خاو و بێ خاوی دو زوڵفی خاوم ئەز
1
خاو و بێ خاوی دو زوڵفی خاوم ئەز
چاوە چاوی یەک غەزالە چاوم ئەز
لاپەڕەی 221
خاو (ی یەکەم): دژی کرژ
بێ خاو: بێ خەو .
ئەز: من .
چاوەچاو: چاوەڕوانیی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بیرکردنەوە لە جوانیی دوو زوڵفە خاوەکەی یار، خاو و بێهێزی کردووم و خەو و خۆراکی لێ هەڵگرتووم. هەمیشە چاوەچاومە، بەملا و بەولادا ئەڕوانم، بەڵكو یاری چاو وەک چاوی ئاسک جوانم بێت و ئیتر ئەم بێ ئیسراحەتییەم بەسی بێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (خاو) و (بێخاو) دا، بە دیمەن طیباق و لە مەعنادا تەناسوب و لە کۆکردنەوەی (یەک) و (دوو) یشدا هەم طیباق و هەم تەناسوب و لەنێوان (چاو) و (خاو) دا جیناسی لاحیق هەیە.
دەستنووس
خاو و بێ خاوی (عب) و (من): خاوی بێ خاویی.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە لاپەڕە 221 بەیتی یەکەمی غەزەلەکە:
خاو و بێ خاوی دو زولفی خاوم ئەز
چاوە چاوی یەک غەزالە چاوم ئەز
بەداخەوە فاتیحی جوانەمەرگ هێمای بۆ ئەو لێکدانەوەی من ڕوونم کردەوە بۆی، نەکردووە، ڕێی هەبوو ئیشارەتێکی بۆ بکات وەک بۆ لێکدانەوەکەی مامۆستا شوکری کردووە. ئەوەی من بۆی چووم و لە بەرایی ئەم نووسینەدا باسم کردووە وردەکاری و گەوهەرچنی نالی دەردەخات، چی دەمێنێتەوە لە واتای ئاشکرای وشەکان شتێکی عادەتی و جوانە.
2
گەر نییە ئاور لە سینەمەدا بە تاو
بۆچ لەبەر قوڵقوڵ غەریقی ئاوم ئەز؟!
لاپەڕەی 221
ئاور: ئاگر .
قوڵقوڵ: قوڵەقوڵ، قوڵدان .
غەریق: خنکاو، نوقم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئەگەر ئاگری عیشق لە دەروونمدا بەتاو نییە، بۆچی لەبەر قوڵدانی مەنجەڵی سینەم لە ئاودا نوقم بووم ! مەبەستی فرمێسکی چاوەکانیەتی.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە وشەی (ئاور) دا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە و ئیضافەی ئاور بۆ (سینە) نیشانەیەتی، چونکە بە (سینە) دا ئەزانین کەوا ئاگرەکە ئاگری ڕاستەقینە نییە و شەوقە شوبهێنراوە بە ئاگر، ئەگینا ئاگر لە سینەدا چی ئەکا. لە کۆکردنەوەی (ئاو) و (ئاور) یشدا طیباق هەیە.
3
ناری سینەم گەر نەبێ، غەرقم ئەمن
ئاوی چاوم گەر نەبێ، سووتاوم ئەز
لاپەڕەی 222
نار: ئاگر .
غەرق: غەریق، خنکاو .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ژیانم لەسەر بوون و کۆبوونەوەی دوو شتی دژی یەک بەندە: ئاگر و ئاو، ئاگری سینەم و ئاوی چاوم. ئەگەر ئاگری سینەم نەبوایە کە ئەوەندە بەتینە تەنانەت بەری ئاویشی پێ ئەگیرێ، لەبەر فرمێسکی زۆری چاوم ئەخنکام و ئەگەر ئاوی چاوم نەبوایە کە ئەوەندە بەهێزە هەر ئاگرێکی بێتە پێش ئەیکوژێنێتەوە، بە ئاگری سینەم ئەسووتام.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە کۆکردنەوەی (نار) و (ئاو) و (غەرق) و (سووتاو) دا طیباق و لە کۆکردنەوەی (سینە) و (چاو) دا تەناسوب و لە یەکخستنی (ئەمن) و (ئەز) دا (تەرادوف) هەیە.
دەستنووس
ئاوی چاوم گەر نەبێ (ت): ئاوی چاوانم نەبێ..
