سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

زولفت که لەسەر ڕوو به خەم و تابشە ئەمڕۆ،

1
زولفت که لەسەر ڕوو به خەم و تابشە ئەمڕۆ،
دوودی سییەهی عوودە لەسەر عاریضی پشکۆ
لاپەڕەی 384
خەم: پێچ و لوول،
تابش: تاو، گەرمیی، تین .
دوود: دووکەڵ
سییەهـ: ڕەش .
عوود: دارێکی بۆنخۆشە ئەیسووتێنن بۆئەوەی بۆن بداتەوە .
عاریض: ڕوومەت، کوڵم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زوڵفت که ئەمڕۆ بەسەر ڕووتەوە لوولی خواردووە و شەوقی ڕووت له‌ناو تاڵەکانیەوە دیارە و به تینی خۆی ئاگر بەرئەداتە دڵی دڵدار و بۆنی خۆشی لێوە بڵاو ئەبێتەوە، وەک دووکەڵی داری ڕەشی بۆنخۆشی عوود وایه که خرابێتە سەر ئاگر و بسووتی و ئاگرەکه شەوق بداتەوە و بۆنی عوودەکە بەملا و بەولادا بڵاو ببێتەوە.
نالییی لەم بەیتەدا شێوەی تەشبیهی مورەککەبی بەکارهێناوە.
دەستنووس
زولفت (عب): زوڵفی، ئەمڕۆ (عب): ئیمڕۆ.
2
دەستم که به صەد وەعدە له صەد جێگە شکاو،
جەبری نییە ئەم کەسرە هەتا نەیخەیە ئەستۆ
لاپەڕەی 385
جەبر: گرتنەوەی شکستە .
کەسر: شکان، شکستە .
ئەستۆ: گەردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەستم له صەد کاتی جیا جیادا، هەر کاتی له شوێنێکدا، شکاوە. ئەم شکاوییانەش چاک نابنەوە تا پاش گرتنەوەیان بۆ ماوەیەک دەستم نه‌کەمه ‌ملم و و به ملمیدا هەڵناواسم.
ئەمە مەعنا دیارییەکی بەیتەکەیە. بەڵام نالییی ئەم مەعنا دیارییەی تەنها وەک ڕێگایەک پێویستە بۆ گەیاندنی مەعنای مەبەستی ڕاستەقینه. دەست شکان له کوردیدا کینایەیە له ئاوات نەهاتنه‌دیی و نائومێدبوون. نالییی ئەیەوێ بڵێ یار صەد جار گفتی دامێ و هیچ جارێکیان گفتەکەی خۆی نەهێنایەدیی و بەوە دەستم لە صەد لاوە شکاوە.. ئەنجا به خۆی ئەڵێ: تا دەستت به ملی یاردا هەڵنەواسیی و دەست به ملی، شکستەکانی دەستت چاک نابنەوە و ئاواتت نایەتەدیی.
ئەشگونجێ شاعیر ڕاستەوخۆ به یار بڵێ دەستی شکاوم چاک نابێتەوە تا تۆ به ملی خۆتیا هەڵنەواسیی و نەیکەیتە ملت.. بەم پێیە زیادەڕەوییەکی وردی تیا ئەبێ، چونکه وا ئەگەیەنێ خەڵکی که دەستیان ئەشکێ ئەیکەنە ملی خۆیان، بەڵام دەستی شکاوی من تا یار خۆی نەیکاتە ملی خۆی، چاک نابێتەوە و ناگیرسێتەوە !،
لێکدانەوەی ئەدەبی
بەم جۆرە دەرکەوت لەم بەیتەدا تەورییەیەکی زۆر جوان هەیە. هەروەها لەنێوان (جەبر) و (کەسر) یشدا طیباق هەیە.
دەستنووس
که به صەد وەعدە له صەد جێگە (کم): له سەد جێگە به سەد وەعدە.
لەم نوسخەیەدا (کە) یەک بەسەر (له سەد) ەکەوە ناتەواوە. (گم): که به سەد وەعدە له سەد لاوە. (من): که له سەد جێوە به سەد وەعدە. نەیخەیه (چر) و (کم) و (گم): نەیخەمه. (عب): نەیخەنه‌.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست بەیتی لاپەڕە 385:
دەستم کە بە صەد وەعدە لە صەد جێگە شکاوە،
جەبری نییە ئەم کەسرە هەتا نەیخەیە ئەستۆ

