سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

وەک قە فەس ئەم حوجرە کون تێیە کەوا گرتوومیە ناو

1
وەک قە فەس ئەم حوجرە کون تێیە کەوا گرتوومیە ناو
تار و پۆیی عەنکەبووتە، زۆرە لێی کردوومه داو
لاپەڕەی 355
حوجرە: ژوورێکه لە پاڵ مزگەوتدا فەقێ تیا ئەژین و تیا ئەخوێنن .
عەنکەبووت: جالجاڵۆکه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم حوجرە کون تێدا بووە کەوا منی له چوار چێوەی خۆیدا گلداوەتەوە، ئەوەندە وێران و شەق و شڕە، تان و پۆی ئەڵیی تەنراوی جالجاڵۆکەیه، بنیادەم به ئاسانیی ئەتوانێ لێی دەرباز ببێ، بەڵام حوکمی زۆر و ناچارییە لە منی کردووە به داو و ناتوانم بەجێی بهێڵم.
مامۆستا شێخ بابەڕەسووڵی عەبابەیلێ ئەگێڕایەوە کەوا ئەم بەیتە تاکی پارچە شیعرێکی درێژه. دوور نییە هەر هیی نالییی بێ. ئەگەر ئەم پارچە شیعرە بدۆزرایەتەوە لەوانە بوو ئەم پارچە‌یەی ئێرەشمان زیاتر بۆ ڕوون بووایەتەوە.
ئەبێ ئەم حوجرەیە حوجرەی مزگەوتی کوێ بووبێ وا نالییی به دەستیەوە هاواریەتی؟ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە ئەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو ئاگادارییە کەمەی هەمانە لەبارەی ئەو شوێنانەوە نالییی تێیاندای خوێندووە. دیارە حوجرەی خانەقای مەولانا نییە، چونکه خانەقا سەرەڕای ئەوە که بەگوێرەی باری ئەو ڕۆژه‌ی کوردستان کۆلکە زانکۆیەک بووە بۆ خۆی، نالییی خۆیشی له نامەکەیدا بۆ سالم یەجگار زۆر به شان و باڵیا دێ و، بەتایبەتی به شانازی باسی حوجرەکەی خۆی تیا ئەکات. زیاد لەوە لە بەیتی دووهەمیشدا باسی ئاگردانی ناوحوجرەکە و دووکەڵی به دۆرنج بووی میچەکەشی ئەکا که پیا شۆڕ بووتەوە خوارەوە، ئەشزانین له زستانی سولەیمانیدا خەڵوز گەشکردنه‌وە باو بووە، نەک ئاگر کردنەوەی ناو ئاگردان. دووریشە له سنە بووبێ، چونکه حوجرەکانی ئەو سەردەمەی سنەیش حوجرەی پۆشتە و پەرداخ بوون و ئاگریان له بوخاریدا تیا کراوەتەوە. له سەرێکی کەشەوە که نالییی باسی گەرمای بەتینی هاوینی ئەو شوێنه و سەرمای سەختی زستانی ئەکا، دڵنیا ئەبین کەوا نه سولەیمانییە و نه سنەییە. کەواتە ئەبێ حوجرەی مزگەوتی کوێرە دێیەک بووبێ. ئەگەر لەبەرئەوە نەبوایه که نالییی خۆی له دوا بەیتەکاندا باسی (دووکان) و (جەڕراح) و (طەبیب) ئەکا که وا ئەگەیەنن شوێنەکە ئاوەدانیەکی پێشکەوتوو بووە، لەوانەبوو بڵێین باس باسی مزگەوتی خەرپانییە که نالییی لەوێ له‌لای زانای گەورە شێخەوڵای خەرپانیی خوێندوویەتی و هاوڕێی موفتی زەهاویی و مەلا یاسینی تەشاریی و مەلا یۆسفی تەوێڵەیی بووە، نەخوازەڵا که باسی گەرما و سەرماکەشی بۆ خەرپانیی دەست ئەدا چونکه خەرپانیی زستانێکی سارد و هاوینێکی گەرمی هەیە و شیعرێکیش لەم بارەیەوە هەیە ئەڵێ:
گرجهنم بود چو خرپانی
( وَ قِنا رَبَّنا عَذابَ النَّارِ)
واتە , ئەگەر دۆزخ وەک خەرپانیی بێ، خوایه بمانپارێزه له ئاگرتی دۆزەخ.
هەرچۆن بێ ئێستا ناتوانین بڕیار بدەین حوجرەی کوێ بووە و، مەگەر لەمەوپاش به تەواویی بۆمان ڕوون بێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نێوان (قەفەس) و (گرتوومیە) و (داو) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
تار و پۆیی (عم) و (کم ) (ت) و (مز) و (عب) و (اح) و (خا): تار و پۆدی. (ک): دار و پەردووی. عەنکەبووتە (چر) و (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (عب) و (من) و (خا) و (خب): عەنکەبووتی. زۆرە (ک) و (اح): زۆری. لێی کردوومه داو (عم) و (گم) و (خب): لێی کردووم به داو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بڕە شیعری «وەک قەفەس...» کە لە لاپەڕە 355 ڕا تا 366ی خایاندووە لەبەر ئاشکرایی واتای بەیتەکانی تەنها دەست بۆ ئەو وشانە دەبەم کە بە لای خۆمەوە هی باشتر هەیە لەوان.
لە بەیتی یەکەم «تار و پۆیی» هاتووە. لە تێکستەکانیش هی «ک» داروپەردووی نووسیوە. تێکستی «عم، کم، ت، مز، عب، اح، خا» تاروپودیان نووسیوە. بێگومان نالیش بە پێی نەرێتی ئەوسای شاعیران هەر «تاروپۆد»ی بەکار هێناوە. ئێستا کوردەکە «تان و پۆ» دەڵێ.
