سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

له دوگمەی سوخمه دوێنێ نوێژی شێوان

1
له دوگمەی سوخمه دوێنێ نوێژی شێوان
بەیانی دا سفیدەی باغی سێوان
لاپەڕەی 320
دوگمه: قۆپچە .
نوێژی شێوان: نوێژی ئێوارە .
بەیانی دا: دەرکەوت .
سفیدە: سپیدە، ڕووناکیی .
باغی سێوان: مەبەست سنگی یارە که مەمکی وەک سێوی پێوەیه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دوێنێ ئێوارە لەکاتی نوێژی شێواندا لەودیو دوگمه‌ی سوخمه‌ی وەک خۆر زەرد و سووری یارەوە، سنگی وەک سپیدەی بەیانیی سپیی، باخی سێوی مەمکەکانی دەرکەوت.
ئەشگونجێ مەعنای نیوە شیعری دووهەم بەم جۆرە بێ: گوڵی سپیی درەختی سێو، بەهێی بەخشیی. ئەوەش بزانین که مەمکی کچان، وەک به سێو ئەشوبهێنرێ، به بەهێیش ئەشوبهێنرێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
هەرچەند مەبەست لەم (بەیانی دا) یه ئیشارەت کردن به (بەرەبەیان) و (نوێژی بەیانیی) نییه، بەڵام کۆ کردنەوەی لەگەڵ (نویژی شێوان) دا طیباقیکی جوانی به دیمه‌ن تیایە. هەروەها (دەرکەوتنی سپیدەی بەیانیی) ـش له کاتی (نوێژی شێوان) دا که شەوی تاریکی کردووە به ڕۆژی ڕۆشن، ئەگەر لەگەڵ (باغی سێوان) ـەکەیدا ڕانەگرین، زیادەڕەوییەکی باڵای تیایه. له خواستنی (سفیدە) شدا که هیی بەیانیانه، بۆ سنگی یار و، له بەکار هێنانی (باغی سێوان) ـدا له جیاتیی سنگ و مەمک ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیه‌، له کۆکردنەوەی (شێوان) و (سێوان) ـیشدا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
سفیدە (گم) سپیدە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 320 و یەکەمی لاپەڕە 321:
لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان
بەیانی دا سفیدەی باغی سێوان
لە خەوفی طەلعەتی ڕۆژ هەر وەکوو شێت
بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان

من لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆندا، بەر لە حەفتاکان، شەرحی ئەم دوو بەیتەم کردبوو، هەردوو ڕووی وشەی «هەڵات» بە واتای هاتنەدەر و فیرارکردن لەو شەرحەدا ڕوون کرایەوە. وابوو مامۆستا صالح کەریم، نامەی ڕەزامەندیی خۆی بۆ ڕێکخەری وتووێژەکەی هەنارد. شەرحی بەردەستیش هەمان دووڕووی ئەو وشەیە دەڵێتەوە، بێ ئەوەی ناوی من بهێنێ لزوومیش نییە بە ناوهێنان بەڵام شتێکی زێدە گرنگ لەو شەرحەدا دەرنەکەوتووە ئەویش دەستەواژەی «دوێنێ نوێژی شێوان»ـە: ئەگەر هەڵاتن فیرارکردن مەبەست بێ لێی، هی دوێنێ ئێوارەیە کە بەرەو خۆراوا هەڵات. ئەگەر هەڵاتن هی دەرکەوتن بێ دەبێتە دەرکەوتن لە ڕۆژی پاش دوێنێ، واتە ئەمڕۆ. وشەی «بەیان»یش هەڵدەگرێ سبەینەی لێ مەبەست بێ و دەشبێتە جەمعی «بەی - بەهێ» کە ئەویش وەک سێو لە مەمکەکە دەچێ. لە ڕەواکردنی پێشخستنی مەفعوولی «بەیان» لە فیعلی «دا» گوتوومە و دەیڵێمەوە: کارگێڕی قوتابخانە کچانی پێش خست لە کوڕان - باپیر بەرخانی بردە لەوەڕ...
نوسخە هەن لە جیاتی «دوگمەی سوخمە» نووسیویانە «دوگمەی سینە» یەک لەوان «دیوانی نالی» کە مەرحووم گیوی موکریانی لە 1962 چاپی کردووە. لەلایەن تاموشامەوە سینە سازگارترە لە سوخمە.
2
له خەوفی طەلعەتی ڕۆژ هەر وەکوو شێت
به ڕووزەردیی هەڵات و کەوتە کێوان
لاپەڕەی 321
طەلعەت: ڕوومەت .
هەڵاتن . ڕۆژ: خۆر،
ڕووزەردیی: خەجاڵه‌تیی و شەرمەزاریی، کاڵیی و زەردیی .
هەڵات: ڕای کرد . هەڵهات .
کێوان: شاخەکان، یاخود کەیوان واته ئاسمان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خۆر، له ترسی ڕووناکیی ڕووی یار، له شەرمەزاریدا، وەکو شێت هەڵات و ڕای کرد و دایه‌ شاخەکان. مەبەستی له زەردی خۆراوایه‌ که خۆرێکی زەردی کاڵ تەنها به لووتکه‌ی چیاکانەوە ئەمێنێتەوه.
یاخود: خۆر، له ترسی هەڵهاتن و دەرکەوتنی ڕووی یار، ڕەنگی له ڕوو بڕا، زەرد هەڵگەڕا، به زەردیی له ئاسۆ هەڵهات و لیزگی دای له لووتکەی چیاکان و پاشان خۆیشی به ناوەڕاستی ئاسمان بەرز بووەوە. مەبەستی له کاتی هەڵهاتنی خۆرە له سبه‌یناندا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له وشەی (طەڵعەتی) و (ڕووزەردیی) و (هەڵات) و (کەوتە کێوان) دا، وەکوو ڕوونمان کردەوە، لەطافەت هەیە. چونکه یەکیی دوو مەعنا ئەگەیەنن.
دەستنووس
ڕووزەردیی (چن): ڕووی زەردی.
3
دوو چاوی من کەوا کەیلی سوروشکن،
دەپێون ئاوی بەحری خۆی به پێوان
لاپەڕەی 321
کەیل: پڕ، لێوانلێو .
سوروشک: فرمێسک .
دەپێون: وەک پێوانهکردن هەڵئەگۆزن . به پێوانەکردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوەکانم که پڕن له فرمێسک و هەمیشە فرمێسکیان لێ ئەڕژێ، فرمێسکیان بەڕادەیەک زۆرە و لێ نابڕێ، ئەڵێی ئاوی بەحری خۆی هەڵئەگۆزن و دایئەڕێژن..
لەنێوان (چاو) و (ئاو) دا جیناسی لاحیق و، له کۆکردنه‌وەی (چاو) دا که مەعنای سەرچاوەش ئەبەخشێ، لەگەڵ (ئاو) و (بەحر) تەناسوب هەیه.
دەستنووس
کەیلی (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (اح) و (من) و (خا): سەیلی. دەپێون (عب) و (خا) دەپێویێ، خوێ (« پەراوێزی » چر) و (کم) و (گم) و (ت) و (مز) و (من) و (خب): خوێن. به پێی ئەم نوسخانه‌ ئەبێ (سوروشک) ـیش کەواتە فرمێسک، هەر به خوێن مەعنای لێ بدرێتەوە.
4
مەکەن لۆمەی پەشێویی دڵ که ئەمشەو
پەشێواوە له بەر پەرچەم پەشێوان
لاپەڕەی 322
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گله‌یی له دڵەکەم مەکەن که ئەمشەو له سەر خۆی نییه، هۆی ئەم لەسەر خۆ نەبوونەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزیی پەرچەمی یاران که کاری لەمیش کردووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (پەشێویی) و (پەشێواوە) و (پەشێوان) دا، بێجگە لەوە که لەگەڵ هاوڕیشەیی وشەکانیدا هەریەکی بە مەعنایەکی تایبه‌تیی بەکارهێنراون، جۆرە جیناسێکی لاحیقیش هەیە.
دەستنووس
مەکەن (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (گم) و (مز) و (اح) و (من) و (خا): مەکه.
5
شەرابی لەعلی ڕوممانی له «نالیی»
حەرامه بێ مەزەی ماچێکی لێوان
لاپەڕەی 321
ڕوممانیی: وەک هەنار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چەشتنی شەرابی ڕەنگ سووری کاڵی وەک ڕەنگی لەعل و هەنارم لێ حەرامه، ئەگەر ماچی لێوی یار نەبێ به مەزەی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (لەعل) و (ڕۆممانیی) و (لێو) دا که ڕەنگیان له‌ یەک ئەچێ تەناسوب هەیە، تەناسوبێکی جوانیش لەنێوان (شەراب) و (حەرام) ـدا هەیە چونکه به ڕێ و شوێنی ئایین شەراب حەرامه. لەنێوان (شەراب) و (مەزە) شدا تەناسوبێکی تر هەیه. له تێکڕای وشەکانی دوایی بەیتەکانیشدا جیناسی لاحیق هەیه.