سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

وەی کە ڕووزەردی مەدینە و ڕووسیاهی مەککە خۆم!

1
وەی کە ڕووزەردی مەدینە و ڕووسیاهی مەککە خۆم!
دەرکراو و دەربەدەر، یا ڕەب دەخیلی عەفوی تۆم
لاپەڕەی 299
A واتە: هاوار بۆ من کە ڕووزەردی مەدینەی شاری مەرقەدی پیرۆزی پێغەمبەر (د . خ) و ڕووڕەشی مەککەی دابەزگەی سرووشم و پێم ناکرێ تیایاندا بمێنمەوە و بەجێیان ئەهێڵم .. خوایە ! من کە لەم دوو شارە پیرۆزەدا نامێنمەوە، وەک دەرکراو و دەربەدەر وام و ئەبێ تۆ لێم ببووریی و چاوەڕوانی لێبووردنتم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم پارچە شیعرە بۆ لێکۆڵینەوەی باری دەروون و جۆری بیرکردنەوەی نالییی پایەیەکی تایبەتیی هەیە. دیارە پاش دەرچوونی لە کوردستان، لە مەککە لەکاتی ماڵاوایی چووندا بۆ ئەستەمووڵ وتوویەتی. هەندێ نیشانەی ئەوەی تێدایە کە نالییی لە مەیدانی بیری ئایینیدا پیاوێکی (دیمەن پەرست) نەبوە. نالییی لەم پارچە شیعرەیدا بەئاشکرا ئەوە دەرئەخا کە دووریی و نزیکیی لە ماڵی خوا لە خۆیدا هیچ نییە و کار لەسەر (نیاز) بەندە و گوناە بە (ئاوی زەمزەم) داناشۆررێ.. بێزاریی خۆی لەوە دەرئەبڕێ کە بنیادەم بە خێر و حەسەناتی ئەم و ئەو و بژیی و کاتی بە بێ کار و کاسبیی بەرێتەسەر و ئەوە بە شایەنی خۆی نازانێ. وای پێ چاترە تەنانەت لە خاکی ڕۆمدا گوڵۆچنیی بکا، تا ئەوە کە بە بەروبوومی وەقفی پیاوچاکان بژیی لە مەککە.. لای شوورەییە پیشەی بنیادەم هەر خواردن و نووستن بێ و بەرهەمێکی بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵ لێ نەوەشێتەوە. هەروەها بە بەراوردی ئەم پارچە شیعرەدا لەگەڵ ئەوی کەی کە پێشتر بڵاومان کردەوە و لە مەدینە وتبووی و سەرەتاکەی ئەوەبوو: « ئەی تازە جەوان... تاد »، بۆمان دەرئەکەوێ کە نالییی دوو سەفەری حیجازی هەیە و ئەمەیانی لە سەرەتای بەجێهێشتنی کوردستان و گوڕی بیرکردنەوە و سۆزدا وتووە و ئەویانی لە سەفەرێکی تری سەردەمی پیریدا داناوە.. چونکە ئەو هەڵوێستە ئازایانەی ناڕەزایی لە ژیانی تەوەزەلیی و بێکاریی کە لەمیانیدا دەربڕیوە، بە هیچ جۆرێ لەگەڵ ئەو نیشانانەی پیریی یەکناکەوێ کە لەوی کەیاندا بۆمان دەرئەکەوێ..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (خۆم) و (تۆم) دا جیناسی لاحیق هەیە.
2
دەفتەری ئەعمالی من، بێ ‌قەطرەیێکی ڕەحمەت،
کەی بە صەد زەمزەم سیاهیی نوقطەیێکی لێ دەشۆم؟!
لاپەڕەی 300
دەفتەری ئەعمال: کردارنامە . لە ئایەتدا هەیە کە خوا لە ڕۆژی داوەریدا ئەفەرموێت هەر کەسێک کردارنامەی خۆی بدرێتێ کە ڕیزی ئەو چاکە و خراپانەی تیا نووسراوە کە لە دنیادا کردوونی . وشەی (دەفتەری ئەعمال) لەوە وەرگیراوە .
