سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەم طاقمه مومتازە کەوا خاصصەیی شاه ن

1
ئەم طاقمه مومتازە کەوا خاصصەیی شاه ن
ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن
لاپەڕەی 340
مومتاز: هەڵاوێردە . خاصصە . تایبەتیی .
قەلبی سوپاه: جاران سوپا کراوە به چەند بەشەوە , موقەددەمه و موئەخخەرە و مەیمەنه و مەیسەرە و قەلب، واتە , ئەوانەی له پێشەوە ئەڕۆن و ئەوانه‌ی لە دواوە ئەڕۆن و ئەوانه‌ی لای ڕاست ئەگرن و ئەوانه‌ی لای چەپ ئەگرن و ئەوانەی له ناو جەرگەدان، ئەرکی هەرە زۆری جەنگ ئەکەوێتە ئەستۆی ئەمانەی دوایی . قەلب
واتە: ئەم کۆمەڵه هەڵاوێردەیە که دەست و دائیرەی تایبەتی پادشان، له جوانیدا بوون به مایەی هەرا و ئاشووبه له هەموو لایەکی وڵات و له ناو جەرگەی سوپایشدا، یان بووبن به مایەی وەرگێڕانەوەی سوپا و له کار خستنی، یان دڵی سوپا و خۆشویستینی ..
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی ئەم پارچە شیعرەی لەبارەی خوڵامه تایبەتییەکانی دەرباری بابانەوە وتووەکه دیارە هەڵبژاردەترین و شۆخترین و تازە هەڵچووترین کەسی ئەو دەوروبەرە بوون. له نوسخەی (عب) دا نووسراوە « در مدح غلامان احمد پاشای سلیمانیه » واتە: له پیاهەڵدانی خوڵامەکانی ئەحمه‌د پاشای سولەیمانیدا.
تێکڕای پارچە شیعرەکه وا ئەگەیەنێ هەڵه‌یه بڵێین (قەلبی سوپاهن) عەطف کراوەتەوە سەر (ئاشووبی دڵی مەمله‌که‌ت) و هەر دو نیمچە جوملەکه خەبەری (ئەم طاقمه‌) ن، مەگەر له حاڵێکا که (قەلب) به (وەرگێڕانەوە) واتە (مایەی وەرگێڕانەوەن) یا به (دڵ) مەعنا لێ بدەینەوە. ڕاست ئەوەیه عەطفی (قەلبی سوپاهن) بکەینەوە سەر (دڵی مەمله‌کەت) و (ئاشووبی) بەسەردا بێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆ کردنەوەی (شاه) و (سوپاه) دا تەناسوب و، لەنێوان (دڵ) و (قەلب) ـدا جۆرە تەرادوفێک هەیە.. هەروەها له (قەلب) دا لەطافەتیش هەیە، چونکە هەم مەعنای دڵ و هەم مەعنای وەرگێڕانەوە و هەم مەعنای زاراوە سوپاییەکەش ئەگەیەنێ که باسمان کرد.
دەستنووس
ئەم (عب): ئەو. طاقم (گم): تاقم. سوپاهن (« پەراوێزی » چر) و (مز): سیاهن. هەرچەند مەعناکەش ئەگونجێ، واتە ئاشووبی دڵی کەسانی دڵڕەش، بەڵام جوان نییە.
Hڕەنگبێ دینی به مانای بینیش بووبی یانی بینایی پیاویش به غارەت دەبەن.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە340:
ئەم طاقمە مومتازە کەوا خاصصەی شاهن
ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن

شەرحەکە هەوڵێکی باشی داوە بۆ وەرگرتنی مەعنای دروست بۆ بەیتەکان: دەڵێ کە ئاشووبی مەملەکەتن - ئەم طاقمە مومتازە - ناشێ ئاشووبی قەلبی سوپاهیش بن، کەواتە ئاشووبی دڵی خەلقی وڵاتن - بە جوانی و ڕێکییان - لە هەمان کاتدا قەلبی لەشکریشن نەک مەیمەنە یا مەیسەرە... جگە لەمە تەوجیهاتی دیکەشی هەیە بەڵام ئەمە کاکڵی شەرحەکەیە و لە سنووری دیتنی خۆیەوە ڕاستی بۆچووە.
