سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

گەر دەپرسی من لەبەر چیی کەم دەخۆم

1
گەر دەپرسی من لەبەر چیی کەم دەخۆم
من بە برسی قەط مەزانە، غەم دەخۆم
لاپەڕەی 295
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر لێم ئەپرسیی بۆچی خواردنێکی وام نییە و کەم ئەخۆم، لە وەڵامدا پێت ئەڵێم کەوا من برسیی نیم، وا تێ نەگەی. خواردنی من خەم و پەژارەیە و ئەوەندە زۆری ئەخۆم پێی تێر ئەبم و پێویستم بە خواردنی تر نییە.
دەستنووس
دەپرسیی (کم): ئەپرسیی. (خا): بپرسیی. دەخۆم (« پەراوێزی » چر) و (کم): ئەخۆم.
لە ئامادەکردنی ئەم لێکۆڵینەوەی دیوانی نالیییەدا بۆ چاپ، گەیشتبووینە ئەم پارچە شیعرە، ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد مامۆستا شێخ موحەممەدی خاڵ دوو دەسنووسی دیوانی نالییی داینەلا. نوسخەیەکیان دوو سێ کەسی خەتخۆش لە نووسینەوەیدا بەشدارییان کردبو، بەڵام کەسیان ناوی خۆی نەنووسیبوو. یەکێ لەمانە لە داوێنی بەشێکی دیوانەکەوە نووسیویە کەوا لە سولەیمانیی نووسیویەتەوە و بۆ (مەلا عبدالحمید) ناوێکی نووسیوەتەوە. ئەمەیان بایەخێکی زۆری بە نووسینەکەی داوە و سەر و ژێرێکی زۆری بۆ وشەکان کردووە و لە چەند شوێنێکیشدا چەند وشەیەکی مەعنا لێداوەتەوە. یەکێکی‌کەشیان نووسیویە کەوا لە ١٣٢١ی. ک (١٩٠٣ - ١٩٠٤ی. ز) دا نووسیویەتەوە. نوسخەکەی تریشیان کە دیارە نوسخەیەکی تازەتر، وەک ئەوی پێشوو بە خەتێکی خۆش نووسراوەتەوە، بەڵام لەبارەی وردیی و بایەخی زانستییەوە نوسخەیەکی عادەتییە. نووسیاری ئەمیش نە ناوی خۆی و نە ساڵی نووسینەوەی نەنووسیوە. بە وەرگرتنی ئەم دوو نوسخەیە ئەمانیشمان بۆ کەڵک لێ وەرگرتن خستە بەردەست و بۆ یەکەمیان ئیشارەتی (خا) و بۆ دووەمیان ئیشارەتی (خب) مان دانا.
بەرابەر بە بەردەستخستنی ئەم دوو نوسخەیە سوپاسێکی زۆری شێخی خاڵ ئەکەین.
2
ئاوی سوێری چاو و باری تاڵی لێو
سوێر و تاڵیی دەمدەم و ژەمژەم دەخۆم
لاپەڕەی 296
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: خواردنی من بریتییە لە ئاوی سوێری چاو کە فرمێسکە کە بە چاوما دێتە خوار و بە لێو ئەیلێسمەوە و لە باری تاڵی لێوم کە بە ددان لێی ئەکەمەوە و ئەیخۆم. من تاو بە تاو و ژەم بە ژەم، سوێریی و تاڵیی ئەخۆم..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ئاو) و (چاو) و (دەم دەم) و (ژەم ژەم) دا جیناسی لاحیق و لەنێوان (چاو) و (لێو) و، (سوور) و (تاڵ) ـدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
تاڵی لێو (ک) و (عب): تاڵە لێو. بەپێی ئەم نوسخانە ئەبوو (سوێری) یش (سوێرە) بووایە. (« پەراوێزی » چر) و (اح): لێوی تاڵ. (خا): لێوی ئاڵ. نیوە شیعری دووهەم لە (« پەراوێزی » چر) و (خا) دا بەم جۆرەیە:
سوێری‌یو تاڵیی ئەمن ژەم ژەم دەخۆم
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست بەیتی یەکەمی لاپەڕە 296:
ئاوی سوێری چاوی و باری تاڵی لێو
سوێر و تاڵی دەم دەم و ژەمژەم دەخۆم

