سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

(فاتیحە!) تەسخیرە شاری دڵ به طابووری ئەلەم

1
(فاتیحە!) تەسخیرە شاری دڵ به طابووری ئەلەم
موددەتێکی زۆرە پاتەختە لەبۆ خاقانی غەم
لاپەڕەی 208
فاتیحه: سوورەتی (الفاتحة) ، داوای خوێندنی سوورەتی فاتیحه بۆ گیانی کەسێکی مردوو .
تەسخیر: داگیرکردن و سەر پێ نەویی کردن . مەبەست لێرەدا داگیرکراوەکەیە .
ئەلەم: ئازار .
خاقان: پادشا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی ئەم شیعرەی به دادانی (فاتیحه) یەک دەست پێ ئەکا بۆ گیانی شاری دڵ و ئەڵێ ئەم شارە کەوتووەتە ژێر باری تابووری سوپای خەمەوە و دەمێکی زۆرە بووە به پایتەختی خاقانی خەم و خەفەت، ئەو حوکمڕانیی تیا ئەکا و به بەراوەرد لەگەڵ جارانی وەک نەمابێ وایه.
دەستنووس
ئەم پارچە شیعرە تەنها له دەسنووسەکەی ڕەحمەتی مەلا عەزیزی ڕێشاویدا هەبوو که له پێشەکییەکەدا ئیشارەتی (عز) مان دانا. لەوە ئەچێ نالییی ئەم شیعرەی لەو کاتەدا وتبێ که قاجارییەکان له ١٢٤٦ی. ک (١٨٣٠ـ١٨٣١ی. ز) دا به ناوی یارمه‌تیدانی مەحموود پاشای بابانەوە هاتنه ناو شاری سولەیمانیی و سڵێمان بەگ (سڵێمان پاشا) که ڕۆمەکان پشتگیری بوون، شاری بە‌جێهێشت و ڕووی کردە (زەنگاباد).
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 308:
فاتیحە! تەسخیرە شاری دڵ بە طابووری ئەلەم
موددەتێکی زۆرە پاتەختە لە بۆ خاقانی غەم

لەم «فاتیحە» و لە «فاتیح»ـی کۆتایی قەصیدەکە ئیشارەت هەیە بۆ «محەمەدی فاتیح»ی تورک کە ئەستەنبۆڵی گرتووە، گۆیا هەرچی ئەستەنبۆڵ بگرێت، لە لایەن پێغەمبەرەوە موژدەی بەهەشتی پێ دراوە. لە «فاتیحە»ی ئەم بەیتەدا هەڵدەگرێ مەبەست فاتیحەی تازیە و خوێندنی «الحمد للە رب العالمین» بێ وەک کە شەرحەکە بۆی چووە.
2
حوکمی قانوونی صەفا ڕۆییی له ڕەومی ڕوومەدا
تا هووەیدا بوو له ڕۆما گەردی ئاشووبی عەجەم
لاپەڕەی 309
صەفا: ڕابواردن .
ڕەوم: جۆرە شەرابێکه له قامیشی شەکر دروست ئەکرێ .
تا: لەوکاتەوە .
هووەیدا: ئاشکرا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەوەتی تۆز و گەردی ئاشووب و ئاژاوەی عەجەم له وڵامی ڕۆمدا ئاشکرا بووە و دەرکەوتووە، شەرابی ڕوخساری منیش حوکمی ناچاریی خۆشیی و سەرخۆش کردنی لێ هەڵگیراوە، مه‌بەستی ئەوەیە بڵێ وەک چۆن قانوونێکی سروشتکردە شەراب بنیادەم سەرخۆش ئەکا، هەروا قانوونێکی سروشت کرد بۆ ڕووی منیش هەمیشە خۆش بێ و دڵی خەڵکی پێ بگەشێتەوە، بەڵام لەو کاتەوە که ئێرانییەکان ئەم خاکی ڕۆمه‌یان پێشێل کردووە، منیش گەشیی و خۆشیی له ڕوخسارم هەڵگیراوە.
ئەشگونجێ (ڕەومی) نه‌بێ و (ڕۆمی) بێ، واتە: خۆشیی له وڵاتی ڕۆمی ڕۆمدا نەماوە.
3
لەذذەتی دنیا که هیچ و پووچە لای ئەهلی ئەدەب
ئەووەڵ و ئاغازی جەور و دەردە، ئەنجامی ستەم
لاپەڕەی 309
ئاغاز: سەرەتا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خۆشیی و ڕابواردنی دنیا که له‌بەر چاوی پیاوی هونەرمه‌ند و دنیادیدە و زیرەکدا هیچ نایەنێ و قیمه‌تی نییه، سەرەتاکه‌ی بریتییە له زوڵم کردن له ژێردەست و چەشتنی دەرد و ناڕەحەتیی به دەست کاروباری حوکمڕانییەوە و ئەنجامەکەشی کەوتە ژێر چەپۆکەی زۆردارێکی ترەم، وەک خەڵکی تر.
4
تۆزێ ئایینه‌ی سکەندەر وا به‌دەم باوە . وەلێ
گەردی دامانی غەریبانه لووری جامی جەم
لاپەڕەی 309
ئایینەی سکەندەر: ئاوێنەکه‌ی ئەسکەندەری مەکدۆنیی که ئەڵێن ئەوەندە بەرز بووە دنیای هەموو لێوە دیوە،
وەلێ: بەڵام
جامی جەم: ئاوێنەکەی جەمشید، ئەویش ئاوێنەیەکی وەک ئەوەی ئەسکەندەر بووە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە دنیا بۆ کەس نامێنێ تا سەر. ئەوەتە ئاوێنه‌ گرانبەهاکەی پادشایەکی به شان و شکۆی وەک ئەسکەندەر، ورد و خاش بووە تۆزەکەی بەدەم باوەیە، شووشەی ئاوێنەکەی جەمشیدیش بووە بە تۆزی داوێنی غەریبان که له شوێنێک له جلەکانیان ئەنیشێ و له شوێنێکی تر لێیان دائەتەکێ.
مەبەستی نالییی له هێنانی وشەی (وەلێ) ئەوەیه بڵێ تۆز هەر هیچ و بێ مایەیە، خوا با بەئاسمانیا بەرێ یاخود له زەویدا دایتەکێنێ و ئەو شان و شکۆیەی له دنیادا هەیه هەر دیمه‌نه و له ڕاستیدا بایەخی وردیەکی تۆزی هەیه.
وشەی (وەلێ) به گوێرەی تێکستی دەستنووسەکە بو، ئێمه خۆمان لامان وایه له ئەسڵدا (دەڵێ) بووبێ و به هەڵه‌ی نووسیار گۆڕابێ. بەم پێیە نیوە شیعری دو‌وهەم شتە وتراوەیەکه که تۆزێ ئاوێنه‌ی ئەسکەندەر وتوویەتی.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
بێ گومان دەڵێ ڕاستە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
ئەم بەیتەی لاپەڕە 309:
تۆزێ ئایینەی سکەندەر وا بەدەم باوە، وەلێ
گەردی دامانی غەریبانە بلووری جامی جەم

