سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

حەناییی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم

1
حەناییی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم
ئەمە ڕەنگە شەهادەت بێ کە کوشتەی دەستی دڵدارم
لاپەڕەی 271
حەنایی: خەناویی، سوور .
زار: بریندار .
شەهادەت: شەهیدیی . شایەتیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار پەنجەی خۆی بە خوێناوی دڵی برینداری من سوور کردووە و ئەڵێ خەنەم تێگرتووە. لەوانەیە ئەم پەنجە سوور بوونەی یار ببێ بە بەڵگەی بە شەهیدیی مردنی من کەوا بە دەستی کافرێکی بێڕەحمی وەک ئەو کوژراوم، یا ببێ بە شایەتیی بۆم کەوا کوشتەی دەستی ئەوم.
دەستنووس
حەنایی (کم) و (گم) و (من): خەناویی (عب): حەناویی. لەوانەیە ئەمیش (خەناویی) بووبێ. کردووە (ت) و (مز): گرتەوە. پەنجەی (چر) و (چن): پەنجە. (ت): یارم. خوێناویی (ت): خووناویی. ڕەنگە (کم) و (گم): ڕەنگی یا ڕەنگێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی یەکەمی لاپەڕە 271 کە ئەمە دەقیەتی:
حەنایی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم
ئەمە ڕەنگە شەهادەت بێ کە کوشتەی دەستی دڵدارم

شەرحەکە بۆ ئەوە نەچووە ئایا بە چیدا دیارە کە کوشتەی یارەکەیەتی! زۆر بە سەیری ئیسپاتەکە وا لە کۆتایی بەیتەکەدایە کە دەڵێ «کوشتەی دەستی دڵدارم» چونکە وشەی «دڵدار» تەرکیبێکی ئیضافییە بە واتای «خاوەنی دڵ» ئیتر کە دڵ خوێناوی بێت و خاوەنەکەشی دەستی خۆی بە خوێن حەنایی کردبێت چ دەمێنێتەوە بۆ ئیسپاتەکە؟ ئەگەر گوتبای «کوشتەی دەستەکەی یارم» ئیسپاتەکە نەدەما.
لە جیاتی «ئەمە ڕەنگە شەهادەت بێ» دەبوو «ئەمە ڕەنگی شەهادەت بێ» نووسرابایە هەم لەبەر ئەوەی کە شوبهە ناهێڵێ وەک کە «ڕەنگە» گومان دەبەخشێ و هەم خوێنەکە سوورە و ڕەنگەکەی لە شیعرەکەدا دیارە.
2
گوتم: ئایا بە زاری خۆت دەپرسیی حاڵی زاری من؟
برۆی هێنایە یەک، وەک شکڵی (لا) یەعنی کە بێ زارم
لاپەڕەی 271
زار (ی یەکەم): دەم .
زار (ی دووهەم): ناڕەحەت .
لا: لامەلفەلا کە واتە نەء، کە ئەگەر وابنووسرێ , (لا) ، تاڕادەیەک وەک کەوانی لێ دەرئەچێ و لە (برۆ) ئەچێ .
زار (ی سێهەم): دیسانەوە دەم، یاخود لەگەڵ (بێ) کەدا پێکەوە وشەی (بێزار) پێک دێنن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بە یارم گوت ئاخۆ هەرگیز ڕێ ئەکەوێ ئەوەندە لوتفت لەگەڵم هەبێ بە دەمی خۆت هەواڵێکی حاڵی ناڕەحەتم بپرسیی؟ ئەویش برۆکانی وەک وشەی (لا) هێنایەیەک و هیچی نەوت، تەنها بەو برۆ هێنانە یەکەی پێیڕاگەیاندم کە دەمی ئەوەندە بچووکە قسەی پێ ناکرێ، یاخود بێزار و وەڕەسە لێم و وەڵامم ناداتەوە.