لە بەیتی دووهەمدا «لانکە» هاتووە. هەشت تێکست «لانک»ـی نووسیوە، ئەمیش ڕاست و لەبارە.
2
دوودی سەر میچی گوڵەنگی لەتلەتی دەسرازە کۆن
بان و دیواری به میثلی لانکەی ئەجزا شکاو
لاپەڕەی 356
دوود: دووکەڵ .
سەرمیچ: سەقف،
دەسرازە: دوو پارچە قوماشی بەر و پشتدارە، لۆکەی تێ خراوە و پەتێکی هۆنراوەی ڕەنگاوڕەنگی پێوەیە، مناڵی ناو بێشکه‌ی پێ ئەپێچرێتەوە، پارچە قوماشەکان بەسەر سنگ‌ و سک و قاچی مناڵەکەدا دێنەوە و، پەتەکەش بەسەر ناوی بێشکەکە و غەوارەکەی نێوان کەللەکانیا .
لانکه: بێشکە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دووکەڵی سەر میچی حوجرە که که بووە به دۆرنج و به دار و پەردووەکانیدا شۆڕ بووەتەوە، ئەڵێی گوڵەنگی داڕزاوی دەسرازە کۆنە به غەوارەی بێشکەدا شۆڕ بووەتەوە. بان و دیوارەکانیشی ئەڵێی بێشکەیەکن پارچەکانی شکابێ.
نالییی لەم بەینەدا وێنەیەکی جوانی پیشان داوە که فەقێکانی له بێدەسەڵاتیدا بەرابەر بەو ژوورە شەق و شڕە، کردووە بە ساوای بێدەسەڵاتی پێچراوەی ناو بێشکە. زیادەڕەوییەکی وردیشی کردووە که حوجرەکەی شوبهاندووە به بێشکەی شکاو چونکه تەنانەت بێشکەی ساغیش سەربان و دیواری ئەوەندە نییە ڕێی هیچ بگری، جا نەخوازەڵا بێشکەکە شکابێتیش..
دەستنووس
سەرمیچی (اح) و (« پەراوێزی » خا): میچی سەر. گوڵه‌نگی (چن) و (ک): گوڵەنگەی. (خا) گوڵەنگە. لانکەی (چر) (عم) و (کم ) و (گم) و ( مز) و (عب ) (اح) و (من): لانکی. ئەشگونجێ لانکەی بێ.
3
هەر له سەربان دار بە داری ڕایەڵی بژمێرە وەک
لا پەراسووی بارگیرێکی که زیندوو بێ بە ناو
لاپەڕەی 357
ڕایەڵ: ئەو دارە ئەستوورانەی بەسە دیواری ئەم سەری و ئەو سەری خانوودا ڕائەکێشرێن و پاشان وردە دار و تەنکه بەرد و گەڵا و قوڕ و ئەمجار خوڵیان ئەکرێ بەسەردا و بانەکەیان پێ دائەپۆشری .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ژماردنی داری میچ واتە ڕایەڵ له ژووری هوودەوە شتێکی ئاسان و عادەتییە، بەڵام له سەربانەوە ناکرێ، چونکه داپۆشراوە. جا نالییی ئەڵێ بانی حوجرەکە‌ی ئێمە خۆڵ و قوڕ و تەنکه بەرد وردە داری بەسەرەوە نەماوە، تەنها هەر ڕایەڵەکانی و هیچی تر. بۆیە ئەتوانی هەر له سەربانەوە داربەداری ڕایەڵەکانی بژمێری وەک لا پەراسووی ئێسترێکی لەڕ و لاواز که هیچ گۆشتی پێوە نەبێ و هەر بەناو زیندوو بێ و به تەنها دەست پیا هێنانی بتوانی پەراسووەکانی له یەک جیا بکەیتەوە !
دەستنووس
بارگیرێکی (چر) و (خا): کۆنە ئەسپێکی. له (« پەراوێزی » چر) یشدا هەر: بارگیرێکی.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
بارگیر ڕاستە بەڵام ئێستر نیه، ئەسپی ناڕەسەنە بارگین و یابووشی پێ دەڵێن. ئەسپێک که بەکار سواری نەیە.
4
ڕۆژ و شەو خۆش خۆش لە باتیی کا گەڵای پێدا دەکەن
وەک گەڵاڕێزانی پایز یەک یەکی دەڕژێتە ناو
لاپەڕەی 358
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
ه کوردستانا عادەتە که باران ئەبارێ و خانوو دڵۆپە ئەکا، کای پیا ئەکەن و به بانگردێن ئەیگێڕن بۆ ئەوەی قوڕەکەی بنیشێتە سەر یەک و ئاو دانەدا. نالییی ئەڵێ حوجرەکەی ئێمە ئەوەندە شەق و شڕ بووە بۆ ئەوە ناشێ کای پیا بکەن، گەڵای درەختی پیا ئەکەن وەک بڵێی تازە دارەڕا کرابێ، کەچیی لەگەڵ ئەوەشدا گەڵاکان یەک یەک ئەکەنه خوار وەک بڵێی گەڵاڕێزانی پایز بێ.
دەستنووس
پێدادەکەن (کم) و (گم) و (من) و (عب) و (خب): پێ وەردەکەن.
5
هەر له ئێستاوە وەها سەرمای تێدا سەرما دەبێ
ڕەنگە ناوی لێ بنێی چوار طاقی سەرما تێخزاو
لاپەڕەی 358
چوار طاق: جۆرە دەوارێکی چوار گۆشەییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەر له ئێستاوە که سەرما هێشتا به تەواوی هێرشی نەهێناوە، حوجرەکەی ئێمە ئەوەندە ساردە، سەرمای خۆی سەرمای ئەبێ تیایدا. ئەڵێی حوجرەکە دەواری چوار تاقە و سەرمای تێ خزاوە، بۆیە سەرما که دێتە ژوورەوە، به هەر لایەکدا ئەڕوا تووشی سەرما ئەبێ.