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی سەرەتای لاپەڕە 222:
ناری سینەم گەر نەبێ، غەرقم ئەمن
ئاوی چاوم گەر نەبێ، سووتاوم ئەز
لە شەرحەرکەدا ڕاستەواتای وشەکان لێکدراوەتەوە. وابزانم لە «چەپکێک لە گوڵزاری نالی» یان لە وتووێژدا لایەنێکی گرنگی شرایەوەی بەیتەکەم ڕوون کردۆتەوە، ڕەنگە بۆ فاتیحیشم دەور کردبێتەوە: ئەم بەیتە یەکسەر لە بەیتێکی تەصەوفی عەرەبی وەرگیراوە ئەمە دەقیەتی:
فلولا زفیري اغرقتني ادمعي
ولولا دموعي احرقتني زفرتي
واشدەزانم بەیتەکە هی «بوصیری»ی خاوەن «بردیة وهمزیة»یە.
نالی لە خواستنەوەی واتای ئەم بەیتەدا مەهارەتێکی سەیری نوواندووە: کە دەڵێ «ناری سینەم گەر نەبێ غەرقم» هۆی غەرقبوونەکەت پێ ناڵێ تا لە نیوەبەیتی دووهەمدا «ئاوی چاوم» دێت نوکتەکەت بۆ ئاشکرا دەکات. لەم نیوەدێڕەی دووهەمیشدا کە دەڵێ «سووتام ئەز» هۆی سووتان دیار نییە، دەبێ بچیتەوە بۆ میصرەعی یەکەم وا لەوێدا «ناری سینەم»ی بۆ ساز داویت: ئەم هێنانوبردنەی نیگا و زەینی خوێنەر لە بەرو دوای بەیتەکە بۆ وەدەستهێنانی تەواوی واتاکەی هەر لە شاسواری وەکوو نالی دەوەشێتەوە، سەیریش لەوەدایە کە ئەم سیحرکارییە نەک هیچی زیادی تێ نەچووە بەڵکوو بە لێ گل دانەوە و شاردنەوە و خامۆشی بلیمەتی و مەهارەتەکە و جوانی بەیتەکە ساز بووە. هەرچی بەیتەکەی بوصیرییە لە هەر نیوەبەیتدا هۆی دیاردەکەی بە دەستەوە داوە وەک بڵێی نیوەبەیتەکان خۆیانیان بەتاڵ کردۆتەوە لە چاو ئەوەی نالی کردوویەتی.
4
غەیری زوڵفی تۆ کە ڕشتەی عومرمە
دەس لە (مافیها) ی زەمان بڕیاوم ئەز
لاپەڕەی 222
ڕشتە: دەزووی پێ هۆنینەوەی تەزبیح و ملوانکە و شتی وا .
(مافیها) ی زەمان: ئەوەی لە جیهاندا هەیە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: دەستم لە هەرچی لە زەماندا هەیە بڕاوە، تەنها تاڵی زوڵفی تۆ نەبێ.
لە نیوەی یەکەمی ئەم بەیتەدا زیادەڕەوییەکی ئێجگار باڵا هەیە. ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەگەر زوڵفی یار نەبێ، کە هەناسە هەناسەی عومری شاعیر بە یەکەوە ئەبەستێ، هەر هەناسەیەکی عومری بگری دوا هەناسە ئەبێ و پەیوەندی بە شتێکی ترەوە نابێ بە دوای ئەودا بێ. لە نیوەی دووهەمیشدا، بە عادەت ئەبوو بیوتایە دەستم لە جیهان و هەرچی لە جیهاندا هەیە (الدنیا و ما فیها) بڕاوە، نەک لە کات و هەرچی لە کاتدایە. بەڵام ئەم لەگەڵ (عومر) دا وشەی (زەمان) ـی بەکارهێناوە و ئەیەوێ بڵێ تەمەنم تەنها ئەو کاتەیە کە هەست بە پەیوەندیی لەگەڵ تۆ بکەم و جگە لەو پەیوەندییە باریکەم بە تۆوە کە زوڵفت ڕاگیری کردووە، هیچ هەستێکم بە کات و هەرچی لەکاتدا ڕووبدا نەماوە..
ئەبوو بیشیوتایە (مافیە) ی زەمان، چونکە (زەمان) موذەککەرە، بەڵام چونکە ئەم (مافیها) یەی لە (الدنیا و مافیها) ئیقتیباس کردووە کە وەک مەثەل وایە و مەثەلیش ناگۆڕێ، دەسکاریی نەکردووە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست بەیتی دووهەمی لاپەڕە 222:
غەیری زوڵفی تۆ کە ڕشتەی عومرمە
دەست لە «مافیها»ی زەمان بڕیاوم ئەز
شەرحەکە دەڵێ: ئەگەر زوڵفی یار نەبێ، کە هەناسە هەناسەی عومری شاعیر بە یەکەوە ئەبەستێ، هەر هەناسەیەکی بگری دوا هەناسە ئەبێ و، پەیوەندی بە شتێکی ترەوە نابێ بە دوای ئەوەدا بێ.
من وەهای بۆ ناچم: نالی دەڵێ زوڵفەکەی یار ڕشتەی عومرمە، عومریش زەمانە و لەگەڵ ڕۆژانی تەمەنی هاوجینسە کە شەو و ڕۆژیش هەر زەمانن. جگە لەمە: دەکرا بگوترێ لێدانی دڵی بەو ڕشتەیە بەستراوە، هەر نەبێ لێدانی دڵ و خوێنەکە و دەمارەکان هەمووی بەشێکی وجودی شاعیرن کەچی بای هەناسە لاوەکییە و ناویشی نەهاتووە یاخود، خوردتری بکەینەوە، زوڵفەکەش لە بەیتەکەدا نەلەراوەتەوە هەتا تارمایی با بێتە خەیاڵمان. لەمانە هەموو تێپەڕکەین: نالی بە ئیصرارەوە سوورە لەسەر هێندی کە لە هەموو دنیا غەیری عومرەکەی کە بریتییە لە زەمان شتێکی دیکەی مەبەست نییە ئەویش لە قودسیەتی ئەو زوڵفەیە کە ئەجزای عومری بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لێرەدا تێبینییەکی گرنگ هەیە واتاکە خەستتر دەکاتەوە: نالی زەمانە و عومر و ڕشتەی زوڵفی وەها تێک بەستووە و لێکی گرێ داون کە موحتاجی فکرەی هەناسە نەمێنێ وەک ئەوەی کە هەناسە ڕابگرێت بۆ چەند دەقیقە زوڵفەکە پێوەندیی ڕشتە و عومرەکە بەردەوام دەکات، هەر زولفەکە بڕا عومرەکە دەبڕێ. کە دیتمان هەناسە بڕا و عومر بەردەوام بوو. خولاسە و بێگومان نالی بۆ دەوامەی عومری چاوی بڕیوەتە زوڵف، لەوە بەولاوە «مافیهای زەمان»ی مەبەست نییە.
لە بارەی «مافیها»ی زەمانەوە کە شەرحەکە دەڵێ، دەبوو «مافیە» بێ چونکە زەمان نێرە نەک مێ، گلەییم لەو تێبینییەی شەرحەکە نییە هەرچەند دڵم دابین نەبوە بە سەلماندنی سەهووی نالی لە ئاست نێری و مێیی زەمانەوە، بەڵام خۆم لێ کەڕ دەکرد هەتا ئەمڕۆکە، ڕێکەوتی 17/3/1996، کە بە نووسینەکەی خۆمدا دەهاتمەوە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی کردبێتم، لە هێکڕا شەبەنگی واتایەک بە زەینمدا هات ئەو گرفتەی دەڕەواندەوە. نالی کە دەڵێ «دەست لە مافیهای زەمان» وشەی دەست دەکاتە مەرجەعی ڕاناوی «ها»ی مێینە کە لە عەرەبیدا «ید - دەست» مێیە. ئەو «ما»یەی بە «اسم موصول» دەناسرێ و ئەو شتانە دەگرێتەوە لە ناو دەستی نالیدان، هەمووی هی زەمانن، واتە هەر شتێکی سەر بە زەمان بێ و پێوەندییەکی، هەر چۆنێک بێ، بە نالییەوە هەبێ، نالی دەستی خۆی بڕیوە لەو شتانە. ئنجا کە دەستی نالی بڕا لە زەمانە، هەر دەمێنێتەوە زوڵفەکەی یار کە ڕشتەی عومریەتی. بەو پێیە عومری نالی بە زەمانەوە بەند نییە، هەر ڕشتەی زوڵفەکە بەردەوامی کردووە و دەیکات، چ کاتێک ڕشتەکە پسا نالی بە مردوو حیسابە.
