سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

بایێ لە طەرەف قیبلەمەوە دێت و وەزانە،

1
بایێ لە طەرەف قیبلەمەوە دێت و وەزانە،
یا بۆیی هەناسەی دەمی غونچەی لەرەزانە؟!
لاپەڕەی 477
طەرەف: لا .
قیبلە: یار، کە وەک قیبلە دڵان هەموو ڕووی تێ ئەکەن .
بۆ: بۆن .
لەرەزان: لەریوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاخۆ بایەک لەلای یارەوە هەڵی کردووە، لە بۆن و بەرامەی یار تلاوە و، ئێستا کە دێ بەسەرمانا ئەو بۆن و بەرامەیان ئەدا بە لووتا، یاخود ڕاستەوڕاست بۆنی هەناسەی دەمی وەک خونچەیەتی کە بەدەم سروەی بای سبەینانەوە ئەلەرێتەوە؟
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نێوان (بابێ) و (بۆیێ) دا جیناسی لاحیق و، لە نێوان (با) و (بۆ) و (هەناسە) و (دەم) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
بابێ (عم) و (کم) و (من) و (« پەراوێزی » خا): بایە. دێت و (ک) و (اح) و (خا): دێتە. بۆیی: ئەمە تێکستی (چن) ە. نووسخەکانی تر، (عم) و (گم) نەبێ، نووسیویانە: عەطری. (عم) و (گم): بۆنی. غونچەی (گم): خونچەی. لەرەزانە (چر) و (چن) لە ڕەزانە. بەم پێیە مەعناکەی وای لێ دێتەوە: یا بۆنی هەناسەیەتی لە ڕەزە دێمەکانەوە دێ. بەڵام ناچێ بە دڵا. (عم) و (گم): لەرزانە. (ک) و (مز) و (عب) و (اح) و (من) و (خا): لرزانە. ئەمیش بەپێی ڕێنووسی کۆن بۆ (لەرەزانە) دەستئەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 477:
بایێ لە طەڕەف قیبلەمەوە دێت و وەزانە،
یا بۆیی هەناسەی دەمی غونچەی لەرەزانە؟!

بە پێی شەرحەکە زۆربەی تێکستەکان لە جیاتی «بۆیی هەناسە» نووسیویانە «عەطری هەناسە [عیطر ڕاستە]». منیش هەر وەهام بیستووە. شەرحەکە «لەرەزان»ـی بە «لەرزان: لەریوە» داناوە. «لە ڕەزان» ڕەت دەکاتەوە، واشی داناوە «ڕەز» دێمەکارە، ئاو نادرێ. حاجی قادر دەڵێ: «نموونەی جەننەتە شیوی ڕەزانی» مەبەسی باغەکانی شیوی ڕەزان، لە کۆیێ. باغەکانیش هەمووی ئاویەن، «لەڕەزان» بە قورسکردنی «ڕ»ـەکەی نەبێ کێشی بەیتەکە دەشێوێ.
وا دەزانم نالی مەبەسی لە «بای لای قیبلە»یەوە ئیشارەتە بۆ بەیتێكی قەصیدەی «بردیە»ی نەعتی پێغەمبەر، کە دەڵێ: «أم هبت الریح من تلقاء کاظمە». لە هەمان کاتدا دەشێ ئەو قیبلەیە یار بێ. ئەگەر قیبلە هەر قیبلە بێ ئەوسا نیوەبەیتی دووهەم دەپرسێ: یان عیطری هەناسەی دەمی وەک غونچەی لەڕەزان، وایە. یاخود عیطری هەناسەی دەمی یار وەک غونچەی لەڕەزانە.
