سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

هەرچەندە که عومری خضر و جامی جەمت بوو

1
هەرچەندە که عومری خضر و جامی جەمت بوو
چونکه ئەمەلت زۆرە، چ عومرێکی کەمت بوو!
لاپەڕەی 367
خضر: خدری زیندە که مەشهوورە ئاوی حەیاتی خواردووەتەوە و تا قیامەت نامرێ .
جامی جەم: ئاوێنەکەی جەمشید که مەشهوورە هەموو دنیای تیا دیوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچەند عومری خدری زیندەشت بۆ بنووسرێ و وەک جەمشید خاوەن شکۆ و پایە بیی، مادام ئاوات و هیوا زۆرە و هەرگیز نابڕێتەوە و هەمووی نایەتەدیی، عومرێکی کەمە، چونکه عومری زۆر ئەوەیه بنیادەم هەموو ئاواتەکانی تیا بێتە دیی و، ئەوەش هەرگیز نابێ. ئەم بەیتەئیشارەتە به حەدیثێکی پێغەمبەر که ئەفەرموێت: « یَشيِبْ ابنُ آدَمَ و یَشْبُّ فیهِ خَصّلَتانِ: الحِرص و طول الأملِ ».
واتە، بنیادەم پیر ئەبێ، بەڵام هەنگاو به هەنگاو لەگەڵ پیربوونەکەیدا دوو خەسڵەتی تیا گەنج ئەبێتەوە: تەماع و هیوای دوور و درێژ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (جام) و (جەم) ـ‌دا بێجگە له تەناسوب جیناسی ناقیص و لەنێوان (جەم) و (کەم) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
زۆرە (مز): زۆر بو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
قەصیدەی «هەرچەندە کە عومری خضر و...» کە لە لاپەڕە 367 ـەوە دەست پێ دەکا شاکارێکە بۆخۆی. شەرحەکە وەهای بۆچووە کە نالی ڕووی قسەکانی لە مرۆیە کاتێ دەگاتە مردن. ئەم بۆچوونە لە مەودای مەبەستی شیعرەکە کەم دەکاتەوە. نالی دەیەوێ بڵێ هەمیشە کات بەبەر دەوری زەمانەوە هەیە باری مرۆ بگۆڕێت لە بەرزییەوە بۆ نزمی. لە بەیتی دووهەمی بڕە شیعرەکە بە پێی داخوازیی مەبەست نالی دەڵێ:
ئەی جامیعی دونیا وو قیامەت بە خەیاڵات
ئەو ڕۆژە کە مردی، نە ئەوت بوو و نە ئەمت بوو!
2
ئەی جامیعی دونیاوو قیامەت به خەیاڵات
ئەو ڕۆژه که مردی، نه ئەوت بوو و نه ئەمت بوو!
لاپەڕەی 368
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە ئەی ئەو کەسەی به خەیاڵ دنیایش و قیامەتیشت کۆکردبوەوە و بردبووتنەوە، ئەو ڕۆژه‌ی که مردی هیچیانت پێ نەبڕا، چونکه دنیا و قیامەت دژی یەکن و بنیادەم ئەبێ هەر هەوڵی یەکێکیان بدا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له هێنانی (نە ئەوت بوو و نه ئەمت بوو) دا بەدوای (دونیا) و (قیامەت) ـدا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە.
دەستنووس
ڕۆییت (چن) و (ت) و (اح) و (عب): ڕۆیی. (عم) و (ک): مردی.
3
بێزارە له تۆ ئێستە، هەماغۆشی عەدووتە
دونیا، که دوێنێ حەرەمی موحتەرمت بوو!
لاپەڕەی 368
هەماغۆش: هەم ئاغۆش، هاوباوەش .
حەرەم: ژن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەسەڵات و سامانی دمیا کە تا دوێنێ وەک ژنی خۆت لەژێر دەسەڵاتتا بوو، ئەمڕۆ که مردووی لێت بێزار بووە و پەیوەندی پێتەوە نەماوە و له باوەشی دوژمنەکەتدایە !