زەمزەم: بیرێکە لە مەککە، خەڵکیی بۆ پیرۆزیی ئاوی لێ ئەخۆنەوە و حاجیی لێیشی دێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
ئەم شیعرە و شیعرەکانی پاشەوەی، بەڵگەی پێویست نەبوونی مانەوەن لە مەککە، نالییی ئەیانهێنێتەوە. واتە: خوایە، بۆچی بمێنمەوە ! دەفتەری کردارم پڕە لە گوناە و بە صەد ئاوی زەمزەم نوختەیەکی ناکوژێنرێتەوە و هەموو شتێ لەسەر ڕەحمەتی تۆ بەندە. ڕەحمەتی تۆیش چ لێرە و چ لە هەر شوێنێکی‌کە چون یەکە.
چەند تەعبیرێکی جوان و زیادەڕەوییەکی وردە، لەلایەکەوە ئاوی صەد بیری زەمزەم تاقە نوختەیەکی کردارنامەی نالییی ناشواتەوە، کەچیی لەولاوە تاقە دڵۆپێکی بەزەیی خوا بۆ لابردنی هەمووی بەسە..
3
کەعبە ئیشراقی وەکوو خورشیدە، من چاوم ضەعیف
لێم بووە ڕۆشن کە بوعدی قوربە، قوربی بوعدە بۆم!
لاپەڕەی 301
ئیشراق: تیشکدانەوە .
خورشید: خۆر .
بوعد: دووریی .
قورب: نزیکیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کەعبە تیشکی وەکو خۆر وایە، منیش کابرایەکم چاوی دڵم کز و کوێرە. کەسێکیش چاوی کز و کوێر بێ، تا لە خۆرەوە دوورتر بێ و نەچێتە بەری و لە سێبەردا بمێنێتەوە، باشتر کەڵک لە تیشکی وەرئەگرێ و بەپێچەوانەشەوە. من خۆم بەم چاوە کز و کوێرانەمەوە ئەم ڕاستییەم بۆ ڕۆشن بووەتەوە و بۆم دەرکەوتووە کەوا تا لە خۆری کەعبەوە دوورتر بم، لەڕاستیدا لێیەوە نزیکترم و تا زۆرتر بچمە بەری، کەمتر کەڵکی لێ وەرئەگرم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (قورب) و (بوعد) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
کەعبە ئیشراقی: (چر) و (ک) و (اح) و (خا): کەعبەیی ئەشراف. (« پەراوێزی » چر) و (« پەراوێزی » خا): کەعبەیی ئەشرەف. (کم) و (من): کەعبەیی ئەشواق. (تۆ) و (عب) و (خب): کەعبە ئەشواقی. وادیارە ئەمیش هەر (ئیشراقی) بووە و بە هەڵەی نووسیار گۆڕاوە. تێکڕای ئەم شیعرە لە (چن) دا نییە.
4
بۆ جیواری حەق لە هەر جێ صیدقی نیییەت کافییە
من لە (بیت اللە) ئینشەڵڵا (بأذن اللە) دەڕۆم
لاپەڕەی 301
جیوار: دراوسێیەتی .
حەق: خوا .
صیدقی نییەت: ڕاستیی نیاز .
بیت اللە: ماڵی خوا، کەعبە، مەککە .
ئینشەڵڵا: ان شاءاللە، خوا بیکا .
باذن اللە: خوا ڕازیی لێ بێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بۆ ئەوەی بنیادەم لەپاڵ خوادا بێ و دراوسێی بێ، مەرج نییە دانیشتووی مەککە بێ، لە هەرکوێ بێ، هەر ئەوەندە نیازی پاک و ڕاست بێ، دراوسێی خوایە. بۆیە، منیش خوا یار بێ ماڵی خوا بەجێ ئە‌هێڵم و ئەڕۆم..
دەستنووس
لە هەر جێ (چر) و (ت) و (ک) و (مز) و (اح): لە هەرچیی.
5
لێم حەرامە دانەوو ئاوی حەماماتی حەرەم
من کە بازی دیدە بازم نەک شەوارەی دەستەمۆم
لاپەڕەی 301
دانە: ئەو دانەی بۆ پەلەوەر دائەکرێ .
حەمامات: کۆترەکان .
حەرەم: حەرەمی کەعبە . یاخود مەککە و دەوروبەری .
دیدە باز: چاو کراوە .
شەوارە: ئەو باڵندەیەیە کە بە شەوی تاریک ڕۆشنایی ئەبینێ و ڕێ ون ئەکا و بە ئاسانیی ئەگیرێ .
