به جان سەختیی و دڵ بەردی، من و تۆ
1
به جان سەختیی و دڵ بەردی، من و تۆ
بیعەینیی هەروکوو پۆڵاوو بەردین
لاپەڕەی 349
جان سەختیی: گیان سەختیی، زوو گیان دەنەچوون . خۆ بەدەستەوە نەدان،
دڵ بهردیی: دڵڕەقیی وەک بەرد . بێڕەحمیی . ب ێ عەینیی، بعینه، دەق وەک ..
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتە و بەیتی پاشەوە پێکەوە دێ.
له تێکرای نوسخە دەسنووس و چاپییەکاندا ئاڵۆزییەک لەنێوان ئەم پارچە شیعرە و پارچەی پێشوودا ڕووی داوە. (چر) و (ت) و (ک) و (تۆ) و (مز) و (عب) و (اح) و (خا) و (خب) بەیتی یەکەم و دووهەمی پارچەی پێشوو و، (چن) و (کم) و (گم) و (من) تەنها بەیتی یەکهمییان لێرەدا
داناوه و کردوویانه به سەربەند. (عم) یش تەنها بەیتی سێهەمی ئەوێی هێنانەوە و لێرەدا کردوویە به سەربەند، جیاوازی بەکارهێنانی ئەو دوو بەیتە له پارچەی پێشوو و لەم پارچەیەدا، به گوێرەی ئەم نوسخانه تەنها ئەوەندەیە له جیاتیی (خەطات فەرموو) ی پارچەی یەکەم، لێرەدا (مەکە مەدحی) یە و، لەجیاتیی (پێم بڵێ) ی ئەوێ لێرە (بێ خەطا) یە.
بەرابەر بەمە له نوسخەی (ت) و (ک) (مز) و (اح) و (خب) دا ئەم دوو بەیتە له پارچەی پێشوودا نین و، هەروەها له (مز) دا بەیتی چوارەمیش و، له (عم) دا تەنها بەیتی سێهەم نییە.
ئاڵۆزییەکی تریش له ئارادایە , له نوسخەکهی (چر) و (تۆ) دا - وەک لە سەرەتای پارچە شیعری پێشوودا باسمان کرد - پارچە شیعری پێشوو به وەڵامی ئەم پارچە شیعرە دانراوە، گوایە نالییی خاوەنی ئەم پارچە شیعرە، بەوی پێشوو وەڵامی خۆی داوەتەوە جا خواە ئەوەی ێشووی به ناوی کەسێکی ترەوە دانابێ، وەک نوسخەی (تۆ) دا نووسراوە، یا نه..
بەڵام ئەوەی له بەراوەرد و لێکۆڵینهوەی ئەم دوو پارچە شیعرەوە به ئاشکرا بۆ ڕەخنهگر دەرئەکەوێ، ئەوەیه ئەم دوو پارچەیە، هەر چەند له وەڵام ئەچن، بەڵام هیچ کامیان وەڵامی ئەوی تریان نییە و هیچ پەیوەندێکیان به یەکەوە نییە، ئەوە نەبێ که لەبارەی سەنگی عەرووزییەوە هاوجۆرن. که دوو بەیتی یەکەم و دووهەمی پارچەی پێشوو ئەخەینه لای سەرەوەی ئەم و دەست ئەکەین به خوێندنەوەیان و پاشان ئەگەینه بەیتە بڕبڕە پشتییەکانی ئەم پارچەیە، به ئاشکرا هەست ئەکەین که له جیهانێکەوە چووینەتە جیهانێکی تری بێپەیوەند، خۆ ئەگەر بەیتی سێهەمی ئەو بکەین به سەربەندی ئەم، ئەوە جگە له بێپەیوەندییە مەعناییەکە، لەبارەی نایەکێتیی ڕەوی و قافیەیەی بەیتەکە خۆی و نەگونجانیشیەوە لەگەڵ ئەم پارچەیە له بارەی لەنگەرەوە، گیر ئەخۆین..
