سەرەتاپێشەکییەکان هۆنراوەکان دەستنووسکتێبئەرشیڤپەیوەندی

شەوی بەهاری جوانی خەوێ بو پڕ تەشویر

1
شەوی بەهاری جوانی خەوێ بو پڕ تەشویر
لە فەجری پایزی پیری بەیانی دا تەعبیر
لاپەڕەی 204
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
لە هەموو نوسخە چاپ و دەسنووسەکانی بەردەستمانا، ئەم قەصیدەیە تەنها لە نوسخەکەی ڕەحمەتی مامۆستا مەلا فەتاحی کاگردەڵیدا هەبو کە (ک) مان بۆ کردووە بە نیشانە و کۆمەڵێکیش هەڵە و ناتەواویی تیا بو. پاشان د. مارف خەزنەداریش، بەشێوەی ئاڵوگۆڕ، نوسخەیەکی داینێ کە وەک ئەڵێ لە ڕووی دەسنووسێکی نووسیوەتەوە لە دوا ساڵەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا نووسراوەتەوە. هەرچەند ئەو نوسخەیەی د. خەزنەداریش هەڵەی گەورە و ئاشکرای لە هینەکەی لای خۆمان زۆرتر تیابو، بەڵام بۆ ڕاستکردنەوەی چەند شوێنێک کە لێرەدا بە تیپی (د) ئیشارەتمان بۆ کردووە، کەڵکێکی باشمان لێ وەرگرت.
چ نوسخەکەی (ک) و چ ئەوی د. خەزنەدار هەر ئەوەندەیان تیابو کە ئێمە لێرەدا نووسیومانەتەوە. بەڵام دیارە ناتەواویی هەیە، چونکە هەم بابەتەکە تەواو نەبوە و هەم نازناوی شاعیریش دیار نییە. لە نوسخەکەی (ک) یشدا جێگای پێنج بەیت بە سپییەتی هێڵراوەتەوە. ڕێی تێ ئەچێ بۆیان نەخوێنرابێتەوە، یا نوسخەکەی بەردەستیان پەڕپووت بووبێ، یا بە (ئەدەبی ڕوو هەڵماڵراو) یان دانابێ و نەیاننووسیبێتەوە. هەرچۆن بێ ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێشەرە: ئەم پارچە شیعرە تەنها لەم دوو نوسخەیەدا هەیە و لە هەردوکیشیاندا ناتەواوییەکەی ئەوەندەی یەکە.
ئەم پارچەیە لە شیعرە بەرز و پڕ ماناکانی نالییە و دیارە هیی سەرەتای پیریشیەتی و یەکێکیشە لەو پارچە کەمانەی شیعری ئەو و تێکڕای شیعری کلاسیکی کوردی کە یەکێتیی بابەتیان تیایە، هەرچەند بابەتەکە خۆی هەندێ وردە لقی لێ بووەتەوە.
تەشویر: گەلێ مەعنای هەیە وەک شەرمەزار کردن و ئاڵۆزاندن و سەر لێ شێواندن و خۆشی. لێرەدا مەعنای دواییان مەبەستە.
واتە: تەمەنی جوانی کە وەک شەوی بەهار درێژ و خەو تیا خۆش ئەهاتە پێش چاو، خەونێکی خۆش بو دیمان و تەعبیرەکەی لە بەرەبەیانی پایزی پیریدا دەرکەوت تەعبیرەکەی ئەوەبو بنیادەم هەرچەند لە گەنجیدا خۆش ڕابوێرێ، هەرگیز تا سەر نابێ بۆی و ئاخری ئەبێ هەر لووتی پیری داژەنێ و ئەوەندە دەردی پیری ئەچێژێ. خۆشیی ژیانی بە تاوێکی ئێجگار کورت دێتە پێش چاو.
نالیی لەم شیعرەیدا وەرزی جوانیی شوبهاندووە بە بەهار لەوەدا وەک چۆن بەهار خۆشترین وەرزەکانی ژیانە. لە بەهاریشدا شوبهاندوویەتی بە شەو، چونکە شەوی بەهار درێژە و خەوی تیا خۆشە. لە شەویشدا شوبهاندوویەتی بە خەونی بنیادەم بیبینێ. ڕووی شوبهاندنەکەش کورتیی خەو و ناڕاستییەتی. مەبەستی ئەوەیە بڵێ مادەم لەپاش جوانی پیری دێ، هەرچی خۆشیی ژیانە هەمووی پوولێک ناهێنێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لە نیوەی یەکەمی ئەم شیعرەدا سێ وشە و وێنەیەک و لە نیوەی دووهەمیشدا سێ وشە و وێنەیەکی تری دژی ئەوانی پێشوو ڕیز کراوە: شەو و فەجر، بەهار و پایز، جوانی و پیری، خەوی پڕ تەشویر و بەیان کردنی تەعبیر. ئەمە سەرەڕای تەناسوبی نێوان زۆر لە وشەکان و جیناسی لاحیقی نێوان (شەو) و (خەو).
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی یەکەمی لاپەڕە 204 «شەوی بەهاری جوانی» دەبوو «جەوانی» بنووسرێ چونکە بێگومان نالی و نووسەرانی سەردەمی ئەو کە نووسیویانە «جوانی» مەبەسیان شکڵ و شەمایل نەبوو بەڵکوو جحێڵی بوو لەو شوێنانەدا کە مەسەلەی «جوانی» لە گۆڕێدا نەبووە. هەر وەک لە «کەمال» کەمالیان مەبەس بووە هەروەهاش لە «شەوی بەهاری جوانی» جەوانی مەتڵەبە. حاجی قادریش کە دەڵێ «پەرچەم و فێسی کەچی تۆ ئەی جوانی» هەر کوڕی جحێڵی مەقسەد بووە. وشەی «پایز» لە نیوەدێڕی دووهەمدا دەبێ «پاییز» بێ ئەگەرنا شیعرکە لەنگ دەبێ.
2
چ شەو، چ ڕۆژ؟ وەها کورتی لەهو و لەعب و میزاح
کە هەردو وەک یەکەچوون بە نە‌غمەیی بەم و زیر
لاپەڕەی 206
میزاح: گاڵتە .
یەکەچوون: یەک ئەچوون .
بەم: دەنگی بەرز .