دەستنووس
دوێنێ (چر) و (مز) و (خا): به عوشرەت. (« پەراوێزی » چر): لەلای خۆت. (کم) و (گم) و (من) و (عب): لەکن خۆت. (ت): بە حورمەت.
ئەم بەیتە و بەیتی پێشوو له نوسخەی (عب) دا لە جێی یەکتردان.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لەمەوە دیارە نالی قسەی لەگەڵ تێکڕای ژیانە نەک دەمی مەرگ، شەرحەکە لە ئاست بەیتی سێهەمی قەصیدەکەدا کە ئەمە دەقیەتی:
بێزارە لە تۆ ئیستە، هەماغۆشی عەدووتە
دونیا، کە دوێنێ حەرەمی موحتەرمت بوو!

وەهای لێک داوەتەوە: «... ئەمڕۆ کە مردووی لێت بێزار بووە». ڕاستییەکەی دنیا لە مردوو بێزار نابێ کەسیش لێی بێزار نابێ مەگەر بابایەکی بە کفن و دفنیەوە خەریک بێ. بێوەفایی دنیا کە بنێشتۆکەی زارانە لە دەمی ژیاندا دەکرێت. دوای مەرگ بێوەفایی دنیا لەگەڵ مردوودا هەر بە عەقڵەوە نانووسێ.
4
دوێنێ چ بو دەتدا به زوبان لافی کەرامەت؟!
ئەمڕۆ نەدەمت بوو، نه دەمت بوو، نە دەمت بوو!
لاپەڕەی 368
لاف: هاش و هۆش .
نەدەم: پەشیمانیی،
دەم (ی یەکەم): دەمی قسەکردن .
دەم (ی دووهەم): هەناسە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا دوێنێ که بە سەر زیندوو بووی، به ڕاست و چەپدا لاف و گەزافت لێ ئەدا و خۆت نەبێ کەست به هیچ نەئەزانیی. ئەمڕۆ که ڕاست و ڕەوان بەرابەر به دەسەڵاتی مەرگ وەستایت و هیچت له ئاستیدا پێ نەکرا، لەو هەموو لاف و گەزافە پەشیمان بوویتەوە و، نە توانیت هەناسەیەک بدەیت و نە دەمت گۆی کرد هیچ بڵێ.
ئەشگونجێ (نەدەمت) ی دوایی به مەعنا پەشیمانیی بێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له‌نێوان هەر سێ (نەدەمت) دا جیناسی تەرکیب و، لە بەکارهێنانی (دەم) دا به دوو مەعنا ئیشتراک و، له نێوان (دەم) ی به مەعنا (هەناسە) و (دەم) ی بەمەعنا (زوبان) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
دەتدا به زوبانلافی کەرامەت (چر) و (عب) و (خا): دەتدا به زوبان لافی کەرامات. (ت): لافی نەفەس و زاری کەرامەت. (ک) و (اح) و (« پەراوێزی » خا): نەفەس و حوسن و - یا حوسنی - کەرامات.
5
عومرت نەفەسێکی که هەموو عالەمی دێنا
بمرە له غەمیدا که هەموو صەرفی غەمت بوو
لاپەڕەی 369
نەفەسێکی: هەناسەیەکی .
دێنا: ئەهێنا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ژیانت که تاقە هەناسەیەکی - به خەیاڵی خۆت - هەموو جیهانی ئەهێنا، لە خەفەتیدا بمرە چونکه هەمووت لە خەم و پەژارەدا بەسەر برد.
دەستنووس
نەفەسێکی (چر) و (چن) و (عم) و (گم) و (ت) و (مز) و (خا): نەفەسێکە. که (کم) و (گم): لە. دێنا (چر) و (عم) و (ت) و (خا): دونیا. (مز): باڵا.
