سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ڕەفیقان! من ئەوا ڕۆییم لەلاتان

1
ڕەفیقان! من ئەوا ڕۆییم لەلاتان
له مەظڵوومان بڵا چۆڵ بێ وڵاتان
لاپەڕەی 317
بڵا: با، باوەکوو، لێی گەڕێ .
وڵاتان: سووککراوەی (وڵاتتان) ـه، یاخود (وڵاتان) ی جەمعی (وڵات) ـە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: برادەرینه ! وا من ڕۆیشتم و به‌جێم هێشتن، سا خوا بکا پاش من وڵاتەکەتان ستەملێکراوێکی تری تیا نەبێ، یاخود هیچ وڵاتێک ستەملێکراوی تیا نەبێ، تا وەک منی بەسەر نەیەت.
ئەم پارچە شیعرە له دەسنووسەکانی (چر) و (چن) و (ک) و (ت) و (عز) و (مز) و (اح) و (خا) دا هەیە و دراوەتە پاڵ نالییی. هەر وەها له ناو کۆمەڵێ دەستنووسی مەلا موحەممەد ناوێکی گەڵالەییشدا هەیە به‌ ناوی نالیییه‌وە و کاک جەمال موحەممەدی قوتابیی و بۆی دوا پۆلی بەشی کوردۆلۆژیی زانکۆی سولەیمانیی وێنەیەکی بۆ گرتین و بۆی و بۆی ناردین، لەسەر قسەی کاک جەمال له بەیاضێکی کۆنی مەلا سەیید عەبدولقادری واعیضیشدا هەر هەیه و دراوەتە پاڵ نالییی. ئەمانە هەمووی بەڵگەی ئەوەن کە شیعرەکە شیعری نالیییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستنووسەکەی (تۆ) و له هەردوو چاپی (کم) و (گم) ی دیوانی کوردیدا پارچە شیعرێکی ١٣ بەیتیی بڵاو کراوەتەوە بەیتی یەکەم و سێهەم و چوارەم و پێنجەم و حەوتەمی ئەم پارچە خراوەتە چوارچێوەیەوە، بەیتی یەکه‌می ئەم لەوێیش هەر یەکەمه، سێهەم هەشتەمه، چوارەم دوانزەهەمه، چوارەم دوانزەهەمه، پێنجەم دەهەمه، حەوتەم سیانزەهەمه که دوا بەیتە لەوێ، جیاوازیی بەیتەکان لێرەو لەوێ هەر ئەوەندەیه سەرەتا لێرە (ڕەفیقان) ـه و لەوێ (عەزیزان) ـه و له جیاتی (نالییی) ی ئێرەش لەوێ (کوردی) یە.
ئێمه لامان وایه کوردیی ئەو چەند شیعرەی له نالییی وەرگرتووە و خستوونیەتە چوارچێوەی شیعرەکانی خۆیەوە و، شتی وا له جیهانی ئەدەبدا کەم نییه و، جیاوازیی پلەی هونەرییش لەنێوان ئەمانەی‌ نالییی و ئەوانه‌ی کوردیدا زۆر ئاشکرایه.
