سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

سوی مصر است مرا عزم از این لجه‌ء غم

1
سوی مصر است مرا عزم از این لجه‌ء غم
تا که در نیل کشم جامه ز بی‌داد وستم
لاپەڕەی 313
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە نیازی ئەوەم هەیه خۆم له‌م گێژاوی غەمه دەرباز کەم و بڕۆم بۆ میسر، تا بۆ دەربڕینی بێزاری و ناڕەزایی لە جەور ستەم، کراسەکه‌ی خۆم له ئاوی نیل هەڵکێشم، شین ببێ.. (ئەم شین بوونی کراس) ـه لەوەوە دەرئەکەوێ که قوماش خرایە نیلەوە دیارە ئەبێ به (نیلیی) و (نیلی) یش جۆرە شینێکه.
دەستنووس
ئەم چوارێنه فارسییە تەنها له دەسنووسەکه‌ی (چر) دا هەیە،
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
دوو بەیتی فارسی لە لاپەڕە 313:
سوی مصر است مرا عزم از این لجەء غم
تا کە در نیل کشم جامە ز بیداد و ستم
میرود نالی از اینجا چو حریص از دنیا
با لب خشک و کف خالی و چشم پر نم

شەرحەکە بۆ ئەوە چووە کەوا ڕەنگە نالی ئەم شیعرەی پاش تێکچوونی میرنشینی بابانەکان گوتبێ... هتد. مومکینە لە دەوری بابانەکانیش بیستبێتی پێوەندی هەبووە لە نێوان ئیبراهیم پاشای میسر و میری ڕەواندز.
ئەم بۆ چوونە زۆر کزە بەتایبەتی بیستنی پێوەندیی ئیبراهیم پاشا بە میری ڕەواندزەوە چونکە کە حکوومەتی بابان تێکچوو پاشای ڕەواندوز زووتر ئیعدام کرابوو. دەتوانم بڵێم هەرگیز نالی بۆ میسر نەچووە. چونکە خەتی بزووتنەوەی و نیشتنەوەی هێندە ئاشکرایە کە ناشێ سەفەری بۆ میسر تێیدا پەنهان بێ. ڕەنگە «بێداد و ستەم»ـەکە ڕووداوی ڕاستینە بگێڕێتەوە، ڕەنگیشە خەیاڵێکی برینداری شاعیرانە بێ، سۆز وەدەردەنێ و جوانکاری و واتاسازیی پێوە دەکات چونکە لە ژیانی نالیدا تێکچوونی حکوومەتی بابان گەورەترین کارەساتە پێی بڵێ «لجەء غم» و بەجێ هێشتنی سلێمانیش تاکە شوێنە وەها عەزیز بێ بشێ وەک دنیای دنیاپەرست بێ کە لێی دەردەچێ کەچی: نالی کە بەرەو حەج دەچێ و موناجاتی ڕێی چوونە مەککە لە «ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا»دا وەک موعجیزە دادەڕێژێ، دادوبڕوی وڵاتکاولی و کۆستکەوتوویی هەڵاتنی تێدا نییە، بە پێچەوانەوە نەفەسی خۆی دەشکێنێتەوە بەوەدا کە دڵبەندە بە دانیشتن لە وێرانەی نشیمەنەکەی: هانی نەفسی دەدات لەگەڵ عیشقبازاندا بڕوا بۆ ژیان لە مەککە و مردن لە مەدینە.
سەیری ئەم چەندە بفەرموو:
ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا هەتاکەی حیرصی وێرانە!
لەگەڵ ئەم عەشقبازانە بڕۆ بازانە، ئازانە!
موسوڵمان لێرە مانی خان و مانت هەر نەمان دێنێ
پەشیمان بە کە دەرمانی نەمانت مایەی ئیمانە «مایەیی مانە»
بەقییەی عومری ضایع گەر مورادت پێ تەدارەک بێ
حەیاتی مەککەت و مەوتی مەدینەت جەبری نوقصانە

بەڵێ بەیتەکان دنیادزێوکردنیشی تێدایە بەڵام هەڵاتن و تێکچوونی حکوومەتی بابان و ظولم و زۆری تورکەکان هەر پەیدا نییە. من لە «چەپکێک لە گوڵزاری نالی» گوتوومە نالی بەر لە تێکچوونی بابان چۆتە حەج، دەلیلیش لەو بەیتانە بەهێزتر هەر بە خەیاڵدا نایەت...
بگەڕێینەوە بۆ ئەو دوو بەیتە فارسییە - ئەو سێ بەیتە و بەسەرداچوونەوەیان، بەخێر، هەڵدەگرین بۆ ئەو دەمەی سرەیان دەگاتێ:
شەرحەکە لە وشەی «نیل» ڕووبارەکەی میسری ڕەچاو کردووە و بەس تەنانەت کە ڕەنگی «نیلی»ش بە شین دادەنێ دەیباتەوە بۆ ئەوەی کە «قوماش خرایە نیلەوە ئەبێ بە نیلی» واتە نیسبەتی بە نیل دەدرێ وەک کە بخرێتە «فورات»ـەوە دەبێتە «فوراتی». ڕاستییەکەی «نیل» خۆی ماددەیەکی شینە. لە واتائاراییدا نالی «چشم پر نم»ی دووجاران کردۆتە بنگەی فەندی «طباق». جارێکیان بەرانبەر «لب خشک - وشک» کە چاوەکە تەڕە بە فرمێسک. جاری دیکەش بەرانبەر «کف خالی» کە چاوەکە «پڕ»ە لە فرمێسک (وشک، تەڕ - خالی، پڕ). لەف و نەشری مشەووەشیشی تێدایە کە لە سرەدا «وشک» کەوتۆتە بەرانبەر «پڕ» - «خالی»ش بەرانبەر «نم».
2
میرود نالیی از اینجا چو حریص از دنیا
با لب خشک و کف خالی و چشم پر نم
لاپەڕەی 313
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە زۆرم پێ ناخۆشە ئەم وڵاتە بەجێ دێڵم.. که ئەڕۆم، خۆم بەو دەوڵەمەندە ڕژدە تەماعکارە ئەشوبهێنم که ئەمرێ، له لێوێکی وشک و دەستێکی خاڵیی و چاوێکی پڕ له فرمێسک بەولاوە، هیچ لەگەڵ خۆی نابا.
زۆر لەوە ئەچێ نالییی ئەم شیعرەی پاش تێکچوونی میرنشینی بابانەکان وتبێ، بۆیە وا کۆچکردنی خۆیشی ئەشوبهێنێ به مەرگی کەسێک نەیەوێ بمرێ، ئەبێ دەربڕینی بێزارییەکەشی، له جەور و ستەمی داگیر کەرە عوسمانییەکان بووبێ و بۆیەش ویستبێتی بۆ میسر بچێ. دەنگوباسی ئەوەی زانیبێ که له ناو هەموو موسوڵمانەکانا (جگە له ئێران) هەر میسر له ژێر دەستی عوسمانیدا نەبووە، سەرەڕای بوونی (ئەزهەر) و ناوبانگی مەلایەتی و خوێندنیش تیایدا، دووریش نییە زۆرتر لە دەرباری بابانا شتێکی له بارەی پەیوەندی ئیبراهیم پاشای کوڕی حەمه عەلی پاشای میسر و میری ڕەواندزەوە ببیستبێ..
بەداخەوە هیچ له بارەی ئەنجامی ئەم نیازەی نالییەوە نازانین: چووە یا نه و، ئەگەر نەچوە، چیی پەکی خستووە؟ !