سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ڕەقیب و موددەعی فیتنه و عیلاقەی چاوی جادووتن

1
ڕەقیب و موددەعی فیتنه و عیلاقەی چاوی جادووتن
له گۆشەی گۆشەوارەت نائیبی هارووت و مارووتن
لاپەڕەی 326
ڕەقیب: بەدکاری نێوان یاران و و دڵداران،
موددەعیی: ئەوەی ئیددعای شتێ بکا . مەبەست لێرەدا کەسێکه‌ به درۆ خۆی به خۆشەویستی جوانێک دابنێ،
فیتنه: مایەی نەگبەتیی و خراپه .
عیلاقە: ئەوەی به شتێکدا هەڵواسرابێ، جادوو
گۆشە: سوچ . گۆشەوارە
نائیب: جێنشین،
هارووت و مارووت: دوو فریشتە بوون، ناو و باسیان له قورئانیشدا هاتووە، خەڵکیان فێری سیحر کردووە، پاشان خوا غەزەبی لێ گرتوون له بیرێکا له (بابل) سەرەو خوار هەڵیواسیون و تا ڕۆژی قیامه‌ت هەروا ئەمێننەوە و هەمیشە تینوویانه، بەڵام هەرچی ئەکه‌ن دەمیان ناگاتە ئاوی بنی بیرەکە ..
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەدکار و خۆ هەڵپەسێن مایه‌ی خراپه و بهدین لەنێوان من و تۆدا و به چاوی ئەفسووناویتدا هەڵواسراون ناهێڵن من ببینی و، له سووچی گوارەی گوێتدا شۆڕکراونەتەوە. جێگای هارووت و مارووتیان گرتووەتەوە، ناهێڵن گوێت له من بێ.
وەک دیمان نالییی ئەم شیعرەی له زاری هارووت و مارووت وەرگرتووە و تەنانه‌ت وشەی (فیتنه‌) شی له ئایەتەکه ئیقتیباس کردووە، نالییی ویستوویە بڵێ وەک چۆن هارووت و مارووت لەناو چاڵەکەدا سەر بەرەو خوار هەڵواسراون، ڕەقیب و موددەعیش هەروا لەبەر چاوی تۆدا هەڵواسراون و، چۆن ئەوان سووچێکی چاڵه‌که‌یان گرتووە، ئەمانیش سووچی گوارەی گوێتیان گرتووە و، وەک چۆن ئەوان مایەی فیتنه‌ و خراپە بوون بۆ خەڵک، ئەمانیش بۆ من و تۆ بوون بە مایەی فیتنە و خراپە و ناهێڵن بتبینم و گوێم لێت بێ. دیارە بۆ تەواو کردنی تەشبیهەکە کەڵکی لەوەش وەرگرتووە که چاو و گوێ به دیمەن له چاڵ ئەچن و چاو له شەفافییەتەکەیدا له ئاو ئەچێ. هەروا ئەوەشی ڕەچاو کردووە که وەک چۆن هارووت و مارووت هەرگیز دەمیان ناگاتە ئاوەکه، ئەمانیش ناتوانن بگەنه ناخی چاو و گوێی یار و، خۆیان بخەنه دڵیەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 326 ئەم بەیتە:
ڕەقیب و موددەعی فیتنە و عیلاقەی چاوی جادووتن
لە گۆشەی گۆشەوارەت نائیبی هارووت و مارووتن

شەرحەکە هەوڵێکی مەردانەی داوە بۆ یەکاڵاکردنی، تەواوێکیش تێیدا بەرەو پێش چووە بەڵام جارێ ماویەتی تێنوەتیمان بشکێنێ بۆ واتایەکی بێقۆرت و متمانەبەخش، خۆ منیش چی ئەوتۆم پێ نییە زیاد لە شەرحەکە، مەگەر لە تێبینی کەمبایەخی وەک ئەوەی کە بڵێم مەبەس لە تەشبیهی ڕەقیب و موددەعی بە فیتنە و عیلاقە لەف و نەشری موڕەتتەبە کە ڕەقیب فیتنەیە و موددەعیش عیلاقەیە...
