سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

له دڵدا ئاتەشی عیشقت بڵێسەی میثلی تەندوورە

1
له دڵدا ئاتەشی عیشقت بڵێسەی میثلی تەندوورە
شەطی ئەشکم نەبێ مانیع، دەسووتێم دەبمه کۆی توورە
لاپەڕەی 406
شەط: ڕووبار .
کۆ: کۆمەڵ، کۆگا .
نوورە: ئاهەک و زڕنیخی تێکەڵ یەککراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دوو شتم تیا کۆبووەتەوە که دژی یەکن و پێکەوە ناگونجێن، به هۆی بەربەرەکانێی یەکتریی کردنی ئەو دوانەوە ماوم، ئەگەر تەنها یەکێکیانم تیادا بووایە ئیستا فەوتابووم. ئەو دوانه‌ یەکێکیان ئاگری عەشقتە که تەنوور ێ کی له دڵما ناوەتەوە و ئەویشیان دەردی دووریتە که هەمیشە بەهۆیەوە ئەگریم. ئەگەر ئەمەی دووهەمیان نەبوایه که کەمێک تینی ئەویان دائەمرێنێتەوە، ئەسووتام و ئەبوومە کۆی نوورە...
لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆکردنەوەی (ئاتەش) و (شەط) دا طیباق و، له کۆکردنەوەی (تەندوورە) و (نوورە) دا جۆرە وشەئاراییەک هەیه.
دەستنووس
ئاتەشی (گم): ئاگری. دەسووتێم (چن) و (عم) و (کم) و (من) و (خا): دەسووتم.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 406:
لە دڵدا ئاتەشی عیشقت بڵێسەی میثلی تەندوورە
شەطی ئەشکم نەبێ مانیع، دەسووتێم دەبمە کۆی نوورە

ئەم بەیتە نیوەی ڕێگەی بەیتێکی لێرە بە پێشەوەی بڕیوە لە لایەن واتاوە:
ناری سینەم گەر نەبێ غەرقم ئەمن
ئاوی چاوم گەر نەبێ سووتاوم ئەز

بەڵام لە بەیتی پاش خۆیدا دەنگ دەداتەوە، بەلامەوە سەیریشە کە شەرحەکە هەردوویانی تێک نەبەستوون، کە دەزانین وابووە دوو بەیتی تێک بەستوون پێوەندییەکی ئەوتۆیان نییە:
بە ناری عیشق و ئاوی دڵ، جەسەد وەک حەزرەتی مووسا
طەریقی: بەحری فیرعەون و، ڕەفیقی: ئاتەشی طوورە

لە دیوانەکەی گیودا ئەم بەیتە سەرەتاکەی: «بە ئاوی چاو و ناری دڵ» هاتووە. لەمیاندا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە لە تەرادوفی «ئاوی چاو و ناری دڵ» لەگەڵ تەرادوفی «طەریقی بەحر» و «ئاتەشی طوور» لە دەقەکەی شەرحەکەدا لەف و نەشرەکە مشەوەشە. شەرحەکە لەوەش وستە کە بە پێی دەقەکەی خۆی «ناری عیشق و ئاوی دڵ» لەیەک سەرچاوەوە دەردێن: دەبوو تەوجیهێک بکا بۆ بەردەوامیی هەردوویان. دەقەکەی گیو تەوجیهی ناوێ. بە بێ تەوجیهی پێکەوە هەڵکردنی ئاگر و ئاو لە دڵدا و بە پێی ئەوەی کە دەقەکە ئاوی بۆ دڵ داناوە ئاگری عیشق چ جێی لەباری، بگرە نالەباریشی نییە.
