سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ماچی دەمەکەی دامێ کە دامێ سەر و ماڵم

1
ماچی دەمەکەی دامێ کە دامێ سەر و ماڵم
بنواڕە چ صەییادە، چ جەللادە بە حاڵم!
لاپەڕەی 286
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە سەر و ماڵم لەپێناوی یارا دانا و بەتەواوی لەناوچووم، ئەوسا ماچێکی دەمی دامێ. هاوار لە یار چۆن ڕاوچییەکی دڵدارانیەتی، چۆن داوێکیان بۆ ئەنێتەوە.. هاوار ! چۆن خوونکار و خوێنڕێژێکە.
ئەم پارچە شیعرە تەنها لە نوسخەی چاپی (عم) و (گم) دا هەیە. چاپی (کم) و نوسخە دەسنووسەکانی بەردەستمان، هیچ کامیان سووکە ئیشارەتێکیشیان بۆ نەکردووە. شیعرەکە هەرچەند لە چەند لایەکیدا نیمچە شەقلێکی نالییی پێوەیە، لاوازییشی زۆرە. لەوجۆرەش نییە کە بڵێین لەوانەیە نالییی لە سەرەتای شیعر وتنیدا وتبێتی، بەڵکو لە شیعری شاعیرێکی خاوەن مومارەسەی، بەڵام سەرنەکەوتوو ئەچێ. وێنەکانیشی هەرکام یەکی چەند جار لە شیعری شاعیرانی تردا دووبارە کراونەتەوە و هیچ کامیان هونەرێکی جوانی ئەوتۆیان تیا نییە. سەرەڕای ئەوە کە هەڵەی نووسینەوەش کارێکی کردووە هەندێ شوێنی ڕاست نەکرێتەوە. بۆیە ئێمە بە شیعری نالییی نازانین. مامۆستا مەسعوود موحەممەدیش کە خاوەنی گەلێ لێکۆڵینەوەی وردە لەبارەی نالیییەوە، لە گفتوگۆیەکی تایبەتیدا وتی « بە هیی نالییی نازانم ». دوکتۆر مارف خەزنەداریش ئەڵێ: « ئاشکرایە هیی نالییی نییە ». (د. مارف خەزنەدار، گۆڤاری ڕۆژی کوردستان، ژمارە ٣٤، کانوونی یەکەمی ١٩٧٥ و کانوونی دووهەمی ١٩٧٦). بەڵام ئێمە لەبەر پشتگوێ نەخستنی کرداری (مامۆستا عەلی موقبیل) کە بۆ یەکەمجار ئەو بڵاوی کردووەتەوە، بەپێچەوانەی بۆچوونی خۆمان، لێرەدا بڵاوی ئەکەینەوە و هەر کاتێکیش هەواڵێکی‌کەمان لەبارەیەوە دەسگیر بوو، ئاسانە لەسەر لاپەڕەی یەکێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانمان چیی پێویست بێ بینووسین.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردو (دامێ) دا جیناسی تەواو و لەنێوان (دەم) و (دامێ) دا جیناسی ناقیص و لەنێوان (ماڵم) و (حاڵم) دا جیناسی لاحیق هەیە.
2
عاشق - دەڵێ - نابێ کە بدا خۆی لە داوم
زوڵفم کە هەموو داوە، هەموو دانەیە خاڵم
لاپەڕەی 287
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ڕستەی (دەڵێ نابێ) لە هەردوو نوسخەکەی (عم) و (گم) دا بە (دڵی نایێ) نووسراوەتەوە. ئەگەر بشڵێین مەعنای شیعرەکە بەمجۆرە ئەگونجێ، ئەوەمان هەر لە ئەستۆدا ئەمێنێتەوە کە پێشان قسەیەک بە دەمی یارەوە نەکراوە تا وتنی ئەم شیعرەش بگێڕینەوە بۆ لای ئەو. کەواتە ئەبێ بڵێین (دەڵێ) ـیە و (دڵی) نییە، پاش ئەوە ئەتوانین بڵێین وشەی دووهەم (نایێ) ـیە یا (نابێ) ـیە و ئێمە دووهەمەممان هەڵبژارد، لەگەڵ ئەوەش کە لە تێکڕای مەعنای هەردوو بۆچوونەکە ناڕازین کە واتە: یار ئەڵێ عاشق نابێ، یاخود نایەت، خۆی بدا لە داوم چونکە ئەگەر خۆی لێ بدا تووش ئەبێ، زوڵفمە هەموو تاڵەکانی داون و نراونەتەوە و خاڵیشمە دانەی داوەکەیە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (داو) و (دانە) دا تەناسوب هەیە.
