سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

بنواڕە وشکەصۆفیی و ڕەقصی بە هەلهەلە

1
بنواڕە وشکەصۆفیی و ڕەقصی بە هەلهەلە
دیسان لە بەحری وشکی هەوا کەوتە پێمەلە
لاپەڕەی 466
وشکە صۆفیی: ئەو جۆرە صۆفییانەی کە مەسەلەی ئایینیان بە شێوەیەکی زۆر وشک گرتووە و لەئاستی سادەترین ڕابواردنی حەڵاڵدا چاوپۆشیی پیشان نادەن .
هەلهەلە: هەلەلە، قریوەکردن .
هەوا: ئاسمان . ئارەزووبازیی .
پێمەلە: جۆرێکە لە جۆرەکانی مەلە، ئاوی زیاتر بە پێ تیا لە ڕێ لائەدرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەیری وشکەصۆفیی که چۆن لەڕێی خۆی لای داوە و، بە قریوە کێشانەوە کەوتووەتە سەماکردن و لە دەریای وشک و بێ ئاوی ئاسمانا (کە هەوای نەفس و ئارەزووبازییە) کەوتووەتە پێمەلەکردن. ڕستەکە گشتی کینایەیە لە کاری ناوەخت کە مەرجە پێویستەکانی دیار نەبن و لە یەک نەکەوتنی کردار و گوفتار.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ڕەقص) و (هەلهەلە) دا تەناسوب و، لەنێۆان (بەحر) و (وشک) و (بەحر) و (هەوا) دا طیباق و، لەنێوان (بەحر) و (پێ مەلە) دا تەناسوب و لە (هەوا) دا لەطافەت هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە466:
بنواڕە وشکە صۆفی یو ڕەقصی بە هەلهەلە
دەیسان لە بەحری وشکی هەوا کەوتە پێمەلە

شەرحەکە لەگەڵ ڕواڵەتی واتای وشەکان ڕۆییوە لەوەدا نەبێ کە دەڵێ: «سەیری صۆفی بکە، چۆن لە ڕێی خۆی لا داوە» چونکە حاڵی صۆفی ئەوەیە کە پێیەوە دەدیترێ وەک دەفزەنی دەروێشی قادری، کە نابێ لێی بە عەیب بگیرێ وەک کە ڕکوع و سەجدەی نوێژیش عەیب نییە.
لە شەرحەکەدا نوکتەیەک پشتگوێ خراوە، یان بە بیردا نەهاتووە لەوەدا کە بۆچی نالی «پێ مەلە»ی هێناوە نەک باسکەمەلە و پشتەمەلە! سەبەب ئەوەیە کە ڕەقص بە پێ دەکرێ. لە نێوان وشکە صۆفی و بەحری وشک تەناسوب هەیە، شەرحەکە هەڵی بواردووە.
2
ئەم ئەرضە مەزرەعەی عەمەلە و کوڵخەنی ئەمەل
هەندێ بووە بە مەسجید و، هەندێ بە مەزبەلە
لاپەڕەی 467
مەزرەعە: کێڵگە، دێبەر .
عەمەل: کار .
کوڵخەن: توونی حەمام .
ئەمەل: هیوا .
مەسجید: مزگەوت .
مەزبەلە: شوێنی تێڕشتنی پل و پووش و پیسایی ناوماڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم جیهانە شوێنی کردەوەیە و بنیادەم تەنیا بە کردەوە تیا سەرئەکەوێ و، بۆ هیوا و ئاواتی ڕووت وەک توونی حەمام وایە، چۆن ئەو هەرچیی تێ بخەی ئەسووتێ، ئەمیش هەموو ئاوات و هیوایەکی تیا ئەبێ بە هیچ، وەک چۆن ئەو شوێنەی بە نیازی پاکەوە خواپەرستیی تیا بکرێ ئەبێ بە مزگەوت و پیرۆز و بەڕێز و، ئەو شوێنەی پیسایی ماڵانی تێ بڕیژرێ ئەبێ بە سەلوێنک و مەگەر هەر سەگ و پشیلە مووشەی تیا بکەن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (عەمەل) و (ئەمەل) دا جیناسی موضاریع و، لەنێوان (مەزرەعە) دا کە بووژانەوە و پێگەیشتن و ژیان ئەگەیەنێ و (کوڵخەن) کە مانای سووتان و نەمان ئەبەخشێ، هەروەها لەنێوان (مەسجید) و (مەزبەلە) دا کە ئەمیان واتای خاوێنی و ئەویان واتای پیسی ئەدا، طیباق هەیە. لەم بەیتەدا لەف و نەشری مورەتتەبیش هەیە، چونکە (مەسجید) بەرابەر بە (مەزرەعەی عەمەل) و (مەزبەلە) بەرابەر بە (کوڵخەنی ئەمەل) ـە.
دەستنووس
مەسجید (« پەراوێزی » چر) و (ت) و (عب): مزگت. هەندی (چن) و (ت) و (مز): بەعضی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای 467:
ئەم ئەرضە مەزرەعەی عەمەلە و کوڵخەنی ئەمەل
هەندێ بووە بە مەسجید و، هەندێ بە مەزبەلە

