سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

که تۆی قیبله، دەمت سا بێنه، قوربان!

1
که تۆی قیبله، دەمت سا بێنه، قوربان!
لەسەر قوبله دڵم مەشکێنه، قوربان!
لاپەڕەی 315
قیبله: ماڵی خوا له مەککە که موسوڵمانان پێنج فەڕزە ڕووی تێ ئەکەن .
قوبڵه: ماچ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: قوربان ! مادەم تۆ قیبله‌ی منی و من هەمیشە ڕووم له تۆیه، دەسا ماچێکم بدەرێ و به نەدانی ئەو ماچه دڵم مەشکێنه.
نالییی که لەم بەیتەدا یاری شوبهاندوو به ماڵی قیبله، دیارە دەمیشی شوبهاندووە به (حجر الاسود) که بەردێکه له دیواری کەعبەدا، خەڵکی له سەردەمی حەجدا بۆ پیرۆزی ماچی ئەکەن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (قیبله) و (قوبلەدا) جیناسی موحەڕڕەف هەیه.
دەستنووس
کە تۆی قیبلە (عم) و (کم) و (گم) و (من): کە تۆ قیبله‌ی. (ت): که تۆ قیبله‌م. لەسەر قوبله (عم): له بۆ قوبله‌ی. دیارە له ئەسڵدا (له بۆ قوبلێ = قوبلەیەک) بووە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
بە بڕوای من خەناوی هەم لە بار وەزی شێعر و لە باری جوانی و وشەوە باشترە، ڕاستە نالییی وشەی بێگانەی زۆر لە شێعردا هەیە بەڵام لە بەکاربردنی ئەو وشانەی لە کوردیدا گۆڕاوە باکی نەبوە.
2
وەرە بنواڕە دوو دەستی حەناییم
حنایی چیی؟ هەموو خۆ خوێنه قوربان
لاپەڕەی 315
حەنایی: خەناویی، گیراوە خەنه .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: قوربان وەرە سەیری دەستەکانم بکه که ئەڵێی گرتوومنەتە خەنه.. بەڵام خەنەی چی؟ له خەنەم نەگرتوون. بۆیە سوورن چونکه خوێنیان پێوەیە، ئەوەندەت به تیری خۆشەویستی بریندار کردووم، دەس بۆ هەر کوێی گیانم ئەبەم هەر خوێنه، بۆیە دەستم خوێناوییە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردوو وشەی (حەنایی) دا جیناسی تەواو و، لەنێوان (خوێن) و (قوربان) دا تەناسوب هەیە، چونکه‌ هەرچەند مەبەست له (قوربان) مانگی قوربان نییه، بەڵام وشەکه‌ ئەو مەعنایەش هەڵئەگرێ.
دەستنووس
حەناییم (ت) و (ک) و (مز) و (اح) و (خا) و (خب): حەنائیم. (عم): حەناییت. (کم) و (من): خەناویم. (گم): خەناویت. حەنایی چیی (چر) و (ت) و (مز) و (اح) و (خا): حەنائیی چیی. (کم) و (گم) و (من): خەناویی چیی، هەموو (چن): هەمووی. خۆ خوێنه (کم) و (گم) و (من) و (خب): هەر خوێنه‌، (مز) خوێنینه
3
شەقی که، غەیری حوببی تۆی تێدا بێ،
به دەستی خۆت دڵم دەربێنە، قوربان!
لاپەڕەی 316
شەق: لەت،
حوبب: خۆشەویستیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: قوربان ! دڵم لەت که، ئەگەر له خۆشەویستیی خۆت بەولاوە شتێکت تیا دیی، به دەستی خۆت دەری بێنه (واتە: دڵەکه‌) و فڕەی دە، من دڵی ‌وام ناوێ.
وشەی (دڵم) له لایەکەوە مەفعولوبیهیی (شەقی که) یه و لە لایەکی کەوە موبتەدایه و (غەیری.. تاد) خەبەریەتی و له لایەکی تریشەوە مەفعوولوبیهیی (دەربێنە) یە.
دەستنووس
شەقی که (« پەراوێزی » چر و خا) و (اح): شتێکی، (چن) و (عم) و (کم) و (خب): ئەگەر دڵ. (ک): دڵێ که.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 316:
شەقی کە، غەیری حوببی تۆی تێدا بێ،
بە دەستی خۆت دڵم دەربێنە، قوربان!

ئەم «شەقی کە» چ شیرنایی پێوە نییە لە چاو «ئەگەر دڵ»دا، ئەوەندە نەبێ کە مەفعوولەکەی بە پەنهانی هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی لە نیوەبەیتی دووهەمدا دەدۆزرێتەوە کە دڵە. وشەی «تێدا» کێشی بەیتەکەی تەنبەڵ و ناجۆر کردووە، «تیا» دەست دەدات.
4
له بۆ خەڵقیی خەڵات بەخشانی ماچە
خەڵاتی من هەموو خۆ جوێنه، قوربان!
لاپەڕەی 316
بەخشان: بەخشینەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەسەر خەڵکی ترا ماچ دابەش ئەکەیت و به ماچ خەڵاتیان ئەکەی، کەچی خەڵاتی منی دڵسۆزیش جنێو و قسەی دڵ بریندارکەرە.
دەستنووس
له ‌بۆ (مز): لەنێو. خەڵقیی (چن) و (ت) و (ک): خەڵکیی. بهخشانی (چن): بەخشانه.
5
فوتووری چاوەکانت نانوێنیی
به «نالیی» فیتنه بەس بنوێنە قوربان!
لاپەڕەی 316
فوتوور: ساردیی و بێ مەیلیی،
نانوێنیی: ناخەوێنیی .
فیتنه: گرفتار و گیرۆدە کردن .
بنوێنه: دەرخە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مادەم نیازت نییه ساردیی و بێمەیلیی چاوەکانت بەرابەر به من بخەوێنیی و له‌کار بخەی، هیچ نەبێ بەس گرفتاریی و گیرۆدوییم پێ بنوێنه و بەسم ڕاکێشە بۆ لای خۆت.
لێکدانەوەی ئەدەبی
له کۆکردنەوەی (نانوێنێ) و (بنوێنە) دا له شێوەی نەفی و ئیثباتەکەدا طیباق و، له مەعنادا ئیشتراک هەیه، سەرەڕای ئەو طیباقەش که له مەعنا لێدانەوەی (نواندن) ـدا هەیە به (خەواندن) و به (پیشاندان).
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی هەمان لاپەڕە:
فوتووری چاوەکانت نانوێنی
بە نالی فیتنە بەس بنوێنە، قوربان!

شەرحەکە وشەی «نانوێنی»ی یەکەمی بە «ناخەوێنی»ی لێکداوەتەوە. ڕاستییەکەی «دەرخستن»یش لە هەمان شوێندا بە دەستەوە دەدات، ڕەنگە دەرخستنیش مەبەستتر بێت چونکە فتووری چاو زێدە جوانیی تێدایە. نالی حەقیەتی داوا بکا یار ئەو فتوورە نەشارێتەوە چونکە بە شاردنەوەی، نالی پتر دەشێوێ. هەر لەو توێکڵەدا دانەیەکی دیکەش هەیە: «بەس» بە واتای «زۆر»یش هاتووە، لەم واتایەوە نالی داوا دەکا یار فتووری چاوان دەرخات هەتا پتر مەفتوون بێ.