بەڵام بەیتەکە مەعنای دووهەمی بارتەقای ئەمەی هەیە. مەعنای شەرحەکە بۆ حاڵێک دەست دەدات کە مەملەکەت و سوپاهـ و وڵاتی بابان و سوپاهی ئەحمەدشا بن. ئەگەر وڵات و سوپاهی دوژمن بن طاقمەکە دەبنە ئاشووبی مەملەکەت و ئاشووبی قەلبی سوپاهیش بە هۆی جەنگاوەری و لێهاتوویی خۆیانەوە.
2
صەف صەف که دەوەستن به نەظەر خەططی شوعاعن
حەڵقە که دەبەستن وەکو خەرمانەیی ماهن
لاپەڕەی 341
بەنەظەر: لە بەرچاودا .
شوعاع: تیشک .
ماه: مانگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: که ڕیز ڕیز ئەوەستن، لەبەر چاودا وەکو هێڵی ڕووناکین، لاریی و خوارییان تیا نییه، یاخود بەهۆی بریقەدانه‌وەی جل‌ و بەرگی جوانیان و چەکی دەستیانەوە تیشک ئەدەنەوە. که ئەڵقەش ئەبەستن وەک خەرمانەن بە دەوری مانگدا. دیارە مانگە خەرمانه‌ داوەکەش پادشا خۆیەتی.
دەستنووس
صەف صەف (« پەرواێزی » چر) و (عب): یەک صەف. ئەوەستن (چر) و (چن) و (مز) و (عب) و (اح) و (من) و (خا) و (خب): ئەبەستن. له (« پەراوێزی » چر) دا: ئەوەستن. (ت): ئەوێستن.
3
نەرگس نیگەهـ و ساق سەمەن، کورتە بەنەفشەن
موو سونبول و، ڕوومه‌ت گوڵ و، هەم لاله کولاهن
لاپەڕەی 341
نەرگس نیگەهـ: ئەوەی به چاوێکی وەک نەرگس مەوستەوە بڕوانێ .
ساق: باڵا، سەمه‌ن
کورتە بەنەفشە: کورتەکی بەریان وەنەوشەیی ڕەنگ، مەبەستی له کەوای تاقەی شینه که ئەو خوڵامانه له بەریان کردووە .
موو سونبول: ئەوەی تازە مووی لێ هاتبێ و مووەکانی ڕووی وەک سونبول ناسک بن .
ڕوومه‌ت گوڵ: ئەوەی ڕوومەتی وەک گوڵ گەش بێ .
لاله کولاه: کڵاو سوور وەک گوڵی لاله .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
کورتە (مز): کورت و. بەنەفشەن: (عم) و (گم) و (مز) و (اح) و (« پەراوێزی » خا): وەنەوشەن. (کم): ئەپۆشن. (ک): دەپۆشن.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
شەرحەکە بەیتی سێهەمی قەصیدەکەی (لە لاپەڕە 341) باش ڕوون کردۆتەوە کە بریتییە لە لێکدانەوەی واتای وشەکان، خلیسکێکی بێلزوومی بردووە لە ئاست «سەمەن»دا کە دەڵێ: دووریش نییە لە ئەسڵدا «سیمین» بووبێ... ئەم وشەیە بچێتە جێی سەمەن بەیتەکە دەشێوێ چونکە ئەمە قۆرت پەیدا دەکا لە کێشی شیعرەکە، «سەمەن» وەک ئاوی ڕەوانە تێیدا.
4
گوڵزاری دەر و دەشتن و غیلمانی بەهەشتن
ئاهوو صەف و، ئاتەش به کەف و، تیز نیگاهن
لاپەڕەی 342
ئاتەش: ئاگر .
کەف: دەست،
تیز: تیژ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە مایەی ڕازانەوەی دەرەوە و ناوەوەن. له دەرەوەدا وەک گوڵن، له کۆشکی پادشاشدا وەک غیلمانی بەهەشتن. لە مەیدانی سەیران و ڕابواردنیشدا وەک ئاسک ڕێک ڕیز ئەبەستن، تفەنگ و بارووت به دەستەوە ئەگرن، یاخود ئاگر بەردەدەنه دڵی تەماشاکەر هەروەک بێی ئاگریان بەدەستەوە بێ، چاویان تیژه، هیچیان لێ ون نابێ، یان دڵی تەماشاکەر ئەسمن.
دەستنووس
صەف و (چن) و (کم) و (گم) و (عب) و (من) و (خب): صیفەت. تیز (چن): تیزه.
