سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

عەزیزم، ڕۆحی شیرینم، دو چاوم!

1
عەزیزم، ڕۆحی شیرینم، دو چاوم!
دەوای زامی دڵ و جەرگی بڕاوم!
لاپەڕەی 393
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم پارچە شیعرەش تەنها لە نوسخەکەی (عم) و (گم) دا هەیە. ئێمە ئەمیش هەر بە شیعری نالییی نازانین. بەڵکو لامان وایە شیعری (کاکە حەمەی ناری) یە. بەداخەوە دیوانەکەی ناریمان لا نەبو تا بتوانین تەماشای بکەین. ئەم بۆچوونەی ئێمە لەوەوەیە کە یەکەم: شێوەی شیعرەکە زۆر لە شێوەی شیعری ناریی ئەچێ. دووهەم: تەعبیری (کوژاوم) کە لە بەیتی دووهەمدا هاتووە و تەعبیری (دەس خۆم) کە لە بەیتی سێهەمدا هاتووە، شێوەی مەریوانن و کاکە حەمەش خەڵکی ئەوێیە. سێهەمیش زۆر نزیکە کەسێکی کۆلکە خوێندەوار (ناریی) ی لێ بووبێ بە (نالییی). بڵاوکردنەوەی شیعرەکەش یەکەم جار لە چاپی (عم) دا کە لە (سنە) چاپکراوە، ئەم بۆچوونەی ئێمە بەهێز ئەکا، چونکە پەیوەندی (مەریوان) بە (سنە) وەیە. مامۆستا مەسعوود موحەممەدیش، لە گفتوگۆیەکی تایبەتیدا وتی بە شیعری نالییی نازانم. د. مارف خەزنەداریش هەر بەم مەعنایە ڕایەکی بڵاو کردووەتەوە. (د. مارف خەزنەدار، گۆڤاری ڕۆژی کوردستان، ژمارە ٣٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٥ و کانوونی دووهەمی ١٩٧٦) بەڵام دیسان بۆ ڕێزگرتن لە بۆچوونی مامۆستا عەلی موقبیل کە یەکەمجار ئەو ئەم شیعرەی بە ناوی نالیییەوە بڵاو کردووەتەوە، ئێمەش لێرەدا بڵاوی ئەکەینەوە و چاوەڕوانی دەرکەوتنی شتێکی نوێ ئەبین لەبارەیەوە.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
منیش بە ئی نالییی نازانم و پێم وایە لێرەدا چاپ نەکرابا باشتر بوو.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
پارچە شیعری لاپەڕە 293 و 294 لە شەقڵی نالی دوورە، ئەگەر بشسەلمێنین هی ئەو بێ دەبێ دان بەوەدا بهێنین لە مامناوەنجی بەرەژێرە هێندەش سادەیە شەرحی ناوێ. لە بەراورددا بۆ نموونە بەیتی سەرەتای شیعرەکە دەنووسمەوە:
عەزیزم، ڕۆحی شیرینم، دو چاوم
دەوای زامی دڵ و جەرگی بڕاوم

ئینجا بەیتێکی «حەزینە»ی کچی شێخ کەریمی بەرزنجیی کۆیە و خێزانی حاجی مەلا عەبدوڵڵا دەنووسمەوە کە بۆ کیژێکی خۆی ناردووە:
عەزیزم نووری عەینم نەونیهالم
لە دووریت هەر وەکو بولبول دەناڵم
2
ئەتو شا، من گەدا، دادم بپرسە
لە ظوڵمی چاوی بیمارت کوژاوم
لاپەڕەی 393
واتە: شکاتی خۆت لای خۆت ئەکەم، چونکە هەر تۆی بتوانی دادم بدەی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

3
ئەگەر نەیدەیتە دەس خۆم قاتیلی خۆم
لە ڕۆژی ئاخیرەتدا بی پێناوم
لاپەڕەی 393
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر چاوتم نەدەیتە دەس کە خوێنمی ڕشتووە، تا منیش تۆڵەی خۆمی لێ بکەمەوە و تێر تێر ماچی کەم و خوێنی بمژم، یاخوا لە ڕۆژی قیامەتدا بکەویتە بەر لێپرسینەوە و لەپێناوی ئەو تاوانەدا لەگەڵ منت کرد، تیا بچی.
لاوازیی نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە لەبارەی داڕشتنەوە، یەجگار ئاشکرایە.
4
دەسا لادە سەری زوڵفت لەسەر ڕووت
کە ڕووتی ڕووتم و مایل بە تاوم
لاپەڕەی 294
مایل: حەزکردوو .
تاو: هەتاو، خۆر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەری زوڵفت لەسەر ڕوومەتی وەک ڕۆژت لادە، چونکە من بەهۆی عەشقی ڕووتەوە ڕووت و قووت کەوتووم و ئارەزووی ئەوەم هەیە خۆری ڕووت لێم بدا و گەرمم کاتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ڕووتی) و (ڕووتم) دا جیناسی لاحیق و لەنێوان ئەم دوانە و (ڕووت) دا جیناسی ناقیص هەیە.
5
ئەوا نیشانەیی مەرگم عەیانە
کە من غەرقی خەم و خوێن و زوخاوم
لاپەڕەی 294
عەیان: ئاشکرا و دیاریی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

6
لە ژینی خۆم ئومێدم قەطعە «نالیی»!
کە سووتاوە هەموو جەرگ و هەناوم
لاپەڕەی 294
ئومێدم قەطعە: هیوام بڕاوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس