سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

سەری هەر مووی بەدەنم طەرزە تەمەننایێکە

1
سەری هەر مووی بەدەنم طەرزە تەمەننایێکە
گەردشی تووکی سەرم دووکەڵی سەودایێکە
لاپەڕەی 461
طەرز: جۆر .
تەمەننا: ئاوات .
گەردش: سووڕانەوە .
سەودا: عەشق .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەزار جۆرە ئاوات لە دەروونما پەنگی خواردووەتەوە و هیچم بۆ نایەتەدیی، بەجۆرێکم لێ هاتووە ئەتوانم بڵێم سەری هەر تاڵە موویەکی لەشم ئاواتێکی پێوەیە. هەر موویەکی سەرم کە ئەجووڵێ بە تەئثیری دووکەڵی عەشقێکە لە کەللـەما ئەیجووڵێنێ.
دیارە ئەم پارچە شیعرە بەرهەمی بارێکی دەروونی زۆر سەخت و ماتەماویی نالیییە.
دەستنووس
سەری هەر مووی (ت) و (اح) و (« پەراوێزی » خا) و (خب): هەر سەری مووی. دووکەڵی (چن): دووکەڵە. (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (ک) و (اح) و (من) و (خا): هێڵەکی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە461:
سەری هەر مووی بەدەنم طەرزە تەمەننایێکە
گەردشی تووکی سەرم دووکەڵی سەودایێکە

لە پەراوێزی شەرحدا یەک تێکست «دووکەڵی» نووسیوە، هەشت تێکست و دیوانی گیویش «هێلەگی»ـیان نووسیوە. من لەگەڵ ئەمانەدام.
شەرحەکەی دەڵێ: ئاوات لە دەروونمدا پەنگی خواردۆتەوە هەتا وام لێ هاتووە سەری هەر موویەکم جۆرە ئاواتێکە، هەر موویەکی سەرم کە ئەجووڵێ دووکەڵی عیشقە لە کەللەمدا ئەیجووڵێنێ. خۆدزینەوەی شەرحەکە لە هێڵەگی سەودا [مامەڵە] بێلزوومە چونکە مادەم سەری هەر مووی بەدەن تەرزە ئاواتێک و هەویایەک بێ، گەردەشی تووکی سەر لێی دەوەشێتەوە ببێتە هێڵەگەی مامەڵەتکردن. «تەمەننی» لە کوردیدا خۆزی کێشانە کە پتر تەمای تیدایە لە ئاوات...
2
وەرە سەر سەیری صەفاگاهی نەظەرگەی چاوم
کە عەجەب مەنظەرەیی سەیر و تەماشایێکە
لاپەڕەی 461
صەفاگاە: جێگای ڕابواردن .
نەظەرگە: دوورنما .
مەنظەرە: جێگای تەماشا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوەندە دیمەنی جوان و سەیر کە لە ژیانما بە چاوی خۆم دیومن، لە ناوچاوما وێنەیان کێشراوە، چاوم بووە بە جێگای تەماشا و ڕابواردنێکی سەرسامکەر.. وەرە تەماشای کە بزانە چ دیمەنێک ئەبینی. ئەشتوانرێ مەعنای بەیتەکە وا لێ بدرێتەوە کە ئەوەندە فرمێسک لە چاوی ڕوویشتووە، چەند جۆرە گوڵ و گوڵزار لە چاویا ڕوواوە و بووە بە سەیرانگا و مەیدانی ڕابواردن.
دەستنووس
سەیری: ئەمە تەنها بەپێی تێکستی (عم) ە. نووسخەکانی تر بەم جۆرەن: (چر) و (چن) و (عب) و (خب): سەیر. بۆ عەطفیش و بۆ ئیضافەش دەستئەدا. (کم) و (گم) و (ت) و (ک) و (اح) و (من) و (خا): سەیر و. صەفاگەهی (چر) و (ت) و (ک) و (اح) و (عب) و (خا) و (خب): صەفاگاە. بۆ عەطفیش و بۆ ئیضافەش دەستئەدا. (عم) و (گم): صەفاگاە و.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە: «وەرە سەر سەیری صەفاکاهی نە ظەرگەی چاوم» وەک خۆی بە داخراوی ماوەتەوە، چونکە شەرحەکە دووپاتی قسەکانی ناو بەیتەکە دەکاتەوە و شتێکی زیادی ناخاتە سەر و نهێنییەکی تێدا ئاشکرا ناکات. ڕاستییەکەی منیش وەک شەرحەکە لە بەیتەکە ڕادەمێنم و دیمەنێکی قەشەنگ و داڕشتنێکی هونەرکار دەبینم و بەس: زڕەخەیاڵێک خۆی ڕەپێش دەکات لەوەدا کە واتای خەیاڵی لە تەمەنناکانی هەزاران سەرەموو بکەین بە کەرەستەی «عەجەب مەنظەرە...» بە پاڵپشتی هێڵەگی سەودا کە لە سووڕی مامڵەتی سەلەم و ڕوبێدەدایە. هاتنی وشەی «سەیر» لە هەردوو نیوەبەیتەکەدا تانووتێک دەدا بۆ دەردەستکردنی مانایەک چونکە سێ واتای هەیە: سەیر: تەماشاکردن، سەیر: ڕۆیشتن، سەیر: ئەنتیکە، بەڵام بێسوودە... قەتیش بە دڵمدا نایەت نالی بەو مەعنا سادەیەی ڕواڵەتی بەیتەکە ڕازی بێ. لە زوویێکەوە گوتوەتی:
بەحری غەزەلم پڕ لە دوڕ و گەوهەرە
ئەمما غەوواصی دەوێ یەعنی بە تەعمیقی بزانە
پڕ دانەیە ئەمما نەوەکو دانەیی چەڵتووک
بەحرم گوتووە نەک وەکو گوڵی مەرەزانە

