سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

لەکن ئەو جەوهەرە فەردە لە هەیولا نییە باس

1
لەکن ئەو جەوهەرە فەردە لە هەیولا نییە باس
لە حیکەم پەروەرییی بوو عەلی سینا نییە باس
لاپەڕەی 233
جەوهەری فەرد: ئەو ماددە بچکۆلەیەی بەشکردن هەڵناگرێ . بەرابەرەکەی جەوهەری مورەککەبە .
هەیوولا: ماددە .
حیکەم: جەمعی (حیکمەت) ـە واتە ژیریی و زانایی . ناوی یەکێکیشە لە زانستەکان کە ئەگەر لەگەڵ زاراوەی زانستیی ئەم چەرخەدا بەراوردی بکەین، فەلسەفە و پزیشکی و فیزیا و دەروون شناسی ئەگرێتەوە .
بووعەلی سینا: زانا و فەیلەسووفی بەناوبانگی ئیسلام، (٩٨٠ - ١٠٧٣) ، لە بوخارا لەدایک بووە و لە هەمەدان مردووە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: یار ئەوەندە ناسکە وەک جەوهەری فەردی لێ هاتووە و باسی ماددە و هەیوولا و صووڕەتی لا ناکرێ. مایەی چاک بوونەوەی دەردی دڵدارانیشە، بەڕادەیەک حەکیمێکی زانای وەک ئەبوو عەلی ئیبنوسینا باسی، لەعاستی ئەوا، لەئارادا نەماوە.
نالییی، بە عادەتەکەی خۆی ئەوەشی ویستووە کە وشەی (هەیوولا) کە بە شێوەی جارانی نووسین ئەنووسرا (هیولا)، بە (هەیە و لا) ش بخوێنرێتەوە، واتە: یار گوێی لە هیچ نییە و (هەیە و نییە) ی لا نییە.. هەروەها ویستووشیەتی (سینا) بە (سینە) ش بخوێنرێتەوە، واتە: گوێ بە سنگی وەک ئیبنوسینا حیکمەت پەروەری من نادا.
دەستنووس
(جەوهەری فەرد) و (هەیوولا) لە زاراوەکانی عیلمی حیکمەتن. جەوهەرە (گم): جەوهەری.
2
صۆفییان هاتنە مەجلیس وەرەقی دیدە بشۆن
لەکن ئەو دێمییە وشکانە لە دەریا نییە باس
لاپەڕەی 234
وەرەقی دیدە: ئەو کاغەزەی ئەدرێ بەسەر دەموچاودا بۆ شاردنەوەی، دێوجامە .
دەریا: بەحر، مەبەست لە ڕاستییە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سۆفییەکان هاتنە مەجلیسی ئێمە بە فرمێسکی درۆ دێوجامەی چاپلووسی و ڕیای سەر دەموچاوی خۆیان دابشۆن. نازانن ئەو دێوجامەیە بە ئاوی دەریای ڕاستی هەقپەرستی نەبێ داناشۆرێ، بەڵام ئەوان دێمیی و وشکن، شارەزای دەریان نین، ئیتر لەکوێ بگەنە سەر دەریا ڕووی درۆزنانەی خۆیان داشۆن.
(دەریا) بەمەعنا خواش هاتووە. بەم جۆرەش مەعناکە هەر دێ و ئاشکرایە.
لەوانەشە وشەی (وەرەق) ئیشارەت بێ بۆ ئەو گەڵای بەهەشتەی کە ئادەم و حەووا پاش گەنم خواردن و عەورەت دەرکەوتنەکەیان لە بەهەشتا عەورەتی خۆیان پێ دائەپۆشێ و کە خوا لە بەهەشتی دەرکردن، ئەویش لەسەر عەورەتیان کەوتە خوارەوە. ئەگەر وابێ، نالییی هاتووە دەموچاوی سۆفییە ڕیاکارەکانی شوبهاندووە بە عەورەتی ئەوان !
