سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەم سەرسەری بازانه کەوا هەمسەری بوومن

1
ئەم سەرسەری بازانه کەوا هەمسەری بوومن
موشکیل، بگەنه ساعیدی شاهێکی وەکوو من
لاپەڕەی 331
سەرسەریی باز: ئەوەی خەریکی شتی هیچ و پووچ بێ . بازی بێ سەر و پێ و بێکارە .
هەمسەر: هاوسەر .
بووم: بایەقوش .
موشکیل: زەحمەت،
ساعید: باسک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە ئەم بازە بێکارانه که هەر بەناو بازن و له ڕاستیدا هاوسەری بایەقوشن ئەوەندە نەگبەتن، زۆر زەحمەتە بگەنەوە باسکی شاهێکی وەکوو مندا و، دەستیان بگاتە دەستی من و ببن به هاوشان و هاوڕێم.
نالییی ئەم پارچە شیعرەی به زوبانی یارەوە وتووە. یاخود له شێوەی قسەکردنا به زوبانی ئەوەوە، به شان و باڵی خۆیا هەڵئەدا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 331:
ئەم سەرسەری بازانە کەوا هەمسەری بوومن
موشکیل، بگەنە ساعیدی شاهێکی وەکوو من

شەرحەکە یەک تێبینی لەبیر چووە: دەبوو بڵێ باز و تەیری تری شکار فێر دەکرێن لەسەر باسکی ڕاوکەر هەڵنیشن و کە نێچیریشی گرت هەر دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو باسکە.
2
تا نەشئه نەچێژن له لەبی کەوثەری ساقیی،
بێچارە چوزانن که هەموو مەستی زەقوومن
لاپەڕەی 331
لەب: لێو .
کەوثەر: حەوزی کەوثەر له بەهەشتدا،
زەقووم: خۆراکی دۆزەخییەکان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم دڵدارە سادەلەوحانه تا تامی شەرابی لێوی یار نەکەن که ئەڵێی ئاوی حەوزی کەوثەرە ئاوگێڕ ئەیگێڕێ، ئەوەندە بەدبەخت و چارەڕەشن تێناگەن تائیستاش سەرخۆشی خواردنەوەی زەقوومی ئەهلی دۆزەخن و خۆشەویستیی ڕاستەقینه‌یان نەهاتووەتە ڕێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە:
تا نەشئە نەچێژن لە لەبی کەوثەری ساقی،
بێچارە چوزانن کە هەموو مەستی زەقوومن؟!