نیوەی یەکەمی ئەم بەیتە له نوسخەی (خب) دا بەم جۆرەیه:
غیلمانی دەر و دەشتن و حوورانی بەهەشتن
ئەم بەیتە و بەیتی شەشەم له نوسخەی (خب) دا لەجێی یەکتردان.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 342:
گوڵزاری دەر و دەشتن و غیلمانی بەهەشتن
ئاهو صەف و، ئاتەش بە کەف و، تیز نیگاهن

دەبوو «ئاهو صیفەت» هەڵبژێرێت. هەر چونکە مامز لەگەڵ ڕیزگرتن ناگونجێ. شەرحەکە، بە ناچاری زەمینەی بۆ پەیدا دەکات و دەڵێ: ...لە وەختی ڕابواردنیشدا وەک ئاسک ڕێک ڕیز دەبەستن. شەش تێکستی ئیشارەت بۆکراو «ئاهو صیفەت»ـیان نووسیوە.
ئاهو صیفەت، ئاتەش بە کەف و، تیز نیگاهن

تەنانەت لە کەمکردنەوەی یەکێک لەو دوو «و» عەطف مۆسیقایەک لە تێکبەستنی «صیفەت» و «ئاتەش» کە دەبێتە «ئاهو صیفەتاتەش بە کەف» پەیدا دەبێ لەوی دیکە نییە، هەرچەند «صەف و کەف»ـیش هاوئاهەنگن بەڵام مامز ڕیز نابەستێ.
5
صەحرا به تەجەللیی دەکەنە وادیی ئەیمەن
قامه‌ت سەجەر و، مەظهەری ئەڵطافی ئیلاهن
لاپەڕەی 342
تەجەللیی: دەرکەوتن، دەرکەوتنی نووری خودا . وادییی ئەیمه‌ن . شیوی لای ڕاست . ئەو شیوەی که نووری خوای بۆ حەزرەتی مووسا تیا دەرکەوت له کێوی توور و بانگی تیا لێ کرا،
شەجەر: درەخت . ئیشارەته بۆ ئەو درەختەی که له نزیکەوە بانگ کرایە حەزرەتی مووسا
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم لاوانه که ئەکەونه دەر و دەشت به جوانیی خۆیان ئەڕازێننه‌وە،باڵایان وەک درەخت بەرزو، لوتفی خودا ڕووی تێ کردوون.
له سەرێکی کەشەوە نالییی شوێنەکەی ئەم لاوانه‌ی شوبهاندووە به وادیی ئەیمه‌ن که نووری خوای تیا دەرکەوت بۆ حەزرەتی مووسا و، خۆیانی لەلایەکەوە شوبهانووە به نووری خوا که لەو شیوەدا دەرکەوت بۆ مووسا (دیارە مووساکەش ئەبێ ئەحمەد پاشا بێ). له لایەکی کەشەوە دایناون بەو درەختەکه‌ی بانگی حەزرەتی مووسای لێوە کرا و، کردوونی به جێگای دەرکەوتنی لوطفی خوا، تێکڕای شیعرەکه ئیقتیباسە له ئایەتی (فلَما اتیها نودِیَ مِن شاطِیء الوادِ الایمَنِ فی البَقعةِ المبارکۀِ من الُشجرةِ، اَن یا موسی اَنیُّ انا الله رَبُّ العالمین).
دەستنووس
صحرا (مز): یەکتا. دەکەنه (گم): ئەکەنه. تەجەللیی (گم): تەجەللا. مەظهەری (عب): مەنظەری. ئەلطافی (عم) و (گم) و (خب): ئەنواری.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 342:
صەحرا بە تەجەللی دەکەنە وادیی ئەیمەن
قامەت شەجەر و، مەظهەری ئەڵطافی ئیلاهن

دەبوو شەرحەکە لە جیاتی «ئەلطاف» وشەی «ئەنوار» هەڵبژێرێت کە لە سێ نوسخەدا وەها هاتووە، چونکە پڕ بە پێستی واتا و ڕۆحی بەیتەکەیە. وشەی «ئەنوار - أنوار» هەم جەمعی «نور»ە هەم هی «نەور» بە واتای غونجە. کە مەعنای «نور»ی لێ بگریت دەچێتەوە بۆ خوا، کە بیکەیتە «نەور» دەڕوا بۆ «نەور». شەرحەکە لە «شەجەر» هەر ئەو شەجەرەی بە مەبەست داناوە کە لە کێوی طوور بانگی مووسا پێغەمبەری کرد لەلایەن خواوە. بەڵام «شەجەر» کارێکی دیکەی گرنگیشی کردووە لە بەیتەکەدا کە ئەو سەربازانەی قامەت وەک شەجەر، بە خۆ نیشاندانێک صەحرا دەکەنە وادیی ئەیمەن لە طوور. «بە تەجەللی»یش ئەو ئایەتە دەهێننەوە یاد کە لە قورئاندا دەڵێ «فلما تجلی للجبل» چ سەیر و سەمەرەش نییە لەوەدا چونکە شوێن دەرکەوتنی «انوار»ی خوان. ئەو تەجەللییەش کە هی خوایە هەر لە وادیی ئەیمەنی طوور ڕووی داوە.
