سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

دەورانییە، وەک هێڵەکی سەودا، سەری گێژم

1
دەورانییە، وەک هێڵەکی سەودا، سەری گێژم
بۆیە بە دەقیقیی مەثەلە هەرچی دەبێژم
لاپەڕەی 276
دەورانیی: ئەوەی بە دەوری خۆیا خول بخوا، یا ئەم دەس و ئەودەسی پێ بکەن .
هێڵەک: هێڵەکی ئارد بێژان کە ئاردە وردەکە لە سۆسەکەی جوێ ئەکاتەوە .
سەودا: سەروخولە تووش هاتوو .
دەقیقیی: بە وردیی . وەک ئارد .
دەبێژم: ئەڵێم . لە بێژنگ یا لە هێڵەکی ئەدەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەری گێژم وەک هێڵەکی بەدەستەوە خولاوە، چۆن هەمیشە بە دەستی ژنی ئاردبێژەوە ئەخولێتەوە، ئەمیش هەمیشە هەر وا ئەخولێتەوە بە دەوری خۆیا و ئەو بیرانە لە تەتەڵە ئەدا کە بە مێشکیا دێن و پڕ و پووچیان لە یەک جوێ ئەکاتەوە. بۆیە هەرچی بڵێم و هەر شیعرێ بنووسم، لە بێگەردیی و وردیدایە و هیچ سۆس و پل و پووشی پێوە نییە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
جگە لەو لەطافەتانەی لە هەندێ وشەی ئەم شیعرەدا هەن و لە مەعنا لێدانەوەکەدا ئیشارەتمان بۆ کردن، لە وشەی (گێژ) یشدا لەطافەتێک هەیە چونکە (گێژ) بە جۆرە بێژانێکیش ئەوترێ. (گێژ و تەتەڵە) لەناو ژنانا وشەیەکی باوە. لە کۆکردنەوەی (هێڵەک) و (گێژ) و (دەقیق) و (دەبێژم) یشدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
هێڵەکی (چر) و (چن) و (عب) و (مز): هێلەک. ئەمە دەست ئەدا (هێڵەکی) بێ و دەستیش ئەدا (هێڵەکە) بێ. (ک) و (اح): هێڵەکە. لەسەر نوسخەی (هێڵەکە) و ڕێتێچوونی (هێڵەکە) لە نوسخەکانی (هێڵەک) دا نیوە شیعرەکە وا ئەخوێنرێتەوە:
دەورانییە، وەک هێڵەکە، سەودا سەری گێژم
مەعناکەشی وای لێ دێتەوە: سەری گێژی تووشی دەردی سەودا بووم، وەک هێڵەک وایە بە دەوری خۆیا خول ئەخوا. سەری (ت) و (ک) و (اح): سەر و.
2
هەر پەرچەم و پێشانییە فیکری شەو و ڕۆژم
هەر گەردەن و زوڵفە ئەمەلی دوور و درێژم
لاپەڕەی 277
پەرچەم: ئەو قژەی ناوچاوان ئەگرێتەوە .
پێشانیی: ناوچاوان .
ئەمەل: هیوا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لە هەردوو نیوەکەی ئەم شیعرەدا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە، چونکە دیارە (شەوەزەنگ) لەگەڵ (زوڵف) و (ڕۆژ) لەگەڵ (ناوچاوان) و هەروا (دووریی) لەگەڵ (گەردن) و (درێژیی) لەگەڵ (زوڵف) دا پەیوەندیان هەیە. لە کۆکردنەوەی (شەو) و (ڕۆژ) یشدا طیباق و لە یەکخستنی (گەردن) و (زوڵف) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
شەو و (چن): شەب و.
3
بێ دیدەوو دیداری، هەموو خوێنە گرینم
یەعنی گوڵ و نەرگس کە نەبێ، لالە دەنێژم
لاپەڕەی 277
لالە: گیایەکی بچووکی کێوییە زیاتر لە شوێنی شێداردا ئەڕوێ، ماڵییش ئەکرێ . لە سەرەتای ناوەڕاست مانگی بەهارا پێ ئەگا . جۆرە کێوییەکەی گوڵێکی سووری هەیە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچەند چاو و ڕووی تۆم لێ نادیار بێ، من لە خەفەتدا لەجیاتیی فرمێسک خوێن لە چاوانم دێ. دیارە کە گوڵ و نەرگسم نەبێ، ئەبێ لالە لە زەویدا بنێژم.
