لاپەڕەی 250
میهر: خۆر .
میهرەبان: بەبەزەیی .
بام: بان .
بامیداد: سبەینان .
مەهڕووان: ئەوانەی ڕوویان وەک مانگ وایە .
شەوی میحاق: شەوی سیی مانگی عەرەبی کە مانگی تیا دەرناکەوێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەی یاری ڕوومەت وەک خۆر و بە بەزەیی ! لە ئاسۆ هەڵ بێ و وەرە سەر بانی سبەینان، تا هەرچیی جوانی تر هەن لەتاو جوانیی تۆ هەموویان خۆیان بشارنەوە و وەک مانگی ڕۆژی سیی مانگ باریک و بێهێز ببن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (میهر) و (میهرەبان) و (مەهڕووان) و (بام) و (بامیداد) دا جۆرە وشەئاراییەکی نزیک لە جیناس هەیە. لە کۆکردنەوەی (هیلال) و (میحاق) یشدا تەناسوب هەیە. سەرەڕای ئەو تەناسوبەیەش کە لەنێوان (سەربام) و (بامیداد) دا هەیە لەوڕووەوە کە لە کوردستانا باوە موسوڵمانان سبەینێی سیی مانگ ئەچنە سەربان بزانن مانگ دیارە کە ئەبێ بە نیشانەی ئەوە ئەو ڕۆژە دواڕۆژی مانگ نییە، یا نە، تا ئێوارە بۆ مانگی نوێ بگەڕێن.
ئیضافەکردنی (سەربام) بۆ لای (بامیداد) مەعنائاراییەکی زۆر جوانی تیایە، چونکە (بامیداد) کاتە نەک شوێن، کەچیی نالییی کردوویەتی بە شتێکی ماددیی.
دەستنووس
دا (عم) و (کم) و (گم) و (من): تا. (مز): با.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
(دا) لەبری (تا) لە شێوەی موکری دا بەکار هاتوە لە بەیتە کۆنەکان دا زۆر هەیە و وەفایی شاعیری سابڵاغیش گەلێکی بەکار هێناوە. نالییی مەزنیش ئەوەی جار و بار ڕەچاو کردوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمدا کە «محاق» بە مانگی شەوی 30 داندراوە کە دەرناکەوێت، نەختێک کورتی هێناوە چونکە مانگی عەرەبی 29 و 30 ڕۆژی هەیە. واش دەبێ لە سەرەتای مانگدا لەبەر تۆز یان هەور مانگەکە نادیترێ، دەشێ مانگی 29 شەوی ببێتە 28 ڕۆژی، ئەمەش کاری خۆدزینەوەیە لە زانست بۆ وشکەئیمان. لە ئاست «بامی بامداد» و نیوەبەیتی دووهەمی دێرەشیعرەکە لە لاپەڕە 250 هاتووە کە ئەمە دەقیەتی لە کتێبەکەدا:
ئەی میهری میهرەبان وەرە سەر بامی بامیداد
دا مەهڕووان ببن بە هیلالی شەوی میحاق
شەرحەکە دەڵێ: نالی کە «سەربان» دەکا بە «مضاف الیە» لە ڕێی «ی» ئیضافەوە بۆ بامیداد، ئەو بامیدادەی کردووە بە شتێکی ماددی کە لە کاتیەوە گۆڕیوە بۆ جێگە، کاتیش ماددە نییە.
دەبێ بڵێم، من دڵنیا نیم لەوەدا نالی «بامی بامیداد»ی نووسیبێت چونکە بە زۆری ئەو «ی»ـەی ئیضافە لە شێوە نووسینی فارسیئامێز نەدەنووسرا. ئنجا ئەگەر بشسەلمێنین «بامی» نووسراوە تەگەرەی گەورەتر دێتە پێش چونکە کە «بام» (واتە: بان)ـی ڕاستەقینە نەبوو، هەر کات هەبوو، ئەو میهری میهرەبانە لەسەر چی ڕاوەستێ و بەرزبێتەوە هەتا ماهڕووان بێ نوور بکات... دەشیا بگوترێ لە دەستەواژەی «بام بامداد» دا مەعنای ئیضافە پەیدایە، ئەو ماددیەت و ناماددیەتە سێبەری ئەصلەواتان و زێدە جوانییەک لە بەیتەکەدا پێک دەهێنێت.
