سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ

1
نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ
نەچم، شەرط بێ، هەتا ئەم خوارە بێ تۆ
لاپەڕەی 380
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە ئەڵێ من ئەمجارە بێ تۆ نەمردم، بەڵام ئەوەندە دەردی بێ تۆییم چێشت تۆبەی لەوە پێ کردم که بێ تۆ به هیچ کوێیەک بڕۆم، مەرج بێ جارێکی تر بێ تۆ تەنانەت تا ئەو خوارەش نەچم.
دەستنووس
ئەم خوارە (چر) و (چن) و (عم) و (مز) و (عب) و (من) و (خا): ئەو خوارە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سێهەمی لاپەڕە 380دا نالی کە دەڵێ:
نەمردم من ئەگەر ئەم جارە بێ تۆ
نەچم، شەرط بێ، هەتا ئەم خوارە بێ تۆ

مەبەسی نییە کەوا ئەم جارە نەمردووە، وەک شەرحەکە بە سەهوو بۆی چووە، مەبەسی ئەوەیە بڵێ، بە مەرجێک کە نەمرم ئەم جارە، شەرطە نەچم هەتا ئەم خوارە... کێ دەڵێ لەم جارەدا نامرێ! بە فکری من «ئەم خوارە» تەپکەیەکی تێدایە و بۆی ناچم... خەیاڵێکی چرووک دێتە وەهمم لە خوێنەری ناشارمەوە و پێشیەوە شەرمەندەم: دەڵێم ئەگەر «ئەم خوارە بێ تۆ» هەڵوەشێنین و بڕبڕی بکەین، لە پێشەوە «ئەمخوا» دێت و بە کورتکراوی «ئەمخوازێ»ـی دانێین. دەمێنێتەوە «ڕەبی تۆ» بە واتای «خوای تۆ» دێت. نالی «بێ تۆ»ی «بی تو» نووسیوە. واتای بەیتەکە وەهای لێ دێ: نەڕۆم شەرت بێ هەتا خوا دەمباتەوە بۆخۆی... کە ئەمەم بە خوێنەر گەیاند با شتێکی دیکەی بچووکی بەیتی پێشووشی پێ بگەیەنم. نالی کە دەڵێ «بە بێ دیداری تۆ خۆ لاڵە نالی» وشەی لاڵەی وەک «لالە» نووسیوە. لالە گوڵێکە لێرەدا تەناسوبی هەیە لەگەڵ دیداری یار، کە ئەویش گوڵە.
2
دەروونم خاڵییە، وەک نەی دەناڵێ
هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ!
لاپەڕەی 381
نەی: قامیش، شمشاڵ .
هەوار: نشینگەی هاوین و زستانی کۆچەرییەکان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک قامیشێ که گرێکانی ناوی لابراین و کرابێ به شمشاڵ و شمشاڵی پێ لێ بدرێ و بناڵێنێ، دەروونی له غەیری یادی تۆ خاڵیی منیش هەر هاوار و ناڵه‌یەتی، لەپاش ڕۆیشتنی تۆ وەک هەوارێکی چۆڵی لێ هاتووە، تەنها هاواری منی تیایە به دوای تۆدا.
وردەکارییەکی جوان لەم بەیتەدا هەیە که ئەوەتە نالییی هەواری شوبهاندووە به ئەشکەوتێکی چۆڵ، له کاتێکا که هەوار یا شاخێكی وشک و ڕەقی بەرز یا دەشتیکی کاکی بە کاکییە و، دایناوە کەوا ئەم ئەشکەوتە بەتەنها دەنگی هاواری خۆی پڕ بووە، له کاتێکا که له دەنگی بابردووی خۆی بەولاوە هیچ نییە و هیچ کوێیەکیش نییە دەنگ پڕی بکاتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (خاڵی) و (پڕ) دا طیباق و، لەنێوان (هەوار) و (هاوار) یشدا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
هەوارێکی (چر) و (ت) و (مز): هەوارێکه.
3
بیناییم کوێرە، هەڵنایێ به ڕووی کەس
موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە بێ تۆ
لاپەڕەی 381
موژه: برژانگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بێ دیتنی دیداری تۆ چاوم کوێرە و به چاوپێکەوتنی ڕووی کەسی تر هەڵنایەت.. برژانگەکانم ئەڵێی بزمارن به چاومدا چەقیون و ناهێڵن چاو هەڵێنم.
دەستنووس
بزمارە (ک) و (« پەراوێزی » خا): بسمارە.
ئەم بەیتە له نوسخەی (خا) دا پێنجەم بەیت و له (کم) و (گم) و (عب) و (من) و (خب) دا شەشەم بەیتە به گوێرەی ژمارەی بەیتەکان لێرەدا.
