بە هاوین جەستە خەستەی دەردی گەرمام
1
بە هاوین جەستە خەستەی دەردی گەرمام
بە زستان دڵ شکستەی بەردی سەرمام
لاپەڕەی 261
جەستە: لەش .
خەستە: نەخۆش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم پارچە شیعرەیدا گلەیی لە بەختی خۆی و ناباریی چەرخی گەردوون ئەکا کەوا نە کات و نە شوێن هیچ کامیان بە ئارەزووی دڵی ئەو نەهاتوون و هیچیان نەیانتوانیوە حەسانەوەی دڵ و گیانی بۆ دابین بکەن. لەم شیعرەیدا گلەیی لە کات ئەکا و ئەڵێ هیچ کام لە وەرزەکانی ساڵ دڵی ئاو نادا و لە هیچ کامیاندا ناحەسێتوە، نە لە وەرزی گەرما دا و نە لە وەرزی سەرمادا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە یەکخستنی (هاوین) و (زستان) و (گەرما) و (سەرما) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (جەستە) و (خەستە) و (دەرد) و (بەرد) و (گەرما) و (سەرما) دا جیناسی لاحیق و لە وشەی (بەردیشدا لەطافەت هەیە چونکە (بَرد) بە عەرەبیی واتە سەرما.
دەستنووس
بەردی سەرمام (چن) و (عن) و (کم) و (ت) و (مز) و (من): بەرد و سەرمام. دڵ شکستە (چن): پا شکستە.
نیوەکانی ئەم شیعرە لە نوسخەی (عم و (کم) و (گم) و (عب) و (من) دا بەرودوان.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 261 بەیتی سەرەتای قەصیدە، کە ئەمە دەقیەتی:
بە هاوین جەستە خەستەی دەردی گەرمام
بە زستان دڵ شکستەی بەردی سەرمام
شەرحەکە شێوەی ئاشکرای وشەکانی کردووە بە واتای بەیتەکە و هەر ئەمەیشی لە پێشدا بووە، بەڵام لە جیرانەتی «دڵ شکستە» و «بەردی سەرما» نالی بۆ ئەوەمان دەبات کە دڵەکە بە «بەرد - حجر» شکستە بووبێ جگە لە «بەرد» بە واتای ساردیی زستانە، کە شکستەکە دەبێتە شکاوی حەقیقی نەک هی داخوازیی شیعر. زستانیش لە ڕەهێڵی تەرزە و بەفر ئامرازی شکاندنی لە دەستدایە.
2
لە هێلانەی زەمیندا وەک شتور مورغ
منی قودس ئاشیان بێ باڵ و پەڕ مام
لاپەڕەی 261
شتورمورغ: باڵندەیەکی گەورەیە پێی درێژ و کلکی کورت و باڵی بچووکە . ناتوانێ بفڕێ، بەڵام زۆر تیژڕەوە، بە سەعاتێ ٤٠ کیلۆمەتر ڕێ ئەکا . باڵای دوو میتر و نیو بەرزە . ئاڵف گیانەوەر ئەخوا . بەسەر تەپۆڵکەی چەو و وردە بەردەوە هێلانە ئەکا .
قودس ئاشیان: ئەوەی ئاسمان جێی بێ .
قودس: پیرۆز .
ئاشیان: هێلانە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم شیعرەشیدا گلەیی لە دەست تەنگەلانیی و بێدەسەڵاتیی خۆی ئەکا کە چۆن ئەو هەل و دەرفەتەی بۆی لواوە بەشی بەجێهێنانی ئەرکەکانی سەرشانی ناکا و لە ئاستی ئەودا نییە. ئەڵێ: من کەسێکم جێگام ئەبێ بە ئاسمانی بەرزەوە بێ و هێلانەم لەوێ بێ، کەچیی وەک وشترمورغم لێهاتووە، هەم هێلانەشم بەسەر تەختی زەوییەوەیە و هەم پەڕ و باڵیشم نییە پێی بفڕم.
3
لە قوربی (قاب قوسین) ی دو ئەبرۆت
منی (أدنی) چ دوور و دەربەدەر مام!
لاپەڕەی 262
قورب: نزیکیی .