دەمێنێتەوە «لە گۆشەی گۆشەوارت»: ئایا چۆناوچۆنی لەو گۆشە تەسکەدا ئەو دوو زەبەللاحە جێیان دەبێتەوە ببنە هاڕووت و ماڕووت. شەرحەکە باشی پێ نەوێراوە کە دەڵێ: ئەو دووە لە گۆشەی گوێی یاردا بوونەتە مانیعی نالی لە دیتنی...
هەرچەند من دڵنیا نیم لەوەی بە دڵمدا دێت، دیسانەوە بەو وێنە ناجۆرە و نامومکینەی شەرحەکە تەسەڵ نابم. من بۆ ئەوە دەچم کە وشەی گۆشەوار، گۆشوار مانای «خاوەن توانی بیستن»ی لێ دەفامرێتەوە کە دەکاتەوە ئالەتی بیستن خۆی. بەو پێیە ڕەقیب و موددەعی وەک هاڕووت و ماڕووتی جادووی لەخشتەبەر لە گوێی یار دەچرپێنن دژی عاشق. لەلایەن تەشبیهی ماددیشەوە گۆشەوار گوارەیە و سووچی هەیە نزیک لە گوێ بەدکار لێیەوە بقرتێنێ... واللە اعلم.
2
نەباتاتی زەویی وەک مونزەویی هاتوونه‌دەر، یەعنیی
هەموو سەرخۆش و مەست و ڕۆژپەرەست و عاشقی ڕووتن
لاپەڕەی 327
نەباتات: گژوگیا،
مونزەویی: گۆشەگیر و که‌نارەنشین،
ڕۆژ پەرست: گوڵه به‌ڕۆژه،
ڕووت: ڕوومه‌تت .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: جاران که تۆ دیار نەبووی، گوڵ و شینایی له ژیر زەویدا گۆشەگیر بوون، بەڵام تۆ هەڵهاتی، هەموو له عەشقی ڕووی تۆدا مه‌ست و سەرخۆش بوون و، جێی خۆیان بەجێ‌ هیشت و هاتنه دەر و، ئێستا هەموو وەک گوڵه‌ ڕۆژگار پەرست ڕوویان له تۆیه. نالییی لەم بەیتەدا ئیشارەتی به پەیوەندی دەرهاتنی گوڵ و گژ و گیا کردووە به خۆرەوە.
دەستنووس
ڕۆژپەرەست و (چر) و (ت) و (عب): ڕۆژ پەرەستی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 327:
نەباتاتی زەوی وەک مونزەوی هاتوونە دەر، یەعنی
هەموو سەرخۆش و مەست و ڕۆژپەرست و عاشقی ڕووتن

شەرحەکە وای بۆ چووە کە یار هەڵهات «وەک ڕۆژ» گیای ژێر خاک هاتنەدەر وەکوو مەست و بوون بە مانەندی گوڵەبەڕۆژەی ڕوەو ڕووی یار...
شەرحەکە تاڕادەیەک لەگەڵ دەقی بەیتەکە و ڕاستەواتای ڕۆییشتووە بێ ئەوەی پێمان بڵێ «وەک مونزەوی» - «منزوي» عەرەبی - هێما بۆ کوێ و چی دەکا؟ خۆ منیش شتێکی لێ تێناگەم لەگەڵ تێکڕای بەیتەکە یان تاک تاکی وشەکان بڕوات. شەرحەکە «مونزەوی» داناوە بە «لە ژێر زەویدا گۆشەگیر» لێک داوەتەوە کەچی «گۆشەگیر» پتر لەگەڵ واتای بەیتەکە دەڕوات.