دەستەمۆ: ئەو پەلەوەری سڵ نەکاتەوە لە خەڵک و بەئاسانیی بگیرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من کە بازی چاوکراوەم و ئەتوانم زۆر بەرز بفڕم و بە هێزی خۆم نانی خۆم پەیدا بکەم و پەلەوەرێکی بە شەوارە کەوتووی دەستەمۆ نیم هەرکەس ئارەزووی لێ بێ بمگرێ و بمبا بۆ خۆی و بمکا بە هیی خۆی، حەرامە لەم دەور و بەری حەرەمی کەعبەدا لێی بکەوم و وەک کۆترە دەسەمۆ بووەکانی خێرۆمەند دانم بۆ داکەن و ئاوم بدەنێ !
نالییی لەم شیعرەیدا ئەو کەسانەی کە بێ ئیش و کار لە دەوروبەری حەرەمی کەعبەدا دانیشتوون و بە خێری خێرومەندان ئەژین و هێز نادەنە بەر خۆیان کاسبییەک بکەن و بە ڕەنجی شان و ئارەقی ناوچاوان نان پەیدا بکەن - شوبهاندووە بە کۆترە بێدەسەڵاتە دەستەمۆکانی حەرەم. جا ئاخۆ نالیییەک کە هەڵوێستی بەرابەر بەوانە ئاوا بووبێ و وا ئازایانە ڕەخنەی لێ گرتبن، ئەبێ هەڵوێستی بەرابەر بە سۆفیی و دەروێشەکانی خانەقا و تەکیەکانی کوردستان چۆن بووبێ؟ ! دیارە گەلێ لەوە تیژتر بووە کە جاروبار لە هەندێ شیعریدا دەرئەکەوێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە یەکخستنی (حەرام) و (حەمام) و (بازی) و (بازم) ـدا جیناسی لاحیق و لە کۆکردنەوەی (حەرامە) و (حەرەم) ـدا جیناسی ناقیص و لەنێوان (دانە) و (ئاو) و (حەمامات) ـدا تەناسوب و لە بەراورد کردنی (دیدەباز) و (شەوارە) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
شەوارەی (چر) و (ک) و (مز) و (اح) و (خا): ڕیشۆڵەی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سێهەمی لاپەڕە 301 وشەی «شەوارە» هاتووە، لەشەرحدا هاتووە: باڵندەیەکە بە شەوی تاریک ڕۆشنایی ئەبینێ و ڕێ ون دەکا و بە ئاسانی ئەگیرێ. وەک بزانم شەوارە ئەو ڕاوەیە کە بەشەو بۆ گرتنی مەلی ئاویی وەک قاز و مراوی بە چرا دەکرێ و مەلەکە هەر ڕووناکییەکە دەبینێ و سڵ ناکاتەوە و دەگیرێ... دیارە بە ئەصل شەوارە بە مەلەکە گوتراوە دوواتر بۆ ڕاوەکە بەکارهاتووە. دەبێ لە شەوی بێ مانگدا بکرێت.
6
تا بەکەی وەک ڕاوییە و سانییەی سێ پەل شکاو
بێ طەواف و سەعی و عەمرە هەر بخەوم و هەر بخۆم!
لاپەڕەی 302
ڕاوییە: حوشتر یا هەر وڵاخێکی تر کە ئاوی پێ بگوێزنەوە . وشەکە بە عەرەبیی واتە (ئاودەر). جاران لە سەردەمی حەجدا بە وڵاخ ئاویان بەسەر ڕەشماڵی حاجییەکاندا بەشیوەتەوە .
سانییە: ئەو حوشترەی ئاوی لە بیر پێ هەڵ ئەگۆزن .
طەواف: یەکێکە لە کارەکانی حەج، گەڕانەوە بە دەوری ماڵی کەعبەدا .
سەعی: کارێکی تری حەجە، ڕاکردنە لەنێوان (صەفا) و (مەروە) دا کە دوو شوێنن .
عەمرە: واجیبێکی تری وەکو حەجە، جیاوازیی لە حەج لەوەدایە مەرج نییە هەر لە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی قوربانا بکرێ و وەستانی (عەرەفە) شی تیا پێویست نییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا کەی من وەک وشترێکی سێ پەل شکاوی ئاو هەڵگۆستن و ئاوگێڕان بم، نەک هەر تەنها هیچم پێ نەکرێ، بەڵکو ئەگەر هیچیشم پێ بکرێ هیچێکی ئەوتۆ نەبێ.. تا کەی من بێ ئەوەی لەبەر پەلشکاویی بتوانم بە دەوری ماڵی خوادا بگەڕێم و لەنێوان صەفا و مەروەدا ڕابکەم و واجبی عەمرە بەجێبێنم، کار و پیشەم هەر نووستن و خواردن بێ. یاخود تا کەی من وەک حوشتری سێ پەلشکاوی ئاو هەڵگۆستن و ئاو گواستنەوە، لەجێدا کەوتبم و بخۆم و بخەوم و کارێکی سوودمەندم لێ نەوەشێتەوە، با تەنانەت ئاودانیش بێ بە خەڵک؟ !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بخەوم) و (بخۆم) ـدا جیناسی موحەڕڕەف هەیە.
