سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

مووی سپی کردم بە شوشتن ئاوی عەینی شۆرە شەط

1
مووی سپی کردم بە شوشتن ئاوی عەینی شۆرە شەط
شۆرە شەط یەعنی کە تێدا خود بە خود قەل بوو بە بەط
لاپەڕەی 242
شوشتن: شۆردن .
عەین: چاو . کانی . وەک .
شۆرە شەط: سوێرە چەم، فرمێسک .
خودبەخود: لەخۆیەوە .
قەل: قەلەڕەش . مەبەست ڕەشێنەی چاوە،
بەط: مراویی، مەبەست سپییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاوی فرمێسکی چاوم کە ئەوەندەی ڕووبارێکی سوێر زۆرە، بەهۆی گریانی زۆرمەوە، ئەوەندە بەسەر ڕیشما هاتووەتە خوار، ڕەنگەکەی شتووەتەوە و سپیی ئەبێتەوە و ئەبێ بە مراویی، وەک چۆن ڕەشێنەی چاوی منی تیا سپیی بووەوە و کوێر بوو و ترووسکەی لێ بڕا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (عەین) ـدا لەطافەت هەیە، چونکە، وەک لە سەرترەوە ڕوونمان کردووە سێ مەعنا ئەبەخشێ. لە کۆکردنەوەی (شوشتن) و (ئاو) و (عەین) و (شەط) و (قەل) و (بەط) ـیشدا تەناسوب هەیە. لە (قەل) و (بەط) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحەیش هەیە، ڕەشێنەی چاو شوبهێنراوە بە قەل و چاوی سپیی بووەوە شوبهێنراوە. بە مراویی و پێ شوبهێنراو لەجیاتیی شوبهێنراو دانراوە و نیشانەش (عەین) و (مووی سپی کردم) ـە لە نیوە شیعری یەکەمدا.
دەستنووس
شوشتن (چن) و (ت) و (ک) و (مز) و (عب) و (اح): شوستن، کە ئەویش هەر بە مەعنا شوشتنە. خودبەخود (عم): خۆبەخۆ.
2
هەڵگرا، وەک مۆمی کافووریی بە شەودا، موو بە مووم
دا سیاهیی ڕوو بخوێنم نوقطە نوقطە، خەط بە خەط
لاپەڕەی 243
هەڵگرا: داگیرسا، شەوقی دایەوە .
کافووری: سپیی وەک کافوور کە بەرێکی سپیی و بۆنخۆشی درەختێکە .
دا: تاوەکو .
سیاهیی: ڕەشیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مووەکانی سەر و ڕیشم سپی بوون و وەک مۆمی کافووریی داگیرسێنی، یەکە یەکە بە سپییەتیی بە سەر و ڕوومەوە دیارییان دا، تا خەت بە خەت و نوختە بە نوختە کردەوەی بەدی خۆم، لەبەر ڕۆشناییاندا بخوێنمەوە و تەماشای ڕووی - لەبەر گوناە - ڕەشی خۆم بکەم. مەبەستی لەوەیە کە بنیادەم پیر بوو، ئیتر وەختی ئەوە دێ پەند و ئامۆژگاریی لە مووی سپیی خۆی وەرگرێ و چاوێ بە ڕابوردووی خۆیدا بگێڕێتەوە و لە کردەوە ڕەشەکانی خۆی پاشگەز ببێتەوە.
ئەشگونجێ (سیاهی) نەبێ (سیاهەی) بێ، واتە لیستەی. بەم پێیە مەعنای ڕستەکە وای لێ دێتەوە: سەیرێکی سیاهەی کرداری خۆم بکەم.
دەستنووس
هەڵگرا (ت) و (مز) و (عب) و (اح) و (من): هەڵگرا. ئەمیش هەر ئەگونجێ (هەڵگرا) بێ، چونکە لە نووسینی ئەوسادا (ک) و (گ) وەک یەک ئەنووسران. دا (عب): وا.
3
من دەڵێم شەو بوو بە ڕۆژ، نەفسم دەڵێ ڕۆژ بوو بە شەو
ئەو موصیبە، چونکە چاوی پێ سپیی بوو، من غەلەط
لاپەڕەی 243
موصیب: ئەوەی باش بۆ شتێ بچێ و بیپێکی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: منی نیازی گەڕانەوە و پاشگەزبوونەوە کردووە، لەگەڵ نەفسی خۆ بەدەستەوە نەداو و حەز لە دنیا کردووم، کێشەمانە لەسەر مەعنای ئەم موو سپیی بوون و پیرییە. من ئەڵێم سەردەمی لاویی سەردەمی بێ ئاگایی و گومڕایی بوو و ئیستا کە پیر بووم و ئەگەڕێمەوە و ڕوو ئەکەمە خوا، نیشانەی ئەوەیە شەوی بێ ئاگایی دوایی هاتووە و ئیتر ڕۆژی خواناسییە. ئەویش ئەڵێ وانییە. سپیی بوونی موو نیشانەی ئەوەیە ڕۆژی ژیانی خۆش و ڕابواردن دوایی هاتووە و ئیتر لەمەولا ئەوەی جارانم بۆ نالوێ و دنیام لەبەرچاو تاریک بووە. حەق بەلای ئەوەوەیە و من بە هەڵەدا چووم، چونکە چاوم سمەسای لێ بڕاوە و هیچ نابینم.. کەواتە ڕاستە ڕۆژ بووە بە شەو، ئەگینا ئەبێ ڕۆژی کوێر چۆن ڕۆژێک بێ !