زیر: دەنگی نزم . بەم و زیر، یان زیر و بەم ئالەتێکی مۆسیقایە لە دوو پارچە پێکهاتووە بەمەکەیان دەنگی بەرز و زیرەکەیان دەنگی نزمە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: شەو و ڕۆژێکی چەند کورت بوون بەهۆی گاڵتەکردن و ڕابواردنەوە هەستم بە بەسەرچوونیان نەئەکرد و هەردوکیان لەسەر ئاوازەی بەم و زیر، یا کورت و درێژ وەک ئاوازەی بەرز و نزمی بەم و زیر ئەبڕانەوە.
دەستنووس
میزاح (ک): میزاج.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی دووهەمدا دەبێ بنووسرێ:
چ شەو چ ڕۆژی وەها کورتی لەهو و لەعبی میزاح

نەک «چ ڕۆژ» لەبەر کێشی بەیتەکە چونکە لە 15 بڕگەوە دەبێتە 14 بڕگە. ئەگەر لە کۆتایی بەیتەکە بڕگە کەم بکات، ئەم بەحرە ناشێوێ وەک کە بڵێین «لەهو و لەعبی ماح». لە بەیتی دوواتردا وشەی «تەقصیر» ئەم کارەی کردووە، لەوانەیە «تەقەصیر» وەیا «کەچەشیر» وەیا «دەمەتیر»... بێ و بڕگەکان بکاتەوە 15 بڕگە.
قەصیدەی «النهر المتجمد»ی «میخائیل نەعیمە» بەیتەکانی هەڵدەگرن لە 20 بڕگە تا 16 بڕگە بن. ئەو وشەیەی «پایز» لە کۆتایی بەیەتی ئەم بەحرە دەست نادات دەبێت «پاییز» بێ تەنانەت لە قسەکردنیشدا ناشێ بگوترێ «پایز» مەگەر بەیارمەتی وشەیەکی تر بە دوایدا بێت وەک: پایزەکات... حیکایەتی تەفعیلە و بڕگەی بەحری شیعری عەرەبی درێژخایێنە و لەگەڵ فۆنەتیک تێکەڵ دەبێت... و هتد. دەقی بەیتەکە ئەمەیە:

چ شەو چ ڕۆژ؟ وەها کورتی لەهو و لەعب و میزاح
کە هەردو وەک یەکەچوون بە نەغمەیی بەم و زیر

لە شەرحدا «یەکەچوون» بە «یەک ئەچوون» لێک دراوەتەوە و ڕاستیشی بۆ چووە بەڵام شتێکی گرنگ هەیە لەو یەکچوونییەدا شەرح نەدراوە. دەزانین لە ساڵدا دوو جاران شەو و ڕۆژ دەبنە دوازدە سەعاتی بەڵام دیسانەوە یەکچوونییەکە پەیدایە لەوەدا کە شەو و ڕۆژ بە نۆرە کورت و درێژ دەبنەوە و پێکەڵپێکن. لە لایەن «نەغمەی بەم و زیر»ەوە کە یەکیان دەنگی بەرز و ئەوی دیکەیان دەنگی نزمە دیسان یەکچوونییەکە لەو نۆرەکردنەی کورتبوون و درێژبوونی شەو و ڕۆژ پەیدا دەبێتەوە: جارێکیان ڕۆژ بەم و شەو زیرە، جاری دووهەم شەو بەم و ڕۆژ زیرە. 6
3
ئەسەف درێژی شەو و ڕۆژی ئەو شەو و ڕۆژەم
قوصووریان بووە طوولی نەدامەتی تەقصیر
لاپەڕەی 206
ئەسەف درێژ: کەسێ خەفەتی زۆر بێ .
قوصوور: کورتی .
نەدامەت: پەشیمانی .
تەقصیر: کەمتەرخەمی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەمیشە خەفەتێکی زۆری ئەو عومرە درێژە ئەخۆم کە هەمووی وەک شەوێکی بەهاری خەو و بێ ئاگایی و ڕۆژێکی پایزی بێدەسەڵاتی بەسەرچوو. داخی ئەوەم لە دڵایە کە چوون وا کورتیی ئەو شەو و ڕۆژەی ژیان، بووە بە هۆی پەشیمانییەکی دوور و درێژ و زۆر بۆم، لەبەرئەو کەمتەرخەمییەی کردم. مەبەستی لەوەیە بڵێ ئیستا کە پیر بووم و پایزی تەمەنم داهاتووە، داخی ئەو ماوە کورتەی ژیانم لە دڵایە کەوا ئەرکی سەرشانی خۆمم تیا بەجێ نەهێنا و بۆم بوو بە هۆی پەشیمانییەکی لەڕادە بەدەر.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (درێژ) و (شەو و ڕۆژ) و هەردو (شەو و ڕۆژ) دا کە پێشوویان (هەمیشە) و دووهەمیان (شەو و ڕۆژی عومری کورت) ئەگەیەنێ و لەنێوان (قوصوور) و (طوول) دا طیباق هەیە.
4
سەوادی طوڕڕەیی ئەو ئیشتیباهی سەهوی جوان
بەیاضی غوڕڕەیی ئەم ئینتیباهی سوجدەیی پیر
لاپەڕەی 206
سەواد: ڕەشی .
طوڕڕە: زوڵف .
ئیشتیباە: بەهەڵەداچوون .
بەیاض: سپێتی .
غوڕڕە: ناوچاوان .
ئینتیباه: ئاگادار بوونەوە .
سوجدە: سوجدەی سەهو کە لە هەندێ حاڵەتی بەهەڵەداچوونی ناو نوێژدا بەر لە سەلام دانەوە - ئەبرێ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ڕەشیی کاکۆڵی لاوان هیی ئەو هەڵەی بێ ئاگاییەیە لە سەردەمی هەرزەکاریدا ئەیکەن. سپێتیی ناوچاوی پیرانیش هیی وریا بوونەوە و پاشگەز بوونەوەی وەک سوجدەی سەهو بردنیانە.
نالییی لەم بەیتەدا ڕەشیی کاکۆڵی هەرزەکاری بەو قۆناغە پڕ لە ئارەزوو شوبهاندووە کە هەرزەکار پیا تێئەپەڕێ و بێجگە لە ڕابواردن بیر لە هیچ ناکاتەوە، کە ئەمەش ئەگەر بە چاوی ئایین سەیری بکرێ گومڕاییە و گومڕاییش ڕەشیی و تاریکییە. سپێتیی ناوچاوانی پیاوی پیریشی بە وریا بوونەوەی کەسێک شوبهاندووە کە لە نوێژا هەڵەیەکی کردبێ و بەر لە سەلام دانەوە سوجدەی بۆ بەرێ. ڕاچڵەکان و بیرکردنەوەی بنیادەمیشی لە دوا ساڵەکانی ژیانیا شوبهاندووە بە وریا بوونەوەی نوێژکەرێ کە هەڵەیەکی لە نوێژەکەیدا کردبێ و سەلامدانەوەی نوێژکەریشی شوبهاندووە بە مردن و نوێژەکە خۆی بە ژیان.
