سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

شەو هات و ئەمن مەستی خەیاڵاتی کەسێکم

1
شەو هات و ئەمن مەستی خەیاڵاتی کەسێکم
مەشغووڵی نەفەس گرتنی موشکین نەفەسێکم
لاپەڕەی 283
نەفەس: هەناسە .
موشکین نەفەس: ئەوەی هەناسەی بۆنی موشک بدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وا ڕۆژ تەواو بوو و شەو داهات، کەچی من هێشتا مەستی بیرکردنەوەم لە یارێک و خەریکی ئەوەم هەناسەی خۆم ئەگرم و خۆم وەک ڕاوچیی مات ئەدەم، بەڵکو یاری هەناسە وەک موشک بۆن خۆش گوزەر بکا و بۆنی هەناسەی بێ بەسەرما.
دەستنووس
شەو هات و ئەمن (عب): شەو هاتووە، یا هاتەوە، من.
2
لەم حوجرە، لەبەر پەنجەرە کەوتووم و دەخوێنم
بێ عەینی دەڵێی بولبولی گۆشەی قەفەسێکم
لاپەڕەی 283
بێ عەینی: بِعَینِهِ ، کوت و مت .
واتە: لەم ژوورەدا تاق و تەنیا لەبەر پەنجەرەکەدا کەوتووم، گۆرانی ئەڵێم بۆ خۆم، کوتومت ئەڵێی بولبولێکم لە سووچی قەفەزێکدا، لەتاو دەردی دیلیی خۆم ئەخوێنم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

3
هەم واریثی فەرهادم و هەم نائیبی مەجنوون
وا تێ مەگە، قوربان، کە گەدا، بولهەوەسێکم
لاپەڕەی 283
گەدا: لات و بێکەس .
بولهەوەس: ابوالهوس، ئارەزووباز، دەسبەتاڵ و پووچ و بێمایە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئازیزەکەم ! وا تێ نەگەی من کابرایەکی ئارەزووبازی لاتی بێ دەسمایەم و لەخۆڕایی ئیددیعای عەشقی تۆ ئەکەم. من میراتگری فەرهادی بێستوونتاش و مەجنوونی بیابانگەردم، هەرچیی سامانی خۆشەویستیی ئەوانە بۆ من ماوەتەوە و لە ئاگری دڵداریدا سووتاوم.
دەستنووس
ئەم شیعرە لە نوسخەی (چن) دا نییە.
گەدا (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (من): گەدا و.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سێهەمی لاپەڕە 283 کە ئەمە دەقیەتی:
هەم واریثی فەرهادم و هەم نائیبی مەجنوون
وا تێ مەگە، قوربان، کە گەدا، بولهەوەسێکم