ئەشگونجێ (لا) کە و (یەعنی) یەکە بەیەکەوە ببەستین و ببن بە (لایعنی) واتە: گوێی لێ نییە. بەم جۆرە مەعناکەی وای لێ دێتەوە: برۆی بەشێوەیەکی بێموبالاتانە هێنایە یەک، واتە دەمی نییە، یا تاقەتی نییە وەڵام بداتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان سێ وشەی (زار) دا جیناسی تەواو و لە (بێ‌زارم) ـدا لەطافەت هەیە. لەبەینی (خۆت) و (من) یشدا تەقابول و لە کۆکردنەوەی (وتم) و (برۆی هێنایەیەک) ـدا کە یەکەمیان قسەکردن و خۆ بە کەم دانان و دووهەمیان فیز و خۆ بە زل زانین ئەگەیەنێ، طیباق هەیە. هەروا لە (ڕووی هێنایە یەک) و (بێ زارم) دا بە هەردوو مەعناکەی تەناسوبێکی جوان هەیە، چونکە ناوچاو هێنانەیەک و ڕووگرژکردن لەگەڵ (نا) وتن و (بێ زاریی) یا (بێزاریی) دا گەلێ گونجاوە.
دەستنووس
گوتم (چر) و (چن) و (کم) و (من): وتم.
3
عەجەب ئەستێرە شەو هەڵدێ لە تاوی خوسرەوی خاوەر
بە ڕووی تۆم دیدە هەڵنایێ شەو و ڕۆژ، ئەرچی بێدارم
لاپەڕەی 272
خوسرەوی خاوەر: پادشای ڕۆژەڵات، کینایەیە لە خۆر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: من سەرسام ماوم ! من بە شەو و بە ڕۆژ بێدارم و لەگەڵتام، لەگەڵ ئەوەش نە بە شەو و نە بە ڕۆژ چاوم لە ڕووتا هەڵنایەت و ناوێرم سەیرت بکەم، کەچیی ئەستێرە کە تا خۆر دیار بێ ئەو دیار نییە و بە ڕۆژ نووستووە، لە خۆر ناترسێ و بە شەو هەڵدێ و ئەکەوێتە جریوە جریو !
نالییی لەم شیعرەیدا ڕووی یاری بەرابەر بە خۆر و چاوی خۆی بەرابەر بە ئەستێرە داناوە و بڕیاری داوە کەوا ڕووی یار لە خۆر کاریگەرترە. ئەوەتە چاوی خۆی کە هەمیشە بە شەو و ڕۆژ لە بەرابەر ڕووی یارەوەیە و ساتێ لێی دوور ناکەوێتەوە، هەرگیز یارای هەڵهاتنی لەعاستی ئەودا نییە. کەچیی ئەستێرە کە تیشکیشی لە خۆر وەرئەگرێ و بە ڕۆژیش لایا نییە، ناترسێ، بە شەو هەڵدێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ئەستێرە) و (شەو) و (ڕوو) و (دیدە) دا تەناسوب و لە بەینی (هەڵدێ) و (هەڵنایێ) و (شەو) و (ڕۆژ) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
شەو هەڵدێ (چر) و (عب): هەڵدێن شەو. لە تاوی (عب): لە تابی. بە ڕووی (عم) و (کم) و (گم) و (من): گەرچی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی 272 کە دەڵێ:
عەجەب ئەستێرە شەو هەڵدێ لە تاو خوسرەوەی خاوەر
بە ڕووی تۆم دیدە هەڵنایێ شەو و ڕۆژ، گەرچی بێدارم

دەبوو لە جیاتی «بێدارم» بنووسرێ «بیدارم» چونکە وشەکە فارسییە و وەهای دەڵێن. کوردەکە بە عمومی «بێدار» دەخوێننەوە، تەنانەت حاجی قادر کە لە مەدحی خودادا دەڵێ:
بێ دار و بێ دیاری، بیدار و پایەداری

ئەم «بیدار»ە دەکەنە «بێدار».
شەرحی بەیتەکە مامناوەنجییە، بگرە نەختێک بەرەژێرترە: لەوەدا کە دەڵێ: ئەستێرە کە تیشکیشی لە ڕۆژ وەردەگرێ... هتد. ڕاستییەکەی چەند ئەستێرەیەک تیشک لە ڕۆژ وەردەگرن و تەنها پێنجیان لە ئێمەوە بە شەو دیار دەبن، بە پێی حەرەکەی ئەرز و ئەستێرەکان.