5
تازە ئەبرۆت وسمە کێشاوە بە ناز
دڵ لەتی شمشێری تازەساوم ئەز
لاپەڕەی 223
وسمە: گیایەکە ژنان لەناو ئاودا ئەیکوڵێنن و برۆی پێ ڕەنگ ئەکەن . جۆرە خەنەیەکیشە، ژنان، پاش خەنە، ئەیگرنە سەر بۆ ڕەشکردنی قژیان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: برۆت تازە بۆ نازکردن بە وسمە ڕەنگ کردووە، وەک شمشێرێ تازە لە هەسان درابێ. بۆیە من کە ئەو برۆیانەی تۆ ئەبینم، دڵمیان پێ لەت ئەبێ، وەک بە شمشێرێکی تازە ساو لەت کرابێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (نازە) و (تازە) دا جیناسی لاحیق و لە (شمشێری تازە ساو) یشدا ئیستیعارەی موصەڕڕەحە هەیە. نیشانەکەشی باسی برۆکەیە.
6
ئەی ڕەفیقان! صوحبەتی «نالیی» مەکەن
بۆچ؟ کە من لەوڕا وەکوو بەدناوم ئەز
لاپەڕەی 223
صوحبەت: هاوڕێیەتی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: برادەرینە ! لێم دوور کەونەوە و هاوڕێیەتیم مەکەن، چونکە من چارەم ڕەشە و ناویشم زڕاوە و لەوانەیە هەر کەسیش لەگەڵم هەڵسێ و دانیشێ، نەگبەتیی من کاری تێ بکا.
نالییی لەم پارچە شیعرەیدا وشەی جیاوازی لە گەلێ زاراوەی کوردی وەرگرتووە: وەک (ئەز) ی کرمانجیی سەروو کە واتە: من (کە زووتر لە کرمانجیی خواروویشدا بووە، وەک ئەو پەندی پێشینانەی کە ئەڵێ: « ئەزم هەڵئەبەزم » و ئەوەی تر کە ئەڵێ: « ئەگەر زانییان ئەزم و ئەگەر نەیانزانی دزم ») و (ئاور = ئاگر) و (خاو = خەو) و (لەوڕا و لەیرا = لێرەدا) و (بڕیاوم = بڕاوم) کە هەریەکی لە ناوچەیەکی کوردستانی ئێران بەکار ئەهێنرێن.
ئەمەی نالییی کردوویەتی، وەک کەرەستەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی مەسەلەی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کورد و موتوربە کردنی بە هەموو زاراوەکان شتێکی بە بایەخە.
دەستنووس
لەوڕا (ک): لەیرا. لەوڕا وەکو (کم) و (من): ڕیسوایەک و.
نیوەی دووهەمی ئەن شیعرە لە هەموو نوسخە چاپەکانا بە هەڵە نووسراوەتەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست بەیتی کۆتایی غەزەلەکە لە لاپەڕە 223:
ئەی ڕەفیقان! صوحبەتی «نالی» مەکەن
بۆچ؟ کە من لەوڕا وەکوو بەدناوم ئەز
خۆزی تێکستی دیکەی ئەم بەیتەش لە دەستدا دەبوو: من دیتوومە «گەلێ بەدناوم ئەز» هاتووە. جگە لەم وشەیە هی دیکەشم دیتووە جودا لەم تێکستە بەڵام نایەتەوە بیرم، ئەمما دەزانم «لەوڕا»ی تێدا نەبوە. ئەم «لەوڕا»یە لە نێوان فەقێیاندا، کاتی دەرس وەیا موناقەشە، دەبیسترا نەک بە واتای «لێرەدا» بەڵکوو بە واتای «چونکی». ڕاستییەکەی نیوەبەیتی دووهەم جێی متمانە نییە و ناقۆڵایشە، مۆسیقای شیعری تێدا نییە. «کە من لەوڕا وەکوو» بەهیچ پێوانەیەک لە قەبەڵ نالی، بگرە چ شاعیرێکی دامەزراو، ناکرێت. هەر نەبایە «بۆچ کە لەوڕا من وەکوو بەدناوم ئەز» کمێکی ناقۆڵاییەکەی لادەبرد، هەرچەند هاتنی «من» لەگەڵ «ئەز» بۆ هەڵنانی یەک جوملە لە گەپی منداڵ دەکات کە حەزی چووبێتە «ئەز». «وەکوو بەدناو» هۆی نەسیحەتەکەی بێهێز کردووە چونکە «وەکوو» بۆ تەشبیهـ، دەستووری «قاعدة التشبیە نقصان مایحکی» لە بەدناوییەکەی دادەشکێنێ. ئەم بەیتە بە هیچ جۆرێک و لە هیچ ڕوویێکەوە کەڵکی شیعری پێوە نییە.