سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

کە تۆ هاتی لە نەومیدیی نەما باس

1
کە تۆ هاتی لە نەومیدیی نەما باس
لە هیجر و ئینتیظار ئیدی نەما باس
لاپەڕەی 230
نەومیدی: نائومیدیی،
هیجر: دووریی .
ئینتیظار: چاوەڕوانی .
ئیدی: ئیتر .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە تۆ هاتی، بە دیدارت شاد بووین و ئاواتمان هاتەدی و ئیتر باسی نائومێدیی و دووریی و چاوەڕوانیی لەئاراد نەما، چونکە ئەو باسانە باسی کاتێ بوون: کە تۆ هێشتا دیار نەبووی و بە دەرکەوتنت پێویستیان پێ نەما.
ئەم قەسیدە و قەسیدەی پاشەوەی لە هەموو نوسخەکانی بەردەستمانا، تەنها نوسخەکەی (گم) نەبێ، خراونەتە (تیپی ثێ) وە و وشەکانی (باس) ـی لەنگەری شیعرەکانی بە (باث) نووسراون. ئێمە ئەمەمان بە هەڵە زانیی، چونکە هەرچەند (باث) لە (بەحث) ـەوە هاتووە و دوا پیتی (بەحث) ـەوە هاتووە و دوا پیتی (بەحث) ـیش (ثێ) یە، مادەم تێکڕای وشەکە دەسکاریی کراوە و (حێ‌) کەی کراوە بە (ئەلف) و (ثێ‌) کەی بە (سین) ئەخوێنرێتەوە، ئیتر بۆچی بە (سین) یش ئەنووسرێ؟
هەڵیش ئەگرێ (نەومیدیی) بە (نەو، ئیدی) بخوێنرێتەوە، واتە: کە تۆ هاتی، ئیتر باسی خەو لەناو ناوانا نەما.
دەستنووس
ئینتیظار ئیدی (مز): ئینتیظاری تۆ.
2
لە سایەی زوڵفی تۆوە شەو دڕێژە
لە صوبح و نووری خورشیدی نەما باس
لاپەڕەی 230
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بە هۆی هاتنی تۆوەیە بەو زوڵفە ڕەشە درێژانەتەوە، وا شەوگاریش درێژ بووە و باسی بەیانی و تیشکی خۆر لەئارادا نەماوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (شەو) و (ڕۆژ) دا طیباق و لە (ڕۆژ) و (نوور) و (خورشید) دا تەناسوب هەیە.
دەستنووس
تۆوە شەو (عم) و (ت): تۆیە شەو. (مز): تۆ وەک.
3
فەلەک تۆی دا کە ئەمشەو ڕۆژمان بووی
لە ڕەجمی نەجمی ناهیدی نەما باس
لاپەڕەی 231
ڕەجمی نەجم: لە قورئانا هەیە کەوا کاتێ ئەستێرە بە شەو ئەکشێ، بۆ ڕاونان و دەرکردنی ئەو ئەهریمەنانە ئەچێ کە چوون گوێ لە دەنگوباسی فریشتەکانی ئاسمان بگرن .
ناهید: ئەستێرەی زوهرە کە پێیشی ئەڵێن زوهرەی ڕەققاص و زۆریش گەش و ڕۆشنە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: فەلەک تۆی بە ئێمە بەخشی، هاتیتە لامان و شەوی تاریکت بۆ کردین بە ڕۆژی ڕۆشن. بۆیە ئیتر مەیدانی ئەوە نەما ئەهریمەنەکان بچن گوێ لە دەنگوباسی فریشتەکانی ئاسمان بگرن و کە مەیدانی ئەوەش نەما، هیچ پێویستییەک نامێنێ خوا ئەستێرەی وەک ناهید گەشیان بە دوادا بکشێنێ، ڕەجمیان بکا پێی و لە ئاسمانیان دوورخاتەوە و ئەو بابەتانە لەئارادا نەما.
یاخود بە هاتنی تۆ ڕۆژ بووەوە و مەیدانی ئەوە نەما ئەهریمەنی بەدکار خۆی لە تاریکاییدا داگرێ گوێی لە ڕاز و نیازی نێوانمان بێ و ئێمەش - وەک چۆن ئەستێرە شەیتان ڕەجم ئەکا - بچین ئەو بەردەباران بکەین و دووری بخەینەوە. هەروەها پێویست بە ئەستێرەی ناهیدی سەماکەریش نەما کوڕمان بڕازێنێتەوە، تۆ جێگەی ئەوت گرتەوە. بەگوێرەی ئەم مەعنایە ئەبێ بخوێنینەوە: لە ڕەجم و نەجمی ناهیدی..
تاد، وەک لە نوسخەی (عب) دا نووسراوە.
نالییی لە شیعری دووهەمی ئەم قەسیدەیدا یاری کرد بە هۆی داهاتنی شەو. وا لێرەشدا کردی بە هۆی ڕۆژ بوونەوە. جارێکیان لە زوڵفەوە بۆی چوو، دنیای پێ کرد بە تاریکستانیی. جارێکی تریش لە ڕووەوە بۆی هات، جیهانی پێ کرد بە ڕۆژی نیوەڕۆ. بە هەڵهاتنی لە شەودا کردنی بە نیشانەی ئاخر زەمان کە ڕۆژ لە ڕۆژاواوە، واتە بە شەو، هەڵدێ.. وابزانین مەبەستی لەم هەموو داهێنانە ئەوەبێ بڵێ یار هەموو سەرێکی ژیانی ئەوی گرتووەتەوە: ڕۆژیەتی، شەویەتی، مانیەتی، مردنیەتی، ئەم دنیایەتی، ئەو دنیایەتی..