شەرحەکە وەهای داناوە کە ئەستێرە ترسی لە ڕۆژ نییە و کە ڕۆژ دیارە ئەستێرەکان لێی دەخەون... و بە شەویش کە دیار نییە جریوەجریویان دێت... ئەم بۆچوونە لەگەڵ دەقی بەیتەکە لە هیچ ڕوویێکەوە یەکتر ناگرنەوە. نالی دەڵێ: سەیرە ئەستێرە بە شەو هەڵدێت، دەبوو لە پەرۆشی دەرنەکەوتنی ڕۆژ هەڵنەیەن. کەچی چاوی من لە بەرانبەر ڕووی تۆدا هەڵنایەت هەرچەند بە شەو و بە ڕۆژ هەر بە خەبەرم.
نالی لەم بەیتەدا بە هونەری «استخدام»ی هەڵهاتن و هەڵنەهاتن جۆرەک «مغالطة»ی ئەدیبانەی زێدە ناسک دەکات کە دەمانخاتە گلەیی لە ئەستێرە بەوەدا کە شەوانە هەڵدێن و پەرۆشی ڕۆژیان نییە کە پەنهانە لە حاڵێکدا چاوەکانی نالی هەرگیز لە ڕووی یار هەڵنایەن. ناکرێنەوە، نە شەو، نە ڕۆژ... هتد، کەچی حەقیقەتی حاڵی ئەستێرە ئەوەیە کە بە ڕۆژ هەر یەکجارەکی نەبوو دەبن چ جایی هەڵهاتن و هەڵنەهاتن. چاوی نالی لە ڕاستیدا قەرزدارە لە ئاست نەمانی ئەستێرەی ڕوەو ڕۆژ چونکە هەر نەبێ چاوەکە هەیە و لە هەیبەتی یارەکەی هەڵنایەن بیبینن. ئەگەر ئەستێرە زمانی هەبایە دەیگوت: چەند سەیرە نالی شەو و ڕۆژ هەمیشە کات لە ڕووی یاردا لە جیاتی سڕانەوەی وجودی، تەنها چاوەکان لێک دەنێ.
حیکمەت و هێزی شاعیرییەتی نالی لەم بەیتەدا تەقڵەی بە هەموو قیاسێکی عادەتی لێداوە کە هاتووە حوکمی دادگاهـ بە تەبریەی تاونبار و تاوانبارکردنی بێتاوان دەردەچوێنێت و حوکمەکەش بە ڕاست و دادپەروەر وەردەگیرێ.
4
طەبیبی من دەبێ دەخڵی هەبێ، صاحیب ئیشارەت بێ
مەگەر چاوت بزانێ من لەبەر چی مەست و بیمارم!
لاپەڕەی 273
دەخڵ: پەیوەند .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مەگەر هەر چاوەکانت عیلاجی دەردی من بکەن، چونکە حەکیمی من ئەبێ حەکیمێ بێ پەیوەندی بە نەخۆشەکەیەوە هەبێ و لە دەردی بزانێ و ئیشارەتی پێ بکرێ و بتوانێ ڕێی بۆ دانێ. بۆیە مەگەر هەر چاوە مەستە بیمارەکانت کە پەیوەندی مەستیی و بیمارییان لەگەڵ من هەیە، بزانن بۆچی من ئاگام لە خۆم نییە و بیماری چیم.. ئەبێ چاوەکانت کە بە ئیشارەتی خۆیان وایان لە من کرد، ئیشارەت بکەن و ڕێ و شوێنم بۆ دانێن و دەرمانی دەردم بدۆزنەوە. (لە ئەدەبیاتدا چاو بە مەست و بیمار وەصف ئەکرێ).
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ئیشارەت) و (چاو) دا تەناسوب و لە (هەبێ) و (دەبێ) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
دەبێ (کم) و (من): ئەبێ. هەبێ (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (ک) و (مز) و (اح) و (من): ببێ. ئیشارەت (عم) و (گم): مرووەت. مەست و (اح): سست و.
ئەم شیعرە و شیعری پاشەوە لە نوسخەی (چر) دا بەرودوان. لە نوسخەی (عم) یشدا بەیتی حەوتەم لەپێش هەردوکیانەوە دانراوە.