2
ئەشکم، کە لەگەڵ عەشقمە، طیفلێلی فەهیمە
هۆشم، کە لەگەڵ خۆشمە، پیرێکی نەزانە
لاپەڕەی 478
فەهیم: تێگەیشتوو و فامیدە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زۆر سەیرە ! فرمێسکم زادەی عەشقمە و تازەیە و، عەشقیش سەرەڕۆیە و لە تێگەیشتنەوە دوورە و، ئەبوو زادەکەشی کە فرمێسکەکەیە لەبەرئەوە کە زادەی ئەوە و تازەشە، تێنەگەیشتوو بووایە، کەچی ساوایەکی زانا و وریا و فامیدەیە ئەزانێ کەی ئەڕژێ. بەڵام هۆشم کە لەگەڵ هاتنەدنیامدا پەیدا بووە و دەمێکە لامە و هەمیشە لامە، ئەبوو زانا و فامیدە بووایە، کەچی بەپێچەوانەوە پیرێکی خەرەفاو و هیچ نەزانە.
نالییی لەم بەیتەدا ناکۆکیی نێوان (عەشق) و (هۆش) لە قاڵبێکی زۆر جوانا دەرئەبڕێ. ئەشک بە زادەی عەشق دائەنێ و مادەم زادەی ئەوە خۆشەویستە و، بە ساوایشی پیشان ئەدا چونکە ساوا نیشانەی تازەبوونەوەی ژیانە و، هۆش و بیرکردنەوە و بێعەشقیی ئەکا بە یەک شت و، بە پیری و نەزانی و خەرەفاوییان دائەنێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
ئەمە سەرەڕای ئەو وشەئارایی و ڕوخسار ڕازاندنەوەیەش کە لە بەیتەکەدا کردوویە. ئەوەتە لەنێوان (عەشق) و (ئەشک) دا، ئەگەر سەیرێکی هاوڕەگەزیی (ء) و (ع) و لە یەک نزیکیی (ک) و (ق) بکەین، ئەتوانین بڵێین جۆرە جیناسێکی موزاریع هەیە و، لە نێوان (هۆش) و (خۆش) دا جیناسی لاحیق و، لە نێوان (طیفل) و (پیر) دا طیباق و، لە کۆکردنەوەی (طیفل) و (فەهیم) و، (پیر) و (نەزان) دا طیباقیکی وردتر و جوانتر هەیە. ئەگینا کێ دیویە ساوا زانا بێ و پیری کۆنەساڵ نەزان بێ.. شتی وا مەگەر هەر لە حیسابی عەشقدا دروست و ڕەوا بێ و نالییی بیهۆنێتەوە !
دەستنووس
عیشقمە (مز): عیشقم و. خۆشمە (مز): خۆشم و. ئەم بەیتە لە (عم) و (من) دا بەیتی سێهەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 478:
ئەشکم، کە لەگەڵ عەشقمە، طیفلێکی فەهیمە
هۆشم، کە لەگەڵ خۆشمە، پیرێکی نەزانە

عەشق دەکرێتە عیشق، من هەمیشە لەو دەوروپشتەی تێیدا ژیاوم بیستوومە و گوتوومە «هۆشم کە لە کن خۆشمە» بە واتای: ئاگادارم و نەشێواوم. کە دەگوترێ: «هۆشی لەکن خۆی نییە» ئەو کەسە بە نیوە شێت دادەندرێ.
3
تیژاوی سوروشکم وەکو ئیکسیری سوهەیلە
ڕوخسارەیی زەردم وەکوو ئەوراقی خەزانە
لاپەڕەی 479
تیژاو: تێزاب، شلەیەکی کیمیاییە زێڕی بێگەردی لە ناپاک پێ جیا ئەکرێتەوە .
ئیکسیر: مایەیەکی کیمیاییە گوایە ئاسن و مسی پێ ئەکری بە زێڕ .
سوهەیل: ئەستێرەی گەشی سوهەیل کە نیشانەی پایزە و کە هەڵات ئیتر گەڵای دار دەست ئەکا بە زەردبوون .
ڕوخسارە: ڕوخسار، ڕوو .
ئەوراقی خەزان: گەڵای پایز .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: فرمێسکی سوێر و تیژم ئەڵێی ئیکسیری ئەستێرەی سوهەیلە. ڕوخساری زەردهەڵگەڕاویشم ئەڵێی گەڵاداری پایزانە، چۆن ئەستێرەی سوهەیل بۆ گەڵای دار ئەبێ بە ئیکسیر و زەردی ئەکا وەک ئیکسیر زێڕی بێگەرد دەربخا، فرمێسکی وەک تێزابیشم ڕووی وەک ژەنگاویی سوورم زەرد هەڵئەگەڕێنێ.
