سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادەوو کەوتووم، تا ماوە حەیاتم

1
ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادەوو کەوتووم، تا ماوە حەیاتم
دەستێ بدەرە دەستی شکستەم، کە بەسەرچووم، قوربانی وەفاتم
لاپەڕەی 264
تازە جەوان: جوانی لە تافی لاوێتیدا .
شکستە: شکاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم پارچە شیعرەیدا ڕووی دەمی کردووەتە پێغەمبەر (د. خ) و سکاڵای خۆی لا ئەکا. دیارە ئەم شیعرەی لەو کاتەدا داناوە کە لە سەردەمی پیریدا چووەتە مەدینە و زیارەتی قەبری پیرۆزی پێغەمبەری کردووە.
نالییی ئەڵێ: ئەی ئەو جوانەی کە ئیستاش، پاش مردنت بە هەزار و چەند صەد ساڵ، هەر لە هەڕەت و تاقی جوانیدی و هێزت هەرگیز کز نابێ، من پیر و ئوفتادە و لێکەوتووم. دەسا هەی بەقوربانی وەفات بم، تا گیانێکم تیا ماوە دەستێ بدەرە دەستی شکستەم و ڕاستم کەرەوە، چونکە ئەوەندە پیر بووم پشتم کۆم بوووەتەوە و وام لێهاتووە وەک سەرم نیشتبێتە زەویی و بەسەر بڕۆم و بە ڕێدا. یاخود ئیستا دەستێ بدەرە دەستی شکستەم و فریام کەوە. کە مردیشم، چش ! بەڵاگەردانی تۆ بم و بەقوربانی وەفات چووبم.
ئەم پارچە شیعرە لەو جۆرەیە کە پێی‌ئەڵێن (موستەزاد) چونکە ئەوەتە لەدوای هەر نیوە شیعرێکیەوە بڕگەیەکی لێ زیاد کراوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (تازە جەوان) و (پیر) و (حەیات) و (وەفات) دا طیباق و لە (دەستی) دا جیناسی موحەڕڕەف هەیە.
دەستنووس
لە تەنها نوسخەی (کم) و (من) دا نووسراوە (پیرم و ئوفتادەوو کەوتووم). لە نوسخەکانی تردا نووسراوە (پیر بی ئوفتادەوو کەوتووم). ئێمە ئەوەی نوسخەکانی (کم) و (من) مان پێ ڕاستتر بو، چونکە نالییی لەپێشاندا بە (تازە جەوان) قسەی لەگەڵ پێغەمبەردا کرد و (پیر بی) یش دوعای پیربوونە. پیربوونیش ئەگەر پیربوونی ڕاستییە واتە عومری درێژ، ئەوە دوعای وا بۆ پێغەمبەر ناکرێ چونکە لەدنیادا نەماوە. خۆ ئەگەر کینایەش بێ لە بێهێزیی ئایین و بیروباوەڕ، بەو پێیە کە دژی (تازە جەوان) ە، ئەوە ئەبێ بە دوعای شەڕ و هەرگیزیش ڕێی تێناچێ نالییی دوعای شەڕ لە پێغەمبەر بکا. لەبەرئەوەش کە زەحمەتە ئەم هەموو نوسخەی دەسنووسە لەسەر هەڵەیەک یەکیان گرتبێ، ئێمە لامان وایە هەڵە لە نووسینەوەکەدایە و ئەم (پیر بی ئوفتادەوو کەوتووم) ـە لەپێشا بەم جۆرە بووە: (پیر پی افتادە کوتوم = پیری پێ ئوفتادەوو کەوتووم).
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 264 موستەزادی «ئەی تازە جەوان» هەندێ لێکدانەوە هەڵدەگرێ، نالی کە دەڵێ: «ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادە وو کەوتووم» تەمەنێک ڕادەگەیەنێ زێدە پیر... بەوەدا دیارە چوونی بۆ مەدینە ئەو چوونە نییە کە ئاوارەبوونی هەوەڵ جاری بەرەو حیجاز ڕۆیی چونکە ئەوسا زۆری مابوو بۆ پیری. بێگومان چوونی ئەمجارەی بۆ مەدینە لە مەککەوە بووە.
