سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

دووری له من خستەوە بێ سەبەبێ یاری من

1
دووری له من خستەوە بێ سەبەبێ یاری من
باری خودایا که تۆ، بگری سەبەبکاری من!
لاپەڕەی 333
باری خودایا: خودای باریی، خودای دروستکەری دنیا ! سەبەبکار
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە سەبەبکارەکەم، له خۆڕایی، یاری لێ دوورخستمەوە. خوایه به غەزەبی خۆت بیگری و گرفتاری کەی کەوا بەوجۆرە بوو بەهۆی ئازاری دڵم.
وشەی (سەبەبکاری من) لەلایەکەوە فاعیلی فیعلی (دووری له من خستەوە) یە و، له لایەکی کەشەوە مەفعوولوبیهیی فیعلی (بگری) یە. ئەمەش بە گوێرەی زانستی نەحو پێی ئەڵێن (تەنازوع)، واتە: شەڕی دوو فیعل له سەر ئیسمێک.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (باری) و (یاری) و (کاری) دا جیناسی لاحیق هەیه.
دەستنووس
خستەوە (عم): گرتووە. (گم): کردووە. بێ سەبەبێ (گم): به بێ سەبەب. (ک) و (اح) و (« پەراوێزی » خا): بێ سەبەبە. که تۆ بگری (ح): کەسێ بوو به..
پەراوێزی مامۆستا هێمن
باری، وێدەچێ جارێکی کوردیش بێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 333:
دووری لە من خستەوە بێ سەبەبێ یاری من
باری خودایا کە تۆ بگری سەبەبکاری من!

بەلامەوە زێدە ئاشکرایە کە وشەی «باری» لە نیوە دێڕی دووهەمدا بە واتای خوا هەڵەی نوسخەنووسانە، ڕاستییەکەی «یاری» یە بە واتای «یاریدە»: نالی داوای یاریدە لە خوا دەکا نەک «باری خودایا» کە دەکاتەوە «خودا خودایا». «یاری من» و «یار»یش جیناسی تەرکیبی تێدایە.
2
مەستی خەیاڵی ئەوە، لەحظە ژمێری شەوە
دوژمنی خوێنیی خەوە، دیدەیی بێداری من
لاپەڕەی 334
لەحظەژمێر: تاوتاو ژمێر .
دوژمنی خوێنیی: دوژمنێ که بەهۆی خوێنڕشتنەوە بووبێ به دوژمن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوی هەرگیز نەچوە خەوی من مەستی بیرکردنەوەیە له یار و، هەناسە به هەناسەی شەوگاری درێژ ئەژمێرێ و، لەگەڵ خەودا وەک دوژمنێکن خوێن لەنێوانیانا ڕژابێ.
دەستنووس
بێداری: (چر) و (خا): دیداری. له پەراوێزی ئەم دوو نوسخەیەشدا (بێداری) هەیە.
3
دیدە نیگە‌هبانی یار، تیپی سریشکم هەزار
ناڵەیی دڵ نەی سەوار، ئاهە عەلەمداری من
لاپەڕەی 334
نیگەهبان: ئاگادارییکەر، پاسەوان،
تیپ: تیپی لەشکر،
نەی سەوار: مەعناکەیمان بۆ ڕاست نەکرایەوە . دوور نییە (نێزەدار) بووبێ و به هەڵه‌ی نووسیار گۆڕابێ .
عەلەمدار: ئاڵا هەڵگر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: منی دڵدار هەمووم تەرخانه بۆ یار و له پێناوی ئەومدا داناوە. چاومه، کردوومه به پاسەوان بۆی و به هەموولایەکدا ئەڕوانم نەبادا دوژمن لێی نزیک بێتەوە و تووشی زیانێکی بکا. سوپای فرمێسکیشم به هەزاران ئامادەن بۆ پاراستنی، ناڵه‌ی دەروونیشم.. ؟ ئاە و هەناسەی بەرزیشم ئاڵا هەڵگریەتی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 334:
دیدە نیگەهبانی یار، تیپی سوروشکم هەزار
ناڵەیی دڵ نەی سەوار، ئاهە عەلەمداری من