دەستنووس
ئەم بەیتە لە نووسخەی (مز) دا نییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 479:
تیژاوی سوروشکم وەکوو ئیکسیری سوهەیلە
ڕوخسارەیی زەردم وەکو ئەوراقی خەزانە

من لە بارەی «ئیکسیری سوهەیل» بیستوومە وەصف کراوە لە شیعردا: «جای أنبان میکند جای أدیم». واتە کە ئەم ئیکسیرە ڕژایە سەر پێستە، جێگایەکی دەکا بە هەنبانەی بێکەڵک و و جێگەیەکیش دەکا بە «أدیم» کە پێستی نرخدارە. ئنجا ئەگەر سەهووم نەکردبێ [چونکە مەسەلەکەم بەر لە ساڵی 1960، بگرە پەنجا، بیستووە] ئنجا لێرەدا ڕووی نالی لەم شیعرەدا بە فرمێسکی وەک ئیکسیری بۆتە شکڵ هەنبانە کە زەردە وەکوو ئەوراقی خەزان، چ دەبوو ئەگەر سووری هەڵگەڕاندبایە وەک پەلکی زۆر لە درەختان سوور هەڵدەگەڕێن، تەشبیهێکی قەشەنگیش هەیە لە نێوان چاو و فرمێسک و نێوان سوهەیل و ئیکسیردا.
4
شێخم! وەرە دەر، فەصڵی بەهار و گوڵ و گەشتە
ئەییامی لە گەرمابە خزان وەقتی خەزانە!
لاپەڕەی 479
ئەییام: ڕۆژان، سەردەم .
گەرمابە: گەرماو، حەمام .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەوە یەکسەر پایزی بەجێهێشت و بەهاری هێنا و، ئەوەتە ڕوو ئەکاتە ئەوانەی دڵیان مردووە و تەنها بۆ ڕووپاماڵیی ئەژین و، شێخی ڕیاباز ئەکا بە نموونەیان و پێی ئەڵێ: ئەم وەرزە وەرزی گوڵ و گەڕانە بەناو گوڵاندا و، سەردەمی ئەوە نییە بنیادەم بخزێتە ناو گەرماو.. پایز کاتی خزانە گەرماوە نەک بەهار، کە ئەبێ بنیادەم چاو بە گوڵزار و چرۆی درەخت و شیناییدا بگێڕێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نێوان (خزان) و (خەزان) دا جیناسی موحەڕڕەف هەیە.
دەستنووس
لە گەرمابە (ک) و (اح) و (خا): لەگەڵ مامە. دیارە ئەم تەعبیرە واتایەکی سەرگوزەشتەیی هەیە، بەداخەوە ئێمە نەمانزانی چییە.
5
ئەو شێخە بە کوم مەگرە کە پەشمینە مەریدە
ئەو ڕیشە بەسەر دارەوە ڕیسێکی بوزانە
لاپەڕەی 479
کوم: قۆڵ .
مەرید: یاخیی، کینایەیە لە شەیتان .
ڕیس: موو و خوریی ڕێسراو .
بوزان: جەمعی بوزە واتە بزن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەست مەگرە بە قۆڵی ئەو شێخەوە کە شەیتانێکە، بۆ خۆشاردنەوە بەرگی خوریی لەبەر کردووە. ڕیشەکەشی بەسەر داری باڵایەوە مووی ڕێسراوی بزنە.