4
هەموو ئەعضایی ناڵینم دەناڵێ
سەراپام میثلی مۆسیقارە بێ تۆ
لاپەڕەی 382
مۆسیقا: سازێکی سێ سووچه له قامیشی گەورە و بچووک دروستی ئەکەن . وتراویشە کەوا ناوی پەلەوەرێکە کونی زۆر له دەنووکیدا هەیە، ئاوازی جۆراوجۆر لەو کونانەوە دەرئەچێ . ئەم مەعنای دووهەمه بۆ ئێرە زۆر لەبارە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچی بەشێکی لەشم هەیە که لەوانەبێ ناڵەی لێوە بێ، له تاو دووریی تۆ ئەناڵێنێ، هەموو گیانم وەک دەنووکی پەلەورەی (مۆسیقار) ی لێ هاتووە و لەبەر بێ تۆیی ناڵه‌ی لێوە دێ.
ئەم بەیتە تەنها له کۆمەڵه‌ دەستنووسێکی بنەماڵه‌ی موفتیی هەڵەبجەدا‌ هەبوو که دوو پارچە شیعری نالیییشی تیا بوو یەکێکیان ئەم پارچەیە بوو، شێخ موحەممەد عەلیی قەرەداخیی پیشانی داین. (له پێشەکییەکەدا به درێژی باسی ئەم دەسنووسانه‌ کراوە).
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 382: «هەموو ئەعضایی ناڵینم دەناڵێ، سەراپام میثلی مۆسیقارە...»! دەبێ بە بیروڕای سەرلەبەری نالیدۆستان لە دیوانەکەی بسڕێتەوە... نالی گاڵتە بە خۆی ناکات. شەرحەکە بە هی نالی داناوە، دەشڵێ لە تەنها دەسنووسێکدا دیتوومانە. مۆسیقاشی شەرح کردووە لە جیاتی مۆسیقار. بۆ مۆسیقا دووانی داناوە بەکەڵک بێن یەکیان سازێکی لە قامیش دروستکراو و ئەوی دیکەش گۆیا پەلەوەرێکە کونی زۆر لە دەندووکیدا هەیە: ئاخر بڵێم چی و چۆن نەڵێم بەنیادەم هەر سێ شوێنی هەیە ئاوازی لێ دەرچێت... مۆسیقار مۆسیقاسازە و وشەکەش تازەیە.
5
قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکەت
شەرابم عەینی ژەهری مارە بێ تۆ
لاپەڕەی 382
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: قەسەم به شەربەتی شیرینی دیداری پاکت، بەهۆی بێ تۆییەوە هەر شەربەتێ ئەخۆمەوە له دەمما وەک ژەهری مار وایە، یا له تاڵیی دووریی تۆ وەک ژاری مار بخۆمەوە وام.
نالییی ئەم بەیتەی زۆر جوان هێناوەتەوە که سوێن پێخوراو و سوێن لەسەرخوراو هەردووکیان له یەک بابەتن و دژی یەکیشن: شەرابی وەصڵی یار که له هەموو شەرابێک شیرینترە و، ژەهری مار که له تاڵیدا هاوتای نییە.
دەستنووس
زەهری (چر): ژاری. (گم): ژەهری.
6
لە کن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لەکن من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ
لاپەڕەی 382
خار: دڕک .
خەس: وشتر خوار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ ئەوەندە له من بێزاری، ئەگەر لەسەر دڕک و داڵ و وشترخواریش دابنیشیی، مادەم منت لانەبێ، به گوڵزاری ئەزانیی.. منیش ئەوەندە حەزم له تۆیە و ئارەزوومەندی نزیکیتم، مادەم له تۆوە دوور بم، خەرمانی گوڵیشم بەلاوە دڕکه. مەبەستی لەوەیە بێ تۆ خەرمانێک گوڵ دەنکه دڕکێک ناهێنێ لام، یا لەسەر گوڵ دانیشتنیشم لا وەک لەسەر دڕک دانیشتنه.