6
وەک شەڵتە پەین گە‌هـ پڕ و گەهـ خاڵییە بەطنت
صەوم ئەمەلت باعیثی نەفس و شکەمت بوو
لاپەڕەی 369
گەهـ: جارجار .
بەطن: سک .
صەوم: ڕۆژوو . شکەم . سک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سکت خاڵی بێ یا پڕ بێ لەخۆراک، له هەردوو حاڵەکەدا هەروەک شەڵتەی پەین وایە که جاری وا هەیە خاڵییە و جاری واش هەیە پڕە، چونکه ڕۆژوو گرتن و هیوای ئەو دنیات هیچیان له نیازی خاوێنەوە نین، ڕۆژووەکەت بۆ ئەوە ئەگری و سکتی پێ هەڵئەگوشیی، له بەربانگدا دوو قاتی ڕۆژ بخۆیت و، هیوای ئەو دنیاکەشت بۆ ئارەزووی نەفستە که بەتەمای ژیانی خۆشتری. ئەگینا خواپەرستی ڕاستەقینه ئەوەیە به بێ ئامانج خوا بپەرستی، وەک حەزرەتی عومەر له فەرموودەیەکیدا لە بارەی صوهەیبی ڕۆمییەوە ئەفەرموێت: « نِعمَ العبدُي صُهَیْب، لو لَم یَخَفِ اللهَ لَم یُحْصِهِ » واته: صوهەیب بەندەی چاکه، ئەگەر لە خواش نەترسایە بێ گوێیی نەئەکرد.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له‌نێوان (بەطن و (شکەم‌) دا تەرادوف و، لە هێنانی (نەفس) و (شکەم) دا بەدوای (صەوم) و (ئەمەل) دا لەف و نەشری موشەووەش هەیە.
دەستنووس
ئەم بەیتە تەنها له نوسخەی (چر) دا هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 369:
وەک شەڵتە پەین گەهـ پڕ و گەهـ خاڵییە بەطنت
صەوم و ئەمەلت باعیثی نەفس و شکەمت بوو

ئەم بەیتە مەکرۆیە: شەرحەکە، بە کورتی، وەهای بۆچووە کە صەوم بۆ پڕکردنی ورگ و دوو هێندە خواردنی بەربانگە. ئەمەلی ئەو دنیاکەش «لە صەوم» بۆ تەماعی نەفسە کە بە لەززەتی بەهەشت بگات.
ئەم مەعنالێدانەوەیە ڕێکوپێکە بەڵام دەقی شیعرەکە لە نیوەبەیتی دووهەمدا وەها ڕادەگەیەنێ کە «صەوم و ئەمەل» باعیثی «نەفس و شکەم» بوو: مرۆ دەبێتە باعیثی شەڕ نەک شەڕ ببێتە باعیثی مرۆ هەروەها مرۆ، بە پێی مەعنای ناو شەرحەکە، بە هەموو پێوانەیەک، باعیثی صەوم و ئەمەل و چاکە و خراپەیە. ئەگەر بڵێین: «نەفس و شکەمت باعیثی صەوم و ئەمەلت بوو» چیمان گوتووە ڕەخنەی لێ بگیرێ بە پێی مەعنای ناو بەیتەکە.
بەبیرمە لە دەمەتەقەی نێوان موستەعیدانی مزگەوت دەمبیست کە دەگوترا: مەعنا لە قەلبدایە، واتە مەعناکە بەرەواژە لەگەڵ دەلالەتی وشەکان. نموونەی دیکەش دەهاتەوە لە تێکەڵپێکەڵی وشان وا ئێستە نیو بەیتم لەو نموونەیە بە بیر دێتەوە: «کما طینت بالفدن الصیاعا» واتە: وەک کە سواغت بە دیوار قوڕ دابێ، مەبەستیش لێی: دیوارت بە قوڕ سواغ دابێ. تا ئەم دەمە چەندی سەر دەهێنم و دەبەم هەر وێنەیەکی «مەعنا لە قەلبدایە»م بۆ دێت لەم بەیتە ئۆقرە نەگرتووە.