بۆرە مەعنایەک بۆ «مونزەوی» لەوەوە دێت کە مرۆی گۆشەگیر بە عادەت دەخزێتە گۆشەیەکەوە تێیدا پەنهان دەبێت ئیتر ئەو نەباتاتە وەک ئەو مرۆی شێوە پەنهان بە هەڵاتنی ڕووی ڕۆژ دێنە دەر وەک کە گیاش بە ڕووناکیی ڕۆژ دەردەکەون... دەبوو شەرحەکە بڵێ «عاشقی ڕووت» هەم «عاشقی ڕووی تۆ» و هەم «عاشقی بێ بەرگ» ڕادەگەیەنێ، کە دەزانین گیا بە ڕووتی دەردێت. تێبینی ئەوەش دەکرێت کە نیوەبەیتی دووهەم تێیدا «سەرخۆش و مەست» و «ڕۆژپەرست و عاشقی ڕووت» یەک شت دەگرنەوە.
3
وەرە نێو بەزمی گوڵزاران و گوڵ زاران، تەماشاکه:
سەراسەر پێکه‌نینی گوڵ، لەبالەب غونچە پشکووتن
لاپەڕەی 328
گوڵزاران: باخچەکان،
گوڵزاران: ئەوانه‌ی دەمیان وەک گوڵ جوان و بۆنخۆش و نازدارە،
له‌بالەب: لێوان لێو . لێو به لێو .
غونچە پشکوت: خونچە پشکووتوو، دەمکراوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەرە ناو بەزم و ئاهەنگی باخچەکان و سەیری جوانان و نازداران بکه، ببینه چۆن له هەموو لایەک گەشەی گوڵ و پشکووتنی خونچەیە، یان چۆن لە هەموولایەک کچانی وەک گوڵ پێئەکه‌نن و دەمی وەک خونچەیان ئەکەنەوە قسەی خۆش ئەکەن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆکردنەوەی (گوڵزاران) و (گوڵ زاران) دا جگه له لەطافەت، جیناسی تەواو و، له کۆکردنەوەی (سەر) و، (لەب) و (گوڵ) و (خونچە) شدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
نێو بەزمی (چن) و (کم) و (من): ناو بەزمی. (عم) و (ک) و (مز) و (« پەراوێزی » خا): نێو قەصری. (خب): سەر قەصری.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 328:
وەرە نێو بەزمی گوڵزاران و گوڵ زاران، تەماشاکە:
سەراسەر پێکەنینی گوڵ، لەبالەب غونچە پشکووتن

نیوەبەیتی دووهەم لە نوسخەی گیوی موکریانی بەم جۆرەیە:
«سەراسەر پێکەنین گوڵ هەم لەبالەب غونچە پشکووتن»

ڕاستییەکەی منیش هەر وەهام بیستووە بەر لەوەی نوسخەی جودا لەمە پەیدا بێ. نیوەبەیتی یەکەمی ئەم بەیتەشم، لە کۆنەوە وەها بیستووە:
«وەرە نێو بەزمی گوڵداران و گوڵزاران «گوڵ زاران» تەماشاکە:»

ئەم دەقەش گونجاوترە لەگەڵ نیوەبەیتی دووهەم چونکە «گوڵدار» هەم خاوەن گوڵ و هەم داری بە گوڵ دەگەیەنێ. گوڵدار لەگەڵ «سەراسەر» ڕێک دێت وەک کە «لەبالەب» بۆ غونچە ڕێک هاتووە.
4
چ قەصر و دائیرە و تاقێ، تیا تاقی ئافاقی،
نەی و موطریب، مەی و ساقیی، گوڵ و بولبول هەموو جووتن
لاپەڕەی 328
چ: هەر .
قەصر: کۆشک و تەلار .
دائیرە: باخ و باخچەی دەوری ماڵ .
تیا: تێدا،
تاق (ی یەکەم): تاقی سەرپەنجەرە،
تاق (ی دووهەم): تەنها .