6
گەهـ طاوس و، گە‌هـ کەبکن و گەهـ بۆقەلەموونن
گەهـ ئاتەش و، گەهـ شوعله، گەهێ دوودی سیاهن
لاپەڕەی 343
گەهــ: جار جار .
کەبک: کەو .
بۆقلەموون: عەلیشیش .
دوود: دووکەڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم کوڕگەلە‌ی دەروپشتی پادشا هەر تاوێ لەسەر بارێکن، جارێک وەک تاوس خۆیان ئەنوێنن و، جارێک وەک کەو و به لارە و لەنجەوە ئەڕۆن به ڕێدا و، جارێک وەک بۆقەلەموون خۆیان فش ئەکەنەوە. که تووڕەش ئەبن جارێک ئەڵێی ئاگرن و، جارێک ئەڵێی بڵێسەن ئەچن به ئاسمانا و، جارێکیش ئەڵێی دووکەڵی ڕەشن بەری چاو و دڵی خەڵک ئەگرن.
دەستنووس
شوعله، گەهێ (هەموو نوسخەکان جگە له « چر »): شوعلەوو، گەهـ، لە نوسخەی (عب) دا (شوعله) خراوەتە پێش (ئاتەش) ـەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 343 وشەی «بووقەلەموون» هاتووە بە واتای «عەلیشیش». ئێستاکە لە سلێمانی دەڵێن: قەل. بەر لە 30 - 40 ساڵ و نزیکتریش بۆقلەموون دەگوترا. دەمەوێ بە عەرزی خوێنەری بگەیەنم، ئەم وشەیە لە سەردەمی عەبباسیان بە قوماشێک گوتراوە «أبو قلمون». دیارە کە عەلەشیش پەیدا بووە ئەم ناوەیان لێ ناوە یاخود کە قوماشەکە پەیدا بووە ناوی ئەوسا عەلیشیشیان لێناوە کە ابوقلمون بووە، دەشبێ ڕەنگیان لێکتر چووبێ. لە بەیتەکەدا:
گەهـ طاوس و، گەهـ کەبکن و، گەهـ بۆقەلەموونن
سگەهـ ئاتەش و، گەهـ شوعلە، گەهێ دوودی سیاهن

نالی تاقمە مومتازەکەی بە دوو جۆر ماددە تەشبیهـ کردووە: یەکیان خێزانی مەل، ئەوی دیکە خێزانی ئاگر کە دووکەڵیش هەر بەرهەمی ئاگرە.
7
لالەن به بەدەن، ئەطڵەسی ئەخضەر که لەبەرکەن
نەوڕەستە گوڵن، بەستە لەگەڵ دەستە گیاهن
لاپەڕەی 343
ئەطڵەس: جۆرە قوماشێکه .
ئەخضەر: سەوز .
نەوڕەستە: تازە پێگەیشتوو .
بەستە: بەسراو، کراو به چەپک .
