سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

شەوی یەلدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو

1
شەوی یەلدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو
که دیدەم دوور له تۆ بێ نوورە ئەمشەو؟!
لاپەڕەی 387
یەلدا: وشەیەکی سەریانییە واتە لەدایکبوون، درێژترین شەوی ساڵە کە دوا شەوی دوا مانگی پایزە . بۆیە وا ناونراوە چونکه حەزەرەتی عیسا لەو شەوەدا له دایک بووە .
دەیجوور: شەوی زۆر تاریک و درێژ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەمشەو لەبەر دووریی له تۆ، چاوم ترووسکایی تیا نییە، یاخود: یاخوا حاڵی وا له تۆ بەدوور بێ، من ئەمشەو چاوم ترووسکایی تیا نییە، نازانم ئەمشەو شەوی یەلدایە، وا هەر نابڕێتەوە، یاخود شەوی دەیجوورە وا ئەوەندە تاریک و نووتەکە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (دوور) و (نوور) دا جیناس هەیە.
دەستنووس
ئەمشەو - له هەموو بەیتەکاندا - (عز): ئیمشەو.
ئەم پارچە شیعرە له نوسخەکانی (چر) و (چن) و (گم) و (مز) و (عز) و (اح) و (خا) دا هەیە و دراوەتە پاڵ نالییی. لە نوسخەی (ت) یشدا هەیە و نۆ بەیتە و دراوەتە پاڵ (کوردیی)، هەروەها له نوسخەکەی چاپی (کم) ی دیوانی کوردییشدا. چواربەیتی یەکەمی ئەم پارچەیە له هەموو نوسخەکاندا هەیە، بەیتی شەشەمی تەنها له (چر) و (مز) و (اح) و (خا) دا هەیە. بەیتی شەشەمی تەنها له (چر) و (اح) و (خا) دا هەیە. بەیتی حەوتەمیشی تەنها له (چن) و (گم) و (عز) دا هەیە.
د، مارف خەزنەداریش، پشت به دیوانە لهچاپدراوەکه‌ی کوردیی، به هیی کوردیی داناوە (بڕوانەرە: د، مارف خەزنەدار، گۆڤاری ڕۆژی کوردستان، ژمارەی ٣٤ی کانوونی یەکه‌می ١٩٧٥ و کانوونی دووهەمی ١٩٧٦، ل٣٤). بەڵام ئێمه به شیعری نالییی ئەزانین و لامان وایە لەبەرەوە کراوە به هیی کوردیی، چونکه کوردیی چەند پارچەیەکی تری لەم هەوایە‌ی هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
غەزەلی «شەوی یەلدایە»ی لاپەڕە 387–390، پتر بە لای «کوردی»ـدا دەچێتەوە،
2
دڵم وەک حاکمی مەعزووله، قوربان!
خەڵاتی وەصڵی تۆی مەنظوورە ئەمشەو
لاپەڕەی 388
مەعزوول: عەزڵکراو و لەکار خراو .
مەنظوور: مەبەست .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دڵەکەی لە تەخت و تاجی گەیشتن بە تۆ دوور خراوەم، وەک فەرمانداری لەکارخراو وایە. چۆن ئەو هەمیشە بەتەمای ئەوەیە بیگێڕنەوە بۆ سەر کارەکەی و خەڵاتیشی بکەن، ئەمیش هەر به تەمای ئەوەیە به خەڵاتی گەیشتن گەیشتن به تۆ شاد ببێتەوە.
دەستنووس
حاکمی (مز): حاڵەکەم. مەعزووله (چر) و (اح) و (خا): مەعدوورە.
(مز) مەعذوورە یا مەغدوورە، (عز): مەغروورە. تۆی (چن) و (گم): تۆ.
3
دڵیش مایل به دیدەی تۆیە، بۆیە
لە من وەحشیی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو
لاپەڕەی 388
دیدە: دیتن .
ڕەمیدە: هەڵاتوو، ڕاکردوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دڵیشم حەزی له بینینی چاوە جوانەکانی تۆیە، بۆیە وا ئەمشەو لە من کێویی بووە و ڕای کردووە، بۆ لای تۆ و خۆم بێ دڵ ماومەتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (تۆیە) و (بۆیە) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
دڵیش (مز): دڵم. وەحشیی و ڕەمیدە و (چر) و (مز): وەحشی ڕەمیدە. (اح) و (خا): وەحشی ڕەمیدەی.
4
که تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان،
چ باکم قەیصەر و فەغفوورە ئەمشەو؟!
لاپەڕەی 389
کەچکولاە: کڵاولار .
قەیصەر: لەقەبی پادشاهانی ڕۆم و ڕووس بووە .
فەغفوور: لەقەبی پادشاهانی چین بووە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: که تۆ بووی به پادشای کڵاو بەفیزەوە لار لەسەر ناوی شۆخانی چاومەست، ئیتر من هیچ پادشایەکی ترم لەم دنیایەدا مەبەست نییە و گوێ به کەسیان نادەم.
دەستنووس
کەچ‌کولاهی (گم) و (عز): کەچ‌کڵاو و. (مز): کولاە و.
5
لە خەو هەڵساوە، یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە، یا مەخموورە، ئەمشەو؟
لاپەڕەی 389
مەخموور: مەست .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئازیز ! تازە لە خەو هەستاویت وا تووڕەیت و چاوت ئاگرت لێ ئەبارێ، یا نه چاوت ئاڵۆزە؟ چاوت هەمیشە وایە و وا تیژ و توند ئەڕوانێتە دڵداران، یا خود ئەمشەو سەرخۆش و مەستە؟
دەستنووس
هەڵساوە (« پەراوێزی » چر): هەڵساوی.
6
سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ
جێگەم سەر دارەکەی (مەنصور) ە ئەمشەو
لاپەڕەی 389
مەن ص وور: حوسەینی کوڕی مەنصووری حەللاج، یەکێکه له خواناسانی بەناوبانگی سەدەی سێهەمی کۆچیی . که وەجدی صۆفییانه ئەیگرت دەستی ئەکرد به هاواری (انا الحقّ)). سەرنجام لەسەر قسەی مەلاکانی بەغدا گیرا و هەشت ساڵ خرایە بەندیخانه‌وە، له سەردەمی خەلیفە ئەلموقتەدیری عەبباسیدا له زیندان هێنایانه دەرەوە و هەزار داریان لێدا و هەردوو قاچیان بڕییەوە و لاشەکەشیان سووتاند، ئەڵێن گوایە که خوێنەکەشی ئەڕۆیشت ڕستەی (انا الحقّ)) ی ئەنووسیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئازیز ! به جۆرێ گەیشتوومەتە حاڵه‌تی (وەحدة الوجود) و لەگەڵ تۆدا بووم بەیەک، فرمێسکم که له چاوم ئەڕوا، نەخشی چاوی تۆ ئەکێشێ، وەک چۆن خوێنی حەللاج ڕستەی (انا الحق) ی ئەنووسیی، بۆیە وادیارە سەرەنجامی منیش وەک هیی ئەو ئەبێ و، چۆن ئەویان لەسەر ئیددعای (وحدة الوجود) لەگەڵ خوادا لەسەر تەختە ڕاکێشا و دارکارییان کرد و دەست و قاچیان بڕییەوە، منیش هەر وا لێ ئەکه‌ن.
دەستنووس
چاوی (« پەراوێزی » چر): ناوی. جێگەم (اح) و (خا): جێگام.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سێهەمی لاپەڕە 389، وشەی سەرەتای نیوەی دووهەمی بەیتەکە «جێگەم» لەگەڵ تەفعیلەی وەزنی بەحرەکە نەسازە و نەختێکی هەناسەسوار کردووە، ئەگەر «مەکانم» بوایە و «سەردارەکەی» کرابایە «دارەکەی» بێ قۆرت دەبوو: فەرموو تاقیان بکەوە:
جێگەم سەردارەکەی مەنصوورە ئەمشەو
مەکانم دارەکەی مەنصوورە ئەمشەو