ئێمه لامان وایە، هەر وەک دوو پارچەیەش پەیوەندیان بەیەکەوە نییە، ئەم پارچەیەش لای کەمی بەیتێکی ناتەواوە، هەر هیچ نەبێ چونکه خۆ پێویستە بەیتی یەکەمی (موصەڕڕەع) بێ واتە (ڕەوی ) و (قافییە) ی چونیەک بێ. مایەی خۆشبەختییە چروستانییش له پەراوێزی ئەم پارچەیەدا نووسیویە: « در اکثر نسخ دو شعر در اول این غزل مفقود است » واتە: له زۆربەی نوسخەکاندا دوو بەیت له سەرەتای ئەم غەزەلەوە نەماوە، بەڵام بۆ کەس بۆی نەگێڕاینەوە که له « اقل نسخ » دا ئەو بەیتانه کامەن؟ !
جیاوازیی ڕستەی یەکەمی بەیتی یەکەم و ڕستەی پێش دوایی بەیتی دووهەمیش له پارچەی پێشوودا لەوەی له نوسخە ناوبراوەکاندا کراون به بەیتی یەکەم و دووهەمی ئەم پارچەیە، تەنها جیاوازیی نوسخە ئەگەیەنێ له چوار چێوەی پارچەی پێشوودا و، نیشانهی ئەوە نییە شیعری سەربەخۆن و هیی ئەم پارچەیەن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له هێنانی (من) و (تۆ) دا بەدوای (جان سەختیی) و (دڵ بەردیی) دا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە.
دەستنووس
جان (عم): گیان. پۆڵاوو (کم) و (ک) و (مز) و (اح) و (من) و (خا) و (خب): پۆلاد و.
2
وەرە با ئاگرێکی وەصڵی خۆمان
بخەینه قاوی عومری دوشمنی دین
لاپەڕەی 351
قاو: پووشوو، پیفوو، ناوپۆرگی پیرەدارە . هەیەتی زۆر نەمرە و هەیەتی کەمتر . زوو ئاگر ئەگری و که ئەسووتێ بۆنێکی خۆشی هەیە .
دین: ئایین، چاو پێکەوتن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من و تۆ هەردوکمان له یەک بابەتین و پێکەوەمان کار مەیسەر ئەبێ، من له گیان سەختیی و خۆ بەدەستەوە نەدانا وەک پۆڵا وام که به هیچ ناشکێ و، تۆیش له دڵڕەقیدا وەک بەردە ئەستێ وای، به بەیەکگەیشتنی هەردووکمان ئاگر ئەکرێتەوە. کەواتە، وەرە با بەیەکبگەین و به بەیەکگەیشتنمان ئاگر بەربدەینه پووشووی ژیانی ئەوەی ناحەزی یەکتر دیتنمانه که وەک ناحەزی ئایین وایه..
جاران له لادێکی کوردستانا باو بو جووتیارەکان که بیانویستایه سەبیل داگیرسێنن، تۆزێ پووشوویان ئەخستە سەر بەردە چەخماخ و ئەستێکەیان پیا ئەدا، ئاگرێکی لێ ئەبوەوە و پوشووەکە گورج ئاگری ئەگرت.
دەستنووس
ئەم بەیتە له نوسخەی (مز) و (عب) دا نییە.
ئاگرێکی (عم): ئاورێکی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەم لە لاپەڕە 351 کە ئەمە دەقیەتی:
وەرە با ئاگرێکی وەصلی خۆمان
بخەینە قاوی عومری دوشمنی دین
شەرحی دراوە بە چاکی. بە دوا ئەمدا بەیتی سێهەم کە بۆتە بەیتی یەکەم لە لاپەڕە 352دا:
ڕەقیب و موددەعی وەک پووش و پووشوو
بسووتێنین، کە وەک بەرقین، لەبەر قین
3
ڕەقیب و موددەعیی وەک پووش و پووشوو
بسووتێنن، که وەک بەرقین، له بەر قین
لاپەڕەی 352
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من و تۆ که له بەیەکگەیشتنمانا وەک برووسکهی هەورین و زوو ئاگر ئەکەینەوە، با لهداخانا بەدکار و خۆ هەڵپەستێن بسووتێنین، که ئەوانیش وەک پووش و پووشوو وان و زوو ئاگر ئەگرن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆکردنەوەی (پووش) و (پووشوو) دا جیناسی ناقیص و، له کۆکردنەوەی (بەرقین) و (لەبەر قین) دا جیناسی تەرکیب هەیە.