لە لاپەڕە 299 سەرەتای قەصیدەی «ئەی کە ڕووزەردی مەدینە و ڕووسیاهی مەککە خۆم!» هەیە. لە شەرحدا وەهای بۆ چووە کە نالی لە کاتی ماڵاواییکردن لە مەککە، بەرەو ئەستەنبۆڵ، ئەم بڕە شیعرەی گوتووە. منیش عەینی باوەڕم هەیە بەڵام لەبەر ناوهێنانی زێدە پیری ناشێ ئەو سەفەرەی لە تەمەنێکی مامناوەنجیدا کردبێت. وادەزانم هی ئەو دەمەیە کە حاجی مەلا عەبدوڵڵا، نالیی لە مەککە دیتبوو بە پیری. باپیرم لە 1289 نالی بەجێ هێشتووە، دەبێ لەو ساڵەدا یا لە سەرەتای ساڵی 1290 بەرەو تورکیا چووبێت و هەر لە ئەستەنبۆڵ ساڵی 1290 گیانی سپاردبێت.
2
تۆ یووسفی ئەو حوسنی لەسەر میصری جینانی، من پیرم و فانیی
لەم کولبەیی ئەحزانە نە زیندووم و نە مردووم، هەروا بە تەماتم
لاپەڕەی 265
یووسف: حەزرەتی یووسف کە مەشهوورە بە یووسفی میسر و لەبەر جوانیی لە ئەدەبیات و فۆلکلۆری میللیدا کراوە بە نموونە .
نەوحوسن: تازە جوان .
جینان: بەهەشت .
کولبە: کەلاوە .
ئەحزان: جەمعی (حوزن) ـ ە واتە خەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم شیعرەیدا بەراورد لەنێوان توانای پێغەمبەر و بێدەسەڵاتیی خۆیدا ئەکا و دەریئەبڕێ کەوا چەند پێویستی بە بەزەیی پێغەمبەرە. ئەڵێ: تۆ لە مەملەکەتی بەهەشتدا وەک یووسفی تازە لاوی لە میسردا و منیش پیرێکی لێکەوتووی کونجی کەلاوەی خەفەت گرتووم. نە ئەوەتە زیندوو بم و بتوانم بۆ خۆم بژیم و نە ئەوەشە بمرم و بۆ خۆم بحەسێمەوە.
ئەم شیعرە ئیشارەتێکیشی بە چاوەڕوانیی کردنی حەزرەتی یەعقووبی کوێر و پیر تیا کراوە کە هەواڵێکی یووسفی کوڕی بۆ بێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (یووسفی نەوحوسن) و (پیرم و فانیی) و (میصری جینان) و (کولبەی ئەحزان) یشدا طیباقێکی جوان هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە میصرەعی یەکەمی لاپەڕە 265:
تۆ یووسفی نەو حوسنی لەسەر میصری جینانی

وشەی «جینان» لە کۆندا «جینان» دەنووسرا. شەرحەکە بۆ «جینان - جِنان» کە کۆی جەننەتە ڕۆیشتووە. دەشێ «جەنان - جَنان» بخوێندرێتەوە بە واتای دڵ و دەروون کە ئەمیان لە ڕووی سۆزی عیشقەوەیە.
شەرحەکە وای بۆ چووە ئەم قەصیدەیەی موستەزاد لە سەرەتاوە ڕووی لە پێغەمبەرە. هەرچەند بەڵگەیەکی ڕەتکەرەوە نییە دژی ئەم ڕایە بەڵام دیسانەوە هەڵدەگرێ لە سەرەتاوە سۆزی دەروون هەڵڕێژێ ڕوەو گەنجێکی خەیاڵی. شاعیرانی عەرەب لە کۆنەوە سەرەتای شیعریان بە شێوەن بۆ کۆنەهەوار دەست پێ دەکرد. «بُصَیري» لە «بردیّة» پێشەکییەکی درێژی هەیە تا دەگاتە سکاڵا لەگەڵ پێغەمبەردا. نالیش دەشێ وەهای کردبێ، لە پێشەوە بە سێ پارچە موستەزاد ڕێی خۆش کردبێ تا دەگاتە قوببەی مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە کە ڕووی تێ دەکات و دەڵێت:
ئەی قوببەیی طەیبە کە دەڵێی حوققەیی طیبی!