تۆ بڵێی ئەم پارچە شیعرە، وەک هەندێ هێمای تریش لە چەند پارچە شیعرێکی ترا، نیشانەی ئەوە نەبن کە نالییی لە دوا ساڵەکانی ژیانیا کوێر بووبێ؟
دەستنووس
پێ (چن) و (ک): لێ.
4
ڕەوغەنی دیدەم ڕژایە سەر کیتابی خەططی خۆم
چاو لە ئێشی ئەو سپیی، نووریش بەسەر ئەودا سەقەط
لاپەڕەی 244
ڕەوغەن: ڕۆن .
سەقەط: سەقەت، پەککەوتوو . سقط، کەوتە خوار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕۆنی چاوم کە مایەی تیشکدانەوە و گڕان و بینینی بو، ڕژایە سەر ڕووم کە وەک کتێب لە بەر دەمیا کراوەتەوە و مووە ڕەشەکانی وەک خەتەکانی کتێب بوون. ئیستا چاوم لەتاو ئازاری ئەو ڕۆن ڕژانە کوێر بووە، یاخود لەبەر ئەو کارەی کە ئەو ڕۆنە کردنی کە ڕژا، سپیی بووەتەوە و بێ‌کار کەوتووە و ڕووناکیی چاویشم بەسەر ئەودا، واتە بەسەر چاومدا شەل و پەل و سەقەت کەوتووە چونکە کەوتووەتە خوار بۆ سەر کتێبی ڕووم، یا بەسەر کتێبی ڕوومدا کەوتووە. بەپێی ئەم مەعنای دواییە سەقەط (سَقَطَ) ی فیعلی ڕابوردووی عەرەبییە.
دەستنووس
دیدەم ڕژایە (چر) و (مز) و (عب) و (اح): دیدەی ڕەضایە. (چن): دیدەم ڕژاوە. (عم) و (گم): دیدە ڕژایە. (کم) و (من): دیدەی خەطایە.
5
سەرد و گەرمی ئاهەکەم سەوزە گیای کردم بە پووش
پایزی، ڕوو بوو بە بوردی سوور و زەردی موختەلەط
لاپەڕەی 244
بورد: پارچە قوماشێکی جوان بووە پێیان وتووە (بوردی یەمانی).
موختەلەط: تێکەڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: وەک چۆن گۆڕانی هەوا کار ئەکاتە سەر شینایی و هەوای سارد ڕەنگی لە ڕوو ئەبڕێ و هەوای گەرم ئەیسووتێنێ و وشکی ئەکا، ئاە و هەناسەی سارد و گەرمی منیش، ڕیشی ڕەشی وەک سەوزە گیای وشک کردم و سپیی کردەوە و کردی بە پووش. ڕووی پایز داهاتووم، یاخود ڕووم بە شێوەی باخی پایز، بوو بە پارچەی بوردی یەمەنیی کە تێکەڵە لە ڕەنگی سوور و زەرد. ئەمیش هەندێکی بە تەواویی وشک بووە و سپیی بووەتەوە و هەندێکی کەشی ڕەنگی گۆڕاوە خەریکە وشک ئەبێ و سپیی ئەبێتەوە.
نیوەی دووهەمی ئەم شیعرە لە نوسخەکانی بەردەستمانا جیاوازیی زۆری تیابو. ئێمە لەناو هەموو نوسخەکاندا پشتمان بە نوسخەی (عم) بەست. ئەمەش جیاوازییەکانی نوسخەکانی تر:
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (سەرد) و (گەرم) و (گیا) و (پووش) ـدا طیباق و لەنێوان (سوور) و (زەرد) دا طیباق و تەناسوب هەیە.
دەستنووس
(چن): ڕوو بۆتە بەردی سەوز و زەردی. (کم): ئەو بوو بە بەرد و – یا بورد و - سوور و زەرد و. (مز) و (عب): ڕوو بوو بە بەردی سەرد و زەردی. (اح): ڕوو بوو بە زەردی سەرد و زەردی.