مەبەستی ئەوەیە بڵێ چاوی تۆ وەک نەرگسی مەست و ڕوخسارت وەک گوڵی سوور وایە لە بەرچاوی مندا. تا ئەوان دیار بن شادیی و خۆشیمە، بەڵام کە ئەوان نەبوون، لە خەفەتدا فرمێسکی سوور لە چاوانم ئەڕژێنمە زەویی و ئەوەندەش زۆری ئەڕژێنم، بەرز ببێتەوە، وەک بڵێی نەمامی لالەم ناشتبێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (گوڵ) و (نەرگس) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە. (ڕوومەت) ی یار بە (گوڵ) و (چاو) ی بە (نەرگس) شوبهێنراوە. ئەنجا (ڕوومەت) و (چاو) لابراون و پێ شوبهێنراوەکان کە (گوڵ) و (نەرگس) ـن لەجێیان دانراون. نیوە شیعری یەکەمیش نیشانەی ئەمەیە. هەروەها لە (لالە) شدا ئیستیعارەیەکی موصەڕڕەحە هەیە، چونکە (فرمێسکی سوور) شوبهێنراوە بە (گوڵی لالە) و ئەنجا (فرمێسکی سوور) لابراوە و (لالە) ی لە شوێندا دانراوە و نیشانەش ڕستەی (خوێنە دەگریێم) ـە لە نیوە شیعری یەکەمدا.
لە هێنانی (گوڵ) و (نەرگس) دا بەدوای (دیدە) و (دیدار) دا لەف و نەشری موشەووەش هەیە.
دەستنووس
دیدەوو (چر) و (ت) و (اح): دیدەیی. بەڵام مەعنای بەئاسانیی نایەت. (مز): دیدەنی. هەموو (« پەراوێزی » چر) و (عم) و (من): ئەتۆ. دەگریێم (« پەراوێزی » چر) و (چن) و (عم) و (کم) و (گم) و (من): گرینم. (ک): ئەگریەم. گوڵ و نەرگس کە نەبێ (« پەراوێزی » چر): کە نەبێ نەرگس و گوڵ. نەرگس (کم) و (گم) و (من): نێرگس.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
لام وایە دەبێ وا بێ.
بێ دیدە و دیداری هەموو خوێنە گرینم
یەعنی گوڵ و نەرگس کە نەبێ لالە دەنێرم
4
ڕەنگ و ئەثەر شۆڕشی لەعلی نمەکینە
ئەم ئەشکە کە بەم سوورییو سوێریییە دەڕێژم
لاپەڕەی 278
شۆڕش: هەرا .
لەعل: کینایەیە لە لێوی یار .
نمەکین: خوێیاویی، سوێر . کینایەیە لە خۆش و بەتام .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەو ماچەی لێوی وەک لەعل سوور و وەک خوێ بەتام و خۆشەت کە کردم، هەرایەکی لە دەروونما بەرپا کرد، ئەنجامەکەی ئەوەبوو ئیستا کە لێمەوە دووریت، ئەم فرمێسکە زۆرە وەک خوێن سوور و وەک خوێ سوێرە لە چاوانم ئەڕێژم.
نیوە شیعری دووهەم جۆرە لەنگییەکی تیایە لەگەڵ زەوقی نالییی ناگونجێ. هیچ نەبێ ئەبوو بووترایە (بەم سووریی و بەم سوێریە..). خۆ ئەگەر واش داڕێژرایە لەدوای (سوێریی) ـەوە هیچ پاشگرێکی تر نەبوایە گەلێ ڕێکتر و جوانتر ئەبوو. نوسخەکانی بەردەستمان، هیچ کامیان مەودای دۆزینەوەی شێوەیەکی ڕاستتریان نەداینێ. بۆیە ئێمەش وەک خۆیمان هێشتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (سووریی) و (سوێریی) دا جیناس هەیە. لە هێنانی (سووریی) و (سوێری) ـیشدا بەدوای (ڕەنگ) و (ئەثەر) دا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە.
دەستنووس
ڕەنگ و ئەثەری شۆڕشی: ئەمە تێکستی نوسخەی (چر) ە. نوسخەکانی تر لە دانان و دانەنان و چۆنیەتیی دانانی (واوەکانی عەطف) و (یێکانی ئیضافە) دا جیاوازییەکی زۆریان تیایە. بە ڕای ئێمە هەر ئەمەی نوسخەی (چر) ڕاست و ئەوانی تر هەموو هەڵە بوون یا ئیحتیمالی ڕاست و هەڵەیان هەبوو، بۆیە گوێمان نەدانێ. سووریی و سوێرییە (« پەراوێزی » چر) و (کم) و (ت) و (اح): سوێرییو سوورییە. (مز): سوورییو شۆرییە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 278 بەیتەکە بەم دەقە هاتووە:
ڕەنگ و ئەثەری شۆڕشی لەعلی نمەکینە
ئەم ئەشکە کە بەم سوورییو سوێرییە دەڕێژم

لە شەرحدا دەربڕاوە کە نیوەی دووهەمی بەیتەکە کێشی نالەبارە و لە نالی ناوەشێتەوە، ڕاستیشی بۆ چووە و دەڵێ هەرنەبایە «بەم سوورییو بەم سوێریە دەڕێژم» بووایە. ڕاستییەکەی بەر لەوەی شەرحەکە بخوێنمەوە منیش ئەم دەقەم بە دڵدا هات.
