سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفە فرۆشم

1
عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفە فرۆشم
زۆرم وت و کەس تێی نەگەیی، ئیستە خەمۆشم
لاپەڕەی 280
میزان: تەرازوو .
توحفە: عەنتیکە . دیاریی .
خەمۆش: بێدەنگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەمێک بو بە سەنگ و تەرازووی ئەدەب شیعری جوانم بەناو خەڵکا بڵاو ئەکردەوە و عەنتیکەفرۆشیم ئەکرد. بەڵام ئاستی تێگەیشتنت خەڵک ئەوەندە نەویی بوو، هەرچیم وت کەس لێم حاڵیی نەبوو. بۆیە ئیستا وا بێدەنگ بووم.
ئەم شیعرەی نالییی هاوارێکی ناڕەزاییە لە ڕووی کۆمەڵدا دەری ئەبڕێ. ئەو کۆمەڵەی کە چینی بنەوەی لەبەر بەدبەختیی و کوێرەوەریی و دواکەوتن نە ئەتوانێ لە هونەری جوان بگا و نە لە ئاستی ئەوەشدایە قەدری هونەرمەند بگرێ. چینی سەرەوەشی تا بینەقاقەی نوقمی ڕابواردن و ئارەزووبازیی و خەڵک چەوساندنەوەی خۆیەتی و ئەگەر جاروبارێکیش لایەک بە لای هونەری جواندا بکاتەوە، هەر بۆ ڕابواردنی خۆشی خۆیەتی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (میزان) و (فرۆش) ـدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
توحفە (چن): نوکتە. وت و (عم) و (گم) و (مز): گوت و.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بارەی بەیتی یەکەمی لاپەڕە 280:
عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفە فرۆشم
زۆرم وت و کەس تێی نەگەیی، ئیستە خەمۆشم

شەرحەکە بەیتەکەی داوەتەوە بە شەڕی چینایەتی و چەوساندنەوەی هەژاران و کەیفچییەتی دەوڵەمەندان ئیتر کەس نییە لە کۆمەڵگەی وەهادا کڕیاری ئەدەب بێت. هەرچەند ئێرە جێی هەڵسەنگاندنی ئەم بۆچوونە نییە بەڵام مەنتیقی شیعرەکەی نالی کە لە هەناوی و هۆشی یەکێکی هەژاری بێدەرەتان دەرچووە داوا دەکات نیگا فرەوانتر بێت بۆ تێگەییشتنی حاڵوباری ئەم جیهانەی کە لە هەزاران ساڵەوە بێ مەنهەج سەرەژێر بۆتەوە. خۆ ئەوەی ڕاستی بێ زۆربەی هەرە زۆری خوێندووی بەر لە سەد ساڵ و هەزار ساڵ کوڕە هەژار بوون دەبوون بە فەقێ و مەلا و شاعیر... سەیری مێژووی عەرەب بکە ئاخۆ چەند شاعیر و مەلا دەدۆزێتەوە لە نێوان پاشا و ئەمیر و دەوڵەمەندان. نالی گلەیی لە هەموو جیهانە، ئەویش بەپێی دابێکی بەربڵاوی نێوان زانا و شاعیر و ئەدیباندا، خۆ ئەگەر سەرلەبەری کورد زاراوەکانی نێو کتێبانیان، بە قودرەتی قادیر، زانیبایە یەک نانی سووتاوی بەکەس نەدەگەیاند... کوردستان خۆی پێشێلی داگیرکەر بوو، گەورەکانی پتر لە فەلاحەکانی ئیعدام دەکران چونکە فەلاح جێی مەترسی نەبوو بۆ داگیرکەر... هەر ئەوەندەی تێدا دەڵێم بۆ ڕوونکردنەوەی حاڵوباری کورد کە بە درێژایی مێژوو یەک «صراف»ی کورد پەیدا نەبوو چ جایی بانک... فەلاحی کورد کە مەکتەب دەکرایەوە لە دێیەکەی تای دەهاتێ لە ترسی خەریکبوونی منداڵەکانی بە خوێندنەوە کە لە هەموو عومری جارێک دووان نەبێ موحتاجی کاغەز خوێندنەوە نەبوو... هەر نەیسە!!
لە «میزانی ئەدەب» دا شەرحەکە بۆ «سەنگ و تەرازووی ئەدەب» ڕۆییشتووە و ڕاستیشی کردووە، بەڵام واتایەکی دیکەی هەیە لەبارترە لەگەڵ شیعر، ئەویش کێش و وەزنی بەحری شیعرە کە هەر بەحرەی میزانی تایبەتی خۆی هەیە، شیعریش خۆی ئەدەبە.
2
لەو گەردەن و عیقدە کە پڕە گەردەن و گۆشت
بەو پێیە کەنارم کە پڕە دامەن و کۆشم
لاپەڕەی 280
گەردەن (ی یەکەم): گەردنبەند، گەردانە .
عیقد: گوارە .