دەستنووس
پووشوو: ئەمه تێکستی (ت) و (مز) ه. نوسخەکانی تر هەموو، پووشوون،
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
شەرحەکە ئەم بەیتەی بە دووانی پێش خۆیەوە نەبەستۆتەوە، کەچی لەمیاندا ئەنجامە مەبەستەکەی یەکتر دیتن و ڕەقیب و موددەعی لە ناوبردن دێتە دی. لەف و نەشرێک هەیە لە پێک چواندنی ڕەقیب و موددەعی بە پووش و پووشو، دەبێ بڵێین مورەتتەب چونکە هۆیەک نییە بیکات بە مشەووەش. دەشێ لەوەدا کە موددەعی ناحەزترە لە ڕەقیب پووشەکە خۆی بێت چونکە ئاسانتر دەسووتێ لە پووش. بەڵام پووشیش لەم بەیتەدا هەر دەسووتێ چونکە بەڕقی قین لێی زیادە.
4
مەفەرموو دڵ وەکوو ئاوێنه صافە
بەڵێ ئایینه بۆی بووی به خودبین
لاپەڕەی 352
ئاینه: ئاوێنه .
خودبین: ئەوەی هەر خۆی له بەر چاو بێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مەفەرموو دڵم وەک ئاوێنه ساف و بێگەردە. ئەگەر ڕاست دڵت وا بووایه، هەموو شتێکت تیا ئەدیی و، خەڵکی تریشت ئەهاتە بەرچاو و، بەزەییت به کەسانی تریشدا ئەهاتەوە. دڵت وەک ئاوێتە ساف نییه. ڕەشە و، تۆیش ئاوێنەیەکی چڵکن بەکاردێنیی. بۆیە وا خودبین و خۆپەرەستت لێ دەرچووە و له خۆت بەولاوە کەست نایەتە بەرچاو.
دەستنووس
مەفەرموو (عم) و (گم) و (تۆ) و (من) و (عب): دەفەرمووی. ئاوێنه (تۆ) و (عب): ئایینه. بەم ئایینه (چر) و (چن) و (ک) و (مز) و (خا): بهم ئاوێنه. ئێمه (بەم ئایینه) مان پەسەند کرد تا سەرەڕای بەکارهێنانی دوو وشەی جیا و نەوای مۆسیقایی، مەعنای پێڕەو و ڕەوشتیش بگەیەنین. بۆی بووی: ئەمه تێکستی (چر) و (اح) و (خا) یە. نوسخەکانی تر هەموو: بووبیی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 352:
مەفەرموو دڵ وەکوو ئاوێنە صافە
بەڵێ بەم ئایینە بۆی بووی بە خودبین
دەبوو شەرحەکە لە جیاتی «بۆی بووی» کە تێکستی «چر، اح، خا»یە «بوویی» هەڵبژاردایە کە بە پێی قسەی خۆی تێکستی هەموو نوسخەکانی ترە، ئەمیش لەبەر دوو سەبەب: یەکەمیان ئەوەی کە نازانین ئەم «بۆی» لە ڕستەی «بۆی بووی» کێ و چی تێدا مەبەستە، چ فەرق نییە لەوەدا بیگوتبایە «لێی بووی» چونکە ئەمیش هەر کەلە. هۆی دووهەم ئەوەیە نیوەبەیتەکە لە وشەکانی «بەڵێ، بوم، بۆی، بووی، بە» پێنج دەنگی «ب»ی تێدایە جگە لە «خودبین». هەر نەبێ یەکێکیان تێ بچێ نەختێک، بگرە پتر، لە قورساییەکە دادەشکێنێ. کە دەڵێم «پتر لە نەختێک» لەوەوە دێت سێ وشەی «بۆی بووی بە» زێدە زێدە لێک نزیکن و «بووی» ناوەندی هەردوو وشەکە هەڵستێ مەودا دەخاتە نێوانیانەوە، کە دەشبێتە «بوویی» ئەو مەودایە فرەوانتر دەکات و تێک چڕسانەکە خاو دەکاتەوە.