قاب قوسین: ئەوەندەی دوو کەوان .
ادنی: ئەدنا، نزیک . سووک .
مام: مامەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: پێوانەی نێوانمان ئەوەندەی پێوانەی نێوانی دوو کەوانی برۆکانتە. کەچی منی ئەوەندە لێتەوە نزیک، دوور و دەربەدەر کەوتووم لێت و دەستم ناتگاتێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
نالییی لەم شیعرەدا ئیقتباسی لە ئایەتی (ثُم ّ دَنی فَتَدَلّی، فکانَ قابَ قَوسَین أو أدنی) کردووە.
دەستنووس
ئەم شیعرە و شیعری پێشەوەی لە نوسخەکانی (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (من) دا بەرودوان.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 262 بەیتی یەکەم بەم دەقە:
لە قوربی «قاب قوسین»ی دو ئەبرۆت
منی «أدنی» چ دوور و دەربەدەر مام!
شەرحەکە لەوەدا نیشانەی پێکاوە کە بەیتەکە ئیشارەت دەکا بۆ ئایەتی «ثم دنی فتدلی فکان قاب قوسین أو أدنی» بەڵام بۆ ئەوە نەچووە کە لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 261 دەڵێ:
لە هێلانەی زەمیندا وەک شتور مورغ
منی قودس ئاشیان بێ باڵ و پەڕ مام
شەرحەکە «قودس ئاشیان»ی بە «هێلانەی ئاسمان» لێک داوەتەوە و «ڕاستیشی لێک داوەتەوە» بە هۆی ئەم «قاب قوسین»ـەوە «دوور و دەربەدەر» ما لە بەهەشت، لە ئاسمان. دەبوو شەرحەکە بڵێ «فکان قاب قوسین» و هەموو ئایەتەکە هی دەمی میعراجی پێغەمبەرە کە لە خوا نزیک بۆتەوە. بەڵام نالی لێک نزیکبوونەوەی دوو ئەبرۆی یار، کە ناڕەزایی دەگەیەنێ، دەهێنێتەوە بە هۆی دووربوونەوەی لە بەهەشت لە حاڵێکدا چەند «أدنی - هەرە نزیک» بوو. «ئەدنا»ش جگە لە نزیکتر واتای «زێدە دەنی - هەرە سووک» دەگەیەنێ کە پڕ بە پێستی دوورکەوتنەوەیە لە ئاسمان، لە بەهەشت.
4
بەڵا گەردانی باڵات بم ئەگەر چووم
فیدای هیندوویی خاڵت بم ئەگەر مام
لاپەڕەی 262
هیندوو: هیندیی . خاڵ . بە خاڵ ئەڵێن (خاڵی هیندوو) واتە خاڵی وەک هیندیی ڕەش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم شیعرە بەسراوە بە شیعری پاشەوەیەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (بەڵا) و (باڵا) دا جیناسی ناقیص و لە کۆکردنەوەی (چووم) و (مام) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (خاڵ) و (مام) ـیشدا تەناسوب هەیە هەرچەند بە مەعنا (خاڵۆ) و (مامە) ش نین.
دەستنووس
ئەم شیعرە لە نوسخەکانی (عم) و (کم) و (گم) و (عب) و (من) دا شیعری حەوتەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمی لاپەڕە 262 کە دەڵێ:
بەڵا گەردانی باڵات بم ئەگەر چووم
فیدای هیندوویی خاڵت بم ئەگەر مام
شەرحەکە واتای ئەم بەیتەی لەگەڵ بەیتی دوواتریەوە تێک بەستووە کە دەڵێ:
نەفەس هەر وا لە ڕێدا دێت و نایێ
لە سەیر و مەیری ئەسبابی سەفەر مام
کە تێکبەستن هەبێ، مانیعیش نییە لە هەبوونیدا، جێی خۆی بوو بەیتی پایین لە پێشەوە بێت کە باسی سەفەری تێدایە و ببێتە پێشەکی بۆ چوون و نەچوون کە لە بەیتەکەی پێشتردا هاتووە:
نەفەس هەروا لە ڕێدا دێت و نایێ
لە سەیر و مەیری ئەسبابی سەفەر مام
بەڵا گەردانی باڵات بم ئەگەر چووم
فیدای هیندوویی خاڵت بم ئەگەر مام
لە «دێت و نایێ»دا ڕادەگەیەنێ کە مردن «بە نەهاتنی نەفەس» شتێکی چاوەڕوانکراوە. بە خۆڕاییش نییە نالی لە حاڵی چووندا خۆ دەکاتە بەڵاگەردانی باڵای یار و لە حاڵی مانەوەدا دەبێتە فیدای هیندووی خاڵ: هەرچی باڵایە بزووتنەوەی لێ تەصەوور دەکرێ. هیندووی خاڵ نابزوێت. باڵا و بزووتنەوە و هیندووی خاڵ و مانەوە مناسبی یەکترن.