شەرحەکە لەو میراتگری و وەکالەتەدا هەر عیشقی فەرهاد و مەجنوونی بۆ نالی تێ خوێندۆتەوە. جگە لە کۆهکەنی و بیابانگەردی کە هی فەرهاد و مەجنوونە: نالی لەمانە زیاتر وارسی سەرەنجام و چارەنووسیانە کە بریتی بوو لە مردن بە دەستی عیشقەوە.
4
گەردەن کەچی تۆم بێ کەشش و ڕست و قەلادە
وا ظەن مەبە ناعارف و هەرزە مەرەسێکم
لاپەڕەی 284
کەشش: بەکێشکردن .
ڕست: ئەو پەتەیە ئەکرێتە ملی تانجی .
قەلادە: گەردنبەند .
ظەن: گومان .
ناعارف: نەفام و نەزان .
هەرزە مەرەس: ئەو تانجییەی بە ڕەحەتیی نەدرێتەبەر بۆ ڕاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پێویست بەوە ناکا بە زۆر بەکێشم بکەیت و پەت و گەردنبەندم بخەیتە مل من خۆم لە خۆمەوە گەردنکەچتم و کەوتوومەتە دوات. وا گومان مەبە نەفامم و ئەگەر بەدوای خۆتا ڕام نەکێشی ئەڕۆم بەملا و بەولادا یا مان ئەگرم، نەخەیر هەمیشە هەر بەدواتەوەم و لەگەڵتام..
دەستنووس
کەشش و (چر) و (چن) و (ت) و (ک) و (اح): کەشش، بەپێی ئەم نوسخانە دەست ئەدا (کەشش و) یا (کەششی) بێ. (عم) و (کم) و (گم): کەششی. ڕست و (چر) و (عم) و (عب): دەستی.
5
وەڵڵاهی کڵاوی سەری من چەرخی دەماڵیی
ببووایە بە دامانت ئەگەر دەستڕەسێکم
لاپەڕەی 284
چەرخ: ئاسمان .
دەماڵیی: ئەکوتایەوە .
دەستڕەس: دەست پێ‌گەیشتن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: قەسەم بە خوا ئەگەر تاقە جارێک دەستم بگەیشتایە بە دامێنت. پایەم ئەوەندە پێی بەرز ئەبوەوە کڵاوی سەرم دەرگای ئاسمان بکوتێتەوە.
دەستنووس
ئەم شیعرە و شیعری پاشەوەی تەنها لە (عم) و (گم) دا هەن.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 284:
وەڵڵاهی کڵاوی سەری من چەرخی دەماڵێ
ببوایە بە دامانت ئەگەر دەست ڕەسێکم
تا ڕادەیەک لە هی نالی دەکات بەتایبەتی نیوەدێڕی دووهەم، هی یەکەمیان سوێندەکە تێیدا هەژارە ئەمە لە کوێ و «ئەڵڵا ئەڵڵا کە چ حوسن و چ جەمالێکی هەیە» لە کوێ.
6
باوەڕ مەکە ڕۆح سەختی غەمی فیرقەتی تۆ بم
بۆ هاتنی تۆ با‌قییە نیوە نەفەسێکم
لاپەڕەی 284
ڕۆح سەخت: ئەوەی بە زەحمەت گیان بەدەستەوە بدا و بمرێ .
فیرقەت: جیایی .
نیوە نەفەس: نیوە گیان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وا مەزانە بەرگەی خەفەتی دووریی تۆ ئەگرم و بە گران گیان بەدەستەوە ئەدەم. نەخەیر، لەبەر ئەوە نییە هێشتا ماوم و نەمردووم. ئەو نیمچە گیانەم بۆیە تیا ماوە، چاوەڕوانی هاتنی تۆم، ئەمەوێ پێشکەشی هاتنتی بکەم و لەبەرپێی تۆدا بەختی بکەم.
7
هەر لەحظە دەڵێم من سەگی دەرگام و ڕەقیبیش
دێتە سەر و چاوم کە منیش سەگ مەگەسێکم!
لاپەڕەی 285
ڕەقیب: بەدکار .
سەگ مەگەس: مێشە سەگانە، ئەو مێشەی بە سەر و چاوی سەگەوە ئەنووسێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من هەمیشە ئەڵێم سەگی بەردەرگای یارم و بەدکاریش دێتە وێزەم و لە کۆڵم نابێتەوە، ئەڵی ئەگەر تۆ سەگی بەردەرگای یاری، منیش مێشەسەگانەم دێم بە سەر و چاوتەوە ئەنیشمەوە بەرت لێ ئەگرم و ناهێلم چاوت بە یار بکەوێ.
دەستنووس
دەرگام و (مز): دەربان و. دەربان: دەرگاوان. دەڵێم (کم) و (من): ئەڵێم.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 285:
هەر لەحظە دەڵێم من سەگی دەرگام و، ڕەقیبیش
دێتە سەر و چاوم کە منیش سەگ مەگەسێکم!