ئەشکونجێ (کوم) نەبێ و (کەم) بێ. واتە: بە کەمی مەزانە چونکە.. تاد. هەروا ئەشگونجێ (مەریدە) نەبێ و (موریدە) بێ، واتە موریدێکی خوریی لەبەرە. نیوەی دووهەمی بەیتەکەش لە زۆربەی نووسخەکاندا بە جۆرێ نووسراوەتەوە ئەگەر بهێنرێتە سەر ڕێنووسی کوردیی نوێ وای لێ دێتەوە:
ئەو ڕیشە بەسەردار و ڕەئیسێکی بزانە
بەڵام ئێمە پاش لێکۆڵینەوە گەیشتینە ئەوە کە بەم جۆرە مەعنایەکی ئەوتۆ نابەخشێ و ئەبێ ڕاستییەکەی بەم جۆرە بێ کە لە (مەتن) ەکەدا نووسیومانەتەوە و، پەراوێزێکی (چر) یش تیشکێکی بۆ خستینە سەر ڕێگای ئەم لێکدانەوەیە، ئەوەتە لەسەر وشەی (بزانە) نووسیویە (جەمع)، واتە (بوزانە) یە و جەمعی (بوزە) بە مەعنا (بزن).
دەستنووس
ئەو شێخە بە کەم مەگرە (چن): ئەو شێخە بە کەم بگرە. (گم) و (من) لەو شێخە بە کەم مەگرە. (اح) و (خا): لەو شێخە بە کەم مەکڕە. بەپێی ئەم نووسخانەی دوایی ئەتوانین (بەکەم) وا مەعنا لێ بدەینەوە کە ئەو ڕەنگەیە جلی پێ ڕەنگ ئەکەن یا قوماشی عەمارەپۆیە، کەواتە (بەکەم) کینایە ئەبێ لە شتی بێکەڵک و ئیددیعای درۆی خواناسیی. پەشمینە مەریدە (عم) و (کم) و (گم) و (من): شێخە نە موریدە. بزانە (« پەراوێزی » چن) و (کم) و (ک) و (اح) و (خا): مەزانە.
6
بەحری غەزەلم پڕ لە دوڕ و گەوهەرە، ئەمما
غەوواصی دەوێ یەعنی بە تەعمیقی بزانە
لاپەڕەی 480
غەوواص: ئەوەی ئەچێتە بنی دەریا دوڕ و گەوهەر و مرواریی دەرئەهێنێ .
تەعمیق: قووڵکردنەوە . ڕۆچوون .
بزان: زانا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەریای بێبنی غەزەلەکانم پڕیەتی لە دوڕ و گەوهەری گرانبەهای مەعنای ورد و جوان. بەڵام وەنەبێ هەر کۆلکە مەلەوانێ بتوانێ بەئاسانیی ئەو دوڕ و گەوهەرانە دەربێنێ و ئەو مەعنایانە لێ بداتەوە. دەریاگەردی وای ئەوێ بزانێ قووڵ بۆی داچێ و بتوانێ بچێتە بنی ئاوی لێکدانەوە و لە شیعرەکانم ورد بێتەوە و لە وردەکارییەکانم بگا.
بەیتی پێشوو یەکێکە لە بەڵگەکانی ڕاستیی ئەم قسەیەی نالییی.
دەستنووس
دەوێ (کم) و (من): ئەوێ.
7
پڕدانەیە، ئەمما نەوەکوو دانەیی چەڵتووک
بەحرم وتووە، نەک وەکو گۆلی مەرەزانە
لاپەڕەی 481
دانە: دەنک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەریای غەزەلەکانم پڕە لە دانە، دانەی گەوهەری تاقانە و دوڕی نایاب و مرواریی گرانبەها، نەک دانەی چەڵتووک کە نیوەی پووش و ئەو نیوەکەی برنجە.. من باسی دەریام کردووە، باسی گۆلە مەرەزەم نەکردووە، تا کەسێ وا گومان بەرێ من دەنکە چەڵتووکم لایە، نەک دەنکی گەوهەر و دوڕ و مرواریی. کەواتە، ئەوانەی تەنها ئەوەندە ئەتوانن بچنە ناو ئاوەوە، ئاو لە ئەژنۆیان سەر نەکەوێ و ئەوانەی لەجیاتیی گەوهەر و دوڕ و مرواری بەدوای پووشی چەڵتووک، یا ئەگەر هەر زۆر پایەبڵند بن بەدوای چێشتی برنجدا ئەگەڕێن، خۆیان نەدەن لە قەرەی شیعری من.. شیعری من خۆراکی ئەو جۆرە کەسانە نییە و نایەت بەدەسیانەوە.