شەرحەکە بۆ لایەنی ئەوتۆ چووە لە عەینی دەقەکەدا نییە وەک کە دەڵێ نالی کە دەبێ بەسەر فرمێسکی خۆیدا بپەڕێتەوە... هتد هەر ناگاتە ئامانج وەک کە مووسا لە پەڕینەوەی بەحری فیرعەون سەرکەوتوو بوو... ئاگری مووساش ئاگری خوایی بوو بەڵگەی ئیمکان نەبوونی دیتنی خوا بوو لە لایەن مووساوە کەواتە نالیش بە یار ناگات... نالی، وەک من بۆی دەچم، مەبەسی لە «طەریقی بەحری فیرعەون» ئەوەیە کە بەحری فرمێسکی خۆی دەیخنکێنێ وەک کە فیرعەون خنکا. ئاگری عیشقیش دەیسووتێنێ وەک ئاگرەکەی «تەجەللی» خوا کە «فلما تجلی للجبل جعلە دکا». نالی وەک مووسا هەردوو ڕێی گرتە بەر بەڵام بە ئامانجێکی جوداوە. کە لە ئاوی چاودا، نالی خنکا و لە ئاگری دڵدا سووتا.
2
بەناری عیشق و ئاوی دڵ، جەسەد وەک حەضرەتی مووسا
طەریقی: بەحری فیرعەون و، ڕەفیقی: ئاتەشی طوورە
لاپەڕەی 407
بەحری فیرعەون: ئەو بەحرەی حەزرەتی مووسا و پەیڕەوەکانی لێی پەڕینەوە و فیرعەون و کۆمەڵەکەشی دوایان کەوتن و نیشتنه مل ئاو و خودا نوقمی کردن و خنکاندنی . ئاتەشی طوور
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەم ئاگری عەشقە و بەم ئاوی چاوە کە لە قووڵایی دڵمەوە هەڵئەقوڵێ، لاشەم وەک حەزرەتی مووسای لێ هاتووە، ئەبێ بەسەر جۆگای فرمێسکی خۆیا بپەڕێتەوە کە وەک بەحرەکەی فیرعەون وایە و، لەگەڵ ئاگری دەروونیا بگەڕێ کە وەک ئاگرەکەی کێوی طوور وایە.
لەم (بەحری فیرعەون) و (ئاتەشی طوور) ەدا ئیشارەتێکیش بۆ ئەوە کراوە که ئەم عەشقەی نالییی هەرگیز ناگاتە ئەنجام، چونکه مووسا له بەحرەکەی پەڕییەوە و ڕزگاری بوو. بەڵام بەحری فرمێسکی ئەم هەرگیز دوایی نایە تا لێی ڕزگار ببێ. ئاگرەکەی کێوی تووریش نووری خوا بوو دەرکەوت و نیشانەی ئەوە بوو که مووسا خوا خۆیی چاو پێ ناکەوێ. کەواتە ئاگری عیشقەکەی ئەمیش که هەمیشە لەگەڵیا ئەبێ، نیشانەی ئەوەیە که هەرگیز ناگا به یار.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆکردنەوەی (نار) و (ئاو) و، (مووسا) و (فیرعەون) دا طیباق و، لەنێوان (مووسا) و (بەحر) و (طوور) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
به ناری عیشقی و ئاوی دڵ (عم) و (گم): به ئاوی چاو و ناری دڵ. بەحری (عب) و (خب): بەحر و.
3
دەچێ بۆ لای ڕەقیب، خۆشە، وەلێ ئەو داغە کوشتوومی
لەکن ئەو چەندە مەجبوورە، له لای من چەندە مەغروورە
لاپەڕەی 408
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: قەید ناکا، ناخۆش نییە ئەچێ بۆ لای بەدکار و سەری لێ ئەدا، ئارەزووی خۆیەتی. بەڵام من داخی ئەوە کوشتوومی کەوا چەند لای ئەو ناچار مەجبوور و ملکەچە و وەک بڵێی ئەم موحتاجی ئەو بێ، کەچیی ئەگەر جارێک بێتە لای من، ئەوەندە لەخۆی باییە و فیزم بەسەردا ئەکا !