سەیر ئەوەیە له نوسخەی (خب) ـدا شیعری چوارەمی پارچەکه‌ی کوردییش هەر به هیی نالییی دانراوە،
ئەو شیعرە ئەمەیە:
که‌ من ڕۆییم جەهەننەم پڕ مەکەن لێم
له من خاڵیی مەکەن کۆشک و سەراتان
دەستنووس
چۆڵ بێ (« پەراوێزی » چر) و (چن) و (ت) و (مز) و (« پەراوێزی » خا) و (خب): چۆڵ بوو. بەپێی ئەم نوسخانه‌ مەعنای شیعری دووهەم وای لێ دێتەوە: لێی گەڕێ، باش بوو وڵاتەکەتان پیاوی ستەملێکراوی تیا نەما.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
قەصیدەی لاپەڕە 317 «ڕەفیقان؟ من ئەوا ڕۆییم لە لاتان» بێگومان هەر پێنج بەیتی کە شەرحەکە دەڵێ دراوەتە پاڵ غەزەلێکی «کوردی» ماڵی حەڵاڵی «کوردی»یە. بەیتی دووهەمی ناو شەرحەکەش:
بڵا سا شار بە شار و دێ بە دێ بین
لە دەس یاران بکەین طەییی وڵاتان

ئائەم بەیتە هەم لەگەڵ ڕوحی پێنج بەیتە ناوبراوەکەی یەکەم، سێهەم، چوارەم، پێنجەم و حەفتەم، کە بە یەقینی هی «کوردی»ـن چ خزمایەتییەکی نییە و هەم لە سەبکی نالی ناوەشێتەوە. خۆ هەرچی بێ دوای دەرکردنی پێنج بەیتەکە دەمێنێتەوە دوو بەیت کە شتێک نییە پێی بگوترێ غەزەل. قەصیدە کە لە شەرحەکەشدا هاتووە ئەو بڕە شیعرەی بۆ کوردی بردراوەتەوە سێزدە بەیتە، ئەمی ئێرە حەفتە، بەو پێیە هەشت بەیتی بێ مەکەمەکە هی کوردییە، ئەم دەقەی ناو شەرحەکە حەفت بەیتە بە لێ دەرکردنی پێنج بەیت کە کێشەی لە سەرە دوو بەیت دەمێنێتەوە بۆ نالی. ئنجا چۆناوچۆنی پێنج بەیت دەڕوا بۆ دوو بەیت کە چەژیشیان جودایە لەو پێنجە و ناڕوا بۆ هەشت بەیتەکە؟ دڵنیام لەوەدا کەوا نە نالی نە کوردی شیعریان لە یەکتر و لە کەسی دیکەش نەدزیوە. ئەم دوو بەیتەی جودا لە پێنجەکە (تاڕادەیەک بەیتی شەشەم مومکینە بدرێتەوە بە نالی) بە جۆرێکی نادیار و هۆیەکی کەس نەبیستوو لەلایەن ناسیخێکەوە کۆبوونەتەوە، ڕەنگە پتر لە ناسیخێک دەستی تێ وەر دابن، و نازناوی «نالی»ی خرابێتە کۆتاییەکەیەوە. ئەگەر بگوترێ چۆناوچۆنی کابرایەک لە خۆیەوە ئەم کارە دەکات، دەڵێم ئەدی چۆن کابرایەکی دیکە لە خۆیەوە ناوی کوردی دەخاتە پاڵ ئەو سێزدە بەیتە؟ ئەمە با لەولا بێ و چی دیکەی لەسەر ناڕۆم: نازانم چۆناوچۆنی ئەم شیعرە دەدرێتەوە بە نالی کە دوعاخوازییەکەی بە سۆزی عادەتییە، لە هەمان کاتیشدا دەڵێن نالی لەبەر تێشکانی بابان و هاتنی تورکان هەڵات! ئەم بەیتەش بخە پاڵ «ئەلا ئەی نەفسی...» و لە خۆت بپرسە کوا ترسی تورک و ڕووخانی بابان؟
2
بڵا سا شار به شار و دێ به دێ بین
له دەس یاران بکه‌ین طەیی وڵاتان
لاپەڕەی 318
بڵا: چش .
طەی: پێچانەوە، تەیکردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چش قەید ناکا، با له دەست دۆست و برادەر و بەهۆی ئەوانەوە، دەربەدەر و ئاوارە ببین و ڕێی دووری وڵاتان ببڕین و سەری خۆمان هەڵگرین.
دەستنووس
بڵا (مز): بڵێ. سا (چن) و (ت): با.
3
مەڵێن کەڵکی نەبوو، ڕۆیی، جەهەننەم!
سەرم قەڵغانه بۆ تیری قەضاتان
لاپەڕەی 318
قەڵغان: بەرگرێکی له پۆڵا دروست کراوە له چەشنی ساج، جاران شەڕکەر گرتوویانه به ڕوویانەوە بۆ خۆ پاراستن له تیر و شیری دوژمن .
قەضا: قەزا و قەدەری خوا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مەڵێن نالییی کەڵکی هیچی پێوە نەبو، ڕۆیی، دەبا بڕوا، به جەههەننەم.. من، هەرچەند ئێوەش لەگەڵم خراپ بوون و بوون به مایەی ڕۆیشتنم، هەر دڵسۆزەکه‌ی جارانتانم و سەری خۆم ئەکەم به قەڵغان بۆ تیری قەزا و قەدەر نەیەت بتانپێکێ.
