لەو وەختەوە بیستوومە دیتن بەقەدەر چاوە،
1
لەو وەختەوە بیستوومە دیتن بەقەدەر چاوە،
هەر مووم لە بەدەن یەکسەر، وەک عەینی فەنەر، چاوە
لاپەڕەی 528
فەنەر: کاغەزێ یا شتێکی وایە لوول ئەکرێ بەدەوری شەمعدا بۆ ئەوەی کە با لێی دا نەیکوژێنێتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەو کاتەوە کە بیستوومە توانای دیتنی هەرکەس بە ئەندازەی چاویەتی، دوو چاوی هەبێ زیاتر و باشتر ئەبینێ لەوە کە یەک چاوی هەبێ و، چاوی ساغ بێ باشتر ئەبینێ لەوە کە چاوی کز بێ، ئا لەو کاتەوە هەرچی مووی لەشمە، وەک چاوی لە فەنەرپێچراو، یاخود وەک فەنەر خۆی بووە بە چاو بۆ ئەوەی باشتر یار ببینم.
ڕووی شوبهاندنی (موو) بە (فەنەر) لەوەوەیە کە موولوول ئەخوا وەک فەنەر. لەوانەیە بۆیەش وتبێتی (بیستوومە) و نەیوتووە (زانیومە) چونکە (زانین) بە تەجرەبەی شەخسیی ئینسان خۆی دێتە دی، بە پێچەوانەی (بیستن) ەوە و، ئەویش لەو کاتەدا کە ئەم پارچە شیعرەی وتووە چاوی نەبووبێ. بەڵگەی ئەم بۆچوونەشمان ئەوەیە کە لە دوا بەیتدا ئەڵێ: « چاویشی لە نالییی کرد..» تاد.
دەستنووس
ئەم پارچە شیعرەمان تەنها لە پاڵ کتێبێکی دەستنووسی خۆماندا دیی، نووسرابوەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 528:
لەو وەختەوە بیستوومە دیتن بەقەدەر چاوە،
هەر مووم لە بەدەن یەکسەر، وەک عەینی فەنەر، چاوە
شەرحەکە وای بۆ چووە کە نالی لە دەمی گوتنی ئەم شیعرە چاوی نەمابێ گۆیا کە دەڵێ: «لەو وەختەوە بیستوومە» نەک «دیتوومە» دیارە بێ چاو بووە. ئەم بۆچوونە دوورە لە واقیع چونکە نالی بە پیرییەکی زێدە پیر لە مەککەوە سەفەری کردووە بۆ ئەستەنبووڵ... باپیرم دیتوەتی بە چاوی ساغەوە، لە هیچ بەیتێکی شکاتی نەکردووە لە چاوی. خۆ ئەگەر لە وشەی باسکراوی «بیستوومە» کوێربوونی نالی بفامینەوە، خۆ «لەو وەختەی» هەموو عومری بیر هاتنی نالی دەگرێتەوە. بەو پێیە نالی لە منداڵییەوە کوێر بووە. ئەگەر ئەو کوێرییە جێی ئیحتیمال بایە دەبوو لە بەیتی «کەعبە ئیشراقی وەکو خورشیدە من چاوم ضەعیف» موقەددیمەی کوێریەکە بفامینەوە کە بە پێی تەحقیقێ کراوە، بەر لە ساڵێک لە مردنی، ئەم بەیتەی گوتووە چونکە لە زیمنی قەصیدەی «وەی کە ڕووزەردی مەدینە و...» هاتووە کە عوزر دەخوازێتەوە لە بەجێهێشتنی مەککە و مەدینە. ئنجا کە ئەمەمان کرد تووشی بەیتێکی دواتری ئەمەیان دێین کە دەڵێ: «... من کە بازی دیدەبازم نەک شەواری دەستەمۆم» ئەوسا بازی دیدەباز چۆناوچۆنی بۆ کزبوونی بەرەو کوێربوونی چاو بادەدرێتەوە؟ ... هەڵبەت نالی دەیتوانی بڵێ: «دیتوومە، زانیومە، بیستوومە» هەمووشی دەست دەدەن بەڵام بیستنەکەی پەسەند کردووە بەتایبەتی چونکە «دیتوومە» زەق دێت بەوەدا خۆی دووپات بکاتەوە هەم بە لەفز هەم بە مەعنا [دیتوومە دیتن...]. «زانیومە» لەتەک «بیستوومە» زۆر هەژارە چونکە سادەیی و بەداهەتی «بیستوومە»ی تێدا نییە. خەڵک دەڵێن: بیستوومە، تا ئەوەی بە چاویش دیتبێتیان.
