سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

ئەی شۆخی بێ نیاز و گرانناز و غەمزە سووک!

1
ئەی شۆخی بێ نیاز و گرانناز و غەمزە سووک!
تیری موژەت نیشانەیی دڵ کون دەکا بە نووک
لاپەڕەی 255
گرانناز: ئەوەی نازی بە گران بکەوێتە سەر خەڵک .
غەمزە سووک: ئەوەی بە تیلی چاو ئیشارەتێکی زۆر کەم بکات .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی نازداری بە کەس موحتاج نەبووی، ناز بە گران کەوتووە سەر دڵدارانی، وردە ئیشارەت بە چاو کردوو ! تیری برژانگت بە نووکی تیژی خۆی نیشانەکەی کون ئەکا کە دڵی دڵدارە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە هەر کام لە (تیری موژە) و (نیشانەی دڵ) دا شوبهاندن و لە کۆکردنەوەی (نیاز) و (ناز) دا جیناسی ناقیص و لە (سووک) و (نووک) دا جیناسی لاحیق و لە (گران) و (سووک) دا طیباق هەیە.
دەستنووس
بێنیاز و (چن) و (ک): دیدە مەست و. دەکا (کم) و (من): ئەکا.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 255 بەیتی یەکەم:
ئەی شۆخی بێ نیاز و گران ناز و غەمزە سووک؟
تیری موژەت نیشانەیی دڵ کون دەکا بە نووک

شەرحەکەی ڕێکە، بەڵام «بێ نیاز»ی کە لێک داوەتەوە «بە کەس موحتاج نەبووی» و ڕاستیشە لەم تەرزە جێگەیەدا واتایەکی دیکەش دەبەخشێت کە «جێی نیازی کەسیش نیت» چونکە لە خۆیان ڕانابینن تەما لەو هەموو جوانی و شۆخی و ناز و فەتتانییە بنێن.
دڵم بۆ ئەوەش دەچێت کە نالی لە دراوسێیەتی دوو وشەی «کون» و «نووک» - جاران نوک دەنووسرا - تەپکەیەکی نابێتەوە، وەک بڵێی، خۆڕایی نییە هەر کامێکیان هەڵگێڕێتەوە ئەوەی تر دەردەچێت... خەیاڵ دەگێڕم و بە شتێکەوە بەند نابێ.
لە کۆتایی بەیتی دووهەمی هەمان لاپەڕە «سولووک» نووسراوە گۆیا وێڕای شێخ سولووکیش بەستەی کەمەندی زوڵفی یارە. «سولووک - سلوک بە نووسینی عەرەبی» ناوی واتایە نەک ماددە، ناشێ و نابێ بەستەی هیچ شتێک بێت... ڕاستییەکەی «سەلووک»ـە کە بە واتای «سالیک» دێت. شەرحەکە لە کۆتاییدا دەڵێ: دەشێ وشەکە سەلووک بێ... دەبوو لە سەرەتاوە «سولووک» ڕەت بکاتەوە.
2
کوشتەی نیگاهی دیدەتە، گەر مەست، ئەگەر خەراب
بەستەی کەمەندی زوڵفتە، گەر شێخ، ئەگەر سولووک
لاپەڕەی 255
کوشتە: کوژراو .
نیگاهی دیدە: بە لاچاو تەماشاکردن .
خەراب: ئەو سەرخۆشەی لەتامبەدەر سەرخۆش بێ، کە پێیشی ئەڵێن بەدمەست .
بەستە: کەمەندکێش، گیرۆدە .
شێخ: پیری تەریقەت .
سولووک: سالیک، مرید، ئەوەی خەریکی خواپەرستییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چ ئەوانەی مەستی عادەتین و چ ئەوانەی لەتامبەدەر سەرخۆشن هەموو کوژراوی تۆن کە بە لاچاو بۆیان ئەڕوانیی. شێخانی تەریقەتیش کە خەڵک کەمەندکێش ئەکەن بۆلای خۆیان و مریدەکانی بەردەستیشیان کە ئەوان کەمەندکێشیان کردوون، هەموو بەکێشکراوی کەمەندی زوڵفی تۆن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (کوشتە) و (بەستە) و (مەست) و (خەراب)، و (شێخ) و (سولووک) دا تەناسوب و لەنێوان (مەست) و (بەستە) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
گەر - لە هەردوو نیوە شیعرەکەدا – (کم) و (گم) و (عب) و (من): ئەگەر. بەپێی ئەم نوسخانە ئەبێ (دیدەتە) و (زوڵفتە) یش بە (دیدەت) و (زوڵفت) بخوێنرێنەوە و لەگەڵ هەمزەی (ئەگەر) ەکە تێکەڵی یەک بکرێن. خەراب (چر): شەراب. بەپێی ئەم نوسخەیە، بە بەراورد لەگەڵ وشەی (سولووک) لە نیوەی دووهەمی ئەم شیعرەدا، زیادەڕەوییەکی یەجگار زۆر پەیدا ئەبێ. سولووک (مز): مولووک. ئەشگونجێ وشەی (سولووک) خۆی (سەلووک) بێ کە ڕاستەوخۆ واتە: سالیک.