شەرحەکە مەرزەعەی عەمەلی داوە بە مەسجید و کوڵخەنی ئەمەلی داوە بە مەزبەلە [کوڵخەن: توونی حەمام کە زبڵ و سووتەمەنی تێ دەهاوێژرێ و دەسووتێ].
دەشێ مەعناکەی شەرحەکە هەڵگەڕێتەوە بەوەدا کە «عەمەل» جگە لە ئیشکردن واتای دەستبەئاو گەیاندنیشی هەیە. لەمەوە کوڵخەنی ئەمەل بۆ مەسجید دەچێتەوە کە ئەمەلی دنیایی تێدا دەسووتێ، عەمەلیش بۆ مەزبەلە دەچێتەوە، کە مەبەس لێی کاری بەدە... نالی بە تێبینی واتای دووهەمی «عەمەل» و «کوڵخەنی ئەمەل»ـی بەکار هێنا نەک کوڵخەنی طەمەع سەرەڕای ئەوە کە عەمەل و ئەمەل جۆرێکن لە جیناس. لەم واتایەی من دەیڵێم لەف و نەشری کە شەرحەکە بە «موڕەتتەب»ـی داناوە و حەقیقەتیشە، دەبێتە مشەووەش چونکە «عەمەل – پیسایی» بەرانبەر مەسجید و «ئەمەل» بەرانبەر مەزبەلە دەوەستێ.
3
شێخم، چ گەرمە حەڵقەیی ذیکرت بە ڕەشبەڵەک!
حاڵی ئەمانە خۆ بە جەنابت موحەووەلە!
لاپەڕەی 467
شێح: شێخی طەریقەت . لە کوردستانی سەردەمی نالیییدا طەریقەتی نەقشبەندیی و قادریی بووە و ئیستاش هەن .
حەڵقەیی ذیکر: کۆبونەوەی دەروێشی قادریی یا صۆفیی نەقشبەندیی بۆ ناوهێنان و یادکردنەوەی خوا .
ڕەشبەڵەک: هەپەڕکێی پێکەوەی پیاو و ژن .
حاڵ: حاڵ لێ هاتن، وەزعێکی تایبەتییە بەسەر دەروێش و صۆفیدا دێت و جڵەوی خۆیانیان تیا لەدەست دەرئەچێ . تێکڕا بار و وەزع .
موحەووەل: سپاردە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

