سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

دەستم لە گەردەنی خۆت هەڵمەگرە ئەی (حەبیبە)!

1
دەستم لە گەردەنی خۆت هەڵمەگرە ئەی (حەبیبە)!
وەبزانه خوێنی خۆمه، یا میننەتی ڕەقیبه
لاپەڕەی 394
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گیانەکەم ! ناچاری دەست بەردار بوونی خۆتم مەکه، با هەر عەوداڵ و سەودا سەرت بم، ئەمەت لا گران نەبێ کەوا من دڵداری تۆم و هەرگیز دەست له یەخەت ناکەمەوە.. خۆ تۆ منت کوشتووە و خوێنم له ئەستۆیایە، دە وابزانه ئەم دەست له یەخە نەکردنەوەشم بارێکی ترە بەسەر شانتەوە وەک گوناهی خوێنم که ڕشتووتە و له ئەستۆیایە، یا وەک ئەو منەتەی که بەدکار له بارەی منەوە ئەینێتەوە سەرت.
ئەشگونجێ مەعنای نیوە شیعری یەکەم بەم جۆرە بێ: لێم گەڕێ با دەستم هەر لە ملتا بێ.. تاد..
دەستنووس
وەبزانه (عم) و (کم) و (من): وابزانه.
2
سەر بەردەبازی ڕێتە، تەن تەختەبەندی جێتە
دڵ مەیلی خاکی پێتە، ڕۆح ماڵی خۆتە، بیبە
لاپەڕەی 395
بەردەباز: ئەو بەردەی له بوارا له ناو چەم و ڕووباری بچووکدا دائەنرێ و خەڵکی بەسەریا ئەپەڕنەوە .
تەختەبەند: شوێنی به تەختەی بە بزمار داکوتراو فەرش کرابێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەرم بۆ کردووی به بەردەباز بەسەریا بپەڕێتەوە بەرەو ئەو شوێنەی ئارەزووت لێیە. لەشیشم تەختەبەندی جێگای حەسانەوەتە.. دڵیش ئارەزووی له خاکی بەری پێتە، دەسا پێی پیا بنێ با خاکی بەری پێتی پێوە بنووسێ. گیانیش ئەوە هیی خۆتە، بیبه، چیی لێ ئەکەی بیکە..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ڕێتە) و (جێتە) و (پێتە) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
ڕێتە (چر) و (چن) و (ت) و (خا): پێتە، مەیلی ((« پەراوێزی » چر) و (عب): وێڵی. پێتە (چر) و (چن): ڕێتە.
3
تۆ شگوفتە وەردی، من مایلم به زەردیی
تۆ هەمسەرت نەسیمه، من هەمدەمم لەهیبە
لاپەڕەی 395
نەوشگوفتە وەرد: گوڵی تازە پشکووتوو .
نەسیم: شنه‌با .
لەهیب: بڵێسە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من و تۆ ئەوەندە له یەک دوورین هەر خوامان یەکه. تۆ گوڵ خونچەیەکی تازە پشکووتووی به ڕەنگ و بۆی و، منیش خەریکه زەرد ئەبم.. تۆ هاوڕێی شنه‌ی فێنکی بەیانیانی و تازە له ڕووی ژیانا ئەکرێیتەوە، منیش هەناسەی گەرمی وەک گڕەی بڵێسەی ئاگری دووریی سووتاندومی و هەڵی پڕووزاندووم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (هەمسەر) و (هەمدەم) دا تەناسوب و لەنێوان (نەسیم) و (لەهیب) دا طیباق هەیە. بەکارهێنا. ی (لەهیب) بۆ (هەمدەم) لەوەیە که هەناسەی گەرم له دەمی دڵداری گرفتارەوە دەرئەچێ. هەروەها لەنێوان (وەردی) و (زەردیی) ـشدا جیناسی لاحیق هەیە. دووریش نییە (نەسیم) تەورییەی تیابێ و ئیشارەت بێ بۆ (نەسیمی عەییار) و کینایەش بێ له بەدکار.