وەک لە ڕووپەڕەکانی بەراییدا دیتمان، گەلێ جار «تێدا» بەیتی عەیبدار کردووە. شیعر جۆگەلێدان و فووتبۆڵ نییە: شیعر نەقش و نیگارە، یەک تەقەڵی ناجۆر تێیدا زەق دەنوێنێ. تابلۆی بابایەکی نیگارکێش یەک حەرەکەی فرچەی بێجێی تێدابێ دە پلەی دادەبەزێنێ. مەزموونی شیعر هەرچییەک بێ، لایەنی هونەرەکەی داڕشتنی ناشێ کەمترین عەیبی پێوە بێ.
7
موسڵمانان دەپرسن حاڵی «نالیی»
له کونجی بێکەسیی مەهجوورە ئەمشەو
لاپەڕەی 390
مەهجوور: خراوە لاوە و پشتگوێ خراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

پەراوێزی مامۆستا هێمن
ئەمنیش پێم وایه ئەم ‌غەزەله‌ وەک شیعری کوردی پتر دەچێ تا نالییی چونکه کوردی شیعری (سهل ممتنع) ی کوتوە و ئەو غەزەلەش له شیعرەکانی نای هاسان‌ ترە، بەڵام زۆریش جوان و بەرزە. له‌ بەیتی شەشەمدا جێگەم کێشی شیعرە قورس‌ دەکا ئی نالییی بێ و چ ئی کوردی هیچ کامیان لەوانه‌ نەبوون. کێشی شیعریان قورس بێ که وا بوو نابێ (جێگەم) بێ. دیارە هەقم نیە شیعرەکه بگۆڕم، بەڵام بۆم هەیە بڵێم ڕەنگه میسرەعەکە ئاوابێ.
(که جێم سەر دارەکه‌ی مەنسوورە ئەمشەو)