سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

تا فەلەک دەورەی نەدا - صەد کەوکەبی ئاوا نەبوو -

1
تا فەلەک دەورەی نەدا - صەد کەوکەبی ئاوا نەبوو -
کەوکەبەی میهری موبارەک طەلعەتی پەیدا نەبوو
لاپەڕەی 370
فەلەک: ئاسمان .
دەورە: خول .
صەد: هەرچەند .
کەوکەب: ئەستێرە . کەوکەبە . شان و شکۆ .
میهر: خۆر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا ئاسمانی ژین خولی خۆی تەواو نەکرد و مانگی سڵێمان پاشا ئاوا نەبوو، هەرچەند ئەستێرەکانی دەور و پشتیشی هەر مانەوە و ئاوانەبوون (مەبەست له ئەستێرەکان شازادەکانی تری بابانه)، شان و شکۆی خۆری هەڵاتن - پیرۆزی ئاسمان که ئەحمەد پاشایە، دەرنەکەوت.
نالییی ئەم پارچە شیعرەی بەبۆنەی کۆچی دوایی سڵێمان پاشا و لەسەر تەختی بابان دانیشتنی ئەحمەد پاشاوە وتووە. ئەم پارچە شیعره بایەخێکی تایبەتی هەیە چونکه تاقە پارچە شیعرێکی نالیییە ئیشارەتی به مێژووی ڕووداوێک تێدا کردبێ.
ئەشگونجێ ڕستەی (صەد کەوکەبی ئاوا نەبوو) جومله‌ی موعتەرەضە نەبێ و وەڵامی جومله‌ی پێشوو بێ و (صەد) کینایه بێ له (زۆر) و مەعنای نیوە شیعرەکە وای لێ بێتەوە: تا ئاسمان خولی خۆی تەواو نەکرد و هەموو ئەستێرەکانی ئاوا نه‌بوون به هۆی نزیک بوونەوەی هەڵهاتنی ڕۆژی ئەحمەد پاشاوە.. لەم حاڵەتەدا مەبەست له ئاوابوونی ئەستێرەکان بەش به حاڵی سلێمان پاشا مردن و، بەش به حاڵی میرزادەکانی بابان دەرنەکەوتنیانه له ڕووی ئەحمەد پاشادا.
نالییی بۆیە وەک باسی خۆری ئەحمەد پاشای کردووە، ناوی مانگی سڵێمان پاشای نه‌هێناوە و هەر ئەوەندەی بە بەس زانیوە که ئیشارەت بۆ سووڕانەوەی ئاسمان بکا، چونکه نەیویستووە وا پیشان بدا که سڵێمان پاشا له ئەحمەد پاشا کەمترە، کەچیی لەولاشەوە به وەصف کردنی ئەحمەد پاشا به خۆر دەریخستووە که ئەم لەو گەورەتر و پایە بڵندترە.
دەستنووس
دەورەی (عم) و ( ک) و ( عب) و (من) و (خا): دەوری. ئەمیش ئەگونجێ (دەورەی) بێ. کەوکەبی (« پەراوێزی » چر و خا) و (چن) و (کم) و (گم) و (اح): کەوکەبەی. (ت): کەوکەبە. کەوکەبەی (چر) و (چن) و (ت) و (ک) و (عب) و (من) و (خا) و (خب): کەوکەبی. ئەمیش ئەگونجێ (کەوکەبەی) بێ. میهری (عم): ماهی. طەلعەتی (عم) و (کم) و (گم) و (مز) و (اح) و (من) و (خب): طالیعی.
2
تا نەگریا ئاسمان و تەم وڵاتی دانەگرت،
گوڵ چەمەن ئارا نەبوو، هەم لێوی غونچە وا نەبوو
لاپەڕەی 371
چەمەن ئارا: چیمەن ڕازێنەوە،
وا: کراوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا ئاسمان لە خەفەتی مردنی سڵێمان پاشادا دەستی نەکرد به گریان و، بارانی فرمێسکی خۆی نەڕژاند بەسەر زەویدا و، تەمی هەناسەی ساردی وڵاتی بەبەی دانەگرت، چیمەنی سولەیمانیی و دەور و پشتی به گوڵی ئەحمەد پاشا نەڕازایەوە و خونچەی لێوی پادشاهی نوێ نەپشکووت.