ئەشگونجێ مەعنای ئەم بەیتە به پێچەوانەوە لێک بدەینەوە کەوا بگەیەنێ: بەدکار ئەچێ بۆ لای یار، قەیدی نییە با بچێ بۆ لای، بەڵام من داخی ئەوە ئەمکوژێ کەوا لای من خۆی لێ بایی ئەبێ و فیزم بەسەرا ئەکا کەوا یار لەگەڵ ئەو جۆرە، کەچیی ئەشچێتە لای ئەو، ئەوەندە ذەلیل و سەرشۆڕە.
دەستنووس
دەچێ (کم) و (من): ئەچێ. داغە (عم) و (گم) و (ک): داخە. لەلای من (عم) و (من): له کن من.
4
پەیامت هات و پەیکت ڕۆی، خەیاڵم نارد و نەیگەییێ
ڕەسووڵم کەوتە ڕێ، گرتی، هێنای وەک ئاگرەسوورە
لاپەڕەی 408
پەیام: نامە یا هەواڵی نێرراو .
پەیک: نامەبەر،
ڕەسووڵ: فروستادە .
ئاگرەسوور: کینایەیە له گورج و گوڵیی و دەستوبرد .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتە و بەیتی پاشەوەیمان به ئارەزووی دڵی خۆمان بۆ ڕاست نەکراوەتەوە. ئەوەندەی بۆ چووبین لێرەدا ئەینووسین و چاوەڕوانی بەشداریی هەر کەسێکی کەشین که زیاتری بۆ ساغ کرابێتەوە لێی.
نالییی له بەیتی پێشوودا بڕیاری دا کەوا بەدکار واتە ڕەقیب هەموو جارێ چاوی به یار ئەکەوێ، جا یا ئەم ئەچێ بۆ لای ئەو یا ئەو دێ بۆلای ئەم. دیارە لەم حاڵەدا بەدکار ئەم هەواڵه دڵ ئازاردەرە به نالییی ئەگەیەنێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر دڵی بکولێنێتەوە. نالییی به یار ئەڵێ هەواڵت هات که چوویتە لای بەدکار یا بەدکار هاتووەتە لای تۆ و، فروستادەکەت که بەدکار خۆی بوو که هەواڵه‌کەی پێ گەیاندم، گورج وەک جنۆکه ڕای کرد. منیش خەیاڵم‌ نارد به دوایا، واتە کەوتمه بیرکردنەوە لەمە چۆن وا تۆ ڕێگای ئەوە ئەدەی ئەو بتبینێ، بەڵام خەیاڵ کول بوو، نەگەیشت بەوە له ڕازی ئەم ڕووداوە بگا، ناچار بووم هەناسەی گەرم ئاگراویی و بەسۆزی خۆم بەدوادا هەڵکێشا، ئاهی هەناسەکەم ئەوەندە توندو تیژ بوو هێنای (ئەشگونجێ هێنانەکە کینایە بێ له تێگەیشتنی مەسەله‌کە).
دەستنووس
نەیگەییێ (چن): نەیگەشتێ. (ک) نەیگەییە.
نیوەی یەکەمی ئەم بەیتە له (عم) و (گم) دا بەم جۆرەیە:
پەیامت هات و پێ گوت، ڕۆی، خەیاڵم ناردە دووی، گەییە
ئەم بەیتە له (کم) و (من) و (خا) دا نییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 408: پەیامت هات و پەیکت ڕۆی... هتد سەرەدەری لێ ناکرێ مەگەر دەقی ئەصلیی پەیدا بێ. شەرحەکە خۆی ماندوو کردووە ئەمما بێ سوود و دوور لە واتای موفرەداتی بەیتەکە و بە تەئویلی خەیاڵی و بێ بنەما. بێگومان لە سۆزەوە بۆ نالی ئەم ئەرکەی کێشاوە بەڵام ناچێتە دڵەوە و عەقڵ ڕەفز دەکا «ڕەسوول» هەناسە گەرمەکەی نالی بێ و کەوتە ڕێ و بەدکاری گرت وەک ئاورەسوورە و هێنای... ماوەتەوە بگوترێ، بەیتی دوواتریش کە دەڵێ: «کە دیتم شەکڵی صەد ڕەنگی...» مەبەست لێی ئەو بەدکارەیە و لەوێشدا تەئویل پەیدا بکەین بۆ نەکوشتنی بەدکار... چ دەبوو نالی لە جیاتی «ڕەسوولم کەوتە ڕێ...» گوتبای «هەناسەم کەوتە ڕێ...» ئەگەر بەڕاستی مەبەس لە ڕەسوول هەناسەبێ... خۆ ئەوساش بەیتەکە لە یاری «هەدار هەدارانێ» دەکات. ئەم بەیتە لەم دەقەدا بۆ عەقڵی ئێمەمانان بێ کلیلە.
