سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

(حلقە در گوش) ی کەفی ڕەنگینی تۆیە ئەم دەفە

1
(حلقە در گوش) ی کەفی ڕەنگینی تۆیە ئەم دەفە
با نەناڵێ، لێی مەدە، (عَنْ لَطَّمِهِ کُفﱢ الْکَفَه)!
لاپەڕەی 450
حلقە در گوش: ڕستەیەکی فارسییە، واتە
کفە: کف، کەف، لەپی دەست .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم دەفە بەند و خوڵامی ئەڵقە لەگوێی لەپی ڕەنگینی بە خەنە سوورکراوی تۆیە، کەواتە توخوا لێی مەدە با نەناڵێنێ، مەنعی لەپی دەستت بکە لەوە کە چەپۆڵە بدا بەسەریا.. ڕستەی لێی مەدە هەردوو مەعناکەی لێدان ئەگرێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (کەف) و (دەف) دا سەرەڕای تەناسوب جیناسی لاحیق و، لەنێوان (کف) و (کفە) دا جیناسی موحەڕڕەف هەیە.
دەستنووس
لێی مەدە: لە هەموو نووسخەکاندا، جگە لە (چر) و (گم) و (من)، بە (لێ مەدە) نووسراوە، بەوجۆرەش مەعناکەی دێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 450 شەرحەکە وشەی «کف» بە «کوففی» واتە بە کەسری «ف» نووسیوە، ڕاستییەکەی «کف، کوففە»یە.
2
نەی، کە صاحیب سیڕڕە، سەر تا پا بە ئەمری (کن) کونە
باطینی (قف قف علی سری)، بە ظاهیر قەف قەفە
لاپەڕەی 451
نەی: شمشاڵی قامیش .
سیڕڕە: ڕاز و نهێنی . کن
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شمشاڵی لە قامیش دروست کراو، کە ڕازێکی بۆخۆی هەیە لە وەختی لێ دانیا ڕای ئەگەیەنێت، سەرتاپای بە فەرمانی خوا کونکون بووە، کەچی ڕازەکەشی نادۆڕێنێ و لێی ناکەوێ.. کە بە دیمەن قەف قەف و پارچە پارچەیە، ئەوە لەدیوی ناوەوەیەوە بانگت ئەکا پێت ئەڵێ وەرە لە ڕازم ئاگادار ببە..
ئەو وردەکارییەی لەم بەیتەدا هەیە تەنها لە وشە عەرەبییەکانی (قف قف)- بە بەراورد لەگەڵ (قەفْ قەفْ) - و لە (ظاهیر) و (باطَين) ەکەوە دەرئەکەوێ.
وشەی (کًنْ) ئیشارەتە بۆ ئایەتی (اِنَّما اَمْرُەُ اذا اِذا اَرادَ شیئا اَنْ یَقُولَ لَهُ کُنْ فَیَکوُنْ) واته: کاری خوا وایە کە ویستی شتێ ببێ، پێی ئەڵێ ببە و ئەویش ئەبێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردوو (سیڕڕ) و (سەر) و، (قف قف) و (قەف قەف) دا جیناسی موحەڕڕەف و لەنێوان (کن) و (کون) دا جیناسی تەواو و، لەنێوان (باطین) و (ظاهیر) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
سەرتاپا (چن) و (عم) و (گم) و (خب): سەرتاپای. قف - ی یەکەم - (چن): قف. قەف، بەم پێیە ئەبێ بە موضافوئیلەیهیی (باطینی). علی سری (چر) و (خب): علی سرە. (عم) و (ت): علی سری و. (گم): علی سر. (خا) علی سری یە. بە ظاهیر (عم) و (ت) و (مز) و (عب) و (خا) و (خب): ظاهیر.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 451:
نەی، کە صاحیب سیڕڕە، سەر تا پا بە ئەمری «کن» کونە
باطینی «قف قف علی سری»، بە ظاهیر قەف قەفە.

ئەم دەقە لە نووسینی «بە ئەمری...» کەلێنێکی خستۆتە شوێنی یەک لە مەعناکانیەوە. من هەر بیستوومە، لە دەوروبەری تێدا ژیانم، و لە دیوانی گیویش نووسراوە: «بە ئایەی....». وەک لەبیرمە لە «چەپکێک...»یشدا هەر وەهام شەرح داوە: «ئایەی» لەگەڵ نەختێک تێرکردنی بزوێنی فەتحەی سەر «ی»ـی ناوەڕاستی وشەکە دەبێتە «ئایای» کە مەقامێکی مەشووری کوردییە و تا بڵێی بەسۆزە. لە «صاحیب سیڕڕە»دا ئیشارەتی بەرچاو هەیە بۆ مەثنەوی مەولانای ڕۆمی: «بشنو از نی چون حکایت میکند»،
لە ئاست «میندەفە»ی بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە ئەوەندە دەڵێم، لە کوردیدا «سەرومەندەفە» بە «دەستاڕەی بوزورگ» دەگوترێ.
3
خۆشترە عوذری گونەهکاران لە صەد ذیکری ڕییا
ئەم بە نەرمیی عەفوە عەفوە، ئەو بە توندیی عەف عەفە
لاپەڕەی 452
عەف عەف: حەو حەو، وەڕەی سەگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو عوزرەی گوناهباران ئەیهێننەوە بۆ داوای خۆشبوون لەو گوناهانەی کردوویانە، گەلێ لەوە خۆشترە کە هەندێ کەس بە درۆ و بۆ ڕیا ناوی خوا ئەهێن، چونکە ئەوانەی عوزر ئەهێننەوە هەستیان بە تاوانی خۆیان کردووە و بەڕاستیانە و ئەیانەوێ پاشگەز بنەوە، بەڵام ئەمان بۆ ئەوە ناوی خوا دێنن دڵی کەسانێک لە خۆیان ڕازی بکەن. هەر بۆیەش ڕییا لە ئایینی ئیسلامدا بە هاوبەش دانانێکی بچوک دانراوە بۆ خوا.. کەواتە ذیکرکردنە بە درۆ و ڕیاکەی ئەمان کە بەدەنگی بەرز ئەنەڕێنن (حەی ! حەی !)، لەئاستی داوای لێ بوردنەکەی گوناهبارانا بەئاستەم و لەگەڵ جۆرە کڕوزانەوەیەکدا، وەک (عەو ! عەو !) کردن و وەڕینی سەگ وایە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (عەفوە.. عەفوە) و (عەف.. عەف) دا جیناسی ناقیص و، لە کۆ کردنەوەی (نەرم) و (توند) دا طیباق هەیە.
ئەم، ئەو (عم) و (عب) و (من): ئەو، ئەم.
دەستنووس
ئەم بەیتە و بەیتی شەشەم لە نووسخەی (عب) و (من) دا لە جێگای یەکتردان.
4
شێخیی و سەر لنگە دەستاڕی بە دەستاری بوزورگ
ڕەندم و، دەستاری کەلـلەی من دەفە، نەک میندەفە
لاپەڕەی 452
دەستار (ی دووهەم): مێزەرە .
بوزورگ: گەورە . ڕەند
میندەف: گۆزی هەلاجیی کە لە ژێ و کەوانەی ئەدەن و لۆکەی پێ شی ئەکەنەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ بەناو شێخی تەریقەتی و مێزەرێکی زلت بۆ ڕیا لەسەر ناوە ئەوەندەی لنگە دەستاڕێک ئەبێ، دەمیشت لەژێرەوە خەریکی بڕوێش کردن و قسەی هەلەق مەلەق و هیچ و پوچە.. منیش کابرایەکی قۆشمە و کەیفچیی و خۆشم و گوێ بە دنیا نادەم و، لەجیاتی مێزەر دەفەکەم ئەنێم بە سەرمەوە، نەک مێزەرێکی وەک گۆزی هەلاج، لۆکەی ڕییای بۆ ئەم و ئەو پێ شیی بکەمەوە..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (شێخ) و (ڕەند) دا طباق و، لە کۆکردنەوەی (دەستاڕ) و (دەستار) دا جیناسی موحەڕڕەف و، لەنێوان (من دەفە) و (میندەفە) دا جیناسی تەرکیب هەیە.
5
خادیمیی مەخدوومییە، ماقووڵیی ناماقووڵییە
لەم دەرە ئاصەف سولەیمانە، سولەیمان ئاصەفە
لاپەڕەی 453
ئاصەف: ئاصەفی کوڕی بەرخیا وەزیری حەزرەتی سولەیمان .
سولەیمان: حەزرەتی سولەیمان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لە مەیدانی خواناسینی ڕاستەقینە و دڵسۆزیی بێگەرددا خزمەتکاری گەورەییە و، خۆ بە گەورە زانین ناماقووڵییە.. لەم مەیدانەدا ئەوەی خۆی بەئاصەف دابنێ ئەبێ بە سولەیمان و، ئەوەی خۆی بە سولەیمان دابنێ ئەبێ بە ئاصەف...
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (ئاصەف) و (سولەیمان) دا تەنها مەعنای بچوک و گەورە وەرگیراوە.
