لاپەڕەی 375
فیراق: دووریی له یار .
فەرەق: فەراق، تەق، تەقینەوە . سەرچاوەکەی هەر وشەی (فیراق) ـە . ئەشگونجێ به مەعنا هەڵچوون بێ و سەرچاوەکهی وشەی (استفراغ) بێ،
مەکسوور: شکاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی ئەڵێ: دڵ که بە هۆی دوویی یارەوە بووە به شووشەیەکی پڕ لە خوێن، تەقی کردبوو، یاخود یەقی کردبوەوە له خوێن و هەڵچووبوو، چونکه به بەردی ڕەق و قینی دڵی وەک بەرد ڕەقی - یار شکابوو.
وەک له جیاوازی تێکستەکانی ئەم بەیتەوە دەرئەکەوێ، نووسیاران تیپەکانی هەندێ وشەیان به چەند جۆری جیا جیا دابەش کردووە که هەر یەکی مەعنایەکی تایبەتی ئەگەیەنێ، سەرەڕای ئەوە لە هەندێ وشەی تریشدا تێکستی جیاواز گەلێ زۆرە، وشەی تریشی هەیە بەپێی شێوەی نووسینی کۆن بۆ گەلێ مەعنا دەست ئەدا. ئەمە بووە بەهۆی سەرلێشێوان و ئاڵۆزانێکی زۆر و ڕێ نەبردنەسەر مەعنای ڕاستەقینه بەتەواویی. هەر هەر چۆن بێ ئەو مەعنایەی ئێمه لای خۆمانەوە پەسەندمان کردووە، لێرەدا ئەینووسینەوە ولاشمان وایە بەیتەکە و بەیتی پاشەوەشی و بەیتی چوارەمیش هێشتا پێویستیان به لێکۆڵینەوەی پترە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نێوان (فیراق) و (فەرق) دا جیناسی لاحیق و، له نێوان (ڕقی بەو) و (ڕەقی بوو) دا جیناسی موحەڕڕەف هەیە.
دەستنووس
شیشەیی (عم ) و (گم): شووشەیی. خوێنی (کم ) و ( گم) و (مز) و (عب) و (من) و (خا): خوونی. ڕقی بەو (« پەراوێزی » چر و چن) و (ک) و (عب): (ڕەقیب و. (عم) و (کم) و (گم) و (من): ڕەقیب بوو، دڵی وەک بەردی ڕەقی بوو (چر) و (چن) و (کم) و (ت) و (ک) و (مز) و (اح) و (خا): له منی خەستە ڕقی بوو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 375:
دڵ شیشەیی پڕ خوێنی فیراقی، فەرەقی بوو
مەکسووری ڕقی بەو دڵی وەک بەردی ڕەقی بوو
تێکستەکانی «چر، جن، کم، ت، مز، اح و خا» لە جیاتی «دڵی وەک بەردی ڕەقی بوو» نووسیویانە «لە منی خەستە ڕقی بوو». «عم، کم، گم و من» لە جیاتی «ڕەقیب بوو، ڕقی بەو» نووسیویانە «ڕەقیب بوو» دەمێنێتەوە وشەی «مەکسووری» کە شەرحەکە بەدیلی بۆ نەهێناوەتەوە، یان باشی بۆ ناچم، بەڵام لە خۆوە دیارە «مەکسوور» لە جێی خۆیدا ماوەتەوە بەو پێیە نیوەبەیتەکە وەها دەردەچێت:
مەکسووری ڕەقیب بوو، دڵی وەک بەردی ڕەقی بوو
ڕاستییەکەی منیش هەمیشە وەهام بیستووە و پێشی ڕازی بووم. نیوەبەیتی یەکەم ئەگەر لە جیاتی «فیراقی» بنووسرێ «فیراق و» واتای بەیتەکە ڕوون دەبێتەوە:
دڵ شیشەیی پڕ خوێنی فیراق و فەرەقی بوو
مەکسووری ڕەقیب بوو لە منی خەستە ڕقی بوو
گەلێک ڕوونتر دەبێ لەو قاڵبە پڕ تەکەللووفەی هەندێ لە تێکستەکان پەسەندیان کردووە و وشەی «فەرەق» بە واتای ترس هاتووە، بەو پێیە واتای بەیتەکە ئەمە دەبێ: دڵ شیشەیی پڕ خوونی فیراق و ترسی فیراق بوو، ڕەقیب شکاندبووی کەچی لە منی خەستە ڕقی هەڵگرتبوو. دەشێ «لە منی خەستە ڕقی بوو» بۆ یار بچێتەوە... لە لایەن شیانەوە ڕستەی «دڵی وەک بەردی ڕەقی بوو» ئا ئەویش بارتەقای «لە منی خەستە...» لە بەیتەکە واتابەخشە بەڵام ناشێ دوو دەقی لێکتر جودا بە هی شاعیرەکە دابندرێن، ئەو دەقانەی ڕێنووسیان لە بارە بۆ فرەجۆرەیی دەشێ بە واتای جودایانەوە بدرێن بە تاکە شاعیر.