3
بۆ تۆزی ڕەهت دیدە سەقاوو موژە جاڕووب
ترسام کە لە پێت چێت دەمێ جێت بماڵم
لاپەڕەی 287
ڕەهـ: ڕێگا .
سەقا: ئاوهەڵگر . ئاوڕشێنیکەر .
جاڕووب: گسک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوم داناوە بە فرمێسک ئاوڕشێنی ڕێت بکا و برژانگیشم داناوە گسکی بدا بۆت، بۆئەوەی تۆزی ڕێ نەیەت بە سەر و ڕووتا. بەڵام لەوە ترساوم کاتێ کە جێگاکەت گسک ئەدەم برژانگێکم بەجێ بمێنێ و پاشان بچێ بە پێتا و ئازارت بدا..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (تۆز) و (ڕەهـ) و (سەقا) و (جاڕووب) و (دیدە) و (موژە) دا تەناسوب و لەنێوان (پێت) و (چێت) و (جێت) دا جیناسی لاحیق و لەنێوان (چێت) و (جێت) دا جیناسی موضاریع هەیە.
4
باری غەمی جان ئەبرووەتی تیر و کەمان کرد
یەعنیی قەدەکەی ئەلفی منە ئیستە کە دالم
لاپەڕەی 287
ئەبرووەتی: ئەبرووتی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لە نوسخەی (عم) دا نووسراوە (ابروتی = ئەبرۆتی) بەڵام شیعرەکە بەم جۆرە لەنگ ئەبێ، بۆیە لە نوسخەی (گم) ـیشدا وەک لای ئێمە پینە کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا مەعنای شیعرەکە هەر نایەت چونکە (برۆ) بە (کەمان) کراوە نەک بە (تیر و کەمان) و سەرەڕای ئەوە (برۆ) هەر خۆی (کەوانیی) بووە.. دیارە شیعرەکە بە جۆرێکی تر بووە و هەڵەی نووسیار وا ئاڵۆزاندوویەتی و لەوانەیە، بە نیشانەی نیوە شیعری داهاتوودا، بڵێین بەم جۆرە بووە:
باری غەمی ئەبروی شیری بە کەمان کرد
واتە: باری خەمی سەر دڵ و دەروونە وا برۆی وەک شمشێرتی کردووە بە کەوان، وەک بڵێی برۆت وەک باڵای جاران وەک ئەلفی من بو کە ئیستا چەمیوەتەوە و بووە بە دال.
5
دەستم مەخە سەر، تا قەدەمم سووتووە، چاوم!
یاخۆ بە شیفا هاتووی؟ چەندێکە ئەناڵم
لاپەڕەی 288
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوەکەم ! دەستم لەسەر دامەنێ، سەراپام سووتاوە، با زامم نەکولێتەوە، یان بۆیە دەستم لەسەر دائەنێی، چونکە هاتووی شیفای دەردم بی، لەبەرئەوەی کە دەمێکە ئەناڵێنم. عادەتە کەسێک کە ئەچێ هەواڵی نەخۆشێ بپرسێ، دەستی ئەنێتە سەر سەری.
6
ڕەنگینە بە خوێناوی دەروونی، دڵی «نالیی»
بنواڕە دەڵێ خۆ خەنەیە پەنجەیی ئاڵم
لاپەڕەی 288
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار بە خوێناوی ناوەوەی دڵی نالییی، دەستی خۆی ڕەنگاویی کردووە. کەچیی سەیری کە ئەڵێ پەنجەم بۆیە ئاڵ نییە کە خوێنی کەسی پێوەبێ، بەڵکو خەنەم تێ‌گرتووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان دوا وشەکانی هەموو بەیتەکانا جیناسی لاحیق هەیە.