دەستنووس
سولەیمانە (عم) و (گم) و (مز): سولەیمان و. (من): سولەیمانە و.
6
صاحێبی (علم الکتاب) ە موطریبی هودهود نەفەس
یا سولەیمانە لە (اخوان الصفا)، ئاصەف صەفە
لاپەڕەی 453
هودهود: پەپوە سلێمانە .
نەفەس: دەم و دو .
اخوان الصفا: برایانی ڕاستیی و خاوێنی و بێگەردیی . ناوی حیزبێکی ئایینی و سیاسیی ئیسماعیلیی مەشرەبیشە لە سەدەی دەهەمی زایینیدا کاری کردووە، بنکەی لە بەسرە بووە و، پەیڕەوەکانی بە فەلسەفەی ئیسلام و یۆنانەوە خەریک بوون .
ئاصەف: ئیشارەتە بە ئاصەفی کوڕی بەرخیای وەزیری سولەیمان .
صەف: ڕیز .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
ئەم بەیتە وەک بەڵگە وایە بۆ بەیتی پێشوو. واتە: موطریبی دەم و دوو وەک پەپوە سلێمانە، کە نالییی خۆیەتی، لەبەرئەوەی کە بەدیمەن ڕەند و سادەیە و خۆی وەک ئەو باڵدارە بچووکە بە هیچ ئەزانێ، بووە بە خاوەنی (علم الکتاب). سڵێمان پاشایش برایەکی بێ ئەرک و تەکلیفە لەگەڵ کەس و کار و هاوڕێیان و، خۆی وەک ئاصەفی وەزیری سولەیمان پێغەمبەر ئەداتە قەڵەم، لەگەڵ ئەوەشا کە پادشایە و ئەو پایە گەورەیەی لەناو بنەماڵەی بابان و لەناو خەڵەکەدا هەیە.
وشەی (علم الکتاب) ئیشارەتە بە ئایەتی (قَالَ الَّذي عِنْدَهُ عِلْمٌ مِنَ الکِتابِ) لە باسی حەزرەتی سولەیمان و شاژنی سەبەئدا. وەصفکردنی موطریبیش بە (هودهود نەفەس) لەوەوە هاتووە کە پەپوە سڵێمانە بە لەفز و گفتێکی شیرین لای سولەیماندا قسەی کردووە.
نیشانەی ئەوە کە مەبەست لە (موطریب) نالییی خۆیەتی، بەیتی چوارەمە و، پەیوەندی نالییی لەگەڵ سڵێمان پاشا و، هەستی شانازیی بە خۆ کردنی کە هەمیشە دەری ئەخا و، وەصف کردنی پەپوە سڵێمانه بە (هودهود نەفەس) و، بەراوردکردنی پەیوەندی نالییی و سڵێمان پاشا و، حەزرەتی سولەیمان و ئەو کەسەی ئایەتی (قال الذي عنده علم من الکتاب) لێی ئەدوێ.
دەستنووس
موطریبی (چر) و (خا): موطریب و. (چن) و (مز) و (عب) و (اح) و (خب): موطریب. بۆ (موطریب و) و (موطریبی) یش دەستئەدا. اخوان الصفا (خب): ئیخوانی صەفا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 453:
صاحیبی «علم الکتاب»ـە موطریبی هودهود نەفەس
یا سولەیمانە لە «اخوان الصفا» ئاصەف صەفە

وشەی «صاحێبی» دەبێ «صاحیبی» بێ: چ لزووم نییە ڕاوێژی نالی بهێنینە سەر ڕاوێژی گفتوگۆی عادەتی، کە دەزانین نالی پەروای نەبوە لە بەکارهێنانی سەختترین وشە لە جێی پێویستدا. بەو «ێ»ـیە بەیتەکەش نەختێک تەنبەڵ دەبێت و جوانییەکەی دادەشکێ. صاحیب لێرەدە کە هودهود نەفەسەکەیە هەم بە واتای «خاوەن» و هەم بە واتای «برادەر» دێت. هودهودی حیکایەتی «سەبەء» و بەلقیس هاومەجلیسی صاحیبی «علمالکتاب» بوو نەک خاوەن. شەرحەکە وا ڕادەگەیەنێ کە نالی خۆی