چەند گونجاو و جوانە نالییی وا ڕەشیی کاکۆڵی لاوانی، لەگەڵ ناوچاوی لەبەر سوجدە بردن سپی بووەوەی پیران بەراورد کردووە، ئەڵێی ئەم ڕەشی و سپێتییەی لە پیر و لاو خواستووە و داویە بە شەوەزەنگ و بەرەبەیان !
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (سەواد) و (بەیاض) و (طوڕڕە) و (غوڕڕە) و (ئیشتیباە) و (ئینتیباە) و (سەهو) و (سوجدە) و (جوان) و (پیر) دا طیباق هەیە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە بەیتی سێهەمی لاپەڕە 206 وشەی «سوجدە» هاتووە و لە لاپەڕە 207 دووبارە بۆتەوە. ڕاستی وشەکە «سەجدە»یە نەک «سوجدە» سوورەتێکی قورئانیشە ژمارە 32 ی دراوەتێ لە نێوان دوو سوورەتی «لقمان» و «الاحزاب»دا.
5
وەکو نەهاری بەهاری درێژ و پایزی کورت
ئەمەل گەلێک و طەویل و عەمەل کەمێک و قەصیر
لاپەڕەی 207
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: ئاوات و هیوای من وەک ڕۆژی بەهار زۆر و درێژ و نەبڕاوەن و کردەوەشم، کە ئەبێ هەر لە ڕێگای ئەوانەوە بەتەمای هاتنەدیی ئاواتەکانم بم، وەک ڕۆژگاری پایز کەم و کورتن.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (نەهار) و (بەهار) و (گەلێک) و (کەمێک) ـدا جیناسی لاحیق و لەنێوان (ئەمەل) و (عەمەل) ـدا جیناسی موضاریع و لەنێوان (درێژ) و (کورت) و (طەویل) و (قەصیر) دا طیباق هەیە. لەنێوان دوو بڕگەکەی هەر کام لە دوو نیوە شیعرەکەشدا لەف و نەشری مورەتتەب هەیە. بڕگەی یەکەمی نیوە شیعری دووهەم بۆ بڕگەی یەکەمی نیوە شیعری یەکەم و بڕگەی دووهەمی نیوە شیعری دووهەم بۆ بڕگەی دووهەمی نیوە شیعری یەکەم ئەگەڕێتەوە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لە ئاست شەرحی بەیتی لاپەڕە 207:
وەکو نەهاری بەهاری درێژ و پایزی کورت
ئەمەل گەلێک و طەویل و، عەمەل کەمێک و قەصیر

شەرحەکە لەفف و نەشری موڕەتتەبی باس کردووە لە نێوان دوو کەرتی نیوەبەیتی یەکەم و دوو کەرتی نیوەبەیتی دوومدا، باشیشی پێکاوە، بەڵام لە شتێک بێدەنگە: هەرچی درێژایی «نەهاری بەهار» و کورتیی «نەهاری پاییز»ە سروشتییە و یەک «بعد»ی هەیە ئەویش مەودا و مەسافە. ئەمما «ئەمەل» و «عەمەل» کە لە نالییەوە هەڵدەقوڵن، جگە لە «طەویل» پۆزایی «گەلێک» و جگە لە «قەصیر» پۆزایی «کەمێک» یشی لەگەڵدایە. لێرەدا نالی پتر خۆ دەشکێنێتەوە لەوەی سروشت بۆی قەراردادە کردووە. زێدە مەهارەتی نالی لەم نوکتەیەدایە.
6
غوباری ئەو شەو و ڕۆژەن ڕدێنی ماش و برنج
کە تێکەڵن شەبەهی صوبح و شام و شیر و قیر
لاپەڕەی 208
غوبار: تۆز .
ڕدێن: ڕیش .
ماش و برنج: ئەو ڕیشەی بە ڕەشی نەمابێتەوە و هێشتا تەواویش سپی نەبووبێ .
شەبەهـ: وەک .
شام: ئێوارە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: تۆز و گەردی گوناهی ئەو شەو و ڕۆژەی ژیانمە کاری کردووەتە سەر ڕیشم و بۆزی کردووە و کردوویە بە ماش و برنج و مووی ڕەش و سپیی تیا تێکەڵ بووە وەک تێکەڵیی (بەیانی) و (ئێوارە) واتە شەو و ڕۆژ و لەیەکەوە نزیکیی (شیر) و (قیر) کە بە دیمەن تەنها تیپێکیان لە یەک جیایە و لە ڕاستییشدا یەکێکیان سپی و ئەویان ڕەشە.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
بەیتی یەکەمی لاپەڕە 208:
غوباری ئەو شەو و ڕۆژەن ماش و برنج
کە تێکەڵن شەبەهی صوبح و شام و شیر و قیر

شەرح دراوە کە چۆن ڕدێنی ماش و برنج «... مووی ڕەش و سپیی تیا تێکەڵ بووە وەک تێکەڵیی «بەیانی» و «ئێوارە» واتە شەو و ڕۆژ و، لەیەکەوە نزیکیی «شیر» و «قیر» کە بە دیمەن تەنها تیپێکیان لە یەک جیایە و لە ڕاستیشدا یەکێکیان سپی و ئەویان ڕەشە». ڕاستییەکەی، نالی نەهاتووە «لە یەکەوە نزیکی شیر و قیر» باس بکات بەڵکوو مەبەسیەتی تێکەڵبوونی شیر و قیر وەک تێکەڵبوونی شەو و ڕۆژ ڕەنگ بدەنەوە وەک ڕەنگی ڕدێنی ماش و برنج، مەسەلەکەش هێندە ئاشکرایە بە دوا کەوتنی ناوێ.
7
سپی نەذیرە هەموو موو لە سیڕڕی (وَجهُ) لەسەر
مونەووەرە، لە طەرەف نوورەوە بووە بە نەذیر
لاپەڕەی 208
سپی نەذیر: تۆقێنەری سپیی . جاران خێڵە عەرەب کە دوژمن بهاتایاتە سەریان یەکێکیان بەرگێکی ئاودامانی سپیی ئەکردەبەر و ئەچوە سەر بەرزاییەک هاواری ئەکرد کە فریایان کەون . سپیی نەذیر، یاخود (النذیر العریان) بەوە ئەڵێن .
