سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

چییە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق

1
چییە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق
بە گوێ هەڵتاوەسیوە، سەر موعەللەق؟!
لاپەڕەی 251
نەستەق: ڕێکوپێک . موعەللەق
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گوارە گوناهی چییە، چیی کردووە، وا ڕێک و جوان هەڵتواسیوە بە گوێتدا، یا بە گوێ هەڵتواسیوە، سەری شۆڕ بووەتەوە؟ !
دەستنووس
هەڵتاوەسیوە (مز): هەڵداوەسیوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی دووهەمی لاپەڕە 251:
چییە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق
بە گوێ هەڵتاوەسیوە، سەر موعەللەق؟!

وشەی نەستەق لە «نسق - نەسەق»ـەوە هاتووە و دەلالەتی ڕێکوپێکی هەیە. ئێستاش لە وتووێژی بازاڕی ترنجاندنی «ت» لە هەندێ وشەی بێگانە باوە وەک «کەستارە» لە جیاتی کەسسارە. دەڵێن «فیتراقی کرد» لە جیاتی «فراق - فیراق».
زاهیری بەیتەکە وەها دەنوێنێ کە گوارە هەڵواسراوە بە گوێچکەی گوارە خۆیدا وەک کە باو بوو زۆردار خەڵقی هەڵدەواسی بە گوێ، بە لووت، بە گەردەن... کەچی بە گوێی یاردا هەڵواسراوە سەرەوژێرێکی دەستڕەنگینانە.
2
دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوطابی
وەها شیرین و سینە نەرم و دڵ ڕەق!
لاپەڕەی 252
نەخیل: دارخورما .
ڕوطاب: خورمای شلی تازە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لە ڕێی خوادا پێم بڵێ تۆ چیت: دار خورمای، وا دڵت کە ناوکی خورماکەیە ئەوەندە ڕەقە، یا خورمای شلی تازەی، وا تامت شیرین و سنگت کە گۆشتەکەیەتی ئەوەندە نەرمە؟ ! چەند جوانی هێناوەتەوە: دڵ کە گۆشتە ڕەق بێ، کەچی سینە کە ئێسقانە نەرم بێ !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (دەخیل) و (نەخیل) دا جیناسی موضاریع هەیە.
لە کۆکردنەوەی (نەرم) و (ڕەق) یشدا طیباق هەیە.
دەستنووس
دەخیلت بم (« پەراوێزی » چر) و (کم) و (گم) و (عب) و (من): ئەتۆ قوربان.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرووی لاپەڕە 252 حیکایەتۆکەکی دڵپەسەندی ئەم ڕۆژگارەی لەگەڵدا هەیە: هەژاری شاعیر و زمانزانی نەمر لە ڕادیۆی قاهیرە، بەر لە دەیان ساڵ، بە دەم وتووێژەوە لە ئاست پرسیارێک لە بارەی بەهرەی نالییەوە گوتبووی:
دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوطابی
وەها شیرین و، سینە نەرم و، دڵ ڕەق!

ئەم نەخیلە ماڵی عەرەبە و هەزاران شاعیری بێڕەزای هەیە: یەکێکیان دارخورمای وەها عەزیز نەکردووە و بەم جۆرەی هەڵنەداوەتەوە. ڕەحمەت لە نالی و لە هەژاریش...
3
سەراپای گرتووی زوڵف، بۆیە بوویی
موقەییەد، هەم موخەلخەل، هەم موطەووەق!
لاپەڕەی 252
موقەییەد: دەست بەسراو .
موخەلخەل: پێ بە زنجیر .
موطەووەق: تەوق لە گەردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: زوڵفت ئەوەندە درێژە لە تەوقی سەر تا کەڵەنگووسی پێتی گرتووەتەوە، بۆیە وا هەندێکی لە دەستت و هەندێکی لە پێت و هەندێکی لە گەردنت ئاڵاوە، لە ملتا بووە بە ملوانکە و لە دەستتا بووە بە بازن و لە پێتا بووە بە پاوانە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بۆیە) و (بوویی) دا تەناسوب هەیە. لەطافەتیشیان تیایە.
دەستنووس
لە نوسخەی (کم) و (من) دا نیوەی یەکەمی ئەم شیعرە بەم جۆرەیە:
سەراپای گرتووی زوڵفەینی خاوت
گرتووی زوڵف (اح): تۆیە زوڵفت. موقەییەد (چر) و (کم): موسەلسەل.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
دەقی بەیتی دووهەمی لاپەڕە 252:
سەراپای گرتووی زوڵف، بۆیە بوویی
موقەییەد هەم موخەلخەل، هەم موطەووەق!