5
ئەفەس هەروا لە ڕێدا دێت و نایێ
لە سەیر و مەیری ئەسبابی سەفەرمام
لاپەڕەی 263
مەیر: دووپاتکردنەوەی وشەی (سەیر) ە بەپێی ڕێ و شوێنی زمانی کوردیی وەک (نان) و (مان) و (پیاو) و (میاو) و شتی وا . ئەم دووپاتکردنەوەیە جۆرە بێموبالاتیی و بە سووک سەیر کردنێکیش ئەگەیەنێ . مەیر هەروەها بە مەعنا خواردەمەنیی و ئازووقەیش هاتووە .
سەفەرمام: سەفەرمدام .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە هەناسەم بەڕێوەیە ئەیەوێ بێت و دەرچێت، کەچیی دەریش ناچێ. دوودڵە، نازانێ چیی بکا؟ خۆیشم خەریکی تەماشای توێشووی سەفەری دواییمم، بەڵام ئەوەندەش گوێی نادەمێ. مەبەستی ئەوەیە بڵێ خۆم بۆ سەفەری ئەو دنیام باش ئامادە نەکردووە. جا ئەگەر ڕۆیشتم، ئەوا عومری درێژم بۆ تۆ بەجێ هێشتبێ و بەقوربانی باڵای تۆ بم. ئەگەر مایشم، ئەوا بۆ تۆ ئەژیم و لە دەوری خاڵی ڕەشت ئەگەڕێم.
ئێمە وای بۆ ئەچین نالییی خۆی ئەم شیعرە و شیعری پێشووی لە شوێنی یەکتری ئیستایان دانابێ، چونکە وا باشتر مەعنا ئەدەن بەدەستەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەکۆکردنەوەی (دێت) و (نایێ) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (سەیر) و (مەیر) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
سەیر و مەیری (چر) و (عب): سەیری مەیر و. (ت): لە سەبری سەیری. سەبر: واتە تاقیی کردنەوە. (اح): لە سەیر و مەیرو.
6
دەمێکە وا لەسەر پێیەک دەسووتێم
لە شەوقی تۆ بە میثلی مۆم و هەر مام
لاپەڕەی 263
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەمێکە بەدەوام لە عیشقی تۆدا وەک مۆم ئەسووتێم، یا وەک مۆم لەسەر یەک پێ وەستاوم ئەسووتێم، کەچیی هەر ناشبڕێمەوە و دواییم نایەت. ئەشگونجێ (مۆم) بە (مووم) بخوێنرێتەوە. بەم پێیە مەعناکەی وا لێ ئەدرێتەوە کەوا لە عیشقی تۆدا وەک موو باریک و لەڕ و لاواز بووم.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (مووم) و (مام) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
لەسەر پێیەک (« پەراوێزی » چر) و (عم): لەسەر یەک پێ. (مز): لەسەر خۆم هەر. تۆ (« پەراوێزی » چن): ڕووت.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 263:
دەمێکە وا لەسەر پێیەک دەسووتێم
لە شەوقی تۆ بە میثلی مۆم و، هەر مام
دەبوو شەرحەکە تێکستی «لە شەوقی ڕووت» هەڵبژێرێت و لە جیاتی «مۆم» - کە ناشێ نالی وەهای نووسیبێت «مووم» بنووسێت. شەرحەکە خۆی لە «مۆم»دا گوتوەتی دەشێ «مووم» بێ بە واتای وەک مووم: (واتە وەک شەعرم) چونکە کە وەک موو بێ لە شەوقی ڕوو باشتر دەسووتێت کە ڕووناکە وەک ئاگر.