5
که دیتم شەکڵی صەد ڕەنگی، گوتم: بابایی عەییارە
که بیستم لەفظی بێدەنگی، گوتم: شەیپووری شاپوورە
لاپەڕەی 409
بابای عەییار: وەک له ئەفسانەدا ئەیگێڕنەوە کابرایەک بووە له دەستە و دائیرەی ئەسکەندەری مەکدوونیدا، ئارەزووی لە کێ بووبێ بچێتە شێوەیەوە، چووەتە شێوەیەوە .
شەیپوور: ئاله‌تێکی مۆسیقایە فووی پیا ئەکرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: که شێوەی صەد ڕەنگیم دیی، وتم ئەمه بابای عەیارە، چۆن ئارەزوو بکا وا خۆی ئەگۆڕێ، بۆیەش توانیویە جێی خۆی له دڵی یاردا بکاتەوە، که دیتیشم دەم ئەجووڵێنێتەوە و هیچیش ناڵێ، وتم، ببێ و نەبێ ئەمه‌ کەڕەناکه‌ی شاپوورە. هەرچەند له سەرچاوەکانی بەردەستمانا شتێکی ئەوتۆمان له بارەی ئەم کەڕەنایەوە بۆ ساغ نەکرایەوە، بەڵام دوور نییە جۆرە بلوێرێکی جادووگەرانه بووبێ توانای کارکردنی له دڵی خەڵک و ڕاکێشانینا بووبێ، بۆیە نالیییش وا بەدکاری پێ ئەشوبهێنێ.
دەستنووس
که دیتم (عم) و (گم) و (من): که من دیم. گوتم - ی یەکەم - (چر) و (کم) و (من): وتم. وتم. گوتم - ی دووهەم -(چر) و (چن) و (کم) و (من) و (ک) و (خب): وتم.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 409:
کە دیتم شەكڵی صەد ڕەنگی، گوتم: بابایی عەییارە
کە بیستم لەفظی بێ دەنگی، گوتم: شەیپووری شاپوورە

شەرحەکە ناڵێ «لەفظی بێ دەنگ» چۆنە و چییە. «دەم دەجووڵێنێتەوە...» وەک لە شەرحدا هاتووە نابێتە «لەفظی بێ دەنگ» مەگەر لە حاڵەتێکدا جووڵەی لێوەکە مەفهووم بێ... ڕاستییەکەی ئەم بەیتە و هی پێشووتر و دوو بەیتی دوواتر هەمووی وتووێژە لەگەڵ یاردا: شەرحەکە لەگەڵ موستەحیل خەریکە. فەرموو گوێ بگرە لە شەرحی بەیتی دوواتر:
گوتم: ڕاستی صەبا هەڵسە! گوتی مەشرەب موخالیفیە
گوتم: نارێ، گوتی: بایە، گوتم: ئەو جێ، گوتی: دوورە

بە بەدکارم وت: بەم بەیانییە «ڕاست» بە لەگەڵم، وتی ئارەزووم «موخالیف»ـی ئەوەیە لەگەڵت ڕاست بم، گوتم کەواتە «ئاگر»ی باسی پەیوەندیی خۆت و یار بنێ بە جگەرمەوە. گوتی «با»یە و ئاگرەکە بە هەموو لایەکا بڵاوە دەکا. گوتم کەواتە دوور کەوە لە یار با من بگەمە «ئەوج»ـی بەختەوەری...
