابووری - ڕامیاری ژێر قەمچی و زەبروزەنگی ڕژێمی نیوەشارستانانە، تەکانخواردووی بێنەوبەرەی گوریسکێشەکێی نێوان ئێران و عوسمانلی، ڕۆڵەی میللەتێکی هەرگیز خۆشی نەدیتووی بەئەبەد ڕێز لێنەگیراو و تێنەخوێندرایەوە، ئاکامی موعادەلەی چەندین عامیلی زانراو و نەزانراوی هەرچی هۆی سەرەژێربوون و بەخۆداشکانەوە و دالەنگان و کەمایەتی و نزمبوونەوە و چوونەوەیە... غەزەب لێگیراوی قەدەر... مۆر لێدراوی چارەڕەشی... خدری ئەحمەد شاوەیس... «نالی»ی شارەزووری... سەردەفتەری هەڵبەستی کوردی لە هەموو سەدەی نۆزدەمدا... گەوهەرسنجی کانگەی واتا و جوانی و عیشق... شیرازەهۆنی خولیا و خەیاڵ و ئەفسوون... جێگەی شانازی و سەربڵندیی هەڵبەستی کوردی لە ئاست ئەدەبی جیهانی مسڵمان... تێهێنەرەوەی ئابڕووی مەعنەوی لە تەک دالەنگانی تەرازووی دەسەڵات و سامان و کیانی کورد... ڕووتەڵەی بەخۆنازیو... هەژاری گەردەنکێل... ئاوارەی بێنیاز... ئەمانە و چەندین وێنەی تری دەستبەتاڵی و دڵتێری، فەخرکردن و تەوازوع، بڵندنۆڕین و خاکنشینی، خۆ بەکەمگرتن و فیزوناز
...»