زیادەڕەییەکی ئێگجار باڵایە، نالییی حوجرەکە ئەوەندە به سارد بداتە قەڵەم، تەنانەت سەرما خۆیشی سەرمای ببێ تیایا.
ئەشگونجێ مەعناکەی هەر ئەوەندە بێ: هەر له ئێستاوە سەرما لە حوجرەکەی ئێمەدا ئەوەندە ساردە.. تاد.
دەستنووس
وەها (چن) و (عب) و (من) و (خا) و (خب): وەهای. سەرمای تێدا (کم) و (عب) و (خب): سەرما تێدا. (ت): سەرمای تیا. (خا): سەرما تیا. دەبێ (کم). ئەبێ. تێخزاو (چر): تێ خراو.
6
ئاسمان هەورین دەبێ، ئێمەش به غەمگینیی دەڵێین:
ئەی خودا چ بکەین له ژێر ئەم کاولەی کەس تیا نەماو؟!
لاپەڕەی 358
هەورین: هەور پێوە بوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕووی ئاسمان هەور دایئەگرێ و، ئێمەش پەژارە دامان ئەگرێ چونکه هەور نیشانەی بارانە و حوجرەکەی ئێمەش باران گل ناداتەوە و، بۆیە به دڵێکی خەفەتبارەوە ئەڵێین خوایە چی بکەین له ژێر میچی ئەم حوجرە کاولەدا که بۆ ئەوە ناشێ کەسی تێدا بمێنێ؟ !
دەستنووس
دەبێ (کم): ئەبێ. (گم): دەبێ و. ئێمەش (چر) و (عم) و (کم) و (ک) و (اح) و (خا): ئێمەیش. دەڵێین (کم): ئەڵێین. خودا (« پەراوێزی » چر) و (ک) و (عب) و (اح): خودایا. (من): خودایە. لە ژێر (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (خب): لەدەس. (« پەراوێزی » چر) و (ک) و (عب) و (اح) و (من): لەم. تیا نەماو (ت) و (عب) و (اح) و (خب): تێنەماو. بەشبەحاڵی (عب) بۆ ( لێ نەماو) یش دەست ئەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 358 «تێدا» هاتووە، کێشی نیوەبەیتەکەی تەنبەڵ کردووە. «تیا» دەست دەدات، شەش تێکستیش ئەمیان نووسیوە.
7
ڕۆژی هاوینی وەها مثقاڵه ذڕڕەی پڕ دەبێ
نیمه ذەڕڕێک سێبەری تێدا نییە غەیرەز هەتاو
لاپەڕەی 359
نیمە ذەڕڕەیەک: نیوە ذەڕڕەیەک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە حوجرەکەمان ئەوەندە لەوەوە دوورە که پێی بووترێ ژوور، به ڕۆژی هاویندا تەنانەت ئەوەندەی مثقاڵە ذەڕڕەیەکیش شوێنی تیا نامێنێ خۆر نەیگرێتەوە و، ئەوەندەی نیوە مثقاڵه ذەڕڕەیەک سێبەری تیا نییە، هەمووی هەر خۆرە !
دەستنووس
ذەڕڕەی (عم): ذەڕڕە. نیمه (عم) و (مز): نیوە. ذەڕڕێک سێبەری تێدا نییە (عم) و (عب) و (خب): ذەڕڕێکی نییه سێبەر تێدا. (ک) و (اح) ذەڕڕێکی سێبەر تێدا نییە. غەیرەز (چن) و (عم) و (ک) و (عب) و (اح) و (خا) و (خب): غەیری.
ئەم بەیتە لە (کم) و (گم) و (من)‌ دا نییە. له هەموو نوسخەکانی بەردەستیشمانا لەم شوێنەدایه که ئێمەش تیاماندا داناوە. بەڵام لامان وایه جێگای ڕاستەقینەی پاش بەیتی داهاتووە.
8
فەصلی هاوینی جەهەننەم، فەصڵی ئیستای زەمهەریر
زەمهەریر کەی وا به تەئثیرە و، جەهەننەم وا به تاو؟!
لاپەڕەی 359
زەمهەریر: شوێنێکی ئێجگار ساردە له جەهەننەمدا، پله‌ی سەرمای له ئاستی گەرمای ئاگرە کەیدایه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
فەصل - ی یەکەم - (چن) و (ت) و (ک) و (مز) و (اح): وەقتی. ئیستای (« پەراوێزی » چر و خا) و (چن و (عم): زستان. (خب): ئیستا، به ئەئثیرە (چن) و (ت) و (مز) و (اح): به تەئثیر و.
9
نەییری ئەعظەم وەها تاوی دەدا وەک مەنجەنیق
بۆ دەوامی ڕۆژپەرستیی جەمعی حەربای دێتە ناو
لاپەڕەی 360
نەیری ئەعظەم (النیر الاعظم): ڕووناکی مەزن، خۆر .
مەنجەنیق: ئالەتێک بووە له شەڕەکانی کۆنا بەردی زل یا گوللەی ئاگریان پێ فڕێ داوەتەوە ناو لەشکری دوژمنەوە .
حەرباء: یەکێکه له گیانلەبەرە خشۆکەکان ڕەنگی به گوێرەی ئەو شوێنەی تیایەتی ئەگۆڕێ، حەزی زۆر له بەرخۆرە . کینیایەیە لەو کەسانە که بۆ هەر دەور و سەردەمێ بەرگی ئەو دەور و سەردەمە لەبەر ئەکەن .
واتە: خۆر به هاویندا حوجرەکەمان وا تاو ئەدا ئەڵێی مەنجەنیقە . کۆمەڵه‌ی حەرباکانیش که حەزیان له خۆرە، بۆ بەردەوام بوونی ڕۆژپەرستیی دێنه ناوی، ڕووی تێدا ئەکەنە خۆر، چونکه خۆر لەم حوجرەیەدا له هەر شوێنێکی که کاریگەرتر و دیارییترە .
