سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

دەروونم پڕکەباب و دەردە بێ تۆ

1
دەروونم پڕکەباب و دەردە بێ تۆ
دڵم گەرمه و هەناسەم سەردە بێ تۆ
لاپەڕەی 379
پڕکەباب: لەتاو دەردی دووری سووتاو و به کەباب بوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (گەرم) و (سەردە) دا طیباقیش و تەناسوبیش هەیە، لەنێوان (دەردە) و (سەردە) شدا جیناسی لاحیق هەیە.
2
خەریکی شەشدەری هات و نەهاتم
خەلاصیم قەت نییە لەم نەردە بێ تۆ
لاپەڕەی 379
خەریک: گیرخواردوو و داماو .
شەش‌دەر: زراوەیەکه‌ له یاریکردن به (نەرد) دا به‌کارئەهێنرێ، بریتییە لەوە یەکێ له یاریکەرەکان بەردەمی پوولەکانی بەرابەرەکەیی گرتبێ و نەهێڵێ زارەکەی هەڵدا، کینایەشە له سەرلێشێواویی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: به دەست شەشدەری هات و نەهاتەوە گیرم خواردووە و هەرگیز بێ تۆ لەم دەردە ڕزگار نابم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (شەشدەر) و (نەرد) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
نەردە (« پەراوێزی » چر): هەردە. (چن) و (ک) و (مز) و (من): دەردە.
3
لیباسم ماتەمه، شینه، له شیندام
سوروشکم سوورە . ڕەنگم زەردە بێ تۆ
لاپەڕەی 379
ماتەم: خەمباریی بەبۆنەی مردنی کەسێکەوە .
شین: ڕەنگی شین، دروشمی کەس مردووبیی . گریانی بەکوڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهۆی دووریی تۆوە هەرچی نیشانه‌ی خەم و خەفەتە تیامدا کۆبووەتەوە: جلی شینی ئازیەتباریم لەبەردایە و خەریکی گریان و شینم و فرمێسکی خوێن له چاوم ئەڕوا و ڕەنگم زەرد هەڵگەڕاوە.
له ڕستە (لیباسم ماتەمە) دا زیادەڕەوییەکی زۆر جوان هەیە، چونکه وا ئەگەیەنێ ماتەم به جۆرێ داگیری کردووم بۆم بووە به جل و بەرگ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نێوان (ماتەم) و (شین) دا به هەردوو مەعناکەی و، که نێوان (شین) و (سوور) و (زەرد) دا تەناسوب هەیە. نالییی ئەوەشی مەبەست بووە کەوا (سوور) که مەعنای (شایی) ـیش ئەگەیەنێ، بەرابەر به (شین) ـدانێ که واتە گریان، هەرچەند ئەو مەعنایەشی مەبەست نەبوە.
دەستنووس
ماتەمە (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (مز) و (اح) و (من) و (خا): ماتەم و. (ک): ماتەمە و. له شنیدام (چن): لە شیندا. بەم پێیە پەیوەندی به نیوەی دووهەمی بەیتەکەوە ئەبێ، سوورە (کم) و (گم): سوور و.
4
عەزیزم! دڵڕەقە و، خۆم فەرد و تەنهام
دەترسم بمکوژێ ئەم دەردە بێ تۆ
لاپەڕەی 380
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
و ا تە: ئازیزەکەم ! دڵم ڕەقە و بۆم نەرم نابێ و، خۆیشم به تەنهام و دەرەقەتی دڵ نایەم. بۆیە ئەترسم مادەم تۆم لەگەڵ نەبیی ئەم دەردی دڵە بێ تۆ بمکوژێ.
ئەشگونجێ مەعنای بەیتەکە بەم جۆرە لێک بدەینەوە کەوا: یار دڵی ڕەقە و نابێ بەلاما و منیش بەتەنهام بۆ خۆم، ئەنجا شاعیر وەرچەرخێ و ڕووی دەمی بکاتە یار و بڵێ: ئەترسم ئەم دەردی دڵڕەقیی تۆ و دوورییە له تۆ، بێ تۆ، بمکوژێ.
دەستنووس
دڵڕەقە و (چن) و (ک): دڵڕەق و. دەترسم (گم) ئەترسم.
5
بە بێ دیداری تۆ خۆ لاڵه «نالیی»
عەجەب هەستاوە ئەم چەن فەردە بێ تۆ!
لاپەڕەی 380
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دیداری تۆم لەبەرچاودا نەبێ زمانم گۆ ناکا قسە بکەم، بۆیە خۆیشم سەرم سووڕماوە چۆن ئەم چەندە فەردە بێ تۆ هەستاونەتەوە و به ڕێك و ڕەوانیی بۆم وتراون.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 380 وشەی «چەن» هاتووە: «چەند» ڕاستە بۆ زمانی ئەدەب، نالیش هەروای نووسیوە. دیوانی «گیو»یش «چەند»ی نووسیوە.