وشەی «زوڵف» لە نیوەدێڕی یەکەمدا بەیتەکەی تەنبەڵ کردووە، لە بار مجێزی مندا نالی پێی ڕازی نییە. وام لەبیرە بەر لە ساڵەها وەهام خوێندوەتەوە: «کە بوویی». دەقی نوسخەی «کم» و «من» لە پەراوێزدا کە ئەمەیە:
سەراپای گرتووی زولفەینی خاوت
چەندێکی دووریشە لە دەقی پەسەندکراوی شەرحدەر، بێگرفتە و عەیبی تێدا نییە. نیوەبەیتەکە دەبێتە «عامل» بۆ موفرەداتی نیوەبەیتی دووهەم. موخەلخەلیش لە خڵخاڵەوە هاتووە بۆ پێی.
4
لە پێت ئاڵاوە حەڵقەی ماری گێسووت
عەجایەب حەییی بێ جان قەیدی موطڵەق!
لاپەڕەی 253
گیسوو: زوڵف،
حەی: زیندوو . مار، سووککراوەی (حەییە) یە .
بێجان: بێگیان .
قەید: زنجیر .
موطڵەق: بەڕەڵڵا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەڵقەی زوڵفت کە وەک ڕەشمار وایە، لە پێت ئاڵاوە. ئەم ئەڵقەی زوڵفی وەک ڕەشمارتە، شتێکی زۆر سەیرە: لەلایەکەوە کە مارە و ماریش (حەییە) یە و (حەی) ـیشە، زیندووە. لە لایەکی کەشەوە کە مووە، گیانی لەبەردا نییە و مردووە. قەیدە، دەست و پێ و گەردنتی بەستووەتەوە، کەچیی ئەم دەست و پێ و گەردنەشت بەڕەڵڵان و قەیدەکە لە کاری نەخستوون، یاخوود قەیدەکە خۆی موطڵەقە، بەرەڵڵایە، لەجیاتیی ئەوەی کە شوێنێکی بەستەوە هەر بەوەوە خەریک بێ، بە هەر لایەکی ترا ئارەزووی بێ پەل ئەهاوێ.
وشەی (قەید) و (موطڵەق) لە گەلێ لە زانستەکانیشدا بەکاردێن، یەکەم بۆ گەیاندنی مەعنای بەستنەوەی وشەیەک یا حوکمێک بە بارێکی تایبەتییەوە و دووهەم: بۆ گەیاندنی مەعنای بەرەڵڵایی ئەو وشەیە یان ئەو حوکمە.
ئەگونجێ مەعنای ئەم شیعرە بەم جۆرەش لێک بدرێتەوە: سەیرە‌ ! زوڵفی یار مارێکی بێگیانە، کەچیی بووە بە هۆی پێوەند کردنی یار کە بنیادەمێکی ئازاد و زیندووە.
دەستنووس
گێسووت (« پەراوێزی » چر) و (ت): زوڵفت.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی یەکەمی لاپەڕە 253:
لە پێت ئاڵاوە حەڵقەی ماری گێسووت
عەجایب حەییی بێ جان قەیدی موطڵەق!

شەرحەکەی تەواوە تەنها یەک نوقصانیی هەیە ئەویش لە «قەیدی موطلەق» دا کە مەبەس لێی عاڵقەی گێسووە بۆتە قەید و قەیدەکەش بەڕەڵڵایە چونکە گێسووەکە نەبۆتە گرێ هەر ئاڵقەیە... بەڵام وشەی «مطلق» کە بوو بە وەصفی قەید یان هەر شتێک بێ هەڵدەگرێ هەمیشەیی و هەمەگیر بێت وەک کە دەڵێی «مطلق الزمان»، «إطلاقاً»، «موطلقاً»... هتد. بەم مانایە قەیدەکە دەبێتە هەمیشەیی لە پێیدا چونکە چەندێکی زوڵف شۆربۆوە لە پێی ئاڵاوە. بەڵام دیسانەوە نەبۆتە گرێ، واتە ڕێی هیچ شتێکی لێ نەبەستووە قەیدی موطلەق لە مەعنادا هەڵدەگرێ «مطلق القید» بێ، قەیدی هەمەکات بێت.
5
کە لێڵ و سوور و کول بوو چاوی تیژت
ئەوەندە پێی دەڕێژیی خوێنی ناحەق
لاپەڕەی 253
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: چاوی تیژت ئەوەندە بە ناحەق بۆ ڕشتنی خوێندی دڵداران بەکارهێنا، لەبەر زۆریی بەکارهێنان کول بوو، بە خوێنی کوژراوەکان سوور بوو، بە هۆی ماندوو بوونیشیەوە لێڵ بوو و بەری تاریک بوو. دەسا با بەسی بێ ئیتر بەکارهێنانی.
دەستنووس
سوور و کول (مز) و (عب) و (اح): سوورەگوڵ. ئەوەندە پێی. (چر): ئەوەندەی پێ. (عم) و (ت) و (مز) و (عب) و (اح): ئەوەندە پێ. (مز): ئەوەندەی پێ. دەڕێژێ (چر): بڕێژێ. (کم) و (من): ئەڕێژیی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەم، لاپەڕە 253 کە ئەمە دەقیەتی بە پێی ڕێنووسی کتێبەکە:
کە لێڵ و سوور و کول بوو چاوی تیژت
ئەوەندە پێی دەڕێژی خوێنی ناحەق