مەئوایی حەبیبی!
مسکێنم و بۆ خاکی عەطرناکە کە هاتووم
بەو بۆنەوە هاتم

وشەی «مسکێن» دەبێ «مسکین» بنووسرێ کە لەو سەردەمەدا ڕێنووسی ئەمڕۆکە پەیدا نەبووبوو. لە شەرحەکەدا «مسکێن»ی بە فەلاحی بێزەوی لێک داوەتەوە، ئەمەیش دوورە لە مەبەسی نالی و ناشێ کێشەیەکی ئیمڕۆکە هەیە لەسەر مڵکیەتی زەوی لە نێوان ئاغا و فەلاحدا بە دیاری بۆ بەر لە 120 ساڵ ڕەوانە بکەین. «مسکین» دوو واتای هەیە «شەرحەکەش بۆی چووە» یەکیان هەژار، دووهەمیان مسکاوی کە دەکات مشکین. نیوەی دووهەمی ئەم پارچە موستەزادە وشەکانی: مسکین، بۆ، عەطرناک «عیطرناک ڕاستە»، بۆنە هەمووی هەر دەوری بێن و بەرامە دەدەن.
3
فەرقێکی نەکرد نەفسی نەفیسم بە عینایەت، وەحشیی لە ویلایەت
لەم گۆشەیی وێرانەیە هەر مامەوە وەک بووم، وەیشوومی وڵاتم
لاپەڕەی 266
نەفیس: حەسوود .
عینایەت: گوێ پێ دان و خزمەتکردن .
وەحشیی: کێویی .
ویلایەت: ئاوەدانیی .
بووم: کوندەبەبوو .
وەیشووم: وەیشوومە، نەگبەتیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: نەفسی بەد و حەسوودم هەروەک خۆی ماوەتەوە و هەرچیی خزمەتی کراوە چاکتری نەکردووە. لەبەر خراپیی خۆم ڕووی ئاوەدانیم نییە و دوورەپەرێز لە کونجی وێرانەدا ماومەتەوە وەک کوندەبەبوو و بچمە هەر لایەک ئەبم بە مایەی نەگبەتیی بۆ ئەو شوێنە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (مامەوە) و (بووم) دا تەناسوبی لەفظیی و لەنێوان (وێرانە) و (بووم) و (وەیشووم) ـیشدا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
هەر (مز): ئەوا.
4
ئەی قوببەیی طەیبە کە دەڵێی حوققەیی طیبی!، مەئوایی حەبیبی!
مسکێنم و بۆ خاکی عەطرناکە کە هاتووم، بەو بۆنەوە هاتم
لاپەڕەی 266
قوببە: گومەزیی .
طەیبە: ناوی شاری مەدینەیە کە قەبری پیرۆزی پێغەمبەری تیایە .
حوققەی طیب: سندووق یا قوتووی بۆن خۆشیی .
مسکێن: فەلاحی بێ زەویی .
عەطرناک: عەتراویی، بۆنخۆش .
بەوبۆنەوە: بە بۆنی ئەو خاکەوە، یا بەهۆی ئەو خاکەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم شیعرەیدا ڕووی دەمی ئەکاتە گومەزیی مزگەوت و مەرقەدی پێغەمبەر و ئەڵێ: ئەی ئەو گومەزییەی مەرقەد و مزگەوتی پێغەمبەر لە شاری مەدینەدا، کە ئەڵێی سندووقی بۆنخۆشیت (مەبەست لە بۆنخۆشییەکە لاشەی پێغەمبەرە لەناو خاکا)، تۆ جێگای خۆشەویستەکەی منی کە پێغەمبەرە و منیش مسکێنێکی بێزەویم بۆ ئەم خاکە بۆنخۆشە عەتراوییە هاتووم، بۆنی ئەم خاکە ڕایکێشاوم، یا بەبۆنەی ئەم خاکە عەتراوییەوە هاتووم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە یەکخستنی (طەیبە) و (طیب) و (هاتووم) و (هاتم) ـدا جیناسی ناقیص و لە (بەوبۆنەوە) شدا، وەک ڕوونمان کردەوە، لەطافەت هەیە. ئەشگونجێ (مسکێن) بە (میسکین) بخوێنرێتەوە واتە میسکاویی و حەز لە میسک کردوو. بەم پێیە لەنێوان (میسکین) و (عەطرناک) یشدا تەناسوب پەیدا ئەبێ.