...هەزار هەزار ڕەحمەت لە گیانی... وەی کە ناخۆشە بە دەستی بەتاڵ لەسەر سفرەی نالی هەڵستیت!!
3
سۆزشێکی نەفەس و شۆڕشی نائیی نایێ
هەریەکە نەوعە غینایێکە، بە مەعنایێکە
لاپەڕەی 462
سۆزش: سۆز .
نەفەس: هەناسە .
شۆڕش: دەنگ و هەرا .
نائیی: دوور .
نای: شمشاڵ .
غینا: غناء، گۆرانیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سۆزی هەناسەی خەمباران و ئاوازی دووری شمشاڵێک، هەریەکی جۆرە گۆرانییەکە. بەڵام هەردوکیان یەک مەعنایان هەیە. هەردوکیان، هەریەکە بە شێوەی خۆی، دەردی دڵی ئادەمیزاد باس ئەکا.
ئەشگونجێ مەعنای (بە مەعنایێکە) وا لێ بدرێتەوە کەوا هەریەکی مەعنایەکی تایبەتی هەیە، ئەویان شتێک ئەگەیەنێ و ئەمیان شتێکی تر.
لێکدانەوەی ئەدەبی
هەرچۆن بێ لەنێوان (سۆزش) و (شۆڕش) دا هاوئاوازییەکی جوان و، لەنێوان (نائیی) و (نایێ) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (ناڵە) و (نای) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
سۆزشێکی (کم) و (من): سۆزشی. (خب): شۆڕشی. نائیی نایێ (عم) و (گم): نای و ناڵەی. (ت): ناڵەی نایێ. (ک): نایێ نائیی.
ئەم بەیتە و بەیتی پاشەوەی لە نووسخەی (چر) و (عب) دا لەجێی یەکتردان.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕەی462
سۆزشێکی نەفەس و شۆڕشی نائیی نایێ
هەر یەکە نەوعە غینایێکە، بە مەعنایێکە