گیاە: گیا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەش و سەر و ڕوویان له گەشیی و خوێن تێزاویدا وەک گوڵی لاله وایه، که بەرگی تەتڵه‌سی سەوزیش لەبەر ئەکەن، ئەڵێی گوڵی تازە پێگەیشتوون لەگەڵ چەپکه گیادا بەسراون.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ڕەستە) و (بەستە) و (دەستە) دا جیناسی لاحیق و لەنێوان (گوڵ) و (گەڵ)‌ ـدا جیناسی موحەڕرەف و لەنێوان (گوڵ) و (گیاه) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
لالەن (چر) و (کم) و (من) و (خا): لابیس. (« پەراوێزی » چر) و (چن) و (ک) و (اح): لایق. (عب): لالە. به بەدەن (خب): به زوبان. ئەخضەر (خب): دیبا. له بەرکەن (چن): دەپۆشن. (ک) و (مز) و (اح): بپۆشن. نەوڕەستە گوڵن، بەستە لەگەڵ.. تاد (عم): نەوڕەستە گوڵ و.. تاد. (گم): نەوڕستەوو گوڵ بەستەوو.. تاد.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 343:
لالەن بە بەدەن، ئەطڵەسی ئەخضەر کە لەبەرکەن
نەوڕەستە گوڵن، بەستە لەگەڵ دەستە گیاهن

تێ ناگەم، بۆچی ئەم ڕستەیەی «کە لەبەرکەن» لەم نیوەبەیتە و لە نیوەبەیتی دووای ئەمەش هاتۆتەوە کەچی تێکستەکان تێیاندایە لە جیاتی «لەبەرکەن» «دەپۆشن، ببپۆشن» یان هەڵبژاردووە، لەمانە «عم» «دەپۆشن»ی بۆ بەیتی دووهەم داناوە. «چن» بۆ بەیتی دووهەم «دەپۆشن» و «ک، مز، اح»یش «بپۆشن»یان بۆ یەکەم داناوە. هەر چەشنێک بێ، تا ئەوەی تیروپشکێی لێ بهاوێی، دەبوو بەیتێکیان «دەپۆشن» و یەکیان «لەبەرکەن» بۆی قەراردادە بکرێت. تەبیاتی بنیادەم سەیرە کە لەسەر ئەم بەدیهییەش هەرا هەڵدەستێنێ. بە ئیزنی خوێنەر چیرۆکێکی خەندەبزێو دەگێڕمەوە: گۆیا «کوفر ئەحمەد» هەبووە (مەسەلەی زۆر لەسەر هاتووە) کەرێک و مانگایەکی هەبووە. زستانی بەسەردا هات، لە خوا پاڕایەوە کەرەکەی بۆ بمرێنێ چونکە ئالیکی دەوێ و سوودیشی نییە، مانگاکە بمێنێ شیر و ماستێکی لێ دەخوات... سبەی چووە سوێی ئاژەڵان دیتی مانگا مردووە و کەر ساغ و سەلامەتە. چووە شەقام کوێرێکی دۆزیەوە هێنایە سەر لەشی مانگاکە و لێی پرسی ئەمە چییە، کوێرەش دەستی لە سەر و گوێلاکی لاشەکە کوتا، گوتی ئەمە مانگایە. خولاسە کەرەکەشی بە کەر زانی. کوفر ئەحمەد ڕووی لە ئاسمان کرد گوتی: خوای مەزن کوێرە بە کوێریی خۆی کەر و مانگای ناسینەوە...

بەیتی نۆهەم و دەهەم و یازدەهەم
بەیتی نۆهەم و دەهەم و یازدەهەم شەرحەکەی دوودڵ کردووە: دوو بەیتی کۆتایی نازناوی نالییان پێوەیە، بەیتی تێکستیش بەیتی بەر لەوان، ئەویش نازناوی نالیی پێوەیە... من ئەم حیرەتە نامگرێ و تێیدا بە سەهووش بچم لەو پاشاگەردانییە خراپترم نەکردووە. من دەڵێم بەیتی هەرە دوایی شیعرەکە بە هیچ مەزهەبێک هی نالی نییە؛ کابرایەک ڕوو دەکاتە نالی و پێی دەڵێ، ئەمما پێ گوتنەکەی شەقوپەق، دڵی خۆت مەڕەنجێنە و بێ ئەوەی مەبەستی بووبێت بە هی نالی حیساب بکرێت بەیتێکی خستۆتە نیهایەتی شیعرەکەوە، واش پێ دەچێ لە حاڵەتی نوسخەنووسیندا ئەمەی کردووە. کە ئەم بەیتە لاچوو دەمێنێتەوە بەیتی دەهەم نازناوی نالیی پێوە بێت، بەیتی نۆهەم تەنها یەکێک خۆی لەو بەیتە هەڵقوتاندووە و نووسیویەتی: بۆ سەیری خەرامیدەنی ئەم مەهوەشە نالی... لەمەشدا وەک شەرحەکە دەڵێ هەڵەی ڕێزمانیی کردووە کە ڕووی قسەی لە تاکە، کەچی شیعرەکە ڕووی لە تاقم و کۆمەڵە، دەبوو بڵێ ئەم مەهوەشانە ئەوساش کێشی بەیتەکە مردار دەبۆوە.