دەستنووس
بۆ خاکی عەطرناکە کە هاتووم (عم) و (گم): بەو خاکە عەطرناکەوە هاتووم. (کم): بەو خاکی عەطرناکەوە هاتووم. (عب) و (تۆ): بۆ خاکی عەطرناکێکە هاتووم. (من): لەو خاکی عەطرناکە کە هاتووم. بەپێی ئەم نوسخەیە (خاکی عەطرناک) صیفەتی مەککە ئەبێ.
5
هەرچەندە کە من عەبدم و ڕووزەردم و عاصیم، مەئموولە خەلاصیم
قوربانی بیلالم کە هیلالانە هەڵاتووم، هەر عەفوە خەڵاتم
لاپەڕەی 267
عاصیی: گوناهبار .
مەئموول: چاوەڕوانیی‌ کراو .
خەلاصیی: ڕزگاربوون .
بیلال: بیلالی حەبەشیی، بانگدەری پێغەمبەر (د . خ)
هیلالانە: وەک مانگی یەکشەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچەند من بەندە و ڕووزەرد و گوناهبارم، هەر چاوەڕوانی ڕزگاربوونم بەهۆی تۆوە. بەقوربانی بیلال بم کە بانگی دا و خەڵکی بانگ کرد ڕوو بکەنە تۆ بۆ ئەوەی لەسەر دەستی تۆدا ئازاد ببن و گوناهیان ببەخشرێ و منیش ڕووزەرد و لەڕ و لاواز، وەک مانگی یەکشەوە، هەڵاتم و هاتم و ڕووم کردە تۆ. دیارە خەڵاتی منێ کە ئەڵێی مانگی یەکشەوەم (و کەواتە مانگی یەکشەوەم پیشان داوی) هەر ئەوەیە ئازادم کەیت و لە گوناهم خۆش بیی.
ئەم شیعرە ئیشارەتە بەوەکە جاران مژدەی بینینی مانگی یەکشەوەیان (دیارە بۆ مانگە گرنگەکانی وەک موحەڕڕەم و مەولوود و ڕەجەب و ڕەمەزان و شەشەڵان و قوربان) ببردایە بۆ گەورەی سەردەم، مژدەبەر خەڵات ئەکرا. ئیشارەتێکیشی تیا کراوە بۆ ئەوە کە لەکاتی دیتنی مانگی نوێدا بانگێک ئەدرا بۆ ئاگاداریی. ئیشارەتێکی ناسکیشی تیایە بۆ ئەوە کە نالییی (کە بە خۆی ئەڵێ: کۆیلە) بەدەم بانگی کۆنە کۆیلەیەکی تری وەک بیلالی حەبەشییەوە ڕۆیشتووە.
دەستنووس
هیلالانە (عم) و (گم): بیلالانە. بەپێی ئەم نوسخەیە ئەبێ ڕووی شوبهاندن بە بیلال ئەوەبێ وەک چۆن بیلال لەتاو جەور و ستەمی قورەیشییەکان ڕایکرد بۆ لای پێغەمبەر، ئەمیش لەتاو زوور پێسەندنی گوناە (یا ئەگەر سەرنجێکی قەسیدە شارەزوورییەکەی بدەین، لەتاو جەور و ستەمی داگیرکەران) ڕای کردووە بۆ لای پێغەمبەر. هەڵاتووم (چن): هەڵاتم. بەڵام هەڵەیە چونکە لەگەڵ لەنگەری شیعرەکانی تردا ڕێکناکەوێ، سەرەڕای ئەوەش کە حاڵەتە تەصویرییەکەی خەبەردانەکەی، بەپێچەوانەی شیعرەکانی ترەوە تیا ئەگۆڕێ بە خەبەردان لە شتێکی ڕابردووی بڕاوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 267: «قوربانی بیلالم کە هیلالانە هەڵاتووم» دەبوو لە جیاتی «هیلالانە» نووسیبای «بیلالانە»: هەرچەند «هەڵاتن» بۆ «هیلالانە» دەست دەدات لە هەمان کات بۆ «بیلالانە»ش دەست دەدات کە لە دەستی زوڵم هەڵدەهات. زێدە هێزێکی «بیلالانە» لەوەدایە کە بە ڕێنووسی عەرەبی، کە «بلال» عەرەبە و بە ڕێنووسی کوردی کۆن دەنووسرا «بلالانە» واتە وەک بیلال و «بلا لانە» بێ لانە دەگرێتەوە کە نالی خۆی دەربەدەری بێلانە بووە.