دەدا (کم) و (خا): ئەدا . ڕۆژپەرستیی (مز)
* مامۆستا شێخ بابەڕەسووڵی عەبابەیلێ ئەیگێڕایەوە کەوا بیستوویە لەناو فەقێ موستەعیدەکانی شێخەوڵای خەرپانیدا تا موفتیی زەهاویی لە مەجلیسدا بووبێ مەلایاسینی تەشاری مافی قسەکردنی نەبوە و، مەلا یاسین له مەجلیسدا بووبێ مەلا یووسفی تەوێڵەیی مافی قسە کردنی نەبوە و، تا مەلا یووسفیش له مەجلسیدا بووبێ نالییی مافی قسەکردنی نەبوە، واتە: نالییی پلەی چوارەمی بووە لەناویانا . لەوانەیە ئەم بەیتی « حەربا » یەش پەیوەندێکی بەم مەسەلەیەوە هەبێ، هەروەها لەوانەیه پارچە شیعری « ئەحوەلی تەفرەقە نەظەر ..» یش، وەک له شوێنی خۆیدا ئیشارەتمان بۆ کرد، لایەکی ئەم مەسەلەیەمان بۆ ڕوون بکاتەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 360 شەرحەکە دوای ڕاستەواتای وشەکان، بۆ «جەمعی حەربا» کە جانەوەرێکی ڕەنگگۆڕە و لە کوردی بزنمژگ «یان بزنمشک»ـی پێ دەڵێن، ئەو ئیحتیمالە دەدا کە ڕەنگە نالی مەبەستی لەو کەسانە بێ دێنە حوجرەکە و منافقن، بە زۆریش فەقێکانن... ئەم تەئویلە دوورە لە داخوازیی وشەکان و ڕۆحی شیعرەکە، ئنجا بۆ دەبێ فەقێی دووڕوو بچێ لە لەو تەرزە حوجرەیەدا ڕۆژپەرستی بکات؟ خۆی بزنمشک لەبەر تیشکی خۆردا ڕەنگگۆڕی دەکات، بەمەدا بەیتەکە ویستوویەتی بە موبالەغەوە بڵێ ژوورەکە لە دەرەوە ڕۆژ تێخزاوترە...
10
دار و بەردی پەنجەرەی وەک نەسجی بەیتی عەنکەبووت
مەنعی هیچ ناکا حەتا مێشیش که خۆی لێدا به تاو
لاپەڕەی 361
نەسج: نەسیج، تەنراو .
بەیت: ماڵ،
حەتا: هەتاوەکو . تەنانەت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
بەردی (چن) و (من): پەردووی. (عم) و (ت) و (عب) و (اح) و (خا): بەرد و. ناکا حەتا مێشیش که (چن) و (ک) و (اح) و (خب): ناکات و حەتتا مێش کە. (عم) و (ت) و (مز): ناکات حەتتا مێش که. (کم) و (من) و (عب): ناکا که حەتا مێشیش. (گم): حەتا مێشیش که.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرووی لاپەڕە 361 وشە «حەتا» زەقە. ئەگەر لوابایە «حەتتا» بێ دەسەلمێندرا. تێکستی «عم، ت، مز» ئەم دەقەیان قبووڵ بووە «مەنعی هیچ ناکات حەتتا مێش کە خۆی لێدا بە تاو» جێی قبووڵە، تێکستی «گم»: «مەنعی هیچ ناکا هەتا مێشیش کە خۆی لێدا بە تاو» ئەمیشیان سازە، دەقی شەرحەکە «حەتا»ی ناسازە.
11
ڕۆژی تەرزە چەندە مینای دڵ شکێنه و سەر شکێن!
ڕۆژی باران چەند شڕە و بێ عیصمەتە و ئابڕوو تکاو!
لاپەڕەی 361
مینا: شووشە .
عیصمەت: پاراستن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واته: که تەرزە ئەبارێ، شووشەی دڵ و، سەرمان نەشکێنێ، چونکه هیچ نییه بەری لێ بگرێ، له ڕۆژی بارانیشدا شڕە ئاوی پێوە ڕاناوەستێ. بنیادەمی پێ ناپارێزرێ. ئابڕووی تکاوە، هەموو گیانی بەدەرەوەیە، یاخود ئاوی بارانەکە که نایگرێتەوە خۆی و پیا دێتە خوارەوە ئابڕووە تکاوەکەیەتی.
دەستنووس
ڕۆژی تەرزە چەندە مینای (کم): ڕۆژ مینای چەند مینای، دڵ شکێنه و سەر شکێن (چر) و (خا): دڵ شکستە سەرشکێن. (کم) و (گم) و (مز): دڵ شکێن و سەر شکێن.
12
ڕۆژی بەفر و با وەک ئاشە ڕۆژی باران قوففەیە!
صاحیبی لازم که بیبێ سەوڵ و کاسێکی شکاو
لاپەڕەی 361
وەکاشە: وەک ئاشە . قوففە، قوفە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای بەیتە و بەیتی پاشەوەی پێکەوە لێک ئەدەینەوە.
دەستنووس
نیوەی یەکەمی ئەم بەیتە له نوسخەی (خب) دا بەم جۆرەیه:
ڕۆزی بەرف و با وەکوو ئاش، ڕۆزی باران قوففەیە
13
کاسە بۆیه لازمه تا ئاردەڵۆکی دەربدا
سەوڵی بۆیە لازمه نەک جۆگەلە بیبا به تاو
لاپەڕەی 361
ئاردەڵۆک: ئەوەی له وردیی و سپێتیدا له ئارد بچێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: حوجرەکەمان له ڕۆژی بەفر بارینا وەک ئاشی لێ دێ، چۆن ئاش بەهۆی پڕووشی ئاردەوە هەموو لایەکی سپی ئەکاتەوە، ئەمیش بەهۆی بەفرەوە وایه. له ڕۆژی بارانیشدا ئەبێ به قوفە و ئەکەوێتە سەر ئاو. بۆیە هەر کەسێ خاوەنی ئەم حوجرەیه بێ و تیایا بژی، پێویستی به کاسەیەکە بەفرەکەی وەک ئارد پێ لابدا و، سەوڵێکیشی ئەوێ ئاوی پێ لابدا له دەوری ژوورە سەر ئاو کەوتووەکه، نەوەک ئاو بەتاو بیبا.