شەرحەکە وەهای لێک داوەتەوە کە نالی ئاوی فرمێسک دەلێسێتەوە و باری سەر لێوانی بە ددان لێ دەکاتەوە و دەیخوا... لزووم بەم وێنەی ناجۆر و دڵ شێوێن نەبوو: دەبوو دەلالەتی تاڵایی دەمدەم و ژەمژەم لەو فرمێسک و باری سەر لێوە وەربگرێت...
3
تا سەری زوڵفت لەسەر ڕوو حەڵقە دا
من وەکوو ماری سەر ئاگر خەم دەخۆم
لاپەڕەی 296
دا: بدا .
خەم: پێچ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچەند سەری زوڵفت کە وەک مار وایە، بەسەر ڕووتەوە کە وەک ئاگر گەشە، لوول بخوا و ببێ بە ئەڵقە، منیش لەئاستی خۆمەوە وەکوو مارێک کە بەسەر ئاگرەوە ڕاگیرابێ قرچ ئەبم و بە دەوری خۆمدا پێچ ئەخۆم و دێمە یەک.
ئەم بەراوردەی کە نالییی لەم شیعرەیدا کردوویە: سەری زوڵفی یاری بەسەر ڕوومەتیەوە داناوە بە مار کە بخرێتە سەر ئاگر و پێچ خواردنی خۆیشی لەتاو ئاگری خۆشەویستیی لە بەرابەری ئەوەدا داناوە، وردەکارییەکی یەجگار جوان و باڵا و وێنەیەکی کەم هاوتایە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (حەڵقە) و (خەم) دا تەرادوف هەیە.
دەستنووس
زوڵفت (عم) و (گم) و (مز) و (عب) و (اح): زوڵفی. دەخۆم (کم) و (من): ئەخۆم.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 296:
تا سەری زوڵفت لەسەر ڕوو حەڵقەدا
من وەکوو ماری سەر ئاگر خەم دەخۆم

تەصویرێکی هێندە هونەرکار و شیرین و ڕەنگینە، مرۆ لەوانەیە دڵی نەیەت دەستی بۆ بەرێت... بەیتی یەکەمی لە لاپەڕە 298:
تاڵی بێ یار و دیار و تار و مار
عەلقەمی چی؟ ئەرقەمی چی؟ سەم دەخۆم!