6
موددێکە کە هەم گەردشی دەورانی سوپێهرم، موغبەڕ بووە میهرم
ئاوێنەیی دڵ شاهیدە هەرچەندە سییەهـ ڕووم، میرئاتی جەلاتم
لاپەڕەی 268
هەمگەردش: هاوڕێ .
دەوران: خولخواردنەوە، سووڕانەوە .
سوپیهر: ئاسمان . گەردوون .
موغبەڕ: تۆزاویی .
میهر: خۆر .
سییەهـ‌ڕوو: ڕوو ڕەش .
میرئات: ئاوێنە .
جەلا: ڕۆشنی و پاکیی و بێگەردی . دەرکەوتن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەمێکی زۆرە لەگەڵ چەرخی گەردوونا ئەسووڕێمەوە بە هەموو چاکە و خراپەیەکیەوە، هەتاوم لێڵ و مینام گەردی ئەم ڕێگا دوورەی لێ نیشتووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر دڵ حسێبە، سەیری دڵم بکە کە ئاوێنەی ڕووناکی و نووری تۆیە تیا دەرئەکەوێ، سەیری کە چەند پاک و خاوێنە و چەند جوان تۆی تیا دیاری.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (ئاوێنە) و (ڕوو) و (میرئات) و (جەلا) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
موغبەڕ (عم): ئەغبەر.
7
ئەی مەسجید و میحرابگەهت قیبلەیی حاجات، بۆ ئەهلی موناجات!
مەحجووبی هەوام و ئەمەتە مەشهوودی مەعلووم، بۆ ڕاهی نەجاتم
لاپەڕەی 269
مەسجید: مزگەوت .
میحرابگەهـ: شوێنی میحراب . ئەو شوێنەی مزگەوت کە پێش نوێژی تیا ئەوەستێ .
قیبلەیی حاجات: ئەو شوێنەی موحتاجان ڕووی تێ ئەکەن .
موناجات: پاڕانەوە . مەحجووب
شەرمەزار . هەوا: ئارەزووی نەفس .
مەشهەد: جێگەی کۆبوونەوەی خەڵک .
ڕاە: ڕێگا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی ئەو کەسەی کە مزگەوت و میحرابت قیبلەی موحتاجانە و لە هەموو لایەکەوە ڕووی تێ ئەکەن و تیا ئەپاڕێنەوە لە خوا.. منیش یەکێکم لەوانە و شەرمەزاری ئارەزووی نەفسم، هاتوونەتە ئێرە و ئێرە ئەو شوێنەیە ڕێگای ڕزگاریی و سەرفرازیی خۆمی لێوە ئەدۆزمەوە.
8
ئەی مەطڵەعی ئەنواری هەموو قاصیی و دانیی، شەمسی صەمەدانیی
وەک ذەڕڕەیی بێ جیلوە نە مەوجوود و نە مەعدووم، جۆیایی بەراتم
لاپەڕەی 269
مەطڵەع: ئەو شوێنەی خۆر و مانگی لێوە هەڵدێ .
قاصیی: دوور .
دانیی: نزیک .
صەمەدانیی: خوایی .
بێ جیلوە: بێمایە .
جۆیا: ئەو کەسەی بەدوای شتێکدا بگەڕێ .