دەستنووس
سەوڵی (چن): قوففە. بەڵام هەڵەیە، چونکه ژوورەکە خۆی کەوتووەتە سەر ئاو و بووە به قوفە. لازمه - ی یەکەم - (ت) و (خا): پێ دەوێ، تا (چر) و (مز) و (عب) و (اح) و (خا): دا.
14
وەضعی ئاشی گەر نەبێ، بۆچیی دەبێ پڕ ئاردەڵۆک؟!
طەبعی قوففەی گەر نەبێ، بۆچی دەنیشێتە سەراو؟!
لاپەڕەی 362
وەضع: بار
طەبع: سروشت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر ئەم حوجرەیە وەک ئاش نییه، بۆچی هەمیشە پڕە له ئاردەڵۆک و ئەگەر وەک قوفە نییه بۆچیی ئەکەوێتە سەرئاو؟دیارە وەک ئاش وایه بۆیە وا هەموو سووچێکی لەبەر ئاردەڵۆک و، ئەگەر وەک قوفە نییە بۆچیی ئەکەوێتە سەر ئاو؟ دیارە وەک ئاش وایە بۆیە وا هەموو سووچێکی لەبەر ئاردەڵۆک سپیی ئەکاتەوە و، وەک قوفە وایه بۆیە کەوتووەتە سەر ئاو.
وشەی (وەضع) ئیشارەتە به عیلمی (وەضع) که یەکێکه لەو عیلمانەی فەقێ چەند کتێبێکی تیا ئەخوێنن. وشەی (طەبع) یش ئیشارەتە به بابەتی (طەبیعییات) که بەشێکه له عیلمی کەلام.
لێکدانەوەی ئەدەبی
ئەم بەیتە وەک (حوسنی تەعلیل) وایه بۆ دوو بەیتەکەی پێشەوەی.
دەستنووس
دەبێ، دەنیشێتە (کم): ئەبێ، ئەنیشێتە.
15
کاسەوو کەوچک، حەسیر و بەڕ لە ئاودا هەر وەکوو
کیسەڵ و ماسیی و جلە دێن و دەچن پرژ و بڵاو
لاپەڕەی 362
بەڕ: بەڕە .
جله: جُلَّة ، به عەرەبیی جۆرە بەلەمێکی گەورەیه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی لەم بەیتەدا باسی کاسە و کەوچکی نان خواردن و حەسیر و بەڕە شڕی فەقێکان ئەکا کە لەناو ژووی حوجرەکەدا ئەکەونە سەر ئاو.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەم دوو نیوە بەیتەدا لەف و نەشری مورەتەب هەیە.
دەستنووس
پرژ و (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (ک) (اح) و (من) و (خب): پرش و.
16
ڕۆژ پڕە گوێمان لەبەر ئەنهار و جۆگە و هاژە هاژ
شەو نییە خەومان لەبەر قرژاڵ و بۆق و ژاوە ژاو
لاپەڕەی 363
ئەنهار: جەمعی (نەهر) ە واتە جۆگه .
هاژەهاژ: دەنگی ئاو که به خوڕ بڕوا .
ژاوەژاو: دەنگی بۆقە لەناو ئاودا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە نە به ڕۆژ و نه بەشەو ستار ناگرین. ڕۆژ لەبەر خوڕەی ئاو و شەو لەبەر دەنگی قرژانگ و بۆقی ناو ئاوەکه‌ی..
17
ئەو دەلاقەی تێدەخا چشت و مەکی پێدا دەبا
من لەوێ حەیران دەبم وەک ماڵ بڕاو و ماڵ براو
لاپەڕەی 363
دەلاقە: کون . کەلەبەر . پەنجەرە،
ماڵ بڕاو: ئەوەی کون کرابێتە دیواری ماڵی بۆ دزی لێ کردنی، کینایەیە له دزیی لێ کران .
ماڵ براو: ئەوەی دز ماڵیان بردبێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو - مەبەستی له ئاوە - لەولاوە کون ئەکاتە دیواری حوجرەکە شتومەکی پیا ئەباتە ژوورەوە و لێیەوە ئەباتە دەرەوە و، منیش لەوم لاوە سەرسام ئەبم وەک کەسێک ماڵیان بڕیبێ و ماڵیان به تاڵان بردبێ، نازانم چی بکەم.
ئەو (چن) و (عم) و (کم) و (ت) و (ک) و (مز) و (عب) و (اح) و (من) و (خا): ئاو. تێدەخا (کم): تێ ئەخا. دەبا (کم): ئەبا. ماڵ بڕاو و ماڵ براو (چر): ماڵ بڕاو و ماڵ بەراو. ئەم نوسخەیە (بەراو) ی بە به (بەر ئاب) لێکداوەتەوە. ڕاستەکەی هەموو ئەو نوسخانەی نووسیویانه‌ (براو) و گیرە (شەددە) یان بۆ (ر) که نەکردووە، لەوانەیه مەبەستتان (بەراو) بێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 363 سەرەتای وەها هاتووە: ئەو دەلاقەی تێ دەخا... گۆیا ئیشارەتە یان ڕاناوە بۆ ئاو دەچێتەوە. بەڕاستی وشەکە وەک دوومەڵ وایە و کورد نایێ لەبەر تیشکی ڕێزماندا ڕاناو بخزێنێتە شوێنی وەها لەقەوە. لە پەراوێزدا، دە تێکست «ئاو»یان نووسیوە ئیتر...