بە داخراوی ماوەتەوە، شەرحەکە پێی نەوێراوە. دەڵێ دنیا بۆ کەس نامێنێ تا سەر. ئەوەتە ئاوێنەی گرانبەهای پاشایەکی وەک ئەسکەندەر وردوخاش بووە. شووشەی ئاوێنەکەی جەمشیدیش بووە بە تۆزی دامێنی غەریبان... لێرەدا تێ دەگەین شکانی ئاوێنەی ئەسکەندەر کە ڕۆمییە تێشکانی تورکەکان ڕابگەیەنێ و نالی پەرۆشی بێت، خۆ جامی جەم هی ئێرانییەکانە دەبوو تای تەرازووی دالەنگاو بۆ نالی ڕاست بکاتەوە. منیش شتێکم لێوە دیار نییە تەرازووەکە ڕاست بکاتەوە ئەوە نەبێ کە بڵێین شاعیر بۆی هەبووە لە بەیت و دوو بەیتدا خۆ بدزێتەوە لە بابەتی هەڵبەست بۆ وێنەواتایەکی سەربەخۆ کە دڵی بۆی چووە و هاوئاهەنگیشە لەگەڵ ڕۆحی هەڵبەستەکە.
5
بۆ دەکەی تەکلیفی ڕەسمی ئولفەت و یاریی له من؟
کەی به صوحبه‌ت ئاشنایە سالیکی ڕێگەی عەدەم!
لاپەڕەی 310
ڕەسمی ئولفەت: ئوسووڵی ناسیاویی،
یاریی: دۆستایەتیی،
صوحبەت: ڕابواردن .
سالیک: ڕێبوار .
ڕێگەی عەدەم: ڕێگای مەرگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بۆچیی داوای ئوسووڵی ناسیاویی و دۆستایەتیی له من ئەکەی؟ من ڕێبواری ڕێگای نەبوونی و مەرگم و کەسێکیش ڕێبواری ڕێی نەبوونی و مەرگ بێ، شارەزای هاوڕێیەتیی نییە.
6
من مەتاعم جاوە، چاوم! باخەبەر بێ موشتەریی
تا غەزەل سەودا نەکا لای تاجری چیتی بەقەم
لاپەڕەی 310
مەتاع: کەل و پەلی فرۆتەنیی .
جاو: خامی گازریی نەکراو .
غەزەل: جۆرە قوماشێکی گرانبەهایە .
سەودا: مامەڵە، ئارەزوو،
باخەبەر: ئاگادار،
بەقەم: ڕەنگێکی سوورە قوماشی پێ ڕەنگ ئەکەن . لەوانەشە له (باقیی ماندە) وە هاتبێ واتە (عەمارەپۆ).
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئازیزەکەم ! من کابرایەکی لاتم، دووکانەکەم شتی گرانبەهای تیا نییه دەسمایەی دەسم و جاو و شتی وایه. با کڕیار ئاگای له خۆی بێ، ئەگەر ویستی (غەزەل) بکڕێ، لای فرۆشیاری چیتی به بەقەم ڕەنگکراو بەدوایانا نەگەڕێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
ئەم شیعرە بەش بەحاڵی شیعری پێشوو وەک حوسنی تەعلیل وایە. له دەسنووسەکەدا له جیاتیی (چیتی بەقەم) نووسرابوو (چیت به قەسەم). ئێمه خۆمان وامان ڕاست کردەوە.
7
کەی دەکا شەرح و بەیاناتی ڕومووزی دەردی دڵ
ڕووڕەشێ هەروەک دەوات و، دوو زبانێ وەک قەڵەم!
لاپەڕەی 311
ڕوومووز: جەمعی (ڕەمز) ە واتە ئیشارەت، مەبەست شتی به ئاسانیی لێ حاڵیی نەبووە .
