سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەی ساکینی ڕیاضی مەدینەی مونەووەرە

1
ئەی ساکینی ڕیاضی مەدینەی مونەووەرە
لوطفێ بکه، بفەرموو: مەدینەی منە و، وەرە
لاپەڕەی 415
ڕیاض: باخچەکان، جەمعی (ڕەوضە) یە .
مەدینەی مونەووەرە: شاری نوورانیی و پیرۆز، شاری مەدینه‌ که پێغەمبەر له مەککەوە کۆچی بۆ کرد و لەوێ وەفاتی کرد .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی دانیشتووی ناو گوڵزارەکانی شاری مەدینه‌ی پیرۆز ! بەزەییەکت پیامدا بێتەوە و بفەرموو ئەم شارە شاری منه، وەرە بۆ ئێرە، با منیش ڕووم بێ بێمە خزمەتت.
ئەم قەسیدەیەش یەکێکه لەو قەسیدانه‌ی که نالییی بۆ پێغەمبەر (د،خ) ی وتوون. بەر لەم قەسیدەیە، موستەزادەکەی ژمارە (٢) ی تیپی میم بڵاو کرایەوە.
نالییی له گفتوگۆ کردنیدا لەگەڵ پێغەمبەر (د. خ) که پێی ئەڵێ (ساکن)، ئەیەوێ ئەوە پێشان بدا که پێغەمبەر له ڕیزی مردووان نییە.. سەبارەت بەوەش که به مەرقەدی پێغەمبەر ئەڵێن (ڕەوضەی موطەههەرە)، له وشەی (ڕیاض) یشدا ئیشارەت کراوە بۆ فەرموودەیەکی پێغەمبەر که ئەفەرموێت: « ما بَیْنَ بَیْتي ومِنْبَری رَوْضةٌ مِنْ ڕیاضِ الجَنَّةِ »، واتە , بەینی ماڵەکەم و مینبەری مزگەوتەکەم - که ئێستا مەرقەدی لەویایە ـ باخچەیەکه لە باخچەکانی بەهەشت.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نێوان (مونەووەرە) و (منە و وەرە) دا جیناسی تەرکیب هەیە، چونکه یەکه‌میان یەک وشەیە و دووهەمیان دوو وشەی بەیەکەوە بەستراوە.
دەستنووس
لوطفێ (چن) و (ت) و (ک) و (اح): ڕەحمێ.
2
عەرشی بەرین که دائیرەیە، ڕەوضە مەرکەزە
فەرشی زەمین به عەرصەیی طەیبه موجەوهەرە
لاپەڕەی 416
بەرین: پان و پۆڕ و گەورە .
دائیرە: خڕ و بازنەیی .
ڕەوضە: مەرقەدی پێغەمبەر .
عەرصە: پارچە زەویی .
طەیبه: شاری مەدینه .
م وجەوهەر: گەوهەراویی، به گەوهەر ڕازێنراوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: عەرشی پان و بەرینی خوا که دائیرەیەکی گەورەیە دەوری هەموو جیهانی داوە، مەرقەدی پێغەمبەر مەرکەزەکەیەتی. ڕووی زەوییش که وەک فەرشێکی ڕاخراو وایە، به مەیدانی مەدینه ڕازاوەتەوە.
نالییی لەم بەیتەدا زیادەڕەوییەکی ئێگجار جوانی کردووە، چونکه ئەبێ زەویی به فەرشی جوان بڕازێتەوە، نەک فەرش به زەویی، ئەمه له لایەکەوە. له لایەکی کەشەوە زەوی شتێکی نەجووڵاو و نەگۆڕاوە، به پێچەوانه‌ی فەرشەوە. بۆیە ئەویش هاتووە زەویی هەموو له ئاستی شاری مەدینەدا به فەرش داناوە و مەدینە به زەویی..
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نێوان (دائیرە) و (مەرکەز) دا تەناسوب و، له نێوان (عەرش) و (فەرش) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
دائیرەیە (چر) و (چن) و (کم) و (من): دائیرەیی. زەمین (گم) زەویی. به: ئەمه تێکستی نووسخەی (گم) ە، له هەموو نووسخەکانی ترا: که، بەڵام مەعنای نایەت، عەرصەیی (کم) و (ک) و (تۆ) و (عب) و (اح) و (خا): عەرصەیە. طەیبه موجەوهەرە (ت): طەبیبە جەوهەرە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرووی لاپەڕە 416:
عەرشی بەرین کە دائیرەیە، ڕەوضە مەرکەزە
فەرشی زەمین بە عەرصەیی طەیبە موجەوهەرە

شەرحەکە لە بارەی زیادەڕۆیی جوانی ئەم بەیتەوە دەڵێ: بە عادەت دەبێ زەوی بە فەرش بڕازێتەوە نەک فەرش بە زەوی [کە عەرصەکەیە] بڕازێتەوە. ڕاستییەکەی وشەی «فەرش - فرش» وەک بزانم، هەموو ڕووپۆشێكی زەوی و ڕێگەوبان دەگرێتەوە، هەرچی «بساط»ـە بە مەعنای ڕایەخ دێت. نالی هات زەمینی دانا بە ڕووپۆش، مەدینەشی دانا بە گەوهەری زینەتی ڕووپۆشەکە. ئەمە ڕاگەیاندنی بەیتەکەیە، بۆچوونەکەی شەرحەکەش جێی دەبێتەوە وەک زێدە پاروو یان خەیاڵی جوان.
3
طەیبه که یەعنی عەکسی بەقیعی هەموو عەبیر
طەیبه که یەعنی مایەیی ئەو ئەو میشکی ئەذفەرە
لاپەڕەی 416
عەکسی بەقیع: پێچەوانەی بەقیع که (عەبیق) ه واتە بۆن و بەرامەی خۆش . ئیشارەتیشە بۆ گۆڕستانی (جنة البقیع) که یەکێکه لە گۆڕستانه بەناو بانگەکانی موسڵمانان و بەشێکی زۆر له هاوڕێ گەورەکانی پێغەمبەر لەوێ نێژراون .
مایە: ماددە،
مێشکی ئەذفەر: میشکی پوختە و بۆن خۆش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو شاری طەیبه‌یەی کەوا ڕەنگ و بۆن دانەوەی (جنة (البقیع) ەکەی، هەموو عەبیری بۆنخۆشە، یان پێچەوانه‌ی وشەی (بقیع) ەکەی (عبیق) ە که واتە عەبیری بۆنخۆش.. ئەو شاری طەیبه‌یەی که وشەکەی واتە بۆنخۆش و ئەوەش وا ئەگەیەنێ ئەو ماددەیەی لێ دروست کراوە میشکی پوختە و بۆنخۆشە.
دەستنووس
که یەعنی عەکسی بەقیعی (چن): که عەکسی ڕەبیعی هەموو. هەرچەند ئەم نووسخەیە بۆ بەراوردی (عەبیر) ەکە باشتر دەستی ئەدا، بەڵام لەبەر بۆنی (بەقیع) ەکه، ئێمه نووسخەکانی ترمان لا پەسەندتر بوو، چونکه باس باسی مەدینه‌یە و بەقیعیش لەوێیە. مایەیی ئەو (« پەراوێزی » چر): مائیدەیی و، مایەیی وەک.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕەی باسکراودا، بەیتی دووهەم، نیوەبەیتی یەکەم:
طەیبە کە یەعنی عەکسی بەقیعی هەموو عەبیر

شەرحەک دەڵێ: پێچەوانەی «بەقیع، بقیع» دەبێتە «عەبیق» بە واتای بۆنخۆش. لەمەدا بە سەهوو چووە چونکە، «بەقیع، بقیع» هەڵبگێڕێتەوە دەبێتە «عەیقەب، عیقب» بە ڕێنووسی عەرەبی دەبێتە «عیقب، عیقەب» وشەیەکی بێ واتایە، تا ئەوەی بزانم.
4
طەیبه که یەعنی ڕۆژ و شەوی طیبی عالەمه
ڕۆژی که وشکه، شەو تەڕە، کافوور و عەنبەرە
لاپەڕەی 417
طیب: بۆن خۆشیی .
کافوور: دەرمانێکی بۆنخۆشی سپیی ڕەنگه، له درەختێکی ئەکەنەوە .
عەنبەر: شتێکی بۆنخۆشە، ڕەنگی وەک ڕەنگی گڵ وایە له گەدە یا له ڕیخۆڵه‌ی جۆرە ماسییەکی دەرئەهێنن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو شاری طەیبەیەی که به شەو و به ڕۆژ بۆنخۆشی ئەداتەوە به جیهانا و، به ڕۆژ وشک و سپییە وەک کافوور و به شەو شێدار و ڕەشە وەک عەنبەر.
ئەم بەیتە ئیشارەتیشە به ئاو و هەوای شەو و ڕۆژی مەدینه.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له‌نێوان (طەیبه) و (طیب) دا جیناسی موحەڕڕەف و، له نێوان (ڕۆژ) و (شەو) و، (وشک) و (تەڕ) دا طیباق و، له نێوان (کافوور) و (عەنبەر) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
عاله‌مە (ت) و (« پەراوێزی » ک) و (اح): غالییە. وشکه (من): وشک و.
5
لێوم، له ڕۆژی ڕۆشنی کافووری وشکی، وشک
چاوم له شەبنمی شەوی وەک عەنبەری تەڕە
لاپەڕەی 417
شەبنم: شەونم .
واتە: لە خەفەتی نەبینینی ڕۆژی وەک کافوور وشک و ڕۆشنی مەدینەدا لێوم وشک و بەبارە و، له داخی هەڵنەمژینی شەونمی شەوی وەک عەنبەر ڕەش و تەڕیشیدا چاوم پڕە له فرمێسک و هەمیشە هەر ئەگریم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆکردنەوەی (ڕۆژ) و (ڕۆشنی) دا تەناسوب و، له نێوان هەر دوو (وشک) دا جیناس و، جیاییش هەیە چونکه دوو جۆرە وشکیی جیاوازن. هەروا له نێوان (ڕۆژ) و (شەو) و، (تەڕ) و (وشک) دا طیباق و، له نێوان (شەونم) و (شەو) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
شەبنمی (عم) و (کم) و) گم) و (من): شەونمی. شەوی (عم): تەڕی، وەک (تۆ): چون.
6
طەیبه که یەعنی طەییب و طاهیر به ڕەوحی ڕۆح
فەرقی ئەڵین: گڵی له گوڵ، ئاوی لە کەوثەرە
لاپەڕەی 418
طەییب، طاهیر: پاک و خاوێن .
ڕەوح: هەناسە . ڕۆح
کەوثەر: حەوزێکه له بەهەشتدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شاری طەیبه که تەنانەت ناوەکەشی وا ئەگەیەنێ به هەناسەی پیرۆزی جوبرەئیل، یا لە بەرەکەتی پێغەمبەرەوە پاک و خاوێنه، ئەڵێن جیاوازیی له شوێنانی تر ئەوەیە ئەوەیە گڵی لە گوڵ ئەچێ و ئاوی له ئاوی حەوزی کەوثەرە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (طەیبه) و (طەییب) و (ڕەوح) و (ڕۆح) و (گڵ) و (گوڵ) دا جیناسی موحەڕڕەف و، له نێوان (گڵ) و (گوڵ) و (ئاو) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
دەڵێن (عم) و (کم) و (من): ئەڵێن. گڵی لە گوڵ، ئاوی: شێوەی نووسینی هەموو نووسخە دەسنووسەکان و نووسخەکەی (عم) یش مەیدانی ئەوە ئەدەن ئەم ڕستەیە واش بخوێنرێتەوە: گڵی لەگەڵ ئاوی. بەم پێیە مەعنای نیوەبەیتەکە وای لێ‌دێتەوە: ئاو و گڵی مەدینه له کەوثەرەوە هاتووە. کەوثەریش کینایە ئەبێ له بەهەشت.
7
یەعنی گوڵاوی قودسه گڵاویی ڕەفع ئەکا
ئەو خاکه چاکه پاکەوو ئەو ئاوە مەطهەرە
لاپەڕەی 418
گڵاویی ڕەفع ئەکا: گڵاوی لائەبا . ئەگەر سەگێک یا بەرازێک دەم بخەنه قاپێک یا بکەون له کەسێک یا له شتێک و سەگەکه یا بەرازەکه یا ئەوەی لێی کەوتوون، یەکێکیان تەڕ بێ، ئەوە قاپەکه‌، یا ئەو کەسە یا ئەو شتە، به گوێرەی شەرع گڵاو ئەبێ و پێویستە حەوت جار بشۆررێ که جارێکیان به قوڕاوێکی خاوێن بێ . بەو شۆرینه ئەڵێن گڵاویی دەرکردن . گڵاویی لێرەدا کینایەیە له گوناهبار بوون .
مەطهەر: شوێنی پاکبوونەوەی گیانی گوناهبار له گوناه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مادەم گڵی مەدینه گوڵ و، ئاوی لە ئاوی کەوثەر بێ، دیارە گڵ و ئاوی ئەبێ به گوڵاوی خوایی و، گڵاویی گیانی گوناهبارانی پێ دەر ئەکرێ و، ئەو خاکه چاک و پاکه‌ی مەدینه و ئەو ئاوە کەوثەرییەی ئەبن به شوێن و هۆی پاک کردنەوەی گیانی گوناهباران.
له هەموو نووسخەکانی‌ بەر دەستامنا وشەی (چاکه) بێ (و) ی عەطف نووسراوە. ئێمه خۆمان بۆمان دانا، چونکه یەکەم له شێوەی نووسینی کۆندا زۆر جار وائەبێ (و) ی عەطف و (ی) ئیضافە نانووسرێن، دووهەم لاسەنگ نەبوونی نیوە بە بەیتەکەش پێویستی بەوە بوو، چونکه، ئەگەر وامان نەکردایە ئەبوو وشەی (مەطهەرە) مان به (موطەههەرە) یا (موطەههیرە) بنووسییایه که هیچیان بۆ ئەم شوێنه دەس نادەن، یەکەم له ڕووی مەعنا و دووهەم له ڕووی لەفظەوە که لەگەڵ ڕەویی تێکڕای پارچە شیعرەکەدا ڕێک ناکەوێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نێوان (گوڵاو) و (گڵاویی) و، (ئەو) و (ئاو) دا جیناسی ناقیص و، له نێوان (خاک) و (چاک) و (پاک) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
ڕەفع (عم) و (کم) و (گم) و (من) و (ت) و (عب) و (من): دەفع. بەڵام دەفع لەم جۆرە شوێنانەدا بەکار ناهێنرێ، چاکه پاکه (چر): پاکه چاکه. مەطهەرە (چن): میطهەرە، بەڵام هەیە چونکه ئیسمی ئالەت له فیعلی نەجووڵاو دروست ناکرێ. (اح) و (خا): موطهەرە، ئەمیش هەڵه‌یە وەک ڕوونمان کردەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 418، دووهەم بەیت:
یەعنی گوڵاوی قودسە گوڵای ڕەفع ئەکا
ئەو خاکە چاکە پاکەوو ئەو ئاوە مەطهەرە