شەرحەکە پێکەڵپێکی واتا ئاشکراکەی شیعرەکەیە بەڵام وردەکارییەکی بچکۆلانە هەیە جێی بەتاڵە. وشەی «سەگ مەگەس» جاران «سگ مگس» دەنووسرا، ئەم وشەیەش وەکوو کۆمەڵێکی دیکە لە وشە و بەیت و بێژەدا لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەخوێندرێتەوە. لە نموونەدا: «کل فی فلک» بەشێکی ئایەتێکی قورئانە. ئنجا کە ڕەقیب لەم جۆرە بێ لە ڕادەبەدەر وەڕسکەرە. لەم شوێنەدا کە بە ڕەقیب گوتراوە «سگمگس» ئەو لایەنەش دەگەیەنێ، مادەم بە دوو ڕووکاردا بڕوات و بنۆڕێت، دەشێ هەم موڕاقەبە بکات و هەم مونافەسە...
8
گرتوویە سەگت چاکم و لای تۆمەوە دێنێ
یەعنی وەرە «نالیی» کە منیش دادڕەسێکم!
لاپەڕەی 285
دادڕەس: کەسێ دادێ کەسێ بدا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەگەکەت کە بەدکارەکەی بەینمانە، چاکی گرتووم و بۆلای تۆوەم دێنێ. ئەمەش واتە پێم ئەڵێ: نالییی منیش کەسێکم ئەتوانم فریات کەوم و شتێکت بۆ بکەم. دیارە دوژمنیش جاروبار ئەبێ بەهۆی قازانجی بنیادەم.
دەستنووس
چاکم و لای (عب): چاکم ئەلای.
لەوە بەولاوە کە وەک وتمان شیعری سێهەم لە نوسخەی (چن) دا نییە و شیعری پێنجەم و شەشەم تەنها لە نوسخەی (عم) و (گم) دا هەن، ڕێکخستنی شیعرەکان لە نوسخە دەسنووسەکاندا بەمجۆرەیە کە ئێمە لێرەدا نووسیومانەتەوە. بەڵام لە نوسخە چاپەکان و نوسخەکەی (من) دا جیاوازە و بەم جۆرەی بنەوەیە:
(١) لە هەر چواریاندا (١). (٢) لە هەر چواریاندا (٤). (٣) لە (عم) دا (٣)، لە (کم) و (گم) و (من) دا (٢). (٤) لە (عم) دا (٢)، لە (کم) و (گم) و (من) دا (٥). (٥) و (٦) لە (عم) و (گم) دا (٥) و (٦)، لە (کم) و (من) دا نین. (٧) لە (عم) دا (٧)، لە (کم) و (گم) و (من) دا (٣). (٨) لە هەر چواریاندا (٨).
پەراوێزی مامۆستا هێمن
چاک بە مانای پاڵدیم، شاقەل، و دامێک هاتوە. ڕەنگبێ مەبەستی نالییی کە هەموومان دەزانین چەندی یاری بە وشە کردوە لەپێشدا ئەوەیان بێ یانی سەگەکەت داوێنی گرتووم و بۆ لای تۆم دێنێ، دیارە لێکدانەوەی مامۆستاکانیش تەواوە، بەڵام ڕەنگبێ ئەویان باشتر بێ.
منیش هەر لەم باوەڕەدام کە ئەم غەزەلە فڕی بەسەر نالییی ـیەوە نەبێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە:
گرتوویە سەگت چاکم و لای تۆمەوە دێنێ
یەعنی وەرە «نالی» کە منیش دادڕەسێکم

شەرحەکە وای داناوە کە ئەو سەگە بەدکاری بەینی خۆی و یارە، یەخەی گرتووە بۆ لای یاری دەبا وەک دادڕەسێک، بەهاناهاتوویەک... ئەم مەعنایە لە بەیتەکە بێگانەیە چونکە ناشێ بەدکار دادڕەس بێ، ئەدی بۆ دۆست و برادەر چ دەمێنێتەوە. دەشێ بگوترێ نالی بە تەوسەوە یەخەگرتن و ڕاکێشانەکەی بۆ لای یار بە چاکەی سەگەکە لە قەڵەم بدات چونکە «بۆ لای یار بردن» ئەگەر هەر جۆرێک بێت هەر چاکەیە. دەشێ «دادڕەسی» سەگەکە بۆ یار بێ کە وەفاکاری تێدایە بە گرتنی نالی.
ئەو پێنج بەیتەی قەصیدەی «عاشق... دەڵێ... نابێ کە بدا خۆی لە داوم» بەلای تەبیاتی منەوە هی دەمی نالی نییە مەگەر لە سەرەتای شاعیریەتی داینابن هەرچەند بڕوا دەکەم هی سەرەتاییشی بێت نالی هەڵی ناگرێ بۆ دەیان ساڵ و لە خۆی بە شایەدی ناحەز بگرێت... هەر سەیرێکی غەزەلی دووا ئەوەوە بکەیت:
لایقی مەخزەنی طەبعە هەمو کەنزی غەزەلم
قابیلی ضەربی ڕەواجە زەڕ و زیوی مەثەلم
دەبینی ئاسمان و ڕێسمانە بەینیان.