مەبەستە لە هودهودی هاومەجلیسی علم الکتاب، سلێمانیش سولەیمان پاشای بابان بووبێ. ئەم بۆچوونە بە چاو پۆشی و لێبوردوویی و سەلماندنی تەئویل نەبێ ناچێت کڵێشەی «یا سولەیمانە لە اخوان الصفا ئاصەف صەفە» جگە لەوە کە هودهود نالی بێ ئەو هودهودە خاوەنی علمالکتاب نەبووە، هاومەجلیسی بووە. لەمەش زیاتر، کە نالی هودهود بێ چۆن دەبێتەوە سولەیمان پاشا. شەرحەکە دەیەوێ بە باسکردنی تەوازوعی سلێمان پاشا گونجاندنێک بۆ نالی پەیدا بکات ببێتە هودهود نەفەس، بەڵام ڕێگەی ئەم تەئویلە کوێر بۆتەوە لە بەیتەکەدا بەوەدا کە هودهود نەفەسەکە «سولەیمانە لە ئیخوانوصصەفا»
بۆ لێکدانەوەی ئەم بەیتە دەگەڕێمەوە لای «چەپکێک لە گوڵزاری نالی»، هەرچەند نەختێک درێژەشی هەیە لەوێدا نووسیومە [نەختێک کورتکردنەوەی تێدا کراوە]:
((دەزانین ئەم«صاحیبی علم الکتاب»ـە هەمان کەسە کە بەدوای گێڕانەوەی حیکایەتی سەبا و بالقیس و عەرشەکەی لە لایەن هودهودە، هەستا و عەرشەکەی [بۆ سلێمان پێغەمبەر] هێنا. فکرمان بۆ ئەوەش دەچێ کە گۆرانی بێژەکەی [قەصیدەی نالی] هودهود نەفەس بێ دەبێ خۆی لە گۆرانیدا وەک هودهود باسی بەلقیس و عەرشەکەی سەبای کردبێ. لە هەمان کاتدا ئەم گۆرانیبیژە خۆی «صاحیبی علم الکتاب»ـە [وەک کە نالی دەڵێ] یا بەڕاستی [وەک ڕیوایەتی قورئان] یا بە ئاهەنگی گۆرانی عەرشی بەلقیسی حازر کردووە لە کۆڕی بەزم و گۆرانیدا [ئەویش لە قەصیدەی نالیدا]. هەروها «سلێمان»ـی پاشا و پێغەمبەر دەبێ لە نێوان «اخوان الصفا»دا واز لە پاشایی بهێنێ و بێتە ڕیزی «ئاصەف» کە وەزیری خۆیەتی و لەو دەمەدا ئەو «الذي عندە علم من الکتاب» - کە دەکاتەوە هەڵگری عەرشەکە - بووە... جارێکی دیکەش لە مەبەس نزیک دەبینەوە کە دەزانین لە نێوان«اخوان الصفا»دا پیاوێک هەبووە ناوی «ابو سلێمان» لەمەوە بە جارێ «سلێمان پێغەمبەر» ئەندامەتی گرووپی «اخوان الصفا»ی لێ دەبێتەوە بەشێکی کەسایەتیی ڕاستەقینە نەک لەڕێی تە شبیە و مەجاز... بەڵام جارێ دوورین لەوپەڕی واتاکەی چ دووری ئاسۆیی بێ بەرەو پانایی، چ دووری ستوونی بێ بەرەو بەرزایی وەیا قووڵایی بەیتەکە)).
7
جامی تاقی مەیکەدە میشکاتی قیندیلی دڵە
شیشە پڕ قەرقەف لە ڕەفڕەف شاهی عالی ڕەفڕەفە
لاپەڕەی 454
جام: پیاڵەی مەی .
مەیکەدە: مەیخانە .
میشکات: دەلاقەی نادیوەودەر کە چرای تیا دائەنرێ .
قیندیل: چرا . قەرقەف
ڕەفڕەف: ڕایەخی جوان . تەختانی پڕ لە گوڵ و سەوزیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پیاڵەی شەراب کە لە دەلاقەی نادیوەودەری مەیخانەدا دانرابێ، ئەو تاقەیە کە چرای دڵی سەرخۆشانی تیا دائەنرێ. شیشەی پڕ لە شەرابیش لەسەر چیمەنی پڕ لە گوڵ و شینایی، شاهێکی پایە و ڕێ و شوێن بەرزە هەرچەند لەسەر زەویش دانراوە.