شەرحەکە، بەداخەوە وەها بەرنگاری گیانی بەیتەکە بووە چۆتە قاڵبی ناحەزییەوە کە لە شەرحدا دەڵێ: مەفەرموو دڵم وەک ئاوێنە ساف و بێگەردە، ئەگە ڕاست دڵت وا بووایە، هەموو شتێکت تیا ئەدی و، خەڵکی تریشت ئەهاتە بەرچاو و، بەزەییت بە کەسانی تریشدا ئەهاتەوە. دڵت وەک ئاوێنە ساف نییە، ڕەشە و، تۆیش ئاوێنەیەکی چڵکن بەکاردێنی. بۆیە وا خودبین و خودپەرستت لێ دەرچووە و لە خۆت بەولاوە کەست نایەتە بەرچاو.
پووزش لە گیانی فاتیح دەخوازم کە دەڵێم: هەر مابوو هوتافێکی بمرێ خوێنمژ! ی بە دوادا بێت.
نالی نەیویستووە توانجی شکاندنەوە لە یاد بگرێ: لە ڕێی وشەی تێک ئاڵقاو و واتای پێکدا دووراودا و بە تەعبیری ناسکی «مەفەرموو» شەکوای حاڵ دەکات لەوەدا کە صافیی ئاوێنەکە نۆ نیگای یار بۆتە هۆی ناز و خودپەسەندی لەبەر زێدە بێ عەیبی ئاوێنەکە کە هەموو جوانیی یار دەداتەوە. ئەگەر هونەری وشە و واتای توێکلدار نەبێ ئاوێنەی دڵ هەرگیز ڕەنگ و وێنە عەکس ناکاتەوە.
5
وەرە تا عالەمی قەلبت نیشان دەم:
کەوا فەقی غینایە، مردنی ژین
لاپەڕەی 352
عالهمی قەلب: جیهانی دڵ، جیهانی خۆشەویستیی .
فەقر: لاتیی .
غینا: دەوڵەمەندیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم بەیتە و بەیتی پاشەوەی پێکەوە دێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له نێوان (فەقر) و (غینا) و، (مردن) و (ژین) دا طیباق هەیە. هەروەها له (عالەمی قەلب) ـیشدا لەطافەت، چونکه واتە (عالەمی قەلب) عالەمێکی سەر هەڵەوگەڕاوە، هەموو شتێکی تیا به پێچەوانەوەیە.
دەستنووس
تا (کم) و (ت) و (عب) و (اح ) (خا) و (خب): دا. (عم) و (تۆ) و (من): با. فەقری (کم) و (گم) و (من): فەقر و. غینایە و. مردنی (کم) و (گم) و (تۆ) و (عب) و (من): عالەمی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 352:
وەرە تا عالەمی قەلبت نیشان دەم:
کەوا فەقری غینایە، مردنی ژین
شەرحەکە ئەم بەیتە بە بەیتی دووایەوە دەبەستێتەوە، حەقیشیەتی:
تێدا ئوممێد و بیم و گریەوو سۆز [تیا لە جیاتی تێدا پەسەندە]
بەهار و پایز و زستان و هاوین
ئیتر بە پێی واتای «قەلب» کە دڵە بۆ شیکردنەوەی هەر دوو بەیت چووە... «وەرە با جیهانی دڵت پێشان دەم لە چ جیهانێکی خۆشدا دەژین... جیهانی دڵداران لە هیچ جیهانێکی تر ناچێ...» هتد. ئەم شەرحە زێدە سادەیە و دوورە لە قووڵایی بەیتەکان:
وشەی «قەلب» سێ خوێندنەوە هەڵدەگرێ؛ قەلب بە واتای دڵ. قەلب بە واتای وەرگەڕان. قەلب، قەلب بە واتای چرووک:
وەرە تا عالەمی دڵت نیشان دەم کە هەژاریەکەی دەوڵەمەندییە و مردنەکەی ژینە یاخود: لە جیاتی سەروەت هەژاری و لە جیاتی ژین مەرگی نەصیب دەبێ. وەرە تا عالەمی وەرگەڕاوت نیشان دەم کە فەقری غینایە و مردنی ژینە، هەمووی هەر وەرگەڕانە. وەرە تا عالەمی چرووکت نیشان دەم کە فەقر بە غینا و مردن بە ژین نیشان دەدات.