شەرحەکە لە ڕەتکردنەوەی وشەی «موطەهەر» و پەسەندکردنی «مەطهەر» ناڵێ ئەمیان چ ڕادەگەیەنێ، بە پێی دەستووری عەرەبی بە قیاس لە«مەکتەب، مەلجەء و مەنجەم» وشەکە ناوی جێگایە بەو پێیە ناشێ ببێتە صیفەت بۆ ئاو، جا ئەگەر لە پەنا و پەسێوی زمانی عەرەبی بە صیفەت هاتبێ من ئاگاداری نیم. جێی خۆیەتی «موطەهیر» بەلاوە بنێ چونکە ڕەویەی جودایە لە قافیەی بەیتەکانی دیکە. هەتا لێم مەعلووم دەبێ «مەطهەر» واتایەکی مناسبی جێگەی هەیە، من نیوەبەیتەکە وەها دەخوێنمەوە: «ئەو خاکە چاکە پاکە، ئەو ئاوی موطەههەرە»، «ئەو ئاوە» دەخوێندرێتەوە «ئەواوە».
قەڵەمم تەلەزگەیەکی کرد بەسەر بەیتی یەکەمی لاپەڕە 418 دا کشی، کەچی خۆم بۆی ئامادە و ساز کردبوو کە خزمەتێکی بکەم بە دەقێکی کەس نەدیتووی ناو نەهاتووی [بە ظاهیر خەلقی کۆیێ]. ئەو پیاوە، خەتیشی خۆش نییە، لە زۆر شوێنی دیوانی نالی، چاپی گیو، بە پەراوێز شتی نووسیوە، یەک لەمانە نیوەبەیتی دووهەمی سەرووی لاپەڕە 418ی شەرحەکە، بەم جۆرە لە پایینی لاپەڕە 47ی دیوانی گیو نووسیوە: «فرقی دەلین گولیکە لە گولاوی کوثرە». من شکڵنووسم کرد. دەقە بێقۆرتە، یەک «لە»ی حەرفی جەڕڕی تێدایە نەک دوو. دەشێ «گولاوی کەوثەر» بە «گۆلاوی کەوثەر»یش بخوێندرێتەوە.
بابڵێم، چەندێکیش بە درەنگەوە بێ، ئەو مرۆیە لە سەرووی لاپەڕە 38ی دیوانەکەی گیو، لە ئاست «وەک قەفەس ئەم حوجرە کون تێیە» نووسیویەتی «لە هجوی حجرەی مزکەوتی کونە جمعە کە لەوی دەخوند». نالی لە کۆیەی خوێندووە: مەلا محەممەدی مەلا ئیبراهیم، لە لای باوکمی دەخوێند و لەقەبی دلاوەر بوو لەویشەوە فەردی «گۆشتی قەڵەو» وەرگیراوە دەیگوت، نالی کە هاتۆتە کۆیێ نیازی بووە لە مزگەوتی بایزاغا لای مەلا شێخ طەیب، باوکی مەلا بەهائوددینی مەشووری ئەو ناوە و باوکی باپیری مەلا بابەشێخی ئێستەکەی نوێنەری ئەم بنەماڵە عیلمییە، بۆ خوێندن دامەزرێ. بە پێی ڕیوایەتی مەلا محەمەد شۆرەتی شاعیرییەتی نالی مەلا شێخ طەیبی دوودڵ کرد لە داخوازییەکەی نالی، وا دیارە چووبێتە مزگەوتی کۆنە جمعە کە ئەوسا نوێژی جومعە لەوێ دەکرا، جارێ مزگەوتی گەورە کە لە 1262 هـ کرایەوە لە بەیندا نەبوو. بەداخەوە ئەو دەمەی باسی «گۆشتی قەڵەو...» خرایەوە پەڕەیەکی گوڵزاری نالییەوە ناوی ئەو مرۆیەم لەبیر نەمابوو، کە من زۆر گێلم لە ناو ئەزبەرکردن، شەرمیشم کرد ئەو ڕاستییە بدرکێنم لەبەر تێبینی دڵڕاگریی جوانمێرەکە. لە شەرحەکەی بەر دەستدا دەبینم کاکە جەمالە و فاتیحیش ناوی باوکی لەبیر چۆتەوە. وا بەدەم ئەم موناسەبەیەوە، کە پەڕەکانی دیوانی گیوم تەماشا دەکرد دیتم نیوەبەیتی «لا پەراسووی بارگیرێکی کە زیندوو بێ بە چاو» مرۆی بێناو لە پەراوێزی لاپەڕە 36ی دیوانی گیو نووسیویەتی: «وەک پەراسووی پیرە بارگیرێ کە زیندووبێ بەناو» ئەم نیوەدێڕەم بە ڕێنووسی نوێ نووسی – ڕاستییەکەشی، ئەمیان بێقۆرتە و پتریش بارگیری بەرەو مەرگ بردووە لە مەفهوومی وشەی «پیرە»وە.
8
«نالیی» کەوا سەگی سەگی ئەو مەرز و بوومەیە
ئەمما سەگی موعەللەمی بێ دەنگ وبێ وەڕە،
لاپەڕەی 419
مەرز و بووم: له دوو وشەی (مەرز) و (بووم) پێکهاتووە که یەکەمیان واتە سنوور و دووهەمیان واتە ڕێ و شوێن و خاک و وڵات، ئیستا تێکڕا بەمەعنا وڵات و ناوچە بەکار ئەهێنرێ،
سەگی موعللەم: سەگی فێرکراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەدا خۆی له ڕادە بەدەر بەکەم داوەتە قەڵەم که خۆی کردووە به سەگی بەردەرگای سەگی ئەو ناوچەیە و، بەوەشەوە نەوەستاوە، خۆئ کردووە به سەگێکی بێ هەرا قڕە و نەوەڕ.
مەعنای ئەم بەیتە لەگەڵ بەیتەکانی پاشەوەیدا دێ به دەستەوە و، وەڵامەکەیان له بەیتی سیازدەهەم و چواردەهەمدایه.
بوونی نازناوی « نالییی » لەم بەیتەدا نیشانەی دوایی هاتنی پارچەکه‌ نییە، به پێچەوانەوە نیشانەی دەست پێ‌کردنی سەرەتای بابەتێکی نوێیە له چوارچێوەی پارچە شیعرەکەدا: نالییی پێشان تەعریفی مەدینەی کرد و لێرەوە دەست ئەکا به باسی ناچیزیی و داماویی خۆی.
دەستنووس
سەگی - ی یەکەم - (عم) و (گم): سەگە، (گم) و (من): سەگ. بۆ عەطفیش و بۆ ئیضافەش و بۆ خەبەری موبتەداش دەستئەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 419:
«نالی» کەوا سەگی سەگی ئەم مەرز و بوومەیە
ئەمما سەگی موعەللەمی بێ دەنگ و بێ وەڕە،

لەم بەیتەدا سێ جاران «سەگی» هاتووە. تێکست هەیە «سەگی» یەکەمی «سەگە» نووسیوە دیارە ئەمیان لە قاڵبی هونەرییەوە نزیکترە. ئەگەر بۆ زێدە خۆ کەمکردنەوە شیعرەکە کەمڕەنگ بکەین خۆ نالی لە بەیتی 13دا خۆ دەکاتە «خاکی خادیمی قیطمیری ئەو دەرە» ئیتر بۆچی بەیتەکە زەدە بێت...
9
فەرشی پەڵاسە، دۆشەکی خاکه، سەرینی بەرد
بێ‌تووک و، ڕووت و قووت و، فەقیر و قەلەندەرە
لاپەڕەی 420
پەڵاس: فەرشێکی ڕەنگاو ڕەنگه له خوریی ئەچنرێ، کورکی نییە، وەک سوابێ وایە . به کراسی زبر و ئەستوریش ئەڵێن که دەورێشان لەبەری ئەکەن .
بێتووک: کینایەیە له هەژار و ناچیز .
قەلەندەر: کەسێ هیچ پەیوەندێکی به دنیاوە نەبێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لەوانەیە وشەی (قەلەندەر) لەم بەیتەدا، نیشانەی ئەوە بێ که نالییی ژن و مناڵی نەبوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (بەرگ) و (دۆشەک) و (سەرین) و، (خاک) و (بەرد) دا تەناسوب و، له نێوان (ڕووت) و (قووت) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
فەرشی پەڵاسە: ئەمه تێکستی (عم) و (گم) ە، (کم) و (من) یش نووسیویانه: پاسی لیباسە. نووسخەکانی تر هەموو نووسیویانه: پاسی سوپاسە. مەعنای تێکستی ئەم نووسخانەمان بۆ ڕاست نەکرایەوە. خاکه (خا): خاک و.
10
بێ تووکی جیفە خواریی و گورگین و بێ ‌وجوود
لەم ئاو و خاکه ظاهیر و باطین موکه‌ددەرە
لاپەڕەی 420
جیفە خواریی: خواردنی مردارەوە بوو .
گورگین: گەڕۆڵ .
بێوجوود: ناچیز .
موکەددەر: لێڵ . عاجز و خەمبار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی لەم وڵاتە دەر و ناو لێڵ و تاریکەدا، سووکی چاو له دەسی ئەم و ئەو بوونه که وەک ئەوە وایه بنیادەم به خواردنی مردارەوە بوو بژیی و، گەڕۆڵ و ناچیز بووە کەس توخنی ناکەوێ، چاری نەماوە ئەوە نەبێ سەری خۆی هەڵبگرێ و بێ بۆ لای تۆ.
ئەشگونجێ نیوەکانی ئەم بەیتە یەکی ڕستەیەکی سەربەخۆ بن. بەم پێیە مەعنای نیوە بەیتی یەکەم وا لێ ئەدرێتەوە کەوا نالییی به ئاشکرا و به نهێنی لەم خاکه عاجز و دڵگرانه.. تاد.
له بەراوردی ئەم بەیتە لەگەڵ پارچە شیعرەکه‌ی « وەی که ڕووزەردی مەدینه و.. تاد » دا، وا دێتە پێش چاومان نالییی ئەم پارچە شیعرەشی هەر له سەردەمدا وتبێ که ئەوی تیا وتووە و، ژیانی مەککه‌ی زۆر لا تاڵ بووبێ. بەیتی سیانزەهەمیش پشتی ئەم بۆچوونەمان ئەگرێ.
دەستنووس
جیفە (کم) حصیصە، گورگین و (چن) و (ت) و (ک) و (اح): گورگین. بۆ (گورگین و) بۆ (گورگینی) یش دەستئەدا. (عم) و (کم) و (گم) و (من): گورگینی. لەم (« پەراوێزی » چن): لەو.
ئێمه وامان به بیردا دێ وشی (بێتووکی) لەم بەیتەدا له ئەسڵدا (مەهتووکی) بووبێ، چونکه (مەهتووکی) لێرەدا باشتر دەستئەدا و دووبارە بوونەوەی (بێ تووکی) یش جوان نییه.
لەم (« پەراوێزی » چن): لەو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 420:
بێ تووکی جیفە خوارییو گورگین و بێ وجوود
لەم ئاو و خاکە ظاهیر و باطین موکەددەرە

شەرحەکە دەڵێ: نالی لەم وڵاتە دەر و ناو لێڵ و تاریکەدا، سووکی چاو لە دەسی ئەم و ئەو بوونە کە وەک بنیادەمێکە بە خواردنی مردارەوەبوو بژی...
لە لاپەڕە 421 شەرحەکە دەڵێ: نالی ئەم شیعرەی لەو سەردەمەدا گوتووە قەصیدەی «وەی کە ڕووزەردی مەدینە و...»ی تێدا گوتووە و ژیانی مەککەی زۆر لا تاڵ بووبێ. ئەم بۆچوونە هی قبووڵکردن نییە چونکە ناشێ بە لای نالییەوە مەدینە وەها بێ کە هەڵیداوە مەککەش بە ئاو و خاکییەوە دەر و ناوەوەی لێڵ بێ و خواردن تێیدا بۆ نالی وەک لاشەی مردوو خواردن بێ. قەصیدەی «وەی کە ڕووزەردی...» لە ڕۆژێکدا گوتووە کە مەککە و مەدینە بە جێ دەهێڵێ، بە زاهیر، بەرەو ئەستەنبوڵ. لەم قەصیدەیەدا بەرەو حیجاز دەڕوات و ئیزن دەخوازێ لە پێغەمبەر کە ڕێ بدا بچێتە زیارەتی... ئەم قەصیدەیە جمرانەی موناجاتە درێژەکەی «ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا»یە.
11
گەردەن کەچی قەلادەیی ڕستی وەفاتە، دێ
بۆ ڕاوی بێنی ئەو دەر و دەشتە موعەططەرە
لاپەڕەی 421
قەلادە: گەردنبەند .
ڕست: پەتی گەردەبەند .
موعەططەر: بۆنخۆش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەفا و من له یادنەچوونەوەت بووە به گەردنبەند و کراوەتە ملم و، به پەتیەوە بەسراوەمەتەوە و ملکەچیمی، بۆیە وا دێم بۆ لات، تا وەک سەگی بۆزەن، ڕاوی بۆنی خۆشی ئەو دەر و دەشتە بۆنخۆشە بکەم.
دەستنووس
ڕستی (چن): ڕستەی. (کم) ڕەستی. ڕاوی بێنی: ئەمه تێکستی (خا) یه. (چر) و (چن) و (گم): ڕاوی بەینی. تۆ و (عب): ڕاوە بێنی. به پێی نووسخەکانی تریش بۆ هەردوو جۆرەکه دەستئەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی یەکەمی لاپەرە 421 وشەی «قەلادە» وەک بزانم «قیلادە»یە.
12
دا کووچە کووچە خۆڵی بەسەردا بکا به چنگ
لەو خاکه ئەفخەرە کە هەموو تاج و ئەفسەرە
لاپەڕەی 421
دا: تاوەکو .
کوچە: کۆڵان .
ئەفخەر: پڕ شانازیی و شکۆ .
ئەفسەر: کڵاوی شاهانه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بۆیه دێ تا کۆڵان به کۆڵانی ئەو وڵاتە پیرۆزه بگەڕێ و خۆڵی ئەو خاکه پڕ شانازییه بکا به سەریا که هەمووی وەک تاجی شاهیی وایه.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نێوان (ئەفخەر) و (ئەفسەر) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
دا (عم) و (گم): تا. خۆڵی: (چر) و (خا) و (من): سیرە. (ک) و (تۆ) و (عب) و (اح): سیر. بەداخەوە مەعنای هیچ کام لەم دوو وشەیەمان بۆ ڕاست نەکرایەوە و بۆ (سێر) به مەعنا (تێر) و (سەیر) ی به مەعنا (ڕۆیشتن) یش دەستیان نەئەدا.
لەو خاکی ئەفخەرە (عم) و (کم) و (گم) و (من): لەو خاکی فەخرەدا. هەموو (چن) و (عم) و (کم) و (گم): هەمووی.
13
(کهف الأنام) ی هیجرەتی ئەصحابی بێ ڕوقوود!
بیکه به خاکی خادیمی قیطمیری ئەو دەرە
لاپەڕەی 422
کهف الانام: ئەشکەوتی پەناگای خەڵک .
هیجرەت: کۆچ .
ئەصحاب: یاران .
ڕوقوود: خەو، ڕاکشان .
قیطمیر: ناوی سەگەکەی ئەصحابولکەهفە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی لەم بەیتەدا به ئیقتیباس له سەرگوزەشتەی (اصحاب الکهف) ەوە که حەوت کەسی مەسیحیی بوون، به‌ر له هاتنی ئاینی ئیسلام، له سەردەمی دەقیانووسدا، له ترسی بتپەرستان پەنایان بردووەتە ئەشکەوتێک و لەوێ خەویان لێ کەوتووە، پاش سێصەد ساڵ خەبەریان بووەتەوە، هەروەها به ئیقتیباس له کۆچکردنی ئەصحابه‌ی پێغەمبەرەوە به شەو بە شەونوخونییەوە لە مەککەوە بۆ مەدینە، ڕووی دەمی ئەکاتە پێغەمبەر و پێی ئەڵێ ئەی ئەو کەسەی که وەک ئەشکەوتی پەناگای هەموو ئادەمیزادی نەک تەنها هیی (اصحاب الکهف) و، ئەصحابه شەونوخونیی کێشەکانت کۆچیان کردە لات، که ئەوان وەک (اصحاب الکهف) نه‌بوون خەو بییان باتەوە به لادا، نالییی بکه به خۆڵی به‌رپێی خزمەتکاری سەگی بەردەرگای خۆت..
دەستنووس
کهف الانام (چن) و (چن) و (« پەراوێزی » ک): کهف الامان.
14
بەڵکو له فەڕڕی طەیبه که طیبی پەیەمبه‌رە
ساکن ببێ گەڕۆڵیی ئەو کەلبه بێ فەڕە
لاپەڕەی 422
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەڵکو، له فەڕ و بەرەکه‌تی مەدینه‌وە که جێگای بۆنی خۆشی تۆیه، گەڕۆڵیی ئەو سەگه گەڕاڵه بێفەڕە دامرێتەوە و چاک ببێتەوە. مەشهوورە سەگی گەڕۆڵ خۆی له ناوگڵدا ئەگەوزێنێ بۆئەوەی ئا ڵۆ شی دابمرێتەوە و چاک ببێتەوە.
دەستنووس
گەڕۆڵیی ئەو کەلبه (عم) و (گم): له غەم دڵی ئەم بەندە. ئەو: (عب) و (من): ئەم.
15
پەیغامبەر و حەبیبی خودا، (خاتَمُ الرَّسُل)
ڕەوضەی له ئەرض و سایە لەسەر چەرخی ئەخضەرە
لاپەڕەی 423
پەیغامبەر: پەیامبەر، پێغەمبەر .
سایه: سێبەر .
چەرخی ئەخضەر: ئاسمانی سەوز .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەوە ئەکەوێتە تەعریفکردن پیاهەڵدانی پێغەمبەر (د،خ) و ئەڵێ: پێغەمبەر ئەو کەسەیە که نامه‌ی خوای هێناوە بۆ ئادەمیزاد و خۆشەویستی خوایه و دوا ئەڵقەی ڕیزی پێغەمبەرانه، مەرقەدی له زەویدایه، تیا ڕاکشاوە، کەچیی بە ڕاکشاوییشەوە سەری ئەوەندە بەرزە به سەر ئاسمانی سەوزدا سێبەری کردووە.
دەستنووس
پەیغامبەر و (عم) و (من): پەیغامبەری. سایە له سەر (ت): سایەیی سەر. (اح): سایە سەری.
16
قەت سێبەری دەبێ لەسەر ئەم ئەرضە فانییه
ئەو تاقە نەخلی عەرشە که طووبایی سێبەرە؟!
لاپەڕەی 423
فانیی: فەوتاو،
نەخل: دارخورما،
طوبا: شجرة الطوبی، درەختی طوبا، درەختێکه له بەهەشتدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

له کتێبه‌کانی سیرەتی پێغەمبەردا نووسراوە کەوا پێغەمبەر سێبەری نەبوە. نالیییش بیری ئەم بەیتەی لەو وتەیە وەرگرتوە و ئەڵێ: پێغەمبەر ئەو دار خورمایەیە که وا له عەرشی خوادا و ئەوەندە پایە بڵندە تەنانه‌ت درەختی (شجرة الطوبی) ی بەهەشتیش له ژێر سایەی ئەودایه، ئیتر ئەوێ که پایەی ئەوەندە بڵیند بێ، چۆن ئەبێ سێبەری لەم دنیا سەرەنجام فەوتاوەدا هەبێ، چونکە ئەگەر سێبەری هەبێ، دیارە سێبەرەکه‌ی به سەر زەوییەوەیه و، که زەویی فەوتا ئەبێ سێبەرەکه‌ی ئەویشی لەگەڵدا بفەوتێ و، ئەوەش لەگەڵ شان و شکۆی ئەو ناگونجێ.
دەستنووس
دەبێ (عم) و (کم) و (من): ئەبێ. ئەرضە (چر) و (ژ،)، (عب)، (خ): خاکه.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست بەیتی دووەمی لاپەڕە 423:
قەت سێبەری دەبێ لەسەر ئەم ئەرضە فانییە
ئەو تاقە نەخلی عەرشە کە طووبایی سێبەرە؟!