دەستنووس
ئەم بەیتە تەنها لە نووسخەکانی (عم) و گم) دا هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە454:
جامی تاقی مەیکەدە میشکاتی قیندیلی دڵە
شیشە پڕ قەرقەف لە ڕەفڕەف شاهی عالی ڕەفڕەفە

شەرحەکە دەڵێ: پیاڵەی شەراب کە لە دەلاقەی مەیخانەدا دانرابێ، ئەو تاقەیە کە چرای دڵی سەرخۆشانی تیا دائەنرێ. شیشەی پڕ لە شەرابیش [هەر دەکاتەوە پیاڵەی شەراب م. م.] لەسەر چیمەنی پڕ لە گۆل و شینایی، شاهێکی پایە و ڕێ و شوێن بەرزە هەرچەندە لەسەر زەویش دانراوە. هەڵەیەکی ڕێکەوتانەی لە داڕشتنی سەرەتای شەرحەکە هەیە کە دەڵێ:
«پیاڵەی شەراب...» دووای شەرخێک خەبەری ڕستەکە دێت «بە ئەو تاقەیە...». هەڵبەت پیاڵە نابێتە تاق، ڕاستیەکەی سەرلەبەری بۆچوونی شەرحەکە دەبێ لە نوێ و بە جۆرێکی زۆر جودا هەڵنرێتەوە. وا دەزانم ئەمەی دەیڵێم بەلای حەقیقەتی بەیتەکەوە نزیکە: جامی تاقی مەیکەدە دەلاقەی چرای دڵە. شیشەی دڵ [لە جیاتی وەک چرا نەوتی تێ بکرێ] پڕە لە قەرقەف [شەراب]. ئەو دڵە لە ڕەفڕەف بە خۆی و شەرابی مەستییەوە شاهێکی ڕەفڕەف بڵندە.
شەرحەکە ڕەفڕەفی بە «ڕایەخی جوان، تەختانی پڕلەگۆل و سەوزی» داناوە. لە شیعری ئەحمەد شەوقی هاتووە «وات قاعا کرفرف الخلد طیبا» کە دەکاتەوە شوێنێکی بەهەشت. کە وشەکە کەرت بکەین دەبێتە «ڕەف - ڕەف» هەر دوویان تاقی مایکەدە دەڵێنەوە کە دڵە پڕ شەرابەکەی لێ دانراوە. واتە لە هەر «ڕەف»ـێک یاخود لە هەر لای ڕەفڕەف بێت، دڵەکە ئەو شاهەیە.
8
طەبعی «نالیی» توندە ئەمڕۆ، یا بە نەشئەی نیم نیگاە
مەستی ڕەحڕاح و مەی و ڕاح و قەراح و قەرقەفە؟!
لاپەڕەی 454
طەبع: تەبیعەت .
نەشئە: سەرخۆشی .
نیم نیگاە: لاچاو .
ڕەحڕاح: ژیانی خۆش .
ڕاح: مەی . بەری دەست،
قەراح: ئاوی سازگار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نازانم نالییی هەر لەخۆیەوە ئەمڕۆ تەبیعەتی توندە و قسەی تیژ و بەتوێکڵ ئەکا و لە چەند لاوە تێ هەڵچووە، یاخود مەبەستی بە لاچاو ڕوانینی یارە بۆی، وەک بڵێی شەرابی سازگاری لە دەستی یار وەرگرتبێ و خواردبێتیەوە.
کۆکردنەوەی ئەو هەموو وشانەی لە نیوەی دووهەمی ئەم بەیتەدا لەپاڵ یەکدا ڕیز کراون، هەر بۆ دەربڕینی دەسەڵات و وشەئاراییە نالییی هێناونی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
یا (چر) و (ک) و (اح) و (« پەراوێزی » خا) و (خب): وا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕەکە:
طەبعی «نالی» توندە ئەمڕۆ، یا بە ناشئەی نیم نیگاهـ
مەستی ڕحڕاح و مەی و ڕاح و قەراح و قەرقەفە؟!

شەرحەکە دەڵێ: نازانم نالی هەر لە خۆیەوە ئەمڕۆ تەبیعەتی توندە و قسەی تیژ و بە توێکل دەکا و لە چەند لاوە تێ هەڵچووە، یاخود مەستی بە لاچاو ڕوانینی یارە بۆی، وەک بڵێی شەرابی سازگاری لە دەستی یار وەرگرتبێ و خواردبێتیەوە. لەم شەرحەدا تێبینی ئەوە دەکرێ، ئەگەر نالی شەرابی دەستی یاری خواردبێتەوە لەوە دەرچووە بە نەشئەی نیوەنیگا مەستی ئەو هەموو وشانە بێ کە هەمووی شەرابە. هێزی نیمنیگا لەوەدا دەبێ کە نالی شەرابی نەخواردبێتەوە ئنجا هێندەش سەرخۆش بێ.
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 455، شەرحەکە «سەمەن» و «یاسەمەن»ـی بە یەک شت داناوە. من قامووسم لا نییە بۆی بچمەوە، بەڵام شیعری فارسی هەیە دەڵێ [بە ڕێنووسی کوردی]: «سەر و سەمەن و یاسەمەن و عەرعەر و شمشاد...»