سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

هەی کەرێکم بوو، چ پەیکەر؟ طەیکەری هەوراز و لێژ

1
هەی کەرێکم بوو، چ پەیکەر؟ طەیکەری هەوراز و لێژ
سینە پان و مووچە کورت و شانە بەرز و گوێ درێژ
لاپەڕەی 224
هەی: وشەی ئاگادار کردنەوە و دەربڕینی سەرسامییە .
پەیکەر: تیمثال .
طەیکەر: ڕێبڕ و ماندوو نەبوو .
هەوراز: بەرەو ژوورە .
لێژ: بەرەو خوارە .
مووچە: مووچ، دەست .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم پارچە شیعرەیدا تەعریفی گوێدرێژێکی خۆی ئەکا، کە ڕۆژێ لە ڕۆژان بوویەتی و دیارە سوودێکی زۆریشی بووە بۆی. ئەڵێ: کەرێکی زۆر چاکم هەبو.. چۆن کەرێ بو ! تێکسمڕاو و جوان داڕێژراو، پەیکەرێک بو، بەرەو ژوورە و بەرەو خوارەی هەموو تەی ئەکرد، وەک گوێدرێژی تر نەبو کە ناتوانن بە بەرەو ژووردا سەرکەون و لە بەرەو خوارەدا داپەڕن... تاد
نالییی کە لەم شیعرەیدا وتوویە « هەی کەرێکم بوو...» و نەیوتووە « من کەرێکم بوو »، چەند مەبەستی بووە. یەکەم: ئەگەر بیوتایە « من..» تاد لەوانەبو ئەوەی ئەیخوێنێتەوە بسڵەمێتەوە، چونکە بەر لە تەواوکردنی نیوە شیعرەکە، مەعناکە باش نایەت.. دووهەم: وشەی « هەیکەر » خۆی لە فارسیدا بە ئەسپی کوێت ئەڵێن و نالییی گەیاندنی ئەم مەعنایەشی مەبەست بووە. سێهەم: « هەی کەر » مەعنای بانگەوازێکیش ئەگەیەنێ و ئەمەش بۆ ئێرە زۆر لەجێیە. چوارەم: دروست‌کردنی جۆرە هاوئاوازییەکیشی لەنێوان (هەی کەر) و (پەیکەر) و (طەیکەر) دا مەبەست بووە. بۆیە دیارە ئەوەی کە لە (عم) و (گم) و (من) دا نووسراوە « من..» تاد، هەڵەیەکی ئاشکرایە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (طەیکەر) و (پەیکەر) دا وشە ئاراییەکی جوان هەیە، هەرچەند ناگاتە پلەی جیناس. لەنێوان (هەوراز) و (لێژ) و (کورت) و (درێژ) یشدا طیباق هەیە. لە (گوێدرێژ) یشدا تەورییە هەیە.
دەستنووس
لە هەموو نوسخەکانی بەردەستمانا نووسراوە (چ پەیکەر). بەڵام ئێمە لامان وایە ئەمە هەڵەی نووسیارە و ڕاستەکەی (چو پەیکەر) ە، واتە: وەک پەیکەر، چونکە بەم جۆرە مەعناکە ڕەسا دێ.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی یەکەمی لاپەڕە 224:
هەی کەرێکم، بوو چ پەیکەر؟...