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (شەو) و (ڕۆژ) دا طیباق و لە یەکخستنی (شەو) و (نەجم) و (ڕەجم) و (فەلەک) و (نەجم) و (ناهید) دا تەناسوب و لەنێوان (نەجم) و (ڕەجم) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
بووی (عم) و (گم) و (عب): بی. ڕەجمی نەجمی (گم): نەجم و ڕەجم و. ناهیدی (چر) و (چن) و (مز): نەومێدی. ئەگەر هەڵەی نووسیار نەبێ، ئەبێ بەپێی ئەم نوسخانە (ڕەجم) بە گومانی بێجی و (نەجم) بە ئەستێرەی بەخت مەعنا لێ بدەینەوە و دیارە (نەومیدی) یش نائومێدییە. واتە: بە هاتنت نائومێدی و گومانی بێجێ بردن و ئەستێرە گرتنەوە بۆ زانینی هەواڵی هاتن و نەهاتنت، لەئارادا نەما.
4
حەوادیث جام و دەوران بوو بە ساقی
لە بەزمی جامی جەمشیدی نەما باس
لاپەڕەی 232
حەوادیث: جەمعی حادیثەیە واتە ڕووداو .
جام (ی - یەکەم): جامی مەی .
دەوران: هەڵسووڕانی گەردوون . جامی جەمشید یەکێک بووە لە پادشا ناودارەکانی ئێران، ئەڵێن ئاوێنەیەکی بووە دنیای تیا دیوە . ئەوە جامەکەیەتی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕووداوی خۆش بووە بە پیاڵەی مەی و چەرخی گەردوون بووە بە مەیگێڕ ئەو پیاڵانە بەسەر خەڵکدا ئەگێڕێ و هەرکەس بگری شتێکی خۆشی لێ ڕووداوە و کەس باسی بەزم و ڕەزمی جامی جەمشید ناکا.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی هەردوو (جام) دا جیناسی تەواو هەیە.
دەستنووس
جام و (عم): بەزمی. (گم) و (عب): بەزم و.
5
شوکر جەمعیییەتێکی بێ نیزاعە
لە شەڕڕی موددەعی و کەیدی نەما باس
لاپەڕەی 232
کەید: فێڵ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
شەڕڕی (ت): سیڕڕی. موددەعی و کەیدی (عب) و (اح): موددەعی کەیدی. بەم پێیە ئەبێ (کەید) بە (کەی دێ؟) بخوێنرێتەوە، هەروەک ئەم جۆرە خوێندنەوەیە لەگەڵ تێکستی پێشوویشدا ئەگونجێ.
6
ڕەقیب و موددەعی هەردوو لە خەودان
هەتا چەن ساعەتێکی دی نەما باس
لاپەڕەی 233
ڕەقیب: بەدکار .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
لە پەیوەندی ئەم بەیتەدا بە بەیتی پێشووەوە حوسنی تەعلیل هەیە.
7
سەماعە، گەردشی عیشقە، حەقیقەت
لە صۆفیی و ڕەقصی تەقلیدیی نەما باس
لاپەڕەی 233
سەماع: گوێ لە گۆرانی گرتن .
گەردش: هەڵسووڕان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەزمی گوێ لە گۆرانیی ڕاگرتن و هەڵسووڕانی خۆشەویستی و ڕاستکارییە. باسی صۆفیی و سەمای ناڕەسەن و لەسەر شێوەی چاولێکەریی و لاسایی‌کردنەوە نەماوە لە ناوا.
دەستنووس
سەماعە، گەردشی عیشقە (عب): سەماعە و گەردشی عیشقە و. (اح): سەماعەی گەردشی عیشقە. ڕەقصی تەقلیدی (اح): ڕەقص و تەقلیدی.
8
لە سایەی قەددی مەوزوون و دوو زوڵفی
لە «نالیی» و شیعر و تەسویدی نەما باس
لاپەڕەی 233
قەدد: باڵا .
مەوزوون: ڕێکوپێک .
تەسوید: نووسراوی پاکنووس نەکراو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: کە باڵای ڕێکوپێک و جووتە زوڵفی ڕەشی یار هاتە مەیدانەوە، باسی نالییی و شیعرە ڕێکەکانی و ڕەشنووسەکانیان لە مەیدانا نەما. ئیستا ڕۆژ ڕۆژی یار و باڵای ڕێک و زوڵفی ڕەشی ئەوە. هیچ کەسی تر لەعاستیا هیچ نییە و هیچ شیعرێک ئەوەندەی ئەو ڕێک نابێ و ڕەشیی هیچ نووسراوێک ناگاتە ڕەشیی زوڵفەکانی ئەو.
دەستنووس
زوڵفی (چر) و (ت) و (مز): زوڵفت.