لە ئاست «ماڵ بڕاو و ماڵ بڕاو»ی هەمان بەیت شەرحەکە بە دەست وشەی «براو»ەوە سەغڵەتە کە دەبوو شەددەی بەسەرەوە بایە لەو تێکستانەی «براو»یان پەسەند کردووە. ئەم وشەیە زۆر لەبارە، بە ئەصل «بردراو» بووە و سوواوە وەک «بڕدراو» بۆتە «بڕاو» وا چاکە دەقی بەیتەکە بنووسم:
ئەو دەلاقەی تێ دەخا چ شت و مەکی پێدا دەبا
من لەوێ حەیران دەبم وەک ماڵ بڕاو و ماڵ براو

وشەی «بڕاو» لە دوو سەرچاوەوە دێت یەکیان «بڕان» بە واتای تەواوبوون و کۆتاییهاتن. یەکی دیکەش «بڕین»ـە. ناوی کارا «اسم فاعل» لە «بڕان»ـی کۆتاییهاتن «بڕاو»ە وەک «لوان، سوان» دەبنە «لواو، سواو». دیارە فیعلەکە تێنەپەڕە هەرچی «بڕین»ـە کە بۆتە «بڕاو» ناوی بەرکار «اسم مفعول»ـی لێ وەرگیراوە و بۆتە «بڕاو» کە بە ئەصل «بڕدراو»ە و دەکرێتە «بڕراو» و دەسوێ دەبێتە «بڕاو». دەستووری بێ بیژۆک لەو فیعلانەی کوردی کە کۆتاییان بە «د» دێت و بەر لە دالەکە «واو» یان «یێ» هەبوو ئەم دالەی دەسوێت. لە فارسیدا دالەکان ماونەتەوە لە نموونەدا دەڵێم: فەرموون، ئەزموون، بڕین، دڕین، دروون و مژین... لە فارسیدا فرمودن، ازمودن، بریدن، دریدن، درودن و مگیدن... لە هەمواندا ئەو دالە بەردەوامە... لە پێویستدا ئەو دالە قرتاوەی فیعلی کوردی بەدەر دەداتەوە وەک لە «کڕین» کە فیعلی کارا نادیاری لێ وەرگیرا دەگوترێ «کڕدرا» چونکە «کڕرا» قورسە بەسەر زمانەوە، حاجی قادر لە شیعری خویدا دەڵێ: «بۆ هاڕدنی ئێمە چ عەجایب دەگەڕێ». دەیبینین ئەو دالە قرتاوەی «هاڕین» بۆ کێشی شیعر هاتەوە. وشەی ئەوتۆ هەیە جۆرێکی دیکەی ڕەفتار لەگەڵدا کراوە. «دیدن»ـی فارسی لە کوردیدا بۆتە «دیتن». هەر چونکە دەستووری قرتانی دالی ئەو شوێنە زێدە چەسپاوە دەبینی «دیدن» دەکرێتە «دین» لە جیاتی «دیتن».
18
حوجرەکە ئاوس بو، وەعدەی بەهارێ بوو بزێ
وەضعی حەملی کەوتە پایز نابەکام و ناتەواو
لاپەڕەی 363
ئاوس: دوو گیان، سکپڕ .
وەضعی حەمل: لێ جیابوونەوەی سک، مناڵ بوون .
نابەکام: مناڵێ بەر له پڕکردنەوەی نۆ مانگ و نۆ ڕۆژەکه‌ی لەدایک بووبێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک چۆن ژنی دووگیان وردە وردە سکی دەرئەپەڕی، حوجرەکەی ئێمەیش وا سکی دابوو، لامان وابوو تا بەهاری داهاتوو خۆی ڕائەگرێ و له بەهارا ئەڕووخێ. بەڵام خۆی پێ ڕاگیر نەکرا، هەر له پایزدا قەوماندی و سکه‌که‌ی دانا و له باری چوو و ڕووخا..
دەستنووس
حوجرەکەی (عم) و (کم) و (گم) و (ک) و (عب) و (خب): حوجرەمان. ئاوس بوە بە وەعدەی خۆی (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (من) و (خب): ئاوس بووە وەعدەی.
19
خۆ زگی نیشتۆتە ئەرضی و، توومەزا هێشتاوەکوو
نوطفەکەی هەر ئاو بو، بەریاوێت لەبەر هەور و هەڵاو
لاپەڕەی 364
زگ: سک .
بەریاوێت: بەری ئاوێت، بەری خست .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: حوجرەکەمان لەبەر ئەو هەموو ئاوەی لە سەر بان و دیوارەکانیەوە هەڵیمژیبوو، سکی نیشتبوە زەویی، ئەتوت ئافرەتی سک پڕە، کەچیی بەهۆی هەور و هەڵا و هەوای ناسازەوە تلیسایەوە و تەپیی، بۆمان دەرکەوت نوطفەکەی ناو سکی هێشتا هەر ئاو بوو نەبووبوو به خوێن و گۆشت..
پەیوەندی (بەرهاویشتن) به هەور و هەڵاوە لەم بەیتەدا لەوەوەیە که گەلێ جار وائەبێ چرۆ و گوڵی تازە دەرکەوتووی درەخت بەهۆی با و بارانەوە ئەوەرێن و ئەکەونه خوار و ئیتر ئەوە وەک مناڵ لەبارچوون، وایه بۆ درەختەکان.