3
نەقدی دڵێ کە ڕائیجی سەودایی تۆ نەبێ،
مەغشووش و کەم عەیارە و هەم قەڵب و هەم چرووک
لاپەڕەی 256
نەقد: نەخت، پارە .
ڕائیج: ڕەواجدار .
سەودا: مامەڵە . مەیدانی خۆشەویستیی .
مەغشووش: تێکەڵ لە مس و شتی وا . ناپاک .
کەمعەیار: ئەو زێڕەی بێگەرد نەبێ . سووک .
چرووک: پووچ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زێڕی دڵی کە لە بازاڕی خۆشەویستیی تۆدا نەڕوا و تۆ پەسەندی نەکەیت و وەری نەگری، زێڕێکی خاوێن نییە، مسی ئامانجی ناپاکی تیایە، لەگەڵ زێڕی بێگەردی خۆشەویستیی ڕاستەقینەدا بەراورد ناکرێ، قەڵبە، بۆش و پووچە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە دانانی دڵدا بە نەقد، شوبهاندن و لە نیسبەتدانی بێڕەواجیی و قەڵبیی و کەمعەیاریدا بۆ لای دڵ مەجاز هەیە.
دەستنووس
تۆ (چن) و (عم): کەم عەیارەوو هەم (چر) و (عب): کەم عەیارەیە، هەم. (چن): کەم عەیارە هەموو. قەڵب و (چر) و (ت): قەڵبە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی یەکەمی لاپەڕە 256:
نەقدی دڵێ کە ڕائیجی سەودایی تۆ نەبێ،
مەغشووش و کەم عەیارە وو هەم قەڵب و هەم چرووک

شەرحەکە نەقدی بە زێڕ لێکداوەتەوە، نەقد یا پارەیە یا ڕەخنە و نرخاندنە. وشەی سەوداش کە شەرحەکە دەڵێ: «زێڕی دڵێ کە لە بازاڕی خۆشەویستیی تۆدا نەڕوا و تۆ پەسەندی نەکەیت و وەری نەگریت زێڕێکی خاوێن نییە» و لە قەبەڵ مامەڵەی کڕین و فرۆشتن کراوە، واتایەکی دیکەشی هەیە کە عیشقە. ئەم واتایە نەقدەکە دەکاتە خولیا و شەیدایی کە ئەویش ئەگەر بەلای ئەو گراننازەوە ڕەواجی نەبوو قەڵب و چرووک دەردەچێت. دەبێ خوێنەر بزانێ «نەقدی دڵێ...» لە هەر مەعنایەکیانەوە بۆی بچیت هەر دەبێتەوە خولیا و شێواوی و شەیدایی دڵ، بە مەجاز وەصفی «مەغشووش، کەم عەیار، قەڵب، چرووک» ئاڕاستەی نەقدینەی پارەی کردووە کە دەزانین دڵ پارەی لزووم نییە و پێشی هەڵناگیرێ!! نالی، نەقدی دڵ کە خولیا و خەیاڵ و عیشقە بۆ لای سەودای دەباتەوە کە ئەویش شتێکی دەروونییە، بەڵام وەصفی مەغشووش و کەم عەیار... هتد کە هەمووی هی ماددەیە «لە ڕێی ئیستیخدامەوە» بە مل سەودای مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و بە مل سەودای عیشق و دڵداریدا دەهێنێ... ماددە دەبێتە ناماددی و بەعەکسیشەوە.
4
صۆفیی‌! وەرە ئەسەیری ظوهووراتی باغ و ڕاغ
لایێ هەموو شکۆفەوو، لایێ هەموو گوڵووک
لاپەڕەی 256
ظوهوورات: دەرکەوتن و دیارییدان .