دەستنووس
هەمسەرت (کم) و (من) و (خا): هەمدەمت. بەڵام دووبارەکردنەوەیەکی بێجێیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەم لاپەڕە 395، نیوەبەیتی دووهەم:
تۆ هەمسەرت نەسیمە، من هەمدەمم لەهیبە

تێکستی «کم، من، خا» لە جیاتی «هەمسەرت» «هەمدەمت»ـیان نووسیوە، شەرحەکە پێی ڕازی نییە لەبەر دووبارەبوونەوەی وشەکە. بەلای منەوە هەمدەمەکە لە دوو لاوە سازترە: یەکیان کە «هەمسەر» مێرد دەگرێتەوە، دووهەمیان هەمدەمی یار نەسیمە کە هەناسەش لە دەمەوە دەردێت. لە هەمان کاتدا هەمدەمی نالی لەهیبە کە هەناسەی نالی وەها گەرمە دەڵێی لەهیبە. دووبارەبوونەوەی وشە بە پێی جێگە و هونەرێکی تێیدا بێ یا بە جێیە وەک ئەم شوێنە یا بێجێیە وەک گەلێک شوێنی تر.
4
شاهێنی دیدەبازە، مەستی شەرابی نازه
دڵدار و دڵنەوازە، دڵکێش و دڵفریبه
لاپەڕەی 396
دیدەباز: چاوکراوە و وریا، یان چاو وەک چاوی باز .
دڵنەواز: ئەوەی دڵی خەڵک بداتەوە .
دڵکێش: ئەوەی دڵی خەڵک ڕاکێشێ بۆ لای خۆی، یا له ڕێگای دڵدارییەوە دڵیان له ڕیشە بێنێ .
دڵفریب: ئەوەی دڵی دڵدار هەڵخەڵەتێنێ و گرەویدەی خۆیی بکا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار شاهینێکی وریا و چاوکراوەیە بۆ ڕاوکردنی دڵداران، یاخود چاوی وەک چاوی باز تیژه بۆ دۆزینەوە و ڕاوکردنیان، مەست و سەرخۆشی شەرابی نازداریی خۆیەتی، دڵی دڵداران لای خۆی ڕائەگرێ و دڵیان و ئەداتەوە، دڵیان کێش ئەکا بۆ لای خۆی و دڵیان هەڵئەفریوێنێ.. مەبەستی لەوەیە سەرخۆشیی کار ناکاتە سەر وریاییەکه‌ی و، خۆشیی و ناخۆشیی به دەستی خۆیەتی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (باز) و (ناز) دا جیناسی لاحیق و لەنێوان (ناز) و (نەواز) دا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
شەرابی نازە (چر): خەیاڵی تازە،
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 396 «مەستی شەرابی نازە» لە شەرحەکەدا ئەم ڕستەیەی کردۆتە کۆتایی وەصفی: مەبەستی لەوە سەرخۆشی کار ناکاتە وریاییەکەی، خۆشی و ناخۆشی بە دەست خۆیەتی.
«مەستی شەرابی نازە» وەصفێکە هەتا بڵێی دڵپەسەند و هۆشپەسەند، نایەوێ لە لاوە یاریدەی بۆ بێ تاکوو لە توانج ڕزگار بێ. ئەگەر مەستی شەرابی ترێ بووایە بارەکە دەگۆڕا. شەرحەکە وشەی دڵداری واتا لێ نەداوەتەوە: دڵدار هەم عاشق دەگرێتەوە هەم خاوەنبوونی دڵی عاشقان.
5
ئەو طیفله خورد ساله، هەرچەندە وەک غەزاله
ئەمما که هاتە نه‌خچیر شێر صەولەتی مەهیبه
لاپەڕەی 396
خوردسال: مناڵ .
غەزال: ئاسک .
نەخچیر: ڕاو .
صەولەت: هەڵمەت .
مەهیب: ترس لێکراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یاری مناڵی تازە پێگەیشتتووم، هەرچەند ناسکە وەک ئاسک، بەڵام که هاتە ڕاوکردن وەک شێر هەڵمەت ئەبا و بەسامه، یاخود بەڵام له ڕاستیدا شێرە و شێریش که هاتە ڕاوکردن هەڵمەتێکی سام لێکراوی هەیە و له چاو بەیەکادانێکا هەزارانت بۆ ڕاو ئەکات.
دەستنووس
هەرچەندە وەک: ئەمه تێکستی نوسخەی (چر) و (کم) و (گم) و (من) و (عب) ـە، نوسخەکانی تر، (خب) نەبێ که نووسیویه (بیعەینی وەک)، هەموو لەگەڵ جیاوازی شێوەی نووسینیانیشا، نووسیویانە (بِعَینْهِ). نەخچیر (کم) و (عب): نێچیر. شێر صەولەتی (چن): شێر صەولەت، که ئەمیش ئەگونجێ (صەولەتی) بێ. (عم) و (ت) و (ک) و (اح) و (خا) و (خب): شێری صەوله‌ت و. (من) شێری صەوله‌ت.