شەرحەکە «نیگەهبانی یار»ی بە پاسەوان داناوە کە - چاوەکە - بە هەموو لایەکدا دەڕوانێ نەوەک دوژمن لێی نزیک بێتەوە... ئەم واتایە خراپ نییە بەڵام زۆر تێهەڵکشیوە لە پاسەوانی. دەشبوو بڵێ: نیگەهبان، مەبەست لێی ئەوەیە کە نالی هەمیشە چاوی بڕیوەتە دیمەنی یار.
لە ئاست «نەی سەوار» شەرحەکە دەڵێ: مەعناکەیمان بۆ ڕاست نەکرایەوە... خۆ منیش بە تەواوی بۆی ناچم بەڵام وشەی «نەی» بلوێرە و دڵەکەی نالی تێدا مەبەستە بە ناڵەناڵیەوە، خۆ بلوێریش هەر دەناڵێنێ. دەمێنێتەوە وشەی «سەوار» کە بە ڕوواڵەت «نەی سوار» دەگەیەنێ کەوا بێشک نالی وەهای نووسیوە، با خوێنەریش خەیاڵگێڕی تێدا بکات. دەشێ لە مەثنەوی مەولانا کە تێیدایە:
بشنو از نی چون حکایت میکند
وز جودائیها شکایت میکند

جۆرە وێنە و واتایەک بۆ ئەو «نەی سوار»ە دەست نیشان بکات. لە کوردیدا کە دەڵێن «سوارە...» جارێکیان ڕژدی دەبەخشێت و جارێکیان هەناسەسواری، هی هەناسەش هەر بۆ ڕژدی دەچێتەوە کە هەواکە بە پاڵەپەستۆ دەردەچێت... ڕەنگیشە «نەی سوار» ئەو سەربازە بێت کە لە سەر پشتی وڵاغ نەیژەنی دەکات چونکە سەرلەبەری بەیتەکە خەریکی کاروباری لەشکرە... واللە اعلم!
4
گریە به خوڕ دێتە خوار، هەروەکو عەینی بەهار
خۆش بووەتە ئابشار مەدمەعی سەرشاری من
لاپەڕەی 334
گریە: گریان، مەبەست فرمێسکه،
عەین: کانیی، چەشن .
خۆش: چاک .
ئابشار: تاڤگه .
مەدمەع: ئەو ئەو شوێنەی فرمێسکی لێوە ئەڕژێ، چاو .
سەرشار: لێشاوکردوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: فرمێسک، هەروەک کانیاوی بەهار به خوڕ له چاوم ئەڕژێ، چاوی پڕ له فرمێسکم زۆر چاک بووە به تاڤگە و به هەموو لایەکدا ئاو ئەپرژێنێ.
دەستنووس
به خوڕ (چن): به گوڕ. له (« پەراوێزی » چن) ـیشدا دیسان: بەخوڕ. عەینی (چن) و (عم) و (گم) و (ک): سەیلی. (اح): ڕەعدی. (خب): هەوری.
5
دولبەری عالیی دەماغ، هەم قەدەمی سەروی باغ
بێتە نەظەرگەی قەراغ دیدەیی جۆباری من
لاپەڕەی 335
عالی دەماغ: بیر و سروشت بەرز .
هەم قەدەم: هاوپێ، هاوڕێ .
جۆبار: جۆگا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم شیعرە بەسراوە به شیعری پاشەوەیەوە.
دەستنووس
هەمقەدەمی (چر) و (ت) و (ت) و (مز) و (خب): هەم قەدەمت. قەراغ (چن) و (عم) و (کم) و (ک) و (ت) و (مز) و (اح) و (« پەراوێزی » خا) و (خب): قەراغ، واتە: بۆشایی. جۆبار (چن): خوونبار، واتە: خوێناویی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
دوو بەیتی لاپەڕە 335:
دولبەری عالی دەماغ، هەم قەدەمی سەروی باغ
بێتە نەظەرگەی قەراغ دیدەیی جۆباری من
حیکمەتی تۆ مولهەمە، هەم قەدەمت مەرحەمە
موستەحەقی مەرهەمە سینەیی ئەفکاری من
«دولبەر» دەکرێتە «دلبەر». «موستەحەق» دەکرێتە «موستەحیق».