تێکست هەیە نیوەبەیتی یەکەم وەها دەنووسێ: «شۆڕشێکی نەفەس و سۆزشی نای و ناڵەی». وشەی «نائی» لە جێدا نییە چونکە دوورییەکە تێ نەخوێنراوەتەوە. شۆڕشیش لە بۆ نەفەس لە بارترە چونکە سۆزی تێدا نییە، سۆزەکە بۆ نای جوانترە و ڕاگەیەنتری هەستی دەروونە، لە حەقیقەتیشدا شۆڕشی نەفەس و سۆزی نای یەک شتن چونکە نەفەسەکە بە بلوێردا دێتە دەرەوە، چاکتر ئەوە بوو بڵێم ئەو بایەی لە بلوێردا دەبێتە سۆزش هەمان هەوایە کە لە نەفەسدا دەبێتە شۆڕش. نالی بە مەهارەتی خۆی لێکی ترازاندوون هەر یەکەیانی نەوعە غینا و مەعنایەکی تایبەت بە خۆی داوەتێ.
4
حەڵقە حەڵقەی چ دەکەی دوای کەمەندی زوڵفت
بۆ دڵی خەستە کەوا بەستەیی هەودایێکە ؟!
لاپەڕەی 462
خەسته: نەخۆش .
بەستە: بەستراو، گیرۆدە .
هەودا: تاڵی موو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوە خەریکی چیت؟ بۆچی زوڵفت هەڵقە هەڵقە ئەکەیت و داوی لێ دروست ئەکەی بۆ دڵی عاشقە بیمارەکان؟ خۆ دڵی عاشقی خەستە تەنها تاڵێکی مووی زوڵفتی بەسە پێی گیر ببێ، ئیتر بۆچی خۆت ماندوو ئەکەی؟ !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (خەستە) و (بەستە) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
حەڵقە حەڵقەی: ئەمە تێکستی (ت) یە. نووسخەکانی تر هەموو نووسیویانە: حەڵقە حەڵقە. چ دەکەی (« پەراوێزی » چر) و (ت) و (اح) و (من) و (خا): کە دەکەی. (کم): کە ئەکەی.
5
هەردەمە فەرشی کەسێکی کەیە بێ مەهر و نیکاح
دوور لە چاکانی، عەجەب فاحیشە دنیایێکە!
لاپەڕەی 463
هەردەمە: هەرکاتێ .
فەرش: ژێرەخەر .
مەهر: مارەیی .
نیکاح: مارەبڕین .
فاحیشە: ئافرەتی داوێن پیس .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: ئەم دنیای بێ وەفایە هەر ڕۆژێ ژێرەخەری یەکێکی تازەیه بە ناحەق ئەکەوێتە ژێر دەستی، وەک ئافرەتی داوێن پیس کە بێ مارەیی و مارەبڕین لەژێر هەر کەسێکا بییەوێ ڕائەکشێ.. ئای لەم دنیایە، دوور لە پیاو چاکەکانی، دنیایەکی چەند بێ نامووس و داوێن پیسە !
دەستنووس
فەرشی (عم) و (کم): عیرسی. کەسێکی کەیە بێ مەهر و (چن): کەسێکە کە بە بێ مەهر و.
6
«نالیی» ئاسوودە نییە طوولی نەمامی عومرت
بە نەفەس دێت و دەچێت، ئەصڵی لەسەر بایێکە
لاپەڕەی 463
طول: درێژیی .
نەفەس: هەناسە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئازیز ! نالییی بەدرێژیی عومری تەڕ و پاراو و لاوی وەک نەمامی تۆ ناحەسێتەوە. تەنها بە هەناسە دێت و دەڕوا، تەنها هەر هەناسەیەکی تیایە، ئەگینا هیچ نیشانەیەکی تری ژیانی پێوە نییە، ڕیشەی لەسەر (با) یەک بەندە کە لای تۆوە بۆی بێت، ئەگەر ئەو بایەی بۆ نەیەت هەناسەکەی خۆیشی نامێنێ.
(لەسەر بایەک وەستاوە) یا (لەسەر بایەک بەندە) لە کوردیدا ڕستەیەکی کینایەیە لە بێگیانیی و نزیکیی لە حاڵی گیانەڵا و مردن یا پیریەکی تەواو.
ڕێیشی تێ ئەچێ بەیتەکە خیطاب بێ لەگەڵ نالییی خۆی و مەعنای بەم جۆرە لێک بدرێتەوە کەوا ئەی نالییی، تەمەنی بێ هێزت بەدرێژایی خۆی ئاسوودە نییە. تەمەنت هەموو بریتییە لە هەناسەیەک دێ و دەچێ و لەسەر ئەو هەناسەیە وەستاوە، کە وەستا عومرت تەواوە.
دەستنووس
طوولی نەمامی (عم) و (گم) و (ت): طوولە نەمامی. (ک) و (خا): طوولی نەمامی. لەسەر (چر): لەگەڵ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە463:
«نالی» ئاسوودە نییە طوولی نەمامی عومرت
بە نەفەس دێت و دەچێت، ئەصلی لەسەر بایێکە

شەرحەکە لە سەرەتاوە بەیتەکە دەکاتە قسەی نالی بۆ یارەکەی. ئەم بۆچوونە بنەمای نییە لە دەقی بەیتەکەدا. نالی قسە لەگەڵ خۆیدا دەکات. «طوولە نەمام» چاکترە لە «توولی نەمام» چونکە «توولە مێو» - توولە هەر چییەک بێ - بۆ نەمام دەڕوات. کە بە «طوول»ـیش بنووسرێ درێژاییش دەگرێتەوە.
«بە نەفەس دێت و دەچێ» بۆ شتی بێ ڕیشە و باریک و سووک بەکار دێت. واتە بای هەناسە دەیبزێوێ. لە بەیتەکە مەعنایەکی دیکەش هەیە کە نەفەس بێت و بچێ ماوە و نەمردووە.
«ئەصلی لەسەر بایێکە» واتە طوولە [توولە] نەمامی عومر لە بنەڕەتدا بەندە بە بایێکەوە کە ئەویش بای نەفەسە. مەعنایەکی زێدە پەنامیشی هەیە لەبەر تیشکی «طوول»ـە نەمامدا ڕوون دەبێتەوە. «ئەصلی لەسەر بایێکە» کە بۆ طوولە نەمام دەچێتەوە جگە لە بای نەفەس «با»ی حروف الهجاش دەگرێتەوە. طوولی نەمامەکە بەندە بە «با»ی ئایەتێکی قورئان کە دەڵێ: «وماکان لنفس أن تموت الا بأذن ربها» ئنجا طوولە نەمامێکی بە بای هەناسە دێت و دەچێت هەر دەژێت هەتای بای «باذن ربها»ی بۆ دێ.