ئەشتوانرێ (وەرەق بە (وەریق) بخوێنرێتەوە واتە پارەی زیو. بەم پێیە ئیشارەتێکی ناتەواوی تیا ئەبێ بۆ حیکایەتی (اصحاب الکهف) و وای لێ دێتەوە سۆفییەکان لە ئەشکەوتی خەڵوەتخانەی خۆیانەوە هاتن بۆ شاری کوڕی دڵداران، پارەی لە ڕەواج کەوتووی خۆیان بگۆڕنەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (بشۆن) و (دێمی) و (وشکانە) و (دەریا) دا طیباق و لەنێوان (بشۆن) و (دەریا) و (دێمی) و (وشکانە) شدا تەناسوب هەیە.
3
بەزمی ڕەندانە ئەمە، مەلعەبەیی وەعظ نییە
لە بەد و نێکی‌یو قەللابی‌یی دونیا نییە باس
لاپەڕەی 235
ڕەند: عاشق .
مەلعەبە: گاڵتەجاڕ .
نێکی: چاکە .
قەللابی: بێباریی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم شیعرەش، وەک شیعری پاشەوەی، پەیوەندی بە شیعری پێشووەوە هەیە. واتە: با سۆفیی ڕیاکار ڕوو نەکاتە ئەم کۆڕی ئێمەیە. کۆڕی ئێمە کۆڕی دڵدارانی ڕاستەقینەیە و گاڵتەبازاڕی ئامۆژگاریی بێ کردار نییە. ئێمە بە ناخی خۆشەویستی ڕاستدا چووینەتە خوارەوە و خۆمان بە باسی چاکە و خراپە و بێ باریی دنیاوە خەریک ناکەین.
دەستنووس
نێکی‌یو (مز) نێکی‌بی.
4
ئەمە جێی ڕەمز و ئیشاراتی دەروونە، لە گەرووی
تەنگی پڕ غەرغەرەیی واعیظی غەڕڕا نییە باس
لاپەڕەی 235
غەرغەرە: خڕەخڕ و گیرانی قوڕگ و دەنگ دەرنەهاتن .
غەڕڕا: بایی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کۆڕی ئێمە کۆڕی دڵدارانە، بە ئیشارەت و ڕەمزی دەروون قسەی تیا ئەکرێ، مەیدانی ئەوە نییە واعیظی لەخۆبایی، بێ بە گەرووی گیراو و هەناسەی سواریەوە دەستی تیا بکا بە پەند و ئامۆژگاریی.
5
بە سەراوێزەیی چاوێنەییی کەللەی سەریان
لە کەی و قەیصەر و ئەسکەندەر و دارا نییە باس
لاپەڕەی 235
سەراوێزە: سەری داهێڵراو و شۆڕکراوە .
چاوێنە: وەک لەناو چاڵ (چاڵە ئاو) دا .
کەی: کەیخوسرەو یا کەیکاوس کە دوو شای ئێران بوون .
ئەسکەندەر: ئەسکەندەری مەکدوونی کە لای هەولێردا لەشکری دارای شای ئێرانی بەزاند و وڵاتەکەی داگیر کرد .
دارا: دارێوش، دوا پادشای بنەماڵەی هەخامەنشی کە ئەسکەندەری مەکدوونی بەزاندی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهۆی سەرداهێڵانی، وەک بەسەر چاڵە ئاوا شۆڕکراوەی ئەم دڵدارانەوە کە سەرخۆشی بادەی خۆشەویستیی ڕاستەقینەن، باسی هیچ بابەتێکی دنیایی لە کۆڕی خواردنەوەیاندا نەماوە و کەس ناوی قەیسەر و ئەسکەندەر و دارا ناهێنێ.