لە ئاست وشەی «شۆڕش»دا من وادەزانم «سۆزش» بێت، هەرچی شۆڕشە بە هیچ کلۆجێک بە واتای «ثورة» جێی نابێتەوە مەگەر «شوورش» لە «شوور - بە واتای سوێر» هاتبێت و «ش»ـەکەی کۆتایی پاشگری «اسم المعنی» بێت وەک کە دەگوترێ «گونجایش، ئاسایش و سوزش». لە کوردیدا دەنگێکی «ت» لێ زیاد دەکرێ وەک: فەرمایشت، خوایشت...
5
بێ نیییەتی تەقبیلی دەمت عاطیلە ڕۆژووم
بێ حەضرەتی میحرابی برۆت باطیلە نوێژم
لاپەڕەی 279
نییەت: نیاز .
تەقبیل: ماچ کردن .
عاطیل: پەککەوتوو .
حەضرەت: دیاربوون .
میحراب: میحرابی مزگەوت، تاقێکی بەرزە لە ناوەڕاستی دیواری پێشەوەی مزگەوتدا سەرەکەی وەک کەوان هاتووەتەوە و پێشنوێژ تیا ئەوەستێ .
باطیل: بەتاڵ، دانەمەزراوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک چۆن ئەگەر ڕۆژووەوان تا دواکاتی حەرامبوونی خواردن و خواردنەوە، نیازی ڕۆژووگرتنی سبەینێی لە دڵا نەبێ، ڕۆژووەکەی دانامەزرێ. منیش ئەگەر بەر لە دەستپێکردنی ڕۆژووم نیازی ماچ‌کردنێکی دەمی تۆم لە دڵا نەبێ (دیارە کە بنیادەمیش نیازی کردنی شتێکی بوو، ئەیکا)، ڕۆژووەکەم دانامەزرێ. هەروەها هەر نوێژێ ئەیکەم، ئەگەر لە حوزووری میحرابی برۆی تۆدا نەبێ و لە بەردەمی تۆدا نەوەستابم و ڕووم نەکردبێتە قیبلەی تۆ، ئەو نوێژەم بەتاڵ و بێسوودە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ڕۆژوو) و (نوێژ) و (دەم) و (برۆ) دا تەناسوب و لەنێوان (عاطیل) و (باطیل) ـدا جیناسی لاحیق و لەنێوان (نییەت) و (حەضرەت) ـدا کە یەکەمیان مەعنای حازرنەبوون ئەگەیەنێ، طیباق هەیە. (نییەت) زاراوەیەکی فیقهە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سەرەتای لاپەڕە 279 کە ئەمە دەقیەتی:
بێ نییەتی تەقبیلی دەمت عاطیلە ڕۆژووم
بێ حەضرەتی میحرابی برۆت باطیلە نوێژم

وەهام لەبیرە، بەر لە ساڵەها، نوسخەم دیتووە نووسراوە «بێ زینەتی تەقبیلی دەمت...» ئیتر چۆناوچۆنی ئەم نوسخەیە نەهاتۆتە نێو تێکستەکان، یاخود لە کوێوە بە ئەصل ئەو جۆرە نووسینە پەیدا بووە نایزانم، بەڵام «بێ زینەت» لەگەڵ «عاطیل» جمرانەیە چونکە «عاطیل - عاطل» بە نووسینی عەرەبی بریتییە لە بێ زینەتی هەر وەک «ناصل» بریتییە لە بێ ڕەنگی. لەمە زیاتر هیچی دیکەی تێدا ناڵێم.
6
«نالیی» وەکو لالە کە شەهیدی غەم و داغە
لەم باغە بفەرموو کە ئەویش لێرە دەنێژم
لاپەڕەی 279
داغ: داخ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نالییی لە خەمی دووریت و بەهۆی سۆزی زۆریەوە بۆت، شەهید بووە. نیشانەی شەهیدییەکەشی ئەوەتە وەک لالەی سوور، سوور و خوێناوییە. دەسا بفەرموو ئەویش لە باخی پڕ لە گوڵی ڕوخسارتا بنێژە و بیخەرە چاڵ و با لەپاڵ نەرگسی چاوتا بێ، خۆ ئەویش هەر هیچ نەبێ مادەم لالەیە، گوڵە..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (نالییی) و (لالە)، و (باغ) و (داغ) ـدا جیناسی لاحیق و لە کۆکردنەوەی (لالە) و (باغ) و (دەنێژم) ـدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
وەکوو لالە کە (ک) و (مز): کە وەکوو لالە. غەم و داغە (گم): خەم و داخە. (مز): غەم و دەردە. ئەویش (عم): ئەمیش. (گم): منیش !