مونەووەر: ڕووناک، نوورانی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: هەرچی موو بەسەرمەوەیە بووە بە (تۆقێنەری سپی) و ترسی مردنم ئەخاتەبەر و ئایەتی (کلُ مَن علیها فانِ، و یبقی وجه رَبَکَ ِ ذی الجلالِ والاکرام) م ئەدا بەگوێدا کە واتە هەرچی بەسەر ڕووی زەوییەوەیە هەمووی ئەفەوتێ و تەنها ڕووی خوای گەورەی تۆ ئەمێنێتەوە. بەڵام ئەم مووە سپییە تۆقێنەرە، ڕووناک و پیرۆزە چونکە هەڕەشەکەی لە خواوە هێناوە کە ڕووناکیی ئەرز و ئاسمانە وەک خۆی ئەفەرموێت (الله ٌ نور السمواتِ والأرضِ).
ئەشگونجێ وشەی (لەسەر) مەعنای (علی) بێ و ئیشارەت بێ بۆ (عَلیها) ی ئایەتەکە. هەروەها ئەشگونجێ نالییی ویستبێتی (هەموو موو) بە (هەمووم و) بخوێنرێتەوە، واتە هەموو گیانم.
شرۆڤەی مامۆستا مەسعوود
لەو شەرحەی بۆ بەیتی دووهەمی لاپەڕە 208 دراوە، نائارامم: نازانین «هەموو موو» و «لەسەر» و «مونەووەر» ئایا چۆناوچۆنی نووسراون چونکە لە سەردەمی نالی «هەمو» هەر «همو» دەنووسرا ئنجا ئەگەر «مو»ی بە دوادا هاتبێت ببێتە «همومو» ئایا «هموم»ی عەرەبی پەیدا دەکات یان نا؟ «لەسەر» کە «لە سر» بنووسرێ بە ج مەعلووم «لە سیرر، سر» مەتڵەب نییە؟ کێ دەڵێ «مونەووەر» کە «منور» بنووسرێت نابێتە «مونەوویر»؟ خولاسە پشت بەو خوێندنەوەیەی خاوەن تێکستەکان بۆی چوون نابەسترێ و مانای بەیتەکە وەزەحمەت دەکەوێ. چەند بەیتەکەی تری ئەو قەصیدەیە بایی دڵنیایی خوێنەر نیشانیان پێکاوە. شەرحەکە «سپی نەذیر»ی لێ قبووڵ دەکەم بە هەدیەیێکی گرانبەها.
8
مرووری نەکسە کە عەکسی قەمەر دەکا بە ڕەمەق
ذوبوولی نیکسە دەگێڕێ کە عەکسی ڕیش بە شیر
لاپەڕەی 209
مروور: تێپەڕبوون .
نەکس: کزی . سەرەوقنگ کردنەوەی شتێک .
عەکس: دەرخستن . پێچەوانە .
ڕەمەق: نیوە گیان .
نیکس: شکاندنەوەی شتێک بە جۆرێک سەری بکەوێتەوە خوارەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: بەهۆی تێپەڕبوونی سەردەمی پیری و کزی و نزیکبوونەوەی دواییەوەیە، مانگی گەش و جوان لە دواڕۆژەکانیا وا دەرئەکەوێ وەک لە حاڵی گیانەڵادا بێ. یا خەتای بەشێوەی سەرەو قنگ تێپەڕبوونی مانگە وا پێچەوانەی (قەمەر)، (ڕەمە‌ق) ـە. بەهۆی سیسبوونی باڵای بنیادەم و چەمانەوەیەتی کە لەبەر پیری سەری ئەکەوێتە بەرپێی، گیای ڕیشی وشک ئەبێ و سپیی ئەبێتەوە، یا لەبەر شکاندنەوەی وشەی (ڕیش) ـە، (شین) ـەکەی ئەکەوێتە سەرەوە و (ڕێ) کەی ئەکەوێتە خوارەوە و ئەبێ بە (شیر).
نالییی ئەم شیعرەی لە ئایەتی (وَ مَنْ تَعمْره، تننکسنه فی الخَلقِ) ئیقتباس کردووە کە واتە: ئەوەی زۆر بیژێنین، پاشان باڵای ئەچەمێنینەوە.
9
دەلیلی ڕۆشنە بۆ بەدء و عەود و کورتییی عومر
تەنی هیلال کە بە طەلعەت جوان، بە خەلعەت پیر
لاپەڕەی 209
بەدء: سەرەتا . مەبەست سەرەتای دروستبوونی بنیادەمە کە هێشتا زۆر بچکۆلەیە .
عەود: گەڕانەوە . مەبەست . زیندوو کردنەوەی بنیادەمە لەو دنیادا .
تەن: لەش .
هیلال: مانگی یەکشەوە .
طەلعەت: هەڵاتن , دیمەن .
خەلعەت: بەرگ .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مانگی یەکشەوە کە لە سەرەتای مانگدا هەڵدێتەوە، وا دێتە پێش چاو شتێکی نوێ بێ. کەچی لە ڕاستیدا پیرەو هەر ئەو مانگەیە کە شەوی پێشوو، بەنیسبەت مانگی ڕابوردووەوە لە چڵەپۆپەی پیریدا بو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عومرێکی زۆر کەمی ڕابواردبو کە سێ ڕۆژە. ئەمە نیشانەیەکی ئاشکرا و بەڵگەیەکی ڕۆشنە بۆ ئەوە کە عومری ئادەمیزاد لە دنیادا زۆر کورتە و ئەو خوایەی لە نەبوون دروستی کردووە، لەو دنیاش دروستی ئەکاتەوە، وەک چۆن مانگی بەسەرچوو هەڵدێنێتەوە.
ئەم شیعرە ئیشارەتە بە ئایەتی (کما بداکم تعودون).
10
لە شەرحی هەیئەتی مەتنی بەدەن کە هەر جوزئی
سەقیمە، عاجزە تەصحیح و ڕابیطی تەدبیر
لاپەڕەی 210
شەرح: لێکدانەوە . ئەو کتێبەی کە تێکستی کتێبێکی تریان، وشە وشە و ڕستە ڕستە خستبێتە ناویەوە و مەعنای ئەو وشە و ڕستانەیان پێ لێک دابێتەوە .
هەیئەت: دیمەن . عیلمی ئاسمانشناسی کە جاران فەقێ ئەیانخوێند .