کەنار: دوورەپەرێز .
دامەن: داوێن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من بۆیە لەو گەردنبەند و گوارەی تۆیە کە گەردن و گوێتیان ڕازاندووەتەوە، دوور کەوتوومەتەوە و کەنارەگیر بووم، چونکە داوێن و کۆشم پڕن لە شیعری وەک گەردنبەند و گوارەکانی تۆ، بۆیە ئیتر پێویستم بەوانەی تۆ نییە. یا پڕن لە فرمێسکی وەک دەنکی مرواریی، یاخود بەو (پێ) ـیە لێیان دوور کەوتوومەتەوە کە داوێن و کۆشم گیراوە و ناتوانم هەڵسم بێم بۆ لات. بەم پێیە نالییی زۆر جوان وشەی (پێ) ی لە مەعنای (هۆی ڕۆیشتن) ـەوە خواستووە بۆ هۆی (نەتوانینی ڕۆیشتن).
دووریش نییە (گەردەن) ـی یەکەم لەپێشاندا (گەرزەن) بووبێ و لە نووسینەوەدا کرابێ بە (گەردەن). گەرزەن بەو کۆمەڵە مرواریی و گەوهەرە نایابانە ئەڵێن پادشاکانی ساسانیی تاجیان پێ ئەڕازاندەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان هەردوو (گەردەن) دا جیناس و لەنێوان (گەردەن) و (گۆش) ـدا تەناسوب و لەنێوان (گۆش) و (کۆش) دا جیناسی موضاریع هەیە.
دەستنووس
گەردەن و گۆشت (چر): دامەن و گۆشم. (چن): گەردەن و کۆشم. (کم) و (ک) و (من): گەردەن و گۆشم. (ت): کەردەن و کۆشت. (عب): کەردەن و کۆشم. (کاف) ـەکانی ئەم دوو نوسخەیە ئەشگونجێ (گاف) بن، چونکە جاران (کاف) و (گاف) وەک یەک ئەنووسران. بەوپێیە (« پەراوێزی » چر) و (مز) و (ت) و (اح): بۆ بێیە. (« پەراوێزی » چر): بۆ بێنە. (عب): بۆچ بێیە.
3
وەک طوڕڕەیی پێچیدەیی تۆ ساغ و شکستەم
وەک نەرگسی نادیدەیی تۆ خۆش و نەخۆشم
لاپەڕەی 281
طوڕڕە: زوڵف . ئیمزای توغرایی .
پێچیدە: لوولخواردوو و لە‌یەک ئاڵاو . شکستەڵ تێکشکاو . خەتی شکستە کە جۆرە خەتێکی فارسییە .
نادیدە: نەبینراو، نەکراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من وەک زوڵفی لوولی تۆ هەم ساغیشم و هەم تێکیش شکاوم. یاخود وەک زوڵفی لە مۆری توغرایی چووی تۆ، هەم وەک خەتی ساغیشم و هەم وەک خەتی شکستەشم. وەک چاوی، لە مەستیدا وەک نەرگس و لە خەواڵوویەتیدا وەک نەبینراو و نەکراوەی تۆ، هەم خۆشیشم و هەم نەخۆشیشم. ساغیی و شکاوییەکەی زوڵفی یار لەوەوەیە کەوا لەو ڕووەوە کە نەقرتاوە، ساغە و لەو ڕووەشەوە کە لوولە، شکاوە. خۆشی و نەخۆشیی چاویشی لەوەوەیە کەوا لەو ڕووەوە کە هیچی نییە، ساغە و لەو ڕووەشەوە کە مەست و خەواڵووە وەک نەرگسی نەپشکووتوو، نەخۆشە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ساغ) و (شکستە) و (خۆش) و (نەخۆش) ـدا طیباق و لە (طوڕڕە) و (شکستە) دا کە هەردوکیان لە بابەتی نووسینن، تەناسوب هەیە.
دەستنووس
نەرگسی (چن) و (ک) و (اح): دیدەیی. (کم) و (گم) و (من): نێرگسی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی لاپەڕە 281:
وەک طوڕڕەیی پێچیدەیی تۆ ساغ و شکستەم
وەک نەرگسی نادیدەیی تۆ خۆش و نەخۆشم

نەرگسی نادیدە هەم بەو مەعنایە هاتووە کە لە شەرحدا دەڵێ «نەبینراو» بەڵام نەک لەبەر خەواڵوویی بەڵکوو لەبەر ناز و شەوکەت کە نایەڵێ، بە دەگمەن نەبێ، بدیترێت و هەم بەو واتایەی کە میسل و مانەندی پەیدا نییە و نادیترێ. خۆش و نەخۆش بۆ چاوی یار بریتییە لە:
1. بێعەیبی بە واتای خۆش
2. سستی و بێهێزی کە لە نێو شوعەرا بۆ چاو بە مەدح ڕۆییشتووە و دەگاتە پلەی «نەخۆش».