5
بە سەروم وت کە ڕاستە سەرکەش و بەرزی، کەچی لەرزیی:
کە فەرقیشم بگاتە ئاسمان بەندەی قەدی یارم!
لاپەڕەی 273
سەرکەش: یاخیی و مل‌بەرز .
فەرق: تەپڵی سەر .
قەد: باڵا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بە داری سەروم وت ڕاستە تۆ بەرز و یاخیت و سەر بۆ کەس دانانەوێنی، کەچیی ئەو لەجیاتیی ئەوەی بەو پیا هەڵدانەی من لە خۆی بایی ببێ، کەوتە لەرزین و موچوڕکە بە لەشیا هات و وتی: سەریشم بگاتە ئاسمان، هەر بەندە و ملکەچی باڵای یارم، واتە سەرم لەبەر پێیایەتی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بەرزی) و (لەرزیی) ـدا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
وت (عم) و (گم) و (مز) و (عب): گوت. کە ڕاستە (چر) و (کم) و (گم) و (عب) و (من): کە ڕاست و. (عم): کە ڕاس و. سەرکەش و (عب): سەرکەشی.
6
لە شیرینیی ئەتۆ، ئەی خوسرەوی تەختی زەمین، ڕەنگە
بگاتە ئاسمانی بێستوون فەرهادی هاوارم
لاپەڕەی 274
شیرینیی: سەرەڕای مەعنای خۆی ئیشارەتیشە بە شیرینی داستانی شیرین و فەرهاد .
خوسرەو: پادشا . خوسرەوی پەروێز .
بێستوون: ئەو شاخەی فەرهاد تاشیی . بە ئاسمانیش ئەڵێن، چونکە بێستوون واتە بێ کۆڵەکە و ئاسمانیش کۆڵەکەی نییە .
فەرهاد: دڵداری شیرین و بە هەر بەدبەختێکی هاوارکەریش ئەڵێن و لە وشەی (فەریاد) یشەوە نزیکە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی پادشای سەر تەختی ڕووی زەویی ! ڕەنگبێ من لە عەزرەت جوانیی و شیرینیی تۆ هاوارم بگاتە ئاسمان !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە یەکخستنی (شیرینیی) و (خوسرەو) و (تەخت) و (بێستوون) و (فەرهاد) و (زەمین) و (ئاسمان) دا تەناسوب و لە بەرانبەری یەک دانانی (زەمین) و (ئاسمان) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
لە شیرینیی ئەتۆ (چن) و (ک) و (عب): بە شیرینیی ئەتۆ. (عم): بە شیرینیی تۆ. تەختی (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (ک) و (مز) و (من): ڕوویی. فەرهادی (چر) و (ت): فەرهاد و. (عم) و (کم) و (گم) و (مز) و (من): فەریاد و.
7
برۆت باڵی هوما سایەی سەری سوڵطانی حوسنت بوو
خەطت هات و وتی: من ناسیخی طوغرایی خونکارم
لاپەڕەی 274
هوما: باڵدارێکی ئێسقانخۆرە ئەڵێن سێبەر بەسەر هەرکەسەوە بکا بەختەوەر ئەبێ یا ئەبێ بە پادشا .
خەط: مووی تازە دەرهاتووی سمێڵ، ئەڵێن فڵانکەس خەتی داوە واتە سمێڵی بۆز کردووە . جارانیش لە داوێنی لێوی خوارووەوە بۆ سەر لووتکەی چەناکە نەخشێکی ستوونییان ئەکوتا، بەوەشیان ئەوت خەت .
ناسیخ: هەڵوەشێنەرەوە . ئەو ئایەتەی قورئان کە حوکمی ئایەتێکی تر لەناوا هەڵگرێ .
طوغرا: مۆری پادشا . زوڵفی لوول .