شەرحەکە دەڵێ: «چو پەیکەر...» ڕاستە بە واتای «وەک پەیکەر»، هەموو نوسخەکان چ پەیکەریان نووسیوە و بەهەڵەدا چوون. کەچی شەرحەکە لە سەهوودایە چونکە «چ پەیکەر» ڕازی نییە ئەو کەرە وەک پەیکەر بێ، دەیەوێ پەیکەرێکی سەرسوڕهێن و دەگمەن و بێمانەند بێت، وەک کە دەڵێی، چ بلیمەتێک!! چ نازدارێک!! چ ئافرەتێک!!.
2
بن زک و جەبهەت سپیی، کلک ئێستر و دامەن سیا
یەککە تاز و سێ بڕ و، دوو باد و شەش دانگ و درێژ
لاپەڕەی 225
بن زک: ژێر سک .
جەبهەت: تەوێڵ .
دامەن: داوێن، بەشی خوارووی هەر چوار پەل .
سیا: ڕەش .
یەککە تاز: بەتەنها غارکەر، واتە لە هەموان پێشکەوتوو .
سێ بڕ: بۆمان ڕاست نەبوەوە چییە .
دووباد: کرژ، توند و تێکسمڕاو، دژی خاو و خلیچک .
شەش دانگ: بێ کەم و کورتی . *
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
کلک ئێستر (مز): کلک و سەر و. سێ بڕ و دوو باد و شەش دانگ و (چر): دوو بڕ و سێ باد و شەش دانگ و. (عم): سێ پەڕ و دوو با و شەش دانگ و. (ک): سێ پەڕ و شەش دانگ و سێ باد و. (من): سێ پەڕ و دوو باد و شەش دانگ و.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* چەند ئازایانە و زانایانە فەرموویانە مانای (سێ بڕ) نازانین سەیر نیە مامۆستا و کوڕە زاناکانی مانای سێ بڕیان نەزانیوە چونکە ئەگەر لە گوندیش بووبن دەگەڵ زانست سەروو کاریان بووە و کاریان بە حەیوان نەبووە لە شێوەی موکریانی دا بۆ یەکسم یانی کەر و ئێستر و ئەسپ بڕ لە بری ساڵ بەکار دەبرێ. یەکبڕ دووبڕ، سێبڕ، بەڵام کە سێ ساڵی تەواو کرد وشەی بڕ دەبێتەوە ساڵ، مەسەلەن دەڵێن ئەم ئەسپە سێ بڕە و شیرەی پێ ماوە، ئەوەشیان چوار ساڵە و بەرازەی دەرکردوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 225 کە ئەمە دەقیەتی لە کتێبەکەدا
بن زگ و جەبهەت سپی، کلک ئێستر و دامەن سیا
یەککە تاز و، سێ بڕ و، دوو باد و، شەش دانگ و درێژ

بەلای منەوە لە تێکڕای تێکستەکانی دامەنی لاپەڕەکە بەیتەکە بەم شکڵە ڕاست دەردەچێ:
بن زک و جەبهەت سپی، کلک و سەر و دامەن سیا
یەککە تاز و، دوو بڕ و سێ باد و شەش دانگ و درێژ

«کلک ئێستر» لە بەیتی سێهەمی لاپەڕەکە هاتووە، ناشێ لە مەودای وەها کورتدا دوو جاران بگوترێتەوە. ئەو ژمارانەش «یەک، دوو، سێ و شەش» بە دوا یەکتردا بێن نەک «یەک،سێ، دوو...».
3
کەللە وەک جەڕڕەی شەرابی پڕ نیشاط و تەڕ دەماغ
شێری نەڕ، ئاهوویی بەڕ، گورگی سەفەر، قەمچیی نەچێژ
لاپەڕەی 225
جەڕڕە: کووپە .
تەڕ دەماخ: بە شەوق .
نەڕ: نێر .
ئاهوویی بەڕ: وەک ئاسک لە بڕینی تەختاندا .
گورگی سەفەر: وەک گورگ ڕاکەر لە سەفەردا .
قەمچی نەچێژ: ئەوەندە باش و گورج، پێویست بە قامچی پیادان نەکردوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