مەتن: پشت . تێکستی ئەو کتێبەی لەبەر گرانی، وشە وشە و ڕستە ڕستە ئەیانخستە ناو چوارچێوەی کتێبێکی ترەوە و مەعنایان لێک ئەدایەوە .
جوزء: پارچە . بەشێک لە چەند بەشێکی کتێبێک .
سەقیم: نەخۆش . ڕستەیەک کە مەعناکەی نەیەت بەدەستەوە .
تەصحیح: ساغکردنەوە . ڕاستکردنەوەی هەڵەی ناو کتێب . رابیط
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی لەم شیعرەیدا خۆی شوبهاندووە بە کتێبێکی پڕ لە هەڵە کە بە کەس ڕاست نەکرێتەوە، لەوەدا کە ئەمیش ئەوەندە نەخۆشە بە کەس تیمار ناکرێ. ئەڵێ منی و پیر و لێ‌کەوتوو هەموو پارچەیەکی پشتم ئێش ئەکا و کەس ناتوانێ مەعنای مەتنی پیر و لێکەوتوو هەموو پارچەیەکی پشتم ئێش ئەکا و کەس ناتوانێ مەعنای مەتنی شیرازە پچڕاوی بەدەنم لێک بداتەوە. بۆیە خۆشکردن و دەستلێدان و پەیوەندی دروست کردن لەنێوان ئەندامەکانی لەشمدا هیچ بە هیچ ناکات و سوودێکی پێ ناگەیەنێ.
لامان دوور نییە وشەی (تەدبیر) هەڵە بێ و ڕاستەکەی (تەضمیر) بووبێ، کە واتە ئیشارەکردن بۆ بنەوانی (ضەمیر) لە ڕستەدا، کە ئەویش یەکێک بووە لە شێوەکانی خۆش‌کردنی کتێب.
(شەرح) و (مەتن) و (جوزء) و (سەقیم) و (تەصحیح) و (ڕابیط)، وەک لێکمان دانەوە، زاراوەی خوێندنی حوجرەن.
11
تێدا حەدیثی حەداثەت ضەعیف و مەترووکە
کە قەطعە صیححەتی ئیسنادی عەنعەنی تەقریر
لاپەڕەی 210
حەدیث: قسە . فەرموودە یا کردەوەی پێغەمبەر (د . خ) یا ئەوەی پێی زانیبێ و ناڕەزایی لێ دەرنەبڕیبێ . حەداثەت . لاوێتیی . حەدیث بە (حدَّثني) گێڕانەوە .
ضەعیف: لاواز . ئەو حەدیثەی کەوا ئەوانەی ئەیگێڕنەوە لەبارەی بێگوناهی و متمانە پێ کراییەوە نەگەنە ڕادەی ئەوانەی حەدیثی (حەسەن) ئەگێڕنەوە .
مەترووک: خراوە لاوە . ئەو حەدیثەی تاقە یەک کەس گێڕابێتیەوە و بەئاشکرا گوناهبار بێ یا گێژ و وێژ بێ یا شتی لە بیر بچێ یا قسەی لێ بکەن کەوا درۆزنە .
قەطع: بڕین . حەدیثی مەقطووع ئەو حەدیثەیە زنجیرەی گێڕانەوەی نەگاتەوە سەر ئەصحابە، بەڵکو لە تابیعین یا لە خواری ئەوانەوە بپچڕێ .
صیححەت: دروستیی . حەدیثی صەحیح ئەو حەدیثەیە زنجیرەکەی لەو کەسەوە کە ئەیگێڕێتەوە تا ئەگاتە سەر پێغەمبەر (د . خ) نەپچڕابێ و ئەوانەش کە ئەیگێڕنەوە بێ گوناە و قسەڕاگر بن .
ئیسناد: دانەپاڵ . دانی حەدیث ئەپاڵ ئەو کەسەی گێڕاویەتەوە .
عەنعەن: عەن عەن، لە فڵانەوە و ئەویش لە فڵانی ترەوە و بەوجۆرە .. حەدیثی موعەنعەن ئەو حەدیثەیە کە تیا بووترێ فڵان کەس لە فڵان کەسی گێڕایەوە بۆم، بێ ئەوەی بڵێ ئەو فڵانە قسەی بۆ کردم کەوا فڵان کەس قسەی بۆ کردووە .. تاد، یا لێی بیستووە .
تەقریر: بڕیاردان . ڕەزامەندیی پێغەمبەر (د . خ) لە شتی بیستبێتی یا کردەوەیەک دیبێتی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: لەم کتێبی شەرحی هەیئەتی مەتنی بەدەنەدا کە لە شیعری پێشوودا باسی کرا، تەنانەت حەدیثێکیش بە (حدثنی فلان، قال حدثنی فلان) گێڕرابێتەوە بە حەدیثی ضەعیف و مەترووک دائەنرێ، چونکە ئەوەی ئەیگێڕیتەوە لە خۆیەوە قسە ئەکا و لەبەر پیریی و پەککەوتەیی ئاگای لە خۆی نییە و حەدیثەکەی وەک حەدیثی موعەنعەنی تەقریری لەم جۆرەیش بە صەحیح دانانرێ و وەک مەقطووع ئەدرێتە قەڵەم.
ئەمە مەعنای شیعرەکە لە ڕووە زاراوەییەکەیەوە. لەو ڕووکەی تریشیەوە واتە: باسی گەنجایەتی لەم مەسەلەی منەدا گوێی نادرێتێ، چونکە ئەوەی ئەم باسە ئەگێڕێتەوە هەر لە خەڵکی بیستووە و خۆی نەیدیوم و ئاگای لە حاڵم نییە.
دەستنووس
عەنعەنی (ک): عەنعەن و.
12
چ مشت و پەنجە؟ وەکوو مشتی شانە ڕەق کە دەڵێی
لە شانیدا نەبووە دەستوبردی کوشتوگیر
لاپەڕەی 211
مشت (ی دووهەم): مشتو .
شان: شەئن، شان، بار ..
کوشتوگیر: جۆرە زۆران گرتنێکی بێ نەخشە و پلانە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: مشت و پەنجەیەکی چۆن؟ مشت و پەنجەیەکی ڕەق و تەق و چرچ و وشکی وەک مشتووی شانەی قژ داهێنان کە تەختەیەکی ڕەقی بێگیانە، ئەڵێی هەرگیز ئەوەی لەبارا نەبووە دەستوبردی زۆرانێکی هەڕەمەیی ببێ.
ئەشگونجێ (کوشتوگیر) نەبێ، (کوشتیگیر) بێ، واتە: زۆرانگر، ئیتر زۆرانگرتنەکەی هەرچۆن بێ.