نوسخە هەن لە تێکستەکانی شەرحەکە «نەیخەیە»ی نووسیوە، هەیشە «نەیخەمە»ی پەسەند کردووە. منیش هەر ئەوەندەم پێ دەکرێ بڵێم: نازانم کامیان پەسەند بکەم چونکە «نەیخەیە ئەستۆ» سەرەڕای مەعنای گشتیی وشەکە بۆ هەموو شکستێک کە هەڵبەسترێتەوە، خیطاب لەگەڵ یار کە خۆی یار دەستەکەی نالی بخاتە ملی خۆیەوە زێدە چەژێک هەیە تێیدا بەدەست ناکەوێت، لە لایەکی دیکەشەوە «هەتا نەیخەمە ئەستۆ» جارێکیان «خستنە ملی خۆ» کە ئەمە عادەتی دەست هەڵبەستنەوەیە ڕادەگەیەنێ، جارێکیشیان نالی دەستی خۆی بخاتە ملی یارەوە کوڵی دڵەکەی دادەمرکێنێ... خۆزی هەردوو تێکست وێکڕا جێیان دەبۆوە. فارس گوتی:
ندانم گر بگیرم جام بگوذارم کودا مینرا
3
خاڵت چییە؟ دانەی گەنمی جەننەتی ڕووتە
چاوت چییە؟ فیتنەی حەرەمی قیبله‌یی ئەبرۆ
لاپەڕەی 386
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕومەتت بەهەشتە و، خاڵه‌که‌ی سەر گۆناشت ئەو دەنکه گەنمه‌یە که حەزرەتی ئادەم له بەهەشتدا خواردی و لەسەر ئەوە له بەهەشت دەرکرا. بۆیە هەر کەس دەست بۆ خاڵی سەر گۆنات بەرێ، دەری ئەکەی و له دیداری بەهەشتی ڕوومەتتی بێبەش ئەکەی و ئەیخەیخەیتە خوارەوە بۆ زەویی بەر پێت.. برۆیشت قیبله‌یه و، چاویشت مایەی له دین لادان تاقیی کردنەوەی ئەو کەسانەیە دێن بۆ زیارەتی حەرەمی قیبله‌ی برۆت، پێویستە ئاگایان له خۆیان بێ چاوت مەست و سەر خۆشیان نەکا تا لەبەری زیارەت و عتیبادەتەکەیان بێبەش نەبن..
دەستنووس
نیوەی یەکەمی ئەم بەیتە له سەر گوزەشتە‌کەی ئادەمەوە وەرگیراوە. چییەی یەکەم و دووهەم (عب) بووە. گەنمی جەننەتی ڕووتە (چر) و (کم) و (ک) عب) و (اح): گەنمی جەننەتی ڕوومەت، (ت) و (خا): گەنم و جەننەتە ڕوومەت.
4
شەو بۆیی سەری سونبولی زوڵفت له سەری دام
ئێستەش سەرەکەم مەستە لەبەر نەشئەیی شەوبۆ!
لاپەڕەی 386
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: به شەو بۆنی سەری زوڵفی وەک سونبول تاڵ تاڵ و بۆنخۆشت دای له سەرم. لەو وەختەوە تائیستا سەرم مەست و سەرخۆشی بۆنی ئەو گوڵی شەوبۆی زوڵفتەیە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە بەکارهێنانی وشەی (سەر) دا به سێ مەعنای به‌دیمەن لەیەک جیاواز ئیشتراک و، له وشەکانیاندا جیناسی تەواو و، لەنێوان (شەو بۆیی) و (شەوبۆ) دا جیناسی تەرکیب هەیە.
دەستنووس
ئیستەش سەرەکەم (چن): ئیستەیشە سەرم. (عم) و (کم) و (ک) و (اح) و (خا): ئیستەیش سەرەکەم.
5
نەمبیستووە هەرگیز له دەمت بێنی وەفایێ
هەرچەندە سەراپا گوڵی، ئەمما گوڵی هێرۆ
لاپەڕەی 386
بێن: بۆن .
گوڵی هێرۆ: گوڵێکه‌ ڕیشەی به ناخی زەویدا ئەچێتە خوارەوە و هەمیشە لەو شوێنەیدا ئەڕوێتەوە، بۆنی هیچ نییه‌، بەڵام به دیمەن زۆر جوانه، گوڵه‌ هەرمەڵه‌شی پێ ئەڵێن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرگیز بۆنی وەفام له دەمت نه‌بیستووە. بۆیە تۆ هەرچەند لەناو جواناندا گوڵی، بەڵام گوڵه‌ هێرۆی که بۆنی نییە.
دەستنووس
ئەم بەیتە تەنها له نوسخەکه‌ی (ک) دا هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕەی 386 بەیتی سێهەم:
نەمبیستووە هەرگیز لە دەمت بێنی وەفایێ
هەرچەند سەراپا گوڵی، ئەمما گوڵی هێرۆ

خزم نییە لەگەڵ بەیتەکانی دیکە بە تایبەتی بەیتی پێش خۆی کە گوتی:
شەوبۆیی سەری سونبولی زوڵفت لەسەری دام
ئێستەش سەرەکەم مەستە لەبەر نەشئەیی شەوبۆ!

بێنی دەم و زاریش ئەگەر تێیدا بە تەقیە نەبێت و لایەنی چاکەی تێدا خەست نەبووبێتەوە بە عەیب دەڕوات. بیستنی «بێن»ـی لە دەمەوە تەعبیرێکی فارسییە هاتۆتە سەر کوردی چونکە لە فارسیدا «شنیدن» بۆ بیستن و بێنکردن دێت. شەرحەکەش دەڵێ تەنها لە نوسخەی «ک» ئەم بەیتە هەیە. ڕەنگە خێرخوازێکی نەختێک شارەزای شێوازی نالی و بە هاندەری قافیەی «هێرۆ» ئەم بەخشەندەییەی کردبێ.
6
قوربان وەرە تا ئەم غەزەله تازە لەبەر کەین
عیزز و شەرەفی «نالیی» به تەشریفی قەدی تۆ
لاپەڕەی 387
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە قوربان. وەرە با ئەم غەزەله لەبەرکەین که تازە دامناوە و پێکەوە بیخوێنینەوە، چونکه هاتنی تۆ بۆ لەبەرکردن و خوێندنەوەی ئەم غەزەله‌ مایەی شان و شکۆ و سەربەرزییە بۆ نالییی.
یاخود نالییی هاتووە غەزەله‌ شیعرەکەی شوپهاندووە به غەزەلی قوماش و، خویندنەوەی غەزەلەکه‌ی به باڵای یارا شوبهاندووە بەوە که قوماشی غەزەل بکاتە بەری قەد و باڵای.
دەستنووس
لەبەرکەین (گم) و (من): لەبەرکەی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی کۆتایی غەزەلەکە «تازە لەبەر کەین» دەبێ «... لەبەرکەی» بگوترێ چونکە نالی لەبەریەتی.