لە بەیتەکەدا لەطافەتێک هەیە کە فەنەر مۆمی تێدابێ. وشەکەش شکڵی «مووم»ـی بە هاراوی لە گوتندایە. ئنجا کە دەڵێ: «هەر مووم» یەکسەر دەبێتە عەینی فەنەر، واتە چاوی فەنەر «مووم» بە واتای «شەمع» و بە واتای «مووی من» دێت.
غەزەلی «ئەو سیلسیلە وا مێشکی خەتا نێوی براوە...» بە پێی ڕای پێوانە و کێشانەدار و شایەدی حاڵ هی کەیفییە. تەنها ئەوەندەی تێدا دەڵێم: سەرەتای بەیتی دووهەم «لاولاوە کە لەولاوە» ڕاستە. «بەڕووی ڕۆژدا...» ناقۆڵایە و کەشی بەیتەکەش دەشێوێنێ «بەڕووی ڕۆژە» ڕاستە. لە کۆتایی شیعرەکە «حەیتام غەلەتاوە» ڕاستە چونکە مانای نوقومبوون دێت ئیتر یان لە ظولمەت یان لە ئاو یان لە هەردوویان.
2
فەرمووی کە هەموو دەم بێ گریان و، شەویش نەنوێ
ئەم بەندەیە مەئموورە، ئەم ئەمرە لەسەر چاوە
لاپەڕەی 529
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار فەرمووی ئەبێ گریانم هەمیشەیی و بەردەوام بێ، یاخود گریانم هەر خوێن بێ و لەجیاتیی فرمێسک خوێن لە چاوم بڕوا و، شەویش نەنوم، یاخود گریانەکەم شەویش نەخەوێ واتە نەبڕێتەوە.. بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانەی یار من ئەمرم پێ کراوە و بە « بەسەرچاو » جێبەجێی ئەکەم، یاخود بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانی یارە من هیچ بەدەس نیم، تەنها هەواڵ گەیێنێکم، فەرمانەکە ئەگەیێنم بە چاو و ئەبێ ئەو بەجێی بهێنێ.
3
جێگایێ نەظەرگا بێ، شەش جانیبی دەریا بێ،
ئەی مەردومی سەیرانیی، لەم خیططەیە هەر چاوە
لاپەڕەی 529
نەظەرگا: لە کوردەواریدا بەو شوێنانە ئەڵێن کە چاکانی خوا تاوێک تیا دانیشتوون یا ڕووی بەرەکتیان تێ کردووە و پاش ئەوە خەڵک کردوویانن بە زیارەتگا .
شەش جانیب: شەش لا، سەر و خوار و ڕاست و چەپ و بەر و دوا .
مەردوم: خەڵک . بیبیلەی چاو .
سەیرانیی: سەیرانکەر . جێگایەک بۆ سەیران بشێ .
خیططە: ناوچە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەو بەیتە و بەیتی پاشەوەی پێکەوە لێک ئەدەینەوە
4
چاویشی لە «نالیی» کرد، دین و دڵ و جانی برد
گەر زوڵفە ئەگەر نازە، گەر خەندەیە، گەر چاوە
لاپەڕەی 529
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی خەڵکی سەیرانکەر، یاخود ئەی گلێنەی چاوم کە سەیرانگای یاران بووی، شوێنێ کە یار جارێ بە ڕووی لوطفەوە تەماشای کردبێ، یا وێنەی ئەوی تیا عەکس بووبێتەوە و سەیرانگای نازاران بووبێ و بۆ ئەوە بشێ تیا دانیشتن و هەر شەش لاکەی ئاو (ی فرمێسک) بێ، لەم ناوچەیەدا هەر چاوم بوو، یار لە چاویش بێ بەش و نائۆمێدی کردم و، بەو لێسەندنەی چاوم دین و دڵ و گیانمی بە جارێ بە تاڵان برد.. بەڵام نازانم چۆن چاوی بردم، بە زەبری زوڵف بردی، یا بە هێزی ناز.. بە زەردەخەنەی لێو بردی، یا بە ڕوانینی چاو.. هەرچۆن بێ بردی و منی لێ بێبەش کرد و، ئەو سەیرانگایەشی نەهێشت کە نازاران ئەهاتنە ناوی و، تەڕایی لە دەوری ئەو دوڕگەیە بڕیی.
وەک پێشان وتمان لەوانەیە ئەم بەیتەش نیشانەی کوێربوونی نالییی بێ لەدوا ساڵەکانی ژیانیا..