تەعبیری «لەسەر پێیەک» جگە لەوەی بێئۆقرەیی بە دەستەوە دەدات نالیش بە تەواوی دەکاتە شەبیهی مۆم کە مۆمیش لەسەر پێیەک دەستووتێ وەک نالی. دەبێ بشزانین، بەشی زۆری کورد لە جیاتی «مۆم» دەڵێن «مووم».
7
وەرە قوربان! بە جان هەردوو برا بین
کە تۆ بێ مادەر و من بێ پودەر مام
لاپەڕەی 264
بە جان: بە گیان .
مادەر: دایک .
پودەر: باوک .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەردوکمان هاودەرد و هاوئاوازین. تۆ دایکت نییە و من باوک. کەواتە وەرە گیانە، با هەردوو ببین بە برای گیانیی بە گیانیی یەک.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (برا) و (مادەر) و (پودەر) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
هەردوو (عب): یەک دوو. بەم پێیە شیعرەکە مەعنایەکی تری زۆر جوان ئەبەخشێ. واتە: وەرە بە گیان یەک کەس بین، بە دیمەنیش دوو برا بین.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست بەیتی سەرەتای لاپەڕە 264 شەرحەکە لە دیاردەیەکی گرنگ و بەرچاو خامۆشە، ئەمەش دەقیەتی:
وەرە قوربان! بە جان هەر دوو برا بین
کە تۆ بێ مادەر و من بێ پودەر7 مام
شەرحەکە نەهاتووە ئیشارەت بدات بۆ ئەو ڕاستییە زلەی کە وتووێژی نالی لەم بەیتەدا لەگەڵ کەسێکە نێرینە «برا بین!» ئەگەر مەبەسی مێینە بایە دەیتوانی بڵێ: «وەرە قوربان بە جان خوشک و برا بین» ئەوسا سازدانێک لە ڕێی تەئویلی برایەتییەکی مەعنەوی بێدایکیی ئەو و بێباوکیی ئەم دەشیا. کە دەشڵێ «بە جان» پتر ڕێ خۆش دەکات بۆ تەئویلی ئەو خزمایەتییەی مانیع لە عیشقی نێوان خوشک و برا... بە هەمەحاڵ ئەگەر بێباوکیی خۆی و بێدایکیی دڵدارەکەی بە ڕاست بزانین، دیارە نالی ئەم شیعرەی لە دەمێکدا گوتووە کە لە عومرێکدا بووە «بێباوکی»ی پێوە دیار بێت نەک لە کامڵەیەتی پەنجا ساڵیدا. دەبێ بەر لە ئاوارەبوونی ئەم شیعرەی گوتبێ. بە زاهیر ئەگەر لە دەمی ڕیشی ماشوبرنجی گوتبێ دەبێ یارەکەشی لە تەمەنی «بێدایکەتی» تێپەڕی بێت. خۆ ناکرێ نالی لە دووری وڵاتە ئەم ئاهـ و نزایە بۆ بێدایکیی یارەکی بکات...
دیمەنەکە بۆ زەینی خوێنەر بەجێ دەهێڵم لەوەندە نەبێ کە دەشێ بەیتەکە قبووڵ بکرێ بە خەیاڵێکی سەربەخۆی شاعیر کە پێوەندایەتیی بە بەیتەکانی بەر لە خۆیەوە نەبێ.
8
لە (دار العلم) ی تەحصیلی مەعاریف
وەکوو «نالیی» جەهوول و بێخەبەر مام
لاپەڕەی 264
دار العلم: خوێندنخانە .
تەحصیل: دەستخستن .
مەعاریف: زانست .
جەهوول: هیچ نەزان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لەوانەیە نالییی مەبەستی لەم شیعرە هەر خۆ بە کەم دانان بێ و لەوانەشە لە نامۆییدا داینابێ و مەبەستی بێئاگایی بێ لە هەواڵی سولەیمانیی.
دەستنووس
بێخەبەر (چن) و (عم) و (عب) و (اح): بێبەصەر. (ت): دەربەدەر.