چەند وێنەیەکی جوانە: له ئەنجامی گریان و فرمێسک ڕشتن و تەماویی بوونی وڵاتەوە، چیمەن به گوڵ بڕازێتەوە و لێوی خونچە بپشکوێ.
دەستنووس
لێوی غونچە (گم): لێوی خونچە. (ک) و (مز) و (اح) و (خب): خونچە لێوی.
3
تا چەمەن‌پیرا لەسەر، ئەصڵی درەختی لانەدا،
فەرعی تازە، خوڕڕەم و بەرز و بوڵەند باڵا نەبوو
لاپەڕەی 372
چەمەن پیرا: وشەیەکی فارسییە واتە ئەوەی باخ ئەڕازێنێتەوە، باخەوان .
فەرع: لق .
خوڕڕەم: تازە و تێراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە تا باخەوانی قەدەر ساقی درەختی، لای سەرەوە نەبڕییەوە کە سڵێمان پاشایە، لقی تازە که ئەحمەد پاشایە تێراو نەبوو و باڵای بەرز نەبوو و هەڵنەچوو، نالییی بەم وەصفەی ئەحمەد پاشا ئەیەوێ بڵێ پاشای تازە بۆیە وا وەک لقی تێراو و باڵابەرز و گەش و هەڵچوو وایە، چونکە ڕیشە و ساقەکەشی هەروا بووە و دیارە گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە.
دەستنووس
تا چەمەن پیرا لە سەر (چر) و (عب و (خا): تا چەمەن پیرانەجۆی. وابزانین هەڵەی نووسیارە و ڕاستەکەی بەم جۆرەیە: تا چەمەن پیرا نەچوو. (« پەراوێزی » چر و خا) و (عم) و (کم) و (گم) و (ک) و (مز) و (اح) و (من) و (خب): تاچەمەن پیرانە سەر. تازە خوڕڕەم و بەرز و (چر) و (اح) و (خب): تازە خوڕڕەم و بەرز و. (کم) و (من): تازە خوڕڕەم و بەزمی. (گم): تازە و خوڕڕەم و بەرزی. (مز): تازەی خوڕڕەمی بەرز و. (خا): تازە و خوڕڕەم و بەرزی.
4
تا (سولەیمانان) نەبوونه صەدری تەختی ئاخیرەت،
(ئەحمەدی موختار) ی ئێمە شاهی تەخت ئارا نەبوو
لاپەڕەی 372
ئاخیرەت: ئەو دنیا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا سولەیمانەکان لەو دنیا نەبوون به سەرۆک وەزیرانی تەختی پادشاهیی. ئەحمەدی موختاری لای ئێمەش نەبوو به شاهی تەخت ڕازێنەوە.
نالییی لەم بەیتەدا لە یەک کاتدا ویستوویە (سولەیمانەکان) بۆ حەزرەتی سولەیمان و بۆ سڵێمان پاشای بابان و لەوانەیە بۆ سولەیمان ناوی تریش بەکاربێنێ. هەروەها ویستوویە مەبەستی له (ئەحمەدی موختار) پێغەمبەریش (د. خ) و ئەحمەد پاشای بابانیش بێ. زۆر جوانیشی هێناوەتەوە، چونکه ئەگەر مەبەستی له سولەیمان حەزرەتی سولەیمان و، له ئەحمەدی موختار پێغەمبەر بێ، ئەوا حەزرەتی سولەیمانی کرد به وەزیر و پێغەمبەری کرد به شا. هەروەها ئەگەر مەبەستیشی سڵێمان پاشا و ئەحمەد پاشا بێ وا ئەحمەد پاشای لە سڵێمان پاشا به گەورەتر دانا.