نالییی لەم بەیتەدا ئەوەی هێناوەتەوە پێش چاو کە زۆر جار وائەبێ سەربانی خانووی قوڕی لادێکانی کوردەواریی بارانێکی زۆری تیا ئەوەستێ و سەربانەکه‌ چاڵ ئەبێ و وردە و وردە دیوار ئەو ئاوە هەڵ ئەمژێ و ئەتەپێ. جا که ڕووخا دیارە چیی ئاو له سەر بانەکه‌ ماوە هەمووی ئەڕژێ وەک بڵێی له سکی دیوارەکەوە ڕژابێ. ئەو نوطفه و سک و بەرخستنەی نالییی لەم بەیتەدا پیشانی داوە ئەمەیە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەم بەیتەدا چوار ئیستیعارەی موصەڕرەحە هەیە له (ئاوس بوون) و (زان) (وەضعی حەمل) و (نابەکامیی) دا.
دەستنووس
توومەزا (عم) و (گم): نەزا. (کم) و (خب): تومەز. به پێی ئەم نوسخانه ئەبێ (ئەرضی و) به (ئەرضییو) بخوێنرێتەوە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
کورد دەڵێ. ژن منداڵی له‌بەر چوو ناڵێ بەری ئاوێت، بەر ئاوێتن تەنیا بۆ ئاژەڵ دەکوترێ. باش مانای لێک نەدراوەتەوە.
20
ئاسمان تەرزەی که لێ دا، بەردەبارانمان ئەکا
سوختەکانمان ڕادەکەن، پاڵوو پساو و قوون دڕاو
لاپەڕەی 365
سو ختە: فەقێ له پله سەرەتاییەکانی خوێندندا، لەوان بەرەوەژوورتر (موستەعیدد) ه . سیستەمی خوێندنی حوجرە وابوو سوختە ئیش و کاری نان و چێشت کۆکردنەوە و گسک لێدانی حوجرە و قاپ و قاچاخ شتن و چا لێنانیان بەجێ ئەهێنا و موستەعیدد ئیشیان نەئەکرد . سوختە لای موستەعیدد ئەیانخوێند و موستەعیدیش لای مامۆستا،
پاڵوو: لاپاڵ، لا پەراسووەکان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتە و بەیتی داهاتوو پێکەوە دێ.
دەستنووس
تەرزەی که (چر) و (کم) و (ت) و (ک) و (عب) و (اح) و (من) و (خب): تەرزێکی یا تەرزەیکی. (عم): تەرزەیکی. (گم): تەرزێکی. لێدا (عم) و (مز) و (عب): لێدا و. بەردەبارانمان (ت) و (خا) و (مز): بەردەبارانی.. دەکا (کم): ئەکا. پساو: (چن). نوسخەکانی تر هەموو: شکاو. چونکه وشەی (شکاو) له بەیتی داهاتوودا دووبارە بووەتەوە. ئێمە (پساو) مان لێرەدا پەسەند کرد، قوون (کم) و (گم) و (من): قنگ.
21
ڕادەکەن بۆ جانیبی دوککانی جەڕڕاح و طەبیب
چاک و دامەن هەڵکراو و، سەرشکاو تەنگەتاو
لاپەڕەی 365
جانیب: لا .
جەڕڕاح: ئەوەی تیماری زام ئەکا،
طەبیب: ئەوەی تیماری نەخۆشیی ئەکا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: که تەرزە ئەبارێ تەرزەکەی ئەوەندە زل و ناقۆڵایه‌ سەری بنیادەمی پێ ئەشکێ. بۆیە سوختەکان به سەر و پەراسووی شکاو و قنگی دڕاوەوە، چاکی لێ ئەکەن بەلادا و داوێنیان هەڵ ئەکەن و به هەڵەداوان ڕائەکەن بۆ دووکانی جەڕڕاح و حەکیمەکان تیمارێکیان بکەن.
دەستنووس
ڕادەکەن (کم) و (من): ڕائەکەن، دوککان (چر): دوککان و. چاک و (چر) و (عم) و (ت) و (ک) و (مز) و (عب) و (اح) و (خب): چاکی. دامەن (چن) و (ک): داوێن. (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (خا) و (خب): دامێن.
22
لوطفی بانگوش بوو کەوا لەم حوجرەدا زاناندمان
گەر بەنیی ئادەم بخنکێتن، سەراوە نەک بناو
لاپەڕەی 365
زاناندن: زانیمان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پیاوەتیی بانگوش بو بانەکەی نەگێڕا و، بەهۆی ئەوەوە بانەکە دڵۆپەیەکی زۆری کرد و، ناوەوەی پڕ بوو له ئاو و، ئێمەش کەوتینه سەر ئاو و خنکاین و، لەم حوجرەدا بۆمان دەرکەوت و زانیمان کەوا خنکاو ئەکەوێتە سەر ئاو و ناکەوێتە بنی.
دەستنووس
بانگوش (عم): بانکوت. حوجرەدا (عم): و (گم): حوجرەیە. زاناندمان (چر): زانانمان.
23
چونکه نەتکرد قوڕ به سەریا تا وەکوو تەسکین ببێ
مەیدەر بەر پێلەقە، توخودا . بڵا بگرێ به تاو!
لاپەڕەی 366
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەدا ڕوو ئەکاتە بانگوشەکە، که دیارە له ناوەختا هاتووە بانەکه بکوتێتەوە و له کاتی پێویستا به قوڕ سواغی نەداوە تا که باران باریی دڵۆپە نەکا.. پێی ئەڵێ: تۆ له کاتی خۆیدا نەهاتی قوڕ بکه‌ی بەسەریا تا بۆ خۆی داسەکنێ و ئۆقرە بگرێ، ئێستاش لێی گەڕێ، دەس مەکە به کوتانەوەی و پێلەقەی لێ مەدە، بابۆخۆی بەتاو بگریی و هەر دڵۆپەکە بکا..
پەیوندی (قوڕبەسەراکردن) و (تەسکین بوون) لەوەیەوە که ئافرەتی تەعزییەبار، کەفوکوڵی گریانی ئەنیشێتەوە، بەڵام قوڕی بە سەر و شانەوە هەر ئەمێنێ. جا ئەگەر قوڕی نەدابێ لەسەر و شانی، ئەوە وا ئەگەیەنێ هێشتا تازە سوێیە و له گرمەی گریاندایه.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەم بەیتەدا دوو ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە له (قوڕ بەسەراکردن) و (گریان) ـ‌دا.