وشەی «کە لێڵ» لە بەرانبەر وشەی «تیژ» دا بە ناچاری و لە ڕێی «تەداعی عکسی»یەوە دەبێ «کلیل - کەلیل» بێ واتە تیژی پێوە نامێنێ و وەک تیغی کولی لێ دێت. وشەی «کول» لە نیوەدێڕی یەکەم هاتووە بە واتای نەخۆشیی «کولی»ـیە نەک کولبوونی تیغە. دەگوترێ «ذهن کلیل» واتە زەینی نەبڕ، بێبڕشت. لەگەڵ ئەمەشدا وێنەی مەعنا لێدانەوەی شەرحەکە کە «کول»ی بە نەبڕ داناوە جلوە دەبەستێ.
6
شوکر «نالیی» سەری خەصمت وەکو گۆ
بە خواریی، نەک بە یاریی، کەوتە بەر شەق
لاپەڕەی 254
خەصم: دوژمن .
گۆ: جۆرە تۆپێکی دارینە بە دارێک لێیان داوە یارییان پێ کردووە، بە دارەکەیان وتووە چەوگان واتە گۆچان .
خواریی: ذەلیلیی .
یاریی: دۆستایەتیی، یاریی کردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم شیعرەیدا زوڵفی یاری بە دوژمنی خۆی داناوە، چونکە مادەم ئەو زوڵفە دەست و پێی یاری بەستووەتەوە و لە ملی ئاڵاوە و بە شۆڕبوونەوەشی بەسەر سنگ و ڕووی یارا ڕێگای لە نالییی تەنیوە، دیارە کاری دوژمنانەی کردووە، چ لەگەڵ نالییی خۆی و چ لەگەڵ دۆستەکەی، کە ئەمەش هەر وەک ئەوەیە کاری دوژمنانەی لەگەڵ دۆستەکەی نالییی خۆی کردبێ. شوبهاندوویشیەتی بە سەر چونکە مادەم لوولە، دیارە خڕە و وەک سەر وایە. دایشیناوە کەوا مادەم شۆڕ بووەتەوە بۆ بەرپێی یار و هەمیشە ئەکەوێتە بەری، وەک گۆیەک وایە بدرێتە بەر شە‌ق.
نالییی بە خۆی ئەڵێ شوکری خوا بکە کە وا سەری دوژمنەکەت کە سەری زوڵفی یارە، وەک گۆی مەیدان کەوتووەتە بەر پێی یار. کەوتنە بەر پێکەشی بە زەلیلییە، نەک بە دۆستایەتیی و لە حاڵی یاری کردنا وەک گۆی ڕاستەقینە.
دەستنووس
بە خواریی (مز) بە زاریی. کەوتە (هەموو نوسخەکان « جگە لە نوسخەی ک »): دایە. ئێمە ئەممان لا پەسەند بوو چونکە ئەگەر (دایە) بووایە مەعناکە نەئەهات لەبەرئەوە کە نالییی سەری دوژمنی - کە سەری زوڵفی یارە - نەداوەتە بەر شەق، زوڵفەکە خۆی لەبەر درێژیی شۆڕبووەتەوە و کەوتووەتە بەرپێی. هەروەها چونکە سوپاسی خوا زیاتر لەسەر شتێک ئەکرێ لەخۆیەوە بە باشیی بۆ بنیادەم ڕێ بکەوێ، نەک بنیادەمەکە خۆی بە دەسەنقەست بیکا. لەسەر نوسخەی (دایە) ئەبێ وشەی (نالییی) یش بە (ناڵێی) بخوێنرێتەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی کۆتایی بڕە شیعرەکە لە لاپەڕە 254 ئەمە دەقیەتی:
شوکر «نالی» سەری خەصمت وەکوو گۆ
بە خواری، نەک بە یاری، کەوتە بەر شەق

شەرحەکە وەهای داناوە کە مەبەس لەو خەصمە -دوژمنە- زولفی یارە کە تێی ئاڵاوە و دەست و پێی بەستووە و... هتد (دەبێ شەرحەکە بخوێندرێتەوە).
ڕاستییەکەی من لەگەڵ هیچ وشە و شەرحێکی ئەو بەیتە نیم: هەرچی بەیتێکی ئەم غەزەلە زوڵفی تێدا هاتبێت بە مەدح و هەڵدانەوە بووە، چ هێما و نیمچەڕستە و ڕاگەیاندنێک نییە زوڵفی وەک خڵخاڵ و قەید و تۆق و ئاڵقەی مار ببێتە تۆپ و شەقی تێ هەڵدرێت.
بەیتەکە بێ تەئویل ڕیسواکردنێکی خەصمە کە ئەگەر نەشبێ لە پێویستدا پەیدا دەکرێ... ئەم غەزەلە لە لای «وحدة»ی مەعنای تێدا مەبەست نەبوە. لە گوارەوە بۆ ڕوطەب، بۆ زوڵف، چاوی کول و کەلیل، سەری خەصم واتا ئارایی کردووە و بەشێکی هەرە بەرچاوی شیعری فارسی و کوردی و زۆربەی وڵاتانی خاوەری موسڵمان لەم جۆرە بوون.