شەرحەکە وەهای داناوە کە طووبای بەهەشت لە سێبەری پێغەمبەر دایە، ئیتر چۆن سێبەری دەبێ لەسەر خاک کە دەزانین خاک، زەوی نامێنێ بەو پێیە سێبەری پێغەمبەریش نامێنێ کەچی لە بەهەشت و بەسەر طووباوە، کە درەختی بەهەشتە، هەر بەردەوامە... ئەفسانەی نەبوونی سێبەری پێغەمبەر جگە لەوەی کە ئەگەر لەش لە شووشە یان ماددەیەکی پشتبین (شفاف) نەبێ سێبەری دەبێ، مادەم کە پێغەمبەر خۆی لەسەر خاک دادەنیشت و دەڕوات و تەیموومی پێ دەکات بۆ دەزنوێژ بۆچی سێبەرەکەی لە خۆی موبارەکتر و پتر بە قەدر بێ. بە هەمەحاڵ ئێرە جێی موناقەشەی ئەوتۆیی تێدا پەیدا نابێ بەڵام وەهمەکە هێند بێ ئەساس و خۆهەڵوەشێن و منداڵانەیە چارم نەبوو ئەوەندەی تێدا بڵێم...
نالی دەڵێ طووبا سێبەری پێغەمبەرە نەک لە سێبەریدایە وەک شەرحەکە گوتی. لە بەیتەکە پێغەمبەر تاقە دارخورمای عەرشە کە طووبا سێبەریەتی یان «طووبای سێبەرە» واتە طووبایەکی سێ جاران بەر بگرێ کە ئەمە ئەوپەڕی موباڵەغەیە چونکە نەمبیستووە ئەم درەختە بەر بگرێ. بەڵام کە طووبا سێبەری بوو، با سێ جارانیش بەر بگرێ، یان طووبای سێبەری ئەو کە تاقە نەخلی عەرشە، نەخلیش بەردارە، با ئەو طووبایە سێ کژان بەربگرێ لە ڕەحمەتی خودا و بەخشندەیی بۆ گوناهکاران. ئەو بەیتانەی ژمارە 15، 16، 17 و 18 لە لاپەڕەی 123 و 424دا هاتوون کە سێبەری پێغەمبەر هەڵدەکێشن تا لە بەیتی 18دا دەڵێ:
ئەو سێبەرە کە عالەمی عولوی لە نوورییە
شەمس و نوجووم و هەرچی لەواندا موقەڕڕەڕە

لەگوتەیەکی مەشوور سەر هەڵدەدەن کە دەڵێ: خوا پێغەمبەری لە نووری خۆی خەڵق کردووە. جێگە یاریدە نادات ئەگینا موناقەشەیەکی لەسەر ئەم مەسەلەیە ڕووی دا لە نێوان مەلا ئەفەندی و ئیبراهیم ئەفەندی حەیدەری بە لایەکدا و باوکم بە لایەکدا [باوکم گوتبووی ئەم قسەیە فەرقی نییە لەگەڵ (تثلیث)ی مەسیحی...]!
17
ئەو سێبەرە که قوببەیی فیردەوسی باقییه
ئەو سێبەرە که خێوەتی صەحرایی مەحشەرە
لاپەڕەی 424
قوببە: گومەز .
فیردەوس: بەهەشت
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سێبەری پێغەمبەر ئەو سێبەرەیە که بووە به گومەز بەسەر بەهەشتی هەرگیز نەفەوتاوەوە و، بووە به دەوار به سەر ئەو هەموو خەڵکەدا که له بیابانی مەحشەردا کۆئەبنەوە له ڕۆژی قیامەتدا، ئیتر سێبەری وا چۆن بۆ ئەم دنیایه ئەشێ و چۆن لەوانه‌یه بفەوتێ؟ !
18
ئەو سێبەرە که عاله‌می عولووی له نوورییه
شەمس و نوجووم هەر چی لەواندا موقوڕڕەڕە
لاپەڕەی 424
عاله‌می عولویی: جیهانی باڵا، مانگ و خۆر و ئەستێرەکان،
نوجووم: ئەستێرەکان .
موقەڕڕەڕ: بڕیاردراو . جێگیرکراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سێبەری پێغەمبەر ئەو سێبەرەیه که ڕۆژ و ئەستێرەکان و هەرچییان تیایه‌، له تیشکی ئەو پەیدابوون.. چەند جوانه سێبه‌ر که خۆی نەبوونی ڕووناکییه، ببێ به سەرچاوەی هەموو ڕووناکییەک.
دەستنووس
ئەو سێبەرە (کم) و (من) و (تۆ) و (عب): ئەو سێبەرەی.
19
ئەو سێبەرە که مەظهەری حوببی خوادییه
کەنزی موطەلسەمی نەظەری حەییی ئەکبەرە
لاپەڕەی 424
مەظهەر: شوێنێ دیاریی دان،
کەنزی موطەلسەم: گەنجینەی تەلیسماویی .
نەظەر: تەماشا .
حەیی ئەکبەر: ئەوەی نامرێ و له هەموو کەسێ له هەموو شتێ گەورەترە، خودا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سێبەری پێغەمبەر مەیدانی دەرکەوتنی خۆشەویستیی خوایه بۆی و، ئەو گەنجینه ئەفسووناوییەیە که بەر بۆ ڕوانینی بۆ لوتفی خوا کەوتووە.
دەستنووس
حوببی (چن): لوطفی. (ت) و (ک) و (اح): سیڕڕی.
20
جێ بازی مەقدەمی شەوی قەدر و مەعاریجی
سەربانی عەرش و کورسی‌یو جوبرەیلی شەهپەڕە
لاپەڕەی 424
مەقدەم: هاتن .
شەوی قەدر و مەعاریج: شەوی ڕێزلێگرتن و سەرکەوتن بۆ ئاسمان .
شەهپەڕ: شاپەڕ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: ئەو شوێنه‌ی پێغەمبەر له شەوی ڕێزلێگرتن و سەرکەوتنا بۆ ئاسمان هەنگاوی هەڵێنایەوە، سەربانی عەرش و کورسیی و سەرشانی جوبرەئیل بوو که لەناو فریشتەکانا وەک (شاپەڕ) وایه‌ له‌ناو پەڕەکانی پەلەوەرەکاندا.
وشەی (سەرشان) مان لەوەوە هێناوە که له شەوی میعراجدا جوبرەئیل له‌گەڵ پێغەمبەردا بووە، بەڵام ئەو تا دوایی لەگەڵی نەماوەتەوە. لەو شوێنەدا که بۆی دیاریی کراوە وەستاوە و پێغەمبەر به تەنها خۆی ڕۆیشتبووە و سەرکەوتووە و جوبرەئیل له خواریەوە ماوەتەوە، کەواتە سەرشانی کەوتووەتە ئاستی ژێر پێی پێغەمبەرەوە.
ئەم بەیتە ئیشارەتە به ڕازی میعراج. لەبەر ئەوە مەبەست لە (شەوی قەدر) گەیاندنی مەعنای (لیلة القدر) نییه که شەوە تاکەکانی سێیەکی سێهەمی مانگی ڕەمەزانه. بەڵام دیسان دانانەکه‌ی لەگەڵ وشەی (مەعاریج) که ئیشارەتە بۆ (شەوی میعراج) شتێکی جوانه.
دەستنووس
جێ (چر) و (عب) و (من): جێی. بازی (چر) و (عب) و (تۆ) باز و. (چن): باز. بۆ (باز و) و بۆ (بازی) یش دەستئەدا، شەوی قەدر و (چن) و (ت) و (ک) و (تو) و (اح) و (خا): شەوی قەدری.
21
دنیای چلۆن دەوێ که بەقەد هیممەتی نەکرد
ئەم خەلعەتە که ئەتڵه‌سی نۆ چەرخی ئەستەرە
لاپەڕەی 425
خەلعەت: خەڵات .
ئەتڵەس: جۆرە قوماشێکه‌ .
نۆ چەرخ: حەوت ئاسمانە‌کە و مانگ و ڕۆژ .
ئەستەر: مەعنایمان بۆ ساغ نەکرایەوە . لەوانه‌یه صیغە موبالەغەی (ستر) بێ واتە ئەوەی پتر دابپۆشێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پێغەمبەر دنیای چۆن ئەوێ، له کاتێکا که خوا قوماشی ئەتڵه‌سی هەر حەوت ئاسمانه‌که و مانگ و خۆری کرد به خەڵاتی، کەچی هێشتا کورت و تەسکتر بوو لەوەی به بەری هیممەتی بەرزی ئەودا بێتەوە.
سەرچاوەی بیری ئەم بەیتە لەوەوە هاتووە که سیرەت نووسان نووسیویانه‌ خوا له شەوی میعراجدا پێغەمبەری کرد به سەرپشک، له‌ سامان و دارایی دنیا چیی ئەوێ هەڵیگرێ بۆ خۆی، بەڵام ئەو هیچی نەویست و تەنها داوای پایەبڵندیی ئەو دنیای کرد.
دەستنووس
دەوێ (من): ئەوێ. ئەم (چر) و (خا): ئەو. نۆ (چر) و (کم) و (من) و (خا): نەو. ئەستەرە (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (من): ئەخضەرە. ئێمه (ئەستەرە) مان دانا چونکه (ئەخضەرە) جارێکی تریش وتراوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 425:
دنیای چلۆن دەوێ کە بەقەد هیممەتی نەکرد
ئەم خەلعەتە کە ئەتڵەسی نۆ چەرخی ئەستەرە

شەرحەکە لە وشەی «ئەستەر» داماوە. ئەگەر سەیرێکی دیوانەکەی گیو کرابایە لەوێ ئیشکالەکە دەڕەوییەوە، تومەز «نۆ چەرخی ئەخضەرە» یە. دیارە نوسخەنووس «اخضر»ی نووسیوە و قەوسی «ضـ»ـەکەی سواوە و نوختەکەی ئەو و «خـ» بوونەتە دوو... کڵاوی «خ»ـەکەش بەر سووان یان ڕەشبوونەوە کەوتووە... نازانم بۆچی بایەخیان پێ نەداوە و نەیانخستۆتە پاڵ نوسخەکانی دیکە!
22
تەشبیهی حوسنی فائیقی، ئاخر، به چی بکەم!
نووری سونووحی طەلعەتی صەد لەوحی ئەنوەره
لاپەڕەی 426
سونووح: لاکردنەوە .
طەلعەت: ڕوو .
لەوح: هەر شتێکی پانتایی دار .
ئەنوەر: ڕووناکتر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: نازانم جوانیی لەڕادەبەدەری ئەو بەچی بشوبهێنم. تەنها تیشکی لاکردنەوەیەکی ڕووی ئەو، ئەوەندەی صەد تەختەی زۆر ڕووناک ڕۆشنە.
23
مەعلوومه چونکی جەمعی ڕوسول موقتەبیس لەون
يووسف یەکێ لەوانه که سەرلەوحی دەفتەرە
لاپەڕەی 426
موقتەبیس: ئەوەی (قەبەس) وەربگرێ .
قەبەس: دەسەچيله، چەپكێک پووش یا چیلکه بنرێ به ئاگرێکەوه تا داگیرسێ و ببرێ له شوێنێکی تر ئاگری پێ بکرێتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: ئەوەی که وتم ڕاست و ئاشكرا و دیارییه، چونکه هەموو پێغەمبەرەکان نووریان له نووری پێغەمبەرەوه وەرگرتووه و، يوسف که ناوی له ڕیزی پێشەوەی دەفتەری جواناندا نووسراوه، یەکێکه لەو پێغەمبەرانە.
که (ك) و (اح): له.
24
گوفتاری نۆشی شاهیدی صەد شەهدی فائیقه
ڕوخساری خۆشی (اظهر من) شەمسی ئەنوەره
لاپەڕەی 426
نۆش: ئەوەی خواردنەوەی خۆش و بێ گرێ بێ .
شەهد: هەنگوین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: قسەی لەگوێدا خۆش و بێ گرێی، بۆ ئەوه ئەشێ شایەتی شیرینی بۆ صەد هەنگوینی زۆر چاک بدات. ڕوخساری خۆش و باشیشی له ڕۆژی ڕووناک ئاشكرا و دیارییتره.
ئەشگونجێ (شاهید) به (یار) مەعنای لێ بدرێتەوه و، بەو پێیە مەعنای نیوەی یەکەمی ئەم بەیته بەم جۆره بێ کەوا: قسەی لەگوێدا خۆش و بێ گرێی، وەک یار و مەعشووقە وايه بۆ صەد هەنگوینی زۆر شیرین. واته: تەنانەت هەنگوینیش بەو شیرینییەی خۆی دڵی له شیرینیی ئەو ئەچێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (نۆشی) و (خۆشی) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (شاهیدی) و (شەهدی) دا جیناسی ناقیص هەیه.
دەستنووس
نۆش و خۆش (« په راوێزی » چر) و (خا): نۆشه و خۆشه.
بەڕای ئێمه جێگای ڕاستەقینەی ئەم بەيته لەپێش بەیتی پێشووەوەیه.
25
ئەو شاهی ماهی میسره، ئەهالیی له ڕێی سوجوود
قورئان دەڵێ که بەنده ئەمەو بەنده پەروەرە
لاپەڕەی 427
ماه: شار (وشەیەکی کۆنی زمانی پەهلەوییه).
سووجود: جەمعی (ساجید) ه واته سوجدەبەر .
ئەمەو: ئەم، ئەو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: حەزرەتی یوسف پادشای وڵاتی میسر بوو و خەڵکی لەڕێگادا ئەوەستان ڕیزیان ئەبەست و سوجدەيان بۆ ئەبرد، بەپێی فەرموودەی قورئان بەنده و زەڕخڕیدی عەزیزی میسر بوو. ئەميش، واته پێغەمبەری موسوڵمانان، بەندەپەروەر بوو، هەرچی بەندەیەکی دەست کەوتایه ئازادی ئەکرد. کەواته ئەمە یەکێکه له نیشانەکانی گەورەیی پێغەمبەری ئیسلام لەچاو حەزرەتی یوسفدا.
ئەم بەیته ئیشارەته بۆ بەسەرهاتەکەی یوسف که براکانی بردیان خستیانه ناو بیرێک و هاتنەوه بۆ ماڵ به باوکیان وت کەوا یوسف گورگ خواردی و، پاشان کاروانچی لەناو بیرەکەدا دۆزییانەوه و بردیانه میسر لەوێ فرۆشتیان و عەزیزی میسر کڕیی بۆ خزمەت کردنی ژنەکەی خۆی.. تاد.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (شاه) و (ماه) دا جیناسی لاحيق و تەناسووب هەیه.
دەستنووس
لەڕێی: ئەمه تێكستی (چر) و (عب) ه. نووسخەکانی تر هەموو نووسیویانه: (له ڕێ)، بەڵام دیاره مەبەستیان (لە ڕێێ) ە و ڕێنووسیان ناتەواوه. ئەمەو - ئەم، ئه و -: ئەمه تێكستی (چر) و (تو) و (خا) یه. (چن) و (ك) و (عب): بەنده ئەم و، واته واوەکە واوی عەطف بێت. (عم) و (كم) و (گم) و (من): بەندەیی ئەم. (ت) و (اح): بەنده ئەم و یا بەنده ئەمەو - ئەم، ئەو -.
26
ئەو دێ دەبا به کەشمەکەش، ئەم دێ دەبا به لوطف
ئەو شاهی دڵبەره، نه شەهەنشاهی دڵدەره
لاپەڕەی 427
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: حەزرەتی یوسف دێ به کێشمەکێش دڵی خەڵک ئەبا بۆخۆی و پیغەمبەری موسوڵمانانیش دڵی خۆییان ئەداتێ و بەقسەی خۆش دڵیان ڕائەکێشێ. بەڵێ، حەزرەتی یووسف شای دولبەرانه و وەک پێغەمبەری ئێمه شای دڵدەران نییه.
نیوەی یەکەمی ئەم بەیته ئیشارەته به کێشمەکێشەکەی نێوان زولەیخای ژنی عەزیزی میسر و حەزرەتی یووسف که ئایەتی « وَهَمَّتْ بِهِ وهَمَّ بها، لَولا أنْ رای بُرْهانَ رَبَّه » باسی لێ ئەكا. نیوەی دووهەمیشی ئیشاڕەته به دوو ئایەتی « وَاِنَّكَ لَعَلى خَلْقٍ عَظِيمٍ » و « لَوْ كُنْتَ فَظَّا غَليظَّ الْقَلْبِ لاَنْفَضٌوا مِنْ حَولِكَ » له باسی خوو و ڕەوشتی پێغەمبەردا.
دەستنووس
دەبا - هەردووکیان - (عم) و (كم) و (گم) و (من): ئەبا. (چر) و (ت) و (اح): دەبێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە شەرحی بەیتی دووهەمی لاپەڕە 427:
ئەو دێ دەبا بە کەشمەکەش، ئەم دێ دەبا لوطف
ئەو شاهی دڵبەرە، نە شەهەنشاهی دڵدەرە