دەوات: شووشەی مەرەکەب .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕووڕەشی وەک شووشەی مەرەکەب و دوو زمانی وەک قەڵەم، کەی ئەتوانن نهێنییەکانی دەردی دڵ لێکدەنەوە !
دەوات بۆیە به (ڕووڕەش) وەصف کراوە. چونکه جاران مەرەکەبی نووسین زیاتر ڕەش بووە، قەڵەمیش بۆیە به (دوو زوبان) وەصف کراوە. چونکه قەڵەم له لایەکەوە چاک و خراپی پێ ئەنووسرێ، له لایەکی کەشەوە دوو لای هەیە و درزێک لەنێوان لاکانیایه. کەواتە قەڵەم هەم به مەعنا و هەم به دیمەنیش دوو زمانه.
موفتیی زەهاوییش ئەم بیرەی له شیعرێکی فارسیدا داڕشتووە. جا نازانین ئەو نالییی کامیان لەویانی وەرگرتووە، شیعرەکه‌ی موفتیی ئەمەیه:
نامە ننویسم مباد از ڕاز دل آگە شود
دو زبانی همچو خامه، ڕوسیاهی چو قلم
واتە: نامه نانووسم نەوەک دوو زمانێکی وەک خامه‌ و ڕووڕەشێکی وەک قەڵەم به ڕازی دڵم بزانن.
8
«نالییا» بێ هیممەتیی تا کەی به دەست میحنەتتەوە
فاتیحیی و ڕۆستەماسا، صاعیبی تێغ و عەلەم
لاپەڕەی 311
فاتیح: وڵاتان داگیرکەر،
ڕۆستەماسا: ڕۆستەم ئاسا، وەک ڕۆستەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی ! تا که‌ی وا به دەست دەرد و بەڵاوە، بێ هیممەتانه، گیر ئەخۆی؟ ڕاپەڕە.. تۆ که ئازایەکی وڵات داگیرکەری، وەک ڕۆستەم و، خاوەنی شمشێر و ئاڵاییت.. لەسەرچیی پەکت کەتووە، هەستە !
له دەسنووسەکه‌ێ (عز) دا وشەی (میحنەتتەوە) به (میحنەتەوە) نووسرابو. دیارە لەسەر شێوەی نووسینی کۆن هەردوو (تێ) که له یەک گیر کرابوون، ئێمه کردماننەوە، وشەی (فاتیحی یو) یش به (فاتیحی) نووسرابوو، لەنگ بو، ئێمه خۆمان بەم جۆرە ڕاستمان کردەوە، چونکه شتی وا له شیعری کۆندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمه لامان وایه ڕاستەکه‌ی وانییه، لەوانەیە (فاتیحێکی) یا (فاتیحی تۆ) یا شتێکی وا بووبێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 311:
«نالیا» بێ هیممەتی تاکەی بەدەست میحنەتتەوە
فاتیحییو ڕۆستەماسا، صاحیبی تێغ و عەلەم

شەرحەکە لەم بەیتەش هیچی بۆ نەکراوە ببێتە هۆی سەلماندنی ئەو تیغ و عەلەمە بۆ نالی! بە چیدا فاتیحە وەک سولطانی عوثمانی «محمد الفاتح» و هاوشانی ڕۆستەمە؟ من هەر ئەوەندەم بۆ دێ کە بڵێم مەبەس لە تیغ زمانیەتی وەک کە خۆی لە بەیتی لاپەڕە 654 دا دەڵێ:
ڕاستی جەوهەرییە تیغی زوبانی نالی
نەرم و توند، ئاوی گەلووگیرە قسەی پێ دەبڕێ

ڕەنگە بۆ «عەلەم» کارەکە وەزەحمەت بکەوێ مەگەر لە قەڵەم و شۆرەتی شاعیریەتیی خۆی ڕادیتبێ کە وەک عەلەم بە ئاسمانی شۆرەتی ناویەوە بشەکێتەوە.