ڕاغ: مێرغوزار . بناری سەوز .
شکۆفە: خونچە . گوڵی درەختی بەردار .
گوڵووک: وردە گوڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی وشکەسۆفیی لە خێر و خۆشیی بێبەش ! وەرە دەرێ توێژێ فڕێدە و بایێکی باڵی خۆت بدە، سەیرێکی دنیا بکە چۆن هەمیشە لە گۆڕان و نوێ بوونەوەدایە، تەماشاکە باخ و مێرغوزار چۆن خۆیان ڕازاندووەتەوە، لەلایەکەوە خونچەیە ئەپشکوێ و لە لایەکی کەوە درەختە گوڵی کردووە و وردە گوڵی گرتووە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (باغ) و (ڕاغ) دا جیناسی لاحیق و لەنێوان (باغ) و (شکۆفە) و (گوڵووک) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
ئە سەیری (چر) و (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (من): بچینە. شکۆفەوو (ک) و (عب): شکۆفەیە.
5
دەستی چناری ڕووت و سەری شاخ و لێوی گوڵ
ڕازانەوە بە خەلعەتی دیباوو بەرگ و تووک
لاپەڕەی 257
خەلعەت: خەڵات .
دیبا: ئاوریشمی هەمەڕەنگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چنارە ڕووتەکەی جاران کە ئەوەندە لق و پۆپیشی نەبوو وەک درەختەکانی تر سەر و سیمایەکی بداتێ و لووتکەی جاران کەچەڵی شاخەکان و لێوی گوڵەکان کە ئەوسا خونچە بوون و نووقابوون، ئەمڕۆ هەموو ڕازاونەتەوە. چنارە، ئاوریشمی گەڵای لەبەر کردووە و شاخە، بەرگی گوڵ و گیای ڕەنگاوڕەنگی پۆشیوە و، گوڵە، پشکووتووە و تووکی کردووە. مەبەست لە تووکی گوڵ ئەو پڕۆشە وردەیە بەودیوی پەڕەکانیەوەیە. نالییی بۆ چنار دەستی داناوە چونکە لقەکانی بە پاڵ چنارەکە خۆیدا سەرئەکەون وەک دەستی بنیادەم کە بەپاڵیا شۆڕ ئەبێتەوە. لە شاخیش سەری باس کردووە، چونکە سەری شاخ بە زستانا سپی ئەبێ و زووتریش بەفرەکەی ئەچێتەوە و ڕەش ئەبێتەوە و لە هەر کوێیەکی کەی دیارییترە. بۆ گوڵیش لێوی باس کردووە چونکە پشکووتن لە لێوەوە دیاریی ئەدا و گوڵیش بە پشکووتنا ئەناسرێتەوە. سەرەڕای ئەوە کە مەبەستیشی بووە دەست و سەر و لێو یەک بخا.
دەستنووس
نیوەی یەکەمی ئەم شیعرەمان بەگوێرەی نوسخەی (مز) نووسییەوە کە لەوانیتر ڕاستتر بوو لامان و خستە پشت گوێ. بەرگ و (کم) و (گم) و (من): بەرگی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 257:
دەستی چناری ڕووت و، سەری شاخ و، لێوی گوڵ
ڕازانەوە بە خەلعەتی دیبا وو بە بەرگ و تووک

لە شەرحدا «سەری شاخ» بە لووتکی شاخ «چیا» لێک دراوەتەوە: وادەزانم لووتکە شاخ لە نێوان «دەستی چنار» و «لێوی گوڵ» جێی نییە و نابێتەوە، مەبەسی لە «شاخ» لکەدارە کە دەگوترێ شاخی درەخت، وشەکە فارسییە.
6
دەس بەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن
صاحێب کولاە و سایەوو بەرگن وەکوو مولووک
لاپەڕەی 257
دەسبەند: دەست‌گرتنی هەڵپەڕكێ .
کولاە: کڵاو،
سایە: سێبەر .
مولووک: جەمعی مەلیکە بەمەعنا پادشاە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سەرو و نارەوەند ئەڵێی دەستەی کوڕەلاو و کچی شۆخن لای یەکا دەستیان بۆ هەڵپەڕکێ گرتووە و لەبەر شنەی بادا ئەلەرێنەوە، کڵاوی گۆپکەی گوڵیان لەسەر ناوە و سێبەریان کردووە بۆ ئەوانەی لەبنیاندا دائەنیشن و بەرگی گەڵای سەوزی نوێیان پۆشیوە، ئەڵێی پادشاهن بەم تاج و بەرگ و سایە و ڕێ و شوێنەیانەوە.