وا هاتووە: «یووسف دێ بە کێشمەکێش دڵی خەڵک ئەبا بۆ خۆی و، پێغەمبەریش دڵی خۆییان دەداتێ». ئەم واتایە کە لەفزی «دێ» بەکار دەهێنێ لە جیاتی «ئەبا»ی چەند تێکستێک و دیوانی گیویش، ئا ئەم «دەبا»یە لە ئاست «شاهەنشاهی دڵدەرە»دا کورت دەهێنێ، شەرحەکەش «دەبا»کەی بۆ یووسف دووپات کردۆتەوە بەڵام خۆی لێ دزیوەتەوە کە دەگاتە «دەبا»ی پێغەمبەر و هەر «دڵدەر»ەکەی بۆ کردووە بە مەداری هەڵدانەوە. دەقی بەیتەکە لەگەڵ «ئەبا بە کەشمەکەش، ئەبا بە لوطف» ڕێک دێت. ڕاستییەکەی حاڵی یووسفیش بە پێی ڕێوایەتی قورئان بردن و ستاندنی تێدا نییە. ئەو کشمەکەشەش کە شەرحەکە دەیباتەوە بۆ پڕکێشکردنی ژنی عەزیزی میصر لە یووسف چ بیدایەتییەک و زۆر و دڕی لە یووسفەوەی تێدا نەبووە، بە پێچەوانەی لێی هەڵاتووە. تا ڕادەیەک مەسەلەی زولەیخا وەک مەسەلەی خێزانی زەیدە کە مێردەکەی بە دڵی خۆی تەڵاقی دا بۆ پێغەمبەر و قورئان دەیڵێتەوە: «... قضی منها زید وطرا زوجناکها».
27
ئەفرادی مورسەلين هەموو یەک ڕازه، ئام کەلام
لەم جێگەدا بزانه موقەددەم موئەخخەره
لاپەڕەی 428
ڕاز: قسه . ئام
کەلام: هاودەنگ .
مووقەددەم: پێشخراو .
موئەخخەر: دواخراو
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: یەکه یەکەی پێغەمبەران هەموو يەک قسه و هاودەنگن که وا ئەبێ بزانرێ لەو شوێنەدا که پێغەمبەران هەموو کۆببنەوه، ئەوەیان ئەکەوێتە پێشی هەموویانەوه که لەپاشی هەموویانەوه دێ.
دەستنووس
یەک ڕازە ئام کەلام (« پەراوێزی » چر): يەک زاره، ئەم کەلام. مەعنای بەیتەکه بەم جۆره وای لێدێتەوه كەوا یەکه یەکەی پێغەمبەران هەموو بریتین له زمانێک و پێغەمبەری ئیسلامیش قسەی ئەو زمانەیه، ئەمەش بۆیه وایه چونکه له مەیدانێکا که پێغەمبەرانی هەموو تیا خڕبووبنەوه، ئەوەیان ئەکەوێتە پێشی هەموویانەوه که له پاش هەموویانەوه هاتبێ.
(عم) و (کم) و (گم) و (من): يەک ڕاز و هەم کەلام
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 428:
ئەفرادی مورسەلین هەموو یەک ڕازە، ئام کەلام
لەم جێگەدا بزانە موقەددەم موئەخخەرە

شەرحەکە لە واتای ئەم دەقە دەڵێ: یەکەیەکەی پێغەمبەران هەموو یەک قسەن کەوا ئەبێ بزانرێ لەم شوێنەدا هەموو کۆ ببنەوە ئەمیان لە پێش هەموویانەوە هەرچەند لە پاش هەموویانەوە هاتووە. دەقی دیکە هەیە لە جیاتی «یەک ڕازە...» «... هەموو یەک زارە، ئەم کەلام». لە شەرحی ئەمەدا دەڵێ: پێغەمبەران هەموو بریتین لە زمانێک و پێغەمبەریش قسەی ئەو زمانەیە، چونکە لە مەیدانێکدا هەموو پێغەمبەران کۆببنەوە تێیدا، ئەوەیان دەکەوێتە پێشیانەوە.
من لەگەڵ دەقی «هەموو یەک زارە، ئەم کەلام» ڕێکم، مەعناکەشی ئەوەیە: چەندێکی جۆرەها دین هاتبێت هەموو دەکەونە جغزی ئەو دینە و ئەو قورئانەی پێغەمبەرەوە، وەک بڵێی پێشەکی قەراردادەیە پێغەمبەرە پێشینەکان لە دەریای دینی ئەو هەڵێنجن بۆیە دەشێ بگوترێ هەموویان زارن ئەمیان قسەیانە و بەمەدا «موقەددەم موئەخخەرە» نەک تەنها لە ڕیزبوونیان بە دوای ئەوەوە. لە بەیتی 23شدا کە دەڵێ: مەعلوومە چونکی جەمعی ڕوسوول موقتەبیس لەون، ئەم مەعنایەی مەبەستە.
«ئەفڕادی مورسەلین هەموو یەک ڕازە، ئەم کەلام» مەعنایەکی دیکەش هەڵدەگرێ کە هەموو پێغەمبەران بریتی بوون لە ڕاز، لە سیرر کە بە تەواوی جێی لێ تێگەیشتن نین، تەنها ئەمیان، واتە پێغەمبەری ئیسلام، کەلام بوو سیرر و ڕازەکەی ئاشکرا کرد. بەم پێیە هی هەرە دووایین دەبێتە ڕابەر.

لە شەرحی بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە:
شوبهەی نییە کە شەمس و قەمەر سێبەری ئەون
نیسبەت بە هەردو وەجهی وەکوو نوور و سێبەرە

واتایەکی ئەوتۆی لێ داوەتەوە بشێ کەلێنگیر بێ بەڵام وا دەزانم لە ناو توێژ و توێکڵی «نیسبەت بە هەردو... هتد»دا کاکڵ هەیە تێیدا جارێ دەرنەکەوتووە، چونکە شەرحەکە لەوەوە بۆ بەیتەکە چوە کە مەفروضە پێغەمبەر نووری هەموو دنیایە کەواتە دەبێ ئەم دووانە سێبەری بن... ئەم «مسلمە – موسەللەمە» یە هەموو دنیا دەگرێتەوە بە نوور و بێ نوور و تاریک و... هتد کە لزووم نامێنێ بگوترێ کارەبا سێبەری ئەوە... هێزی ئاتۆم سێبەرە... ئاگری پووش و بابەگوڕ گوڕ سێبەرن. ئێمە لەم ئیددیعایەدا پێویستمان بە فێڵێکی ئەدیبانەی نالی ڕەفتار و گوفتار هەیە داواکەمان لە گوتەی ڕووتی بێ پاڵپشت دەرباز بکات. ئایە لە «نیسبەت بە هەردوو وەجهی» مەبەست چییە؟ کام دوو وەجهـ؟ قەمەر خۆی تەنها دوو شەو، لە 29، 30 شەودا نووری تەواوە، لە محاق و دەمی هیلالدا ئەوەیە کە دەیزانین. خولاسە من بە عومری خۆم لەم بەیتە و چەند بەیتێکی دیکەی نالی دڵئارام نەبووم.
28
شوبهەی نییه که شەمس و قەمەر سێبەری ئەون
نیسبەت به هەردو وەجهی وەكوو نوور و سێبەره
لاپەڕەی 428
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: گومان لەوەدا نییه که ڕۆژ و مانگ سێبەری پێغەمبەرن چونکه ڕۆشنایی بەوپێیه که سێبەری نییه، سێبەرەکەی ئەبێ ڕۆشنایی بێ و، ڕووی پێغەمبەر بەنیسبەت هەرکام له ڕۆژ و مانگەوه وەکوو ڕۆشنایی وایه لەگەڵ سێبەردا.
ئەم بەیته ئیشارەتە به حەدیثی قودسیی (لو لاك، لو لاك، لما خَلَقْتُ الافلاک)، واتە: ئەگەر تۆ نەبوویتایە ئاسمانەکانم دروست نەئەکرد.
دەستنووس
شووبهەی (ت) و (تو) و (عب) و (اح): شوبهە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای 426:
تەشبیهی حوسنی فائیقی، ئاخر، بەچی بکەم!
نووری سونووحی طەلعەتی صەد لەوحی ئەنوەرە

شەرحەکە «لەوحی ئەنوەر»ی بە«تەختەی زۆر ڕووناک و ڕۆشن» لێک داوەتەوە. لە ڕاستیدا پاش ئەوەی قەدری پێغەمبەر گەییشتە ئەوپەڕی ئەوپەڕی ئەوپەڕی نامومکین، بەم «لەوحی ڕۆشن» پایەی هەزاران پلە دێتە خوارەوە: مەبەست لە «لەوح» هەمان «اللوح المحفوظ»ـە کە قورئان باسی دەکات و هەرچی بووە و دەبێت تێیدا تۆمار کراوە. تەشبیهەکەش هی «نووری سنووحی طەلعەت»ـەکەیەتی نەک هی خۆی کە دیارە لەوەش بەولاترەوەیە.
29
بورهانە صورەتی بەشەریی چونکە نوورە، نوور
بێ ظیللە، ماسیوای بە دوو نیسبەت مووعەببەرە
لاپەڕەی 429
بورهان: بەڵگە .
صوورەتی بەشەریی: وێنەی ئادەمیزاد .
ظیلل: سێبەر . ماسیوای
موعەببەر: تەعبیر لێ دراوە، ڕوون کراوە .
ماسیوا (عم) و (کم) و (گم) و (من): ماسیوای .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 429:
بورهانە صوورەتی بەشەری چونکە نوورە، نوور
بێ ضیللە، ماسیوای بە دوو نیسبەت موعەببەرە

شەرحەکە خۆی لێ لاداوە و تەنها واتای وشەکانی تەرجەمە کردووە. مەعناکەی ئەمەیە: پێغەمبەر کە بە شكڵ مرۆیە و سێبەری نییە، نەبوونی سێبەرەکە بورهانە، بەڵگەیە لەسەر هێندی کە لە نوور دروست کراوە چونکە هەر نوور بێسێبەرە، ماسیوای ئەو واتە لە خۆی بەولاوە هەرچی هەیە نیسبەتی بۆ یەک لە دوو شتان دەچێتەوە: یا نوور یا ماددە، غەیری پێغەمبەر هیچ کەس و هیچ شتێك نییە ماددە و نوور بێ واتە ماددەکەی نوور بێ: بە شکڵ ماددەیە و سێبەریشی نییە. کەواتە نووری ڕووتە.
30
واقیف بەهەرچی کەتمی خەبایانی ماضییە
عالیم بەهەرچی دێت و دەبێت و موقەددەرە
لاپەڕەی 429
واقیف: ئاگادار .
کەتم: شاردنەوە .
خەبایا: شاردراوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پێغەمبەر ئاگادارە لە هەرچیی ڕاز و نهێنی شاردراوەی ڕابردووە و، هەرچیش لەمەولا ڕووئەدا بە هەمووی ئەزانێ.
ئەمەی نالییی ئەیڵێ، مەگەر لەچوارچێوەی زیادەڕەویی شاعیرانا جێی بکرێتەوە، ئەگینا لەگەڵ ڕێبازی ئاییندا یەک ناکەوێ و، بەگوێرەی ئایینی ئیسلام هەر خوا هەیە سنووری ئاگاداریی ئەوەندە بەدەرەتان بێ.
دەستنووس
مووقەددەر (تو): موقەڕڕەڕە.
31
ئەو ڕووی لە کەعبە، کەعبە بە ڕووی ئەو موشەڕڕەفە
یەعنی جەبینی قیبلە و میحراب و مینبەرە
لاپەڕەی 430
جەبین: تەوێڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خەڵک لەبەر پیرۆزیی ڕوو ئەکەنە کەعبە و لە نوێژدا ئەیکەن بە قیبلەی خۆیان و پێغەمەریش لە ژیانیا هەروا بووە و ئێستاش لە قەبرا هەر ڕوو لە قیبلەیە، بەڵام ڕاستەکەی کەعبە بە ڕوو تێکردنەکەی پێغەمبەر شەرەفمەند بووە، چونکە ئەگەر کەعبە تەنها قیبلە بێ، پێغەمبەر تەوێڵی قیبلەیە و برۆکانی میحرابی مزگەوتن و نێوان برۆکانیشی مینبەری مزگەوتەکەیە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (کەعبه) و (قیبله) و ( میحراب) و (مینبەر) و، لە کۆکردنەوەی (ڕوو) و (جەبین) دا تەناسووب هەیه.
دەستنووس
بەڕووی ئەو (تو): بە ڕوویی.
32
با بێینه سەر وەجاهەتی قەدری لەکن خودا
بۆ عاصييان له مەغفیرەت و صەرفی مەغفيره
لاپەڕەی 430
وەجاهەت: شوێن و پایه .
عاصیيان: گوناهباران .
مەغفيرەت: لەگوناه خۆشبوون .
صەرفی مەغفيرەت: جێبەجێکردنی لێخوشبوونەکه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: پاش باسی گەورەیی پێغەمبەر، با بێينه سەرباسی ڕێ و شوێنی پایەی لای خوا بۆ داوای لێبوردنی گوناهباران و لێبوردنی خوایش لەوان.
دەستنووس
وەجاهەتی (عم) و (کم) و (گم) و (اح) و (من): وەجاهەت و. (ت) و (ك) و (تو) و (عب): وەجاهەت. (وەجاهەت و) و (وەجاهەتی) یش هەڵئەگرێ. قەدری (عم) و (کم) و (گم) و (من): قەدرت. مەغفيرەت و (ت) و (ك) و (اح): مەغفيرەت. (مەغفيرەت و) و (مەغفيرەتی) یش هەڵئەگرێ.
33
ڕەحمەت به حوسنی صوورەتی ئینسان ظوهوری کرد
(خَیْرُ الْبَشَر) لەقەب به شەفاعەت مووبەششەره
لاپەڕەی 430
حوسنی صوورەت: جوانیی شێوه .
خير البشر: چاترینی ئادەمیزاد .
مووبەششەر: مژده پێدراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: زەحمەتی خوا بۆ بەرەی ئادەمیزاد لەشێوەی جوانی ئادەمیزاددا دەرکەوت که پێغەمبەره. پێغەمبەرێ که لەقەبی چاترینی ئادەمیزادی هەیه، مژدەی ئەوەی دراوەتێ که شەفاعەت بۆ گوناهبارانی ئوممەتەکەی ئەکا و خوایش لێیان خۆش ئەبی.
ئەم بەیته ئیشاڕەته بەتایبەتی (وَما اَرْسَلْناكَ اِلاَّ رَحْمَة ٌ الِلْعالَمِینَ). واته: تۆمان بەهیچ جۆری نەناردووه بەوه نەبێ که ڕەحمەتی بۆ هەموو جيهان.
دەستنووس
صوورەتی (عم) و (كم) و (گم): سيرەتی. لەقەب: (عم) و (گم): کەوا. موبەششەره (عم) و (كم) و (گم) و (من): موخەییەره.
34
موژدە لە عاصییان کە ئەو ئیقباڵی ڕەحمەتە
ئیسمی ڕەحیم و غەوث و شەفیع و موخەییەرە
لاپەڕەی 431
ئیقباڵ: ڕووکردن، هاتن .
غەوث: فریادڕەس .
شەفیع: شەفاعەتکەر .
موخەییەر: سەرپشک . ئارەزوو دراوە دەست .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مژدە بێ لە گوناهباران کەوا هاتنی پێغەمبەر واتە هاتنی ڕەحمەتی خوا. پێغەمبەر، لەبەر ئەوە کە ڕەحمەتی خوایە بۆ موسوڵمانان، ناوی (بەڕەحم) ە و (فریادڕەس) و (شەفاعەتکەری ڕۆژی قیامەت) و (ئارەزوو بە دەست) بۆ ڕزگار کردنی هەرکەس کە بییەوێ.
دەستنووس
غەوث و (عم) و (کم) و (گم) و (من): غەوثە.
35
ئەی شەمسی مایە پەروەر و ئیکسیری قەلبی خاک!
بنواڕە حاڵی هالیکی ئەم خاکە ئەحقەرە
لاپەڕەی 431
مایەپەروەر: ئەوەی کە ماددەکان پەروەردە ئەکات .
ئکسیر: زاراوەیەکی کیمیایی کۆنە، بە گەوهەرێک وتراوە چییەتیی تەنێکی گۆڕیوە بە چییەتییەکی تر، وەک ئەوە کە جیوە بکا بەزیو و مس بکا بە زێڕ .. تا ئێستا لە زانستدا شتی وا نەدۆزراوەتەوە .
قەلب: گۆڕین .
هالیک: فەوتاو .
ئەحقەر: زۆر سووک و بێ بایەخ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی پێغەمبەریی کە وەک ڕۆژی مایەپەروەر دەکەر وایت بۆ پەروەردەکردنی دەروونی خەڵک و، ئەی ئەو کەسەی وەک ئیکسیر وای، خاک وەرئەگێڕیتەوە و ئەیکەی بە زێڕ ! سەیرێکی حاڵی فەوتاوی منیش بکە کە ئەوەندەی خاک بێ بایەخ و سووکم، پاکمکەرەوە لە چڵکی گوناە و بمکە بە زێڕ. یان سەیرێکی حاڵی فەوتاوی ئەم وڵاتە بێ بایەخە بکە و بیکە بە وڵاتێکی پیرۆز و پایەبڵند.
بە بۆچوونی ئێمە وشەی (هالیک) هەڵەی نووسیارانە و ڕاستەکەی (حالیک) بووە واتە تاریک.
دەستنووس
پەروەری (چن) و (اح): پەروەر و. (ت) و (ک) و (تو) و (عب): پەروەر. بۆ (پەروەر و) و (پەروەری) یش دەستئەدا. ئەم (تو): ئەو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 431:
ئەی شەمسی مایە پەروەر و ئیکسیری قەلبی خاک!
بنواڕە حاڵی هالیکی ئەم خاکە ئەحقەرە