قەصیدەی مەرسیە و مەدحی «تا فەلەک دەوری نەدا...» هێندێ وردەتێبینی لە شەرحەکەی هەیە، یەک لەوان وشەی «صەد» بە «هەرچەند» لێک دراوەتەوە و ناشبینم لە شەرحدا ئەو واتایە ئاشکرا بێ. بەهەمەحاڵ بەیتی یەکەمی قەصیدەکە مەعنای وەهای وەپاڵ دراوە بنەمای نییە لە کەرەستەی تەعبیر. ئەمە بەیتەکەیە:
تا فەلەک دەوری نەدا – صەد کەوکەبی ئاوا نەبوو -
کەوکەبەی میهری موبارەک طەلعەتی پەیدا نەبوو

لە شەرحدا دەڵێ: تا ئاسمانی ژین خولی خۆی تەواو نەکرد و مانگی سلێمان پاشا ئاوا نەبوو، هەرچەند ئەستێرەکانی دەوروپشتیشی هەرمانەوە و ئاوا نەبوون [مەبەست لە ئەستێرەکان شازادەکانی تری بابانە] شان و شکۆی خۆری هەڵاتن – پیرۆزی ئاسمان کە ئەحمەد پاشایە دەرنەکەوت... مانایەکی دیکەشی لێ داوەتەوە: ئەستێرەکان بە هۆی نزیکبوونەوەی هەڵهاتنی ئەحمەد پاشا ئاوا نەبوون...
ئەستێرەکان چ پێوەندییان بە ئەمیرەکانەوە نییە. بەیتەکە دەرکەوتنی ئەحمەد پاشا دەگێڕێتەوە کە وەک ڕۆژ هەڵاتووە، هەڵبەت صەدان ئەستێرە ئاوا دەبن ئنجا ڕۆژ هەڵدێت...
من کارم بە بەیتی دوایین هەیە کە دەڵێ:
شاهی جەم جا «نالیا» «تاریخ جم» تەئریخیە
دا نەڵێن لەم عەصرەدا ئەسکەندەری جەم جا نەبوو

شەرحەکە وەها دادەنێ «تەئریخی جەم – تأریخ جم» کە بە حیسابی ئەبجەد 1254 دەگرێتەوە، ساڵمەرگی سلێمان پاشای مەبەستە و بە هاوتای ئەسکەندەری جەم جای داناوە. ئەم شەرحە ڕاستە بەڵام نیوەی مەبەستی گرنگتری بەیتەکەی پشت گوێ خستووە: ساڵی 1254 هەروەک ساڵمەرگی سلێمان پاشایە، هەروەها هاتنە حوکمی ئەحمەد پاشایشە. کەواتە تەئریخەکە بۆ هەردوویانە. بەڵام «ئەسکەندەری جەم جا» پتر بە لای ئەحمەد پاشادا دێتەوە چونکە بە عادەت ئەو تەرزە تەشبیهە بۆ زیندوو پتر دەڕوات تا مردوو، خوا لە هەمووان خۆش بێ.
7
«نالیی» چییە وا میثلی جوعەل غەرقی شیاکەی،
خۆ تۆ به حیسابی وەکو پەروانه سەمت بوو؟!
لاپەڕەی 370
جوعەل: قالۆنچە .
شەم: شەمع، مۆم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی چییت لێ قەوماوە، بۆ وا گۆڕاوی؟ بۆ وا وەک قالۆنچە له شیاکە دنیادا نوقم بووی؟ خۆ تۆ به سەنگ و تەرازووی دڵدارە ڕاستەقینەکانی وەک پەروانه مۆمێکت هەبوو بۆ خۆت ڕووت تێ ئەکرد و له پێناویا ئەسووتای، بۆ وا ئیستا خەریکی کاری پەست و نەویت؟
ئەشگونجێ (به حیسابێ) بێ و بەو جۆرەش مەعناکەی دێت.