6
وەجهەکەم ئیسمی بەیاض، ئەمما وەرەق زەرد و سیاە
با موخەططەط بێ بە کافووری کەشیدەی خۆش نەمەط
لاپەڕەی 245
وەجە: ڕوو . بەیاض
وەرە‌ق: کاغەز .
موخەططەط: خەت خەت کراو، لە (میسطەرە) دراو . جاران کە کاغەزی خەت خەت کراو نەبو، مەقابایەکیان ئەهێنا، چۆنیان بویستایە دێڕەکانی کتێبەکە ڕێک بخەن، بەوجۆرە تاڵە کندری چەند لۆ بادراویان تێ هەڵئەکێشا . پاشان پەڕەی کاغەزی سپییان ئەخستە سەری و توند پەنجەیان پیائەهێنا، جێگەی کندرە بادراوەکەی لەسەر نەخش ئەبوو، ئەوجا بەسەر ئەو نەخشانەدا ئەیاننووسیی . بەو مەقەبا کندر تێ هەڵکێشراوەیان ئەوت (میسطەرە).
کافووری کەشیدە: خەتی کێشراوی سپیی وەک کافوور، ئەو خەتەی کە لە ئەنجامی لە میسطەرە دانی کاغەزەکەوە دەرئەکەوت .
نەمەط: شێوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کاغەزی ڕووم، هەرچەند بە خەتی میسطەرە کێشی، وەک کافوور سپیی، مووی سپیم، سپیی بووەتەوە، هەر بەناو سپییە. لەڕاستیدا لە شەرمەزاریدا زەرد و لە گوناهباریدا ڕەشە. مەبەستی ئەوەیە بڵێ وەک چۆن خەتی میسطەرە کاغەزی زەرد و ڕەش سپیی ناکاتەوە، مووی سپیی سەر و ڕیشی منیش ڕوو زەردیی و ڕووڕەشیی شەرمەزاریی دەرگای خوا و گوناهباریی دواڕۆژم هەڵناگرێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (بەیاض) و (وەرەق) و (زەرد) و (سیا) و (موخەططەط) دا تەناسوبێکی جوان هەیە.
7
چونکە لەوحی ڕووسییەهـ ڕووزەردی بێ تەزیینییە
خوێنی چاوم جەدوەلی بێ، قەطرەکانیشی نوقەط
لاپەڕەی 246
بێ تەزیینی: جوان نەکردن و نەڕازاندنەوە . جەدوەل . جۆگا . ئەو خەتانەی جاران لەکاتی کتێب نووسینەوەدا بە مەرەکەبی سوور لەسەر کتێب ئەکێشران بۆ جیاکردنەوەی دێڕەکان و شوێنی دێڕەکان لە یەکتر .
نوقەط: جەمعی نوقطەیە واتە نوختە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
جاران فەقێ ئەهاتن کاغەزی سپییان زەرد ئەکرد ئەوجا کتێبیان لێ ئەنووسینەوە بۆ ئەوەی لەکاتی خوێندنەوەدا ئازاری چاو نەدا. دیارە کتێبەکەشیان بە مەرەکەبی ڕەش ئەنووسییەوە. بۆ جوانییش خەتی سووریان لەنێوان دێڕەکاندا ئەکێشا و نوختەی تیپەکانیشیان بە ڕەنگی سوور، ئەکرد. جا نالیییش هاتووە ڕووی خۆی شوبهاندووە بە پەڕە کتێبێکی لەو کتێبانە و ئەڵێ مادەم تەختەی کتێبی ڕووم لەبەر گوناە ڕەشە و بەهۆی نەڕازاندنەوەیەوە بە کرداری چاک زەرد و شەرمەزارە، من ئەمەوێ بە خوێنی چاوەکانم بیڕازێنمەوە. بە خوێنی بە ڕوومدا هاتووە خوار جەدوەلی بۆ ئەکەم و خەتی بۆ ئەکێشم و بە دڵۆپەکانیشی نوختەی سووری بۆ دائەنێم.
دەستنووس
نیوی یەکەمی ئەم شیعرە لە نوسخەی (کم) و (من) دا بەم جۆرەیە:
چونکە لەوحەی ڕوو سیاە و زەردی بێ تەزیینییە.
سییەهـ (گم) و (مز): سیاە. بێ‌تەزیینییە (چن): بێ تێراوییە.
8
نە‌قشی دوو موویی بە دوو ڕوویی دەبێتە عەیبی شەیب
ئاینەی ڕوو پاکییە، ڕووناکییە نوور و شەمەط
لاپەڕەی 246
شەیب: پیریی .