هەمیشە تاقمێ شێخی درۆزن لە کوردستانا بوون، بەپێچەوانەی پێڕەوی ڕاستەقینەی شەرع و طەریقەتەوە، دروشمی خواپەرستیی و شێخیەتییان بۆ سوودی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە و، بە ناوی حاڵ لێ هاتن و شتی واوە گەلێ کاری ناشەرعییان کردووە، وەک کۆ کردنەوەی ژن و پیاوی نامەحرەم پێکەوە و، مەلاکانیش هەمیشە دژی ئەوە بوون. نالییی لەم بەیتەدا گاڵتە بەو جۆرە شێخانە ئەکا و ئەڵی: یاشێخ ! حەڵقەی ذیکرت بەهۆی ڕەشبەڵەک و کۆبوونەوەی ژن و پیاوەوە بەناو بۆ خواپەرستیی و لەڕاستیدا بۆ ڕابواردن، زۆر گەرمە. دیارە وەزعی ئەم ژن و پیاوە ڕەشبەڵەک کارانەش بەدەست خۆتە و، خۆت ئەزانیی چییان لێ ئەکەی، هەرکەس بەپێی لێهاتنی و ئەوەی بۆی ئەشێ !. یاخود خۆت بەرپرسیاریانی لای خوا وا گومڕات کردن و لە خشتەت بردن !
دەستنووس
حاڵی (ت): ئیشی. خۆ (مز): هەم.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 467 شەرحەکە واتای بەیتەکەی لێک داوەتەوە و بە قەدەر ڕاگەیاندنی وشەکانی، لە یەک نوختە نەبێ کە «حاڵی ئەمانە»ی بە «وەزعی ئەم ژن و پیاوە...» لێک داوەتەوە ڕاستیشی کردووە بەڵام نوقسانە چونکە «حاڵ» بەر لە وەزع «حاڵگرتن» و خۆ ونکردن دەگەیەنێ. لە وشەی «ذیکرت» کە نالی بە «ذکرت»ـی نووسیوە شەبەنگێکی «ذکر – ذەکەر» دەهێنێتە بەر خەیاڵی شەرحدەرەوە، بە تایبەتی، لە تەک وشەی «حەلقە، ڕەشبەڵەک»ـدا شێوەیەکی «ذکر» دەدەنەوە.
4
دائیم لەدووتە مێگەلی ژن، نێرگەلی پیاو
بەم ڕیشەوە لەپێشەوە بووگی بە سەرگەلە!
لاپەڕەی 468
مێگەل: ڕانی بزن و مەر . لێرەدا مەبەست کۆمەڵی مێیینەیە .
نێرەگەل: کۆمەڵی نێر .
سەرگەلە: ئەو حەیوانەی لەپێشی ڕانەوە ئەڕوا کە سابرێنێکی ڕیش درێژە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یاشێخ ! هەمیشە کۆمەڵێ ژن و پیاوت شوێن کەوتوون کە ئەوەندە نەفامن ئەڵێی مەر و بزنن. خۆیشت بە کۆڵێ ڕیشەوە وەک سابرێنی سەرگەلە کەوتوویتە پێشیان و ئەوەندەش تێنەگەیشتووی نازانی بۆ کوێیان ئەبەیت.
لە کوردیدا وشەی (مێگەل) بۆ کۆمەڵی مەڕ و بزن، چ نێر چ مێ، بەکاردێ. ئەوەندەی ئێمە ئاگامان لێ بێ، هەر نالیییە وا بۆ یەکەمجار بۆ (کۆمەڵی ئافرەت) ی بەکارهێناوە و ویستویەتی ئافرەتەکان لە نەفامیی و فەقیریدا بشوبهێنێ بە مەڕ. (نێرگەل) یش کە له بەرابەری (مێگەل) یەوە بەکارهێناوە، نەمانبیستووە کەس پێش ئەو بەکاری هێنابێ. دیارە ویستویەتی، سەرەڕای قنج کردنەوەشی لەئاستی (مێگەل) دا، لە گەلێ ڕووەوە ئیشارەتی پێ بکا بۆ (نێرگەلە) و لە دوای شێخەوە بیخاتە ڕێ..
دەستنووس
نێر گەلی (چن) و (کم) و (من) و (ک) و (عب): نێرگەلەی. بەم (عم) و (ت) و (مز) و (عب) و (خب): بەو.
5
دنیا مەحەللی کەون و فەسادێکە، حیز و دوون
مەعلوومە چەن بەحیلەیە، عەییارە، چەند دەڵە!
لاپەڕەی 469
مەحەلل: شوێن .
کەون: بوون .
فەساد: خراپ بوون و فەوتان . دوون
عەییار: فێڵباز .
دەڵ: مێچکە مێچکەکەر بۆ ئەم و ئەو . دەڵە سەگ کە لەکاتی دەڵەبەبادا گەماڵ وەک ڕەوگ ئەکەونە دوای . (دەلە) لە فارسیدا بە ژنی فێڵبازیش ئەوترێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم جیهانە بەقای بۆ کەس نییە، شوێنی تیا پەیدابوون و فەوتانە. چیی تیا پەیدا ببێ، پاشان ئەفەوتێ. شتێکی هیچ و پووچ و بێ بایەخە وەک دەڵەسەگ وایە گەماڵ شوێنی کەوتبن، فێڵباز و تەلەکەچییە، بنیادەم ئاگای لە خۆی نەبێ لە خشتەی ئەبا.
دەستنووس
حیز و دوون (چر): حەیزەبوون کە بە عەرەبیی واتە پیرەژن. (« پەراوێز ») ی چر): حیزە، دوون. (کم) و (گم) و (ک) و (اح) و (من) و (خا): خیزە، دوون. خیرە بە فارسیی واته کەللـەڕەق و یاخیی و بێ شەرم و هیچ و پو و چ. بەحیلە (« پەراوێزی » چر) و (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (ک) و (اح) و (من) و (خا) و (خب): موحیللە. واتە حەرام حەڵاڵکەرە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 469:
دنیا مەحەللی کەون و فەسادێکە، حیز و دوون
مەعلوومە چەند بە حیلەیە، عەییارە، چەند دەڵە!