6
دڵ پەی دەکا نیگاهی سەهمی موژەی سییاهی
ڕەمزی هەموو بەڵایە، غەمزەی هەموو موصیبه
لاپەڕەی 397
پەی دەکا: پەیکردن واتە بڕینەوە . لێرەدا کینایەیە له سمین و لەتکردن .
نیگاە: تەماشا .
سەهم: تیر .
ڕەمز: ئیشارەت .
غەمزە: ئیشارەت به چاو .
موصیب: ئەوەی بپێکێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نیگا و تەماشای تیری برژانگی ڕەشی یار دڵ لەت ئەکا یا دڵ کون ئەکا. هەرچەند ئیشارەتێک ئەکا بۆ دڵدار گرفتاری بەڵایەکی ئەکا، یاخود هەرچەند بە لاچاو ئیسارەت بۆ دڵداران ئەکا و، هەرچەند نازێک ئەکا دڵی دڵداران ئەپێکێ، یاخود نازەکه‌ی مایەی بەڵا و مصیبەتە بۆ گیانی دڵداران.
دەستنووس
ئەم بەیتە و بەیتی دوایی لە (چن) دا بەرودوان.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 397، نیوەی دووهەمی: «ڕەمزی هەموو بەڵایە، غەمزەی هەموو مصیبە». دەبوو لە جیاتی «غەمزەی» بنووسێ «غەمزی» هەتا ڕێکی «ڕەمز» بێ. خۆ «غەمز» و «غەمزە» هەر یەک شتن. واتای «غەمزەی هەموو مصیبە» بە باشی لێک دراوەتەوە.
7
ئەی چاوی پڕ نەدامەت، دڵ پڕ غەم و غەرامەت
بگرێ، که وشکه‌ صۆفیی لەم فەیضە بێ نەصیبه
لاپەڕەی 397
نەدامەت: پەشیمانیی .
غەرامەت: دەرد و ئازار .
فەیض: لافاوی بەرەکەت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی چاوی گریاناویی پڕ له پەشیمانیی ! به دڵی پڕ له خەم و ئازار و دەردەوە بگریی و خۆت به بەختەوەر بزانه، چونکه ئەو گریان و خەفەتەی تۆ نیشانەی خۆشەویستییە و وشکەسۆفیی ڕیاباز لەو خێر و بەرەکەتە بێبەشە..
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە، لە شەرحی «چاوی پڕ نەدامەت» دەبوو ئیشارەت بۆ فرمێسکی ئەو چاوە بکات کاتێک کە دەڵێ «وشکە صۆفی لەم فەیضە بێ نەصیبە». فەیضەکە هی چاوەکەیە، کە صۆفیش لێی بێبەش بوو دەبێتە وشکە صۆفی چونکە تەڕ نەبووە. وشەی «غەرامەت» کە بە «دەرد و ئازار» لێک دراوەتەوە، وەک بزانم، خەسارەتە و جەزا، وەک دەڵێ: «بغرامة قدرها کذا» لە قورئانیش «ان عذاب جهنم کان غراما» واتە خەسارەتە و تێشکانە.
8
ئەی خەڵوەتیی مورائیی، بێ ڕەنگی خود نەمائیی
ڕەنگ زەردی عاشقیی به، نه‌ک زەردڕوو و شەقیی به
لاپەڕەی 397
خەڵوەتیی: ئەوەی بچێتە خەڵوەتەوە بۆ خواپەرستیی .
مورائیی: ڕیاباز .
خودنومایی: خۆدەرخستن .
زەردڕوو: شەرمەزار و ترسنۆک .
شەقیی: چارەڕەش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی سۆفیی خەڵوەتنشینی ڕیاباز.. ئەی به زۆر و ساختە خۆت به بێڕەنگ و ڕوو پیشاندەر، تا خەڵک وا بزانن له خواپەرەستیدا وا لەڕ و لاواز بوویی.. با له ڕێگای پڕ مەینەتی عەشقدا ڕەنگت زەرد ببێ، نەک له شەرمەزاریی حوزووری خوا و چارەڕەشیی ڕۆژی قیامەتدا لەبەر کردەوەی بەدت !