دەستنووس
وەک ڕاوییە و وەک سانییە (چن) و (ت) و (خا) و (خب): وەک ڕاوییە، وەک سانییەی. (عب) و (اح): وەک ڕاوییە، وەک سانییە. طەواف و سەعی و عەمرە: ئەمە بەپێی تێکستی نوسخەی (چر) و (خا) یە. نوسخەکانی تر هەندێ وردە جیاوازییان تیایە، بەڵام هەمووی هەڵەیە. هەر بخەوم و هەر بخۆم (ک) و (تۆ) و (عب) و (خا): هەر بنووم و هەر بخۆم (ت) و (مز) و (اح) و (خب): هەر بخۆم و هەر بنووم. ئەوانی دیکە هەموو هەڵەن.
7
من لەوانەم چیی کەوا ئەهلی وەسیلە و مەسئلەن
عامیل و ناچار و مەعذوور ئەر بڵێن هەر بێنە بۆم!
لاپەڕەی 303
وەسیلە: هۆی خۆ نزیککردنەوە لە خەڵک .
مەسئلە: داوا، سواڵ .
مەعذوور: بیانوودار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من حەقم چییە بەسەر ئەو کەسانەوە کە فێری خۆ هەڵواسین بوون بە خەڵکا و بە سواڵ و صەدەقە ئەژین.. من چیمە بەسەر ئەو کەسانەوە کە ناچارن و بیانوویان هەیە هەر داوای زیاتر ئەکەن چونکە خۆیان کاسبییان پێ ناکرێ.. من لەوانە هیچیان نیم و ئەتوانم بە ڕەنجی شانی خۆم بژیم. لەبەر ئەوە لە مەککەدا نامێنمەوە و پشت بە ژیانی چاو لەدەستی نابەستم و ئەڕۆمە شوێنێکی کە بۆ خۆم ئیشێک ئەکەم و پێی ئەژیم.
وشەی (عامیل) لەم شیعرەدا زۆر بێجێیە. ڕێی تێ ئەچێ یا (خامیل) بووبێ یا (عاطیل) و بە هەڵەی نووسیار گۆڕابێ. لە نوسخەی (خب) یشدا نووسراوە (عالم). ئەمە بۆرەڕێیەکی تێ ئەچێ، لەوڕووەوە کە (مەلا) زیاتر هەر چاو لە دەستی خەڵک بوون و بە خەڵات و بەراتی گەورە گەوران و یارمەتیی خەڵک ژیاون.
دەستنووس
وەسیلە و: لە هەموو نوسخەکانی بەردەستمانا، جگە لە (چن)، نووسرابو (وەسیلەی). ئێمە ئەوی (چن) مان لا پەسەند بو. مەعذوور (چر) و (چن) و (ک) و (مز) و (اح): مەغروور. (تۆ) و (من) و (خا): مەغدوور.
8
خەوفی من لێرە لەبەر زۆریی گوناهە یەک بە صەد
گەرچی عاصیی و موذنیبم ئەمما موقیڕڕ و بێ درۆم
لاپەڕەی 304
موذنیب: گوناهبار .
موقیڕ: پێلێنەر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من درۆ ناکەم و پێی لێ ئەنێم کەوا کابرایەکی گوناهبارم. گوناهیش لە مەککە یەک بە صەد ئەژمێررێ لای خوا. بۆیە من لە زۆریی گوناهی خۆم ئەترسم و ناتوانم لێرە بمێنمەوە و ئەڕۆم.
9
شادمانیی بێ وەفایە، یاری تێریی و مەستییە
یاری تەنگانەم غەمە با هەر غەمی خۆم خۆم بخۆم
لاپەڕەی 304
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شادمانیی وەفای بۆ کەس نییە، تەنها لە سەردەمی تێریی و مەستیدا لەگەڵ ئینساندایە. کە بنیادەم کەوتە تەنگانەوە هەر خەم و خەفەت یار و یاوەر و دۆستی ئەبێ. منیش ئیستا لەم تەنگانەیەمدا هەر خەم برادەر و هاوڕێمە، کەواتە با خۆم خەمێکی خۆم بخۆم و چارەیەکی دەردی خۆم بکەم.