تێبینیم لەوەندەدا ناوەستێ، یەکێکی گرنگتر ماوە بیڵێم، شەرحەکە دەڵێ: «ئەی یاری ڕوومەت وەک خۆر و، بە بەزەیی! لە ئاسۆ هەڵ بێ و وەرە سەربانی سبەینان، تا هەرچی جوانی تر هەن لە تاو جوانیی تۆ هەموویان خۆیان بشارنەوە، وەک مانگی ڕۆژی سیی مانگ باریک و بێهێز ببن» (مانگی محاق نە باریک و نە بێهێز دەبێ چونکە دیار ناکەوێ).
ئەم واتایە لە تەک ڕاستینەی واتای بەیتەکە، وەک من بۆی دەچم، زۆر کورت دەهێنێ: نالی دەڵێ ئەی یار... سبەینێ وەرە سەربان هەتا هەموو ئەو جوانانەی ڕوویان وەک مانگە ببن بە هیلالی شەوی محاق. «هیلال» لە شەوی محاقدا نادیترێ. لە نموونەدا دەڵێم: کە گوتت «مرۆیەکی ئازاد کۆت و زنجیر کرا» ئازادییەکەی لەناو دەچێت هەرچەند مرۆکە خۆی هەر ماوە. هیلالەکەی شەوی پێشووش هەر ماوە بەڵام نووری نەماوە، نادیترێ. نالی لەم بەیتەدا وا ڕادەنوێنێ کە دەرکەوتنی یار لە بامداددا وەهای پرشنگ دایەوە کە نووری بەیانیشی شاردەوە خستییە ڕێزی شەو. دیارە «ماهڕوو» لە باری وەهادا دەجاران و سەد جارانیش نووریان پێوە نامێنێ و دەبنە هیلالی محاق... کەم وەها دەبێ موبالەغەی ئەدیبانەی دڵپەسەند بگاتە ئەم ڕادەیە. هەرچەند جێی لەباریش نییە بۆ شتێکی ئەوتۆیی سەر بە موبالەغە، بەڵام نییەتی سوودگەیاندن بە زەینی خوێنەر لێم خۆش دەهێنێ ئەم شاکارەی «تصوف» کە لە شکڵدا موبالەغە و لە سلووکی تصوفدا بە حەقیقەت دەڕوات:
یەک جورعە مەی ئەز حەریفی مەستەت بڕەسەد
صەد چاشنەیی دەمی ئەلەستەت بڕەسەد
ئین جام نیهادەئەند دەر تاقی بولەند
پا بەر سەر خویش نیهـ کە دەستەت بڕەسەد
واتە: یەک قومە شەراب لە دەستی هاوبادەی مەستەوە پێت بگات، صەد تامی دەمی ئەلەستت پێ دەگا. ئەم جامەیان لە ڕەفی بڵنددا داناوە. دەبێ پێ لەسەر کەللەی خۆت دابنێیت هەتا دەستت پێی بگات. «دەمی ئەلەست» ئەو دەمەیە کە خوا لە خەڵقەندەی خۆی پرسی: «ألست بربکم؟» هەڵبەت ئیمانی ئەو دەمە کە ئیمانی دیتنە نەک بیستن و سەرگورشتە ئەوپەڕی ئیمانە کەچی شاعیری صۆفی هاوپەیمانیی لەگەڵ ڕابەردا پەسەندتر دەکات، صەد جارانیش پەسەندتر.
من وەها دەزانم مەبەستی لەوەدایە کە ڕووبەڕووبوونی خوا دەهشەتێکی وەها دەخاتە دڵ و ویژدانی بینەر بەبەریەوە نامێنێ لەززەت بەرێت: هەرچی ڕابەرە دەشتگەیەنێ بە پلەی خودایەتی و لەززەتیشت پێ دەبەخشێ.
مەبەس لەم چوارینە لایەنی موبالەغەی «پێ لە سەر کەللەت دابنێ...»یە کە موستەحیلە، کەچی موستەحیلەکەش بۆتە مومکین لە ڕێی «حەریفی مەستەوە».