ئنجا: لە چوار کژی ساڵدا، لە بەهار و هاوین و پاییز و زستاندا یەک ئومێد و سێ پەژارەیی هەیە لە ترس و گریان و سۆز... ئەم بەیتە یەکێکە لە شاکاری هەموو ئەدەبی کوردیدا.
6
تێدا ئوممێد و بیم و گریەوو سۆز
بەهار و پایز و زستان و هاوین
لاپەڕەی 353
ئوممێد: هیوا .
بیم: ترس
گریه: گریان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەرە با جیهانی دڵت پیشان دەم تا بزانی دڵداران له چ جیهانێکی خۆشدا ئەژین.. جیهانی دڵداران له هیچ جیهانێکی تر ناچی.. بنیادەم تیایا تا هەژارتر بێ و پتر ؛ه پێناوی خۆشەویستیدا دەست له دنیا بشوا، له ڕاستیدا دەوڵەمەندترە.. تا باشتر له پێناوی خۆشەویستیدا بمرێ و تیا بتوێتەوە، ژیانی ڕاستەقینهی باشتر بۆ ئەنووسرێ.. جیهانی دڵداران جێگای کۆبوونەوەی چەندها شتی به دیمهن دژی یەک و، له ڕاستیدا پێکەوە بەستراوە: هیوای گەیشتن به یار و ترسی دووری لێی.. گریان له تاو دووری و سۆز له خۆشیی بەیەکگەیشتندا.. بەهاری ئاواتی گەش و، پایزی هیوای وەریو.. زستانی فرمێسکی بەخۆڕ و هاوینی به گڕی وەصڵ سووتان وەک پەروانه..
به پێی ئەم لێکدانەوەیە لەم بەیتەدا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە، چوارەکانی هەرکام له دوو نیوە بەیتە که بەڕیز یەکتر لێک ئەدەنەوە. وەک چۆن لەنێوان (ئوممێد) و (بیم) دا طیباق و، لەنێوان ناوی چوار وەرزەکەدا تەناسوب هەیە.
لەلایەکی کەشەوە (ئوممێد) و (بیم) کە واتە (خەوف) و (ڕەجاء)، دوو زاراوەی عیلمی تەصەووفن.
دەستنووس
تێدا (چن) و (کم) و (گم) و (عب) و (من): بەنا، دیارە هەڵهیه و ئەسڵهکهی (تیا) بووە له نەزانیی نووسیارەوە وای بەسەرهاتووە.
(مز): بە صەد. (خب): لەبەر.
7
لەگەڵ مورغی چەمەن «نالیی» دەناڵێ
که یەعنی عاشق و هەم فەرد و فەردین
لاپەڕەی 354
مورغی چەمەن: پەلەوەری ناو مێرغوزار .
هەم فەرد: هاوسەر و هاودەرد .
فەرد: تاقانه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی لەگەڵ بولبولی ناو باخاندا هەمیشە خەریکی ناڵانه، جووتە دڵدارێکی ڕاستەقینەن، به سۆز پێکەوە ئەناڵێنن و به جیهانی پیشان ئەدەن کەوا هەردووکیان گرفتاری دەردی دڵن: پەلەوەری چەمەن دڵداری گوڵە و، نالیییش گرفتاری یار !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (نالییی) و (دەناڵێ) و، (فەرد) و (فەردین) دا جیناسی ناقیص هەیە، هەروەها لەنێوان (هەم فەرد) و (فەرد) یشدا طیباق هەیه.
دەستنووس
عاشق و (کم) و (گم) و (ک) و (اح) و (من): عاشقی. (تۆ) و (عب): عاشقین.