لە دیوانی گیو نیوەی دووهەمی بەیتەکە «چەند محیلە چ عەییارە...» هاتووە، لە تێکستێکی ناو شەرحەکەدا لە جیاتی «بەحیلە» «محل، موحیلل – حەلاڵکەر» هاتووە. لەبەر تەبیاتی مندا «محیل» تەواوە بە واتای کافر و مولحید. وشەی «دەڵ»ـیش لە شەرحەکەدا بە مێچکەمێچکەکەر هاتووە. دەڵ بە دێڵەسەگ و گورگ و... دەگوترێ.
6
تۆ شێخ و ئەو عەجووزە، عەجەب دۆستی یەکترن!
بێ شاهید و نیکاحە دیارە موعامەلە ..
لاپەڕەی 469
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یاشێخ ! تۆ شێخی و (شێخ) ی واتە پیر و، دنیاش کۆنە وەک پیرەژنی بەساڵاچوو. هەردوو کەوتونەتە یەک و دەستان خستووەتە دەستی یەک.. دیارە ئەم کارەی تۆ کردووتە کە لەجیاتیی ئەوەی لەم ئاخری عومرەدا بگەڕێیتەوە و تۆبەیەکی پاک بکەی، دەستت خستووەتە دەستی کۆنە داوێن پیسێکی وەک دنیا - بێ ئاگاداریی کەس بووە و، بە حەرام بوون بە هاوسەری یەک و شایەت و مارەبڕین لەئارادا نییە.
دەستنووس
تۆ شێخ و.. تاد (چر):
تۆ شێح و ئەو عەجووزەوو دەستی دەکێشییێ
نیکاحە: ئەمە تێکستی (کم) و (گم) و (من) ە. نووسخەکانی تر: (نیکاح). دیارە هەڵەکە هیی شێوەی نووسینەوەیە، ئەگینا لەمانیشدا هەر (نیکاحه) یە.
7
«نالیی»! سەرت لە گونبەدەکەی خانەقا دەکا
لایێ پڕە لە مەشعەلە، لایێ لە مەشغەلە ..
لاپەڕەی 469
گونبەد: گومەز .
خانەقا: جێگای خوڵپەرستیی پەیڕەوانی تەریەقەتی نەقشبەندیی .
مەشعەلە: چرا، شەمعدان .
مەشغەڵە: سەرقاڵیی و هەرا و ئاشووب .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی سەرت وەک گومبەزەکەی خانەقای لێ هاتووە، لەلایەکەوە پڕە لە چرا و چراخان و شەمعی خۆشەویستیی و دڵداریی و بیری ڕوون. لە لایەکی کەشەوە پڕە لە هەرا و ئاژاوە و سەری خۆ قاڵکردن بە ڕوو هەڵماڵینی ئەم و ئەو و دەرخستنی ناڕاستییان و، بەمە ئاژاوە و هەرا لەناو خەڵکا ئەنێیتەوە، چونکە قسەکانت لەوانە نین بە مێشکی هەموو کەسێکا بچن و هەموان لێی حاڵیی ببن.
بشێ مەبەست لە وشەی (خانەقا) لەم بەیتەدا خانەقای مەولانا بێ و، نیشانەی پەیوەندێک بێ لەنێوان (خانەقای مەولانا) و ئەو شێخەدا کە نالییی قسەی لێ ئەکا؟ !
دەستنووس
دەکا (کم) و (من): ئەکا. (مز) و (عب) و (خب): دەچێ. مەشعەلە (چر) و (کم): مەشغەلە. مەشغەلە (چر) و (کم): مەشعەلە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 469:
«نالی»! سەرت لە گونبەدەکەی خانەقا دەکا
لایێ پڕە لە مەشعەلە، لایێ پڕە لە مەشغەڵە..

وشەی «پڕە»ی دووهەم زیادە، دوو بڕگەی لە بەحری بەیتەکە تێپەڕاندووە دەبێ بنووسرێ: «لایێ پڕە لە مەشعەلە، لایێ لە مەشغەڵە».
ئێمە لێمان مەعلووم نییە نالی ئەم قەصیدەیەی کەی داناوە. ناوی خانەقا لە بەیتەکەدا دەلالەتی تەواوی نییە لەسەر ئەوەدا کە نالی پێش ڕۆیشتنی بۆ دەرەوەی وڵات قەصیدەکەی دانابێ چونکە دەزانین بەشێكی بەرچاوی شیعرەکانی لە غەریبی داناون. ئەگەر نالی ئەم هەڵبەستەی لە دەمی پیریدا دانابێ دەشێ «مەشعەلە» بۆ مووی سپی بچێتەوە هەروەک بۆ «چراخان و شەمعی خۆشەویستی و دڵداری و بیری ڕوون» بچێتەوە وەک شەرحەکە بۆی چووە. تەشبیهی سەریشی بە خانەقا کردووە چونکە خانەقا مۆمی تێدا دەسووتێ و مەشغەڵەتی تەصەووفی تێدا ئەدا دەکرێ.