خوونکار: خوێنڕێژ . پادشا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: جاران کە هێشتا مناڵ بوویت و مووت لێ نەهاتبوو، برۆکانت باڵی هوما بوون، سێبەری سەری پادشای جوانیت بوون، بۆ هەر کەست بڕوانییایە بۆی ئەبوون بە باڵی هوما، بۆی ئەبوون بە سێبەری سەری پادشا بەسەریەوە. یاخود جاران برۆکانت باڵی، سێبەر وەک سێبەری هوما پیرۆزی، سەری پادشای جوانیت بوون، هەر کەس بهاتایاتە ژێریان، واتە بۆ هەر کەست بڕوانییایە و بکەوتایەتە بەر ئیشارەتیان، بەختی ئەپژا.. ئیستا کە سمێڵت بۆز کردووە، بەربەرەکانێی زوڵفی، وەک ئیمزای توغرایی پێچ پێچی، کچانی خوێنڕێژ ئەکا و ئەڵێ دەسەڵاتی ئەو زوڵفانەم لە مەیدانا هەڵگرتووە و ئیتر ڕۆژ ڕۆژی منە. یاخود ئیستا ئەو دەورە نەک هەر برۆکانت نایبینن، زوڵفی وەک توغراشت نایبینێ.. لەوەتەی خەتی ژێر چەناکەت هاتووەتە ئاراوە حوکمی زوڵفیشتی هەڵوەشاندووەتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
ئەم شیعرە دوو ئیستیعارەی موصەڕڕەحەی تیایە: (خەط) لە مەعنای خۆیەوە کە نووسینە، خوازراوە بۆ گەنەمووی سمێڵ، یا بۆ ئەو نەخشە ستوونییەی لەژێر لێوی خوارووەوە ئەکوترێ. (طوغرا) یش لە مەعنای خۆیەوە کە مۆری شاهانەیە، خوازراوە بۆ زوڵفی پێچ پێچی کچان. ئیستیعارەکان لەوەوە دروست‌کراون کە جاران پادشاهان وابووە بۆ ڕاسپێرییێک هەر مۆرێکیان بە کاغەزا ناوە و واش بووە کاغەزیان نووسیوە. دیارە کە کاغەزیان نووسیبێ لە مۆرە ڕووتەکە ڕەواتر بووە.
دەستنووس
سایەی سەری (عم): سایە لەسەر. وتی (عم) و (گم): گوتی. خونکارم (عب): خەطکارم.
8
سەراپا هەروەکوو حەڵقەی زڕێ پەروێزەیی خوێنم
بە یەک یەک تیری موژگانی زرێ دۆزت بریندارم
لاپەڕەی 275
زرێ: جۆرە کراسێکی کون کونی میتاڵیی بووە جەنگاوەرانی کۆن لەبەریان کردووە لە لێدانی شیر و تیر پاراستوونی .
پەروێزە: بێژنگ .
زرێدوز: زرێسم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بە نووکی تیری بژرانگی زرێسمت بریندار بووم، سەرتاپای لەشم وەک بێژنگی لێ ‌هاتووە خوێن دائەدا.
دەستنووس
بە یەک یەک (چن) و (کم) و (ک) و (اح) و (من): بە پەیکی. (گم): بە نووکی.
9
حەمایێڵ کە دەمی تێغت لە حەڵقەی گەردنی «نالیی»
مەگەر تێراو ببم بەو ڕەنگە، تینووی ساعیدی یارم
لاپەڕەی 275
حەمایێڵ: ئەوەی ڕاست و چەپ لە مل کرابێ وەک فیشەکلغ و شمشێر و شتی وا یا دوعای لەکیفگیراو .
ساعید: باسک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەمی تێغت ڕاست و چەپ بدە لە گەردنم با باش بیبڕێ و خوێنی زۆری لێ بێ، چونکە تینووی باسکی یارم مەگەر هەر بەو ڕەنگە تێراو ببم.
دەستنووس
حەڵقەی گەردەنی (« پەراوێزی » چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (من): حەلق و گەردەنی. ببم (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (عب) و (من): ببێ. بەم ڕەنگە مەعناکەی وای لێ دێتەوە: مەگەر بەو ڕەنگە باسکی تینووی یارم تێراو ببێ. بەو ڕەنگە (چن) و (ک): بەو نەوعە. (« پەراوێزی » چر) و (اح): بەم نەوعە. (عم): بەم ڕەنگە.