ئافاق: دنیا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەر کۆشک و تەلار و باخ و باخچە و پەنجەرە و هیلالییەک تۆ تاقانه بێ تیایا، له خۆشیی ڕووی تۆوە ئەبێ به بەزم و مەیدانی خۆش بەسەربردن: شمشاڵ و گۆرانیبێژ و، مەی و مەیگێڕ و، گوڵ و بولبولی تیا کۆ ئەبێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له‌نێوان هەردوو (تاق) ـدا جیناس و، لەنێوان (قەصر) و (دائیرە) و (تاق) ـدا تەناسوب هەیە، هەروا لەنێوان (نەی) و (موطریب) و، (مەی) و (ساقیی) و (گوڵ) و (بولبول) ـیشدا.
دەستنووس
چ (چن): له. قەصر و (عم) و (ک): قوطر و. به پێی ئەم نوسخەیە ئەبوو (قوطری) بووایه، چونکه‌ (قوطری دائیرە) زاراوەیه‌کی زانستی ئەندازەیه، هێڵێکی ڕاستە له مەرکەزی دائیرەوە ئەڕوا و موحیطی دائیرەکه ئەکا به دوو بەشی چونیەکەوە، به پێی ئەم نوسخانه‌ ئەبێ مەعنای (تاق) ی یەکه‌میش به نیوە دائیرە لێک بدەینەوە و لەوەوە بچین بۆ تاقی هیلالیی. تیا: تەنها نوسخەی (چن). نوسخەکانی تر هەموو (تێدا).
نیوە یەکەمی ئەم بەیتە له نوسخەی (عب) دا بەم جۆرەیه:
بەڵێ لەم جێیەدا مثلت نییە،(باللەﹺ) تۆ تاقی
ئیمه لامان وایه ئەمه هیی نالییی نییە و، له ئەنجامی نەتوانینی خوێندنەوە و تێگەیشتنی نیوە شیعرەکەوە، به ناوی ئەوەوە دروست کراوە.
نیوەی دووهەمی ئەم بەیتە و نیوەی دووهەمی بەیتی پێشوو، له نووسخەی (کم) و (من) دا له جێی یەکتردان، بەو جۆرەش مەعناکە هەر دێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 328:
چ قەصر و دائیرە و تاقێ، تیا تۆ تاقی ئافاقی،
نەی و موطریب، مەی و ساقی، گوڵ و بولبول هەموو جووتن

لە شەرحەکەدا هاتووە کە نوسخە هەیە لە جیاتی «قەصر» «قوطر» هاتووە. بەلای منەوە «قوطر» مناسبترە لەگەڵ «دائیرە و تاق». وشەی «تاقێ» دەبێ «تاقی» بێت هەتا هاوئاهەنگی «ئافاقی» بێ. ئنجا دەبێ «تاقی تیا» بێ نەک «تاقی، تیا». دەشبوو ئیشارەت هەبێ لە شەرحەکەدا بۆ ئەو لایەنەی کە دەڵێ «تۆ تاقی ئافاقی» جگە لەوەی کە تاقانەی دنیا ڕادەگەیەنێ، لە لایەن زینەت و ئاراییشتن بەیتەکەوە یار لەو نیوەبەیتەدا تاقە، هەرچی لە نیوەدێڕی دووهەمدا هاتووە هەموویان جووتن.
5
له شەوقی ڕوویی شەمع و، زوڵفی دوود و طووڕڕەیی مەجمەر
سوپەند و عوود و پەروانه، بخوور و غالییه سووتن
لاپەڕەی 329
شەمع: مۆم،
دوود: دووکەڵ .
طوڕڕە: ناوچاوان .
مەجمەر: پشکۆدان،
سوپەند: گیایەکی کێوییه، تۆوێکی وردی ڕەشی هەیە، ئەیکەنە ناو ئاگرەوە ئەیسووتێنن، بۆنێکی خۆشی هەیه، ئەڵێن بۆ چاوەزار باشە !
عوود: دارێکی بۆنخۆشە .