شەرحەکە دەڵێ، ئەم دوو بەیتە بەیەکەوە بەستراون: من ئەم تێک بەسترانە نابینم. «هەم قەدەمی سەروی باغ»ی بەوە داناوە کە یار لە باڵابەرزی و جوانیدا وەک سەروی ناو باخ وایە... ئەم مەعنایە تێرتر و متمانەبەخشتر دەبوو ئەگەر «دلبەری عالی دەماغ»ی بە «دەماغ، سەر بەرز» دانابایە ئەوسا لە باڵابەرزیدا دەبووە «هەم قەدەمی - هەمقەدەمی سەروی باغ» واتە هاوتای سەروی باغ لە بەرزیدا. شەرحەکە «عالی دەماغ» بە «خاوەن بیر و سروشتی بەرز» لێک داوەتەوە و بەس، کە ئەمە نیسبەتی نییە لەگەڵ هاوقەدەمی، هاوباڵایی، هاوتایی... هاوقەدەم بە «هاوتا» دێ لەوەوە کە پێ و پێ وەک یەک بوون لێکتر پێش ناکەونەوە. وشەی «مولهەم» لە کۆندا «ملهم» دەنووسرا: دەشێ بە «مولهیم» بڕوات بە واتای ئیلهامبەخش.
6
حیکمه‌تی تۆ مولهەمه، هەم قەدەمت مەرحەمە
موستەحەقی مەرهەمه سینەیی ئەفگاری من
لاپەڕەی 335
حیکمەت: فەرموودەی بەمەعنا،
مولهەم: له خواوەهاتوو و خوا خستووە دڵ . هەم قەدەمت، هاوپێت . پێیشت، پێ قودوومت .
مەرحەمه: ڕەحمەت .
مەرهەم: مەڵهەم، دەرمان،
ئەفگار: بریندار و ماندوو و شەکەت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: با یاری خاوەن بیر و سروشتی بەرز، که له باڵا بەرزیی و جوانییدا وەک سەروی ناوباخ وایە. بێتە سەیرانگای کەناری جۆگه‌ی ئەو فرمێسک و و خوێنەی له چاوی منەوە سەر ئەکا، ئازیز ! فەرموو وەرە سەیری، چونکه ئەگەر بێیت، هەرچیی بفەرموویت، فەرموودەت ئیلهامی خواییە و، پێ و قدوومت ڕەحمەتە و، سینەی برینداری منیش شایانی مەڵهەم و دەرمانی تۆیە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (مولهەم) و (مەرهەم) دا جیناسی لاحیق و، له (مەرحەمە) و (مەرهەمە) دا جیناسی موضاریع هەیه. له بەیتی دووهەمیشدا، به بەراورد لەگەڵ لەگەڵ بەیتی دووهەمیشدا، به بەراورد لەگەڵ پێشوو، شێوەی ئیلتیفات بەکار هێنراوە له غائیبەوە بۆ موخاطەب، مەگەر بڵێین (بێتە) هەڵه‌ی نووسیارە و ڕاستەکەی (بێیتە) یە. ئەو هەڵه‌یەش دوور نییە له شێوەی نووسینی جارانەوە.
دەستنووس
ئەفگار (ت) و (مز) و (عب) و (اح) و (خب): ئەفکار، بەم پێیە مەعناکه‌ی وای لێ دێتەوە: سینەی پڕ له بیر و خەیاڵی من.
7
شاهیدی عەدله و وەفا، مەعدەنی صیدقە و صەفا
هاتووە دەرمان بکا قەلبی برینداری من
لاپەڕەی 336
شاهید: یار .
عەدل: عادل , بەداد،
وەفا: بەوەفا .
مەعدەن: کان .
صیدق: ڕاستی .
صەفا: خاوێنیی و پوختەیی .