6
گوتم: ڕاستی صەبا هەڵسە! گوتی: مەشرەب موخالیفیە
گوتم: نارێ، گوتی: بایە، گوتم: ئەوجێ، گوتی دوورە
لاپەڕەی 409
ڕاستی صەبا: ئیشارەتە به دوو ئاوازی مۆسیقا، (ڕاست) و (صەبا).
مەشرەب: ذەوق .
موخالیف: پێچەوانه . ئاوازێکی مۆسیقایە،
نار: ئاگر .
با (باد): سەرەڕای مەعنا دیارەکەی ئاوازێکی مۆسیقایشە .
ئەوج: چڵه‌ پۆپه . ئاوازێکی مۆسیقایە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

مەعنای ئەم بەیتەمان به یەکجاریی بۆ ڕاست نەبوەوە، بەڵام دیارە داوای ئەم ئاوازە موسیقاییانه پەیوەندی بەوەوە هەیە که بەدکار له بەیتی پێشوودا کرا به شەیپووری شاپوور، دوور نییە له (ڕاست) و (صەبا) و (موخالیف) و (نار) و (با) و (ئەوج) و (دوور) دا تەورییە هەبێ، چونکه ئاشکرایە ئەم وشانه هەموویان ناوی ئاوازی مۆسیقان، (نار) و (دوور) نەبێ، کە لەم بارەوە شتێکیان لێ نازانین، بەم پێیە ئەبێ مەعنای بەیتەکە بەم جۆرە بێ: به بەدکارم وت بەم (بەیانی) یە (ڕاست) به لەگەڵم، وتی ئارەزووم (موخالیف) ی ئەوەیە لەگەڵت ڕاست بم، وتم کەواتە (ئاگر) باسی پەیوەندی خۆت و یار بنێ به جگەرمەوە، وتی (با) یە و ئاگرەکە به هەموو لایەکا بڵاو ئەکا، وتم کەواتە دوورکەوەرەوە له یار با من بگەمه (ئەوج) ی بەختەوەریی، وتی ئەوەش (دوورە) ە.. یاخود که دیم بەدکار وەک شەیپووری شاپوور وایە، وتم مەقامێکی (ڕاست) و (صەبا) م بۆ لێدە، وتی ئارەزووم له مەقامی (موخالیف) ـە. وتم مەقامی (ئاتەش) م بۆ لێدە، وتی ئیستا کاتی مەقامی (باد) ە و (باد) و (ئاتەش) یش ناکەونەیەک. وتم مەقامی (ئەوج) م بۆ لێدە، وتی مەقامی (ئەوج) مەقامێکی (دوور) ە و نایگەیتێ.
وشەی (موخالیفیە) له هەموو نووسخەکانی بەردەستمانا به (موخالیفە) نووسرابوو، نیوە شیعرەکه بەوە لاسەنگ ئەبوو، ئێمه خۆمان کردمان به (موخالیفیە) و بەوە نیو شیعرەکەشمان ڕاست کردەوە و مەعناکەش تێک ناچێ. بەڵکو ئێمه لامان وایە له ئەسڵیشدا یا (موخالیفیە) بووە یا (موخالیفمه).
دەستنووس
دانانی (گوتم) و (گوتی) له تێکڕای ئەم بەیتەدا بەپێی تێکستی نووسخەکانی (عم) و (گم) و (عب) و (خا) یە، نسخەکانی تر له نێوان (گوتم) و (وتم) و (وتی) دا تێکەڵ و پێکەڵن. هەڵسە (عم) (کم) و (گم) (من): هەستە، بایە (چن): بادە.