لە شەرحەکەدا کە دەڵێ: «من تاڵیی غەریبی و بێ کەسی و دەربەدەری دەخۆم»... دەبوو بەیتەکە «دیاری تار و مار» بڵێ نەک «دیار و...» بە زاهیر وا پێ دەچێ ئەم بەیتەی، یان قەصیدەکەی، لە غەریبی و پاش تێکچوونی ئیمارەتی بابان گوتبێ.
ئەو تێکستەی لە جیاتی «غەمی عالەم» هاتووە «هەمی عالەم»ی پەسەند کردووە باشی بۆ چووە چونکە جارێکیان «هەم» بە واتای «خەفەت» دێت، «هەمی عالەم» دەبێتە «خەفەتی عالەم» جارێکیان دەبێتە «هەم هی» عالەم دەخۆم.
4
ئاوی کەوثەر نۆشی صۆفیی بێ کە من
ئاوی ئینسان، یەعنی ماچی دەم دەخۆم
لاپەڕەی 297
ئاوی کەوثەر: ئاوی حەوزی کەوثەر لە بەهەشتدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم بەیتە لە نوسخەی دەسنووسەکاندا، تەنها لە نوسخەی (من) دا هەیە. ئێمە وای بۆ ئەچین هیی نالییی نەبێ، یەکەم لەبەر ئەوە کە پێچەوانەی هەموو بەیتەکانی ترە کە تێکڕا باسی دەرد و پەژارەن. دووهەمیش لەبەرئەوە کە تەعبیری (ئاوی ئینسان) هەرچەند پاشانیش بە (ماچی دەم) مەعنای لێداروەتەوە، تەعبیرێکی تاڕادەیەک نا شایانە.
دەستنووس
دەخۆم (کم) و (من): ئەخۆم.
5
شەربەتی خەوف و ڕەجای ئەغیار و یار
ترش و شیرین هەم دەچێژم، هەم دەخۆم
لاپەڕەی 297
خەوف: ترس .
ڕەجا: ئومێد . خەوف و ڕەجا دوو حاڵەتی تایبەتین لە موسوڵمانی ڕاستەقینەدا کۆئەبنەوە، لەلایەکەوە هەرگیز ترسی خودای لە دڵ دەرناچێ و لە لایەکی کەشەوە هەمیشە هیوای ڕەحمی خوای لە دڵدایە و نائومێد نابێ .
ئەغیار: بێگانە و ناحەز .
هەم: دیسان . خەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من ئەو شەربەتە ترش و ناخۆشە ئەچێژم و ئەو شەربەتە شیرین و خۆشە ئەخۆمەوە کە بریتیین لە ترسی بێگانە و ناحەز و هیوای نەوازش و بەزەیی یار و ساتێ حەسانەوەم نییە و لەنێوان ئەم دوانەدام.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (شەربەت) و (ترش) و (شیرین) و (دەخۆم) و (دەچێژم) ـدا تەناسوب و لە هێنانی (ئەغیار) و (یار) و (ترش) و (شیرین) ـدا بەدوای (خەوف) و (ڕەجا) دا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە. سەرەڕای طیباقی نێوان (خەوف) و (ڕەجا) و (ترش) و (شیرین) و (ئەغیار) و (یار).
لە (هەم دەچێژم) و (هەم دەخۆم) ـیشدا لەطافەت هەیە. چونکە (هەم) بە مەعنا (دیسان) یش و بە مەعنا (خەفەت) ـیش هاتووە.
دەستنووس
دەچێژم (کم) و (من): ئەچێژم. دەخۆم (کم): ئەخۆم.
6
من لە طەوری عالەم و دەوری فەلەک
ضەربی لازیب، زەخمی بێ مەرهەم دەخۆم
لاپەڕەی 297
طەور: کردار و ڕەوشت . گۆڕان .
دەور: سووڕان .
فەلەک: گەردوون .
ضەربی لازیب: لێدانی وا کە بە بنیادەمەوە بنووسێ و لێی نەبێتەوە .
مەرهەم: مەڵهەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من بەدەست ڕەوشت و کرداری خەڵکیی و گۆڕانی دنیا و سووڕانی چەرخی گەردوونەوە، گیرم خواردووە. کوتەکی وام پیا ئەماڵرێ هەرگیز لێم نەبێتەوە و زامی وام لێ ئەکرێ هەرگیز تیماری نەبێ.
دەستنووس
عالەم و (چن) عالی. ئەگونجێ عالیی بێ یا عالی‌یو. دەوری (چر) و (خا): جەوری. دەخۆم. (کم): ئەخۆم.
7
تاڵی بێ یار و دیار و تار و مار
عەلقەمی چیی؟ ئەرقەمی چیی؟ سەم دەخۆم!
لاپەڕەی 298
دیار: وڵات .
تار و مار: سەرەوژێر بوو و تێکچوو و پرژ و بڵاو .
عەلقەمڵ: کاڵەکە مارانە .
ئەرقەم: ماری شڵ، پیسترین جۆری ماری کوشندەیە،
سەم: زەهر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من تاڵیی و ناخۆشییەک ئەخۆم کاڵەکە مارانە و ژاری ماری شڵ لە چاویا هیچ نین.. من تاڵیی غەریبی و بێکەسیی و دەربەدەریی ئەخۆم.. من ژاری ڕاستەقینە ئەخۆم !
دەستنووس
تاڵیی (کم) و (من): تابشی. دیار و (چن) و (ت) و (مز) و (اح): دیار. بۆ عەطفیش و بۆ ئیضافەش دەستئەدا. (عم) و (گم): دیاری. عەلقەمی چیی؟ ئەرقەمی چیی؟: ئەمە بەگوێرەی نوسخەی (خا) و (خب) ـە، ئەگینا لە هەموو نوسخەکانی تردا بەرودوان. ئێمە ئەوەی نوسخەی (خا) و (خب) مان لا پەسەند بو چونکە ئەبێ سەرکەوتن لە سووکەوە بێ بۆ قورس.
8
نەوعە ئینسانێ هەیە غەم قووتییە
من غەمی خۆم و غەمی عالەم دەخۆم
لاپەڕەی 298
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم شیعرە بەسراوە بە مەعنای شیعری پاشەوەیەوە.
دەستنووس
نەوعە ئینسانێ هەیە (خا): نەوعی ئینسانیی هەموو، یاخود هەم و. من غەمی خۆم و غەمی (چر) و (مز) و (عب) و (من) و (خب): من غەمی خۆم هەم غەمی. (گم): من غەمی خۆم و هەموو. (خا): هەم غەمی خۆم هەم غەمی. دەخۆم (کم) و (من): ئەخۆم.
9
غەم دەڵێ: «نالیی» کە غەمخوارییم نەکا
ناعیلاجم من بەنیی ئادەم دەخۆم
لاپەڕەی 298
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کەسانی وا هەن ژیانیان لەسەر خەم و خەفەت بەندە و بە خەم خواردن ئەژین. من یەکێکم لەوانە، بەڵام تەنها بە خواردنی خەمی خۆم داناکەوم، خەمی خەڵکی کەش ئەخۆم، چونکە (خەم) ئەڵێ ئەگەر نالییی خەمم نەخوا و بە تەنگمەوە نەیەت و هەمووم نەگرێتە ئەستۆی خۆی، ناچار ئەبم دنیا هەموو بگرمەوە و هەموو ئەم خەڵکە بخۆم و گشتیان لەناوبەرم. بۆیە من خۆم ئەکەم بەقوربانیی ئەم خەڵکە و سەرپەرشتیی خەم ئەکەم تا ئەم خەڵکە لە خوران ڕزگار بکەم، چش کە خۆیشمی تیا بچم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (هەم) و (غەم) ـدا جیناسی موضاریع و لە (خۆم) و (دەخۆم) دا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
دەڵێ (کم) و (من): ئەڵێ. غەمخواریم (عب): غەمخواریی. نەکا (ت): نەکەی. ناعیلاجم (چر) و (مز) و (عب) و (خا): بێعیلاجم.