ئەچێ بە دڵا، بەر لەم شیعرە، لای کەمی شیعرێک پەڕیبێ، چونکە گواستنەوەی بابەتەکە لە ڕوویەکیەوە بۆ ڕوویەکی کەی، نەختێ بە گران تەواو ئەبێ.
لێکدانەوەی ئەدەبی
لەنێوان (مشت) و (مشتی) ـدا و هەروەها لەنێوان (شانە) و (شان) ـدا جیناسی ناقیص هەیە.
13
چ قەد کەوانێ؟ وەکوو پێ شکاو و ئوفتادە،
کە بازی سێ قەدەمی قەت نەداوە وەک پەڕی تیر
لاپەڕەی 212
قەدکەوان: ئەوەی قەدی وەک کەوان چەمیبێتەوە .
ئوفتادە: لێکەوتوو . سێ قەدەم
پەڕی تیر: پەڕێکی تیژ بووە بەسەر تیرەوە، کە تیرەکەیان تەقاندووەتە کەسێک و لێی داوە پەڕە تیژەکەی پیا چووە و لە لەشیا ماوەتەوە و تیرەکە خۆی کەوتووەتە خوارەوە .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
واتە: باڵایەکی کەوانیی چەماوەی چۆنی هەیە؟ وەک باڵای کەسێکی پیری لێکەوتووی قاچ شکاو کە هەرگیز بازی سێ بازی نەدابێ و وەک پەڕی تیر تیژ نەفڕیبێ و نەگەیشتبێتە ئەو شوێنەی مەبەستیەتی.
دەستنووس
ئەم شیعرە لە نوسخەکەی (ک) دا هەڵەی زۆری تیابو. ئەمەی لێرەدا نووسیومانەتەوە، تێکستی نوسخەکەی (د) ە لەگەڵ ڕاست‌کردنەوەی هەڵەکانیدا.
14
لە نەحو و صەرفی ئەداتێ مەپرسە ئەی موعریب
کە ڕەفع و نەصب و جەڕ و جەزمە ئالەتی تەقریر
لاپەڕەی 212
نەحو: زانستی چۆنیەتیی سەر و ژێر کردن بۆ وشە لە زمانی عەرەبدا . وەک . ڕوو تێکردن .
صەرف: زانستی داتاشینی فیعل لە زمانی عەرەبدا . ڕوو لادان .
ئەدات: زاراوەیەکی زانستی نەحوە . هۆ . (هینی) پیاو .
موعریب: ئەوەی سەر و ژێر ئەکا بۆ وشە و ڕستە لێک ئەداتەوە . لێرەدا ئەوەی (ئەم دیو و ئەو دیو) بە ئافرەت ئەکا .
ڕەفع: بۆر ( - ُ ). هەڵبرین .
نەصب: سەر (- َ). ڕاست‌کردنەوە .
جەڕ: ژێر (- ِ) ڕاکێشان .
جەزم: زەنە (`). تەواوکردن .
ئالەتی تەقریر: هۆی بڕیاردان . هۆی تەخت‌کردن .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس

نالییی لەم شیعرەیدا زاراوەکانی زانستی نەحوی بەکارهێناوە بۆ باس کردنی ئەوە کە توانای (کردن) ـ ی نەماوە، هەرچەند بەدیمەن ئەڵێ: ئەی ئەو کەسەی ئەتەوێ سەر و ژێر و بۆر و زەنەوە بڕیار ئەدرێ شوێنی فڵانە وشە لە ڕستەدا چییە، ژوورەکەی تری مەعنای شیعرەکەی ئەوەیە: ئەی ئەو کەسەی سەر و ژێر ئەکەی بە ئافرەت، باسی ڕووپێ کردن و ڕوو پێ لادانی (هینەکەمم) لێ مەپرسە، کەڵکی ئەوەی پێوە نەماوە. بە هەستان و قنج بوونەوە و ڕاکێشان و تەواوکردنا دەرئەکەوێ کەسێک ئەو سەر و ژێر پێ‌کردنەی لەتوانادا بێ یا نە، خۆ منیش ئەوانەم نییە !
دەستنووس
ئەم شیعرەش لە نوسخەکەی (ک) دا ناتەواویی هەبو، بە نوسخەکەی (د) ڕاستمان کردەوە.
15
وەها سەقیم و موجەززا عەوامیلی ئەجزا
کە ئالەتی عەمەلی نەحوی مەحوی صەحوی ضەمیر
لاپەڕەی 213
سەقیم: پڕ لە هەڵە . نەخۆش .
موجەززا: لە یەک جیا بووەوە و شیرازە تێکچوو . پارچە پارچە بوو .
عەوامیل: ناوی کتێبێکی سەرەتاییە لە زانستی نەحودا و ئیشارەتیشە بۆ هەر وشەیەک بەپێی ئەو زانستە کار لە وشەیەکی تردا بکا . هۆیەکانی ئیش کردن .
ئەجزا: بەشەکانی کتێب . ئەندامانی لەش .
ئالەتی عەمەل: زاراوەیەکی زانستی نەحوە بەو وشانە ئەڵێن کار لە وشەی تردا ئەکەن . ئەندامانی لەش کە بۆ خواپەرستی بەکار ئەهێنرێن . (هینەکەی) بنیادەم .
صەحوی ضەمیر: وشیار بوونەوەی ضەمیر، واتە بە شێوەی (ئیسمی ظاهیر) بەکارهێنانی (ضەمیر) کە جۆرە وشەیەکن لە شوێنی تایبەتیدا لەجیاتیی ئیسمی ظاهیر بەکارئەهێنرێن وەک (ئێمە، ئەوان، ئەو، من، تۆ .. تاد). ئاگاداریی دڵ و لەبیر نەچوونەوەی خوا . هەستانی (شتە) شارراوەکەی بنیادەم ...
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
کەوابوو ئەم شیعرە بە سێ جۆر مەعنای لێ ئەدرێتەوە. مەعنایەکی (نەحوی) کەواتە: بەشەکانی کتێبی عەوامیلم ئەوەندە پڕن لە هەڵە و پارچە پارچە بوون، کەڵکی هیچیان پێوە نەماوە و بۆ تیا خوێندن ناشێن، وەک (عامیل) ـیان لێ هاتووە لە زانستی (نەحو) دا کە بەرەو (ضەمیر) بڕوا کاری تێ بکا، کە وشیارییەکەی ئەو ضەمیرە واتە حاڵەتی (ئیسمی ظاهیر) ییەکەی مەحو بووەتەوە و دیار نییە، چۆن عەمەلی عامیلەکە بەو ضەمیرەوە دەرناکەوێ، کەڵکی (عەوامیل) ـەکەی منیش وا نادیار بووە.