دەستنووس
مورائیی (چر) و (کم) و (گم) و (عب) و (اح): مورایی یا مەرایی. ئەگەر (مەرایی) بێ واتە: ئەی ئەو کەسەی بۆ مەراییکردن چوویتە خەڵوەوە، زەردڕوو و شەقیی به (چر) و (عم) و (گم): زەردیی و ڕوو شەقیی به. (چن): زەردیی و شەقیی بە. (ک) و (خا): زەرد و ڕوو شەقی به. (عب): زەرد ڕووی شەقیی به. (ت) و (من) و (خب): زەرد ڕوو و شەقیی بە، یا زەردی ڕوو شەقیی به، یا زەرد و ڕوو شەقیی به.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە نیوەبەیتی دووهەمی بەیتی سێهەمدا، لاپەڕە 397: نووسراوە «خود نومائی». زۆربەی کورد، مەگەر ئەوانەی بە ڕێکەوت یان بە موصاحەبەی فارسیزمانان، ئەم هەڵەیە دەکەن: «خودنەمائی»ـیە. هەرە زۆری کورد، ئەگەر نەڵێم هەموو، دەڵێن قیبلەنوما. لێرەدا یادێکی بە سۆز دەکەمەوە: گیانشاد هێمن کە پەناهەندە بوو لە بەغدا و بە زۆری یەکترمان دەدیت، لە بارەی فارسیزانینی نالییەوە گوتی: من خۆم بە فارسیزان دەناسم کەچی لە بەیتێکی نالی زانیم کە دەڵێ: «غەیری تەڕایی عیشق، حەرارەت نەما نەما». ئنجا زانیم غەڵەتم کردووە لە گوتن و خوێندنەوەی وشەی ئەوتۆیی وەک قیبلەنوما. شەرحەکەش دیسان، لە لاپەڕە 553 «حەرارەت نوما»ی نووسیوە وەک پێشتر کردبووی.
9
«نالیی» لەبی (حەبیبه) هەم طیب و هەم طەبیبه
خولاصەیی لەبیبه، فەرمانبەری لەبی به
لاپەڕەی 398
لەب: لێو .
طیب: شتی بۆن خۆش .
طەبیب: پزیشک، مەبەست لێی دەرمانه به مەجاز .
له‌بیب: عاقڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی ! لێوی (حەبیبە) هەم بۆنی خۆشە و شایانی بۆن پێوە کردنه وەک گوڵ و، هەم دەرمانیشە شایانی ئەوەیه بمژرێ و بخورێ وەکوو دەرمان.. ئەو خولاصەیەیە که بەسە بۆ پیاوی عاقڵ بۆ تێگەیشتن وەک عەرەب ئەڵێن « ﺍﻟﻟَّﺒﭕﺐ ﹸ تَكفِيهِ الأشارة » یا وەک کورد ئەڵێن: مشتێ نموونەی خەروارێکه.. کەواتە مادەم لێوی بەم جۆرە بێ، بڕۆ ببه به قوربانی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (حەبیب) و (طەبیب) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (طیب) و (طەبیب‌) دا جیناسی ناقیص و، لەنێوان (لەبیبە) و (لەبی بە) دا جیناسی تەرکیب هەیه. خولاصەیی (چر) و (ک): خولاصەیی و خولاصەوو.
دەستنووس
هەموو نوسخەکانی تر: خولاصەوو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 398، نیوەدێڕی دووهەم:
خولاصەیی لەبیبە، فەرمانبەری لەبی بە

«خولاصە و لەبیبە» بە پێی شەرحەکە هەموو نوسخەکان، دوو نەبێ، لەگەڵ ئەمیانن نەک پەسەندکراوی شەرحەکە. لە وشەی «خولاصە» شەرحەکەش لەگەڵ هەمووانە کە دەکاتە پاڵاوتە. گۆیا ئەم خولاصەیە بۆ پیاوی عاقل بەسە لە شتان بگات... ئەم واتایە هی ناچاری نەبێ، وەرناگیرێ. لێرەشدا ناچاری نییە چونکە وەصفی «لەبیب» لە بۆ «لەب – لێو» بچێتەوە بێ تەئویل مەدحە کەچی دەقی بژاردەی شەرحەکە خەلقی دیکە دەکا بە «لەبیب» و لەوانەوە شایەدی بۆ یار دەردەچێت. کە لێوەکە خولاصە و لەبیب بوو جێی خۆیەتی نالی فەرمانبەری لەبی لەبیبی یار بێت. شەرحەکە لە جیاتی «فەرمانبەری لەبی بە» «بڕۆ ببە بە قوربانی» داناوە و بێ لزووم لە واتای ئاشکرا و شیرنتری شیعرەکە لای داوە.