ئەم بەیتە له نوسخەی (خا) دا نییە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نێوان (تۆ) و (من) و، (خار) و (گوڵ) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
لەکن (چر) و (کم) و (گم) و (من): لەلای.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
دەکرێ بڵێین (خوار) به مانای سووک و هیچ و پووچیشی له پێشچاو بووبی بۆیە مامۆستا ئیشارەتی پێ نەکردوه، چونکه مەلا فارسیزانەکانمان (واو) ەکەی دەخوێننەوە پێ وا بوە (خوار) کێش و قافیەی شیعرەکە تێک دەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 382، سەرەتای نیوەی یەکەم و دووهەمی و سەرەتای بەیتی دووا خۆشیەوە بە «لە کن» دەست پێ دەکا. لە دیوانی گیودا نیوەی یەکەمی بەیتەکە بە «لە کن» دەست پێ دەکا، بە پێی سەرەتای دوو نیوەبەیتەکانی دیکە بە «لە لای» دەست پێ دەکات، بە پێی ئەوەی کە چوار تێکستی ناو شەرحەکەش بۆ هەردوو بەیت «لە لای»ـیان نووسیوە باوەڕ دەکەم هەمووی هەر «لە لای» بێ. هەر نەبێ مۆسیقاکەی سازگارترە. وشەی «خەس» لە بەیتی سێهەمی لاپەڕە 382 بە «وشترخوار» لێک دراوەتەوە، ئەم ڕووەکە لە بەری سۆران «حوشترالووک»ـی پێ دەڵێن واتە، حوشتر ئالیک
7
لەکن من با وجوودی ناس و ئەجناس
کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ
لاپەڕەی 383
ناس: خەڵک،
ئەجناس: هەموو جۆر و ڕەگەزێک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من بە ڕادەیەک هەموو دنیا هەمووی له تۆدا ئەبینم. لام وایە ئەم شارە لەگەڵ ئەم هەموو خەڵکە زۆرەی تیایەتی له
هەموو جۆر و ڕەگەزێک، مادام تۆی تیا نیت، کەسی تێدا نییە و چۆڵ و وێرانەیە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نێوان (با وجوودی ناس و ئەجناس) و (کەسی تێدا نییە) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
لەکن (عم و (گم) و (ت) و (مز) و (اح): لەلای.
ئەم بەیتە له (عب) و (خا) و (خب) دا له پاش بەیتی نۆهەمی ئێرەوەیە و، له (کم) و (گم) و (من) یشدا له پاش بەیتی سێهەمی ئێرەوەیە.
8
هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون
ئەمێستا موو به مووم ئەغیارە بێ تۆ
لاپەڕەی 383
ئاشنا: ناسیاو .
ئەغیار: بێگانه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا تۆ ئاشنام بووی به چاوێکی گەش و ڕوونەوە سەیری دنیام ئەکرد و هەرچیی لەم شارەدا هەیە (که له‌ بەیتی پێشوودا باسی کردن) هەموو ئاشنام بوون و بەهۆی دڵی شادمەوە لەگەڵ ئەو هەموو خەڵکەدا هەڵئەستام و دائەنیشتم. بەڵام ئێستا کە تۆ نەماوی و ڕۆیشتووی، له گیانی خۆم بێزار بووم و گوێ نادەمە هیچ شتیک و هیچ کەسێک، تەنانەت مووبهمووی لەشی خۆیشم لا بووەتە بێگانه..
ئەشگونجێ مەعنای نیوەی یەکەمی بەیتەکە بەم جۆرە بێ: تا تۆ ئاشنام بووی، ئاشنام هەبوو..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بووی) و (بۆ‌ن‌) دا جیناسی لاحیق و، لەنێوان (ئاشنا) و (ئەغیار) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
ئاشنام بوون (عم) و (ک) و (خا): ئاشنا بوون. (عب) ئاشنا بووم. مووبەمووم (چر) و (عم) و (ت) و (مز): مووبەموو. ئەم بەیتە لە (کم) و (من) دا نییە.
دانانی ئەم بەیتە لەم شوێنەدا به گوێرەی نوسخەی (چر) ە. نوسخەکانی تر لەگەڵ بەیتی پاشەوەدا بەرودوایان داناون.
9
هەموو ڕۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ
لاپەڕەی 384
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو دوورییەی تۆ که ئەمساڵ من ئەچێژم، کارێکی پێ کردووم هەموو ڕۆژی خۆزگەی ئەوە ئەخوازم که پێرار بمردمایە.
نالییی لەم بەیتەدا بەوەشەوە دانەکەوتووە، وەک خەڵک، بڵێ: ساڵ به ساڵ خۆزگەم به پار.. بەڵکوو به خۆزگە به پێراریشەوە دانەکەوتووە، ئاواتی مەرگی پێراری خواستووە.. خۆشەویستیی بەم جۆرە بەهێز نەبێ چیی پێ‌ ئەڵێن !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ئەمساڵ) و (پێرار) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
تەمەننای (عب): تەمەننا.
10
له حەسرەت سەروی قەددت چاوی «نالیی»
دو جۆگه، بەڵکوو دوو ڕووبارە بێ تۆ
لاپەڕەی 384
قەددت: قەد و باڵات،
ڕووبار: چەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەتاو دووریی باڵای وەک سەرو بەرزت، چاوەکانم ئەوەندە بەکوڵ ئەگرین‌ ئەڵێی دوو جۆگە‌ بەڵکوو ئەڵێی دوو چەمن.
لەنێوان (سەرو) و (جۆگا) و (ڕووبار) دا تەناسوبێکی جوان هەیە.
سەروی قەددت (چر) و (عم) و (ت) و (ع) و (خا) و (خب): قەددی سەروت.