مەعنای دووهەمیش مەعنایەکی صۆفییانەیە، واتە: دەست و پەلم کە هۆی خواپەرستیمن، وا لەکار کەوتوون و گوناه دەستی بەسەریانا زاڵ بووە، وەک بڵێی توانای کاریان بەرەو ئەوە کەوتووەتە ڕێ کە وریا بوونەوەی دڵ و دەروونم بفەوتێنن و بەیەکجاریی نوقمی چاڵی گوناهم بکەن..
مەعنای سێهەمیش کە لەگەڵ تێکڕای بابەتەکە ئەگونجێ و لەگەڵ شکات لە پیری و لێقەومانا جۆرە، ئەوەتە: ئەندامە ئیشکەرەکانی لەشم وا نەخۆش و پەککەوتوون و پەیوەندیان بەیەکەوە بڕاوە، وەک ئەوەن کە چۆن هۆی (کردن) ـیشم بەرەو ئەوە ئەڕوا (توانای (هوشیار) بوونەوە لە (شارراوە) کەم بستێنێ !
16
حورووفی جەڕڕە تێیاندا نەماوە ئاوی عەمەل
هەموو موعەللەق و مولغایی عامیلی تەقدیر
لاپەڕەی 214
حورووفی جەڕڕە: چەند وشەیەکن لە زمانی عەرەبدا کە چۆنە سەر ئیسم (ژێر) ی ئەدەنێ . ئەملا و ئەولا و (جەڕڕە) ش بەمەعنا گۆزەیە .
موعەللەق: زاراوەیەکی زانستی نەحوە بەجۆرە عامیلێک ئەڵێن لە هەندێ حاڵدا لە لەفظدا کار ناکا و لە مەعنادا ئەیکا .
شۆڕبووەوە . مولغا: زاراوەیەکی تری زانستی نەحوە بە جۆرە عامیلێک ئەڵێن لە هەندێ حاڵدا نە لە لەفظ و نە لە مەعنادا کار ناکا . لەکار کەوتوو .
عامیلی تەقدیر: لە نەحوی زمانی عەرەبیدا جۆرە عامیلێک هەیە کاریش ئەکاتە پاشەوەی و خۆیشی نییە، بە خەیاڵ دائەنرێ، ئەوە پێی ئەڵێن عامیلی تەقدیری . قەزا و قەدەری خوا .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنای ئەم شیعرە و شیعری پاشەوە پێکەوەدێ.
حورووفی (د): ظورووفی. بەم جۆرەش مەعناکە هەر دێت، وەکو لە شیعری دواییدا دەرئەکەوێ، بەڵام نوسخەکەی (ک) گونجاوترە.
17
بە غەیری (عەن) کە لە بۆ نەزع و عەزلی زەنبوورە
کە ژاری ماری نەچێژی عوسەیلەیی هەنجیر
لاپەڕەی 215
عەن: یەکێکە لە حەرفەکانی جەڕ هەرگیز لەکارناخرێ، مەعنای لادان ئەگەیەنێ .
نەزع: داماڵین .
عەزل: لەکارخستن .
زەنبوور: مێش هەنگ، مەبەست لێی ئارەزووی بنیادەمە .
عوسەیلە: شیلە، (ئاو) ی بنیادەم .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
نالییی لەم شیعرەدا کەڵکی لە دیمەنی وشەی (عەن) وەرگرتووە کە بە شێوەی نووسینی کوردیی جاران لەگەڵ (عَنّ) یەک ئەگرێتەوە و مەعنای (نەیهێشت) ئەگەیەنێ. جا ئەگەر بە شێوە ڕووکەشییەکەیان مەعنای ئەم دوو شیعرە لێ بدەینەوە،
ئەوە واتە: حەرفەکانی جەڕ ئاوی ئیش کردنیان پێ نەماوە، هەموو لەکار خراون و عامیلێکی تەقدیری کار لە پاشەوەیاندا ئەکا، تەنها (عەن) نەبێ کە لە کار ناکەوێ. بەڵام ئەم مەعنایە نە پڕ بە پێستی هەردوو شیعرەکەیە و نە شتێکی وایش ئەگەیەنێ. مەبەستی ڕاستەقینەی نالییی ئەوەیە بڵێ: گونەکانم کە وەک دەسکی ئەم‌لاولای (گۆزە) کەم وان، ئاوی کارکردنیان تیا نەماوە و بە قەزا و قەدەری خوا لەکار کەوتوون و بەملاو بەولای گۆزەکەدا شۆڕ بوونەتەوە، تەنها ڕێگرێک ماوە کار بکا، ئەویش کارەکەی بۆ ئەوەیە نەهێڵێ (دەمی) شیلەی (هەنجیر)، (ژاری مار) ەکەی بچێژێ. دەنکی هەنجیر دەمێکی بچکۆلەی هەیە شیلەکەی لێوە دێتە دەرەوە. شوبهاندنەکە لەویادایە.
ئەشگونجێ مەعناکەی وا لێ بدەینەوە:... ئەویش کارەکەی بۆ ئەوەیە نەهێڵێ (دەمی مار) ی ئارەزووم، وەک مێش هەنگ، بچێ بەسەر (هەنجیر) ەوە بنیشێتەوە، شیلەکەی بچێژێ. بەم پێیە ئەبێ وشەی (ژار) بە (زار) بخوێنرێتەوە و ڕستەکەش دوو شوبهاندنی تیا ئەبێ، لەلایەکەوە شوبهاندنی (ئارەزوو) بە مێش هەنگ لەوڕووەوە وەک چۆن مێش هەنگ بەسەر گوڵەوە ئەنیشێتەوە شیلەکەی ئەمژێ، ئەمیش بەسەر (هەنجیر) ەوە ئەنیش ێتەوە بۆ هەمان مەبەست. لە لایەکی‌کەشەوە شوبهاندنی بە (مار) لە دوو سەرەوە، یەکەم ئەوە کە ئالەتی ئەو ئارەزووە بەدیمەن لە مار ئەچێ. دووهەمیش لەوەوە کە (نەفس و ئارەزوو) لە ئەدەبییاتی ئایینیدا بە مار شوبهێنراوە. دیارە لەم شوبهاندنەدا نابێ ئەو تەناسوبەیش پشتگوێ بخرێ کە لەنێوان (زەنبوور) و (عوسەیلە) دا هەیە کە بە عەرەبی بچووک کراوەی (عەسەل) ـە.