نەبوونی نازناو له نوسخە پشت پێ بەستراوەکانی ئەم پارچە شیعرەدا (ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو نوسخانه‌ی نازناویان تیایە، نووسیارەکان خۆیان گۆڕیویانە، چونکه داڕشتنی دوا بەیت لەو نوسخانەدا هونەرمەندانه نییە.) و گواستنەوەکەی نالییی له باسی غائیبەوە بۆ خیطاب و ڕووی دەم تێکرن، لەوانەیە نیشانەی ئەوە بێ که پارچە شیعرەکە ناتەواو بێ و چ له پێش دوا بەیت و چ لە دوایەوە فەوتابێ.
نالییی لەم پارچە شیعرەیدا چوار تەعبیری کوردیی بەکار هێناوە، ئەوەندەی ئێمە ئاگامان لێ بێ بەر لەو کەس بەکاری نەهێناون: (١) لە بەیتی یەکەمدا تەعبیری (کون تێیە) واتە: که کونی تیایە. (٢) له بەیتی پێنجەمدا تەعبیری (وەها سەرمای تێدا سەرما دەبێ) که ئەبوو بیوتایە:
وەها سەرما تێیدا سەرمای دەبێ، (٣) له بەیتی شەشەمدا تەعبیری (هەورین) که ئێمه ئەڵێین: هەوری پێوەیە. (٤) له بەیتی بیست و دووهەمدا تەعبیری (زاناندمان) که فیعلی جووڵاو و (متعدی) یە و ئەو له جیاتیی نەجووڵاو (لازم) بەکاری هێناوە. ئەمانه هەموو نیشانەی دەوری نالییین له بۆ پێشەوە بردنی زمانی کوردیدا.
دەستنووس
چونکه (کم) و (گم) و (من): تۆ که. نەتکرد (مز) و (خا): نەیکرد. تاوەکوو تەسکین ببێ (چن): تا وەکوو تەسکین بێ. (عم): نالییی تا تەسکینی بێ. (کم) و (گم) و (من): نالیییا تەسکینی بێ. (ت) و (مز): تاوەکوو تەسکین دەبێ. (عب) و (خا): تاوەکوو تەسکینی بێ، پێلەقە (ت) و (ک) و (اح): پێلەقان. تووخودا (کم) و (گم ) و و (ت) و مز) و (من): تووخوا. بڵا (مز): بڵێ. بەناو (چن) و (عم) و (مز) و (عب ( و (اح) و (خا): تەواو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 366 وشەی «توخودا» یا دەبێ «توخدا» بخوێندرێتەوە یان «توخوا» بێت وەک کە پێنج تێکست پەسەندیان کردووە.
لە کۆتایی بڕە شیعرەکەدا تێبینی ئەوە کراوە کە نالی چەند تەعبیرێکی بەکارهێناوە نیشانەی دەوری نالییە لە بۆ پێشەوە بردنی زمانی کوردی. لەمانە تەعبیری ئەم حوجرە «کون تێیە» بە واتای «کونی تیایە». ڕاستییەکەی «کون تێ» بە بەربڵاوی لە شوێنێ مناسبدا بەکار دێت و هاتووە تەنانەت «نۆ کون تێ» بە لەشی ڕوحلەبەری وەک مرۆ، ئاژەڵ و دڕندە... دەگوترێ. تەعبیری «وەها سەرمای تێدا سەرما دەبێ» کە بە قسەی شەرحەکە و، منیش لەگەڵیدام، دەبوو «... سەرمای دەبێ» بێت لە حەقیقەتدا نالی هاتووە «ی» دوای «سەرمای دەبێ»ـی ڕاگوێستووە بۆ سەرمای بەرایی بەیتەکە خۆ ئەگەر گوتبای «سەرما تیا سەرمای دەبوو» فەرقێکی نەدەکرد. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم بەکارهێنانە چ دەربوونەیەکی داخراوی بە ڕووی ڕێزمان و ئاخێوەری کورددا نەکردۆتەوە لێشی داوا ناکرێ دەربوونە بکاتەوە چما ئەو هەموو مەهارەتەی وشە و واتائاراییەی نالی سێبەرێکی یان پڕشنگێکی هاتە ناو ڕەواننووسی کوردییەوە! شەرحەکە وشەی «هەورین»ـیشی لەو بابەتە داناوە گۆیا خەڵق دەڵێن هەوری پێوەیە. ئەم بۆچوونە ڕێک نییە لەگەڵ باری وشەکەی تێدا هاتووە: «هەورین» صیفەتە، ئەمیان ڕستەیە. چ هەورین چ هەوراوی، هەردوویان لە شوێنی مناسبدا بەکار دێن. هەوری پێوەیە جودایە لە هەورین چونکە یەکەمیان هەموو ئاسمان ناگرێتەوە. تەعبیری «زاناندمان» کە نالی لە بەیتی 22یەمدا بەکاری هێناوە، ئا ئەم تەعبیرە لە نێوان مەلا و فەقێیاندا زۆر باو بوو تەنانەت مامۆستای دەرسدەری پۆلی سێ و چواری قوتابخانەی کۆیێ کە من تێیدا بووم «زاناندم»ـی بەکار دەهێنا، خۆیشی مەلا بوو. لەمەش بەولاوە «زاناندم» غەیری «زانیم»ـە، هەرچی زانینە لەوانەیە بێ مێشکگوشین پەیدا بێ وەک کە بڵێی: تازە زانیم دارا چۆتە حەج. هەرچی زاناندنیشە وردبوونەوە و لێکدانەوە و... چی و چی دەوێ... وەک لەبیرمە ئەم وشەیە لە لایەن کۆڕەوە، کە من ئەندام بووم تێیدا، لێی کۆڵرایەوە.