شەرحەکە دەڵێ دەشێ مەبەست لە «خاکی ئەحقەر» نالی خۆی بێت وەیا وەڵاتەکە بێ. ئەم بۆچوونەی کە وەڵاتەکە بە ئەحقەر دابنێ دوورەکی زێدە دوورە لە مەبەسی نالی چونکە لای ئەو مەککە و مەدینە پیرۆزترین شوێنی دنیان. لەسەرەتاکانی قەصیدەکەدا ڕەوضەی دانا بە مەرکەزی عەرش و مەدینەی کردە جەوهەری فەرشی هەموو زەمین... مەدینە ڕۆژ و شەوی «طیب»ـی جیهانە... مەدینە گڵی گوڵە، ئاوی لە کەوثەرە... دیسانەوە شەرحەکە وا دادەنێ« هالیک» نەبێ «حالیک» بێ بە واتای تاریک... ئەم بۆچوونە وەها دادەبڕێ کە بەیتەکە پتر لە قەبەڵ وڵاتەکە بکات بۆ حەقارەت، هەرچی «هالیک»ـە پتر بە لای نالیدا دەچێتەوە چونکە گیانلەبەرە و هەلاکی بە دمەوەیە. بۆیە «هالیک» جێی خۆیەتی و «حالیک» دەست نادات، با بڵێین جێی «هالیک» ناگرێتەوە.
36
حیفظت شەبان و، ئێمە ڕەمە و، ئەو لەعینە گورگ
ئەم نەفسە گورگە مێشە لەگەڵ ئەو بەد ئەختەرە،
لاپەڕەی 432
شەبان: شوان .
ڕەمە: ڕەوگ، گەلە .
لەعین: مەلعوون، دوور لە ڕەحمەتی خودا .
گورگەمێش: گورگ لە پێستی مەڕدا .
بەد ئەختەر: بەد ئەستێرە، چارەشووم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتە و بەیتی پاشەوەی پێکەوە دێ.
دەستنووس
شەبان (چن) و (گم): شوان. ڕەمە و (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت): ڕەمە.
37
دائیم لە جەنب و خوار و کەمیندا بە ڕۆژ و شەو
بۆ فرصەتە لە ڕێگەی ئیمانی ئەم مەڕە
لاپەڕەی 432
جەنب: لا؛ تەنیشت .
خوار: نزم .
کەمین: سپێر، ئەو شوێنەی تفەنگچیی خۆی تیا حەشار ئەدا بۆ تەقە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی پێغەمبەری خودا ! پارێزگاریی تۆ شوانی ئێمەیە و، ئێمەیش مێگەلین و، شەیتانیش وەک گورگ وایە لە مەڵاسدایە و، نەفسی بەدکاریش کە وەک گورگە لە پێستی مەڕدا، بووە به دزدەسەکی شەیتانی شووم و، لەگەڵ ئەودا شەو و ڕۆژ لە لاوە و لە خوار و لە سپێردا خۆی مات کردووە بۆ فرسەتێ ئەگەڕێ بتوانێ ڕێگە بە مەڕی ئیمانمان بگرێ و لە خشتەمان بەرێ و بیبا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (شەبان) و (ڕەمە) و (گورگ) و (گورگەمێش) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
جەنب و خوار و (چن): جەنبی خوار و. (عم) و (کم) و (گم): جەنبی خواری. (ت) و (ک) و (تو) و (اح): جەنب خوار. هەرکام لە دوو وشەکە بۆ ئەوە دەست ئەدەن (و) یا (ی) یان لەسەر دابنرێ. (عب) و (من): جەنب و خواری.
38
ئێمە بەقیعی غیرەتی تۆمان حەظیرەیە
ئەم نەفسە گورگە مێشە شەیاطینی عەسکەرە
لاپەڕەی 432
بەقیع: جنة البقیع .
حەظیرە: پەچە، مۆڵگە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شوێنی حەسانەوە و مۆڵگەی مێگەلی ئێمە، بەقیعی غیرەتی تۆیە و ئێمە لە پەنای غیرەتی تۆداین. نەفسی گورگ ڕەوشتیشمان کە لە پێستی مەڕدایە، شەیتانەکان چەندرمە سەربازینی، جا ئەگەر پەنامان نەدەی ئەفەوتێین و ئەخورێین.
حەظیرە: لە هەموو نووسخەکانی بەردەستمانا نووسرابوو (خەطیرە). ئاشکرایە نووسیارەکان یا پەنجەیان باش دانەناوە و نوختەکە لای داوە، یا مەعنای وشەکەیان نەزانیوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان وشەی (حەظیرە) و (عەسکەر) دا تەناسوب هەیە چونکە (عەسکەر) یش لە (حەظیرە) دا ئەحەوێنەوە.
دەستنووس
ئەم بەیتە لە (عم) و (کم) و (گم) و (من) دا نییە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
« گوورگەمێش » بە سەگێک دەڵێن کە دەگەڵ گورگێک ڕێک کەوێ و دزی لە شوان بکا.
39
خۆی کردووە بە گەورە و و قەڕڕاڵی موڵکی تەن
پشت و وەزیری ئەو سەگە دەججالی ئەعوەرە
لاپەڕەی 433
قەڕڕاڵ: قەڕاڵ، پادشا .
پوشت: پشت و پەنا .
دەججال: هەڵخەڵەتێن و درۆزن . کابرایەکی ساختەچییە بەر لە قیامەت پەیدا ئەبێ و خەڵکێکی زۆری پێ هەڵئەخەڵەتێ پاشان لەسەر دەستی موحەممەدی مەهدیدا ئەکوژرێ . .. ئەڵێن یەک چاویشی هەیە .
ئەعوەر: یەک چاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نەفسی بەدکردار بووە بە پادشای وڵاتی لەشم و ئەندامەکانی لەشم گشت بە ئارەزووی ئەو ئەجووڵێنەوە و کردارم هەموو بە ئارەزووی ئەوە. شەیتانی کوێری مەلعونیش کە وەک دەججاڵ وایە، پشت و پەنا و ڕاوێژکەر و وەزیریەتی.
نالییی مەبەستی بووە وشەی (پوشت) کە جاران بە (پشت) ئەنووسرا و بۆ (پشت) یش و بۆ (پوشت) یش دەستئەدا، مەعنای هەردوو وشەکە بگەیەنێ.
دەستنووس
پشت و وەزیری (چر) و (خا) و (اح): پوشتی وەزیری. (عم) و (کم) و (گم) و (من): پشتی وەزیری. (عب): پشت وەزیر. بۆ هەموو ئیحتیمالەکان دەستئەدا.
40
قوربان! دەخیلی حەلقەیی شوبباکی ڕەوضەتم
سێ ئیلتیجام هەیە، کە لەگەڵ ئەو دووەم شەڕە
لاپەڕەی 433
دەخیل: پەنا هاوردوو .
شوبباک: پەنجەرە . شیشبەند، چوارچێوەیەکی ئاسنی تان و پۆیی کون کونی سەر بەڕەڵڵایە، بەسەر قەبری پیاوچاکانیەوە دائەمەزرێنن بۆئەوەی کەس پێ نەنێتە سەر قەبرکە خۆی .
ئیلتیجا: پەنا، هاوار، تکا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: قوربان ! دەسەودامێنی شیشبەندی سەر مەرقەدت بم.. پەنام پێ هێناوی، لەگەڵ سەگی نەفس و لەگەڵ شەیتان لە هەرادام، سێ تکام لێت هەیە، بگەرە فریام.
تکاکانی لە بەیتەکانی پاشەوەدا ڕوون ئەکاتەوە.
دەستنووس
دووەم (چن): عاقیبەت. بەم پێیە واتە: سێ تکام هەیە چونکە (ئەگەر هاوار نەهێنمە لات) ئەنجامم لەگەڵ نەفسدا خراپ ئەبێ و عاقیبەت شەڕ ئەبم.
41
ئەووەڵ لە ئیلتیجام ئەوەتە ئەی غەیووری دین
حاضر ببیی لە کەشمەکەش و ش ۆ ری غەرغەرە
لاپەڕەی 434
غەیوور: بەغیرەت .
کەشمەکەش: بگرە و بەردە، کێشمەنکێش .
شۆر: هەرا و زەنا .
غەرغەرە: کاتی گیانەڵا، دوا قۆناغی ژیان و سەرەتای مەرگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تکای یەکەمم ئەوەیە لێت، ئەی خاوەن غیرەت لە ئاستی مەسەلەی دینا کە ناتەوێ کەسێ لەوانەی شوێنت کەوتوون بێ ئیمان بمرێ، لە هەرا و بگرە و بەردەی کاتی گیانەڵا و ماڵاوایی ئەم دنیایەمدا حازر بی و نەهێڵی شەیتان سەلبی سەرەمەرگم بکا. مەشهوورە شەیتان لە کاتی سەرەمەرگدا بە هەموو جۆرێ ئەیەوێ بنیادەمی موسوڵمان هەڵخەڵەتێنێ و کارێ کا بە بێ ئیمان کۆچی دوایی بکا.
له - ی یەکەم -: ئەمە تێکستی نووسخەی (ت) یە. (چر) و (اح) و (من): کە. نووسخەکانی تر هیچیان دانەناوە، بەڵام نیوە بەیتەکەی پێ لەنگ ئەبێ. ئەوەتە (ت): ئەمەتە. کەشمەکەش و شۆری (چر) و (چن) و (ت) و (ک) و (تو) و (اح): کەشمەکەش شۆر. بۆ ئەوە دەستئەدا کە بۆر یا ژێر بە هەرکام لە دوو وشەکە بدرێ. (عم) و (کم) و (گم) و (من): کەشمەکەشی شۆر و. (عب): کەشمەکەشی شۆر. (خا): کەشمەکەش و، کەشمەکەشی شۆری.
42
گۆچانی غیرەتت لە ملمدا موعەوذە بێ
تا موژدە دێ کە نووری یەقینم موظەففەرە
لاپەڕەی 434
موعەوذە: مووعەوویدە، شتێ کە پەنای پێ بگیرێ لە مەترسییەک .
یەقین: باوەڕ، ئیمان .
موظەففەر: سەرکەوتوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی پێشان خۆی و هەموو موسوڵمانانی بە مێگەلێ دانا کە گورگی نەفس و شەیتان بییەوێ تێی بەرببێ. پێغەمبەریشی کرد بە شوان. وا لەم بەیتەدا غیرەتی پێغەمبەریش ئەکا بە گۆچان و ئەڵێ: تکام ئەوەیە لە کاتی گیانکێشاندا غیرەتت وەک گۆچان لە ملمدا بێ بۆ پاراستن و پەنادانم و، بەرەڵڵام نەکەیت و ئاگادارم بیی تا مژدەی ئەوەم لای خواوە بۆ دێ کە نووری باوەڕم بەسەر تاریکایی بێ باوەڕیدا سەرکەوتووە.
دەستنووس
وشەی (موعەوذە) لە نووسخەکانی بەردەستمانا لەباری سەر و بۆرەوە بە چەند شێوەی جیا جیا نووسراوە، بەڵام هەر ئەم شێوەیان ئەگونجێ کە ئێمە لێرەدا هەڵمان بژاردووە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 434:
گۆچانی غیرەتت لە ملمدا موعەوذە بێ
تا موژدە دێ کە نووری یەقینم موظەففەرە

شەرحەکە دەڵێ نالی لە پێغەمبەر دەپاڕێتەوە، لە دەمی سەرەمەرگدا گۆچانی غیرەتی بکاتە ملی نالییەوە... «ئاگادارم بێ» تا موژدە دێ کە باوەڕ و ئیمانی زاڵ بووە بەسەر بێباوەڕیدا.
شەرحەکە باشە بەڵام خۆی لە «موعەوذە» بێئاگا کردووە و ناڵێ چییە. ئەم «موعەوذە – معوذە» یە ئیشارەتە بۆ دوو سوورەتی قورئان یەکیان «قل اعوذ برب الفلق» ئەوی دیکە «قل اعوذ برب الناس» لە هەردوویاندا خۆ دانە پاڵ خوا لە شەڕڕی «النفاثات فی العقد» و «الوسواس الخناس الذی یوسوس فی صدور الناس» هەیە. بەو دوو سوورەتەش دەڵێن «المعوذتان» لە دیوانی گیودا لە بری «موعەوذە» نووسراوە «معوذ». بە لای منەوە ئەمیان ڕاستە چونکە نایەتە دڵەوە نالی لە قەصیدەی وەها غەڕڕادا «موعەوذە»ی ناچاری و پەک کەوتن لەسەر وشەی نایاب بەکار بهێنێت.
43
فائیض دەبێ بە نووری نەجاتی حەبیبی حەق
لەو جێگەدا بە کوێریی ئەو خەصمە ئەبتەرە
لاپەڕەی 435
فائیض: خاوەن فەیض، بەهرەمەند .
خەصم: دوژمن، ئەبتەر، کلکبڕاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەست لە نالییی بەرنەدەی تا لەو شوێنەدا کە خەرکە هەنگاو بۆ ئەو دنیا هەڵینێتەوە، بەکوێرایی چاوی دوژمنە کلکبڕاوە کە شەیتانە، لەسەر دەستی خۆشەویستی خودا کە خۆتی، بە نووری ڕزگاریی ئەگات.
دەستنووس
فائیض دەبێ (« پەراوێزی » چر): فائیز دەبم. لەم نووسخەی ە دا لەم شوێنەدا نووسراویشە « ظب »، واتە: « ظاهیرا بدل »، واته: وا دیاره لەبریتییا ئەبێ ئەم وشەی ترە دابنرێ. (عم) و (کم) و (گم): فائیض ئەبێ. ئەبتەرە (ک) و (اح): بەدفەڕە.
44
ڕوو زەرد و وشک و خائیب و خاسیر ببێ عەدوو
واصیل ببم بە ڕەحمەتی بارانی، مەقبەرە
لاپەڕەی 435
خائیب: نائومێد .
خاسیر: دۆڕاندوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بۆ ئەوەی دوژمن کە شەیتانە نائومێد و زەرەرمەند ببێ و، منیش بەهۆی بارانی ڕەحمەتی خواوە بگەمە گۆڕستان.
دەستنووس
ببێ عەدوو (چر) و (ت) و (ک) و (اح): بە بێ عەدەد. مەقبەرە (عم) و (گم): مەغفیرە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 435، نیوەی دووهەمی بەیتەکە:
واصیل ببم بە ڕەحمەتی بارانی، مەقبەرە