8
حوسنی نەظەرە ئەصڵی نەظەر حوسنی بە عیصمەت
صۆفیی کە دەکا تەرکی، بە ئینسانی مەزانە
لاپەڕەی 481
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕاستەکەی تەماشاکردنی جوانیی لەگەڵ داوێن ‌پاکیدا، شێوەی ڕەوا و باشی سەرنجە. جا ئەگەر وشکە صۆفیی سەیری جوانیی نەکا و هەمو سەیرکردنێکی جوانیی بەلاوە ناڕەوا و حەرام بێ، گوێی مەدەرێ و بە بنیادەمی مەزانە، ئەگەر بنیادەم بووایە تەماشای جوانیی نەئەخستە پشتگوێ کە خۆراکی یەکەمی گیان و دەروونی ئادەمیزادە.
(ئەصڵی نەظەر.. تاد) موبتەدایە دواکەوتووە و، (حوسنی نەظەرە) خەبەرەکەیەتی لێی پێشکەوتووە.
دەستنووس
حوسنی - ی دووهەم - (عب): حوسنە.
9
ئەو گەوهەرە نوکتە کە لە «نالیی» ی دەدزن خەڵق
ئاویی نییە، وەک ئاگری بێشەوقی دزانە
لاپەڕەی 481
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو قسە ورد و پڕمەعنایانەی کە وەک گەوهەر وان و هەندێ کەس لە نالیییان ئەدزن و ئەیاندەنە پاڵ خۆیان و خۆیان ئەکەن بە خاوەنیان، گەوهەری ناو دەریا نین و نادرەوشێنەوە، وەک ئەو ئاگرە کز و بێتیشکە وان کە دز بە شەو ئەیکەنەوە، چۆن ئەوان ناوێرن گڕی ئاگرەکەیان بەرز کەنەوە نەوەک خەڵک پێیان بزانن و بییانگرن، ئەمانیش ناوێرن وردەکارییەکانی نالییی بەتەواویی بدزن و بیخەنە ناو شیعری خۆیانەوە، چونکە خوێندەوار و ڕەخنەگر دەسبەجێ ئەیانناسنەوە کە هیی نالییین. لەبەرئەوە کەم بەکاریان دێنن، کە کەم کەمیش بەکاریان هێنان دیارە مەعنای تەواوی خۆیان نابەخشن و لەچاو گەوهەری بن ئاوی بیری نالیییدا وەک پارچە گەوهەری شکاو و دەسکردیان لێ دێ کە باییەکی ئەوتۆی نییە.
ئەم بەیتە جۆرە ئیشارەتێکیشی بۆ ئەو پەندە کوردییە تیایە کە ئەڵێ « موورووی دزیەتیی، مەگەر بە شەو بکرێتە مل ».
لەم بەیتەوە دەرئەکەوێ کە نالییی لە سەردەمی خۆیدا ناسراوییەکی زۆری لەناو خەڵکا بووە و شیعری بەسەر زمانی ڕۆشنبیرانەوە بووە و، خەڵک شانازییان پێوە کردووە، بۆیە هەندێ بەناو شاعیری لەڕاستیدا ناهونەرمەند کە نەیانتوانیوە پیا بگەنەوە، وردەکارییەکانی ئەویان دزیوە و خستوویاننەتە شیعری خۆیانەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی شیعری نالیییەوە بەسەر زمانی خەڵکەکەدا، دزیەتییەکەشیان بەباشی پێ نەکراوە و نەیانتوانیوە کەڵکی تەواو لە ماڵە دزێنییەکە وەربگرن. ئەتوانین ئەم بەیتە بکەین بە بەڵگە بۆ ئەوە کە هەر وردەکارییەک لە شیعری شاعیرێکی سەردەمی نالیییدا هەبێ و لە هەمان کاتا لە شیعری نالییی خۆیشیدا هەبێ، بە هیی نالییی دابنێین و شاعیرەکەی تر بە تاوانی دزییەوە بگرین.
دەستنووس
گەوهەرە (کم و (گم) و (من): گەوهەری. (مز): گەوهەر و. نوکتە (ت) و (عب) و (اح) و (من) و (خا): نوکتەی. ئاگری (عم): ئاوری.