لاپەڕەی 450
موطڵەق: بەڕەڵڵا .
چا: چاک .
ئینسان: بنیادەم . بیلبیلەی چاو .
هەرزە: ئەوەی باش پەروەردەی دانەدرابێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئازیز ! تۆ پێم ئەفەرمووی چاوت وەک ئێنسانێکی هەرزە وایە یا بیلبیلەی چاوت وەک کەسێکی هەرزە و بێ تەربییەت وایە، بەڕەڵڵا کرابێ و کەس لێی نەپرسێتەوە چیی ئەکا. بۆیە کەوتووەتە دووی من و هەر تەماشای من ئەکا. بیبەستەرەوە و مەهێڵە دوام بکەوێ، چونکە باش نییە ئینسانی هەرزە، یا چاوی هەرزە بەڕەڵڵا بکرێ و جڵەوی بۆ شۆڕ بکرێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (چاوە) و (چاو) دا جیناسی ناقیص و، لەنێوان (زەنجیر) و (موطڵەق) دا طیباق و، لە (زەنجیرکردنی چاو) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە. لە (ئینسان) یشدا لەطافەت هەیە چونکە، وەک ڕوونمان کردەوە، دوو مەعنا ئەگەینێ. تێکڕا لە دوا وشەی هەر پێنج بەیتەکەشدا (لەرزە، بەرزە، تەرزە، شەرزە، هەرزە) جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
دەفەرموی: هەڵیش ئەگرێ (دەفەرموێ) بێ. (عم) و (کم) و (گم) و (من): دەفەرموو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 450:
دەفەرمووی: چاوەکەت زەنجیر کە «نالی»!
کە موطلەق چا نییە ئینسانی هەرزە
شەرحەکە «هەرزە»ی بە «بێ ئەدەبییەت» داناوە. ڕاستییەکەی هەرزەکار، گەنجی پێش تەمەنی باڵغبوونە، با بڵێین 10-12، 13 ساڵی لە وەصفدا «ئینسانی هەرزە» دەشێ بێ باک و بێ تەقیە مەبەست بێ. «موطلەق چا نییە» دوو واتای هەیە، یەکیان بە مەعنای «هەرگیز چا نییە» ئەوی دیکەیان «بە بەڕەڵڵایی چا نییە» کە ئەمیان لەگەڵ زنجیرکردن ڕێک دێت.
شەرحەکە لە هەرزەوە «بیبیلەی چاو»ی وەرگرتووە: ئەم بیبیلەیەش لای خۆیەوە وەها دەگەیەنێ کە منداڵە هەرزەکاریش هەر منداڵە.