لە دیوانی گیو و تێکستی «عم» و «گم» «مەغفیرە» کە دەکاتە لێخۆشبوون، هاتووە. ئەمیان لەگەڵ نەفەس و ئاووهەوای قەصیدەکەدا ڕێکتر دێت چونکە پاڕانەوەکە بۆ لێخۆشبوونە.
شەرحەکە دەڵێ: بۆ ئەوەی شەیتان ڕووزەرد بێ، منیش بە هۆی بارانی ڕەحمەتی خواوە بگەمە گۆڕستان... هتد. گەیشتن بە مەقبەرە، بە باران و بێ باران، بۆ مسڵمان و کافر تەگەرەی تێدا نییە، شەیتانیش مەنعی ناکات. نالی دەپاڕێتەوە بگاتە ئەو بارانەی ڕەحمەتی خوا کە بڕژێتە سەر قەبرەکەی.
45
دو و مینە ئیلتیجام ئەمەتە ئەو دەمەی دەبێ
ئەلواحی ئەڵحەدم بە زەنابیلی مەعطەرە
لاپەڕەی 436
دوومینە: دووهەم .
ئەلواحی ئەڵحەد: ئەو تەختە بەردانەی بە لای ئەڵحەدی قەبردا هەڵدەسپێررێن .
زەنابیل: جەمعی (زەنبیل) ە، جۆرە سەبەتەیەکی دەستییە میوە و سەوزە و شتی وای تێ ئەکرێ .
مەعطەرە: شوێنی عەتر و بۆنخۆشی، دووکانی عەتاریی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتە و دوو بەیتی پاشەوەی پێکەوە دێ.
دەستنووس
دوومینە (چر) و (من) و (خا): دوومینی. (عم) و (گم): دووەم. ئیلتیجام (عم) و (گم): ڕجام. ئەمەتە (ت): ئەوەتە. بە زەنابیلی مەعطەرە (چر) و (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (من): بزنابیل معطرە. ئێمە بە (بە زەنابیلی مەعطەرە) مان خوێندەوە، چونکە لە ڕوی ڕێنووسیشەوە دەستئەدات و مەعناکەشی دێت. (ک) و (تۆ) و (عب) و (اح) و (خا): بە زەنابیل موعەططەرە. (ت): وەکو خاکی موعەططەرە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 436:
دوومینە ئیلتیجام ئەمەتە ئەو دەمەی دەبێ
ئەلواحی ئەلحەدم بە زەنابیلی مەعطەرە،

شەرحەکە ئەم بەیتەی بە دوو بەیتی دووا خۆیەوە بەستۆتەوە، حەقیشیەتی بەڵام چ لەم شەرحەدا و چ لە تێکستەکاندا و چ لە دیوانی گیودا ئەم وشەیەی «مەعطەرە» تا بڵێی بێجێیە: نالی تۆقیوە لە جیفەخۆریی خۆی، چۆناوچۆنی قەبرەکەی دەبێتە شوێنی عەترفرۆشی؟ بە پێی باوەڕی من وشەکە «مەعصەرە – معصرە»یە بە واتای جێگای شت تێدا گوشین وەک کە ترێ دەگوشن، بە زەنبیلە دەیبەن بۆ کۆگەی دۆشاو... بارەها لە منداڵیمەوە بەزمی دۆشاوگوشینم دیتووە. لە بیر نەکەین کە باوەڕێکی کۆن هەیە بەوەدا کە مردووی بەد گوڕەوشار دەدرێت کە لە «گور افشار» ەوە هاتووە واتە «گورگوش».
46
تەنگە ئەوا دەبێ کە لە ئەو جێگە تەنگەدا
سائیل نەکیر و عاریف و مەعرووف و مونکەرە
لاپەڕەی 436
تەنگە: تەنگانە .
نەکیر: یەکێکە لەو دوو فریشتەی لە قەبرا دێنە سەر بنیادەمی گوناهبار بۆ پرسیار لێ کردنی .
عارف و مەعرووف: ئەو دوو فریشتەیەی لە قەبرا پرسیار لە پیاوی چاک ئەکەن .
مونکەر: هاوڕێکەی نەکیر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
تەنگە ئەوا دەبێ (چر) و (چن) و (خا): تەنگاو دەبێ. بەڵام (چر) ئەوەش سەرنجی ڕاکێشاوە کە بەم جۆرە نیوە بەیتەکە دوو بڕگەی کەم ئەبێ، بۆیە لەجیاتیی (دەبێ) کە لە پەراوێزا نووسیویە (دەبم ئەمن - ط - ب) [ ط. ب یا طب: یەکێکە لە نیشانەکانی نووسینی جارانی حوجرە، لەبنچینەدا (ظ. ب) بووە، بۆ کورتیی نوختەی (ظ) کەیان لابردووە. واتە: وا دیارە ئەبێ ئەمەی لەجێ دابنرێ. ] واتە وا دیارە ئەبێ (دەبم ئەمن) ی لە جێ دابنرێ.
47
ئیمدادی فەتحی بابی زوبانم بە فەضڵی تۆ
زوو بێ، کە ئەووەلین گوزەری پرد و مەعبەرە
لاپەڕەی 436
ئیمداد: یارمەتیی .
فەتح: کردنەوە .
بابی زوبان: دەرگای زمان .
مەعبەر: شوێنی پەڕینەوە .
اواتە: تکای دووهەمم ئەوەیە لەو کاتەدا کە لە کەندڕی ناو قەبرەکەمدا ڕام ئەکێشن و تەلەبەرد و لاپاڵی دەرگای ئەلحەدەکەیدا هەڵئەسپێرن و قەبرەکەم ئەبێ بە دووکان بۆم و تەلەبەردەکان ئەبن بە زەنبیلەی بەدیوارەوە شۆڕکراوەی دووکانی عەتار و، تەنگانە ئاوا ئەبێ کەوا لەو شوێنە تەنگەدا پیاوی چاک بم یا پیاوی خراپ بم، فریشتەی پرسیاری تایبەتیی دێنە سەرم، ئا لەو شوێنەدا کە یەکەم گوزەری پەڕینەوەیە سا بۆ بەهەشت یا بۆ دۆزەخ، یارمەتیت زوو بگاتە فریام و، لە سایەی تۆوە زمانم زوو بپشکوێ و وەڵامی فریشتەی پرسیارم پێ بدرێتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
پرد و (عم) و (کم) و (گم) و (من): پردی. (خا): پردە.
48
سێمینە ئیلتیجام دەڵێم ئەی غەوثی عاصییان
هاواری بگرە بەردەیی ئاشووبی مەحشەرە
لاپەڕەی 437
غەوث: فریادڕەس .
عاصییان: گوناهباران .
بگرە و بەردە: کینایەیە لە هەرا و ئاژاوە و ئاگا نەبوونی کەس لە کەس .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تکای سێهەم ئەوەیە ئەڵێم ئەی فریادڕەسی گوناهباران، وا لە بگرە و بەردەی ئاشووبی ڕۆژی مەحشەردام کە عالەم هەموو سەری لێ شێواوە و هەرکەس خەمی خۆیەتی.
لەم بەیتە بەدواوە نالییی گەلێ باسی ڕۆژی مەحشەر ئەکا و ئەوجا داوای یارمەتیی ئەکا لە پێغەمبەر.
دەستنووس
سێمینە ئیلتیجام دەڵێم (چر) و (تۆ) و (عب) و (خا): سێمینە ئیلتیجای دڵم. (عم) و (گم): سووەم ڕەجای دڵم. (کم) و (من): سێمینی ئیلتیجای دڵم. ئەی (عم) و (گم): ئەمەیە. هاواری (من): هاوارە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 437:
سێمینە ئیلتیجام دەڵێم ئەی غەوثی عاصییان
هاواری بگرە بەردەیی ئاشووبی مەحشەرە

بەدەست خۆم نییە ئەم «دەڵێم»ـە ناچێتەوە دڵمەوە. چەند تێکستی ناو شەرحەکە لە جیاتی «دەڵێم» وشەی «دڵم» یان داناوە بە گۆڕێنی هەندێ باری بەیتەکە. ئەم وشەیە زۆر لەبارترە و ڕاگەینترە. لە جیاتی «دەڵێم»ـی بێلزووم «دڵ»ـی خاوەن هەست و سۆز هاتووە کە حاڵەتەکەش پڕە لە جۆرە موچڕەکانە [سێمینە ئیلتیجای دڵم ئەی غەوثی عاصیان].
49
ئەو ڕۆژی ئاخیرەی کە چ ڕۆژی لە دوو نییە
ڕوو ترش و قەمطەریر و عەبووس و غەضەنفەرە
لاپەڕەی 437
ئاخیرە: قیامەت .
قەمطەریر: دژوار و تەنگ و نالەبار .
عەبووس: ناوچاو گرژ .
غەضەنفەر: بەسام وەک شێر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو ڕۆژی دواییەی کە دواڕۆژی دنیایە و ڕۆژی تری بەدوادا نایەت و هەمیشەیی و نەبڕاوەیە و، ڕۆژێکی ڕووترش و لەسەر شان گرانە و وەک شێر بنیادەمی لێ ئەترسێ.
وەصف کردنی ڕۆژ بە (ڕووترش) مەجازە و زیادەڕەوییەکی زۆری تیایە و مەبەست لێی ئەوەیە خەڵک لەو ڕۆژەدا ئەوەندە دێز و مۆن و ڕووگرژن، ڕۆژەکەش وای لێ هاتووە.
دەستنووس
ڕۆژی (عم): ڕۆژە. ئاخیرەی (عم) و (کم) و (گم) و (من): ئاخیرە. ڕۆژی لە دوو (چن): ڕۆژی لە دووی. غەضەنفەرە (چن): موقەنطەرە. موقەنطەر: ئەوەی باش گرێ درابێ یاخود زور ئاڵۆز بێ.
ئەم بەیتە ئیشارەتە بۆ ئایەتی (وَ اِنا نَحافُ مِنْ رَبَّنا یَوْماً عَبوساً قَمْطَریراً). واتە ئێمە ترسی ڕۆژێکی مۆن و دژوارمان لە خوای خۆمان هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دوواتر:
ئەو ڕۆژی ئاخیرەی کە چ ڕۆژی لە دوو نییە
ڕووترش و قەمطەریر و عەبووس و غەضەنفەرە

شەرحەکە وا دادەنێ کە ئەو ڕۆژە ئاخری ڕۆژانە نابڕێتەوە... بەلای من و واقیعیشەوە ئەو ڕۆژە لە سرەی ڕۆژانی دنیادا ڕۆژی دیکەی بە دوادا نایەت نەک خۆی بڕانەوەی بۆ نییە چونکە ئەگەر هەر بەردەوام بێ بەو هەموو ترشی و گرژی و توڕەییەوە کەس ئومێدی بە بەهەشت نامێنێ، بگرە دەبێتە جەژنی گوناهباران. لە مەنتیقی جەزا و پاداشی دواڕۆژی پاش دنیا، دەبێ ئەو ڕۆژە بەسەر بچێ، دەنا بەهەشت و دۆزەخ بێکەڵک دەبن.
نالی لەم بەیتانەدا پێوەی دیارە چ باوەڕی بە فەلەکییاتی نوێ [دوای کۆپەرنیکۆس و گالیلیۆ] نەبووە، لە فەلەکییاتی بەتلەمیۆسیش هەر ئەوەندەی، ڕەنگە، سەلماندبێ کە لەگەڵ واتای ئاشکرای ئایەتی قوڕئان ڕێک دەکەوێت. دەتوانم بڵێم ئیمانی بە ئەرز و ئاسمانێک هەبووە کە پێش تەرجەمەی زانستەکانی یۆنان و لە دەقەکانی ئایین و کتێبی سەر بە ئایینەوە دەناسرێنەوە. لە سەرەتادا کە زانستەکانی یۆنان تەرجەمە کران هەمووی لە لایەن مەلاکانەوە بە کوفر داندران، هەتا ماوەیەک کە پەنگاوی دایەوە و بوو بە جێی باوەڕی عەقڵی ئەو سەردەمە ئنجا مەلاکان، ڕەنگە هی چینی دووهەم، باوەڕی ئایینییان لەگەڵ ئەو زانستانەدا گونجاند. هۆیەکی هەرە زلی ئەو گۆڕانکارییە لە باوەڕدا دەچێتەوە بۆ ئەوەی خەلیفەکانی، بە تایبەتی، عەبباسی لاهووتی نەبوون. ئیبنوخەلدوون لە «مقدمە»کەیدا دەڵێ: «سیدنا عمر امر بمحو علوم الفرس» قەشەکانی کەنیشتە بەر لە 400-500 ساڵێک زانای فەلەکییان سووتاند کە دەیگوت ئەرز دەسووڕێ...
50
ئەم فەرشە خاکییە دەتەکێنن لە تۆز و گەرد
ئەم عەرشە نۆ صەحیفەیە دەیکەن بە یەک پەڕە
لاپەڕەی 438
صەحیفە: پەڕە، چین .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو ڕۆژی قیامەتەی کە ئەم فەرشە خاکیی ڕەنگەی زەویی تیا ئەبێتە جۆرە زەوییەکی تر و تۆز و گەردەی پێوە نامێنێ و، هەر نۆ چینەکەی ئاسمان ئەپێچرێتەوە و وەک یەک پەڕە قاقەزی پێچراوەی لێ ئەکرێ.
ئەم بەیتەش ئیشارەتە بە ئایەتی (یَوْمَ تَبْدَّلْ اﻷرْضْ غَیْرَ اﻷرضِ وَ السَّماواتْ مَطْوِیاتٌ بِیَمینِه) واتە: ئەو ڕۆژەی کە زەوی ئەگۆڕرێ بە زەوییەکی تر و، ئاسمانەکان بە دەستی ڕاستی خوا پێچراونەتەوە و، ئایەتی (یَوْمَ نَطْوِي السَّماءً کَطَیﱢ السَّجِلﱢ لِلْکُتْبِ) واته: ئەو ڕۆژەی ئاسمانەکان ئەپێچینەوە وەک چۆن تۆمار نامە ئەپێچینەوە.
ئەم - ی یەکەم - (ت): ئەو. فەرشە (چن): فەرشی. عەرشە (چن): عەرشی. نۆ (چر) و (خا): نەو. دەیکەن (عم) و (کم) و (من): ئەیکەن. پەڕە: هەموو نووسخەکان جگە لە (کم) و (گم): بەڕە.
51
دەنگی فوغان و جۆش و خورۆشی جەمیعی خەڵق
گوێ لێرە دەیبییێ، کە لەوێ گوێ هەموو کەڕە
لاپەڕەی 438
فوغان: هاوار و گریان .
دەیبییێ: ئەیبیسێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕۆژێکی ئەوەندە سەختە، هەرکەسی تیا گرفتاری دەردی خۆیەتی و، کەس لەبەر مەینەتی خۆی ئاگای لە کەس نەماوە و، گوێی لە هاوار و فوغانی کەسی تر نییە، کەچی لێرەوە گریان و هاواریان ئەبیسرێ.
زیادەڕەوییەکی زۆر جوانە ئەمەی کە نالییی کردوویەتی، بۆ پێشاندانی ڕادەی سەختیی ڕۆژی قیامەت وا ئەنوێنیێ (ئێرە) ماوە تا لێرەوە خەڵک گوێیان لە هاوار و فوغانی ئەهلی مەحشەر بێ !
دەستنووس
دەنگی (چر): دەنگ و. (چن): دیگی، واتە مەنجەڵی. شوبهاندنێکی جوانە. کە لەوێ گوێ هەموو کەڕە (کم): کە لەوێ گوێی هەموو کەڕە. (تو): کە هەموو گوێ لەوێ کەڕە.
52
ڕۆژی قیامەتی (فاذا هم قیام) و، شەخص
قائیم چەقیوە، کێلە، لەسەر خاکی مەحفەرە
لاپەڕەی 439
قائیم: بنیادەمی قنج و قیت .
مەحفەر: جێگای چاڵ هەڵکەندن، گۆڕستان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو ڕۆژەی قیامەتەی کە ئایەتی (ثُمﱠ نَفخَ فِیهِ اخْری فاَذا هُمْ قِیامْ یَنْظرُونَ) واتە: پاشان جارێکی تر فوو کرایەوە بە صووردا و کوتوپڕ ئەبینیی ئەو هەموو مردووانە ڕاست بوونەتەوە سەیر ئەکەن، باسی ئەو ئەکاو، بنیادەمی ڕاست بووەوەی تیا حەپەساوە، بەپێوە وەستاوە، ئەڵێی کێلی سەر قەبرە لەسەر خاکی گۆڕستان چەقیوە، ئاگای لە هیچ نییە.
لە (فَاِذا همْ قِیامٌ) دا ئیقتیباس لە ئایەتەکە و، لە وشەی (شەخص) دا ئیشارەت بۆ ئایەتی (شاخِصَهً أبْصارُهُم) واتە: چاویان ئەبڵەق بووە، کراوە. لەنێوان (قیامەت) و (قیام) یشدا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
شەخص (چن) و (ت) و (ک) و (اح): خەڵق. مەحفەرە (تو) و (عب) و (من) و (خا): مەحضەرە. دووریش نییە (مەقبەرە) بووبێ و بە هەڵەی نووسیار گۆڕابێ.
53
ئایا قەد و قیافەیی خۆی بوو بە کێلی خۆی،
یا ساقی عەبهەرە کە دو چاوی لەسەر سەرە!
لاپەڕەی 439
عەبهەر: کەڵەگەت و زەلام . نەرگس .
واتە: کەس نازانێ ئەو بنیادەمەی بەسەر خاکی گۆڕستانەوە قنج قنج حۆل و بێ ئاگا وەستاوە، چییە؟ ئاخۆ
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم بەیتەش لەبارەی مەعناوە پەیوەندی بە بەیتی پێشووەوە هەیە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (سەر) و (سەرە) دا جیناس و , لەنێوان (قەد) و (چاو) و (سەر) دا تەناسوب هەیە.
54
دنیا بووە بە تاوەوو، صەحرا بە ژیڵەمۆ
دنیا دەڵێن کە ئاگرە، ناری سەمەندەرە
لاپەڕەی 440
ژیلەمۆ: خۆڵەمێش کە چینی بنەوەری ئاگر بێ .
سەمەندەر: گیانلەبەرێکی ئەفسانەییە ئەڵێن هەر لەناو ئاگرا ئەژی و هێلکە ئەکا و هەڵی دێنی و، ئەگەر بێته دەرەوە ئەمرێ !
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو ڕۆژەی قیامەته ڕۆژێکە پلەی گەرمای تیادا بەڕ ا دەیەکە دنیا هەموو وەک تاوەی نراوە سەر ئاگری لێ دێ و، دەر و دەشت هەموو ئەبێ بە ژیلەمۆ و بنەکەی ئاگر ئەبێ.. بنیادەمی ئەو ڕۆژەش تەنها بە حوکمی ئەوە ئەژین و ناسووتێن کە خاسیەتی سەمەندەریان وەرگرتووە.
دەستنووس
بە تاوەوو (« پەراوێزی » چر): بە تازەوو. دنیا - ی دووەم - (عم) و (کم) و (گم) و (تو) و (عب) و (من) و (خا): دەریا. دەڵێن (عم) و (کم) و (گم) و (من): دەروونی. (تو) و (عب) دەڵێنێ. کە ئاگرە (عم) و (کم) و (گم) و (تو) و (عب) و (من): ئاگرە. (ت): کە ئاگر. بۆ (کە ئاگرە) و (کە ئاگر و) و (کە ئاگری) دەستئەدا. (ک) و (اح): کە ئاگری. ناری (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (من) و (ک) و (تو) و (عب) و (خا): ماری؟. (ت): ماریش..
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 440:
دنیا بووە بە تاوە وو صەحرا بە ژیلەمۆ
دنیا دەڵێن کە ئاگرە، ناری سەمەندەرە