7
گوتم: قوربانی تۆ من بم، گوتی: قوربانی تۆ سەگ بێ
گوتم: شیشەی دڵم ناتۆی؟ گوتی: بۆ چییە؟ مەکسوورە *
لاپەڕەی 410
ناتوێ: ناتەوێ .
مەکسوور: شکاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: به یارم وت: به قوربانت بم، کەچیی ئەوەندە دڵڕەق بوو، دڵی شکاندم و له وەڵاما وتی: سەگ به قوربانت بێ.. لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەستبەرداری نەبووم و پێشنیارم کرد که شووشەی دڵمی بدەمێ، بچێتە ناوی و ڕازیی بێ به خۆشەویستیی له دڵما جێگیر ببێ، بەڵام قایل نەبوو، وتی: تۆ دڵت شکاوە و منیش ناچمه ناو دڵی شکاوەوە.
دەستنووس
لەم بەیتەشدا دانانی (گوتم) و (گوتی) به پێی تێکستی نووسخەکانی (چر) و (عم) و (ک) و (عب) و (خا) یە. نووسخەکانی تر له نێوان (گوتم) و (وتی) و (گوتی) و (وتی) دا تێکەڵ و پێکەڵن، شیشەی دڵم ناتۆی (چن) و (ک): شیشەی دڵم بۆ تۆ. (عم) و (کم) و (گم): شیشەی دڵت ناوێ. (من) شووشەی دڵت ناوێ.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
گوتم شیشەی دڵت ناوێ. گوتی بۆچیمه مەکسورە
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
نیوەبەیتی دووهەم لە لاپەڕە 410: «گوتم: شیشەی دڵم ناتۆی» ئەم «ناتوێ»ـیە زمانی شیعر نییە. لە شەرحەکەدا تێکست هەیە دەڵێ «گوتم شیشەی دڵت ناوێ» چەند شیک و شیرینە. لە دیوانی گیویش وەها هاتووە.
8
خەراباتی دڵی «نالیی» مەفەرموو: خاڵییە، نایەم!
به مەرگی تۆ قەسەم، چاوم! به ذیکرت بەیتی مەعموورە ..
لاپەڕەی 411
خەرابات: وێرانە و کاول .
بەیتی مەعموور: ماڵی ئاوەدان . به ماڵی کەعبەیش ئەڵێن . شوێنێکیشە له ئاسمان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم بەیتە جۆرە پەیوەندییەکی به بەیتی پێشووەوە هەیە. ئەوەش لەوەوە که له بەیتی پێشوودا دڵی نالییی کرا به شووشەی شکاو، واتە وەک شوێنێکی کاول و وێرانەی لێهات. لێرەشدا نالییی، وەک بڵێی وەک بەرپەرچی قسەکه‌ی یار بداتەوە، ئەڵێ: چاوەکەم ! پێم مەفەرموو دڵت شکاو و وێرانه و خاڵییە نایەم تیا دانیشم، به مەرگی تۆ قەسەم دڵم به یادی تۆ ئاوەدانه هەرگیز یادی تۆی لێ نابڕێ، ئیتر چۆن ئەتوانیی به وێرانه‌ی ناو ببه‌ی !
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نێوان (نالییی) و (خاڵیی) دا جیناسی لاحیق و، له نێوان (خەرابات) و (مەعموور) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
خاڵییە (چر) و (عم) و (گم) و (عب) و (خا) (خب): چا نییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 411، نیوەدێڕێ دووهەم: نالی سوێند دەخوا دەڵێ:
«بە مەرگی تۆ قەسەم...» قسەشی لەگەڵ یارە. لە بەیتی قەصیدەی دیکەشی ئەم سوێندە هەیە بەڵام ڕووی لە زاهیدە و کەلێنێکی گەورەشی گرتووە لە بەیتەکەدا. تەقیەیەکی تەنک و بچووکی تێدایە کە هاتووە لە جیاتی یار، چاوی خۆی [کە هەر یارە] کردۆتە بەرمەرگ و تا ڕادەیەک چەپارەی داوە.