دەستنووس
نەبوونه (چر) و (خا): له بۆتەی. تەخت ئارا (ک) و (اح) و (« پەراوێزی » خا): فەخرئارا.
5
قیصصە بێ پەردە و کینایەت خۆشە: شاهی من کەوا
عادیلێ بوو قەت عەدیلی ئەو له دنیا نەبوو،
لاپەڕەی 373
قصیصە: قسە .
بێپەردە و کینایەت: ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا .
عەدیل: هاوتا، هاوڕێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتەو بەیتی پاشەوەی پێکەوە لێک ئەدەینەوە.
دەستنووس
ئەو (چر) و (چن) و (کم) و (ت) و (عب) و (من) (خا): وا.
6
بۆ نشینگەی مورغی ڕۆحی ئەو کە عالیی فیطرەتە
جێگەیی خۆشتر له ڕەوضەی (جنة المأوی) نەبوو
لاپەڕەی 373
نشینگه: جێگای تیا دانیشتن،
عالیی فیطرەت: ئەوەی خوا به بەرزی دروستی کردبێ .
مورغ: پەلەوەر .
ڕەوضە: باخ .
جنة الأوی: بەهەشت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: با ئیتر قسە کردن به کینایە و پێچوپەنا بەس بێ. قسە به ئاشکرا خۆشە و مەسەله مەسەلەی کۆچی دوایی سڵێمان پاشا و لەسەر تەخت دانیشتنی ئەحمەد پاشایه. سڵێمان پاشای پادشاهی من که به دادپەروەرێکی وا بوو هاوتای له جیهاندا نەبوو، کۆچی دوایی کرد و، شوێنیکی ئەوتۆ شایانی ئەوە بێ مەلی، خوا به بەرزیی دروست کردووی، گیانی پاکی ئەوی تیا بنیشێتەوە و بحەسێتەوە، له باخی بەهەشت بەولاوە نەبوو، بۆیە بەهەشت بوو به جێی.
بشیی ئەم بەیتە ئیشارەتێکی بۆ ئەوە تیا ئەبێ که سڵێمان پاشا به جۆرێکی وا مردبێ، پێشان ویسترابێ هەواڵی مردنەکەی تا ماوەیەک بشارنەوە؟
دەستنووس
بۆ نشینگەی (« پەراوێزی » چر) و (خا): بۆ نیشانگەی. دیسان (« پەراوێزی » چر) و (ت) و (ک) و (مز) و (اح) و (خب): نەشئەگاهی. (عم) و (کم) و (من) و: بۆ نیشانگەی. ڕەوضەی (چر) و (کم) و (من) و (عب) و (خا): باغی. (گم): باخی.
7
وەک قیاسێکی که موثبەت بێ، نەتیجەی بێتەجێ
حەمدو لیللا شەهـ که عالیی جا بو، خالیی جا نەبوو
لاپەڕەی 373
قیاسی موثبەت: له عیلمی مەنطیقدا (قیاس) به دوو ڕستە ئەڵێن هەر یەکی لای کەمی له دوو وشە پێک دێن . جا ئەگەر هەردوو ڕستەکە مەعنای بوونیان ئەگەیاند، ئەوە قیاسەکە قیاسی موثبەتە و دیارە ئەنجامەکەشی هەر هەر بوون ئەگەیەنێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک چۆن نەتیجەی قیاسی موثبەت به ناچاریی ئەبێ بێتەجێ، له سایەی خواوە سڵێمان پاشایش چونکه پیاوێکی پایەبەرز بوو، پیاوی پایەبەرزیش جێگای کوێر نابێتەوە، جێگای نەبوەوە و پایەبەرزێکی وەک ئەحمەد پاشا جێگای گرتەوە.
لە سەرێکی کەشەوە، نالییی لە نیوەی دووهەمی ئەم بەیتەدا ئەیەوێ بڵێ زیاتر وایە پیاوی پایەبەرز وەچەیەکی وای لەپاش بەجێ نامێنێ ئەوەندە پایەبەرز بێ جێگەی بگرێتەوە. بەڵام سڵێمان پاشا وا نەبوو، لەگەڵ ئەو پایە بەرزەشیدا کە بووی، پایەبەرزێکی وەک ئەحمەد پاشای کوڕی لێ بەجێ ما جێگەی گرتەوە.