ئەم شیعرە و شیعری پێشوومان لەبەر ڕووناکیی بابەت و تێکستی نوسخەکانی (چر) و (کم) و (گم) و (من) دا لێرەدا دانا. لە نوسخەکانی تردا لەپاش شیعری دەهەمەوەن و بەرودوایشن. لە نوسخەی (عم) یشدا ئەم شیعرە لێرەدایە و شیعری پێشووی لەپاش شیعری دەهەمەوەیە. ئێمە خۆمان لامان وایە جێگای ڕاستەقینەیان پاش شیعری نۆهەمە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 257، بەیتی دووهەم:
دەس بەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن
صاحێب کولاە و سایەوو بەرگن وەکوو مولووک

نیوەبەیتی یەکەمی بە دەقی خۆی لە لاپەڕە 191 هاتووە، لەویدا بەیتێکی «قربانی تۆزی ڕێگەتم»ـە. وشەی «صاحێب» نادروستە چونکە بێگومان نالی «صاحب»ی نووسیوە و مەبەسیشی «صاحیب» بووە بە ڕێنووسی ئەم سەردەمە. «کولاە» دەبوو «کولاهـ» بێت چونکە «ە» لە بری فەتحەی عەرەبییە نەک دەنگی «هـ» لە کوردی.
7
کانیی دەزێن بە ئاو و درەخت ئاوسن بە با
شاییی بەهارە، بولبولە داماد و غونچە بووک
لاپەڕەی 258
دەزێن بە ئاو: بەهاران کە کانیی ئەتەقێ و ئاوێکی ئێجگار لە جاران زۆرتری پیادێ .
ئاوسن بە با: بای داراوس کە لە دواڕۆژەکانی زستانا ئەوەزێ و درەختی پێئەگەشێتەوە و ئەوەندەی پێناچێ گۆپکە و گەڵا ئەکا .
داماد: زاوا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم شیعرەیدا یەکێ لە وێنە شاکارییەکانی خۆی پیشان داوە. بەهاری کردووە بە شایی و لەم شاییەدا بولبولی کردووە بە زاوا و خونچەی بۆ کردووە بە بووک و بای داراوسی دواڕۆژەکانی زستان و درەختی تەڕایی تێکەوتووەوەشی هێناوە بۆ پیشاندانی وێنەی ئاوسبوونی بووک پاش گواستنەوەی و تەقینی کانیی و ئاوی زۆر پیا هاتنیشی کردووە بە مناڵەکەی کە ئەیبێ..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (دەزێن) و (بەئاو) دا لەطافەتێکی جوان هەیە، چونکە هەرچەند لێرەدا ئاوەکە زادەکەیە و پەیدا ئەبێ، بەڵام وردە ئیشارەتێکیش بۆ ئەوە کراوە کە ئافرەت بەهۆی (ئاو) ەوە ئەزێ و ئیشارەتێکیش بۆ ئەوە کراوە کە خوا ئەفەرموێت (وَ جَعَلْنا مِنَ المْاءِ کُلٌ شَیءِ حَیٌ) واتە هەموو شتێکی زیندوومان لە ئاو دروست کردووە. لە ئاوسبوونی داریشدا بە با ئیشارەتێک بۆ ئەوە کراوە کە (باە) واتە هێزی پیاو بۆ چوونە لای ژن، وەک چۆن ئیشارەت بۆ (بای داراوس) یش کراوە.
لەنێوان (کانیی) و (ئاو) و (درەخت) و (با) و هەروەها لەنێوان (بەهار) و (بولبول) و (غونچە) و لەنێوان (دەزێن) و (ئاوسن) یشدا تەناسوب هەیە. تێکستی نیوەی یەکەمی ئەم شیعرە لە نوسخەکانی بەردەستمانا جیاوازیی زۆری تیابو.