دەستنووس
مەستییە (« پەراوێزی » چن): هەستییە. تەنگانەم (خب): تەنگانەم.
10
لامەدە «نالیی» لە ئەنباری جیرایەی صاڵحان
گەرچی ببیە خۆشەچینی دانەیی خەرمانی ڕۆم
لاپەڕەی 304
ئەنبار: عەمار .
جیرایەی صاڵحان: ئەو بەراتەی بۆ پیاوچاکان تەرخان ئەکرێ کە پێی بژین و خەریکی خواپەرستیی خۆیان بن .
خۆشەچین: گوڵۆچنییکەر . ئەوەی خێر و بەرەکەتێکی زۆری دەسگیر ببێ . ئەم دوو مەعنا دژی یەکن و وادیارە نالییی خۆیشی هەردوو مەعناکەی مەبەست بووبێ وەک پاش کەمێک ڕوونی ئەکەینەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم بەیتەیدا، بە عادەتی شاعیرە کلاسیکەکان کە لە دوا بەیتدا پەشیمانییەک پیشان ئەدەن و ئەکشێنەوە، ئەڵێ: نالییی ! ئەو قسانەی کە لەبارەی بەجێ‌هێشتنی مەککەوە کردتن، هەموو خەیاڵ بوون و هەر ئەوەت بۆ باشە لێرە بمێنیتەوە نەچیی بۆ هیچ کوێ. دەسبەرداری عەماری بەرات و مووچەی خواناسان مەبە و هەر لە مەککە بژیی، بیری چوون بۆ ئەستەمووڵ لە مێشکت دەرکە، مەچۆ، هەرچەند ئەگەر بچیی، بیشبی بە هەڵگر و چنەوەی دانەوێڵەی خەرمانی وڵاتی ڕۆم و بکەویتە خێر و خۆشییەوە.
ڕستەی (لامەدە) لە چەند نوسخەیەکدا بە (لابدە) نووسراوە. بەم پێیە ئەم شیعرەش هەر بە ڕێگای شیعرەکانی پێشوودا ئەڕوا.
واتە: دەس‌بەرداری مووچە وەرگرتن ببە لە عەماری بەراتی خواناسان و مەککە بەجێ بێڵە و بڕۆ بۆ وڵاتی ڕۆم، هەرچەند لەوێ لەبەر هەژاریی و نەداریی موحتاجی گۆڵۆچنیی کردنیش ببیی.
دەستنووس
لامەدە (تۆ) و (عب) و (خب): لابدە. جیرایەی (چر) و (ک) و (اح) و (خا): جیرابەی. لەسەر ئەم نوسخانە ئەبێ (جیرابی) بێ چونکە (جیراب) بەمەعنا هەمانەیە نەک (جیرابە). (کم) و (عم) و (من): خەزێنەی. (مز): جەنابی. (خب): خەرابەی. واتە: وێرانەی.
تێکڕای ئەم پارچە شیعرە بەبایەخەی نالییی لە نوسخەی (گم) دا نییە. ئەگەر بیشڵێین مامۆستا گیو هیچ نوسخەی دەسنووسی لا نەبوە، خۆ هیچ نەبێ ئەیتوانی لەبەر نوسخەکانی (عم) و (کم) بینووسێتەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سێهەمی لاپەڕە 304:
لامەدە نالی لە ئەنباری جیرایەی صاڵحان
گەرچی ببیە خۆشە چینی دانەیی خەرمانی ڕۆم

شەرحەکە وەها دادەنێ ئەم بەیتە پەشیمانبوونەوە ڕادەگەیەنێ لەوەی پێشتر گوتوویەتی دژی کەسانێک چاویان بڕیوەتە خۆراکی مفتی حەرەمی کەعبە... وا دەزانم هەرچەند بێنێکی ئەم لایەنە لە بەیتەکە دێتە بەرهەست دیسانەوە «جیرایەی صالحان» جودایە لەو بژێوەی «ئەهلی وەسیلە و مەسئەلە» بە ئیلحاحەوە داوای دەکەن و هەر «بێنە بۆم» دەڵێنەوە.