4
سەفەرمان چونکه ڕێی هات و نەهاتە
دوعامان بۆ بکەن، ئێوە و خوداتان!
لاپەڕەی 319
هات و نەهات: هاتنه‌وە و نەهاتنەوە . بەخت بۆ هاتن و بەخت بۆ هاتن . مان و مردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەم سەفەرەی ئەیکەین سەفەری ڕێی ژیان و مەرگه، لەوانەیە جارێکی تر چاومان بەیەک بکەوێتەوە و لەوانەشە نه. کەس نازانێ سەرەنجام چۆن ئەبێ. کەواتە ئێوە و خواتان له دوعای خێرتان بێبەشمان مەکەن.
دەستنووس
ئەم بەیتە و بەیتی پێشوو له نوسخەی (چر) دا بەرودوان.
خوداتان (عز): خواتان. دیارە ئەبێ تۆزێ (واو) ەکەی بگرین.
5
منم سەرکردەتان بۆ لەشکری غەم
دەترسم بڕۆم بشکێ سوپاتان
لاپەڕەی 319
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر خەم خواردن بۆ ئێوە دابنێین به لەشکرێک، ئەوە سەر لەشکری ئەو لەشکرە منم و من له هەموو کەس خەمی ئێوەم زیاتر له دڵدایه. جا بۆیە ئەترسم ئەگەر من بڕۆم لەشکری خەم بۆ خواردنتان پەکی بکه‌وێ و بێ سەرلەشکر بمێنێتەوە و ببەزێ و کەس نەبێ خەمتان بخوا.. مەبەستی ئەوەیه بڵێ کەس نازانێ وەک من خەم بخوا و ئاگاداریی خەم بکا و کاروباری بەڕێوەبەرێ.
دەستنووس
دەترسم (ک) و (عز): ئەترسم.
6
شکاری وەحشییان بەس دەستەمۆ کەن
نەوەک بەر بێ شکاری خانەزاتان
لاپەڕەی 319
شکار: ڕاو، ڕاوکراو . لێرەدا مەبەست مەعنای دووهەمه .
دەستەمۆ: ماڵیی و به ئاسانی گیراو،
خانەزا: له ماڵا له دایک بوو، ماڵیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەس نێچیری کێویی (مەبەستی له بێگانەیە) دەستەمۆ بکەن و بلاوێننەوە، ئەگینا نێچیری پەروەردەکراوی بەردەرگا و بهوەفای خۆتان له داخانا سەری خۆی هەڵئەگرێ و ئەڕوا و خاک و بوومتان بەجێ دێڵێ.
دەستنووس
ئەم بەیتە تەنها له نوسخەی (چر) دا هەیه، سەیر ئەوەیه نوسخەکەی (تۆ) که ئەم پارچە شیعرەی به ١٣ بەیت تیا هەیە و داویەتە پاڵ (کوردی)، ئەم بەیتەی تیا نییە.
7
ئەوەندە ئەرجوو دەکا «نالیی» که جار جار
بکەن یادی موحیببی بێ ڕیاتان
لاپەڕەی 320
ئەرجوو: تکا . له (أرجو - ئەرجوو) ی فیعلی موضاریع وەرگیراوە .
موحیبب: خۆشەویست
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی تەنها یەک تکای لێتان هەیە، ئەویش ئەوەیه جاروبار یادێکی ئەم خۆشەویستە ڕاستگۆ بێ درۆ و ڕیایەتان بکەنەوە.
دەستنووس
ئەوەندە (ک) و (عز): ئەوەن. دەکا (چن): ئەکا. (اح) و (خا): دەکەم. نەزانینی هۆی دانانی ئەم ئەم پارچە شیعرە، لە گەلێ پارچە شیعری ‌تری نالییی زیاتر مایەی داخە. لەم پارچە شیعرەوە به ئاشکرا دیارە که نالییی لای کەسانێکی به دەسەڵاتی وا بووە وەک دۆست و برادەر لەگەڵی جووڵاونەتەوە و، پاشان بۆ کەسێکی بێگانه دڵیان یەشاندووە و ناچاری ڕۆیشتنیان کردووە، بەڵام ئەو هەر خۆشی ویستوون و دڵی پڕ بووە له سۆز بۆیان بریا ڕۆژی له ڕۆژان بۆمان دەرکەوتایه ڕووداوە که چۆن بووە.