پێوەندی نێوان (عالیی جا) بوون و (خالیی جا) نەبوون لەوەیەوە بنیادەم که له جێگایەکدا دانیشتبێ دیارە ئەو جێگایەی گرتووە و، که لەو جێگایە بەرز بووەوە دیارە جێگاکەی چۆڵ ئەبێ چونکه خۆی چووە بۆ جێگایەکی بەرزتر. نالییی ئەڵێ: بەڵام سڵێمان پاشا وانەبوو، هەرچەند بەرز بووەوە بۆ جێگایەکی بەرزتر له تەختی شاهیی که بەهەشتە، شوێنەکەی خۆی به خاڵیی نەمایەوە ئەحمەدپاشای تیا دانیشت.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (عالیی جا) و (خاڵیی جا) جیناسی لاحیق هەیه. له نیوەی دووهەمی بەیتەکەشدا حوسنی تەعلیل هەیه بۆ نیوەی یەکەمی.
دەستنووس
بێتە‌جێ (چر) و (عب): حاصڵی. (« پەراوێزی » چر): بێتەدیی. له (« پەراوێزی » چر) دا (بێتەجێ) یش هەیە.
8
شاهی جەم ‌جا «نالییا» (تاریخ جم) تەئریخیە
دا نەڵێن لەم عەصرەدا ئەسکەندەری جەم جا نەبوو
لاپەڕەی 374
جەم‌جا: جێنشینی جەمشید .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سڵێمان پاشا که پادشایەک بوو جێگەی جەمشیدی گرتبوەوە، مێژووی مردنی بە حەرفی ئەبجەد ئەبێ به ڕستەی (تاریخ جم) که ئەکاتە ١٢٥٤. بۆیەش ئەم ڕستەیە بوو به تەئریخی کۆچ کردنی، تاکەس نەڵێ لەم چەرخەدا پادشایەکی تری وەک ئەسکەندەر نەبوە جێگەی جەمشید بگرێتەوە، ئەگەر سڵێمان پاشا جێنیشینی جەمشید نەبوایە تەئریخی مردنی نەئەبوو به (تأریخ جم)، مەبەستی ئەوەیە بڵێ سڵێمان پاشا، تەنانەت ساڵی مردنەکەشی هەروا ئەگەیەنێ سەردەمی ئەو سەردەمی جەمشید بووە.
حورووفی ئەبجەد هەر حەرفەکانی ئەلف و بێن به جۆرێکی تر ڕیز کراون: (ابجد، هوز، حطي، کلمن، سعفص، قرشت، تخذ،ضظع). نۆ حەرفی یەکەمیان یەکان ( اَحاد) نۆی دووهەمیان دەیان (عشرات) و نۆی دواییان صەدان (مئات) ن. بەم پێیە له (تاریخ جم) دا (ت) ئەکاتە٤٠٠ و (ا) ئەکاتە (١) و (ر) ئەکاتە (٢٠٠) و (ی) ئەکاتە (١٠) و (خ) ئەکاتە (٦٠٠) و (ج) ئەکاتە (٣) و (م) ئەکاتە (٤٠) و تێکڕایان ئەکەنە١٢٥٤ واتە سڵێمان پاشا له ١٢٥٤ی. ک (١٨٣٨ - ١٨٣٩ی. ز) دا کۆچی دوایی کردووە و ئەحمەد پاشایش هەر لەو ساڵەدا چوەتە سەر تەخت.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نیوەی دووهەمی ئەم بەیتەدا حوسنی تەعلیل هەیه.
دەستنووس
دا (عم) و (کم) و (گم): تا. (مز): با.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
لەم شیعرە جوانە دەردەکەوێ که نالێ له ١٢٥٤دا گەیوەتە پۆپەی هەرە بەرزی شاعیری و عالمی کەوا بوو دیارە تەمەنی بەرە ژوور چووە.