دووبارەبوونەوەی «دنیا» لە سەرەتای نیوەبەیتەکاندا هی سەلماندن نییە. حەفت تێکست لە جیاتی دونیا «دەریا»یان داناوە، گیویش هەروەها. بوونی دەریاش بە ئاگر پتر گەرمی ئەو ڕۆژە ڕادەگەیەنێ تا ئەوەی دەریا وەک ئاگری سەمەندەری لێ هاتووە. واتە سەمەندەرێکی هەر لە ناو ئاگر دەژی، لەو ڕۆژەدا دەتوانێ بچێتە بەحرەوە و بژیت و دەڵێم: [تووشی زوکامیش نەیەت].
55
دیوانی گەرمی باری خودایە، بە پایە عام
ئیصغایی خەڵقە، ساعەتێکی عەرضی مەحضەرە
لاپەڕەی 440
بە پایە: بەپێوەیە . عام
گشتیی . ئیصغا: گوێشلکردن .
عەرض: پیشان دان .
مەحضەر: خزمەت . حوزور .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خوا دیوانی گەرمی خۆی بەستووە و خەڵک هەموو بەپێوە ڕاوەستاون گوێیان شل کردووە، کاتی عەرزکردنی سیاهەی کرداری خەڵکە لە حوزووری خودا.
لەم بەیتەوە نالییی باسی ڕۆژی لێ پرسینەوەی خەڵک و ئامادەبوونی خودا ئەکا بۆ ئەم داوەرییە و ناردنی هەندێ بۆ دۆزەخ و هەندێ بۆ بەهەشت و، لەم بەیتەدا باسی بەستنی دادگای خوا و ئامادەبوونی خەڵک کراوە بۆ وەڵام دانەوەی پرس. لە بەیتەکانی پاشەوەشدا دیمەنەکانی تری ئەو ڕۆژە پیشان دراون.
دەستنووس
ڕاستکردنەوەی ئەم بەیتەمان بەزەحمەت بۆ تەواو بوو. وشەی (بەپایە) لە هەموو نووسخەکڵندا بە (بپای) نووسراوە. وشەی (ئیصغای) تەنها لای (چن) وایە. (چر) و (ت) و (ک) و (تو) و (عب) و (خا): اصغار. (عم) و (کم) و (گم) و (من): خوایە. خەلقە (چر) و (تو) و (ک) و (اح) و (اب) و (خا): خەڵک. (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) (من): خەڵق. ئێمە خۆمان بە (خەڵقە) مان نووسیوە. ساعەتێکی عەرضی مەحضەرە: جیاوازییەکانی نووسخەکان لەم ڕستەیەدا یا هەڵەی ئاشکرا بوون یا هیی شێوە نووسینی جارانی فارسییانەیە. ئێمە وای بۆ ئەچین وشەی (ساعەتێکی) لەپێشدا (ساعەتەکەی) بوبێ. بەوجۆرە بەیتەکە ڕەساتر دێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 440:
دیوانی گەرمی باری خودایە، بە پایە عام
ئیصغایی خەڵقە، ساعەتێکی عەرضی مەحضەرە

شەرحەکە دەڵێ: خوا دیوانی گەرمی خۆی بەستووە و خەڵک بە پێوە ڕاوەستاون گوێیان شل کردووە، کاتی عەرزکردنی سیاهەی کرداری خەڵکە لە حوزووری خوادا.
ئیصغای خەڵق شتێک نییە لە شکۆی ئەو ڕۆژە زیاد بکات. زۆر لە تێکستەکان و دیوانی گیویش «اصغار – ئەصغار»یان نووسیوە لەباتی. وادەزانم ئەمیان بە هەڵە لە «اسفار – ئەسفار»ەوە هاتووە بە واتای «سیاهـ» کە لە وشەی «مەحضەر»ەوە دێت و یەک واتایان هەیە. شەرحەکە لە تەرجەمەی وشەکان «مەحضەر»ی بە: خزمەت، حوزوور لێک داوەتەوە. دەگوترێ «محاضر الجلسات» واتە سیاهەی وتووێژی کۆبوونەوان. [ساعەتەکەی] مناسبترە، بە واتای قیامەت دێ.
56
لایەک (زەبانییە) لە لەسەروکاری نارە، نار
(هل من مزید) زوبانیە وەک ماری ئەژدەرە
لاپەڕەی 441
زەبانییە: ئەو فریشتانەی بەرپرسی ئاگری دۆزەخن .
سەروکار: سەرپەرشتی .
نار: ئاگر .
هل من مزید: هیی تریش هەیە . ڕستەیەکە خوا بەدەم ئاگری جەهەنەمەوە ئەیگێڕێتەوە، کە هەرچەند خەڵکی تێ فڕێ بدرێ هەر تێر ن ا بێ چاوی لە هیی تریشە بۆی بێنن .
ماری ئەژدەر: ئەژدەها، بەگوێری ئەفسانەی کۆن جۆرە مارێکی ئێجگار گەورەیە ئاگر لە دەمیەوە دەرئەچێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەلایەکەوە پێش خرمەتەکانی دۆزەخ خەریکی سەروکاری ئاگری دۆزەخن و پەیتا پەیتا خۆشی ئەکەن و، ئاگریش به زوبانی (هَلْ مِن مَزیدْ ؟) قسە ئەکا و، وەک ماری ئەژدەر زوبانی دەرکێشاوە و بڵێسەی ئاگری شاڵاو ئەهێنێ.
لەم بەیتەدا ئیشارەت کراوە بە ئایەتی (یَوْمَ نَقُولْ لِجَهَنَّمَ: هَلْ أمْتلٲتِ، و تَقولْ: هَلْ مِنْ مَزید ؟) واتە: ڕۆژی قیامەت ڕۆژێکە تیا ئەڵێین بە دۆزەخ: پڕ بووی؟، ئەویش وەڵام ئەداتەوە ئەڵێ: هیی تریش هەیە؟.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (زەبانییە) و (زوبانیە) دا جیناسی موحەڕڕەف و لەنێوان (کار) و (نار) و (مار) دا جیناسی لاحیق و، لە (هل من مزید) دا ئیقتیباس هەیە.
دەستنووس
سەروکاری (چن): سەروکار. نارە، نار (چن): نار و مار. (ت) و (ک) و (اح) و (خا): نار و نار. مزید (چن): مزیدێ [ ئەم نیشانەی (ی) مانە بە پشتیوانیی ئەو کەشیدە بەرەو خوارە داناوە کە (چن) لە ژێرەی (ی) کەوە نووسیویە و نیشانەی (ی) ی بۆشە لای ئەو. ]. (ت): مزیدیە، بەڵام زیادیی چ (ی) کە و چ (یە) کە ژمارەی بڕگەکانی نیوە بەیتەکە زیاد ئەکا. زوبانیە: ئەمە تێکستی (ت) یە. (چر) و (چن) و (ک) و (اح) و (خا): هەم زوبانیە، بەڵام (هەم) ـەکە ژمارەی بڕگەکانی نیوە بەیتەکە زیاد ئەکا. (عب): هەم زوبانەیی. ئەگەر ئەم نووسخەیە (هەم) ـەکەی نەبوایە مەعنای (زوبانەیی) باش ئەهات، هەرچەند (هل من مزید) وەستانیکی تیا ئەبوو. وەک ماری (چر) و (تو) و (عب): وەک مار و. (چن) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا): وەکوو ماری.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 441:
لایەک «زەبانییە» لە سەروکاری نارە، نار
«هَلْ مِن مَزیدْ» زوبانییە وەک ماری ئەژدەرە

نالی نووسیویەتی «زبانیە» لە جیاتی «زوبانی...» بەمەدا لەگەڵ «زەبانییە» دەبنە جیناسی تام. فارسیش «زەبان» دەڵێن. لەم وشەیەی «زوبان» ئەو واتایەش دەفامرێتەوە کە دەگوترێ: زمانەی ئاگر ئیتر جێی خۆیەتی ئاگر بە زبان بێت و بڵێ «هل من مزید». دیارە زمانەی نارەکەش وەک ماری عەزیا زل و بێڕەزایە.
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 442 جێگەیەکی لەقی خلیسکی تەسکی هەیە:
لایێکی کەش لە جەننەت و ڕیضوان تەدارەکە
حۆری ئەوا بە مونتەظیریی دێنە مەنظەرە

ئاخر لەو هەموو ئاگرستانەدا چ جێگەی حۆرییە؟ بەیتی دوواتریش «اشخاص خاص» وا چاویان ئەبڵەق بووە. بێگومان بەیتەکە لە چاو تێکڕای قەصیدەکە لاوەز دەشێ خێرەومەندێک ئەو بەیتە بن بزێوکەی بۆ دڵدانەوەی ئەهلی مەحشەر کردبێتە سەدەقە. وشەی «تەدارەک» کورد دەیڵێت، ڕاستییەکەی «تەداروک»ـە لە کێشی «تەفاعول».
57
لای ێ کی کەش لە جەننەت و ڕیضوان تەدارەکە
حۆریی ئەوا بە مونتەظیریی دێنە مەنظەرە
لاپەڕەی 442
ڕیضوان: دەرگاوانی بەهەشت .
تەدارەک: ئامادە .
حۆریی: کچانی جوان کە ئامادەکراون بۆ بەهەشتییەکان .
مونتەظیر: چاوەڕوان .
مەنظەرە: تەماشا . بەرچاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لە دۆزەخدا ئاوا بوو کە وتمان. لە لایەکی کەشەوە لە بەهەشتدا خۆ ئامادەکردنه بۆ پێشوازی لێ کردنی ئەوانەی دێنه بەهەشت و، ڕیضوانی دەرگاوانی بەهەشت حازر بووە دەرگا بکاتەوە و حۆری دێنە تەماشا، چاوەڕوانی خاوەنی خۆیان ن بە یەکتری شاد ببن.. ئەم بەیتە لە (عم) و (کم) و (گم) و (من) دا نییە.
58
ئەشخاصی خاصە (تَشْخَصٌ ابْصارٌهٌمْ) هەموو
(وا نَفسْیِ) یانە هەریەکە بۆ خۆی موحەییەرە
لاپەڕەی 442
ئەشخاصی خاصَّە: پیاوانی تایبەتی .
تَشْخَصَ ابْصارْهُمْ: چاویا ئەبڵەق ئەبێ .
وا نفسی: هاوار بۆخۆم .
موحەییەر: سەرسام .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەو ڕۆژە بەسام و شووم و سەختەدا تەنانەت پیاوانی تایبەتیش چاویان ئەبڵەق بووە و هاواری (هاوار بۆخۆم !) یانە و سەرسام بوون نازانن چی بکەن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
ڕستەی (تَشْخَصَ ابْصارْهُمْ) لە ئایەتی قورئان ئیقتباس کراوە.
59
زێر و زەبەر دەبن بە دو فیرقە، لە فیرقەتەین
واوەیل و ئیمتیازە کە کێ بێنە کێ بەرە
لاپەڕەی 443
زێر: ژێر .
زەبەر: سەر .
فیرقە: تاقم .
واوەیل: هاوار .
ئیمتیاز: جیاوازیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو خەڵکە ئەبن بە دوو تاقم، تاقمی لە ژێرەوە کە ئەهلی دۆزەخن و تاقمێ لە سەرەوە کە ئەهلی بەهەشتن. لە هەردوو تاقمەکەوە دەنگ دێ، لە دۆزەخییەکانەوە هاواری (یا وَیلَنا قد کُنا فی غَفَّلَةٍ مِنْ هذا) واتە: قوڕبەسەرمان ! ئاگامان لەمە نەبوو و، لە بەهەشتییەکانیشەوە هاواری (امْتازوا الیَوْمَ ایُها المجْرِمونَ) کە بە دۆزەخییەکانی ئەڵێن، واتە: ئەی تاوانبارینە ئەمڕۆ جوێ ببنەوە. هاوارکەش بەهۆی ئەوەوەیە کە بانک ئەکەن فڵان بێنە بۆ بەهەشت و فیسار بەرە بۆ دۆزەخ.
دەستنووس
بێنە (عم) و (کم) و (گم): سینە. بەرە (عم) و (کم) و (گم) و (تو) و (عب): سەرە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 443:
زێر و زەبەر دەبن بە دو فیرقە، لە فیرقەتەین
واوەیل و ئیمتیازە کە کێ بێنە کێ بەرە