وشەی (عوسەیلە) لەم شیعرەدا ئیشارەتە بەوەی لە حەدیثێکی پێغەمبەردا لەبارەی حەڵاڵبوونەوەی ژنی سێ تەڵاقە دراوەوە بۆ مێردەکەی، ئەفەرموێ «.... حَتیَ تَذوقی عسَیَّلَتَهُ » واتە: تا تامی شیلەکەی نەکەی.
18
خورووجی (با) لە لوصوق و (عەلا) لە ئیستیعلا
دوخوولی عەتبەیی (عەن) فاصیلە لە تیری جەفیر
لاپەڕەی 216
با: ب، بێ، یەکێکە لە حەرفەکانی جەڕ، مەعنای (لوصووق) ئەگەیەنێ کە واتە لکانی شتێک بە شتێکەوە . ئەو غازەی لەدواوە لە بنیادەم دەرئەچێ . دەستیش ئەدا (باە) بێ واتە هێزی (کردن).
لوصووق: ئەو مەعنایەی کە حەرفی جەڕی (بێ) ئەیگەیەنێ . قنگی بنیادەم چونکە لە کاتی دانیشتندا ئەنووسێ بە زەوییەوە .
عەلا: علی، یەکێکە لە حەرفەکانی جەڕ مەعنای سەرکەوتنی شتێک بەسەر شتێکدا ئەبەخشێ . (هینەکەی) پیاو کە بەرز ئەبێتەوە .
ئیستیعلا: ئەو مەعنایەی کە (علی) ی حەرفی جەڕ ئەیگەیەنێ . بەرزبوونەوەی (هینەکەی) پیاو .
عەتبە: عەتەبە، بەردەرگا، کەوشکەن .
عەن: عَنْ ، یەکێکە لە حەرفەکانی جەڕ بۆ لادانی شتێکە لە شتێکی کە . ئیشارەتیشە بە (عن) ـی بە مەعنا شلەپەتەیی .
فاصیل: جوێکەرەوە .
جەفیر: هەگبەیەکە لە دار پێستی پێوە نەبێ، یا لە پێست داری تیا بەکارنەهێنرابێ، تیردان .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنا (نەحوی) یەکەی ئەوەیە: دەرچوونی حەرفی جەڕی (بێ) لە گەیاندنی مەعنای لکانی شتێکەوە بە شتێک و دەرچوونی حەرفی جەڕی (عەلا) لە گەیاندنی مەعنای سەرکەوتنی شتێکەوە بەسەر شتێکدا، بەنیسبەت ئەم دوو حەرفەوە لە حوکمی نزیک بوونەوەدایە لە حەرفی جەڕی (عەن) و وەرگرتنی مەعنای ئەو کە لادانی شتێکە لە شتێک.
مەعناکەی تریشی ئەوەیە پیربوونی بنیادەم بەڕادەیەک کە (با) لەدوایەوە دەرچێ، یا هێزی (کردن) لە (پیا نووسان) یا نەمێنێ و دەرچوونی هینەکەی (کە بەرز ئەبوەوە)- لە حاڵەتی (بەرز بوونەوە) و چوونە بەر کەوشکەنی قۆناغی شلەپەتەیی، ئەمانەن (تیر) ی ئەو بنیادەمە لە (تیردان) ـەکەی جوێ ئەکەنەوە.
دەستنووس
وشەی (عەتبەیی) ـمان لەسەر نوسخەکەی (د) بۆ ڕاست کرایەوە. لە نوسخەکەی (ک) دا بە هەڵە نووسرابو.
19
ئەلیف نەکیرەوو بێگانە، نایەتە تەعریف
عەلەم موشابیهی غەیر و مولازیمی تەنکیر
لاپەڕەی 217
ئەلیف: (ال) ، ئەلف لامی تەعریف . ئیشارەتیشە بە (هینەکەی) پیاو کە وەک تیپی (ئەلف) درێژە .
نەکیرە: لە نەحودا ئەوەی کەسێ یا شتێکی نادیاری بگەیەنێ . نەناسراو .
تەعریف: کردنی نەکیرە بە مەعریفە . ناساندن .
عەلەم: وشەیەکە لە خۆیەوە کەسێک یا شتێکی دیاری بگەیەنێ .
موشابیە: وەک . غەیر
مولازیم: هاوسەر .
تەنکیر: نەکیرەیەتی . نەناسراوی .
شرۆڤەی مامۆستایانی مودەڕیس
مەعنا نەحوییەکەی واتە: ئەلف لامی تەعریفەکەم لەو جۆرە ئەلف لامانە نییە کە نەکیرە ئەکەن بە مەعریفە و عەلەمیشم وەک وشەی (غَیر) وایە چۆن ئەو بە ئیضافە نابێ بەمەعریفە و هەمیشە هاوسەری نەکیرەیەتییە، ئەمیش هەرگیز نابێ بە مەعریفە.
مەعناکەی تریشی ئەوەیە (هینە) وەک ئەلفەکەم ئەوەندە بێکارە و پەککەوتەیە کەس (نایناسێ) و ناتوانم بە کەسی (بناسێنم)! (هینەکەم) کە جاران وەک (ئاڵایی) قنج بوو، وەک شتی کەی لێ هاتووە و (کیر) یش بووە بە هاوسەری (تەن) واتە لەش و لێی جیا نابێتەوە بڕوا بۆ (جێیەک)!
ئەشگونجێ (ئەلیف) بە (ئەلیف) بخوێنرێتەوە واتە ئولفەت پێوە گیراو و (غەیر) یش بە (کەسێکی تر) مەعنای لێ بدرێتەوە. بەم پێیە مەعنای شیعرەکە وای لێ دێتەوە: لەبەر پیری و نەخۆشی وام لێهاتووە ناسراو و ئولفەت پێوە گیراوم لا بووە بە نەناسراو و بێگانە و (ناو) ی ناسراوم لابووە بە (یەکێکی تر) کە هەمیشە لە بەرچاوما نەناسراو بێ.
نالییی لەم شیعرەیدا، بە عادەتەکەی خۆی لە یاری کردندا بە وشە، ئەوەشی مەبەست بووە کە (نەکیرە و بێگانە) بە (نە کیرە و بێ گانە) ش بخوێنرێتەوە. شتی کەش هەیە ڕێی تێ ئەچێ بە خەیاڵیا هاتبێ، بەڵام بۆ باس کردنی ناشێ...