لاپەڕەی 521
مونەججیم: ئەستێرەگرەوە .
کەرگەس: داڵە کەرخۆرە، کە لاشەی گیانداری تۆپیو ئەخوا .
لاشە: لاشی گیانداری تۆپیو .
ئەفلاک: جەمعی (فەلەک) ـە واتە ئاسمانەکان .
لاک: زەبوون و بێ دەسەڵات .
دوون: هیچ و پووچ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە ئەستێرەگرەوە کە دوای خەیاڵ کەوتووە و وائەزانێ جووڵەی ئەستێرە و ئاسمان ئەو جیهانە بەڕێوە ئەبا و، داڵە کەرخۆرەی لاشەی تۆپیوخۆر و لاشەی تۆپیوی فڕێ دراو لە یەک ناکاتەوە و، بە یەک شتیان ئەزانێ - ئەوەندە ناتێگەیشتووە هێشتا لەوە حاڵی نەبوە کە ئەم ئاسمانانە، کە ئەو بە بەڕێوەبەری کاروباری جیهانیان ئەداتە قەڵەم، دەسەڵاتیان لە لاکە تۆپیوێک زیاتر نییە و ئەم گەردوونە کە ئەو بە شتێکی بەبایەخی دائەنێ زۆر دوون و بێ قابیلەتە.
بە نیشانەی ئەوەدا کە نالییی لەم بەیتەدا وادائەنێ کەوا ئەستێرەگرەوە (داڵی لاشەخۆر) و (لاشەی خوراو) ی لا وەک یەکە و، بە نیشانەی شیعری داهاتووشدا، بۆمان دەرئەکەوێ کەوا مەبەستی لە مونەججیم بنیادەمێکی هەڵمەتەکاسە هەلپەرستە کە چاوەڕوانی گۆڕانی بارێکی تایبەتیی بووە و خۆی بۆ ئەو بارە تازە چاوەڕوانیی کراوە ئامادە کردووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (لاشە) و (لاشەیئیکە) دا جیناسی تەرکیب هەیە. هەروەها لەنێوان (ئەفلاکە) و (لاکە) و، (گەردوونە) و (دوونە) دا هاوکێشییەکی جوان هەیە.
ئەشگونجێ بەیتەکە وا مەعنا لێ بدەینەوە کەوا ئەستێرەگرەوە وەک داڵە کەرخۆرە وایە و لاشە تۆپیوی بەلاوە شتە.. تاد.
دەستنووس
کەرگەس و (چن) و (ت): کەرکەس. ئەبێ (کەرکەس و) بێ. (عب) و (اح) و (خا): کەرکەس و. لەلا: ئەمە تێکستی تەنها (چن) ە. نووسخەکانی تر هەموو نووسیویانە: (لەکن). ئێمە بۆ مەبەستی یاری بە وشە کردن ئەممان لاپەسەندتر بوو. شەیئێکە (چر) و (عم) و (گم): شەیئەکە. (چن): شەئیکە. ئەمیش هەر شەیئێکەیە. (ت) و (اح) و (خب): شییءکە. بۆ (شەیئە کە) و (شەیئێکە) ش ئەگونجێ. نەیزانی (ک) و (اح) و (خا): نازانێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 521:
مونەججیم کەرگەس و لاشەی لەلا شەیئێکە، نەیزانی
کە ئەم ئەفلاکە چەند لاکە، کە ئەم گەردوونە چەند دوونە
وا دێتە دڵمەوە نالی ئیشارەت دەکا لە وشەی «کەرگەس» بۆ «نەسری واقیع» و لە دوو وشەی «لاشە»ەوە بۆ «بنات النعش» وێڕای ماعنا ئەصلییەکەی.
شەرحەکە بۆ ئەوە چووە، نالی مەبەسی لە مونەججیم پیاوێکی هەڵمەتەکاسەی ئەو سەردەمە بووە چاوەڕوانی گۆڕانی باری دنیا بووە... من ئەمە بە دوور دەزانم.