4
مل عەلەم، شیرین قەلەم، ئاهوو شکەم، مەیموون قەدەم
سم خڕ و کلک ئێستر و مەنزل بڕ و عارەق نەڕێژ
لاپەڕەی 225
مل عەلەم: مل وەک ئاڵایی بەرز .
شیرین قەلەم: قەوارە ڕێختە و ڕێکوپێک .
ئاهوو شکەم: ناوقەد باریک وەک ناوقەدی ئاسک .
مەیموون قەدەم: پێ بە ڕز‌ق و ڕۆزی . ئەڵێن ساڵی مەیموون ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەتە . یاخود پێ وەک پێی مەیموون .
کلک ئێستر: کلک وەک کلکی ئێستر .
مەنزڵ بڕ: ڕێگای دوور و درێژ تەیکەر .
عارەق نەڕێژ: ماندوو نەبوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (عەلەم) و (قەلەم) و (خڕ) و (بڕ) دا جیناسی لاحیق هەیە. عارەق نەڕێژ (مز): عانیق درێژ، واتە مل درێژ.
5
زەرق و زەڕڕاقیی وەکوو خاکستەر، ئەمما بێ غوبار
بەرق و بەڕڕاقیی وەکوو پیرۆزە، لاکین بێ کڕێژ
لاپەڕەی 226
زەرق و زەڕڕاقی: شین ڕەنگی .
خاکستەر: خۆڵەکەوە .
بەرق و بەڕڕاقی: شەوقدانەوە .
کڕێژ: کڕێش .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شینکار بو وەک خۆڵەمێش، بەڵام تۆزەکەی ئەوی پێوە نەبو. ئەشبریسکایەوە وەک پیرۆزە، بەڵام بریسکانەوەکەی هیی ئەوە نەبو کڕێشی پێوە بێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (زەرق و زەڕڕاقی) و (بەرق و بەڕڕاقی) دا جیناسی ناقیص هەیە.
دەستنووس
لە نیوە شیعری یەکەمدا ئیشارەتێک بە وتەی (کەر و خۆڵەمیش) کراوە.
لاکین (چر) و (کم) و (من): ئەمما.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی یەکەمی لاپەڕە 226 «لاکین بێ کڕێژ» دوورە لە زەوقی شاعیرانی کورد، هەر نەبا «لێکین» بووایە وەک حاجی قادر دەڵێ: «نەزەربازن وەلێکین دوور بە دووری». بەڵام بێگومان «ئەمما بی کڕێژ» لە بارترە، وەک لە هەندێ تێکستدا هاتووە.
6
سم وەکوو یەشم و لە پەشم و تووکی پێدا سەرنگوون
چاو وەکوو بیجادە یا دوو شەو چراغی شوعلە ڕێژ
لاپەڕەی 226
یەشم: یەکێکە لە بەردە گرانبەهاکان، ئەتاشرێ .
پەشم: خوری .
سەرنگون: ون .
بیجادە: جۆرە یاقوتێکە .
ئاقیق: موورووی کارەبا .
شەوچرا‌غ: گەوهەری شەوچراغ .
شوعلەڕێژ: تیشک بڵاوکەرەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: سمی کەرەکەم وەک بەردی یەشم وابو، ساف و بێگەرد بو، لە تووکی پێیدا نوقم بو. چاوەکانیشی وەک بیجادە یا وەک گەوهەری شەوچراغ وابوون دەوروبەری خۆیان ڕووناک ئەکردەوە.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە (یەشم) و (پەشم) دا بە لەفظ جیناسی لاحیق و بە مەعنا طیباق هەیە، چونکە یەکەم ڕەق و دووهەم نەرمە. لە کۆکردنەوەی (پێ) و (سەر) یشدا تەناسوب و طیباقیش هەیە، لەو ڕووەوە کە هەردوکیان دوو ئەندامی لەشن و یەکەمیان نزمی و دووهەمیان بەرزیی ئەگەیەنێ.
دەستنووس
دوو (مز): وەک. *
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* یەشم ڕەنگی ڕەشە و سمی ڕەش بۆ هەموو یەکسمێک پەسەندە.
7
گوێ درێژی بار و کورتان بەرز و پاڵانی بەزێن
چوست و وریاتر لە گوێ کورتانی پاڵانی و گێژ
لاپەڕەی 227
پاڵانی (ی یەکەم): ئەسپی کۆتەڵ . جاران لە هەندێ ناوچەی کوردستان کە گەورە پیاوێک بمردایە ئەسپێکی تا بڵێی شۆخ و جوانیان ئەهێنا ئەیانڕازاندەوە، جل و بەرگی مردووەکەیان ئەدا بەسەردا و بە گۆرانییەکی تایبەتیی ئەیانلاواندەوە و خەڵکیش بۆی ئەکەوتنە شین و شەپۆڕ . بەوەیان ئەوت کۆتەڵ .
پاڵان: کورتان .
پاڵانی (ی دووهەم): ئەسپی گێژ کە بۆ سواری دەس نەدا و هەر بۆ باربردن بەکاربهێنرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: گوێرێژەکەم گوێرێژێکی ئەوەندە چاک بو کورتانی بەرزی لێ ئەکرا و باری زۆری هەڵئەگرت (مەبەست لە بەرزیی بار زۆرییەتی). ئەسپی کۆتەڵی ئەبەزاند، یاخود کورتانەکەی بە زین ئەچوو. زۆر لەو بنیادەمە گوێ کورت و گێژ و وێژانە وریاتر بو کە وەک ئەسپی بار بردن وان و هەر بۆ ئیش پێ‌کردن باشن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی هەردوو (پاڵانی) دا طیباق و جیناس و لە کۆکردنەوەی (گوێ کورت) و (گوێ درێژ) دا طیباق هەیە.
گوێ درێژی (چر) و (ک): گوێ درێژ و. گوێ کورتانی پاڵانی و گێژ (چر) و (اح): لە صەد ئینسانی هەرزە و گێژ و وێژ.
8
قانیعی بابی ڕەضا و ڕاضی بە پووش و دڕک و داڵ
سالیکی صەبر و تەحەممول، بوردەبار و هیچ نەوێژ
لاپەڕەی 227
سالیکی صەبر و تەحەممول: ڕێگای سەبرکردن و باری مەینەت هەڵگرتنی گرتبوە بەر .
بوردەبار: باربردوو، خۆڕاگرتوو .
هیچ نەوێژ: بێدەنگ و گلەیی نەکەر .
قانیعی بابی ڕەضا: لە دەرگای ڕەزامەندیدا بە بەشی خۆی قنیات کردوو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
ڕەضا و (چر) و (عم) و (مز) و (عب) و (من): ڕەضا. (کم) و (گم) و (عب) و (من): نەبێژ.
9
عاقڵێ بوو ناوی کەر بو، قاطیعی ڕێگەی سەفەر
خۆش سلووکتر بوو لە صەد وێڵداشی هەرزە و گێژ و وێژ
لاپەڕەی 228
قاطیعی ڕێگەی سەفەر: ڕێگەی سەفەری ئەبڕی . یاخود بووبو بە چەتری ڕێگەی سەفەر، مەبەست لەوەیە ئەوەندە تیژڕەو بو، ئەتوت ڕێگەی سەفەر تاڵان ئەکا، یاخود ڕێگای سەفەر لە ترسی ئەو نەمابو، واتە ئەوەندە زوو تەی ئەبوو بە هۆی ئەوەوە .
خۆش سلووکتر: ڕەوشت باشتر .
وێڵداش: برادەر . *
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

دەستنووس
ڕێگەی (عم) و (کم) و (گم) و (ک) و (اح) و (من): ڕێگە و. خۆش سلووکتر (ک) و (اح): خۆش جڵەوتر. وێڵداشی (عم) و (گم) و (ک) و (مز) و (اح): ئینسانی.
پەراوێزی مامۆستا هێمن
* وێڵداش، وشەیەکی تورکییە و بە مانای ئاواڵ و هاوڕێیە.
10
(صائم الدهر) ی بە ڕۆژ، ئەمما بەڕۆژووی بێ نییەت
(قائم اللیل) ی سلووک، ئەمما سلووکی بێ نوێژ!..
لاپەڕەی 228
صائم الدهر: ئەوەی بەدرێژایی ساڵ بەڕۆژوو بێ .
نییەت: نیازی ڕۆژوو گرتن .
قائم اللیل: ئەوەی بە شەو هیچ نەخەوێ .
سلووک: گرتنی ڕێگای سۆفییەتی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی کە ئەم زاراوانەی کوڕی خواپەرستانی خواستووە و لێرەدا بەکاری هێناون، تەنها مەعنا زمانییەکەی مەبەست بووە. ئەیەوێ بڵێ گوێرێژەکەم بەدرێژایی ساڵ بە ڕۆژ هیچی نەئەخوارد، چونکە هەر خەریکی ڕەنجدان بو و ماوەی ئالیک خواردنی نەبو. بەڕۆژوو بو، بەڵام فەرقی لەگەڵ ڕۆژووەواندا ئەوەبو ئێوارە نییەتی ڕۆژووی سبەینێی نەئەهێنا. بە شەویش تا بەیانی بە پێوە ئەوەستا، سەری دائەنەواند، سلووکی ئەکرد، بەڵام سلووکەکەی نوێژی لەگەڵ نەبو.
دووریش نییە هەر مەبەستی پلار تێگرتنی سۆفییەکان بووبێ.. هەموو ئەزانین دانووی لەگەڵیان نەکوڵاوە.
دەستنووس
ئەم شیعرە لە نوسخەکانی (ت) و (مز) و (اح) دا نییە. وابزانین ئەوانەی ئەو نوسخانەیان نووسیوەتەوە، ئەو شیعرەیان بە بێ ئەدەبیی زانیوە بەرابەر بەڕۆژووەوان و شەونوخنی کێشانی خواناس، بۆیە نەیاننووسیوەتەوە.
11
چەندە پێم خۆش بوو زوبانی حاڵی دەیوت «نالییا»
هەردو حەیوانین، ئەتۆ گوێ کورت و ئەمنیش گوێ درێژ
لاپەڕەی 228
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

ئەم شیعرەی نالییی هەسێکی بەرزی (دڵ بە گیانەوەرانا سووتان) ی تیایە. نالیی، بەرابەر بەم شیعرەی شایانی ئەوەیە بە یەکەم هونەرمەندی کوردی گیانەوەردۆست دانرێ.
دەستنووس
چەندە (عم) و (کم) و (گم): هێندە. زوبانی حاڵی دەیوت (من): زوبانی حاڵ کە دەیگوت.