دەستنووس
ئەمەی ئێمە نووسیومانەتەوە لەسەر نوسخەی (کم) ە. ئەمەش تێکستی نوسخەکانی تر:
(چر) و (گم) و (ت): کانیی دەزێن بە تاو و درەخت ئاوسن بە با
(چن) و (ک) و (اح): کانیی دەزێن و درەخت هەموو ئاوسن بە با
(عم): کانیی دەزێن بە ئاو و درەخت ئاوسن بە بار
(کم): کانیی دەزێن بە ئاو و درەخت ئاوسن بە با
(عب): کانیی دەزێن و درەخت ئاوسن بە با
(من): کانیی ئەزێن بە ئاو و درەخت ئاوسن بە با
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە شەرحی بەیتی لاپەڕە 258 «ئێجگار» هاتووە، ڕاستییەکەی «ئێکجار- یەکجار»ە، ناشێ بێژەی بازاڕیی ناوچەیی جێگە بە وشەی ڕاست و دروست لەق بکات. شەرحەکە خۆی تەواو بێعەیبە.
8
وەک چاوی وشکەصۆفییە کانیی لە دار و بەرد
دەردێن بە صەد تەرەننوم و گریان و نووکەنووک
لاپەڕەی 259
تەرەننوم: لەبەرخۆوە گۆرانی وتن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کانییەکان کە لەناو داروبەرد و شاخەکانەوە هەڵئەقوڵێن و هاژەیان دێ، کە ئەڕژێتە خوارەوە و ئاوازی جۆراوجۆریان لێ بەرز ئەبێتەوە، ئەڵێی چاوی وشکەسۆفین کاتێ کە ئەوانیش ئەگرین و فرمێسک ئەڕێژن و لەبەر خۆیانەوە نووکەنووک ئەکەن.
نالییی مەگەر ئەوەی مەبەست بووبێ کە دڵڕەقی وشکەسۆفیی بشوبهێنێ بەو شوێنە ڕەقەنانەی کانییان لێ هەڵئەقوڵێ، ئەگینا زۆر دوورە لێیەوە شکۆی وایان بداتێ ئاوی کانیی بکا بە فرمێسکی چاویان و نووکەنووکیان بکا بە هاژەی ئاو !
9
ڕایێڵ و تار و پۆیی کولووی بەفرە، ئابشار
با بای دەدات و ماسییی پێدا دێ وەک مەکووک
لاپەڕەی 259
ڕایێڵ: ڕایەڵ، تان، ئەو تاڵە بەن یا دەزووە ستوونییانەی لەکاتی تەنینی شاڵ یا جاو یا بەڕە و قاڵیی و شتی وادا تاڵە ئاسۆییەکانیان پیا تێئەپەڕێنرێ .
تار و پۆ: تان و پۆ .
کولووە بەفر: دانە دانەی بەفری شیی کە بەتوندی و گەورەیی ببارێ یا با لە شوێنێکەوە هەڵیگرێ بۆ شوێنێکی‌کە .
ئابشار: تاڤگە .
مەکووک: مەکۆ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تاڤگەکان بوون بە ڕایەڵ و تان و پۆکەشیان کولووی بەفرە کە با ڕای ئەماڵێ و ئەیدا بە ناویاندا وەک لە هەردوکیان قوماشێک بچنێ. مەکۆی ئەم جۆڵایی کردنەش ماسییە کە بەناو تان و پۆکەدا ئەڕوا.
دەستنووس
پۆ (عم) و (کم) و (گم) و (ت) و (مز) و (عب) و (من): پۆد.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 259 ئەمە دەقیەتی:
ڕایێڵ و تار و، پۆیی کولووی بەفرە، ئابشار
با بای دەدات و ماسیی پێیدا دێ وەک مەکووک

وشەی «پێدا» نیوەبەیتەکەی لە لایەن کێشەوە تەنبەڵ کردووە دەبوو «پیا» بنووسرێت وەک کە نالی خۆی لە جیاتی «تێدا» هاتووە «تیا»ی بەکار هێناوە:
پەچەیی پەرچەمیی و پرچی سیا
هەر دەڵێی مانگەشەوە کوڵمی تیا
هەر هەمان «تێدا»یشی بەکار هێناوە بە پێی هەڵگرتن و داخوازی کێش. لە لاپەڕە 181 ئەم بەیتە هاتووە:
یەعنی ڕیاضی ڕەوضە کە تێدا بە چەند دەمێ
موشکین دەبی بە کاکوڵی غیلمان و زوڵفی حوور

لێرەشدا دەبوو «کاکوڵ» نەک «کاکۆڵ» بێت چونکە بێلزووم نەختێک کێشی نیوەبەیتەکە تەنبەڵ دەبێ...