شەمەط: بۆزیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بوونی نەخشی دوو جۆرە موو (مووی سپیی و مووی ڕەش) بە دەم و چاوی بنیادەمەوە، کاتێ ئەبێتە عەیب و مایەی ناشیرینیی، ئەگەر ئەو کەسە دوو ڕوو بێ، بەدیمەن خۆی بە پیاو چاک و خواناس پێشان بدا، وەک پێویستە بۆ کەسێ چووبێتە ساڵەوە و لەڕاستییشدا پیاوێکی ئارەزووباز بێ وەک ئەوانەی هێشتا هەرزەکارن و مووی سەر و ڕێشیان ڕەشە. ئەو ئاوێنەیەی کە ڕووی ڕاستەقینەی بنیادەمی تیا دەرئەکەوێ، مووی ڕەش و سپیی نییە، پاکیی کردەوەی بنیادەمەکە خۆیەتی، بوونی مووی ڕەش و سپیی نیشانەی ڕووناکییە، چونکە لە ڕووناکیدا ڕەش و سپیی لە یەک ئەکرێنەوە.
نوسخەکانی بەردەستمان لەم شیعرەشدا ناکۆکیی زۆریان لەنێواندایە. ئێمە پشتمان بە نوسخەی (عب) بەست. ئەمەش جیاوازییەکانی نوسخەکانی تر:
دەستنووس
نەقشی (چن): نەقصی. (ک) و (مز) و (اح): نە‌قضی. بە دووڕوویی دەبێتە (چر) و (کم) و (ک) و (مز) و (اح): بە دەوری ڕووی دەبینیی. (چن): بە دەوری ڕوو دەبینێ. (عم) و (گم): بە دەوری ڕووی دەبێتە.
(من): بە دوو ڕوویی دەبینێ. ڕووناکییە (چن): ڕوو ناکەیە.
9
یا گەدایێکە غەنیی، یا پادشاهێکە فەقیر
لەم دووە خاڵیی نییە «نالیی» لە ڕووی حەددی وەسەط
لاپەڕەی 247
حەددی وەسەط: ڕادەی مامناوەندیی . لە زانستی مەنطیقدا (حەددی ئەوسەط) وشەی دووبارە کراوەی ناو (صوغرا) و (کوبرا) یە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دوو ڕێگا هەیە لە ژیاندا بۆ خۆمیان هەڵبژێرم و ڕێگایەکی سێهەمیان لەنێواندا نییە. یا ئەبێ خۆم بە پیاوی دنیا و دەسەڵاتدارا هەڵنەواسم و لەبارەی داراییەوە هەژار بم، بەڵام لە دەروونی خۆمدا گەورەترین سامانم هەبێ کە کەسایەتیی سەربەخۆی خۆمە، یان ئەبێ دەسبەرداری کەسایەتیی خۆم ببم و لەو بارەوە ببم بە بنیادەمێکی لات و بێدەسەڵات، بۆ ئەوەی لەبارەی ژیانی ماددییەوە وەک پادشا بژیم.
نالییی هەرچەند نەیوتووە کام ڕێگایان هەڵئەبژێرێ، بەڵام هەر بە بەرچاو خستنی دوو ڕێگاکەدا دیارە ڕێگای یەکەمیانی بۆ خۆی دیاریی کردووە، کە ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی دڵ و دەروونە هەرچەند سکیشی لەبرسا قۆڕەی بێ و چاو لە دەستی کەس نەبوە لەم دنیایەدا.
دەستنووس
گەداێیکە، پادشاهێکە (چن) و (ک) و (مز) و (اح): گەدایێکی، پادشاهێکی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 247 بەیتی کۆتایی غەزەلەکە ئەمەیە:
یا گەدایێکە غەنی، یا پادشاهێکە فەقیر
لەم دووە خاڵیی نییە «نالی» لە ڕووی حەددی وەسەط

شەرحەکە وەهای بۆچووە کە نالی خۆی بە «گەدای غەنی» داناوە هەرچەند پاتەوپات دەری نەبڕیوە گۆیا بەیتەکە ڕادەگەیەنێ کە نالی یا دەبێ خۆ بە دەسەڵاتدارەوە هەڵنەواسێ و هەژاری ماڵی دنیا بێ بەڵام لە دەرووندا ساماندار بێ، یان دەبێ خۆی سووک و بێسەنگ بکات تاکوو لە بارەی ژیانی ماددیەوە وەک پاشا بژیت. ئەم شەرحە عەکسی مەبەس و واتای بەیتەکەیە، چونکە گەدای غەنی دەکاتەوە بێ سەروەتی دنیایی و دەوڵەمەندیی دڵ و دەروون. پاشای فەقیریش دەکاتەوە دەوڵەمەندیی دڵ و دەروون و دەستبەتاڵ لە ماڵی دنیا: گەدای غەنی و پاشای فەقیر پێکەڵپێکن چونکە گەدا فەقیرە و غەنی پاشایە.