لەسەر پارچە شیعری دەهەم و یازدەهەمی پیتی «ن» سەرێشەیەکی بێلزووم هەیە لە نێوان خاوەنڕایاندا کە یەکیان هەر لە نالییەوە وەڵامی نالی دەداتەوە... بەلای بینینی منەوە چ گرفتێک پەیدا نییە و شەرحەکەش لەوەدا ڕاستی بۆچووە کە ئەم دوو پارچە هەڵبەستە پێوەندییان بە یەکەوە نییە. ماوەتەوە بڵێین پارچەی دووەم «یانزەمین» سەرەتاکەی بەیتێک یان زیاتری فۆتاوە.
8
تەنهایی سەمەن بەرگی بەنەوشە که له بەرکەن،
وەک نووری دڵی موئمین و ظوڵماتی گوناهن
لاپەڕەی 344
تەنها: لەشەکان، جەمعی (تەن) ـه واتە لەش .
موئمین: کەسێ باوەڕی به خوا هەبێ .
ظوڵمات: تاریکایی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: که کەوای تاقەی مۆری تۆخ لەبەر ئەکەن، لەشی وەک گوڵه یاسەمه‌ن، یا وەک زیو سپییان، وەک نووری دڵی موسڵمان و تاریکایی گوناه دێتە بەرچاو.
ئەو شوبهاندنەی لەم بەیتەدا هەیه شوبهاندنی تێکەڵه و، شوبهاندنی شتی ماددییە به شتی مەعنەویی.
دەستنووس
تەنهایی سەمەن (ت): تەن یاسەمەن و. بەنەفشە (عم) و (گم): وەنەوشە. لەبەر کەن (عم): دەپۆشن. موئمین و (هەموو نوسخەکان جگە له « چر »: غەرقەیی، به پێی ئەم نوسخانه ئەبوو بەم جۆرە بووایه: (وەک نووری دڵ و، غەرقەیی.. تاد).
9
بۆ سەیری خەرامیدەنی ئەم سەرو قەدانه،
صۆفی له طەڵەبدان و، هەموو سالیکی ڕاهن
لاپەڕەی 344
خەرامیدەن: لارە و له‌نجە کردن .
طەڵەب: پەیجۆر، داوا .
سالیکی ڕاه: ڕێ گرتووەبەر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەر چیی صۆفی هەیه هەموو ڕێیان گرتووەتەبەر و کەوتوونەتە پەیجۆری ئەوە چۆن چاویان به لەنجە و لارەی ئەم شۆخە باڵا بەرزانه بکەوێ.
دەستنووس
ئەم (چن) و (ک) و (عب): ئەو. سەرو قەدانه (کم) و (من): مەهوەشە، نالییی.
10
بۆ زوڵف و ڕوخ و ئەبرووی چون زوڵفی سیاتان
عالەم وەکو «نالیی» هەمو با ناڵەوو ئاهن
لاپەڕەی 345
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
ئەم بەیتە تەنها له نوسخەکانی (عم) و (گم) دا هەیه.
11
«نالیی»! به خودا حەیفە دەڕەنجێنی دڵی خۆت
ئەم طاقمه مەخصوصە هەموو صاحیبی جاهن
لاپەڕەی 345
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
ئەم بەیتەش تەنها له نوسخەکه‌ی (عب) دا هەیه.
وەک زانیمان ئەم دوو بەیتەی دوایی له جگە له نوسخەکانی (عم) و (گم) و (عب) دا نین. نازناویش له سەر بەیتی نۆهەم تەنها له نوسخەی (کم) و (من) دا هەیه، تەنانەت لەوێیش هەڵه‌یه‌کی ڕێزمانیی به‌ بۆنه‌ی ئەو نازناوەوە پەیدابووە، چونکه ئەبوو له بریتی (ئەم مەهوەشە، نالییی) بوترایه (ئەم مەهوەشانه، نالییی) له‌بەر ئەوە که باس باسی کۆمەڵێکه‌ نەک یەکێک، که ئەوەش پارسەنگی نیوە شیعرەکه خوار ئەکا. دووبارە و سێبارە بوونەوەی نازناوی (نالییی) بەم جۆرە شتێکی نەک هەر ناعادەتییە، بەڵکو ڕاستیش نییه، ئاڵۆزییەک له داوێنی ئەم پارچە شیعرەوە هەیه ئێمه سەرمان لێ دەرنەکرد و و بۆمان ساغ نەکرایەوە، مەسەله‌که با بمێنێ بۆ وەڵامدانەوەی دواڕۆژ.