4
سەرخۆشی شەرابی دەمی تۆ بووم و ئەمێستاش
قوربان، سەری تۆ خۆش، کە نەماوە سەری خۆشم!
لاپەڕەی 282
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تا تۆم هەبووی و لێم نزیک بووی و قسەت بۆ ئەکردم، سەرخۆشی ماچی لێو و قسەی خۆشت بووم. ئیستا کە لێم بڕاوی، سەری تۆ خۆش بێ، هۆی ئەو سەرخۆشییەی جارانم نەماوە و لە ئەنجامی ئەوەوە سەریشم تیاچووە یاخود سەری چاک و سەلامەتی جارانم تووشی دەرد بووە.
وەک دەرکەوت نالییی لەم شیعرەدا (سەرخۆش) ـی بە چوار مەعنا بەکارهێناوە: مەست، دوعای عومردرێژی، سەری خۆم، سەری چاک و سەلامەت.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وتنەوەی سێ جاری (سەر) و (خۆش) دا جیناس هەیە.
دەستنووس
قوربان (چر) و (چن) و (ک): ئیستە. بەڵام جۆرە دووبارە کردنەوەیەکی بێتامە. ئەم شیعرە لە نوسخەکانی (ت) و (مز) و (عب) و (اح) دا نییە.
5
شێخیی و سەراپا دەڵەک و ڕێوی دەپۆشیی
«نالیی» م و بە ڕووتی لە هەموو دیدە دەپۆشم
لاپەڕەی 282
دەڵەک: گیانلەبەرێکی کێوییە پێستەکەی پارەیەکی زۆر ئەکا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆ شێخی، بەڵام هەر بە قسە، ئەگینا بە کردار لەجیاتیی ئەوەی وەک پیاوانی ڕاستەقینەی خوا بە کەم قنیات بکەی، لەسەر تا پێت بە بەرگی گرانبەهای پێستی دەڵەک و ڕێویی دائەپۆشیی و بۆیە وەک دەڵەک و ڕێوییش دێیتە بەرچاوی خەڵک، یا کرداری ئەوانە ئەپۆشیت کە وەک دەڵەک و ڕێویی زیانبەخش و فێڵبازن. منیش نالیییەکی هەژار و ڕووت و قووت و بێ پێچ و پەنام و لە هەموو ناتەواویی و کەم و کورتییەک چاو ئەپۆشم، یا لە هەموو گیانمدا هەر چاوم دائەپۆشم بۆ ئەوەی عەیب و عاری خەڵک نەبینم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (دەپۆشیی) و (دەپۆشم) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
دەپۆشیی (چن): ئەپۆشیی. لە هەموو (چر) و (عب): لە هەوا،
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 282:
شێخی ییو سەراپا دەڵەک و ڕێوی دەپۆشی
«نالی»م و بە ڕووتی لە هەموو دیدە دەپۆشم

دەبوو «شیخی وو سەراپا» نەک «شیخی ییو» بنووسرێت. خۆ ئەگەر «شێخیت و...» بوایە لە هەموان چاکتر بوو. ئەگەر نوسخەنووسان دەسخاوێنییان کردبێ بێگومان نالی بە پێی سەردەمی خۆی «شیخی و» نووسیوە و «شێخی وو» خوێندراوەتەوە.
شەرحەکە لە دوو نوختەدا دەبێ یارمەتی بدرێت: یەکیان ئەوەیە کە مەتڵەبی نالی لە پۆشینی دەڵەک و ڕێوی تەنها مەبەسی جلوبەرگە نەک ئەخلاقی ڕێویانە، کە دەزانین دەڵەک ناوی فێڵبازیی بە دوواوە نییە و شیعرەکەش خاڵییە لە هێما بۆ لایەنی فێڵبازی. دووهەمیان کە دەڵێ «نالی»م هەم نازناوی ڕادەگەیەنێ و هەم «ناڵاندنم». نالی خۆی لە شیعری خۆیدا «نالی دەناڵێ»ی گوتووە نەک «دەناڵێنێ» کە ئەمیش هەر ڕاستە.
ئەم «لە هەموو دیدە دەپۆشم» بە دوای «ناڵیم بە ڕووتی» دا Paradoxy یەکی زێدە دەگمەن دروست دەکات بەوەدا کە:
1. نالی ڕووت (هەژار) تەنها چاو دەپۆشێ کە دەبوو خەریکی پۆشینی لەشی ڕووت بێ، چاویش چ پۆشاکێک بە خۆیەوە ناگرێ مەگەر لەفزەکەی «پۆشین» کە ئەویش:
2. لێرەدا بە واتای گەردەنئازادیی تێکڕایی هاتووە کە دەکێشێتەوە دەستبەتاڵبوون لە هەموو شتێک، ماددی بێ یا مەعنەوی. ئنجا سەیری ئەم «پۆشین»ـە بکە کە بە زاهیر جۆرێکە لە دارایی کەچی ئەوپەڕی ئیفلاسە.