10
شەبنم کە نەظم و نەثرە لە ئەوراقی غونچەدا
گۆیا بووە بە زار و زوبان و ددان و پووک:
لاپەڕەی 260
نەظم: ڕێکدانراو . شیعر .
نەثر: بڵاو .
پەخشان ئەوراق: گەڵا . ک ا غەز .
گۆیا: هاتووە زمان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 260 کە ئەمە دەقیەتی:
شەبنم کە نەظم و نەثرە لە ئەوراقی غونچەدا
گۆیا بووە بە زار و زوبان و ددان و پووک:

شەرحەکە باشی بۆ نەچووە کە وەهای داناوە نالی لەم بەیتە و هی کۆتایی بڕە شیعرەکە مەدحی شاعیرییەتی خۆی پێ کردووە. مەدحەکەی خۆی لە بەیتی کۆتایی هاتووە کە دەڵێ:
نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا
مەعنایی زۆر و گەورە بە لەفظی کەم و بچووک

بەیتی یەکەمیان شاکارێکە لەوانەی لە زەحمەت زەحمەتترە لە وێنەی زیهنەوە بڕژێتە قاڵبی وشە. نالی دەڵێ: شەبنم لە ئەوراقی غونجەدا نەظم و نەثرە. دەزانین ئاخاوتن یا نەظمە یا نەثر. کەواتە نالی جگە لە صورەتی شەبنمی سەرپەلکەگوڵ دەیەوێ بە قسەشی بهێنێ. ئەمجار کە نەظم و نەثر لە ئەوراقی غونچەدا چەسپ بوو لەوە دەرچوو وتووێژی سادە بێت، نەخێر لە «وەرەق - کە واتای کاغەزی لێ نووسین دەگەیەنێ» بوو بە نووسراو. نالی بەمەشدا واز ناهێنێ: وشەی «گۆیا» جگە لەو مەعنایەی لێتەوە دیارە «ناطق»یش ڕادەگەیەنێ. نووسینەکە بوو بە «ناطق - قسەکەر» کەسیش ناتوانێ لێی نەسەلمێنێ چونکە ئەوەتە «بووە بە زار و زوبان و ددان و پووک» کە تێکڕایان صورەتی غونچە شەبنم لێ نیشتووەکە دەکێشن. شەبنمی نەظم و نەثر هی ددانە کە ئەگەر پەخشانیش بێ هەر جوانە. زار ئەو هێندە کراوەییەیە کە جێگەی شەبنمی تێدا بۆتەوە و لە شکڵی تێکڕای غونجە عەکسی داوەتەوە. زوبان تیژایی و هەیئەتی غونچەکەیە کە ئەگر غونچە نەبایە و شکۆفە با لە زمانی نەدەکرد. پووک ئەو هێندە پەڕ و پۆرگەیە کە پەڕە نەپشکووتوەکانی لە خۆیدا گرتووە.
11
«نالیی» عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا
مەعنایی زۆر و گەورە بە لەفظی کەم و بچووک
لاپەڕەی 260
عەجەب: چەند سەیر .
ئەدا دەکا: ئەگەیێنێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەم بەهارە جوانەدا شەونمی ناو پەڕەکانی گوڵ، چ ئەوانەیان ڕێک نیشتوونەتە سەر پەڕەکان و چ ئەوانەیان پرژ و بڵاون، هەموو لەعاست هونەری نالیییدا هاتوونەتە دەنگ و بە دەم و زمان و ددان و پووک ئەڵێن: نامەخوا لە نالییی ! چۆن وا بە هێزی وردیی خۆی ئەتوانێ مەعنای گەورە گەورە لە چوارچێوەی وشەی کەم و بچووکدا جێگا بکاتەوە.
بە شیعری پێشوودا کە شەونمی لەسەر (ئەوراق) بە (نەظم و نەثر) تیا پیشان درا و لە هەردوو حاڵەکەیدا بۆ هەڵدان بە شان و باڵی ڕەوانبێژیی نالیییدا هاتبوە دەنگ، لەوانەیە بگەینە ئەوە کە نالییی پەخشانی جوانیشی نووسیوە و ئەم بەکارهێنانی وشەی (نەظم و نەثر) ە کە هەریەکی دوو مەعنا ئەگەیەنن، بۆ ئەم مەبەستەیە.