لاپەڕەی 305
چەمەن: باخ و گوڵزار .
جەوابی نادەم: ڕێی لێ ناگرم . دڵی ناشکێنم . یاخود وەڵامی نادەمەوە، چیی ئەکا با بۆ خۆی بیکا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ماوەیەکی زۆرە دڵ گیرۆدەی بەندی قەفەزە. ئیستا ئەیەوێ بایەکی باڵی خۆی بدا و گەشتێکی ناو باخ و گوڵزار بکا. بۆیە کە باسی خۆشیی دەر و دەشتم بۆ ئەکا و بەمەعنا داوام لێ ئەکا ڕێگای بدەم تۆزێک بۆخۆی حەزی لە چییە بیکا.
ڕەنگ بێ نالییی ئەم غەزەلەی له یەکێ له تاوەکانی بێتاقەتیی و وەڕەزبوونی فەقێیەتیدا وتبێ. شیعری پاشەوەش ئەم بۆچونه ئەگەیەنێ
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (دڵ) و (دەڵێ) دا جیناسی ناقیص و لە ڕستەی (جەوابی نادەم) دا لەطافەت هەیە. لە (قەفەس) یشدا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە چونکه بێبەشیی و دنیا به ئارەزوو نەبوون شوبهێنراوە به قەفەس، نیشانەش ئەوەتە که دڵ لە ناڕەحەتیدا ئەبێ بەڵام لە قەفەزدا نابێ.
دەستنووس
موددەتێکه (عب) و (خب): موددەیێکه.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی لاپەڕە 305:
دڵ دەڵێ سەیری چەمەن خۆشە، جەوابی نادەم
موددەتێکە لە قەفەسدایە، عەذابی نادەم
شەرحەکە «جەوابی نادەم» بە ئەئویل دەبات بۆ واتای «بێ دڵیی ناکەم، وەڵامی نادەمەوە». لە نێوان عەشایر ئەم زاراوەیەی «جەوابی دا» بە مەعناع «ڕەتی کردەوە» بەکار دێت. ئەگەر ئەم واتایە نەبێ «عەذابی نادەم» جێی نابێتەوە.
نیوەبەیتی دووهەم هەر وەک شکڵنووس کراوە ڕاستە، بەڵام خوێندنەوەیەکی دیکەشی هەیە کە ئەمە وێنەیەتی: موددەتێکە لە قەفەس دایە عەذابی نادەم، واتە بەینێکە لە قەفەس داویەتە عەذابی بێ وەخت و سەعات، هەمیشەیی، هەقی خۆیەتی داوای ڕەت نەکەمەوە.
لە نیوەبەیتی سەرەتای لاپەڕە 306 یەک تێبینی و بیرخستنەوەم هەیە کە وشەی «گوڵ و مول» هاتووە «مول» بە «جۆرە مەی»ـەک لێک دراوەتەوە. تومەز چەندی ئەو «مول»ـە بە «مل» خوێندرابێتەوە هەر بە گەردەن وەرگیراوە بێ ئەوەی لە شەرحدا بۆ ئەو واتایەی «شەراب» ئیشارەت کرابێ.