سێ تێکست لە جیاتی «کێ بێنە» نووسیویانە «کێ سینە». ئەو سێ تێکستە و دووی دیکەش لە جیاتی «کێ بەرە» نووسیویانە «کێ سەرە». گیویش سینە و سەری نووسیوە. سەرەڕای ئەمە بەیتی دووهەم یەکسەر دەچێتە شەرحی حاڵی سینە [ئەکثەر کە سینە تابیعی...] دیاریشە «سینە» لە بەیتەکەدا دەوەستێتەوە بەرانبەر «زێڕ» و «واوەیل».
60
ئەکثەر کەسینه، تابیعی بەرد و حەرارەتە
یەعنیی وەقوودی نارە، بوخاری موسەییەرە
لاپەڕەی 443
ئەکثەر: زوربە .
تابیع: شوێن کەوتوو .
بەرد: یا سەرما یا هەر (بەرد) ی کوردیی .
حەرارەت: گەرما .
وەقوود: سووتەمەنیی .
نار: ئاگر .
بوخار: هەڵم .
موسەییەر: ڕەوێنراو، خراوەگەڕ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئێمە لەو باوەڕەدا نین مەعنای تەواوی ئەم بەیتە و بەیتی پاشەویمان بۆ ساغ کرابێتەوە. بەڵام وەنەبێ تێکڕاش نەمانزانیبێ. هەرچۆن بێ، ئەوەندەی کە بۆی چووین ئەیخەنە ڕوو و چاوەڕوانی بەشداریی کەسانی تریشن.
نالییی ئەڵێ: زۆربەی ئەوانەی لە مەیدانی حیساب و داوەریدا خڕبوونەتەوە، کە کافرانن، شوێنکەوتووی سەرمای زەمهەریری دۆزەخ و گەرمای ئاگرەکەین، یاخود لەگەڵ ئەو بەردانەدان کە لە دۆزەخدا ئەسووتێنرێن و لەگەڵ گەرمای دۆزەخدان، واتە سووتەمەنیی دۆزەخن و هەڵمی کۆڵانیان لەناو گەرمای دۆزەخدا و بەسەر ئاگری دۆزەخەوە، ئەڕەوێنرێ و سەرئەخرێ.
وشەی (وَقود) و (بەرد) بەوپێیە کە بەمەعنا (حەجەر) بێ، ئیشارەتە بۆ ئایەتی (وَقودْها النَّاسْ والحِجارَةُ) لە باسی جەهەننەمدا، کە واتە: سووتەمەنیی دۆزەخ بریتییە لە ئادەمیزادی خوانەناس و لە بەرد.
دەستنووس
کەسینە (چر) و (چن) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا): کە بێنە، یا کە بەینە. (تۆ) و (عب): بەینە. بەرد و (چن) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا): هەردوو.
(کەسینە) تێکستی نووسخەکانی (عم) و (کم) و (گم) و (من) بوو کە لەچاو نووسخە دەسنووسەکاندا کەمتر جێگای باوەڕن و پشتمان پێ بەستوون، بەڵام لەبەرئەوە کە نەگەیشتینە مەعنایەکی گونجاو بۆ (بێنە) یا (بەینە) یا (بەنیە) ناچار ئەممان هەڵبژارد. ڕێیشی تێ ئەچێ ڕاستەکەی (پێنە) بێ، واتە: زۆربەی خەڵکەکە کە ئەوانەن لەبنەوەن و لەچاو موسوڵماناندا وەک (پێ) وان لەچاو (سەر) دا، یا دەست و پێی گەورەکانیانن کە گومڕایان کردن.
تۆ بڵێی لە وشەی (بەرد) و ڕستەی (وەقوودی نارە) و (بوخاری مووسەییەرە) دا ئیشارەتێکیش بۆ شەمەندەفەر نەبێ کە جاران بە سووتاندن خەڵووزی بەرد بەڕێوە ئەچوو و هەڵمی بەرز ئەبووەوە؟ ! لەبارەی مێژووەوە ڕۆژهەڵات لە سەردەمی نالیییدا شەمەندەفەری دیوە. یەکەمین شەمەندەفەر لە میسردا لە ١٨٥٧دا کەوتووەتە گەڕ. نالیییش پاشتر مردووە و ئەم پارچە شیعرەشی لە مەدینه وتووە. هیچ نەبێ دەنگوباسی شەمەندەفەری لە ڕێبوارانی میسریی بیستووە کە هاتوون بۆ مەککە و مەدینە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەم، لاپەڕە 443:
ئەکثەر کە سینە، تابیعی بەرد و حەرارەتە
یەعنی وەقوودی نارە، بوخاری موسەییەرە

شەرحەکە دەڵێ: کەم بەیتە و بەیتی دواوەی گوماناوین کە مەعناکەمان بە تەواوی زانیبێ و بەم شێوەیە شەرحی دەکات: نالی دەڵێ، زۆربەی ئەوانەی لە مەیدانی حیساب خڕ بوونەتەوە، کە کافرانن، شوێن کەوتووی سەرمای زەمهەریری دۆزەخ و گەرمای ئاگرەکەیین... واتە سووتەمەنیی دۆزەخن و هەڵمی کوڵانیان لە ناو گەرمای دۆزەخدا ئەڕەوێنرێ و سەرئەخرێ...
وا دەزانم سینە تابیعی بەرد و حەرارەتە لەوەوە دێت کە ساردی و گەرمی خۆراک و خواردنەوە بە سینەدا تێپەڕ دەبێ واتە پێی ئاشنایە و ڕاهاتووە. لەمەوە جێی خۆیەتی «تابیعی بەرد و حەرارەت» بێ. ئەوەی ئیشکالە وشەی «موسەییەر»ەیە: لە شەرحەکەدا دەڵێ: هەڵمی کوڵانی کافران لە ناو گەرمای دۆزەخدا ئەڕەوێنرێ و سەر ئەخرێ. ئەم قسانە چەندێکی مێشک گوشینی لەگەڵدا کرابێتیش بە چ ناگات و چ ڕوون ناکاتەوە. تێدەگەین گەرما شت بکوڵێنێ بەڵام «بوخاری موسەییەر» بۆ لای سارداییەکەی سینە دەچێتەوە. دەمەوێ لە «موسەییەر»ەوە بۆ ئیحتیمالی هەڵەی نوسخەنووسان بچمەوە و بڵێم ڕەنگە «موسەببەر» بێ کە لە «سبر»ەوە هاتووە بە واتای پێوانە و تاقیکردنەوە وەک کە دەگوترێ «سبر غورە» بەڵام بەکەڵکی بەیتەکە نایەت. خولاسە، بەوەندە کەرەستەی تێگەیشتن لە دەستدایە خۆ پێوە ماندووکردنی بێبەرە.
61
باقێ کە ڕووی لە کەففەیی میزانە، یەکسەرە .
هەرچەند سەرە موتابیعی میعیاری دوو سەرە
لاپەڕەی 444
کەففەی میزان: تای تەرازوو .
سەر: لا، ڕیز .
موتابیع: ئەوەی چاو لەدووی شتێک بێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوانی کەش کە موسوڵمانن، لە بێ گوناە و گوناهبار، ڕوویان لە تای تەرازووی کێشانەی چاکە و خراپەیانە، هەموو یەک لا و یەک ڕیزن، هەرچەند ڕیزەکەشیان چاو لەدووی تەرازوویەکی دووسەرە تا بزانن سەنگی چاکە و خراپەیان چەندە و ئاخۆ بۆ ماوەیەک ئەچنە دۆزەخ تا سزای خراپەیان لێ بسەنرێ، یا ڕاستەوخۆ ئەچنە بەهەشت؟.
میزانە (چن): میزانی. هەرچەند سەرە (« پەراوێزی » چر) و (چن) و (خا): هەرچەند یەکسەرە، بەڵام نیوە بەیتەکەی پێ لاسەنگ ئەبێ. (ت): هەرچەندە یەک.
62
لەو کێشە کێشەیەدا کەوا ڕەش سپیی دەبێ
لەو کێش کێشەیەدا کەوا ئەحمەر ئەصفەرە
لاپەڕەی 445
ئەحمەر: سوور .
ئەصفەر: زەرد .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەو کێشە و هەرای ڕۆژی داوەرییەدا مووی ڕەشی لاو سپیی ئەبێ و، ڕووی گەش و سوور و پاراو لەترسانا زەرد هەڵئەگەڕێ و خوێنی تیا نامێنێ.
ئەشگونجێ مەعنای بەیتەکە وا لێک بدەینەوە کەوا شتی نەزانراو هەموو دەرئەکەوێ و ڕۆشن ئەبێتەوە و ئەوەی خۆی لێ بایی بووبوو و بە خۆیا ئەنازیی خەجاڵەت و ڕووزەرد ئەبێ.
بەپێی مەعنای پێشوو، ئەم بەیتە ئیشارەتە بە ئایەتی (یَوْمَ یَجْعَل الوِلْدانَ شِیباً) واتە: ڕۆژێکە منداڵی تازە پێگەیشتوو پیر ئەکا.
دەستنووس
ڕەش: (چر) و (چن) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا): ڕیش. دەبێ (کم) و (من): ئەبێ.
63
ئەعمالمان لەگەڵ هەموو ئەوضاعی حاڵمان
مەغشوش و جەمعی، حاضرە، گەر خەیر، ئەگەر شەڕە
لاپەڕەی 445
مەغشوش: تێکەڵ لە چاک و خراپ .
جەمع: کۆمەڵ .
حاضر: ئامادە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاک و خراپ و تێکەڵ و، کۆمەڵی کردار و ئەحواڵمان، هەموو لە بەردەستا دانراوە.
دەستنووس
مەغشوش و (خا): مەغشوشی. (من): مەغشووش. بۆ عەطفیش و بۆ ئیضافەش دەستئەدا. (« پەراوێزی » چر): م ە خشووشی. (چن) و (ک) و (تو) و (عب): مەخشووش و. (اح): مەخشووش. بۆ عەطفیش و بۆ ئیضافەش ئەگونجێ. جەمعی: تەنها (« پەراوێزی » چر): نووسخەکانی تر هەموو: جەمع و. حاضرە (« پەراوێزی » چر) خاطرە. گەر (چن) و (ک) و (تۆ) و (اح): ئەگەر. خەیر، ئەگەر (ت): خەیر و گەر. کەففە: تای تەرازوو. خالیص: بێگەرد.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 445:
ئەعمالمان لەگەڵ هەموو ئەوضاعی حاڵمان
مەغشووش و جەمعی، حاضرە، گەر خەیر، گەر شەڕە

شەرحەکە واتای بەیتی دووهەمی لێداوەتەوە وای داناوە کە «مەغشووش و جەمعی» ئەعمال دوو جۆری دژ بە یەکترن. مەغشووش واتە ساختە و چرووک لەگەڵ «جەمع» نە بە دژایەتی و نە بە برایەتی ناگونجێن. من وەهای بۆ دەچم وشەکە «مفشوش – مەفشووش» بێت بە واتای پەرتوبڵاو. لە زاراوەی لوبنانیان «فشە خلق» بە واتای دەروون ڕەهاکردن لە قسەی پەنگ خواردوو دێت. وابزانم سوورەییەییش هەروەها دەڵێن.
64
مەحزونی ڕوقعە، حەببە بە حەببە، لە کەففەدا
خالیص دیارە، مس کە مسە، عەینی زەڕ زەڕە
لاپەڕەی 445
مەخزون: خراوە عەمار . نووسراوە .
ڕوقعە: کاغەز .
حەببە: دەنک .
کەففە: تای تەرازوو .
خالیص: بێگەرد .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچیی لە کردارنامەماندا نووسراوە و تیا کۆکراوەتەوە، دەنک دەنک لە تەرازووی کردارا دیارە، مسی مسە، وەک چۆن زێڕی زێڕە. مەبەستی لەوەیه چاک و خراپی هەمووی ئاشکرا و لەبەرچاوە.
دەستنووس
عەینی کە مس مسە (چن): مس کە مسە عەینی.
لە نووسخەی (تو) دا نیوەی یەکەمی ئەم بەیتە و نیوەی دووهەمی بەیتی پاشەوەی یەک بەیتن و ئەو دوو نیوە بەیتەکە نییە.
حەببە: زاراوەیەکە زێڕنگەرەکان لە دروست کردنی خشڵی زێڕ و کڕین و فرۆشتنی زێڕدا بەکاری ئەهێنن.
65
ذەڕڕێک لە چاوی بۆتەیی صەڕڕافی کەففەدا
مەخفیی نییە، دیارە، وەکو ڕۆژی نیمەڕە
لاپەڕەی 446
بۆتە: جێگای تاقی کردنەوەی مایە بۆ جوێکردنەوەی بێگەرد و ناپاکی لە یەکتر .
صەڕڕاف: ئەوەی پارە ئەگۆڕێتەوە و ساغ ئەکاتەوە . زەڕشناس .
نیمەڕە: نیوەڕۆ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوەندەی تۆسقاڵێک لە کرداری چاک و بەدمان لە بەرچاوی بۆتەی زەڕشناسی تای تەرازووی ڕۆژی قیامەت ون نابێ، هەموی وەک ڕۆژی نیوەڕۆ دیارە.
دەستنووس
ذەڕڕێک (گم): ذەڕڕەی. صەڕڕافی کەففەدا (چن): صەڕڕاف لە کەففەدا. نیمەڕە (چن): نەییرە. واتە: ڕووناک.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 446:
ذەڕڕەیێک لە چاوی بۆتەیی صەڕڕافی کەففەدا
مەخفی نییە، دیارە وەکو ڕۆژی نیمەڕە

شەرحەکە بۆ ئەوە نەچووە کە ئەم «ذەڕڕ»ەیە و سەبک و موفرەداتی بەیتەکە وەک: چاو، صەڕڕافی کەففە، مەخفی نییە، ڕۆژی نیوەڕۆ... ڕادەگەیەنن کە مەبەستی نالی لە بەیتەکە نایەتی «ومن یعمل مثقال ذرة...» ئیتر چاکە بێ یا خراپە «... یرە»یە.
66
گریان هەمو و ڕەشاوە لەبەر ئاهی دوود ڕەنگ
موژگان بووە بە خامە و و، دیدە بە مەحبەرە
لاپەڕەی 446
ڕەشاو: ئاوی ڕەش .
دوود: دووکەڵ .
مەحبەرە: دەوات، شووشەی مەرەکەب .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دووکەڵی هەناسەی خەڵکی مەینەتیی، ئاسمان و زەویی گرتووەتەوە و، بەهۆی ئەوەوە خەڵکیش کە ئەگرین ڕەشاو لە چاویان دێ. بۆیە کە فرمێسک بوو بە مەرەکەب، برژانگەکانیش ئەبن بە قەڵەم و، چاو خۆیشی ئەبێ بە شووشەی مەرەکەب.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (گریان) و (موژگان) و (دیدە) و، لەنێوان (خامە) و (مەحبەرە) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
ڕەشاو (« پەراوێزی » چر) و (چن) و (ک) و (اح) و (خا): ڕژاوە. ڕەنگە مەعنای (ئاوی ڕەژوو) بێ، چونکە (ڕەژوو) بە (خەڵووز) ئەڵێن. ئاهی: (ت): ئاوی. دیارە مەبەستی لە ئاوی فرمێسکە. مەحبەرە (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (ک) و (تو) و (اح) و (من) و (خا): مەجمەرە.
67
میضماری شەهسەوارییی تۆیە کە صەف صەفە
کۆگایی حاصیلاتتە بەیدایی بەیدەرە
لاپەڕەی 447
میضمار: مەیدانی ڕەمبازیی .
شەهسەوار: شاسوار .
ب ە یدا: دەشت .
بەیدەر: خەرمان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم دەشتی مەحشەرە کە سوارانی ڕیز ڕیز و پۆل پۆل تیا وەستاون. کۆگای بەروبوومی دەغڵ و دانی تۆیە، دەشتی پڕ خەرمانی تۆیە. مەبەستی لەوەیە لەم مەیدانەدا بەروبووم و خەرمانی ئومێد تەنها بریتییە لە شەفاعەت و تکاکاریی تۆ.
بەرابەر بە دانانی پێغەمبەر بە شاسواری مەیدانی مەحشەر، مەبەست لە سوارەکانی تر پێغەمەرەکانی ترە.
دەستنووس
شەهسەواریی (چن) و (کم) و (گم) و (ک) و (تو) و (عب) و (من): شەهسەوارەیی (ت) و (اح) و (خا): شەهسەواری. تۆیە (ت) و (اح) و (خا): ئەتۆیە.
68
ڕۆژی جەزا ڕجا بکە بۆ «نالیی» ی دەربەدەر
چۆن لەم جیهان گوناهی گەلێ زۆر و ئەکثەرە
لاپەڕەی 447
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لە ڕۆژی پاداش و سزادانەوەی پیاوچاکان و تاوانباراندا، تکا بۆ ئەم نالیییە دەربەدەرە بکە بەڵکو خوا لێی خۆش بێ، چونکە گوناهی لەم جیهانەدا زۆر زۆر کردووە و پێوێستی بە تکای تۆ و ڕەحمی خوایە.
ئەم بەیتە لە هیچ کام لە دەسنووسەکانی بەردەستمانا نییە. تەنها (چر) بە قەڵەمی فەڕەنگیی لە پەراوێزی دەسنووسەکەی خۆیەوە نووسیویەتەوە. ئەوەش وادیارە نیشانەی ئەوەیە لە یەکێ لە نووسخە چاپەکانی وەرگرتبێ.
دەستنووس
چون لەم جیهان (چر) و (کم) و (من): چونکە لە ڕووی جیهان. بەڵام ژمارەی بڕگەکانی نیوە بەیتەکە زیاد ئەکا.
نووسخە دەستنووسەکانی بەردەستمان (چر) و (چن) و (ت) و (ک) و (عب) و (خا)، ئەم قەسیدەیە و قەسیدەکانی تری پیاهەڵدانی پێغەمبەر (د. خ) یان کە بریتین لە (ئەی تازە جەوان..) و (وەی کە ڕوزەردی مەدینە و..) و (ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا..) کە (شوتوربانا..) و (لە جوملەی موعجیز ئەندەر..) یش بەشێکن لەو، لەپاڵ یەکدا ڕیز کردووە، هەرچەند هەموو وەکو یەکیان ڕیز نەکردوون. دووریش نییە ئەم قەسیدانە - (ئەی تازە جەوان) نەبێ - هەموو لە یەک ماوەدا وترابن، بەڵام ئاشکرایە ئەوان بۆیە پێکەوەیان ڕیز کردوون، چونکە هەموو مەدحی پێغەمبەرن. ئێمە، وەک لە پێشەکییەکەدا وتمان، قەسیدەکانمان بەپێی ڕیزی ئەلفوبێ ڕێکخستووە.