غالییه: دەرمانێکی زۆر بۆنخۆسە له چەند ماددەی جیاجیا دروست ئەکرا و بۆ بەهێزکردنی دڵ و بیر بەکار ئەهێنرا،
سووتن: سووتان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: له‌تاو ڕووناکیی ڕووی وەک مۆم ڕۆشن و، زوڵفی وەک دووکەڵ درێژ و ڕەش و ناوچاوانی وەک پشکۆدان درەخشانی یار، سوپەند و عوود و پەروانه و بخوور و غالییە هەموو سووتان. سوپەند لەتاو خاڵه‌کانی ڕووی و عوود له تاو زوڵفی ڕەشی بۆنخۆشی له سەر ڕوومەتی و، پەروانه له عەشقی شەمعی ڕووی و، بخووری دووکەڵ باریک و بۆنخۆش لەتاو تاڵی باریک و بۆنخۆشی زوڵفی و، غالییەش بۆ بەهێز کردنی دڵ و بیری ئەوانه‌ی به دیتنی یار گروفتار بووبوون و بیریان پەرت و دڵیان ڕۆیشتبوو..
دەستنووس
ڕوویی (چن) و (ک): ڕووت. ئەبێ ڕووتی بێ واتە: ڕووتی وەک شەمع و. نیوەی یەکه‌می ئەم بەیتە له نوسخەکانی (عب) دا بەم جۆرەیە:
به میشک و زەعفەران پڕ بوون پڕ قوتووی عەطر و لەگەڵ مەجمەر
6
حەبیبان هەمدەمی ئاهوو دەنۆشن ڕاحی ڕەیحانیی
ڕەقیبان هەمدەمی ئاه و دەکێشن دووکەڵی تووتن
لاپەڕەی 330
ئاهوو: ئاسک
ڕاح: مەی .
ڕەیحانی: بۆنخۆش وەک ڕێحان،
ئاه: ئاخ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: باران دەگەڵ نازداران شەرابی بۆنخۆش ئەنۆشن و، بەدکارانیش هەناسەی خەفەتبارانە هەڵئەکێشن و له خەمگینیدا دووکەڵی تووتن بە با ئەدەن.
بەرابەر بەیەک دانانی (دەنۆشن) و (دەکێشن) زۆر جوانه، چونکه (نۆشکردن) مەعنای ئاسانیی و حەسانەوە و، (کێشان) مەعنای بار هەڵگرتن و ماندووبوون ئەگەیەنێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له دووبارەکردنەوەی (هەمدەم‌) ـدا جیناس هەیە. بەکارهێنانی جاری دووهەمی (هەمدەم) زۆر لەبارە چونکه (ئاه) له دەم دەرئەچێ و لەگەڵ دەمدایه. له کۆکردنەوەی (ئاهوو) و (ئاه) یشدا جیناسی تەرکیب هەیە.
دەستنووس
هەمدەم (عم) و (گم) و (مز) و (خب): هەمڕەم. هەمڕەم: هاوڕەوگ، هاوگەله.
ئەم بەیتە و بەیتی پێشوو له نوسخەی (چن) دا بەردوان.
7
گەلێ شێر و پوڵەنگ و باز و شاهێنی شەهەنشاهیی
وەکوو «نالیی» به دڵ تێچیری ڕاوی چاوی جادووتن
لاپەڕەی 330
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەر تەنها من نیم گیرۆدەی تۆ بووم و به تیری چاوی سیحربازت ڕاوت کردووم، گەلێ کەسی ئازا و ڕاوچیی وەک شێر و پوڵەنگ و باز و شاهێنی شاهانەش دیل و نێچیریی تۆن..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (شێر) و (پوڵەنگ) و، (باز) و (شاهێن) دا تەناسوب و، لە یەکخستنی (چاو) و (ڕاو) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
باز و شاهێنی شەهەنشاهیی (چر): فەهد و بازی شاهێنی شاهیی. (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (اح) و (من) و (خ): فەهد و باز و شاهێنی شاهیی. نێچیری (چن) و (عم) و (ت) و (مز): نەخچیری.