قەلب: دڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لەم بەیتە‌دا نالییی باسی هاتنەجێی ئەو داوایە ئەکا که له بەیتی پێشوودا کردی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له وشەی (شاهید) دا تەورییە هەیه چونکه‌ هەم مەعنای شایەتی دادگا و هەم مەعنای یاریش ئەگەیەنێ. بەڵام کۆکردنەوەی لەگەڵ (عەدل و وەفا) دا پڕە له جوانکاریی، چونکه (عەدل) لەگەڵ مەعنا دوورەکەی و (وەفا) یش لەگەڵ مەعنا نزیکەکەی ئەگونجێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرووی لاپەڕە 336 دا وشەی «مەعدەن» کورد بەکاری دەهێنێ لە وتووێژی هەڕەمەکیدا. «مەعدین» ڕاستە وەک بزانم قامووسیشم لا نییە بۆی بگەڕێم.
8
ئەی تەلەفی گفتگۆ، جامیعی کیذب و درۆ
واعیظییە ئیشی تۆ، عاشقییە کاری من
لاپەڕەی 336
تەلەف: فەوتاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لەم بەیتەدا نالییی باری قسە وەرئەچەرخێنێ و ڕووی دەمی ئەکاتە ئەوەی لۆمەی دڵداران ئەکا و پێی ئەڵێ: ئەی ئەو کەسەی که فەوتاوی دەستی زۆربڵێییت و چەند جۆرە دەلەسەت له خۆتدا کۆ کردووەتەوە، دەست له یەخەم بکەرەوە و دەست بەردارم به، من و تۆ ناکەوینه‌ یەک، من عاشقم و ڕاست و ڕەوان و درۆ لای من باوی نییه و تۆیش کاروپیشەت هەر ئامۆژگاریی کردنه‌ بێ ئەوەی خۆت به گوێرەی قسەکانی خۆت بجووڵێیتەوە و، بۆیە هەرگیز ناگەینە یەک و له یەکتری حاڵی نابین.
دەستنووس
ئیشی تۆ (مز): کاری تۆ.
9
مەشرەبی «نالیی» گەلێ ئابیی و ترشە، بەڵێ
موعتەریفه خۆی دەڵێ: چا نییە ئەطواری من
لاپەڕەی 336
مەشرەب: خوو و ڕەوشت .
ئابیی: وەک بەی (بەهێ).
موعتەریف: کەسێ دان به شتێکا بنێ .
چا: چاک .
ئەطوار: جەمعی طەورە،
واتە: خوو و ڕەوشت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕاستە خۆم ددانی پێدا دەنێم کەوا خوو و ڕەوشتم گەلێ ترش و توڕەیە وەک بەهێی ترش و ئەتوارم چاک نییە و، بۆیەش وا به ئاسانیی لەگەڵ واعیظ ناگونجێم.
له ڕستەی (گەلێ ئابی‌یو) دا نالییی ئەوەشی مەبەست بووە که به (گولی ئابی‌یو) یش بخوێنرێتەوە. گولی ئابیی، گولابیی: هەرمێ، بەم پێیە مەعناکەی وای لێ دێتەوە: ڕەوشتم چاک و خراپه، ترش و شیرینه.. هەروەها دانانی (چا) ی (چا نییە) شی بەرابەر به (ئابیی) مەبەست بووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆ کردنەوەی (گەلێ) و (بەڵێ) و (دەڵێ) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
مەشرەبی (« پەراوێزی » چر و خا) و (چن) و (ک) و (اح): مەذهەبی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
نیوەبەیتی یەکەمی بەیتی سێهەم لە لاپەڕە 336:
مەشرەبی «نالی» گەلێ ئابییو ترشە، وەلێ

«ئابی» بە «وەک بەهێ» لێکدراوەتەوە. مەعنایەکی دیشی هەیە «نەسەلمێن» لە «أبی، یأبی»ی عەرەبی هاتووە وەک ناوی کارا «اسم فاعل».