ئەشتوانرێ نیوە شیعری دووهەم بەم جۆرە بخوێنرێتەوە:
بەسەر ئاوێزەیە چا وێنەیە کەللەی سەریان
واتە: کەللەی سەریان بەسەر پیاڵەی بادەدا شۆڕ کردووەتەوە، وێنەی کەللەی سەریان لە پیاڵەی شەرابەکەدا وەک وێنەی کەللەسەری بەسەر چاڵەئاوا شۆڕکراوەوە وایە.. ئاگایان لە دنیا نییە و هیچ باسێکی دنیایی ناهێننە ئاراوە.
ڕێیشی تێ ئەچێ (چا وێنەیی) بە (چاوێنیی) بخوێنرێتەوە، بەوپێیە مەعناکە بە جۆرێکی تر لێک ئەدرێتەوە، لەجیاتیی ئەوەی باس باسی دڵدارانی ڕاستەقینەی کۆڕی بادەخواران بێ، ئەبێ بە باسی صۆفییانی دووڕوو. واتە: ئەم سۆفییە بە دیمەن لە خواترس و سەر دانەواندوەوانە، ئەوەندە بۆش و کەللە پووچن کەللەسەریان بۆ ئەوە ناشێ تەنانەت بۆ مەنعی چاوی پیسیش هەڵواسرێ. ئەوەتە لە نەگبەتیی و بێ‌کاریی کەللەسەری بۆ چاوێنی بە ملا شۆڕ کراوەی ئەوانەوە، باس و خواسی کەیخوسرەو و قەیسەر و ئەسکەندەر و دارا لەئارادا نەماوە.
دەستنووس
بە سەراوێزەیی (عم) و (گم) و (ت) و (مز): لەبەر ئاوێزەیی.
6
جێی زوبان گرتن و دڵ ڕۆشنیی و سووتانە
موقتەدا شەمعە کە خامۆش نییە ئەمما نییە باس
لاپەڕەی 236
موقتەدا: چاولێکراو .
خامۆش: بێ‌دەنگ . کوژاوە،
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کۆڕی دڵدارانی ڕاستەقینە جێی ئەوەیە مرۆی تیا بێدەنگ بێ، بسووتێ، دڵی ڕۆشن بێ. چاو لە مۆم بکا تیایدا کە بۆ خۆی ئەسووتێ و ورتەی لە دەم نایەت، بەڵام دەوروبەری ڕۆشن ئەکاتەوە. بە دیمەن سەیری ئەکەی، باس و خواسی نییە، بەڵام لەڕاستییشدا بێدەنگ نییە، چونکە دەنگی ڕاستەقینە ئەوەیە ئەنجامەکەی کار بێ و کاریش نییە لە کاری مۆم بە بەرهەمتر کە بەرچاوی خەڵک ڕوون ئەکاتەوە.
دەستنووس
لەنێوان (خامۆش نییە) و (نییە باس) دا طیباق هەیە.
7
حە‌ضرەتی هەیبەتە، نەک غەیبەت و ڕەیبەت «نالیی»
ئەڵڵا ئەڵڵا، چ حوضوورێکە کە (‌ أصلا) نییە باس!
لاپەڕەی 237
حەضرەت: حازریی .
هەیبەت: سام .
ڕەیبەت: گومان و دوودڵی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کۆڕی دڵدارانی ڕاستەقینە جێگای حازریی ترس و سامی خوایە و وەک کۆڕی سۆفییە تەنها بەدیمەن لەخواترسەکان، جێگای پاشملە وتنی ئەم و ئەو و دوودڵی و گومان لەم و لەو کردن نییە. خوایە ! ئەمە چۆن حازربوونێکە بنیادەم ئەوەندە قووڵ هەستی پێ ئەکا، باس‌کردنی بە هیچ کلۆجێ تیا پێویست نییە، چونکە (باسکردن) بۆ کاتێ دەست ئەدا باسکراوە کە خۆی دیار نەبێ.
دەستنووس
ڕەیبەت (مز): ڕەهبەت. (عب): ڕەغبەت.