بە دەست خۆم نییە دڵم بۆ ئەوە دەچێ کە نالی گوتبێتی «لە لەب و کەوثەری ساقی» چونکە دەقەکەی سەروو هەر لێومشتنی تێدایە، شەرحەکەش لێوەکەی بە کەوثەر داناوە و بۆ ئەوە نەچووە کە ساقی مەیگێڕە و ئەو مەیە بە کەوثەر چوێندراوە. ناشکرێ «لەبی کەوثەر» ببێتە «مضاف و مضاف الیە» چونکە مەیەکە لێوی نییە هەر دەبێ «لەبی کەوثەر» بە «صیفەت و مەوصوف» بڕۆن. گریمان لێوی پیاڵەمان دانا بە لێوی شەراب ئەوسا لێوی ساقی نامشترێ و خەسارەیەکی زلمان لێ دەکەوێ.
3
ڕووناکیی ڕوو شەوقه له نێو ظولمه‌تی موودا
وەجهی ئەمه‌ته دڵ هەموو پەروانه‌‌یی موومن
لاپەڕەی 331
وەجهـ: هۆ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕووناکی ڕووم له ناو تاریکایی زوڵفمدا شەوق ئەداتەوە، بۆیە دڵان هەموو بوون به پەروانه‌ و بەدەوری موومدا ئەسووڕێنەوە، مەبەستی ئەوەیه بڵێ وەک چۆن پەروانه بە دەوری مۆمدا ئەسووڕێتەوە، دڵانی دڵدارانیش بە دەوری زوڵفی ڕەشی مندا ئەسووڕێنەوە که ڕووی وەک مۆممیان له ناودا شارراوەتەوە.
نالییی لەم بەیتەیدا، به زمانی یارەوە، ڕەشیی زوڵفی خۆی شوبهاندووە به شەو و، دایناوە کەوا پەروانەش، که دڵی دڵدارانه، لەوناوەدا به دەوری ڕوومه‌تی یاردا ئەسووڕێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆ کردنەوەی هەردوو وشەی (موو) دا جیناس و، لەنێوان (ڕوناکیی) و (ظوڵمەت) دا طیباق و، لەنێوان (ڕوو) و (وەجهـ) دا جۆرە تەرادوفێک هەیە. هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا که مەبەست له (مۆمن)، (مووی منن) ـە، بەڵام تێکڕا وشەکه بەپێی نووسینی جاران (مۆمن) لەگەڵ (پەروانه) دا تەناسوبی هەیە.
دەستنووس
لەنێو (کم) و (من): لە ناو.
4
زوڵفم به نەسەب سیلسیله‌یی ڕێفعەت و شانه
من دەیخەمه بەر پێ کە حەبەش‌زادەیی ڕوومن
لاپەڕەی 332
ڕیفعەت: بەرزیی .
شان: شەئن، پایە .
حەبەش‌زادە: پەچکه‌ی ڕەشی حەبەشەیی، کۆیله .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زوڵفم له بارەی بن و بنچەوە، زنجیرەی پشتاوپشتی بەرزیی و شان و سکۆیە، بەڵام چونکه کۆیله و زەڕخڕیدە و لە وەچەی حەبەشەیی و ڕۆمییە، من قەدەری ناگرم و ئەیخەمه بەرپێم. ئەمه مەعنا دیمەنییەکەی بەیتەکه، مەعنا ڕاستەقینەکه‌شی ئەوەیە کەوا زوڵفم هەرچەند له‌بارەی بن و بنەچەوە ئەگەڕێتەوە سەر زنجیرەی بەرزی سەر و شانم، بەڵام چونکه ڕەشە و کۆیله‌ی ڕوومه، لێی ئەگەڕێم درێژ ببێ تا وای لێ دێ بگاتە بەر پێم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (نەسەب) و (سیلسیله) و (شان) و (بەرپێ) دا تەناسوب هەیە، هەروەها لەنێوان (حەبەش‌زادە) و (ڕووم) ی (ڕوومن) ـیشدا له لایەکەوە تەناسوب هەیە چونکه دوو وڵات ئەگەیەنن ناویان زۆرجار پێکەوە دێ. لەلایەکی کەشەوە طیباق هەیە چونکه (حەبەشەیی) ڕەش و (ڕۆمیی) سپین.
5
من سەروی ڕەوانی چەمەنی عاله‌می باڵام
«نالیی» به طوفەیلیی بووەتە سایە له دوو من
لاپەڕەی 332
ڕەوان: ڕاست .
عالەمی باڵا: جیهانی گیان که دوورە له هەموو ڕواڵەتێکی دنیا،
طوفەیلیی: ئەوەی له خۆڕایی خۆی به کەسێکدا هەڵواسێ، خوبزە .
دوو: دوا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە (یار ئەڵێ): من سەروێکی قنجی باڵابەرزی جیهانی بەرزی گیانم و خەڵکی ئەم دنیایه نیم، جیسمی لەطیفم، سێبەرم نییە، نالییی بەمە نازانێ، هەر له ڕووی خۆ پیا هەڵواسینەوە خۆی کردووە به سێبەرم و کەوتووەتە شوێنم.
ئەم شیعرە دیسان بەڵگەیەکی ترە کەوا نازناوی (نالییی) بەلامی سووکه. ئەوەش بەراوردکردنی (سەرو) و (نال) ەوە دەرئەکەوێ که نالییی ویستوویە پووشێکی باریکی کورتی ناو قەڵەمێکی قامیش چۆن ئەتوانێ خۆی بکا به سێبەری دار سەروێکی بەرز؟
دەستنووس
طوففەیلیی (چر): سەفیلیی.
ئەم پارچە شیعرە تەنها له دەسنووسەکانی (چر) و (من) و چاپەکانی (عم) و (کم) و (گم) دا هەیە.