بەرات: خەڵات .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی ئەو کەسەی ڕووناکیی بۆ دوور و نزیک، هەموو لای تۆوە هەڵدێت !. ئەی خۆری خواکرد بۆ ڕۆشنکردنەوەی جیهان !. منی نابووت وەک تۆزێکی بێمایە و هیچ و پووچ وام لەبەر تیشکی خۆری تۆدا، بۆ ئەوە ناشێم نە بە بوو و نە بە نەبوو دابنرێم. چاوەڕوانی خەڵات و بەراتی تۆم بمگرێتەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
نالییی لە دوو نیوەکەی ئەم بەیتەدا، بەرابەر بە هەر وشەیەکی یەکەمیان دژەکەیی لە دووهەمیانا داناوە: (مەطڵەعی ئەنوار) بەرابەر بە (ذەڕڕەیی بێ جیلوە). (قاصیی و دانیی) بەرابەر بە (مەوجوود و مەعدووم). (جۆیای بەرات) بەرابەر بە (شەمسی صەمەدانیی) چونکە صەمەدانیی نیسبەتە بۆلای (صەمەد) کە واتە (بێ ئیحتیاج) و دژی (جۆیای بەرات) ـە. لە بەراورد کردنی (شەمس) و (ذەڕڕە) شدا طیباقێکی ئێجگار قووڵ هەیە. هەروەها لە (قاصیی) و (دانیی) یشدا طیباق هەیە.
دەستنووس
بێ‌جیلوە (کم) و (من): پێچیدە.
9
لەم خاکی دەری ڕەحمەتی بێ زەحمەتە، «نالیی»، فیردەوسە مەئالی
حاشا کە لەمێدا ببمە سائیلی مەحرووم، هەرچەند لە عوصاتم
لاپەڕەی 270
فیردەوس: بەهەشت .
مەئال: سەرەنجام .
لەمێدا: لێرەدا .
سائیلی مەحرووم: سواڵکەری بێبەش .
عوصات: گوناهباران، جەمعی عاصییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەم خاکی دەرگای ڕەحمەتی بەئاسانیی و بێ مەینەت دەس کەوتووەی پێغەمبەردا، نالییی سەرەنجام بەهەشتی دەسگیر ئەبێ. من هەرچەند گوناهباریش بم، هەرگیز لەم شوێنەدا بێبەش نابم و نابم بە سواڵکەرێ بە نائومێدیی بگەڕێتەوە.
بەرابەر بە یەک دانانی (نالییی) و (مەئالی)، وەک لە سەرەتاکەدا ڕوون کراوەتەوە، بەڵگەیەکی تری ئەوەیە کەوا نازناوی نالییی بە لامی سووکە نەک بە لامی قەڵەو.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (ڕەحمەت) و (زەحمەت) ـدا جیناسی موضاریع هەیە و لە ڕستەی (دەری ڕەحمەت) ـدا ئیشارەت کراوە بۆ ئایەتی (وَ ما أرسَلنْاکَ اِلا رَحمةُ لِلْعالَمین) و لە (سائیلی مەحرووم) ـیشدا ئیشارەت کراوە بۆ ئایەتی (وَ فی ِ أمْوالِهم حَقٌ مَعلُوم، للسائِلِ والمَحْروُمِ). نالییی کە لە نیوە شیعری یەکەمدا خۆی بە (نادیار) و لە نیوەی دووهەمدا خۆی بە (دیار) داناوە، شێوەی ئیلتیفاتی بەکارهێناوە لە غائیبەوە بۆ موتەکەللیم.
دەستنووس
ڕەحمەتی (چر): ڕەحمەتە. بەپێی ئەم نوسخەیە (نالییی) موبتەدا و (بێ‌زەحمەتە) خەبەری ئەبێ. بەپێی نوسخەکانیتریش (بێ‌زەحمەتە) صیفەتی (ڕەحمەتی) و (نالییی) هەر موبتەدا و خەبەرەکەی ڕستەی (فیردەوسە مەئالی) ئەبێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە موستەزادی لاپەڕە 270:
لەم خاکی دەری ڕەحمەتی بێ زەحمەتە، «نالی»
فێردەوسە مەئالی
حاشا کە لەمێدا ببمە سائیلی مەحرووم
هەرچەند لە عوصاتم

شەرحەکە کە دەڵێ: «... من هەرچەندە گوناهباریش بم، هەرگیز لەم شوێنەدا بێبەش نابم» بێ ئەوەی هۆی بێبەش نەبوون دیار بێ، ئا لەمەدا کورتی هێناوە. هۆی بێبەش نەبوون لە سەرەتاوە بەیان کراوە بە «لە ڕەحمەتی بێ زەحمەت» ئەگەر عصیانەکەی بە جەزا شوورابایەوە نەدەبووە «بێ زەحمەت».